Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - East 06

July 11, 2020

“شەوێکی دووشەممە بوو، دۆستێکی خێزانەکەمان کە کاری دانانی موزیکی دەکرد لە ماڵمان بوو، لەگەڵ دایکم بڕیاریاندا بمبەنە ستۆدیۆ و گۆرانییەکی ئینگلیزی تۆماربکەم. من ئەوکاتە لە پۆلی دووهەمی سەرەتایی بووم و تا ئەو کاتە ناو ستۆدیۆم نەبینیبوو، دوای ئەوەی کە گۆرانییەکەم وت و کاری تۆمارکردن کۆتاییهات، پێش ئەوەی لەگەڵ موزیکدا تێکەل بکرێ و وردەکاریەکانی کۆتاییبێت، دەنگە تۆمارکراوەکەی خۆمم بیست، زۆر لەلام ناحەز بوو، ڕاستی لام سەیر بوو خێزانەکەم چۆن دەنگی منیان پێخۆشە!؟ بەڵام کە کارەکانی دیکەی بۆکرا و لە گەڵ موزیک دووبارە بیستمەوە، ئەمجارە گوتم ئا...

Humans of Kurdistan - South 82

July 10, 2020

"جیلی ئێمە سەردەمێکی خۆشی بەڕێنەکرد، بەردەوام ڕاکردن، خۆشاردنەوەو ترس. هەموو رۆژێک ئەگەری زیندانیکردن و لەسێدارەدانمان هەبوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا لەناو شاردا کاری تەنزیمیمان دەکرد، بەڵام ئێستا زۆربەیان لە ژیاندا نەماون وهەندێکیان شەهید بوون، من ئەو سەردەمە سەر بە حیزبی پاسۆک بووم، گرنگ نەبوو سەر بە چ لایەنێکیت، گرنگ ئەوە بوو لە پێناو کورددا چالاکیت هەبێت دژ بە حکومەتی بەعسی ئەو کاتە. لە دوای ماوەیەکی زۆر وازم لە چالاکی حیزبی هێنا و خۆم سەرقاڵکرد بە ژیانی تایبەتی خۆمەوە، هەرچەندە لە ئێستادا زۆر شت هەیە کە چیتر گرنگ نییە بۆم، تاکە شت کە خەیاڵم لای بێت تەواو کردنی خوێندنی منداڵەکانمە بە سەرکەوتویی و ببینم داهاتوویەکی باشیان هەیە." ...

Humans of Kurdistan - West 01

July 9, 2020

"وا بۆ نزیکەی ٥ ساڵ دەچێت لەگەڵ هەرپێنج منداڵەکەم لێرە دەژیم. هاوسەرەکەم ئالودەی ماددەی هۆشبەر بوو، هەرکاتێک ئەو ماددە هۆشبەرانەی لێبببڕایە لە منی دەدا. یەکێک لە کوڕەکانم لە کاتی کارکردنی لە یەکێک لە خواردنگە شەعبییەکانی قامیشلۆدا پەنجەیەکی لە دەستدا. ئێستا بۆ پەیداکردنی بژێوی خۆم و منداڵەکانم لە بنکەی مانگی سوری کوردی سەرپەرشتیارم و هەندێک جاریش کاری پاککردنەوەی ماڵان دەکەم بەرامبەر بە پارەیەکی کەم. کاتێک جەنگ لە سوریا دەستیپێکرد، هاوکات بوو لەگەڵ ئەوکاتەی هاوسەرەکەم من و منداڵەکانی جێهێشت. هەربۆیە رووبەڕووی خێزانەکەم بوومەوە، بڕیارمدا پارێزگاری لە منداڵەکانم بکەم و هەرچۆنێک بێت بەردەوامی بە ژیان بدەین." ...

