Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 15

April 16, 2020

"جاران ماڵەکەم وەک دەرمانخانە وا بوو. 13 ساڵ دەبێت من زەخت و شەکرەم هەیە، لە 400 نەهاتۆتە خوارەوە، بەڵام ئێستا لەو کاتەوەی ئیش دەکەم، خەیاڵم لای هیچیان نییە، تەنانەت کاتێ شیرینیش دەخۆم فکرم لای نییە. بۆ من جووڵە و ئیشکردن ئەو شتەیە کە هەمیشە بە دوایدا ئەڕۆم و ناتوانم دانیشم، ژیان پڕیەتی لە بەرزی و نزمی، هیچ کات خۆم ڕادەستی ناخۆشییەکانی نەکردووە. ڕۆژێک هەتە، ڕۆژێک نیتە. بەڵام کەس گیرفانت ناگەڕێ، لێپرسراویەتیی ماڵەوە هەمووی لەسەر خۆمە. ئەگەر بەرنامەیەک بۆ ژیانم دانەنێم، زوو دەکەوم، بەڵام هیچ کات ناهێڵم ئەوە ڕووبدات." "یەکەم جار عەرەبانەیەکم دانا و دەستم بە ئیشکردن کرد، بیرمە بە کوڕەکەمم وت بە هەموو دوکانەکانی ئەو مەنتیقەیە بڵێ سبەینێ 2 تا 7 خواردن بێ بەرامبەرە. زۆر کەس، وەک پشتگیری بۆ ئیشەکەم، دەهاتن لەفەیەکیان دەخوارد و 5 هەزاریان دادەنا، لە کاتێکدا خۆی بە 1 هەزار دینارە." ...

Humans of Kurdistan - South 14

April 15, 2020

"هەموو شتێکی من لەگەڵ براکەمدا بوو کە دوو ساڵ لە خۆم بچووکتر بوو، چوونەدەرەوەمان، کاسبیمان، خۆشی و ناخۆشی. هەموو شتێک. ماڵمان لە دارۆغا بوو، ساڵانی 70 پێکەوە سەموونمان ئەفرۆشت، بەیانییەکیان زۆر سارد بوو، چووین سەموون بکڕین، سەموونخانەکە لە سەرا بوو. کەڕۆشتین، هەستم کرد نەخۆش و بێتاقەتە، ناچاریش بووین، لەبەر ئەوەی دۆخی مادیمان باش نەبوو… ڕۆژێکیان لە ماڵەوە شەڕمان ئەکرد، لە پڕ برا گەورەکەمان خۆی کرد بە ژوورا، هەردووکمانی کردە ژوورێکەوە، سجنی کردین بۆ ئەوەی ئاقڵ ببین، بەڵام وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، لە ژوورەوە دەستمان کردەوە بە شەڕ." "بەڵام لە دوای کارەساتێک سەرتاپای ژیانم گۆڕا، مردنی ئازیزەکەم، برا بچووکەکەم، لە ساڵی 1991 لە کاتی ڕاپەڕینەکەی سلێمانی لای ئەمنەسوورەکە...

Humans of Kurdistan - South 13

April 14, 2020

”بە حوکمی ئەوەی من ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانم، لە ئیستادا ئیشی من لە ناو خەڵکدایە، لە ناو شەقامەکانی شاردا هەموو کەسێک ئەبینی، هەر یەکەو جۆرە ئەقڵیک یاخود جۆرە بیرکردنەوەیەکی هەیە، ئێمەش پێویستە لەگەڵ هەموویاندا بگونجێین. تۆزێ قورسە بۆ ئێمە بتوانی بۆ هەر 5 خولەک جارێک شێوەی قسەکردنت بگۆڕی. لەو 48 كاتژمێرەی کە سەرجەم شەقامەکانی ناو شار داخران، من لە یەکێک لە شەقامەکان بووم، کابرایەک بە سەیارەکەی هاتە بەردەمم، منداڵێکیشی لەگەڵ بوو، پێم وت کاکە چی ئەکەی لە دەرەوە نازانیت قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە؟ یەکسەر پێی وتم، 'تۆ مناڵت هەیە؟' سەیر بوو بە لامەوە، وتم بەڵێ دوو منداڵم هەیە. دەستێکی بۆ منداڵەکە ڕاکێشا و وتی 'ئەمە زۆر هۆگری نەنکیەتی، بەڵام نزیکەی 10 ڕۆژ زیاترە داوای نەنکیم لێ دەکات، تۆ بیت لەجیاتی من چی دەکەی؟' یەکسەر وتم دەیبەم بۆ لای. پاشان پێم وت فەرموو ئەتوانی بڕۆی..“ ...

