Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 15, 2021

"دوای تەواوکردنی ئامادەیی چوومە بەشی تاقیگە، لەوکاتەدا بارودۆخی وڵات باش نەبوو، گوزەران خراپ بوو وە بەهۆی جەنگەوە خزمەتگوزاری کەم بوو. لەپاڵ خوێندنەکەمدا بڕیارمدا کاری خۆبەخشی بکەم. کۆمەڵێک هاوڕێم کۆکردەوە و بەبێ پاڵپشتی هیچ لایەنێک دەستمانکرد بە یارمەتیدانی خەڵکی. هەرچەندە سەرچاوەکان کەم بوون، بەڵام یارمەتیدان بە شتێکی کەمیش بێت لەوانەیە خەندە بخاتە سەر لێوی کەسێک. خواردنمان بۆ کەسانی کەم دەرامەت و ئاوارەکان دابیندەکرد. دوای ئەوە چووم کارم بۆ کەنیسە کرد، پڕۆژەیەکم پێشکەشکردن و بەدڵیان بوو، پڕۆژەکە بریتیبوو لە دانانی کورسی لە شاری حەسەکە بۆ ئەوەی کەسانی بەتەمەن کاتێک هیلاک بوون دانیشن ئیسراحەت بکەن. دوو ساڵ پێش ئێستا لەکاتی هێرشەکان بۆسەر شاری رائسلعەین، خەڵکێکی زۆر کۆچیان کرد بۆ حەسەکە و لە ناو خوێندنگەکاندا دەژیان و هەندێکیشیان هیچ شوێنێکیان نەبوو، بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ کاری خێرخوازی و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێمدا لە پارەی خۆمان جلمان بۆ ئاوارەکان کڕی و پێداویستی منداڵەکانمان دابینکرد". "کارەکان زۆر قورسبوون و زۆر هیلاکی دەکردین، بەڵام ئەو خۆشییەی لەسەر ڕووخساریان دەردەکەوت هەموو هیلاکییەکی لەبیر دەبردینەوە. خوێندنم تەواوکرد و لە بوارەکەی خۆمدا دەستمکرد بە کار لە تاقیگە. ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە و لە بەشی فریاکەوتنی کۆرۆنا کارمدەکرد، سامپڵمان وەردەگرت و فەحسمان بۆ ئەو کەسانە دەکرد کە گومانیان لێدەکرا تووشبووبن. بۆیە کارەکە ترسناک بوو بۆ ئێمە چونکە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆمان هەبوو لەگەڵ نەخۆشەکان. ئیمە هێڵی بەرگری یەکەم بووین دژی نەخۆشییەکە و لە هەموو کەس زیاتر مەترسی تووشبوونمان لەسەر بوو. هەرچەندە هەلی سەفەرکردنم بۆ دەرەوەی وڵات هاتە پێش بەڵام ڕەتمکردەوە، چونکە خەڵکەکەمان لەم کاتانەدا پێویستیان پێمانە. هیوادارم ئەو گەنجانەی کە سەفەریان کردووە بگەڕێنەوە و یارمەتیدەربن لەم کاتە سەختانە و بنیاتنانی نیشتمانەکەمان". ...

February 4, 2021

"باوکم ناوی من و خوشکەکەمی لە 11 ساڵییەوە لە فێرگەی تایکواندۆ تۆمارکرد، بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و فێربوونی هونەرەکانی شەڕکردن. ڕەخنەمان زۆر لێدەگیرا لەلایەن کۆمەڵگەوە بەڵام خێزانەکەم پشتگیرییان دەکردین و سەرکەوتوو بووین. بەشدارییمان کردووە لە زۆر پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی. یەکەم بەشداریمان لە شاری ئۆردۆی تورکی بوو کە مەدالیای ئاڵتوونم بەدەستهێنا، ساڵی 2019 بەشداریمکرد لە پاڵەوانێتی عومان لە ئوردن لەوێش مەدالیای ئاڵتوونم بەدەستهێنا و لە ساڵی 2019 پلەی سێیەمم بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی بەیروتی کراوە، لە 2018 بەشداریمکرد لە پاڵەوانێتی هەولێر و مەدالیای ئاڵتوونیم بەدەست هێنا. ساڵی 2020 بڕیاربوو بەشداری بکەین لە پاڵەوانێتی بەرلین و مالیزیا، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا نەمانتوانی بڕۆین و بەشداری بکەین. ساڵی 2016 تەقینەوەیەک ڕوویدا لەلای فێرگەکەمانەوە و دوو لە هاوڕیکانمان لەدەستدا، زۆر ناخۆش بوو بۆ هەموومان، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک بێ هیوا نەبووین و زیاتر هەوڵماندا. لەگەڵ ئەوەی یاریزانی تایکواندۆم لە کۆلێژی زانست دەخوێنم لە زانکۆی فورات. ئێستا لە قۆناغی سێیەمم و تەنها یەک ساڵم ماوە زانکۆ تەواو بکەم، بڕوام بە خۆم هەیە و زۆر دڵنیام دەتوانم سەرکەوتوو بم لە زانکۆ و لە تایکواندۆش". ...