Humans of Kurdistan - East 16

July 7, 2020

"کاتێک لەگەڵ ماڵەوە لە باکووری ئێران دەژیاین، ژێر هەورەبانەکە لێوان لێو بوو لە کتێبەکانی دایکم و بابم. بابم هۆگری ئەدەبی کوردی و چالاکی پەرە پێدانی ئەو زمانە بوو، دایکیشم سەرەڕای پەروەدەکردنی سێ منداڵەکەی خۆینەرێکی باش بوو. کاتێ دایکم بەمن دووگیان دەبێ، ڕۆمانی (کلیدر)ی مەحموودی دەوڵەت ئابادی دەخۆێنێتەوە، بۆیە لە ژێر کاریگەری یەکێ لە کارەکتەرەکانی ئەو ڕۆمانە پێیخۆشدەبێت ناوم بنێت (ماڕاڵ)، بەڵام بابم پێشنیاری ناوی (ژینا) دەکات و ئەو ناوەم لە سەر دەنێن. کاتێ بەماڵەوە گەڕاینەوە بۆ پارێزگای کوردستان، وەک چالاکوانێکی مەدەنی و رۆژنامەوانی دەرکەوتم، دوایش کتێب فرۆشی ژیرام بنیاد کرد و پێم وا بوو پیشەیەکی دڵخواز و لەبارە بۆمن. ئەگەر پێتوابێت کە لە خراپترین قۆناغێکی مێژوودا دەژیت، ئەوا بە چاو خشاندنێک بەسەر دێڕەکانی ئەم کتێبانەدا دەزانی زۆر کاتی مێژوویی هەبووە کە گەلێک خراپتر و دژوارتر بووە لە ئێستا. کتێب پێت دەخاتە سەر عەرزی واقع و هاوسەنگیەک بە بیرکردنەوەت دەدات، هەروەها کتێب فرۆشی جەوێکی ئازاد و هەمەڕەنگە، بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و نیشتمان ڕای جیاواز لای یەکتر کۆتدەکاتەوە و تۆ سەربەستیت لە هەڵبژاردن." ...

Humans of Kurdistan - South 81

June 30, 2020

"لە دوای تەواوکردنی کۆلێژی هونەر، یەکەم کارم دەست پێکرد، بە تەنگەژەی زۆردا تێپەڕیم، زۆربەی ئەوانەی لە دەوروبەرم بوون پێیان وا بوو توانام نییە و کۆڵ دەدەم، بەڵام من نەوەستام و بەردەوام بووم، چونکە ئامانجم ڕوون بوو. ئێستا خاوەنی پڕۆژەی سەربەخۆی خۆمم بە ناوی پڕۆژەی 'وێنە جووڵاوەکانی میسۆپۆتامیا'، پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و بەشی یەکەمی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت کە تێیدا کار لەسەر کلتووری کوردی، بە تایبەت شێوازی تەلارسازی و جلوبەرگ و خشڵ و خواردن و سەما و گۆرانی و چیرۆکی نەنووسراوە دەکەین. کارکردنمان لە چوارچێوەی جوگرافیای ئەو ناوچەیە دەبێت کە پێی دەوترێت کوردستانی گەورە و هەر لە کۆنەوە چەندین نەتەوە و ئایین و زمانی جیاواز تێیدا ژیاوە، بۆیە گرنگە کۆکراوەیەکی کەلتووریمان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوون و زانیاری بە ئاسانی بەردەست بێت بۆ هەموو ئەو دامودەزگا و کەسانەی پێویستیان پێیەتی." ...

Humans of Kurdistan - East 15

June 29, 2020

"2 ساڵ پێش ئێستا دەستم بە ژەنینی ئامێری گیتار کرد، لە سەرەتاوە گیتاری کلاسیکم دەژەنی، نازانم چاکم کردووە یان خراپ، بەڵام ڕووم کردە گیتاری ئەلیکتریک و شێوازی 'مێتاڵم' هەڵبژارد. تووڕەیی ودوودڵیەک لە مندا هەیە، هاوکات ژەنین بە شێوازی مێتاڵ گرژییەکی تێدایە، وا هەست دەکەم بە ژەنینی ئەو شێوازە لە گیتار، بەشێک لەم تووڕەییەم ساڕێژ دەبێ و هێور دەبمەوە. خولیام ئەوەیە لە داهاتوودا لە گەل هاوڕێکانمدا گرووپێک دروست بکەم کە ناوبانگی بگاتە هەموو لایەک." ...

