Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 12, 2023

"عوسمان کێمنەیی یان عوسمان هەورامیم پێدەڵێن، ساڵی ١٩٣٦ لە ئاوایی کێمنە لەدایکبووم. تەواوی بنەماڵە و تیر و تایفەم دەنگخۆشبوون و گۆرانیان دەگووت. من لە بەشی هەورامانی لهۆنم بەڵام وەکو شوناسنامەی گۆرانی هەورامی و سیاچەمانەی هەورامان لێم ناو ئەبرێت. لەمنداڵییەوە حەزم بە گۆرانیوتن بووە بەڵام ساڵی ١٩٦٤ دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم گۆرانیم لەڕادیۆی کرماشان ناسرام. ناتوانم بڵێم چەن گۆرانیم وتووە چونکە کەس نەبوو کۆی بکاتەوە و خۆشم هیچ سەوادم نییە و خوێندن و نووسین نازانم. لە ساڵانی ١٩٥٦ی میلادی کە زەبت هاتە مەنتەقەکەمان و نەواریان تومار دەکرد، ئەگەر رۆژێک حەوت سەعات گۆرانیم وتبێت خودا دەزانێت ئەکاتە چەن گۆرانی. بەڵام ساڵی ١٩٩٢ دەرمانخوارد کرام و بەداخەوە دوای ئەوە ئیتر نەمتوانی گۆرانی بڵێمەوە" ...

March 2, 2023

"وەختێ لە تارانەوە گەڕامەوە بۆ هەورامان بە دوای گۆڕانکاری بووم لە بواری کارە دەستییەکان. سەرەتا پێشوازیم لێنەکرا و دژبە من وەستان، بە یەکەم کارەکانم کە وەکو پێشانگایەک لە گوند دامنا پێیاندەگوتم من بەم کاری دارتاشینە خەریکی بت دروستکردنم و بتپەرەستی ڕەواج ئەدەم. ئەوکاتە بەنداو دروستدەکرا و خەریکبوون هەموو جێگەیەکیان هەڵدەتەکاند، دەستمکرد بە جەمکردنەوەی دارەکان بە بن و ریشەوە و کارم لەسەر دەکردن. وردە وردە کارەکانم لە نێو مەردم داکەوت و حەزیان لێکرد، ئێستە خەڵک خۆیان دارێک دەبینن دەینێرن بۆم و ئەڵێن کە بۆ کارەکانم بە کاری ببەم." ...

February 14, 2023

"١٤ ساڵە دەف لێئەدەم، لەوکاتەوەی چووم بۆ زانکۆ لە شاری یەزد، هەستمکرد دەف لە خوێنمایە و لەوێ چوومە لای مامۆستا، دەیانزانی کە کوردم رێزێکی زۆریان لێمدەگرت. لەوێ لەگەڵ گرووپێکی موسیقا ئاشنابووم و شەوانە ئەچووینە داوێنی کەژ و کێو مۆسیقامان لێئەدا و چەن کەسێکیش بوون گۆرانیان دەخوێند. لە تەک گرووپێکی شانۆش هاوکاریمکرد و چەن رۆژێک لەو شارە شانۆمان بوو. لەو ماوەی دەف لێئەدەم لەتەک زۆر ساز و لەشوێنە جیاوازەکان وەک مزگەوت، خانەقا و شارە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان و شارەکانی ئێران دەفم لێداوە. کارم بۆ گۆرانیوێژە کورد، فارس و تورکەکان کردووە و چەنجار لە رێوڕەسمی پیرشالیار بەشداریمکردە.بەڕای من موسیقا جۆرێکه بۆ هەموو هەستیک ئەوێت، چ رۆژهایێک بنیام نارەحەته، چ رۆژهایێک که خۆشیت هەیه و چ کاتێک که بیری خوا دەکەیت، موسیقا رێیەکە بۆ گەشتن به دونیایێکی تر." ...

january 26, 2023

“ناوم فریشتە حسێنییە و خەڵکی ئاوایی مەیوانی سەربە شاری پاوەم. نزیک بە ٢٠ ساڵە خەریکی کڵاشچنینم. لە تەواوی هەورامان کڵاش سپییە و چونکە بەو شێوازە موشتەریمان کەم بوو، هاتم بە شێوازێکی تازە دەستمکرد بە چنینی کڵاشی رەنگاوڕەنگ. گوندەکەمان شوێنێک بوو کە گەشتیاری زۆر بۆ دەهات، یەکەمجار بە یەک کڵاشی ڕەنگی دەستمپێکرد کە زۆر گەشتیاران زۆر حەزیان لێبوو. پێشتر فەقەت پیاوان کڵاشیان بەکارئەهێنا بەڵام بەم شێواز نوێیە ژنان زیاتر لە پیاوان بەکاریئەهێنن .سەرەتا ٣٥ کەس لە گوند خەریکی کڵاشچنین بوون بەڵام ئێستا لە هەموو ماڵەکانی مەیوان ژنان و کچان خەریکن بە گوندی کڵاش لە ئێران سەبت کراوە.” ...