January 26, 2021

"لە خانوویەکی کۆندا لە کەنار ڕووباری جەغ جەغ دەژیم لە قامیشلۆ، نزیکەی 70 ساڵ دەبێت کاری دروستکردنی گۆزە دەکەم. خێزانەکەم 450 ساڵ دەبێت ئەم کارە دەکەن. ئەم کارە تایبەتە بە باو و باپیرانمان، لە ناوچەکە هیچ کەسێکیتر نەماوە کە ئەم کارە بکات. ناتوانین هەموو جۆرە قوڕێک بەکاربێنین بۆ دروستکردنی گۆزە، جۆرێکی دیاریکراو هەیە بەکاردێت بۆی. کاتی یەکگرتنی سوریا و میسر ساڵی 1960 ماوەی سێ ساڵ لە وشکە ساڵیدا ژیاین، دەچووم بۆ شارۆچکەی بەسیرە لە کەنار ڕووباری فوڕات، گۆزەم دەگۆڕییەوە بە گەنم. چاوم کەوتووە بە سەرۆکی سوریا حافز ئەسەد، بەهۆی شارەزاییم لە ناسینەوە و شیکردنەوەی قوڕدا لە خزمەتی سەربازیم خۆشبوو. حکومەتی سوریا ناردمی بۆ 12 وڵات بۆ گەڕان بەدوای جۆرەکانی قوڕ و ئەو ماددانەی لێی پێکهاتووە. منداڵەکانمم فێری ئەم کارە کردووە، ئێستا ئەوانیش شارەزاییەکی زۆریان هەیە، تاکە ئاواتم ئەوەیە کە ئەم کارە ون نەبێت". ...

January 24, 2021

"بە منداڵی لە قاوەخانەکەی باوکم کارم دەکرد، دوای مردنی باوکم قاوەخانەکە بۆ من مایەوە، بووم بە خاوەنی کۆنترین قاوەخانەی قامیشلۆ. باوکم قاوەخانەکەی کردبوو بە شوێنی ئاشتکردنەوە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. هەروەها لە یەکەمەکان بووین کە تەلەفیزیۆنی ڕەش و سپیمان هێنا بۆ قاوەخانە لە قامیشلۆ. باوکم ساڵی 1925 قاوەخانەکەی دروستکردووە، ئەو کاتەی فەڕەنسییەکان لە ناوچەکەدا بوون، ئەو کاتە ئەفسەرەکانی هێزی فەڕەنسی زوو زوو دەچوون بۆ قاوەخانە. جەلال تاڵەبانی سەردانی قاوەخانەکەی کردووە و هەروەها سەدام حوسێنیش. دەنگدانەوەی زۆر بوو لە شارەکەدا. هەتا ئێستاش لەسەر شێوە کۆنەکەی ماوە، ئێستا زۆربەی ئەو کەسانەی دێن بۆ قاوەخانەکە کەسانی بەتەمەنن، لێرە ئیسراحەت دەکەن و یادەوەرییە کۆنەکانیان بیر دێتەوە. زۆر دڵخۆشم کە هەر لە منداڵییەوە تاوەکو ئێستا لەم قاوەخانەیەدا کاردەکەم. من لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە و منیش بۆ منداڵەکانمانی بەجێدەهێڵم". ...