Humans of Kurdistan - South 12

April 14, 2020

”حەز دەکەم ببم بە مامۆستای وەرزش، لەبەر ئەوەی مامۆستاکەمان لە خوێندنگە وەک خوێندکارێکی چالاک لە وانەی وەرزش هەڵی بژاردووم، دەبوو لە پۆلی 8 بوومایە، بەڵام 2 ساڵ دواکەوتم، سەعیم باش نەدەکرد حەزم و لەو وانانە نەبوو. ڕۆژێکیان بۆ وانەی کوردی سەعیم دەکرد، خەوم لێ کەوت. بۆ بەیانییەکەی کە خەبەرم بووەوە و چووم بۆ خوێندنگە، یەک تۆزم دەزانی، ئەو ڕۆژە پێنج لە دەم هێنا، بۆیە مامۆستاکەم لێم توڕە بوو. تەنیا پۆلی 1 و 2 و 3م بە ئاسانی بڕی، زۆر ئاسان بوو، بەڵام دوای ئەوە زۆر قورس بوو، بە تایبەتی وانەی عەرەبی و کوردی، خۆشم لە سەعیکردندا باش نیم.“ ...

Humans of Kurdistan - South 11

April 13, 2020

"ئێمە ساڵانێکی زۆرە هاوڕێین و زۆربەی کات بەیەکەوەین. لەم مانگەدا کە هاتوچۆ قەدەغە کراوە و زۆربەی ئیشەکان ڕاوەستاون، 20 ڕۆژی سەرەتا لە ماڵەوە بووین، بەڵام دوای ئەوە بڕیارمان دا ئەم هەلە بقۆزینەوە و بتوانین پێکەوە کارێک بکەین، هەم سوودی هەبێت بۆ خۆمان و بۆ خەڵکیش. خەڵک هەر شتێکیان پێویست بێت پەیوەندیمان پێوە دەکەن، بە تایبەت پێویستیی ڕۆژانەی خەڵک، چونکە ناتوانن لەم کاتەدا بێنە دەرەوە. ئێمەش بەم ماتۆڕە پێداویستییەکانیان بۆ دەکڕین و بۆیان دەگەیەنین. ڕۆژانە لە کاتژمێر 11ی بەیانی تا نزیکەی 12ی شەو ئیش دەکەین." ...

Humans of Kurdistan - South 10

April 12, 2020

"زۆر حەز بە ژیانێکی سادە ئەکەم، حەزم بە جەنجاڵی و قەلەقی نییە، حەز دەکەم تەنیا سەرقاڵ بم بە ئیشە سادەکەی خۆم. نامەوێ هەوڵ بۆ شتێک بەم کە هەست بکەم بەردەوام خەیاڵم لای بێت، هەموو شتێک بەو سادەییەی خۆی جوانە، ئەوەتا ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا تێی کەوتووین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هیچ شتێک لە جێی خۆیدا نەماوە، بە ئاواتەوەم زوو ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین و ژیان ئاسایی ببێتەوە.25 ساڵ لەگەڵ براکەم لەم دوکانە بچووکەدا پێکەوە ئیشمان ئەکرد، پار لە 12ی مانگی 3 لە ناو دوکانەکەدا عەمری خوای کرد؛ ئەو ڕۆژە زۆر ماندوو بووم، چوومە پشتەوە تۆزێ پشوو بدەم، لەناو سەیارەکەدا، هاواریان کرد، 'کاک جەمال فریاکەوە براکەت لە ئەرزا کەوتووە!' بەپەلە بردمان بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەر لە دوکانەکە تەواو بووبوو...

Humans of Kurdistan - South 08

April 12, 2020

"بێ لە ئەرکەکەی خۆم کە دابینکردنی بژێوی خۆم و خانەوادەکەمە، لە هەمان کاتدا دایک و باوکیشم لەگەڵ خۆمدا دەژین، ئەوان بەتەمەنن، پێویستە لەسەرم ئاگام لەوانیش بێت و خزمەتیان بکەم. هەرچەندە قورسە، بەڵام شانازییە بۆ من هەم بۆ ئەم دنیا هەم بۆ قیامەتیش—بۆ من زۆر خۆشە کە ببینم ماڵ چۆڵ نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێ لەسەر کارم، ئەوان چاوێکیان لە خێزان و منداڵەکانمە. سەرتاپای ژیانم بووە بە یەک شت، ئەویش ئاگالێبوونی بەرامبەرەکەمە؛ هەم خێزان و هەم خەڵکی ئاسایی، ئەمەش بە ‌هۆی کارەکەم کە بە هاناوەچوونی خەڵکە لەو کێشانەی تووشیان دەبن و نزیکەی 7 ساڵیشە ئەم کارە ئەکەم." ...

