Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 7, 2020

"تەمەنم شەست ونۆ ساڵە، کاتێک شوومکرد تەمەنم حەڤدە ساڵبوو. لە ژیانی هاوسەرداریمدا تاڵ و سوێری زۆرم دیوە، بەڵام لە هەموو قۆناغەکانی ژیانمدا پاڵپشتی هاوسەرەکەم بووم، بەشێوەیەک کە زۆربەی کاتەکان وەک پیاو هاوشانی مێردەکەم کەسابەتم کردووە و ڕۆڵم هەبووە لە پەیداکردنی بژێوی ژیانی منداڵەکان. لەهەمووی سەختتر بۆ من ئەوەبوو، لە ساڵانی حەفتاکان کەریم لە یەکێک لە مەعەسکەرەکانی شاری دیالە تەنسیب بوو، بۆیە ساڵانێکی زۆر لە غەریبیدا ژیاین، تاکە ئامڕازی دڵخۆشبوونی من منداڵەکانم بوون. تا پێمکرابێت لەسەر دابونەریت و کلتوری کوردی پەروەردەم کردوون، هەموو بوک و زاواکانیشم شکور بۆخوا کوردن و ئێستا خاوەنی پەنجاوهەشت منداڵ و نەوەم. ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەم و تاکە کچێکمدا دەژیم بۆ ئەوەی ئاگاداری هەواڵی منداڵەکانم بم، گروپ چاتێکیان دروستکردووە و منیشیان تێکردووە، رۆژانە قسەیان لەگەڵ دەکەم و ئاگاداریانم." ...

September 5, 2020

"دانیشتووی حاجیاوام، ساڵی 2015 ئەم دارانەم لەبەردەم ماڵی خۆماندا چاند، دواتر وردە وردە گەشەیان کرد و گەورەبوون. شێوازی بڕین و دروستکردنی ئەم شێوانە هەمووی بیرۆکەی خۆمە. ڕۆژانە بەردەوام دەبێت خەریکیانبم و ڕێکیانبخەم، هەر دوو ڕۆژ جارێک ئەبێت بیانبڕم. ساڵانەش شێوازەکەی دەگۆڕم. خەڵک کە دەگاتە نزیک ماڵمان سەیارەکەی هێواش دەکاتەوە بۆ ئەوەی سەیریان بکات، یان دائەبەزێت و رەسم ئەگرێت. پێمخۆشە هەموو کەس دەستی هەبێت لە جوانکردنی شاردا، ئەگەر بە چاندنی دارێک یان دوو داریش بێت. بە تایبەت داری توو، چونکە داری توو بۆ ناوچەکە زۆر باشە و بەرگەی گەرماو سەرما دەگرێت و تێچووشی هەرزانە، لەوانەیە دارێکی توو بکڕیت بە دوو هەزار." ...

September 4, 2020

"دەڵێن ئارەزووەکانی منداڵی داهاتووی مرۆڤ دیاریدەکەن، لەو شتەدا زۆر هاوڕام. ئەو شتەم بەتەواوی لەلا ڕوون بۆوە لەدوای ئەوەی چیرۆکی داینەسوڕەکان لە سەرەتای هەرزەکاریمدا زۆر ڕایاندەکێشام. داینەسوڕەکان چین؟ چوون بۆکوێ؟ داینەسوڕی جۆری براکیاسۆرس چەن گەورە بووە؟. لە شازدە ساڵیدا پارەم کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی ئەو کتێبانە بکڕم کە باسیان لە دایناسوڕەکان، هەسارەکان و ژیان لە بۆشایی ئاسماندا دەکرد، ئێستاش هەموویانم ماوە. من جیۆلۆجیستم، هەوڵەدەم بەردەکان بخوێنمەوە و بزانم لەچی پێکهاتوون، باوەڕ دەکەیت، بەردەکان قسە دەکەن، بەڵێ! ئەمە ئەو شتەیە کە دوای پازدە ساڵ لە خوێندن و کارکردن لەبواری جیۆلۆجیدا بۆم ئاشکرا بوو." "لە ئێستادا سەرقاڵی وردگەریم لەسەر توێژینەوەیەکم دەربارەی لەناوچوونی داینەسوڕەکان، کە بەهۆی پێکدادانی نەیزەکێک لەگەڵ زەویدا، شەستوشەش ملیۆن ساڵ بەرلەئێستا ژیان کۆتاییپێهات. پاشان چۆن سەرلەنوێ ژیان لەسەر زەوی دەستیپێکردۆتەوە. دوای هەوڵێکی زۆر توانیم بۆ یەکەمجار پارچەی نەیزەک لە دەوروبەری دهۆک بدۆزمەوە. ئەم سەرکەوتنە هەروا بە سادەیی کۆتایی نەهات، لەدوای ئەویش توێژینەوەیەکی ترم بەدوایداهات دەربارەی چاخێکی جیۆلۆجی نوێ لە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک و زاخۆ، کە پێشتر بەسەر زۆرێک لە توێژەراندا تێپەڕببوو. وادیارە من چۆن ئارەزووی جیۆلۆجی دەکەم، ئەویش وەهایە بۆمن." ...

