Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

11/12/2024

من، نازەنین حەمەڕەحمان، ساڵی ١٩٧٢ لەدایک بووم. خاوەنی (چێشتخانە و کەبابخانەی دیار)م لە هەورامان. ماوەی چوار ساڵە هاوکاریی هاوسەر و منداڵەکانم دەکەم. لەناو سروشتە جوانەکەی گوندی (بەڵخە)دا، چێشتخانە و کەبابخانەیەکی وەرزیمان دروست کردووە. شوێنەکەمان، سیمایەکی کولتووریی ناوازەی هەیە. جیاواز لە خواردن و کەبابی بە تەمام، سروشتی شوێنەکە وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانمان دەکەن. لێرە، میوانەکان خزمەتێکی زۆر باش دەکرێن و باشترین خواردنی ناوچەکەیان پێشکەش دەکرێت. لە دروستکردنی ئەم چێشتخانەیەدا هەوڵمان دا سوود له بەردی ناوچەکە وەربگرین، تا بە شێوازێکی ناوازە چێشتخانەکە دروست بکەین. هیوادارم لەهەر شوێنێک، کاتێک پڕۆژەیەک، یان شوێنێکی باشتر دروست دەکرێت، لە سەرەتادا، بیر لە لایەنی کولتووریی و نەشێواندنی سیمای ناوچەکە بکرێتەوە. ...

27/11/2024

خەڵکی بە مام دەروێش بانگم دەکەن، بەڵام ناوم عەففان حەمەیوسفە. لە شارۆچکەی بیارە لە دایک بووم و هەر لەوێش ٦٨ ساڵی تەمەنم بەڕێ کردووە.سنووری دەستکرد، وڵاتەکەی من و گوندەکەمی کردووە بە دوو بەشەوە. چایخانەکەم لە نێوان ئەو دوو سنوورەدا دروستکردووە. لە سنووری چایخانەکەمدا سنوور نییە، بە بێ جیاوازی چا و شیری گەرم پێشکەش بە میوانەکانم دەکەم. ئەم چایخانە بچووکە، بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و لە هەموو جێگەیەکەوە خەڵکی سەردانم دەکەن. ئەم شوێنەی کە چای تێدا لێ دەنێم، کەوتووەتە سنووری عێراق و ئەو شوێنەشی کە میوانەکانم لێی دادەنیشن، سنوری ئێرانە، بەڵام بەلای منەوە هەر کوردستانە. ...

23/10/2024

ئەو کەسانەی کارە دەستییەکانم لێدەکڕن گەر بزانم بۆ دیارییان دەوێت، ئەوا هەتا بتوانم پارەیەکی کەمتریان لێ وەردەگرم، چونکە دەمەوێت ئەم کلتورە لە وڵاتەکەم زیندوو بکەمەوە. ئێمەی کورد، میللەتێکی زۆر بەخشندەین، ئەمەش پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان جوانتر دەکات، هەربۆیە منیش دەمەوێت دەستم لە جوانکردنی ئەو پەیوەندییەدا هەبێت . ناوم چاپوکە، چەندین ساڵە ئەمکارە لە شارۆچکەی کۆیە بۆ دڵخۆشی خۆم دەکەم و ماوەی چەند ساڵێکە خانەنشین بووم، ڕۆژانە دێم بە دەستی خۆم ئەم شتە بچکۆلانانە دروست دەکەم، دانیشتن لە ماڵەوە ماندووم دەکات. كڕیارەکانم خوێندکارەکانن، یان بە زۆری ژنانن. چونکە ئەوان زیاتر گرنگی بە جوانی ماڵەکان دەدەن. شوێنەکەم بچکۆلەیە، بەڵام دڵخۆشییەکی زۆر لە دڵی مرۆڤەکاندا دروست دەکات ...

