Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 7, 2022

"بیرم نایەت لەکەیەوە کاری دەستگێڕی دەکەم، بەڵام دەزانم شەقام نییە لەم شارەدا سەدان جار بەسەریدا نەڕۆشتبم. هەر بەدەم خەیاڵەوە سەرم بە هەموو گەڕەکێکدا کردووە. لەوەتەی هەم ناوی جیاوازم لێدەنێن، منداڵان دەڵێن "پیاوە پیرەکە" و ژنان بە "پیاوە دەستگێڕەکە" ناوم دەبەن. هەندێجاریش دەڵێن حاجییە رووخۆشەکە. بەڵام لەراستیدا هیچییان بەقەد ئەوە بۆمن گرنگ نییە کە زوو شتەکانم بفرۆشم. ئەوکاتە دڵخۆش دەبم کە پیرە پیاوێک دەبینم و نینۆکبڕێکی دەدەمێ و دوعای خێرم بۆ دەکات یاخود منداڵێک قەڵەمێکی پێدەدەم و تا ئەوسەری کۆڵان رادەکات. جیاکردنەوە و ناسینی خەڵکیش کارێکی ئەوەندە قورس نییە بۆم چونکە تەمەنێکە بە کۆڵانەکاندا دێم و دەچم و بەسەیرکردنێک دەزانم ئەو کەسە چۆنە و بایی چەندە". ...

October 31, 2022

"ساڵی ١٩٧٧ لە سەیدساق عەسکەر بووم و پیشەکەم پینەدۆزیبوو لەوێ. پۆستاڵ و پێڵاوی سەربازەکانی ئەو سەردەمەم چاکدەکردەوە. دواتر گەڕامەوە ئاکرێ و لەوێ دوکانی خۆم دانا. ئێستا ٤٢ ساڵە خەریکی ئەو کارەم و زۆر لێی رازیم، چونکە خزمەتی زۆری من و خانەوادەکەمی کردووە. رۆژانە ٨ سەعات ئەچمە دوکانەکەم و پێڵاو، جانتای قوتابخانە و کەلوپەلی ماڵان چاک دەکەمەوە. ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان خەڵک لە چوار جێگاوە پێڵاوەکانی دەدوورییەوە و لای ئاسایبوو، بۆیە ئەوەندە موشتەری زۆربوو توانای وەڵامدانەوەی خەڵکم نەبوو. بەڵام ئێستا خەڵک پێی عەیبە پێڵاوێک لەپێبکەن کە چاک کرابێتەوە و پیشەکەش وەک جاران ئەو بازاڕەی نەماوە". ...

September 26, 2022

"نیوەی تەمەنم لەناو جەنگ و بەرەکانی جەنگ بەڕێکرد. لەسەردەمی ئێمەدا سەربازی بە زۆرەملێ بوو، پارێزگا نییە لەو عێراقە دنیایەک یادگاریم لێی نەبێت. ئەوانەی لە تەمەنی مندان بیریانە دەبوو ئێمەی سەرباز جەنگ لەدوای جەنگ خۆمان ئامادە بکەین. ئێمە جەنگزەدەین، بۆیە بەداخەوە قەت نەمانتوانی ژیانێکی ئاساییمان هەبێت. چەندینجار لەدووری کەرکووک گریاوم و بیری کۆڵان و یادگارییەکانی ئەو شارەم دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئێستا هیچ شتێک تامی پێشوو نادات. رەنگە هۆکارەکەی ئەوەبێت ماندووێتی ژیان برینێک قووڵی لەدڵماندا دروستکردبێت. ئەوکاتەی گەنج بووم دەرفەت نەبوو چێژ لەم شارە و کاتەکانی وەرگرم، ئێستاش کات زۆرە و من پیربووم". ...