September 3, 2020

"هیچ خۆشییەکم لە ژیان نەبینی، ژیانمان زۆر ناخۆش و پڕ دەردە سەری بوو. بەڵام ئێستا لە خوا بەزیادبێت کوڕەکانم گەورە بوون و ژیانم بەهۆی ئەوانەوە زۆر لە جاران خۆشترە. مێردەکەم ڕۆژانە کە کاری ئەکرد ئەوپەڕی روبعێک یان نیو دیناری دەست ئەکەوت، بەشی هیچی نەئەکرد، نەمئەزانی چی بدەم بە منداڵەکانم، ناچار بە نانە ڕەقە بەخێوم کردوون. ساڵێکیان کە زستان هات زۆر سارد بوو، چووم سێ بەتانیم بە قەرز هێنا بەبێ پرسی مێردەکەم، یەک دیناریشمان نەبوو. شەو کە مێردەکەم بینی، وتی ئەمانە چیە؟ کە پێم وت بە قەرز هێناومە، وتی سبەینێ یان بۆی ئەبەیتەوە یان لەم ماڵەیا نابیت! بۆ ڕۆژی دواتر بەتانییەکانم بردەوە بۆ دوکانەکە، وتم ئەبێت لێم وەربگریتەوە پیاوەکەم لێم توڕە بووە. بەڵام خاوەن دوکانەکە ڕازی نەبوو و وتی لێت وەرناگرمەوە، هەرکات توانیتان پارەکەی بدەن، گەر نەشبوو گەردنتان ئازادبێت. پاش ماوەیەک هەرچۆنێک بێت توانیمان پارەی بەتانییەکان کۆبکەینەوە، کە بۆمبرد وتی پارەتان لێوەرناگرم، بەڵام من زۆرم لێکرد کە وەریبگرێت، وتی مادام ئەوەنە بە بەڵین بوویت دوو دینار کەمترت لێوەردەگرم." ...

September 3, 2020

"ناوم وەستا فەیسەڵە، کەم تا زۆر خەڵکی دەمناسن. لە منداڵییەوە کاری چاککردنەوەی کامێرای فۆتۆ و ڤیدیۆ دەکەم، بەهۆی بێکاری و بێ بازاڕییەوە دەستمکرد بە چاککردنەوەی مەکینەی ڕیشتاشینیش. شانسی من ئێستا خەڵکی هەمووی بۆ مۆدێل ڕیش دادەنێن و کەس کاری بە مەکینەی ڕیش تاشین نەماوە! لەبەر بێکاری و کاتی زۆر ڕۆژانە لە دوکانەکەی خۆم بابەتی باش و جوان دەکەمە ڤیدیۆ و لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوی دەکەمەوە، زیاتر دەمەوێت دەوری توێژەری کۆمەڵایەتی ببینم. لەوەتەی لە سۆشیاڵ میدیا دەرکەوتووم، خەڵکانێکی زیاتر دەمناسن و فۆڵۆوەرسم زۆر زیاترە لە جاران و ڕۆژانە دنیایەک دەستخۆشیم بۆ دێت، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر بێئەوەی لە نزیکەوە بمناسن، جنێوم پێدەدەن و قسەم بۆ هەڵەبەستن. من لە زۆربەی بابەتەکانم کە باسی کێشەیەکم کردبێت، لە کۆتاییدا وەک گلەییەک لە خەڵکەکە وتوومە بێ ئیسفادەیە. بۆیە ئێستا ئەو وشەیە بۆتە نازناوم و بەو وشەیە ناوبانگم پەیداکردووە. چەند جار لە بازاڕ گوێم لێبووە وتوویانە: ئەوەتا ئەوە وەستا بێ ئیسفادەیە." ...

