Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 27

April 23, 2020

"ئەو کاتە پۆلی 3ی ناوەندی بووم کە لە لای باپیرم شاگرد بووم، دوکانی دەلاکی هەبوو لە گەڕەکی سەرشەقام ساڵانی 1968 بۆ 1969. ڕۆژانە شەست فلسم هەبوو، باپیرم بڕیاری دا بچێت بۆ حەج، ئینجا حەجی جاران سێ مانگی پێ ئەچوو، هەتا گەڕایەوە لە حەجەکەی من خۆم فێری دەلاکی کرد؛ ئەوەنەم سەری خەڵک سەقەت کرد تا فێر بووم. کە گەڕایەوە، پارەکەم زیای کرد، ببووم بە خەلفە لە لای، کاتێک ڕۆیشتیشم بۆ عەسکەری، سوودم لە دەلاکییەکەم بینی، کە زانییان وەستام، منیان جیا کردەوە و وتیان تۆ پێویست ناکات ئەرکی ترت هەبێت. بەردەوام لە لای ئامرەکان بووم، تێکەڵی جوندییەکان نەدەبوم، کاتێک سەری ئامرێکم چاک دەکرد، 10 ڕۆژ مۆڵەتیان دەدامێ." ...

Humans of Kurdistan - South 26

April 23, 2020

"لە ساڵی 1974 لە کولییەی علوم دامەزرام لای دکتۆر هادی، ئەوەنەی نەبرد گواسترامەوە بۆ داروکتوب، بۆ لە لای مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار، ئەو کەسەی ئەلفوبێی فێرکردین. چوو بۆ ئەڵمانیا چاپەمەنییەکی هێنا، سەرەتا من و چەند کەسێکی کەم بووین دەستمان کرد بە ئیشکردن لە چاپەمەنییەکە، تا وای لێهات بووین بە 50 کەس، هەروەها مامۆستا کامەران موکری سەرپەرشتی ئەکردین. تاکە چاپەمەنی بوو لە زانکۆی سلێمانی. یەکەم چاپمان چاپکردنی دەلیلی تەلەفوناتی سلێمانی بوو، وردە وردە چاپەمەنییەکە گەورەتر بوو و ئەجیزەی تازەیان هێنا و سەرجەم پێداویستیی چاپیان هێنا، تا بووین بە چاپەمەنییەکی گەورە. تا ماوەیەکی زۆر لەوێ کارم کرد، پاشان چووم بۆ کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، ئەو کاتە دکتۆر فازیلی حەمەی قەفتان بەڕێوبەری کتێبخانەی سلێمانی بوو." ...

Humans of Kurdistan - South 25

April 22, 2020

"ساڵی 2004 ئێمە لێرە نەبووین، لە ناوچەکانی خورماڵ و هەڵەبجە و هەورامان دەژیاین، هاتم بۆ سلێمانی، ئەو کاتە من منداڵ بووم و تازەش پارە گۆڕابوو، سەیرم کرد تەنیا 500 دینارم پێ بوو، ئیشێکم دەست کەوتبوو و ئەبوو بچمە سەر ئیشە تازەکەم، خۆشم یەکەم جارم بوو هاتبووم بۆ سلێمانی و شارەزا نەبووم. بەهەڵە سواری پاسێک ببووم، کاتێک دابەزیم ئینجا زانیم، مەجبوور بە پێ ڕۆیشتم، کاتێک گەیشتمە سەر ئیشەکەم بووبوو بە کاتژمێر 11، خۆی ئەبوو کاتژمێر 7 لەوێ بم، زۆریش لێم توڕە بوون...

Humans of Kurdistan - South 24

April 22, 2020

"لە مانگی 12وە خێزانەکەم لە نەخۆشخانەی دەروونییە و نەخۆشیی دەروونیی لەگەڵە، چوار منداڵیشم هەیە؛ دوو کوڕ و دوو کچ. ڕۆژانە کوڕەکان لەگەڵ خۆمدا ئەهێنمە دەرەوە، ئەوانیش باش نین و هەمان نەخۆشییان لەگەڵە، هەردوو کچەکەشم لە ماڵەوە بەجێ ئەهێلم. هەرچەندە دکتۆرەکە بۆ ئەوانیش ئەڵیت کە ڕەنگە هەمان نەخۆشییان هەبێت...