Humans of Kurdistan - South 08

April 11, 2020

"ئەم دوکانەی ئێستا منی تێدام دەکەوێتە گەڕەکی سەعە تاکۆیی، بە هۆی کەسایەتی کاکە سەعیدەوە ناو نراوە، پیاوێکی باش بوو، چایخانەیان هەبوو، هەمیشە دەهاتە لای من و سەردانی دەکردم، بە داخەوە ئێستا چایخانەکە نەماوە، بەڵام حاجی کەریمی کوڕی تا ماوەیەکی زۆریش لای جادەی مەولەوی دوکانی هەبوو. ئەو کاتە ئێرە ساحەیەکی چۆڵ بوو، گیای چاوبازەی زۆر لێ دەڕوا...

Humans of Kurdistan - South 07

April 11, 2020

"لەم دۆخەی ئێستادا، مەعیشەت زۆر قورسە، خەڵک دەست و پێی بەستراوە، هەر بەو هۆیەوە کێشەی دەروونی و کێشەی خێزانی زۆر زیادی کردووە، کە بە لای منەوە دوو شتی زۆر سەرەکین بۆ بەردەوام بوون لە ژیان لە کاتێکدا زۆرینە بە دەستییەوە ئەناڵێنێت. لە ئێستاشدا کە ئەم ڤایرۆسە باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، ڕاستە ئەویش کارەساتێکی ترە بۆ سەر مرۆڤایەتی، بەڵام پێش هەمو شتێک ئێمە هەموومان مردنێک قەرزدارین، بۆیە بە ڕای من پێویست ناکات بەو جۆرە ترسناکە سەیری بکەین، دڵنیابە خەڵک ئەوەنەی بە خەم، خەفەت، جەڵتە و شێرپەنجە و بە کۆمەڵێ شتی ترەوە دەناڵێنێت کە هەر باس ناکرێت، ئیتر ژیان ئاوایە، ڕاستە خۆپارێزی و پاکوخاوێنی پێویستە، بەڵام پێویست بە ترس ناکات. بچکۆلانەیەکم هەیە تەمەنی 4 ساڵە، دوو مانگ پێش ئێستا تووشی پەتا و ناڕەحەتییەک بوو، دوو شەو و دوو ڕۆژ لەژێر ئۆکسجیندا بوو لە نەخۆشخانە، ئەمەش بە جۆرێک ناڕەحەتی کردبوو کە بەتەمای نەبووین، بەڵام سوپاس بۆ خوا تەندروستییەکی زۆر باشی بۆ گەڕایەوە. ئەو منداڵەمان زۆر بە نازەوە پەروەردە کراوە، لە چاو چوار منداڵەکانی ترماندا، بەڵام ئەمەیان کۆمەڵێ هەڵسوکەوت و قسەی هەیە کە ناگونجێ لەگەڵ تەمەنەکەیدا، شتێکی زۆر خۆشی هەیە؛ دایکی زۆر لە من زیاتر خزمەتی ئەکات و لەگەڵیەتی، بەڵام کاتێ من ئەبینێت حساب بۆ دایکی ناکات." ...

Humans of Kurdistan - South 06

April 10, 2020

"ئەوە ئەخیری شاری سلێمانی بوو، تا پارکی دایک، لە گەڕەکی جولەکەکان تا پارکی دایک. سلێمانی بازنەیەکی بچووک بوو، پێیان ئەوت شەقامی سلێمانی، وەختی خۆی لە سەردەمی مێجەرسۆن، حاکمی ئەو کاتەی سلێمانی دروستی کردووە، کە دروستیشی کردووە، تەنیا یەک ئۆتۆمبێل هەبووە، ئەویش ئەوەی خۆی بووە. نازانم ئەو کاتە ئێرە چی دوکانێکی لێبووە، من باسی 1930 ئەکەم. موالیدم 1937ـە، ناسراوم بە ڕەئوف ماستاو، باوکم دوکانی ماستاوی هەبووە لە سلێمانی. هەمیشە حەزم لە پاکوخاوێنی و جلوبەرگی ڕێکوپێک بووە." ...

Sulaymaniyah

April 10, 2020

"بەهاران وەرزی جوڵەی ئێمەیە گشت ئەوو سەوزانەی من دەیانهێنم لە مەنتیقەی خۆمانە لە سەنگاو پشتی بانیمۆر . چەندین جۆری سەوزە هەیە کە تەنیا لە وەرزی بەهارانا چنگ ئەکەون، ساڵێکیان قارچکێکم دۆزییەوە لە فەیسبووک دامان بەزاند یەک دانە کیلۆ ئەبوو لەو شاخەوە هاوردمە خوارەوە نەمشکاندوە ، قارچک لای ئێمە کەمە بەڵام زۆر خۆشوو تایبەتە." ...