January 22, 2021

"نزیکەی 23 ساڵ دەبێت وەک شۆفێری تاکسی کار دەکەم، سەیارەکەم پیرۆزە بەلامەوە و سەرەڕای ئەوەی مۆدێلەکەی نزمە بەڵام زۆر گرنگی پێدەدەم و ڕۆژانە دەیشۆم. بەم کارەم بژێوی خێزانەکەم دابین دەکەم کە پێکدێت لە چوار منداڵ و هاوسەرەکەم و هەروەها دایکم کە جەڵدەی مێشک لێیداوە. هەرچی بۆ دایکم بکەم کەمە لەبەر ئەوەی کە منداڵبووم نەهامەتی زۆر چەشتووە بە دەستمەوە. من شەو و ڕۆژ کاردەکەم بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەم. کارەکەم کارێکی ئینسانییە، ڕۆژێکیان لەسەر ڕێگا ڕووداوێکی هاتووچۆم بینی، منیش بەپەلە گەیاندنمە نەخۆشخانە، ئەگەر وانەبووایە گیانی لەدەستدەدا. جاران خەڵکم دەگەیاند بۆ حەلەب و ڕەقە، بەڵام ئێستا ناڕۆم لەبەر ئەوەی ڕێگاکە مەترسیدارە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێزە ئیسلامییەکان و هێزی تورکیا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ڕێگای حەلەب و ڕەقەدا گرتووە. هیوادارم کە ئاشتی و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بژین". ...

January 19, 2021

"لە منداڵییەوە زۆر هەوڵمدەدا و زۆر باشبووم لە وانەکانمدا، ئاواتم بوو کە گەورە بووم ببم بە دکتۆر. هەمیشە دەیانوت مرۆڤ کە گەورە دەبێت خەونەکانی بچووک دەبنەوە بەڵام من بڕوام بەم قسەیە نەبوو، ئەوەی زیاتر هانیدام لە ساڵی 2015 کاتێک تەقینەوەکەی نەورۆز ڕوویدا باوکم لەوێ بوو، وە یەکێک بوو لە قوربانییەکان، بردمان بۆ نەخۆشخانە و لەوێ زۆر کەسم بینی بریندار بوون، وە ئەو کەموکورتییانەی هەبوون، ئەمە زیاتر هانیدام کە بمەوێت ببم بە دکتۆر. باوکم دەست و قاچی بریندار بوو، بەهۆی ئەوەی درەنگ نەشتەرگەری بۆ کرا دەستی تووشی شەلەل بوو. باوکم چیتر نەیدەتوانی کار بکات بەهۆی ئەوەوە، بۆیە بڕیارماندا بڕۆین بۆ کوردستانی باشوور بۆ دۆزینەوەی کارێکی گونجاو بۆی، ماوەیەک لەوێ ماینەوە بەڵام خۆمان بۆ نەگیرا و گەڕاینەوە بۆ سوریا. ئەو کاتە خوێندکاری دواقۆناغ بووم و دەبوایە دەرەجەی بەرز بهێنم بۆ ئەوەی لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرێم". "لەهەمان ساڵدا کێشەی زۆر ڕوویدا و داعش هاتە ناوچەکانمان و نزیک بوو لە ماڵمانەوە بۆیە بە ناچاری چووین بۆ قامیشلۆ، سەرەڕای ئەو دۆخە قورسە و دۆخی و ئەمنی وازم لە ئامانجەکەم نەهێنا و هەوڵمدا و تاقیکردنەوەکانمدا و لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام لە دیمەشق. زۆر دڵخۆش بووم و خێزانەکەم زۆر شانازییان پێوەدەکردم لەبەر ئەوەی وازم لە ئەمانجەکەم نەهێنا. چوومە زانکۆی دیمەشق و لەوێ کۆمەڵێک نەهامەتی غەریبی ڕوویتێکردم، کچێکی تەمەن 18 ساڵان بووم و بەتەنیا بووم دوور لە خێزانەکەم لە کاتی قەیران، جەنگ و ناسەقامگیری ئەمنیدا. وەک کچێک زۆر قورس بوو خۆم بژیەنم. بە زۆر بارودۆخی ناخۆشدا تێپەڕیم بەڵام دەستبەرداری خەونەکەم نەبووم و بەردەوامبووم. ئێستا شەشەم ساڵمە لە کۆلێژی پپزیشکی و دەبم بە دکتۆر بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵکی بدەم و هەوڵدەدەم ئەوەی بەسەر باوکمدا هات بەسەر کەسی تردا نەیەت. دەرسێک فێربووم لە ژیاندا، هەرگیز بارودۆخ کۆنترۆڵی مرۆڤ ناکات، دەبێت کاریگەرییەکی ئیجابیمان هەبێت، بۆ خۆمان یان کەسانی تر، ئەگەر حەزت لە شتێک بێت پێی دەگەیت بە هەوڵ و ئیرادە". ...

