Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

July 27, 2022

"پێشتر کاری وێنەگریم دەکرد، یەکەم وێنەگری ژنی مەریوان کە ئاتولیەی وێنەگری هەبوو. ئێستا کافەم هەیە و دیسان یەکەمین کچی کافەداری مەریوانیم. هەمیشە هەوڵمداوە کە بیسەلمێنم توانای مرۆڤەکان بە ڕەگەز نییە و ژن و پیاو لە هەموو بوارێکدا یەکسانن. سەلماندنی ئەم شتە لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا کە هەر لە منداڵییەوە پێت ئەڵێن تۆ کچی ناتوانی، عەیبە و ناکرێ کارێکی ئاسان نەبووە و نییە. ژنان دەبێ بەئاگابن و دژی زوڵم و زۆر بوەستن و هەوڵ بۆ ئازادی و سەربەخۆبوون بدەن.کار کردن سەرەتای ڕێگای سەربەخۆبوونە، ژنێک کە ساحێبی کار بێت ساحێبی ئەندێشەیە و کاتێک ئەندێشەت هەبوو قەبووڵکردنی ستەمت پێ ناگونجێ. من ژنم و هیواخوازی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و بەرابەرم لە هەموو بوارێکدا.". ...

July 17, 2022

"نێوم جەوادە خەڵکی گوندی دۆڵاو سەر بە ناوچەی سنەم. لە منداڵییەوە لەگەڵ هەنگ و هەنگداری گەورە بووم. ئەویش بە شێوازی سونەتی. چون باب و خاڵ و مامم هەموویان هەنگدار بوون. کە گەورە بووم دەستمکرد بە شێوازی ئەکادیمی فێربوون و کارکردن لەگەڵ هەنگەکان. ئەوەندە کاتم دانا و بە تەواوی هێزم کارم کرد لە ماوەی سێ ساڵ بووم بە هەنگداری نموونە لە پارێزگای کوردستان. ساڵی ۹۸ی هەتاویش بووم بە هەنگداری نموونە لە تەواوی ئێران.لە هەنگەکان زۆر شت فێربووم وەکو نەزم و تەمیسی و هێمنایەتی. عومری هەنگ کەمە بەڵام تا ئەو کاتەی ژیان بە سەر ئەبات کار دەکات و زەحمەت دەکێشێت. هەنگەکانیش زۆربەی کارەکانیان وەکو مرۆڤەکانە. کاری هەنگداری ئەبێت لە شار دوور بیت و لە ناو دڵی سروشت بیت. خۆشی تایبەتی خۆی هەیە بەڵام گرفتیشی زۆرە". ...

June 15, 2022

"ئەو شێوازە کە من لە یوگا هەڵمبژاردووە ناوی ئاشانگا یوگایە، کە بە یەکێک لە جیاوازترین شێوازی یوگا دەناسێرت. من بۆ فێربوونی یوگا وازم لە خوێندنی لە زانکۆ هێنا و بە ماوەی دوو ساڵ لە تاران بە تەنیا ژیام. ئێستا زۆر خۆشحاڵم کە ئەبینم لە شارەکەی خۆم ئەتوانم بە هۆگرانی یوگا ئەزموونی خۆم پێشکەشیان کەم و کۆمەکیان بکەم. ئێستە دوو ساڵە لە سنە باشگایەکی جوانم بۆ ئەم وەرزشە رازاندووە و زۆربەی کاتەکان دێمە دەشتودەر بۆ ئەوەی کە سرۆشت دۆخێکی کاریگەری لە سەرم هەیە. ئەم کارەی من بوو بە هۆی ئەوە کە وەکو کچێکی رچەشکێن لێم ناو ببرێت.ئەونەی کە لە سەری زاڵ بووم و بە تەواوی کاتم بۆی دانا و زۆر شتی فێرکردم. یۆگا وەرزشێکی تایبەتە بۆ رۆح و جەستە. دەتوانێ کاریگەری بێت بۆ نەخۆشی جەستەیش. خۆیشکی خۆم کە میگرینی بوو و زۆر ئەزیەت دەبوو، ئێستە چاک بووە بە بۆنەی ئەم وەرزشە". ...