2/10/2024

لێرە، لە گوندی شێنێ لەدایک بووم. نازانم تەمەنم چەندە، بەڵام وەک دەوترێت لە زەمانی مەلیک فەیسەڵ لە دایک بووم. ناوم عەوڵایە، خەڵکی گوندەکە بە مام عەوڵا بانگم دەکەن. لێرە گەورە بووم، هەر لێرە فێری کشتوکاڵ بووم و لێرەش هاوسەرەکەم کۆچی دواییی کرد. منداڵەکانم داوام لێ دەکەن بڕۆم لە شار لەگەڵیان بژیم، بەڵام من بە هەوای ئەم کوێستانە دەژیم و نانی من لەم خاک و ئاوە دەردێت. گەر ڕۆژێک ئەم کێوانە نەبینم، هەست بە دڵتەنگی دەکەم. ئێرە نیشتمانی منە تا ژیانم کۆتایی پێ دێت. ...

26/7/2024

لە ساڵی 1978, گوندەکانی هەورامان لەلایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە ڕووخێنرا، لادێکانی هەورامان چۆڵکراو کلتوور و سیما ڕەسەنەکەی هەورامان بە شێوازێک شێوێنرا کە هیچ خانویەک و دیوارێک لە هەورامان وناوچەکەدا بونی نەما. لەڕاپەڕینی ساڵی 1991 و لە ئاوەدانکردنەوەی گووندەکانی کوردستان و هەورامان تاوەکو ئێستا من وەستای بەنایی بەردم لە هەورامان. بەشی زۆری خانوەکان و دیوارەکانی هەورامان و لادێیەکانی دەوروبەری بەدەستی من درووستکراون. من جهانگیر موستەفا، خەڵکی گوندی بەڵخەم هەر لەوێش نیشتەجێم، تەمەنم 58 ساڵە، لەبەر حەزی خۆم بۆ ئیشی بەنایی بۆ پاراستنی سیمای جوانی هەورامان و نەفەوتاندنی دیمەنە جوانەکانی ناوچەکە و نیشاندانی کلتووری ناوچەکە کە سەرەنجی خەڵکی و گەشتیاران بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت، هەتا ئێستا بەردەوامم. نزیکەی 30 ساڵە ئیشی دیواری بەرد دەکەم هەم وەک حەزێک و هەم بۆ دابینکردنی بژێوێ ژیانم و پێم خۆشە جیلی نوێ بتوانن ئاشنابن بە کلتووری کۆنی هەورامان، ئەم پیشەیە لە باوانمەوە بۆم ماوەتەوە، زۆر هەوڵمداوە خەڵکی تریش فێری ئەم پیشەیە ببن تا دوای خۆم کلتووری ڕەسەنی هەورامان وەک خۆی بمنێیتەوە. ...

May 17, 2023

"کە کەسێک پرسم پێدەکات بەوەی دوکانێک دابنێ، ڕێنمایی دەکەم ئەو ئیشانە بکات کە وەرزیی نەبن. نامەوێ کەس هەمان هەڵەی من دووبارە بکاتەوە کە لەساڵێکدا بە هەمووی چەند مانگێک ئیشەکەمان هەیە. ئەوانەی ئیشی پانکە و موبەریدە دەکەن تەنیا لە هاوین ئیشیان هەیە، ئەوانەشی ئیشی سۆبە و هیتەر دەکەن تەنیا لە زستان کەسابەتەکەیان هەیە. هەر بۆیە ناچار شێوازی ئیشکردنم گۆڕی و ئیشی مزەخەم دەستپێکرد. بیرمکردەوە هەرچۆنێک بێت لە هەر چوار وەرز پێداویستی خەڵکە. دەنا بەڕاستی منیش سەرەتا بێزار ببووم لەوەی پێنچ مانگ لە ساڵێکدا ئیش بکەم و حەوت مانگەکەی تریش هەر بێمە دوکان و دانیشم. ڕۆژگاری ئێستا زەحمەتە، بەو تۆزە ئیشە ژیان بەڕێوە ناچێت". ...