September 1, 2020

"قەت شەرمم لە کەسابەت نەکردووە، بۆ بژێوی ژیانم ئامادەبووم لە بەیانی زووەوە تاکو بانگی عیشا لەسەرپێ بۆستم وخەریکی کاربم و خزمەتی خەڵکی دانیشتوو بکەم. پیاوی وا هەبووە بێقیمەتترین مرۆڤ بووە، بەڵام من ناچاربووم چاو و ئاوی بخەمە بەردەست و بڵێم فەرموو. بەرکەوتنم لەگەڵ خەڵکێکی زۆر هەبووە، چەندین مۆقیفی سەیر سەیرم دیوە و هەموویم بە ئاسانی قبوڵکردووە. هەمیشە وتوومە ئەم ژیانە چۆن خۆشی تێدایە، ئاواش پڕیەتی لە نەهامەتی. زۆرجار تووشی ئەوەبووم کەسێک چای خواردۆتەوە و پێی وتووم پارەم پێنیە، زۆرلام ئاسایی بووە و چایەکی تریشم بۆ بردووە. بەڵام ئەوەی من ئازار دەدات ئەوەیە کە کەسێک بە گێلم بزانێت و چایەک بخواتەوە و پارە نەدات و بڕوات. چەندین جار ئەو حاڵەتەم تووشبووە لەگەڵ کەسی دیار و دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر. سەیر نەبووە کە مامۆستایەکی زانکۆ بە شەهادەی دکتۆراوە بتوانێت ٢٥٠ی من بە حەرامی بخواتەوە و بڕوات. بە داخەوە خۆم ئەوانەم زۆر دیوە." ...

August 31, 2020

"هەموو ئەو شتانەی لە ژیانمدا ڕوویانداوە ئەتوانم بڵێم زۆر زیاتر بوون بە بەراورد بەتەمەنەکەم، هەندێکجار واهەستەکەم زیاتر ژیاوم. لە منداڵیمەوە ئارەزووی هەرشتێکم کردبێت، یاخود خستبێتمە پلانمەوە ئەتوانم بڵێم بە دەستم هێناوە. سەرەڕای بوونی زۆر بەربەست لە ژیانمدا، کە زۆر کات وایان لێکردووم بوەستم و چاوەڕێ بکەم، بەڵام پەشیمان نەبوومەتەوە لە ئامانجەکەم. سەرەتا کاتێک تەمەنم دوانزە ساڵان بوو له‌ كازیوه‌ی سه‌ر به‌ منداڵپارێزی كوردستان ده‌ستمکرد بە ژەنین و ئامێری ڤایۆلینم هەڵبژارد. یەکەم ئامێریشم خوشکەکەم بەدیاری بۆی کڕیم. دوای چه‌ند ساڵێك له‌ هه‌مان جێگه‌ كه‌ فێری ئامێری ڤایۆلین بووم، بووم به‌ مامۆستا. ئەوەش یه‌كێك بوو له‌ ئامانجه‌كانی منداڵیم .. هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نم زۆر جار دوور كه‌‌وتوومه‌ته‌وه‌ له‌ گرنگیدان به‌ خۆم و ئامانجه‌كه‌م، به‌ڵام ئێستا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێده‌كه‌مه‌وه‌ و فێربووم ڕێزی كاته‌كانم بگرم، چونكه‌ كه‌سمان نازانین چه‌نێك له‌ ژیان به‌رده‌وام ئه‌بین. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ژیان فێربین ئەوەیە کە ماندووبووین پشوو بده‌ین، به‌ڵام نه‌وه‌ستین و بڕۆین به‌ره‌و ئامانجه‌كه‌مان." ...