Humans of Kurdistan - East 14

June 28, 2020

"باسی 30 ساڵ پێش ئێستا دەکەم، لە ستۆدیۆ کامێرایەکمان هەبوو بە ناوی 'Canon AV-1'. ئەم کامێرایە تەنیا یەک سورعەی شەتری هەبوو ئەویش 60 بوو. بەو وەزعەشەوە تەنانەت لایت میەتەرەکەشی ئیشی نەدەکرد، بەڵام وا پێی ڕاهاتبووم زۆربەی وێنەکانم باش دەردەچوون. لە سەرەتادا، یەکەم جار وێنەی شایی ژن و پیاوێکم گرت، پاش بیست ساڵ کوڕی ئەم ژن و پیاوە ژنی هێنا و وێنەی شایی ئەویشم گرت و منداڵی ئەمانیش کە ڕۆیشتە خوێندنگە هێنایان و وێنەی ئەویشم گرت. وەک وێنەگرێک زۆر بابەتی باشم لە دەست داوە و وێنەم نەگرتووە، بابەتی باش وەک کچێکی جوان وایە کە حەزت لێ بێ و داوای نەکەی. ئەمڕۆ و سبەی ئەبێت بە دەزگیرانی کەسێکی تر و چیتر دەستی تۆی پێ ناگا. ئەگەر بابەتێکت پێ باش بوو ئەبێ دەستاودەست نەکەیت و وێنەی بگری، ئەگەریش زۆر سەرکەوتوو نەبووی، لانی کەم ئەوەیە ئەزموونێکت کردووە." ...

Humans of Kurdistan - South 80

June 27, 2020

"لە سەردەمی لاوێتیمدا بیرمە ڕۆژانە لە کەرکوک لە خەڵک دەدرا و سوکایەتی پێ دەکرا، هەر چەندە من کاری سیاسیم نەکردووە، بەڵام منیش بەبێ لێدان دەرنەچووم: جارێک لە ساڵانی جەنگی نێوان ئێران و عێراق لەگەڵ هاوڕێیەکدا خۆمان لەسەر شۆفێری ڕادەهێنا، ئۆتۆمبیلێک بە خێرایی بەلاماندا تێپەڕی و منیش بە دەست ئیشارەتم بۆ کرد، زیاتر وەک جوێن دەردەکەوت، گەڕایەوە و لەبەر دەمماندا وەستا و دابەزین بە شەق تێمانکەوتن، دواتر ئیمەیان برد بۆ 'ئیستخبارات'، لەوێ زمانمان ئێمەی کڕیەوە، وتم: 'ئێمە دەچین خوێن دەدەین، برایەکی ئەم کوڕە لە پێشی جەبهە بریندار بووە'، ئیتر باش بوو بەو قسەیە لێی دەرچووین. ئەو کاتانەی کە دەنگۆی ڕاپەڕین هەبوو لە کەرکوک نەیاندەهێشت کەس بێتە دەرەوە و زۆر جاریش بەبێ هیچ شتێک لە ماڵاندا خەڵکیان دەگرت، بە تایبەت کوردەکان. لە ساڵی 1991 کاتێک ئاوارەکانی کەرکوک هاتنە پێنجوێن، منیش یەکێک بووم لەوان و مامەوە، نزیکەی 30 ساڵە بەردەوام لە پێنجوێنم و تەمەنێکم لەم دوکانەدا بەسەر بردووە." ...

Humans of Kurdistan - East 07

June 26, 2020

"برووسکەی خەیاڵی من تەنیا وشەیەک دەیدرەوشێنێتەوە! گا بۆنی سوێری ئاو ئەمخاتە بەلەمێکەوە کە هەست دەکەم لەژێر پێمدا شانەوشان دەکات. لە ئەقیانووسێکی بێ سەروبندا بە شێوازێکی سحراوی ڕەهام، پارێزراو لە سندوقێکی داریندا. ژیانی من ئاوا دەستی پێ کرد، کچێکی هێور بە مێشکێکی پڕ لە ئاوات، ئاواتێکی زۆر گەورە. تا گەورەتر بووم خوولیاکانم دوورتر کەوتنەوە. لە زانکۆی هونەرە جوانەکان لە بەشی وێنەکێشی دەوامم کرد بەڵکو مێکشی نائارامم ئوقرە بگرێت. وێنەم دەکێشا، بەڵام جەبری ژیان ئەوەشی لێ کردم و لێی دوور کەوتمەوە، دوورتر و دوورتر...