May 11, 2023

" ‌لە منداڵییەوە تەواوی ژیانم لەنێو سروشتدا بەسەربردووە و کشتوکاڵ پیشەی سەرەکی ئێمەیە. لە وەرزی و هاوین و بەهار، بەرهەمە سروشتییەکان لەو بەرزایی و شاخانە دێنم و لە شەقامی سەرەکی دەیانفرۆشم. خواستی شۆفێرەکان زیاتر لەسەر ڕێواس و هەڵوژەیە. بۆیە منیش تا پێمبکرێ بەرهەمی جوان دێنم. ڕێواس وەکو ڕووەکەکانی تر نییە، لێکردنەوە و دەستهێنانی دژوارە. چەندینجار لەو بەرزاییانە بەربوومەتەوە و ئازارم زۆر دیوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر بژێوی ژیان هەمدیسان چوومەتەوە سەر شاخ." ...

April 26, 2023

"لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ لەگەڵ براکەم دوکانێکمان لەسەر رێگای هەولێر-بەردەڕەش دانا، لەبەرئەوەی رێگایەکی بازرگانی بوو لە نیوان هەرێمی کوردستان، تورکیا و ئێران، خەڵکی زۆر وڵاتی جیاواز لەوێوە تێدەپەڕین و منیش پارەی وڵاتە جیاوازەکانم کۆدەکردەوە و بە جامخانەکەوە هەڵمدەواسی. ئیتر ئەوە بووە خولیای من و هەر رێبوارێکیش لەو رێگەیەوە بڕۆشتایە، پارەی وڵاتەکەی وەکو یادگاری پێشکەشدەکردم. ئێستا پارەی زۆر وڵاتم هەیە و هەندێکیان چەند قۆناغێکیان کردووە و ئێستا نەماون. کۆنترین دراو کە لامە ئەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانیی یەکەم. زۆرجار خەڵک هاتووە داوایکردووە دراوەکانی بە نرخێکی زۆر پێبفرۆشم بەڵام رەتمکردووەتەوە چونکە ئەوە یادگارییە و دەیپارێزم. شتێک کە زۆر سەرنجڕاکێشە بۆم ئەوەیە ئێستا دراوی هەموو وڵاتانی جیهان دەناسمەوە و دراوی هەندێک وڵاتیش کاغەزەکەی زۆر باشە، رەنگی ناگۆڕێت یاخود بە ئەستەم دەدڕێت." ...

April 18, 2023

"کەرکووک بۆ من، یانی چێژی هەموو شارەکان. ئەو کاتانەی سەرباز بووم لە شارەکانی باشووری عێراق، ڕۆژەکانم دەژمارد تا دەوامم تەواو ببن و بێمەوە شارەکەم. مۆڵەتی هاوڕێیەکانم بۆ نەخۆشی و پرسە و بابەتی خێزانی بوو، کەچی هیی من تەنیا بۆ ئەوە بوو زوو بگەمەوە کەرکووک. بیرمە گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیانگوت: کەرکووکت لە ئێمە کردووە بە پاریس. بوونی نەتەوە جیاوازەکان لەم شاره، وای کردووە ئێمەی کەرکووکی هەستی پێکەوەژیانمان لە شارەکانی تر گەرموگوڕتر بێ. ڕەفیقی تورکمان و عەرەبم هەیە هی سەردەمی منداڵیم، ئێستاش وەک هاوڕێ کوردەکانم، متمانە و خۆشەویستی هەیە لە نێوانمان." ...