August 29, 2020

"بەردەوام بە جلی ڕەسەنی کوردییەوە لەسەر شێوەی قەدیم دەڕۆم بۆ میوانی و بۆ بازاڕیش. خۆ ئێمە خاریجی نین، ئێمە کوردیین و لەناو چیا دەژین، عەیبە دەستوری خۆت تێکبدەیت.جارێک بۆ کاری فەرمانگە چووم بۆ سلێمانی، لای ترشیاتفرۆشێک بووم گوێم لێبوو کوڕێک بە برادەرەکەی دەوت: حەمە شتی ئاوات بینیوە؟ ئەویش وتی: نەوەڵا. پاشان پێیوت: ئەبێ کێبێت؟ حەمەش وتی: یان شێخ مەحموودی نەمرە یان خولە پیزەیە." "ناوم تەهایە، بە مام تەها شیرەیی ناسراوم. میللەتێکی فەقیربووین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە چیا ژیاوین، زۆر بەهێز و بە ئیرادەبووین. بەردەوام خزمەتی پێشمەرگەمان کردووە و خۆشم پێشمەرگە بووم، نابێت کەس لەگەڵ میللەتی خۆی ناپاک بێت. زۆر حەزم لە شتی کۆنە، دووربینێکم هەیە کاتی خۆی مام جەلال پێیداوم و ئێستاش ماومە. بەشێکی زۆر لە چەکە کۆنەکانم ماوە و پاراستوومن، فیشەکدانی ساڵی ٧٤م ماوە. کاتێک حکومەتی بەعس کیمیایی لە بالیساندا، ئێمە دەربەدەربووین و چووینە بێتواتە، حکومەت خانووەکەی تەقاندینەوە، دەیانوت ئەم زەوییە هی حکومەتە. خەڵکیان زۆر زیندەبەچاڵکرد، هەرچی خراپبوو بە کوردیانکرد." ...

Humans of Kurdistan - South 113

August 27, 2020

"لەوکاتەوەی دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک نەما، ئیتر منیش لەوێ نەمامەوە. ئەوە چەند ساڵێکە لە هەولێر دەژیم، بە منداڵیش هەر حەزم لە هەولێر بوو. بەجدی هەولێر شاری پێکەوە ژیانە، شکور زۆر ئاسودەم لێرە، ئەوەندەی لێرەم هەرگیز حسابی ئەوەیان لەگەڵ نەکردووم کە من هەولێری نیم. لە ئوتێلێکدا بێبەرامبەر دەمێنمەوە و چێشتخانەیەکیش هەیە خاوەنەکەی لەوەتەی لێرەم پارەی خواردنی لێوەرنەگرتووم. لە ڕابردوودا زیندانیی سیاسی بووم و لەشولارم ئێستاش شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوەیە، هەتاکو ئێستا دینارێک مەعاشم نیە، ئومێددەکەم ڕۆژێک ئاورێکم لێبدرێتەوە و ئیتر چاوم لە دەستی کەس نەبێت و لەسەر قاچی خۆم بۆستم." ...

Humans of Kurdistan - South 112

August 26, 2020

"كاتێك باڵندەكان گەورەدەبن دەتوانیت ڕاهێنانیان پێبكەیت کە دوور نەكەونەوە و لەنزیك خۆت بمێننەوە. بەڵام، من هەر لەوكاتەوەی كە توانای فڕینیان نیە ڕاهێنانیان پێدەكەم. ئەمەش بۆ ئەوەیە بزانن كە من ئازادییان دەدەمێ و شوێنەكانیان نیشان دەدەم. ڵەهەمان كاتیشدا فێریان دەكەم كە لەگەڵ خۆم بمێننەوە و دوورنەكەونەوە لێم. من باڵندەكان فێردەكەم كە لە دەرەوەی قەفەس بژین. خۆشەویستی من بۆ ئاژەڵان هەر لە منداڵییەوە دەستیپێكردووە، هەمیشە هەستێكی تایبەتیان پێداوم. ئەوكاتەی كە ماڵمان لە بەغداد بوو، باخەكەمان زۆر گەورە بوو. هەر ئاژەڵێكم ببینیایە لەوێ دەمبردە لای خۆم، ئیتر چ جای كیسەڵ، ژیشك، سەگ و پشیلە بووایە. پاش ئەوەی هاتینە سلێمانی، جێگەیەكم نەبوو ئاژەڵ ڕابگرم، ئەوەش بۆ من زۆر قورس بوو، زۆر بێتاقەتی دەکردم." "یەكێكیتر لەو حاڵەتە ناخۆشانە دەركردنی ئاژەڵانە لە ماڵەوە بەهۆی كۆرۆناوە. ڕۆژێك كەسێك حاڵەتێكی پێڕاگەیاندم كە ماڵێك دوو باڵندەیان فڕێداوە و دایكەکەشیان مردووە. ئەم كارانەش گەلێك ناشرینن، لەبەرئەوەی ئەو ئاژەڵانە ناتوانن تووشی ئەو نەخۆشیەت بكەن. هەرچەند پێشتر زیاتر پشیلە و سەگم ڕزگار دەکرد، ئەمساڵ زیاتر باڵندە ڕزگاردەكەم. جارێك كەشوهەوا ڕەشەبا بوو، پەنجەرەكەم باش دانەخستبوو، كرایەوە و یەكێك لە باڵندەكانم فڕی، هەرچەندە مەبەستی ئەوە نەبوو بڕوات چونكە ناتوانێت بەباشی بفڕێت، بەڵام ماڵێكی دراوسێمانی بینیبوو ڕۆیشتبووە ئەوێ، منیش پاش ٢٤ كاتژمێر بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوەكانی ئاژەڵان دۆزیمەوە. جارێک بۆ گەشتێکی ناوسروشت ئەسکەندەرم لەگەڵ خۆمبرد، بینیم سەرەڕای ئەوەی دەترسا، بەڵام زۆر پێیخۆشبوو کە لەناو سروشتدا بفڕێت. پاش ئەوە پەیوەندیم بە چەند شوێنێکەوە کرد، تا چیرۆکی ئەسکەندەر بڵاوبکەنەوە و نیشانیبدەن کە ماڵی باڵندەکان قەفەس نییە و دەتوانیت ئازادانە ڕایبهێنیت و لەگەڵیشت بمێنێتەوە." ...