January 18, 2021

"تەمەنم 65 ساڵە، لەگەڵ خوشکەکەم بە تەنیا دەژین لە قامیشلۆ، هێشتا هاوسەرگیرم نەکردووە. باوک و مامی نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستا لە دەست عوسمانییەکان هەڵهاتوون و بەناچاری کۆچییان کردووە بۆ قامیشلۆ.کە کۆمەڵکوژییان بەرامبەر ئەرمەنییەکان ئەنجامدا. ئەو کاتە باپیرم لەلایەن عوسمانییەکانەوە کوژراوە و باوکم تەمەنی 6 مانگان دەبوو. کاتی کۆمەڵکوژییەکە نەنکم لەناو جەستەی مردووەکاندا مابووەوە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ و خۆی دەکرد بە مردوو کاتێک سەربازەکانی هێزی عوسمانی نزیک دەبوونەوە لێی. لەوە دەترسا کە بجوڵێتەوە و پێی بزانن و بیکوژن، دواتر توانی هەڵبێت لەڕێگەی موختاری گوندەکەوە. خێزانی دایکم هەموویان لەناوچوون. ساڵی پار هەمان کارەسات لە قەرەباغ دووبارە بووەوە، بۆیە هیچ ئاهەنگێکمان نەگێڕا بۆ سەری ساڵ و ماڵەکانمان نەڕازاندەوە وەک ڕێزێک بۆ شەهیدەکانی جەنگی دژی سوپای ئازەربایجان و تورکیا لە قەرەباغ. میللەتی ئەرمەنی وەک میللەتی کوردی ڕووبەڕووی لەناوبردنێکی زۆر بۆتەوە لەسەر دەستی تورکەکان و عوسمانییەکان. ئاواتەخوازم ئەمساڵ ئاسایش و ئارامی هەموو جیهان بگرێتەوەم". ...

January 15, 2021

"کاتێک تەمەنم 12 ساڵان بوو، بەهۆی بارودۆخی دارایی و ئەو عادات و تەقالیدەی ئەو کاتە خێزانەکەم لە مەکتەب دەریانهێنام. دابڕانم لە خوێندن کاریگەرییەکی سلبی لەسەر ژیانم هەبوو، وەک کچەکانی تر نەبووم کە لە گەڕەکەکەماندا دەژیان. دوای واز‌هێنانم ڕۆمان و چیرۆکم دەخوێندەوە لەبەر ئەوەی زۆر حەزم لە خوێندنەوە بوو. دوای دەستپێکردنی شۆڕش لە رۆژئاوا لە خولی زمانی کوردی خۆم ناونووس کرد، هەر سێ قۆناغی زمانەکەم تەواو کرد و بڕیارمدا ببم بە مامۆستا، بەڵام کارمەندەکە پێی وتم ناتوانم لەبەر تەمەنەکەم. زۆر بێتاقەت بووم، هەستمکرد کە هیواکانم و تەمەنم ڕۆیشت و ناتوانم هیچ شتێکی تر بکەم لە ژیانمدا. ڕۆژگار تێپەڕی و کچەکەم گەیشتە زانکۆ، لەگەڵیدا ڕۆیشتم بۆ زانکۆ بۆ پێشکەشکردنی پەڕاوەکانی، باسی ژیانی خۆمم بۆ بەرپرسی زانکۆکە کرد، داوای لێکردم داواکاری پێشکەش بکەم بۆ ئەوەی لە زانکۆ تۆمار بکرێم، زۆر دڵخۆش بووم، هەستمکرد جارێکیتر هیوام بۆ گەڕایەوە. هاوسەرەکەم و خێزانەکەم پاڵپشتییانکردم کاتێک زانییان دەتوانم بە هیواکانم بگەم. لە ئێستادا لە زانکۆی ڕۆژئاوا دەوام دەکەم لەگەڵ کچەکەمدا و زۆر دڵخۆشم". ...