May 29, 2022

"ناوم ڕەحمان تەقی زادە و تەمەنم 86 ساڵە. خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانم. لەسەر دەمی گەنجیدا لە ڕێگای ڕادیۆوە لەگەڵ هونەرمەندانی کورد بە تایبەت مامۆستا حەسەن زیرەک ئاشنابووم و نزیکبوونەوە لەو هونەرمەندە دەبێتە خولیایەکی گەورەم. کەس بە قەد من هونەرمەند حەسەن زیرەک ناناسێت و ماوەی ۳ مانگان لەگەڵ من بووە له ماڵی خۆم وەتاخیکم دابۆیە و دەخزمەتی دابوومه و هەمو خەڵکی شاری شنۆ ئەوە دەزانێت. بە هۆی نیزیک بوونم لە مامۆستا حەسەن زیرەک بەشێکی زۆرم لە ژیانی ئەو هونەرمەندەم لە نیزیکەوە بینیووە و لە تۆی کتێبدا بۆ هەوادارانی هونەرمەند حەسەن زیرەک گیراوەتەوە.64 ساڵ پێش ئێستا تەنیا بۆ حەزو خولیای خۆم دەست بە تۆمار کردنی دەنگی هونەرمەندانی ئەو سەردەمی کورد لە ڕادیۆکانم دەکرد و ئێستا یەک لە گەورەترین ئارشیڤەکانی هونەرمەندانی کورد بە هی خۆم دەزانم.ئارشیفەکی گەورەم هەیە له کۆنترین ئامێرەکانی دەنگورەنگی تێدا دەست دەکەوێت تا دەگاتە ئامێرە مۆدێڕنەکان". ...

April 27, 2022

"ناوم سنوورە تەمەنم ۳۰ساڵە. لە دوای پۆڵەکانی سەرەتایی بە هۆی نەخۆشی کۆئەندامی هەستەدەمارەوە کەم کەم جەستەم گیروگرفتی تێدا دروست ئەبوو. هەر ئەمەش وایکرد وردە وردە ئیتر نەتوانم لە سەر پێی خۆم بوەستم. نە تەنیا من بەڵکو خۆیشکیشم توشی ئەم گرفتەس. زۆر زەحمەتە هاتوچۆکردنی ئێمە، دایکم بە تەواوی ژیانی داناوە بۆ کۆمەک بە من و خۆیشکم .ئەو ساڵانەی رابردوو نەقاشی و نیگارکێشی هێزێکی زۆری پێ بەخشیووم، ئەوەندە کە رۆژ بە رۆژ زیاتر هەوڵ ئەدەم فێربم و کەڵکی لێ وەربگرم. هەرچەندە بۆ من کاتی زۆرتری دەوێت تا وێنەیەک بکێشم، بەڵام تێکەڵاوبوون لەگەڵ رەنگەکان سنوورەکانی بۆ من شکاندووە و سنوورەکانی ئەم نەخۆشییە تێدەپپەڕێنم. بە هیوای ئەوە کە رۆژێک بتوانم پێشانگای تایبەت لە کارەکان و وێنەکانی خۆم دابنێم و خەڵکی لێم پشتگیری کەن کە بەهێزتر ئێدامە بدەم". ...