Humans of Kurdistan - South 23

April 21, 2020

"بە منداڵی لە پۆلی نیوی چوارتا قبووڵ کرام، لەوێ عەبدولواحید نوری موعەلیم بوو، شوعی بوو لەو خوێندنگەیە دەرسی ئەوتەوە، ئێمە سێ چوار منداڵ بووین لەگەل خاڵمدا، پێیان وتین ئێوە منداڵن لە پۆلی نیو قبووڵتان ئەکەین. ئێمە 5 خوشک و برا بووین، دایک و باوکمان زوو مردن، لە ماڵی خاڵمان گەورە بووین، لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هیچ فەرقی پێ نەدەکردین." "لە ساڵی 1945ـەوە کە ئەو کاتە هەر منداڵ بووم، تەمەنم 13 ساڵ بوو، لەگەڵ حەرەکەی مەرکزییەتدا بووم بە شوعی. لەو کاتەوە، بەو هۆیەوە سجنم دی، دەردەسەریم دی، چەندین جۆر تێهەڵدانم دی، تەحقیقاتی جینائیم دی، هەرچی بەزم بوو بەسەر مندا هات. لە ساڵی 1953، حوکم درام تاکو ڕووخانی مەلەکیی مەلیک فەیسەڵ و هاتنی عەبدولکەریم بۆ سەر حوکم. ئینجا ئێمە ئازاد کراین." ...

Humans of Kurdistan - South 22

April 20, 2020

"هەر لە سەرەتاییەوە حەزم بە کاری فۆتۆگرافی بوو، دوای ئەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانم تەواو کرد لە کۆتایی ساڵی 1989، دەستم بە کاری فۆتۆ کرد، بڕیاریشم دابوو کە هەر ئەو کارە بکەم. ساڵی 1993 بوو، چووم بۆ سەر شایی بۆ دێیەک لەو شارباژێڕە، کە چوومە دێیەکە لە بەردەم ماڵەکە بانگیان کردم وتیان، 'کاک ئاوات، جارێ وەرە نانوچێشت حازرە، تۆ نانی خۆت بخۆ.' لەسەر سینییەک خواردنێکی زۆریان بۆ هێنام، خۆشم زۆرم حەز لە خواردنە، کە تەواو بووم لە ماڵەکە هاتمە دەرەوە، بینیم لە سەربانێکی دوورودرێژ خەڵک سفرەیان ڕاخستبوو و دانیشتبوون بۆ نان خواردن، منیان بینی نەیانزانی نانم خواردووە، بانگیان کردم وتیان وەرە سەرەوە دانیشە لەگەڵمان، منیش بێدەنگ دانیشتم، لەوێش ئەونەی ترم خوارد، بەڵام کە هەستام بۆ ئیشکردن هەردوو چاوم زەق زەق ببوون." "کە شاییەکە دەستی پێکرد، منیش دەستم کرد بە فۆتۆگرتن، شتێکم بە لاوە سەیر بوو، زاوام ئەبینی قاچی قەوس بوو کاتێ لەگەڵ بوکەکەدا وەستابوون، بەڵام کە ئەچوون بۆ هەڵپەڕکێ هیچ عەیبی نەبوو، خۆم نەگرت پرسیارم لە یەکێکی گوندەکە کرد و پێم وت، 'بۆ وایە؟' وتی، 'زاوا خۆی شوانە، دایمە بە سواری گوێدرێژەوەیە، قاچی دەقی بەستووە." ...

Humans of Kurdistan - South 21

April 19, 2020

"زۆر دەمێکە هەوڵ ئەدەم بتوانم خانوویەکی خۆمم هەبێ، بەڵام نەمتوانیوە پێی بگەم، بە هەر شێوەیەک هەوڵم ئەدا، شکستم ئەهێنا؛ هەر ئیشێکم دەست پێ ئەکرد، زەرەرم تیا ئەکرد، پارە زۆر قورس کۆدەبێتەوە. پێش ئەوەی ئەم دوکانە دابنێم بەردەوام خەریکی ئیشی خواردەمەنی بووم، بەڵام نەمتوانی سەرکەوتوو بم، کافتریای خوێندنگەیەکم گرت بە کرێی ساڵانەی 15 ملیۆن، لە کۆتایی ساڵەکەدا 8 ملیۆنم دەرکردەوە، ڕێک نیوەی زەرەر، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا ئەم دوکانە هەیە لەگەڵ براکەمدا دامان ناوە و لە ئیشەکانی ترم باشترە." ...

Humans of Kurdistan - South 20

April 19, 2020

"ئێمە بە ئەسڵ پێنجوێنین، بەڵام خۆم لە سلێمانی لە ساڵی 2004 لە دایک بووم. کە دەستم کرد بە خوێندن زۆرم ڕق لێی بوو، هیچ حەزم لە مەکتەب نەبوو، هەرچۆنێک بێت تا قۆناغی 4ـی سەرەتاییم خوێند و ئیتر وازم لێ هێنا، دەستم بە ئیشکردن کرد. یەکەم جار لەسەر شەقامەکان پسکیت و شتم ئەفرۆشت، پاشان چووم لە چایخانە ئیشم کرد، ئەم ئیشە خۆشترێکە، بەس ئەوە ماوەیەکی زۆرە دوکان داخراوە بە هۆی کۆرۆناوە، چاوەڕێم دوکان و بازاڕ بکرێنەوە پارە پەیدا بکەم و ماتۆڕەکەم بگۆڕم." ...