September 7, 2022

"تەمەنم 62 ساڵە و خەڵکی گوندی کانی مارانم. ماوەیەکی زۆرە گاوانی دەکەم. رۆژانە سەعات سێی بەیانی هەڵدەستم نان و چایەک دەخۆم و گامێشەکان دەبەمە ئەو دەشت و دەرە و نزیکەی 12 سەعات لەو ئاقارە دەمێنمەوە. گامێش حەزی لەناو ئاوە بەڵام بەهۆی کەمی بارانەوە بەشێک لە کارێز و کانیاوەکان وشکیان کردووە و تەنیا یەک دوو شوێن ماوە بۆ لەوەڕاندنیان. ئەمەش وایکردووە خەڵک گامێشەکانیان بفرۆشن و وابڕوات منیش بێکار دەبم کە بژێوی حەوت سەر خێزانی لەسەرە و خۆمان بە کولەمەرگی دەژین. تەنانەت کە ماڵەکەم گڕی گرت، خەڵکی گوند هاوکارییان کردم و پارەیان بۆ کۆکردمەوە. ماستی گامێش خواستی زۆر لەسەرە چونکە چەورە و تێکناچێت. لە مارکێتەکاندا زوو ساغ دەبێتەوە و تەنانەت هەندێجار خەڵک نۆرەی بۆ دەگرن تا دەستیانکەوێت." ...

October 16, 2022

"رۆژانە لە گوندەکەی خۆمەوە لەسەر سنووری عێراق و ئێرانەوە ماوەی کاتژمێرێک بەپێ دێمە گوندی شێنێی پشدەر بۆ کرێکاری و پاچکاری و کاتژمێرێکیش بۆ گەڕانەوە. نیوەی تەمەنم بە کرێکاری بەسەربردووە و ئەم رووخسارەم لەپیاوێکی ٣٠ ساڵ ناچێت ئەوەندە ماندووێتی و سەختی ژیانم بینیووە. براکانم چوونە بەر خوێندن و من نەچووم، بەڵام چوار منداڵم هەیە و بەردەوام پێیاندەڵێم بخوێنن با وەکو منتان لێنەیەت. دەستە ماندوو و زامدارەکەمیان پیشان دەدەم بۆ ئەوەی بیر لە دواڕۆژی خۆیان بکەنەوە و بخوێنن". ...

August 25, 2022

"تەمەنم 70 ساڵە و ماوەی 11 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی کۆکردنەوەی وێنە و کەلەپوورم. ئەمە هیوایەتێکی گەورەی منە و هەندێکیان خۆم کڕیومن بە پارەی زۆر و هەندێکیش بەدیاری بۆم دەهێنن. وێنەکان لە ساڵانی کۆنەوە تیایەتی تا ئێستا. چەندجارێک خەڵک هاتووە شوێنەکەم لێبکڕنەوە بەڵام ئەمانە مێژووە و بۆ فرۆشتن نین. هەموو رۆژێک دێمە ئێرە و دڵم خۆش دەبێت. تەنها شتیش کەلێی بترسم ئەوەیە رۆژێک ئەم شوێنە بسوتێت. وەسێتم بۆ ژنەکەم کردووە ئەگەر مردم بێتە ئێرە و شوێنی من بگرێتەوە. پارەی زۆرم لێرە سەرف کردووە و دڵخۆشیشم. خەڵک پارە بۆ شتی تر بەکاردەهێنێت، من دەمەوێت خزمەتی سلێمانی پێبکەم". ...

August 10, 2022

تەواوی ڕۆژەکە سەرشەقام جێگای منە. گوزەرانم لەسەر فرۆشتنی ئەو پێڵاوانەیە کە خەڵک لێم دەکڕن. چەند دڵخۆشم بەوەی موشتەریم زیاتر بێت بۆ کاڵاکانم، ئەوەندەش بە بوونی ئەو مۆسیقاژەنە دڵخۆشم!."ئەم هاوڕێیە، من و تەواوی خەڵکی پەیوەست کردووە بە مۆسیقا. وایلێهاتووە ئەگەر ڕۆژێک گوێمان لە مۆسیقایەک نەبێ، ئەو ڕۆژەمان بەنوقسانی دەڕوا. زۆرجار بێزار دەبێ لەوەی تەواوی ڕۆژ عەزف دەکات و خەڵکیش ئامادە نین بە بڕە پارەیەکی کەم یارمەتی بدەن. بەڵام من هەر لە هەوڵی ئەوەدام سارد نەبێتەوە و بە هەموو شێوازێ ئامادەبوومە یارمەتی بدەم. جار هەبووە موشتەری پێڵاوی لێ کڕیوم، پێم گوتووە خاترت دەگرم بەمەرجێک شتێکی کەم لەبەرانبەر مۆسیقا بەو برایەشم بدەیت". ...