April 3, 2022

" ناوم کافیە ئەحمەدییە و ١٠٥ ساڵ تەمەنمە. چەن ساڵێکە بەبۆنەی وشکەساڵی کاری کشتوکاڵ کەمبووەتەوە و منیش بەناچاری زەویوزارەکانم لەبەین مناڵەکان بەشکرد و ئیتر خۆم باخداریم نەکرد. لەم ماوە دەستمکرد بە چنینی گوروا و دروستکردنی چڵتیکە و بووکەڵە. وایلێهاتووە کە ئیتر بوونە خۆیشک و دایکم و کات بەفیڕۆ نادەم. تەواوی کاتەکان خەریک دروستکردنی ئەمانەم و لای گەشتیاران زۆر سەرەنجڕاکێشە. بەهۆی زۆری موشتەرییەکانم بە نەوەکانم دەڵێم بۆم دروست بکەن و بەشێک لە پارەکەیان پێدەدەم. نزیک بە ١٥٠ نەوە، نەتیجە و نەدیدەم هەیە کە هەموویان بەدڵخۆشی دێنە دیتنم و شانازی بە بوونم دەکەن." ...

March 13, 2022

"لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووم و لە قۆتابخانەی سەرەتایی کاری پێشکەشکاری و شانۆم دەکرد. خاوەنی بڕوانامەی مەسترم لە جۆگرافیام و کاتێ کە بە بۆنەی سەربازی لە سنە بووم لە بنکەی سینەما ڵاوانی شاری سنە سینەمام خوێند. له ناو کۆمەڵگا و بنەماڵەیەکدا گەورە بووم کە ئەگەری دەرهێنەربوونی من یەک لە سەدا بوو، من بۆ ئەو یەک لە سەدا خەباتێکی زۆرم کرد. حەزێکی زۆرم بە سینەمای دێکۆمنتاری هەیە و تا بە ئێستا چوار فیلمی بەڵگەییم بەرهەمهێناوە. ئەگەرچی لە نێو سرۆشتە جوانەکەی هەورامان گەورە بووم بەڵام خۆشەویستیم بە ئەم سرۆشتە بێگەردە وای لێنەکەردم تەنیا دڵرفێنی ئەم سرۆشتە ببینم و ئێش و ئازارەکانی کۆمەڵگا لە بیر بکەم، بۆیە لە دیاردەی کۆڵبەری، کۆچبەری ڵاوان بۆ هەندران و سەختییەکان ژیان لە سەر سنوور ڕەنگدانەوەی لە ناو فیلمەکانی من بووە. هەروەها تا ئێستا پەنجا گۆندی ناوچەی هەورامان و مەریوانم بە کاری فۆتۆگرافی دێکۆمنت کردووە". ...

February 27, 2022

"دوای ئەوەی گوندەکەمان لە ئێران سەبتی ملی کرا و ناوی لە نێو گوندە مێژوییەکان کە بۆ توریسم زۆر گرینگە ناوی داخست. بینیم کە خەڵکی گوند زۆر لە ئەو بوارەدا ئاگاهن و خەریکی کارکردنن لە ئەم بوارەدا، منیش کە زۆر پێویستم بە کارێک بوو کە بتوانم موستەقێل بم و لە بواری ماددیدا کەڵکی لێ وەرگرم .بۆ یەکەمجار وەکو ژنێک ماڵی بابم کە نزیک بە ١٠ ساڵ خاڵی بوو و خەریک بوو ببێت بە وێرانە، دەستمکردەوە بە سازاندن و رازاندنەوەی و کردم بە ماڵێک بۆ گەشتیاران. لە ئێران پێ ئەڵێن (بۆم گەردی) شوێنێک کە گەشتیار هەست بکات لە ماڵی خۆی دایە و هەر وەکو پێش بە کەلوپەلی قەدیمی رازاندوومەتەوە .هەر لە ئەم یەک ساڵەی کە ماڵەکەمم ساز کردووە توانیم لە میراسی سنە ببم بە خاوەنی پلەی یەکەم لە بومی گەردی .ئەمە لام زۆر خۆشە چۆن من یەکەم خاتوونێکم کە لە گوندەکەمان کاری وام کردووە .ئێسە نە تەنیا من تەواوی بنەماڵەمان بەیەکەوە کار دەکەین". ...

