Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 39

May 2, 2020

"لە سەردەمی گەنجیەتیی ئیمەدا زۆربەمان فیرار بووین، لە ساڵی 1980 ڕامکردە دەرەوەی شار، دوای 3 ساڵ لێبووردن دەرکرا و گەڕامەوە ناو شار، ژیانی ئاسایی خۆم دەست پێکردەوە. ڕۆژێکیان قەسفەکەی ئێران دەستی پێکرد، بڕیارم دا خۆم و خێزانەکەم ببەمە دەرەوە، بەرەو گێلەرە بەڕێ کەوتین. ئەو ڕۆژەی ئێمە گەشتینە لادێکە، پێنجشەممە بوو، بۆ ڕۆژی دواتر خەڵکی لادێکە 70 سەرحەیوانیان سەربڕیبوو بۆ خێر، شەوی پێشتر کۆمەڵێ پێشمەرگە لەو ناوچەیە چالاکییەکیان ئەنجام دابوو، بۆسەیەکیان داناب و بۆ کاروانێکی بەعس، کۆمەڵی سەیارەیان سوتاند و 2 زابت و کۆمەڵێ جوندییان گرتبوو. ئەو ڕۆژەش کە خەریکی دابەشکردنی گۆشتەکە بوون، جێبێکی قیادە هات، ئامرفەوجێکی تێدابوو لەگەڵ کۆمەڵی سەربازی تر، بینیان ئەو هەموو گۆشتە دانراوە وتیان ئەوە خەریکی چین؟ ئێمەش وتمان گۆشتە ئەیکەین بەخێر بۆ ئەوەی لە بەڵا بەدوور بین، ئەوانیش وتیان خوا بەڵاکەی بۆ ناردوون، کۆمەڵێ پێشمەرگە لێرەیە و پێویستە هەر ئیستا دێیەکە چۆڵ بکەن، بە ناچاری هەموومان دێیەکەمان چۆڵ کرد و چووین بۆ بەرزنجە." ...

Humans of Kurdistan - South 38

May 2, 2020

"بەشداریکردنم لە درامایەکی کوردی وەک ئەکتەری سەرەکی یەکێک بووە لە خۆشییەکانی ژیانم. پێشتر زۆر سەرسام بووم بە نواندن، ئاواتم بەشداریکردن بوو لە فیلم یاخود درامایەکی نێودەوڵەتی، هەوڵ دەدەم شتی باشتر بەدەست بهێنم لەو بوارەدا. ھەموو تەمەنم تا ئیستا بە خۆشی ڕۆیشتووە، ڕەنگە ھەندێ کات ناخۆشیش ھاتبێتە ڕێم، بەڵام خۆشییەکانم زاڵتر بوون بەسەر ناخۆشیەکانمدا، ھیچ شتێک نەبووە کە ئەوەندەم ئاوات پێخواستبێت و بەدەستم نەھێنابێت، چونکە ھەوڵی تەواوم بۆی داوە، نامەوێت هەست بکەم ئەو شتە لەدەست دەدەم کە بۆی دەجەنگم، زۆر جار ھەوڵم داوە شتی باشتر بۆ کەسە نزیکەکانم بێت وەک لەوەی بۆخۆم، بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگایان لێ بێت." ...

Humans of Kurdistan - South 36

April 30, 2020

"لەو سەردەمەوەی نانێک بە عانەیەک بوو، من نانەواخانەم هەبووە لەم شارە، حکومەت یەک فەردە ئاردی 88 کیلۆیی ئەدا بە نانەوخانەکان بە 800 فلس؛ ئەم جۆرە نانەواخانانە پێیان ئەوترا عاشا، پاش ماوەیەک نانەواخانەی تیجاریش کرانەوە. لەو کاتەدا نانێک لە عاشا بوو بە 4 فلس، نانی تیجاریش بوو بە 10 فلس، نانە تیجارییەکان زۆر خۆشتر و گەورەتر بوون، لەبەر ئەوەی ئاردی سفری موسڵیمان ئەکڕی بە 3 دینار و 200 فلس، هەروەها خومرەی تایبەتیمان بەکار ئەهینا، ئەمەش بۆنێکی خۆشی ئەدا بە نانەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە نانەواخانەکان 2 فەردە نۆکیان ئەکڕی و ئەیانهاڕی، ئینجا لەگەڵ هەویرەکە تیکەڵیان ئەکرد بۆ ئەوەی زیاتر ناسک ببێت؛ بە کۆنێش هەر ناسک و خۆش بوو. تەقریبەن تا 10 ساڵ پێش ئێستا من هەر ئیشی نانەواییم ئەکرد، بەس نەمتوانی چیتر بەردەوام بم." ...