August 25, 2020

"لە ساڵانی شەستەکاندا ماڵمان لە بەغداد بوو، تا ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام هاتوچۆی سلێمانیمان دەکرد. خۆم لە پێنجوێن لەدایکبووم، بەڵام تەمەنی منداڵی و گەنجیم لە بەغداد لە گەڕەکی قەنبەرعەلی بەسەربردووە. ئەو شارە ئێستاش یەکێکە لەو شارانەی کە دڵم پێیدەکرێتەوە. خۆم لە قوتابخانە دەدزییەوە، بۆیە تا پۆلی پێنجی سەرەتاییم خوێندووە. لە تەمەنێکی کەمەوە چوومەتە ناو کارگەکانی پێڵاودروستکردن، ئەوەندە حەزم لە ئەزموون پەیداکردنبوو لە ئیشەکەدا، یەکەم ڕۆژ نانم نەخوارد. دەستی خۆمم بڕیبوو، هەر بە خوێنەکەوە کارم دەکرد. ئەوەبوو لە یەکەم ڕۆژی کارکردنمدا بڕیاریاندا هەفتانەی تەواوم بدەنێ و بە ماوەیەکی کەم توانیم لە کارگەکاندا ببم بە وەستا". "لە پێڵاو دروستکردندا توانایەکی سەیرم هەبوو، هەر بەسەیرکردنی دەستی وەستاکان وافێردەبووم، کە ڕاستەوخۆ دوای وەستاکە هەمانشت دووبارە بکەمەوە کە سەیرمکردبوو. من ئاشقی کارەکەم ببوم، بە دڵسۆزییەکی تەواوەوە پێڵاوم دروستدەکرد. لەهەمانکاتدا لەڕووی داراییەوە پارەیەکی باشیشم چنگدەکەوت و یارمەتی ماڵی خۆمانم دەدا، چونکە باوکم نەداربوو. تەنانەت لەدوای ئەوەی لە بەغداد بوومە پێشمەرگە، من هەروازم لە کارەکەم نەهێنا. زۆرجار بە جلی سەربازییەوە دەچوومە کارگە و لەوێ جلی کارم لەبەردەکرد و کارمدەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٧ هاتینەوە پێنجوێن و بۆئەوەی لە کارەکەم دوورنەکەومەوە ئەم دوکانی پینەچییەم داناوەتەوە." ...

Humans of Kurdistan - South 110

August 23, 2020

"کەس نازانێت خێر لە چیدایە، مرۆڤ دەبێت هەمیشە باوەڕی بەوە هەبێت کە خوا چی بۆ دانابێت ئەوە باشترینە. کەس نەما واستەی لانەکەم بەس بۆ ئەوەی لە کولێژی پەروەردەی وەرزشی وەربگیرێم، بەڵام هەر وەرنەگیرام و بە ئێستاشەوە ناوم هەر نەهاتەوە. بۆیە بەناچاری دەستم بەکاری سەربەخۆ کرد و بڕیاری ئیشکردنمدا، شوکور ئێستا خاوەنی خانوو و سەیارەی خۆمم و خێزان و دوو منداڵیشم هەیە. کە سەیری ئەو وەزعەی ئێستا دەکەم و دەبینم ئەوانەی دامەزراون چییان لێهاتووە بەهۆی روبعە موچە و منیش شکور نوقسانیم نیە، هەردەم دەڵێم خوایە زۆر شوکورم." ...