October 21, 2021

"لە ١٩ ساڵییەوە مامۆستای شێوەکاری منداڵان بووم و حەزم لە چێشتلێنان، دیزاین و وێنەکێشانە. منداڵەکان بە خاتوو سورەیا بانگمدەکەن، ئەوان زۆر بە میهرەبانی منیان خۆش دەوێت. ژیانی هاوبەشم هەم زیانی لە هونەرەکەم داوە هەم لە خۆم، تووشی دنیایەکی پڕ لە خەمۆکی بووم و دوو مانگ لە ماڵ دەرنەچووم. بەڵام دووبارە دەستمپێکرد و ئەمجارە بە شێوازێکی نوێتر. شوێنێکی بچووکم بەکرێ گرت کە لە ژێرزەمیندا بوو، لەوێ وانەم دەگوتەوە و وێنەم دەکێشا. ٣ ساڵ لەوێ بووم و ژمارەی قوتابییەکانم لە ١٠٠ کەس تێپەڕی و ژێرزەمینەکەش چیتر وەڵامدەرەوە نەبوو. مۆڵەتی قوتابخانەی پیشەییم وەرگرت و بەشێوەی فەرمی درێژەمپێدا و تا ئێستا ۱٥ خوێندکارم دیپلۆمی ڕێزلێنان و مەدالیای ئاڵتوونی نێودەوڵەتییان لە بیلاروس، بولگاریا، سلۆڤینیا، ژاپۆن، ئیسپانیا وەرگرتووە. تەنیا ئاواتم ئەوەیە کە پێشانگای منداڵەکانم لە هەموو شارەکان پێشکەش بکرێت. لە خەونەکانمدا بە پاسکیل سەفەر دەکەم و فۆتۆگرافی دەکەم و لەسەر خواردن و بەهاراتی شارەکان کە نەچووم دەنووسم". ...

October 5, 2021

"لە منداڵییەوە تا ئەمڕۆ بە ڕێگایەکی سەختی ژیاندا تێپەڕیوم و بەو هەموو زەحمەتەی کە بینیومه، پێموایە سەرکەوتوو بووم. بەڵام هەرگیز ڕازی نیم، چونکە ڕێژەیەکی کەم زانستم وەکو کردەوە جێبەجێ کردووە. دکتۆرای پلاندانانی شاریم هه‌یه، لە کاتێکدا من هیچ باوەڕێکم بە پلەی خوێندکاری بە عام نییە. تەنها ۲۹ ساڵ زەحمەت لە بواری فێرکردن وەکو مامۆستای قوتابخانەکان, کەمێک هێورم دەکاتەوە. هەست دەکەم هێشتا لە یەکەم پلەی گەشەکردنی بیرۆکەی پراگماتیکم و ڕێگایەکی درێژم لە پێشدایە. من بایەخێکی زۆرم بەگەشەپێدانی گەشتیاری هەیە و ناوچەی هەورامان کە تیا دەژیم, پلاتفۆرمێکی باشە بۆ گەشەی بیرۆکە گەشتیارییە باشەکان و ڕەنگە ئەمەش بووە هۆی خوێندن لەبواری پلاندانانی شاردا بەچاوێکی تایبەت بە پەرەپێدانی گەشتیاری. هەوڵ دەدەم لەم ناوچەیەدا شوێنپێیەک بۆ داهاتووی منداڵانی کوردستان بەجێ بهێڵم". ...