August 3, 2022

"ساڵانی هەشتاکان تەمەنم 10 ساڵ بوو کاتێک لەگەڵ باوک و براکانم دەهاتین بۆ راوەماسی. بەحوکمی ئەوەی لە لێواری دەریاچەی دوکان گەورەبووم و ژیانمان لەسەر فرۆشتنی ماسی بوو، منیش بووم بە راوچی. ئێستاش حەوت سەرخێزانین و ژیانمان لەسەر راوکردنە. راوەماسی پێویستی بە زانیاریی زۆر و شارەزاییە، دەبێت پشوودرێژبیت و گورجوگۆڵ بیت. هەندێکجاریش بە چانسە. رۆژ هەبووە هیچم نەگرتووە و رۆژی واش هەبووە 50 کیلۆ ماسیم راو کردووە. بیرمدێت ماسی 150 کیلۆیی لەم دەریاچەیە راو کراوە و من خۆم ماسی سەروو 30 کیلۆییم بە قولاپ گرتووە. بەڵام بەداخەوە ئێستا رێژەی ماسی لە دوکان کەمبووەتەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک بێرەحمانە بەڕێگای تەقەمەنی و کارەبا راو دەکەن". ...

August 1, 2022

"مرۆڤ ئەگەر لە کولانەیەکیش لەدایک بووبێت هەر لای پیرۆزە. من لەو خانووە لەدایکبووم، رەنگە ئەمە بۆ هیچ کەسێک ئەرزشی نەبێت، بەڵام بۆ من هەر سووچێک لەو خانووە سەدان یادگاری تێدایە. منداڵی و گەنجیم هەمووی لەو ژوورە بەسەربردووە. بەڵام لەبەرئەوەی بیناکە تەمەنێکی زۆری هەبوو، وردە وردە تووشی داڕمان و ئاودان دەبوو. ئێمەش چونکە کرێچی بووین و مافی ئەوەمان نەبوو نۆژەنی بکەینەوە، لەسەر داوای خاوەنەکەی چۆڵمان کرد. لەتەنیشت ئەو خانوێکم بەکرێ گرتووە بەسە بۆ ئەوەی لەبەرچاوم ون نەبێ و رۆژانە بیبینم. ئاسان نییە هەموو ژیانت لەخانوێک بەسەربردبێت و ئێستاش لەبەرچاوتدا بیڕوخێنن. هەموو عەسرێک سەیری بەر دەرگاکەی دەکەم دایکمم بیردێتەوە کاتێک چاوەڕوانی باوکم بوو، لەوسەریشەوە باوک بە دوو دەستی پڕ لە عەلاگەوە لە سووچی کۆڵانەکەوە بەدیار دەکەوت.". ...

July 20, 2022

"هەموو کاتێک لە نیعمەتی هەبوونی دایکم سوپاسگوزاربووم. ئێستا کە بوومەتە دایک ئینجا تێدەگەم (دایکبوون) چ ئەرزشێکی گەورەیە! دۆخێکی یەکجار سەیرە، لە مرۆڤێکی ئاسایی و سادەوە دەتگۆڕێ بۆ مرۆڤێکی پڕ هەست و بە بەزەیی. واتلێدەکات ویژدانت لە هەموو کاتێکدا خەبەردار بێت. فێری ئارامییت دەکات، متمانەبەخۆبوونت پتەوتر دەکات. ئەگەر چی دنیایەک کێشە و تەجروبەی نوێی تێدایە، بەڵام چێژبەخشە بەهەموو خەم و ئازارەکانییەوە. منداڵ کە لەدایک دەبێ تەنیا ڕۆحێک دروست نابێ، بەڵکو جوانترین یادگاری دروست دەبێ لە نێوان تۆ و هاوسەرەکەت. منداڵ زادەی خۆشەویستی و عەشقی نێوان ژن و مێردە. بۆیە چێژی بوون بە "دایک" چێژێکە نەبڕاوەیە". ...