January 15, 2023

"ناوم حەبیبەیە و خەڵکی گوندی پاڵەنانی سەر بە ناوچەی کامیارانم. تەمەنم ٥٣ ساڵە و لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە مێردم کردووە. مێردەکەم چوار خۆیشک و برایەکی کەمئەندامی بوو کە لەگەڵیان دەژیام و هەموویانم دانە دانە گەورەکرد. زۆر منداڵبووم کە بابم بەهۆی لافاو لە گوندەکە ئاو بردی و هیچکات جەستەیان پەیدانەکرد. دایکم فێری نانکردنی کردم، ئەوەندە بۆی گرنگبوو هەمووکات دەیگووت دۆڵی نانتان با هەمیشە پڕ نان بێت، کە میوانتان هات نان لە چێشتەکە گرنگترە. هەر لەبەرئەوە منیش تەواوی کچەکانی خۆم و بنەماڵەی خەزوورانم فێرکرد". ...

December 1, 2023

"ناوم شەربەت رەمەزانییە و خەڵکی ئاوایی پاڵنگانی سەر بە ناوچەی کامیارانم. بەبۆنەی ئەوەی دایکم ژنێکی ئازا و هونەرمەند بوو، لەپازدە ساڵییەوە فێری زۆر ئیش و هونەری کردووم. ئێستاش تەنیا من و دایکم دەتوانین مەوج بچنین لەناوچەکە، بۆیە هەرکەس گەرەکی بێ فێربێت، ئەبێت بێتە لای دایکم. شوکر بۆ خوا هەم پارەی پێ بەدەستدەهێنم هەم سەرقاڵمی کردووە و شانازی ئەکەم کە هونەرێکی تایبەتی کوردەواری کە خەریکە لە بیردەچێتەوە بە شێوازی کۆن بەردەوامم .ئەوندە هونەر دەزانم کە ئەگەر هونەر یان شتێکی تازە ببینم و نەزانم لێی، بەتەماشاکردنێکی فەوری دەچمە سەری و فێری دەبم، هەر ئەمە بووتە هۆی ئەوە بە ژنێکی ئازا و هونەرمەند بمناسن". ...

November 13, 2022

"١٢ ساڵ لەمەوبەر بە هۆی ڕووداوێک کەمئەندام بوومە. بە شانازیەوە بە ئێرادەی خۆم، پشتیوانی بنەماڵەکەم و هاندانی هاوڕێیانم ئیزنیان نەدا کەمئەندامی بە سەر کار و ژیانمدا زاڵ بیت و لە ژیان بموەستێنیت. هەر چەند ئەم دۆخەش تەنگ و چەڵەمەی خۆی زۆرە بەڵام ژیان واتە شەڕکردن. هەر لە تەمەنی مێرمناڵیەوە هۆگریم بۆ زمانی دایکم زۆر بوو، دواتر لە ڕێگای کتێبەکانی مامۆستا هەژار و هێمن کە دەمخوێندنەوە تا ڕادەیەکی باش فێر نووسین و ئاخافتن بە زمانی کوردی بووم و پاشان بەکڕینی کتێبەکانی فێرکاریی زمان توانیم ببمە مامۆستای زمانی کوردی. ئێستاش ماوەی چوار ساڵە بە شێوەی خۆبەخشانە لە ئاواییەکەمان مناڵەکان کە مۆمی دواڕۆژی وڵاتەکەمانن فێری زمانی کوردی دەکەم و ڕۆژانە پاش خوێندنی وانەی فەرمی دێنە ماڵەکەم و منیش فێری زمانی دایکیان دەکەم". ...

October 23, 2022

"بەبۆنەی کاری باوکمەوە لە بەندەرعەباس لەدایکبووم و لە شاری عەرەبنشینی خورەمشەر گەورە بووم، بەڵام بە بۆنەی عەشق و خۆشەویستیم بە کورد و کوردستان، زمانی دایکی خۆمم بە جوانترین شێوە پاراستووە و ئێستا بە جوانی قسەی پێ دەکەم. ئەوەندە حەزم لە خەڵکی کوردستانە کە ساڵێک چەنجارە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و پیرشالیار دەگەڕێمەوە و سەیری جوانییەکانی دەکەم. خەڵکەکەی، سروشت و هەموو شتێکی بۆ من تایبەت و جیاوازە و هەست و رۆحم شاد دەکاتەوە. بیرەوەرییە خۆشەکانم هەمووی ئەو کاتانەیە کە لە کوردستانم". ...