January 13, 2021

"تەمەنم شەش ساڵان بوو، باوکم ناردمی بۆ مەکتەبێکی تایبەت لەبەرئەوەی گرنگی زیاتر دەدەن بە خوێندکار، زۆربەیان مەسیح، عەرەب، منداڵی دەوڵەمەندەکان بوون. بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە کوردبووین، ڕەگەزپەرستبوون و پشتگوێیان دەخستین، تاوەکو قۆناغی شەشم لەوێ خوێند. بەردەوامیم پێنەدا و چوومە مەکتەبی حکومی و چەند هاوڕێیەکم دروستکرد و زۆر خۆشتر دەژیام بەراورد بە قۆناغی سەرەتایی. بەردەوامیم بە خوێندندا و گەیشتمە تاقیکردنەوەی بەکەلۆری و دەمویست لە دەرمانسازی وەرگیرێم. نمرەیەکی باشم هێنا بەڵام کۆلێژی دەرمانسازی لە دیمەشق بوو، لەو کاتەدا سەرەتای جەنگ بوو لە سوریا، نەمدەویست بڕۆم بۆیە بە ناچاری یەکێک لەو زانکۆیانەم هەڵبژارد کە لە حەسەکە بوو. چوومە بەشی ئابووری پێموابوو داهاتوویەکی باشی دەبێت. کاتێک چوومە زانکۆ هەموو شتێک جیاواز بوو لەوەی بیرملێدەکردەوە، هەوڵدان هیچ مانایەکی نەبوو، مامەڵەی دکتۆرەکان لەگەڵ خوێندکارەکان گونجاو نەبوو و گەندەڵی زۆر هەبوو. دوای دوو ساڵ لە خوێندنی زانکۆ وازمهێنا". "دواتر کردنەوەی زانکۆی ڕۆژئاڤا لە رمیلان ڕاگەیەندرا کە یەکەم زانکۆی کوردییە لە سوریا. بڕیارمدا لەوێ هەندەسەی پیترۆڵ بخوێنم، تۆزێک قورس بوو چونکە زانکۆکە لە سەرەتایی دامەزراندنیدا بوو، زۆر کەس دەیان وت کە هیچ داهاتوویەکی نییە و بڕوانامەکەی دانپێدانراو نییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. بەڵام ئێمە وازمان نەهێنا و بڕیارماندا بەردەوامبین تا کۆتایی. لە کاتی خوێندندا هەستم بە جیاوازییەکی زۆر کرد لە نێوان زانکۆی حکومی و زانکۆی ڕۆژئاڤا لە هەموو ڕوویەکەوە، خوێندکارەکان هەموویان یەکترییان خۆشدەویست و یارمەتی یەکترییان دەدا، هەروەها مامۆستاکانیش وەک هاوڕێبوون لەگەڵمان و زۆر باش بوون، هیچ درێخییەکیان نەدەکرد لەلایەنی فێرکردنەوە. ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجەکانمان. زانکۆم تەواوکرد و چەندین هەلی کار بەڕوومدا کرایەوە، ئێستا زۆر دڵخۆشم کە دەتوانم کار بکەم لە محەتەکانی نەوت و گاز کە پێشتر تەنها بۆ پیاوان بوو، ئەمە شتێکی زۆر ئیجابییە بۆ یەکسانی ئافرەت لەگەڵ پیاودا". ...

January 7, 2021

"لە منداڵییەوە و حەزم لە مۆسیقا و گۆرانی بووە، خەونم ئەوە بوو کە گەورە بووم ببم بە ژەنیار، خوشکەکەم پاڵنەر و سەرچاوەی ئەو حەزەم بوو لەبەر ئەوەی ئەو ژەنیاری کەمان بوو وە خێزانەکەشمان ڕازیبوون. دەنگم خۆشبوو لەبەر ئەوە دەستمکرد بە گۆرانی وتن، گۆرانیم زۆر دەوت و باوکم پشتگیری دەکردم و بڕیاریاندا گرنگی بە بەهرەکەم بدەن، پێشنیاریان بۆ کردم کە خۆم فێری ساز بکەم، لە تەمەنی 13 ساڵیدا کە خوێندکار بووم، فێری ژەنین بووم و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هەوڵمدەدا لە خوێندن و لە یەکەمەکانی خوێندنگە بووم، بەردەوام بووم لەسەر ژەنیاری و ئاستم زۆر باش بوو. ئێستا خۆم ئامادە دەکەم بۆ تاقیکردنەوەی بەکەلۆری کە داهاتووی خوێندنم دیاریدەکات، دەبێت خۆم زۆر هیلاک بکەم و هەوڵبدەم، بۆیە ئێستا تەرکیزم لەسەر خوێندنە و وازم لە مۆسیقا هێناوە. بەڵام نە واز لە مۆسیقا ئەهێنم بە یەکجاری، نە خوێندن. دەمەوێت نمرەی زۆر بەرز بهێنم بۆ ئەوەی خێزانەکەم شانازیم پێوە بکەن لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ببم بە هونەرمەند بۆ ئەوەی شانازی بە خۆمەوە بکەم". ...