Humans of Kurdistan - South 35

April 29, 2020

"لە منداڵییەوە حەزم لە گوڵە، هەر کات کە بێتاقەت بم ئەڕۆم بۆ پیاسە، هەر دوکانێکی گوڵ ببینم گوڵیکی لێ دەکڕم. زۆر کات گوڵم بۆ خۆم کڕیووە وەک دیاری، یان لە ڕۆژی لە دایکبوونی خۆمدا گوڵم پێشکەشی خۆم کردووە. ناشتوانم گوڵ پێشکەشی هەموو کەسێک بکەم، چونکە ئەو ڕێزەی من لە گوڵی ئەگرم هەموو کەس ئەو ڕێزەی ناگرێت. لە داهاتوودا ئەگەر ماڵێکم هەبێت پڕ پڕی ئەکەم لە گوڵ." "ئێستا لە پۆلی دوانزەم، خەمی ئەوەم لێ هاتووە زانکۆیەک نییە بۆی بچم و ئەو بەشەی تێدا بێت کە خۆم حەزم لێیەتی. حەز لە بەشی دیزاین ئەکەم کە تایبەت بێت بە دیزاینی جل، تا ئێستا هیچ شوێنێکی فەرمی نییە لە کوردستان لەو مەجالەدا، چونکە کەس لەوە تێناگات کە بەشێک لە جلوبەرگەکان چۆن دیزاینی بۆ ئەکرێت تا بگونجێن لەگەڵ یەکتردا." ...

Humans of Kurdistan - South 34

April 29, 2020

"من یەکێک بووم لەو هێزەی کە حکومەتی عێراق ناردی بۆ ئوردن بۆ پارێزگاریکردنی ئەو وڵاتە لە هێزی ئیسرائیل، کاتێ نیازیان هەبوو ئوردن بگرن، عێراقیش وەک هێزێکی هاوپەیمان هێزەکانی خۆی دابەش ئەکرد، ئێمە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بووین لە شاری ئربد، تەقریبەن 16 مانگ لەوێ بووم، پاشان گەڕامەوە بۆ هەڵەبجە، هەر لەوێ تەسریح کرام، بەڵام کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا ئێمە بە پێ بەرەو سلێمانی بەڕێ کەوتین، کە گەشتینە سەیدسادق خەڵک بە سەیارە هاتبوون بۆ لای کەسوکاریان، ئێمەشیان سوار کرد و هاتینە سلێمانی، ئیتر هەر لەو شارە ژیانمان دەست پێ کرد، من چووم لە کارگەی جگەرەی سلێمانی دامەزرام و تا ساڵی 2008 هەر لەو کارگەیە بووم." ...

Humans of Kurdistan - South 33

April 28, 2020

"تاکە حەز کە هەمبوو ئەوە بوو بتوانم ببم بە دەلاکێکی باش و دوکانێکی خۆمم هەبێت، هەوڵێکی زۆر زۆرم ئەدا تا بتوانم بە دەستی بهێنم. تووشی زۆر ناڕەحەتی بووم، بەڵام نەمەویست کۆڵ بدەم. سەرەتا لە دوکانێک بۆ ماوەی 6 مانگ دەستم بە شاگردی کرد، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ شاگردی نەچووبووم، زۆر هەوڵم ئەدا فێری ئیشەکە ببم، بۆیە زۆر بە وردی سەیری ئیشەکەم ئەکرد، پاش ئەو 6 مانگە توانیم دەلاکی بە باشی بکەم. هەوڵم ئەدا زیاتر لە وەستاکانمەوە فێر ببم، بۆیە زۆر نزیک بووم لێیانەوە؛ لێدانی باشیشم ئەخوارد بە دەستیان. دەمزانی نابێ قەد دەستبەرداری ئیشەکەم ببم...