September 15, 2021

"ئێمە هاوژینی یەکین و بە شێوازی ئەکادیمیک زمانی ئینگلیزیمان خوێندووە و پیشەی خۆمان فێرکاری زمانی ئینگلیزییە، هەمیشە دڵەڕاوکێمان بووە لەسەر کزی زمانی دایکمان (زمانی هەورامی) کە بەداخەوە نەبوونی میدیا بووەتە هۆی ئەوەی کە قسەکەر بە زمانی هەورامی، کە زمانی دایکمانە لە بیرمان بچێتەوە. زۆرکات دەمانبینیی کە منداڵانی هەورامی ڕوو ئەکەن لە قسەکردن، چونکە پاراو سۆرانی نازانن. ساڵی ڕابردوو ویستمان ئیشێکی جیاواز دەستپێبکەین تا هەم زمانی هەورامی زیندوو بکرێتەوە و هەم بە شێوەزارێک منداڵان و گەنجانی داهاتوو شەرم نەکەن لە هەورامیبوونیان و لە ڕێگای زانستییەوە زمان و کلتووری خۆیان بناسن و سەری بەرزبکەنەوە.". "ئێمە وەکو یەکەم کەسانێ کە لەم ڕێگادا هەنگاو هەڵدەگرن، هاوژینم کە ماستەری زمانناسییە و خۆی خەڵکی هەورامانی تەختە، توانیمان لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا(ئینستاگرام) ڤیدیۆی ئینگلیزی-هەورامی دابنێین. بۆ هەنگاوی دووەم بە زمانی ئینگلیزی-هەورامی، دێهات و هەوارگەکانی هەورامانمان بە شێوەی کورتە دۆکیومێنت لە سەر ئینستاگرام دابەزاند تا لە پاڵ ناساندنی زمانی هەورامی، خەڵک دێهات، هەوارەکان، میعماری و جیاوازی گوندەکان چە لە بواری زمانی و چە لە بواری هەڵسو‌کەوت، ڕێو‌ڕەسم و ئایینەکانی هەورامان بناسێنین بە جیهان. هەنگاوی سێەم کە نوێترین پڕۆژەمانە، دامەزراندنی یەکەمین فەرهەنگی دەنگی و وێنە(هەورامی-ئینگلیزی)ە". ...

August 26, 2021

"هەر لە منداڵییەوە بە نەقاشی عەلاقەم بوو و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە مەدرەسەوە دەس پێبکەم بە کاری هونەری و لە دەبیریستانەوە لای ئوستادانێکی وەکو ئەکبەری مەنسووری کە بەناوبانگەکان بوو لە وێنەکێشاندنا لە کوردستان دەستم بە کارکرد. بە تێعدادی ئەو کەسانەی کاری هونەری دەکەن تاریف جۆراوجۆر هەیە، بۆ من هونەر بە مەعنای باش ژیان بەسەربردنە ئەمەش لە لای هەر کەس مانایەکی هەیە .حزوری هونەر لە تەواوی بەشەکانی ژیانی هونەرمەند ئەبێتە هۆی ئەوە کە ئینسان بتوانێت خۆی لەگەڵ رەوشت و شوێن و زەمان تەتبیق بدات. هونەر ئەبێتە هۆی گەورەبوونی لە ژیان، ئەبێتە هۆی ئارامش و ناسینی دنیا بە شێوازێکی تر و ئەرزش نیان بۆ تەواوی شتەکانی دنیا". "یەکێک لە باشترین کارەکانی من کار لە سەر بەرد و کێوەکان بووە، بەشێکی زۆر گرینگ لە ژیانی مەردمی هەورامان کە بە بەرد یان کوچک ژیانیان سازاندووە. لە بیرم دێت بۆ ئێمە کە لە گوند بووین و لە بنەماڵەی فەقیر بووین ئیمکانی ئەوە نەبوو کە بڕۆینە کلاس و هەر ئەوکاتە بوو کە بۆ یەکەمجار بۆ کار ڕۆیشتمە تاران و ئەوەڵین کارێک کە دایان پێم بە پاچ کەندن قیلەتاو سەر خیابان بوو. هیچکات ئەوەم بیرناچێت ئێوارە لەبەرئەوەی ئەوندە کارم کردبوو خوێن لە دەستم دەهات و ئەمە بوو بە دەسپێک بۆ ژیانی پڕ رەنج کە لە ساڵانی داهاتوو هەر زیاتر و زیاتر دەبوو. تکراری ئەمانە بوو بە هۆی ئەوە کە من گەورە بم و ژیانێکی پڕ تەجروبە تەجرووبە کەم". ...