January 5, 2021

"ئەو کاتەی لە پەیمانگا بووم چوومە ڕیزی ئەو هێزە سەربازییانەی کە ڕۆژئاوا دەپارێزن، دواتر پێداگریم کرد لەسەر ئەوەی بچم بۆ عەفرین، ئەو کاتە عەفرین دەورە درابوو لەلایەن هێزەکانی تورکیا و لەژێر هەڕەشەی داگیرکردندا بوو لەلایەن تورکیاوە، زۆرم پێخۆشبوو چووم بۆ عەفرین لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە و خەڵکەکەیم زۆر خۆشدەویست. لەسەرەتادا تۆزێک قورس بوو قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بەهۆی ئەوەی لەهجەکانمان جیاواز بوو، دواتر فێری لەهجەکەیان بووم و وەک ئەوان قسەمدەکرد. لە سەرەتای ساڵی 2018 هێزەکانی تورکیا دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ داگیرکردنی عەفرین، ئەو کاتە ئێمە بە چەکە سووکەکانمان بەرەنگاری فڕۆکە و چەکە قورسەکانی ئەوان بووینەوە بۆ ماوەی 58 ڕۆژ. زۆربەی هاوڕێکانم لە تەنیشتمەوە شەهیدبوون لەگەڵ شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر کەسی مەدەنی بەهۆی قەسفی هەڕەمەکی دەوڵەتی تورکیاوە. دوای تەواوبوونی شەڕەکە بەهۆی برینداربوونمەوە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە. دوای ئەوە بەردەوامی بە خوێندنەکەمدا کە بەهۆی چوونم بۆ شەڕ وەستابووم لە خوێندن. ئێستا خوێندکارم لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ، دوای تەواوکردنی زانکۆ دەمەوێت ببم بە مامۆستای سەرەتایی، لەبەر ئەوەی حەزدەکەم دەرس بە منداڵ بڵێمەوە". ...

January 3, 2021

"کاتێک لە قۆناغەکانی سەرەتایی بووم لە خوێندن زۆر حەزم بەوانەی وێنەکێشان بوو، بەلای منەوە وانەیەکی پیرۆز بوو، هەمیشە مامۆستاکەم هانی دەدام بۆ ئەوەی ڕەسم بکەم و پێی دەگوتم داهاتووم ڕوونە. بەردەوام بووم لە وێنەکێشان تاوەکو ساڵی 2015، لەو کاتەدا لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە ڕێگەیەکی تازەی وێنەکێشانم بینی، ئەویش وێنەی سێ ڕەهەندی بوو (3D)، دەستمکرد بە سەیرکردنی ڤیدیۆی فێرکاری وێنەی سێ ڕەهەندی، دەمویست فێری شتێک ببم کە لە ناوچەکەی ئێمە کەم بێت. بۆیە یەکەم کەس بووم لە ناوچەکەی خۆمان وێنەی سێ ڕەهەندیم دەکێشا، ئەمەش وایکرد زیاتر گەشە بە خۆم بدەم. لە یەکەم هەوڵمدا سەرکەوتوو نەبووم بەڵام کۆڵمنەدا. بۆ یەکەم جار بەشداریمکرد لە پێشانگەیەک، بەڵام ڕەسمەکان سەرنجی کەسی ڕانەدەکێشا و بەدڵیان نەبوو، چونکە وێنەکانی من دەبێت لەسەر مێز بێت نەوەک بە دیوارەوە هەڵبواسرێن. ئەگەر هەڵبواسرێن تایبەتمەندی لەدەست دەدەن و خەڵکی بە وێنەی ئاسایی دەیانبینێت. زۆر بەمە بێزار بووم بەڵام خێزانەکەم بەردەوام بوون لە پاڵپشتیکردنم بۆ ئەوەی سەرکەوتووبم. ئێستا لە بەشی ئەندازیاری تەلارسازی دەخوێنم لە زانکۆی قورطوبە، وە وێنەی سێ ڕەهەندی زۆر یارمەتیداوم لە دەرسەکانمدا بەهۆی ئەوەی ئەو دوو شتە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە". ...