Humans of Kurdistan - South 32

April 27, 2020

"کاتێک چوومە پەیمانگا، یەکەم ساڵ حەزم لە ڕاگەیاندن نەبوو، باوکم حەزی ئەکرد خوێندن تەواو بکەم، دواتر لە شوێنێکی حکومیدا دابمەزرێم. سەرەتا ناوم لە ئایتی هاتەوە، بەس حەزم لێی نەبوو، چونکە پێم وا بوو زۆر قورسە، دواتر چوومە میدیاوە. سەرەتا باوکم ئەیوت مەیکە و حەزیشی لێی نەبوو، بەردەوام ئەیوت هەوڵت بۆ ئەیەم لە شوێنیتر دەوام بکەیت، بەڵام من حەزم لێی بوو و ئەموت هەر ئەمەوێت لەوێ بم. دوای ئەوەی چەند ئیشێکم کرد و بۆ یەکەم جار ئیشەکانی خۆمم لە تەلەڤیزیۆن بینینەوە، باوکم لە تەنیشتمەوە وەستابوو و سەیری ئیشەکەی ئەکرد وەکو خۆم، ئەیوت 'ئەوە تۆی؟! بڕوا ناکەم ئەمە تۆبی، ئاوا بە موسەیتری قسە بکەیت و ئیش بکەیت و شت بڵێیت'، دوایی کە بینیی ئەتوانم لەسەر پێی خۆم بوەستم، ئەتوانم هەر شتێک کە ئەمەوێت بیکەم و کارەکانمی بینی، ڕۆژێک کە میوانمان هات، ئیشەکانی منی پیشانی هاوڕێکانی خۆی دا و شانازی پێوە ئەکردم." "کچێک لە فەیسبووک پۆستی کردبوو، نوسیبووی کە پێویستی بە هاوکارییە، لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵک خەریکە دەستدرێژیی سێکسیم ئەکەنە سەر و تووشی کاری خراپ ئەبم، منیش پەیوەندیم پێوە کرد و ڕاپۆرتێکم دەربارەی ئەو بابەتە بڵاو کردەوە. لە دوای بڵاوبوونەوەی، ڕۆژی دواتر کە هەستام ئەوەنە تەلەفونم بۆ ئەهات فریا نەدەکەوتم وەڵام بدەمەوە. یەک یەک پەیوەندیم پێوە کردنەوە بۆ ئەوەی بزانم بۆچی ئەم کەسانە پەیوەندییان کردووە بەم ژمارە تەلەفۆنە؛ هەمووی داوای ئەوەی ئەکرد کە چۆن هاوکاری بگەیەنێتە ئەو خێزانە، ئەوە بۆ من شتێکی زۆر زۆر خۆش بوو، ئەوە یەکێکە لەو ئیشانەی شانازی پێوە ئەکەم و هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو." ...

Humans of Kurdistan - South 31

April 26, 2020

"ئەم دوکانە هیی کوڕێکی پورم بوو ناوی خالید زامدار بوو، کە خۆشنووسێکی کۆنی شاری سلێمانییە، لە ساڵی 1974ـەوە لەم دوکانە ئیشی ئەکرد، منیش هەر لە منداڵییەوە لە لای دەستم کرد بە ئیشکردن. سەرەتا وەک شاگردێک، بەڵام لە دوای کۆچی دوایی خالید زامدار لە ساڵی 1987، من بەردەوامیم دا بە ئیشەکە، وا ئەبێ بە 33 ساڵ. بەرامبەر دوکانەکەمان دیوارێکی لێ بوو، خالید زامدار شتی لەسەر ئەنووسی؛ پەندی پێشینان و شیعری شاعیران. زۆر جار لەسەر ئەوە ئەگیرا و لێدانی ئەخوارد. ئەو کاتە ڕۆژنامە و گۆڤار زۆر نەبوو، هەر کەسێک بەم ڕێگەیەدا ئەڕۆیشت، ئەو نووسینانەی ئەخوێندەوە کە لەسەر دیوارەکە نووسرابوون." "ماوەیەک حکومەتی بەعس منداڵیان ئەفڕاند، ئێوارەیەک خۆپیشاندان دروست بوو، دەنگۆ بڵاو بووەوە کە منداڵیان ڕفاندووە. کەسایەتییەکی بەناوبانگ هەبوو لەم ناوە، پێیان ئەوت 'بەخەی خەرامان'، کوڕێکی ئازا و چاونەترس بوو، ئەو کەسانەیان گرتبوون کە منداڵەکانیان ڕفاندبوو. دوو کەس بوون، یەکێکیان لەژێر دەستی بەخەی خەراماندا بوو. دانەیەکیان لێکوشتن، بەعس گەیشتە شوێنەکە و ئەوەی تریان بە برینداری ڕفاند و بردیان. خالید زامدار دڵی پڕ بوو، چوو لەسەر دیوارەکە نووسیی: مناڵانی کورد ڕۆڵەی شارێکن\ترساوی دەستی زەردەمارێکن\وا بە هێزی گەل مار بنبڕ کرا\ئەم شەو ئەو مارە لە کونا گیرا. بۆ سبەی بەعس گەشتنە سەرمان و دوکانەکەیان پێ داخستین، پاشان دیوارەکەشیان پێ سڕینەوە. خەڵک ئەو سەردەمە بەم دوکانەیان ئەوت قوتابخانەیەکی کوردایەتییە." ...