Humans of Kurdistan - South 04

April 9, 2020

"بە هۆی ئەوەی خانەوادەکەم دیندار بوون، منداڵییەکی شەرمن و ترسنۆکانەم هەبوو. قۆناغی منداڵیم پڕ بوو لە حەرام و خەتی سوور. هەر لە منداڵییەوە هەستم بە نەشازیی خۆم دەکرد لەناو هاوتەمەن و هاوڕێکانم، بە جۆرێک زۆربەی کات بە تەنیا دەمامەوە - ئەم حاڵەتەم تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، هەڵبەت هۆکارەکەی بە دیاری کراوی نازانم – بە منداڵی ئەمە دەبووە مایەی ناخۆشی و قەلەقیم، بەڵام ئێستا ئەو نەشازی و تەنیاییەی خۆم لە هەموو شتێک خۆشتر دەوێت. خۆشترین ساتەکانی ژیانم شکاندنی ئەو کۆت و بەند و خەتە سوورانە بوو کە بە هۆی دین و کۆمەڵگاوە لێیان تۆقی بووم، دواجار، هەر ئەمەش مەعریفە و دنیابینیی منی گۆڕی؛ لە کەسایەتییەکی شەرمن و ترسنۆکەوە بۆ کەسێکی سەرکێش و ڕێچکەشکێن. لە ئێستادا زۆربەی ئەزموون و شتەکانی خۆم خۆش دەوێت. یاسا و ڕێسا و شەریعەتی تایبەت بە خۆم هەیە جیاواز لە هەر کەسێکی تر. سەرچاوەی وزە و ئیلهامی من تەنیا سروشتە، هەمووکاتێکیش پێم خۆشە تەنیا لە سروشتەوە نزیک بم. فەلسەفەی ژیانی من ئەوەیە: تەنیا خۆت بە، خۆتت خۆش بوێ، خۆشی و ناخۆشی و فکر و دنیابینیت لەگەڵ هیچ کەس بەش مەکە و بەراوردی مەکە." "پێش چەند ساڵێک ئاواتێکمم هێنایە دی، ئەویش، کاتی خۆی گۆڤاری ئەلفوبێ هەبوو، تەمەنم 20 ساڵ بوو کە دەربارەی دەرزی ئاژنینی چینی لەو گۆڤارەدا خوێندبوومەوە، منیش چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لەگەڵ چەند کەسێکی چینی ڕێککەوتین کە دکتۆرێکی چینی بهێنین و سەنتەرێکی دەرزی ئاژنین لێرە بکەینەوە. دوای 38 ساڵ، ئاواتەکەم هاتە دی. بەڵام دواتر بە هۆی شەڕی داعشەوە دکتۆرەکان ڕۆشتنەوە بۆ چین. من هەر لە ناوچەیەکی شاخاوی لە دایک بووم و لە منداڵییەوە خولیای شاخم هەیە، ئێستا ئاواتێکی ترم لە پێشە، کە لە چین بچم بۆ شاخی ئەڤەرێست. ئەگەر بگەڕێمەوە سەردەمی گەنجی، بە خۆم دەڵێم قەت لە هیچ نەترسی، هەمیشە لە هەر شوێنێکدا کەوتی، هەڵسەوە، قەت بیر لەوە مەکەرەوە کەوتووی، هەمیشە بەردەوام بە." "لە 2015دا، بە ڕێکەوت یەکمان ناسی. لەو کاتەوە بڕیارمان دا زۆربەی گەشتەکانمان پێکەوە بکەین، تا ئێستاش هاوڕێیەتییەکی زۆر نزیک و بەهێزمان هەیە، نزیکەی 100 گەشتمان پێکەوە کردووە. قورسترین گەشتمان ساڵی 2017 بوو. بەیانییەکەی سەعات 9 بۆ پیرەمەگروون سەرکەوتین، تا 6ی ئێوارە ئێمە بە ناو بەفردا دەڕۆشتین. کە گەشتین، دنیا تەواو تاریکی داهاتبوو. شەو لەوێ ماینەوە و تا بەیانی بەفر و باران لەو شاخە بەسەرماندا باری. بەیانییەکەی، با سوسەیا دابەزین، بەڵام ڕێگاکە گیرابوو. بە ناچاری دەبوو ڕێگا بگۆڕین، لە سەعات 9ی بەیانییەوە تا 8ی ئێوارە بەڕێگەوە بووین، ئینجا گەیشتینە خوارەوە، دنیا تاریک بووبوو. زۆر سەختیمان لەو گەشتە بینی، جلەکانمان تەواو تەڕ بووبوون، سەرچاوەمان پێ نەبوو، خواردنمان پێ نەبوو و نانمان نەخواردبوو، گەشتێکی ئێجگار سەخت بوو. خۆشترین گەشتیشمان هەر لە پیرەمەگروون بوو، ڕۆژی لەدایکبوونم بوو، شەوی یەڵداش بوو، ڕۆژێکی زۆر خۆش بوو." ...