Humans of Kurdistan - South 79

June 25, 2020

"هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە لە خوێندن دابڕام، بە هۆی زروف و تەمەنەوە نەمتوانی بەردەوام بم. کاتێک بە لای خوێندنگەیەکدا تێپەر دەبم، بیری ژیانە ناخۆشەکەی منداڵیم دەکەم و هەست دەکەم شتێکم تیا بەجێ هێشتووە کە هەرگیز ناتوانم بە دەستی بهێنمەوە. لە ژیاندا هەندێک جار تووشی جۆرە دەردێک دەبیت هەرچی تروسکایی خۆشی هەیە لە دڵتدا نامێنێت، گەر دەستکەوتیشت زۆر بێت هێشتا دڵت پێیان خۆش نییە. هەندێک جار هەست دەکەم لە ناوەوە کەسێکی زۆر لەسەرخۆ و ئارامم، بەڵام بە ڕووکەش وا نیم، زۆر توڕەم...

Humans of Kurdistan - South 78

June 24, 2020

"لە ساڵی 1991 لەگەڵ خێزانەکەمدا گەڕاوینەتەوە پێنجوێن، بەشێک لە خەڵکی باشووری کوردستان ساڵانی نەوەدەکان بۆ بژێوی ژیانیان ڕوویان دەکردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، منیش وەک ئەو خەڵکە لە تەمەنێکی منداڵیدا ڕووم کردە وڵاتی ئێران، لە کورەی خشتبڕین، فەڕشچنین، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کارم کردووە. یەکێک لەو کارانەی حەزم لێ کردووە ئاژەڵداری بووە، چونکە تۆ خزمەتی بێ زمانێک دەکەیت و ئەویش لە بەرامبەردا خزمەتی تۆ دەکات. لەوەتەی من هەم بەردەوام کارم کردووە، ئێستا بوومەتە وەستای گەچکاری. منیش وەک کرێکار و وەستاکانی تر، ئەگەر ڕۆژێک کار نەکەم لە لایەنی داراییەوە پێمەوە دیارە، ئەگەر چاوم لەسەر لایەنی داراییەکەشی نەبێت، من هەر بە کارکردن ئاسوودە دەبم و حەزم لە کارکردنە." ...

Humans of Kurdistan - East 13

June 23, 2020

"جاری وا هەیە کەسێک دێ بۆ لام و پاش ئەوەی ئەزانێ نووسەرم، داوای لێبووردنم لێ دەکات و ئەڵێ، 'ببوورە، نەدەبوایە تۆ پێڵاوی من بۆیاخ بکەی.' پێی ئەڵێم ئەمە کاری منە و جیاوازییەک نابینم لە نێوان خۆم و ئەو کەسەی‌ تردا کە دەبوایە پێڵاوەکانتی بۆیاخ بکردایە. یا کەسی وا هەیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هاوڕێمە و وەک نووسەرێک منی ناسیووە، کە بە ڕێکەوت ڕێی ئەکەوێتە لای من و پێڵاوێک بۆ پینەکردن دێنێ، ئەڵێ: 'ئەوە تۆی خاڵۆ ڕەئووف؟ حەیفە تۆ ئەم کارە ئەکەی!' ناڵێم شانازی بە پینەچیبوونمەوە ئەکەم، بەڵام بۆ حەیفە ئەم کارە بکەم؟ ئەی چیم بکردایە؟ ئاڵتوونفرۆشێک بوایەم چاک بوو؟ [بە پێکەنینەوە] دیارە باشتر بوو ئەگەر وەک نووسەرێک باشتر بژیبام، بەڵام پینەچیەتی و نووسەری دوو ڕەهەندی جیاوازی ژیانی منن. هەوڵم داوە خوێنەرێکی باش بم و تەنزنووسێکی سەرکەوتوویش بم. لە زۆربەی هەفتەنامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنزم بڵاو کردووەتەوە. ئێستا یەکەمین کتێبی تەنزیشم کە ناوی «تەنزیلە»یە، بڵاو کراوەتەوە و من هەر پینەچیم. ئەمە منم و ئەمە ژیانی منە. بەردەوام ئەڵێم: 'چەندەها تەنز هەیە که دەکرا بینووسم...