July 3, 2022

بوون بە یاریزانی بالە ئاواتی منە. هەرچەندە لەکوردستان زۆر گرنگی بەو جۆره وەرزشە نادەن. بۆیە دەرکەوتنی یاریزانی بالە تۆزێ قورسە. دەبێ هەوڵی جدی بدات تا خۆی بسەلمێنێ و لە یانەیەک داوا بکرێ. بەڵام هیچکام لەو شتانە مەحاڵ نین. من متمانەی زۆرم بەخۆمە، خێزانم پاڵپشتمن. بۆیە هەموو هەوڵی من ئەوەیە ئەو خەونە بکەمە ڕاستی. ڕۆژانە پاش ئەوەی کە لە قوتابخانە دێمەوە چەند کاتێکم بۆ ڕاهێنانی خۆم تەرخان کردووە. ئێمە هۆڵی داخراومان نییە بۆ ڕاهێنان، ناچار لە یاریگای گڵ ڕاهێنانە پراکتیکییەکانمان ئەنجام دەدەین. هەموو ئەوانەی شارەزاییان هەیە لەسەر بابەتەکە، ئامۆژگاری ئەوەیان کردووم. کە دەبێ یاریزان لە تەمەنێکی بچووکەوە بچێتە ناو دونیای وەرزش. بۆیە لە ئێستادا گونجاوترین تەمەنم هەیە بۆ ئەوەی بتوانم دەستپێکێکی باشم هەبێ. ئینجا ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ من ئەوەیە: کێش و باڵام زۆر گونجاوە بۆ یاری بالە، لە ئێستادا کاتم جگە لە خوێندن، تەنیا بۆ یاری بالەیە. خۆشبەختانە هاوڕێشم نییە! هاوڕێی نزیکم تۆپەکەمە." ...

June 5, 2022

"فێربوونی زمانێکی نوێ، چەندە زەحمەتی هەیە، دوو ئەوەندەش چێژی خۆی هەیە. من لەڕێی فەیسبووکەوە فێری دوو زمانیتر بووم. هاوڕێ ئینگلیز و ئۆکڕانییەکانم پێیان سەیر بوو من لەو تەمەنە گەورە و تەنیا بە هۆی چاتەوە فێری زمانی ئەوان بووم! ئێستا قۆناغێکی باشترم بڕیوە لە فێر بوونی زمانی ئۆکڕانی، بەشێویەک کە دەتوانم بە دەنگوڕەنگ قسە لەگەڵ هاوڕێکانم بکەم نەک تەنیا بە چات. ئەوان زۆر تامەزرۆی شێوازی ژیان و کەلتووری ئێمەن، بۆیە هەموو کات داوای ئەوەم لێ دەکەن کە بۆ چەند کاتێکی کەمیش بێت، ڕووی کامێرای مۆبایلەکەم بکەمە خەڵک و بازاڕی خانەقین، تەنانەت وایلێهاتووە ئاشنایەتییان لەگەڵ درواسێیەکانی دوکانم پەیدا کردووە. دراوسێکانیشم جار جارە بە ڤیدیۆ قسەیان لەگەڵ دەکەن و من دەبمە وەرگێڕ لە نێوانیاندا. زۆر حەز دەکەن گەشتێک بکەن بۆ خانەقین و لە نزیکەوە بیبینن. بەڵام بەداخەوە ترسیان لە ڕەوشی ئەمنیی عێڕاق هەیە. بەڵام خودا یاوەر بێت من تەمای ئەوەم هەیە گەشتێک بۆ لای ئەوان بکەم و لەنزیکەوە پەیوەندیەکانمان بەهێزتر بکەین و زیاتر برەویش بە قسەکردنی خۆم بدەم". ...