April 6, 2023

"منداڵ بووم کە باپیرم لەم خانووەدا مرد. ساڵێکی بەسەر چوو، دوو مامم بەیەکەوە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا و هەر لەناو پرسەکەی ئەوان باوکم بە جەڵدەی دەماغ کۆچی دواییکرد. ١٢ دۆنم گەنممان لەپڕێکدا سووتا و بە چاوترووکانێک ڕەنجی ساڵێکمان هەمووی ڕۆیشت. لە ڕۆژێکی گەرمای هاوین بە هۆی شۆرتی کارەباوە تەواوی ماڵەکەمان سوتا و خوشکێکی بچوکیشم سوتا و مرد. ئێستا داپیرەم ناهێڵێت خانووەکە نۆژەن بکەینەوە چونکە شوومە. دەڵێ لەسەرەتاوە گوتم ئەم خانووە سەری هەموومان دەخوات. بەڵام کەس گوێی بۆ نەگرتم تا ئاوامان بەسەرهات. بۆیە بە هیچ جۆرێک نایەڵم ڕوو لەم خانووە بکەینەوە. داپیرەم بێخەبەرە لەوەی ئەگەر بۆ ئەوان شووم بێت، بۆ من دونیایەک یادگارییە. هەموو منداڵیم لێرە بەسەر برد، لەبەر ئەوە قەت لەبەر چاوم ناکەوێ. ئێستاش جارجارە بەدزییەوە دێم و بۆ ماوەیەک لەناویدا دەمێنمەوە". ...

March 6, 2023

"بۆ نیو سەدە دەچێ پەڕەچیم لە خانەقین، چەندجارێک ویستوومە وازبهێنم، بەڵام خۆشەویستی موشتەرییەکانم وایان کردووە بەردەوامبم. خێزانی وا هەیە هەموو ساڵێک دۆشەک، لێف و سەرین لای من دەکڕێ یان نوێی دەکاتەوە. ئەوان ڕاهاتوون لەگەڵ ئەو شتە سروشتییانە، بەڵام بەداخەوە وردە وردە خەڵک مەیلی لە هیچ شتێکی خۆماڵی نەماوە، کەلوپەلی بیانی زۆر هاوردە دەکرێ و خەڵکیش تا ئەوانە هەبن ئامادە نین چەندین ڕۆژ چاوەڕێی شتی دەستکرد بکەن. کاری ئێمە ماندووبوونی جەستە و مێشکی تێدایە، هەموو کات مێشکت ماندووە چونکە دەبێ ئاگات لە دانە بە دانەی ئەو تەقەڵانە بێت کە لێیان دەدەی. چاویش لەولاوە بوەستێ کە تەرکیزی وردی دەرزی و سوژن وێرانی دەکات. هەستم بەوە کردووە چاوەکانم تەواو هێزیان لێ بڕاوە، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانە و پڕە لە مەشەقەت، هەتا ئێرەم هێناوە تازەش ئیتر دەبێ لەگەڵی بڕۆم." ...

February 5, 2023

"کوتینی خاڵ لەناو کوردەواریدا مێژووێکی درێژی هەیە. شکور ئەو دیاردەیە ئێستا تۆزێ کاڵ بۆتەوە و تەنانەت لە هەندێ شوێن هەر نەماوە. ئێستا خەڵک بە شێوازی (تاتۆ) دەیکەن کەبەڕاستی ئازاری کەمترە هەم جوانتریش دەکرێت وەک لە پێشوودا. ئێستا هەمووی بەئامێر دەکرێ نەک بە دەست وەک لە کۆندا دەکرا. من لەسەرەتای حەفتاکان ئەو خاڵانەیان بۆ کوتیم، بۆ خانمێکی وەک من بۆ ئەو کات زۆر جوان بوو، بگرە بۆ بەرامبەریشم زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئیتر ئەو کاتە بیرکردنەوەم وەک ئێستا نەبوو، دەنا بەڕاستی زۆر لێی پەشیمانم، لەترسی ئازارە زۆرەکەشی ناوێرم لایدەم، جگە لەوە ئاسەواری زۆر ناشیرین جێدێڵێ، بۆیە تێیدا ماوم لەوەی نازانم چی لێ بکەم." ...