September 11, 2022

"تاڵترین کارەساتی ژیانم ئەوکاتە بوو کە هەرەسێکی گەورە هات و تەواوی ئاوایی بوو بە ژێرەوە. کچەکەم حەوت ساڵان بوو و ئاو بردی لەگەڵ حەوت نەفەری تر. ئیتر جەنازەیان پەیدا نەبوو و کچەکەم دیار نەما. ساڵی ٨٤ی هەتاویش مێردەکەم لەناو باخی خۆمان مرد و ئیتر بەتەنیا مامەوە. ئێستا کەسم نەماوە و تەنیا خۆم و وێنەی مێردەکەم ماوینەتەوە". ...

October 10, 2022

"نازانم تەمەنم چەندە، چوار کچ و سێ کوڕم هەیە.خەڵکی ئاوایی پاڵنگانی سەر بە کامیارانم. کاتێک لەگەڵ مێردەکەم هاوسەرگیریمان کرد زوو توانیمان خانووی خۆمان بکڕین و ئاژەڵی خۆمان هەبوو. بەڵام ئێستا مێردەکەم نەخۆشە و کەوتووەتە جێگە، لای کوڕە بچووکمانە و منیش عادەتم بە هەوارەوە گرتووە و ناتوانم بچمە شار، بۆیە زۆر بیری مێردەکەم دەکەم و ئەم تەنیاییەش زۆر ئەستەمە بۆم. تاڵترین بیرەوەریم لەگەڵ مێردەکەم تەنیا ئەوەیە جارێک کچێکمان کە تەمەنیشی گەورە بوو، نەخۆش بوو و بردی بۆلای دکتۆر. ئەوکاتە خۆم لە هەوار بووم لای منداڵەکانی تر. دوای چەند رۆژێک هاوژینەکەم هاتەوە بینیم بەتەنیایە، بەداخەوە کچەکەمان فەوتی کردبوو و مێردەکەم لەرێگە ناشتبووی و بەتەنیا گەڕایەوە بۆ هەوار". ...

August 28, 2022

"چەند ساڵ پێش بۆ یەکەم جار حاجی لەق لەقێک هاتە گوند. بە هۆی ئەوەی کە خەڵکی گوند زۆر باشبوون لەگەڵی، ساڵی دواتر چەندین حاجی لەق لەقی دیکە هاتن و ئەمە هەر زیاتر بوو تا گەیشتنە نزیکەی 800 حاجی لەق لەق کە لە دەوروبەری زرێبار دەژین. لە گوندەکەمان ئەو بەشەی بۆ ئەوان دانراوە تەواوی خەڵک ئاگایان لێیە و هەموو ساڵێک پێش ئەوەی حاجی لەق لەقەکان بێنەوە هێلانەکانیان بۆ ساز دەکەن. بە هۆی ئەم مەلانەوە گوندەکە بووە بە شوێنێک بۆ گەشتیاران و ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە. منیش وەکو خەڵکی گوند دێم و درەختەکانی ئەم دەوروبەرە ئاو دەدەم و هەموو ئەو کەسانەش کە زەوییان هەیە لێرە هەموویان بەخشیووەتە لەق لەقەکان". ...

August 18, 2022

"تەمەنم ٥٥ ساڵە و خەڵکی ئاوایی پاڵنگانم. لەمناڵییەوە هەر خەریکی دەستکردی ژنانە بووم لە لێفە، گەواڵ و دەستپێچ دروستکردن. وەختی خۆی خاڵۆم چەرخێکی بۆ بنەماڵەکە کڕی، کە بینی من حەزم لێیە بەخشی بە من و ئیتر بووم بە خەیاتی ماڵ. قەدیم وا بوو کە ساڵی جارێک ئەگەر کەسێک کاری دووراندنی جلوبەرگی دەبوو، خەیاتی دەهێنا ماڵەوە و جل و کراسەکەی لە ماڵ بۆ دەدووری. پێشتر فەقەت چەن پیاوێکی خەیاتمان بوو کە ئەو کارەیان ئەکرد. چەنجارە کە هاتن و بە چەرخی دەسی کاریان کرد، منیش کە زۆر ورد بوومەوە لێیان فێربووم. من بووم بە تاکە ژنی خەیات و جلدووری ئاوایی.ساڵی ۶۳ی هەتاوی مێردم کرد و دوای یەک ساڵ مێردەکەم فەوتی کرد. ئەوکات منیش حامڵە بووم، لە دوای ئەوەوە بۆ خەرجیی بنەماڵە تا ئێستە هەر خەیاتی دەکەم و نیوەی خەڵکی ئاوایی دێنە لای من چونکە کارەکەمیان زۆر بە دڵە. بۆ خۆم ئەوندە جڵی کوردیی رەسەنی کۆن دەکەمە بەرم ئەوانیش وایان لێ هاتە کە بە دوای ئەو جڵانەن و زیندووی دەکەنەوە". ...