Humans of Kurdistan - South 19

April 18, 2020

"هاوسەرەکەم ماوەیەکی زۆرە نەخۆشە، وەرەمی مێشکی هەیە، پێیان وتووم ئەگەر لە ئەمریکاش نەشتەرگەریی بۆ بکەیت. سەرکەوتوو نابێت. شەوان زۆر زۆر بێزاری دەکات، هەندێ کات هیچ جووڵەیەکی بۆ ناکرێت. لە ساڵی 1975 خێزانم پێک هێنا، بەڵام هەر لە دوای 3 مانگ منیان برد بۆ عەسکەری، لەبەر ئەوەی زۆرەملێ بوو و هەموو گەنجێک لە دوای 18 ساڵی، پێویست بوو بچێت بۆ عەسکەری، بەڵام عەسکەرییەکی ناخۆش، قورس و بێزارکەر. بیرمە جارێکیان کوڕێک لە لامەوە پێکەنی، عەریفەکە هات چنگێ خۆڵی هەڵگرت، پێی وت، 'دەم بکەرەوە!' خۆڵەکەی خستە دەمییەوە و پاشان پێی وت، 'دەی جوان بیجوو." ...

Humans of Kurdistan - South 18

April 18, 2020

"بیست ساڵە خەریکی ئیشی تۆڕنەم لەم بازاڕە. هەمیشە شوکرانە بۆ خوا ئەکەم لەبەر ئەوەی ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شەرع هیچ کێشەیەک بێ چارەسەر نییە، بۆیە هیچ کات ناترسم. ڕاستە ژیان پڕیەتی لە سەختی، بەڵام هەوڵم داوە هەموو شتێک ئاسان بکەمەوە بۆخۆم. تاکە شت کە زۆر خەیاڵم لای بێ، پەروەردەکردنی منداڵەکانمە، لەبەر ئەوەی زۆر قورسە، گەر ئاگام لێیان نەبێت، دوایی کە لە دەستت دەرچوو وەک خۆی لێ نایەتەوە. دایکوباوک هیچ کات هەست بە گەورەبوونی منداڵەکانیان ناکەن، کاتێک ئەو وشەیەیان پێ دەوتم هەستم پێ نەدەکرد، بەڵام ئێستا لە ماناکەی تێدەگەم." ...

Humans of Kurdistan - South 17

April 17, 2020

''کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە'، هەمیشە ئەو پەندە ئەهێنمە بیری خۆم. بە خۆم ئەڵێم؛ ژیان قورسە، بەڵام هەوڵ و ماندووبوونی ئەوێت. بیر لە ژیانی خۆم ئەکەمەوە، ئەبینم هیچ خۆشییەکی تێدا نەبووە، بەڵام کۆڵم نەداوە و بەردەوامم. کچێکم خوێندکارە، ساڵانە 2 ملیۆنم داناوە بەس بۆ خوێندنەکەی، تەنیا لەبەر ئەوەی ببینم داهاتووی باش بێت. من 20 ساڵە لە سلێمانیم، بە حەقی خوا سەرم بووە بە ژێر کاسبییەوە، ڕۆژێک کار نەکەم پێمەوە دیار ئەبێت، بۆیە فریای هیچ شتێکی تر ناکەوم. کێ هەست بەم ژیانە ئەکات؟ هیچ کەس، تەنیا خۆت نەبیت، بەڵام هیچ کات بەو جۆرە دەرناکەوم و هەوڵ ئەدەم دایمە دڵخۆش دەرکەوم.'' ...

Humans of Kurdistan - South 16

April 17, 2020

”نزیکەی 13 ساڵە خانەنشین بووم، پێشتر لە بەرگریی شارستانی دەوامم ئەکرد. ژیانم ئاسایی بوو، بەڵام لە ئێستادا باری ژیان کەمێک قورسە بە هۆی ئەوەی بە مانگونیوێک یاخود 40 ڕۆژ مەعاشی خانەنشینی وەردەگرین. زۆر حەزم دەکرد ئیشێکی سەربەست بکەم، بەڵام داهاتێکی وام نەبوو کە بتوانم دەست پێ بکەم، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا ئەم ژیانەم پێ باشترە، جاران کەس نەیدەتوانی بە ئازادی بگەڕێ، بە هۆی ڕژێمی ئەوسا کەس ئازاد نەبوو لە ناو شاردا. قورسترینیان ئەوە بوو؛ هەموو گەنجێک ئەبوو 3 جار عەسکەری بکات، بەڵام تاکە شتی جاران کە باش بوو لە لام هەرزانی بوو، ئەو پارەیەی وەرمان دەگرت بەشی هەموو شتێکی دەکردین.“ ...