Humans of Kurdistan - South 30

April 25, 2020

"لە ساڵی 1978 سەیارەیەکی بارمان کڕی، مۆدێلی شۆفرۆلێت، لە سلێمانییەوە ئەڕۆشتین بۆ دوکان، قەڵادزێ و ڕانیە، لە ڕێگە چی نەفەر هەبوایە سەرمان ئەخست، لە گەڕانەوەشدا بە هەمان شێوە. خەڵک بە گشتی دڵی ئاسوودە بوو. ئیشی سەرەکی ئێمەش کاتێ تەماتە، ترێ، هەنجیر و بەروبوومی لادێکان پێ ئەگەشت، ئەچووین بۆ لادێکان، بە تایبەتی شوێنە سەختەکان. هەموومان کۆمەڵێ شۆفێر بووین بە پەنجەی دەست ئەژمێردراین، دابەش ببووین، کۆمەڵێکمان بۆ شارەزور کۆمەڵێک بۆ شارباژێڕ، کۆمەڵێک بۆ دوکان و بازیان و ئیتر بەو شێوەیە دابەش ببووین. خەڵکی ئەو ناوچانەش ئەیانزانی ئەو ڕۆژە سەرەی کام شۆفێرەیە، هەرچی هەیانبوو دەمانهێنا بۆ شار و ساخمان دەکردەوە، هەموو بەروبوومێکی کوردی هەبوو، تەنیا شووتی نەبێ، ئەویش خەڵک تەنیا بەشی خۆی ئەکرد، زۆر نەبوو تا بتوانین بیهێنین بۆ ناو شار." ...

Humans of Kurdistan - South 29

April 25, 2020

"نەمتوانی زانکۆ تەواو بکەم لەبەر ئەوەی ئەو بەشەی خۆم حەزم لێی بوو وەرنەگیرام، ناوم لەوێ نەهاتەوە، خۆم حەزم لە ئینگلیزی و عەرەبی بوو، هەرەوەها زانکۆ پێویستی بە پارە بوو، حەزم نەکرد ئەو زەختە بخەمە سەر ماڵەوە. لە کۆلێژێکی بەغدا ناوم هاتبووەوە، 2 ساڵی سەرەتا لەوێ خوێندم و پاشان بڕیارم دا وازی لێ بێنم و بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی. هەر ئەو ساڵە پەیمانگەی مامۆستایان کرایەوە، من یەکەم وەجبە بووم کە وەرگیرام. ئەو کاتە لە ئیسکان بوو، 2 ساڵی پەیمانگەم تەواو کرد و بە مامۆستایی دامەزرام لە زڕگوێز. ئەو چەند ساڵەی لەوێ مامۆستا بووم زۆر خۆش بوو، هەموو شتێکمان هەبوو، 10 ڕۆژی سەرەتا هەر ڕۆژەی لە ماڵی یەکێک لە گوندنشینەکان دەعوەت بووین، خەڵکی گوندەکە زۆر زۆر باش بوون لەگەڵمان، ئیستاش بیری ئەو ماستە دەکەم کە بۆیان دەهێناین؛ دەتوانم بڵێم لە گۆشت خۆشتر بوو لەلام." ...

Humans of Kurdistan - South 28

April 24, 2020

"ئێمە لە ماڵەوە 8 کەسین، پێشتر لە سەڵاحەدین بووین، بڕیارمان دا بێین بۆ سلێمانی بژیین؛ لێرە ئیش زۆرە، ئەتوانی ئیش بکەی. زۆریش خۆشە سلێمانی، هەموو ڕۆژێک لە سەعات 8ی بەیانییەوە دێمە دەرەوە بۆ ئیش، چای و قاوە دەفرۆشم. پێشتر ئیشی تریشم دەکرد، بەس خەڵک لێرە زۆر حەز بە چای دەکەن، بۆیە بڕیارم دا دەست بکەم بەم ئیشە، خۆشیشە بۆخۆم بەناو سلێمانیدا ئەگەڕێم و ئیشیش دەکەم." ...