Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 109

August 22, 2020

"لە مردنێک گەڕاومەتەوە هەرگیز ناتوانم لە یادیبکەم. کاتێک لە ‌هێزی سەبازی عێراق بەرەو کوەیت بەڕێیان کردین ئێمە لە عەممارە بوین بە قافڵە بەڕێکەوتین بەرەو کوەیت، ڕێگەیەک بوو کە بەس لە ڕێگەی مەرگ ئەچوو. ئێمەیان برد بۆ بیابانێک زۆر زۆر ناخۆش بوو، ئازوقەمان زۆر کەم لابوو، کێشەی کەم ئاویشمان هەبوو. ئەبوایە ڕێگەیەکی زۆر دوور ببڕین تەنیا بۆ یەک تەنکەر ئاو. بۆ ماوەی ٩ مانگ من لەوێ مامەوە، ئیجازە ڕاگیرابوو کەس بۆی نەبوو بگەڕێتەوە. شەوێکیان لەپڕ هاتن بە من و دوو سەربازی تریان وت ئەتوانن ئیجازە وەربگرن و بگەڕێنەوە ماڵەوە. دوو سەربازەکەی تر عەرەب بوون، هەر زوو شوێنەکەیان بەجێهێشت و من بە تەنیا مامەوە، هیچ ڕێگەیەکیش شارەزا نەبووم، کەسیش لە خەمی ئەوەیا نییە تۆ چۆن ئەگەڕێیتەوە، ئەبوو خۆت بڕۆیت." "هەر ئەو شەوە بە پێ بەڕێکەوتم، لەو بیابانەدا چاوم هیچ شتێکی نەئەبینی تەنیا بیابانێکی وشک بوو. هەستم ئەکرد ئەوە کۆتایی ژیانی منە. نەمئەزانی بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕۆم، تا گەیشتمە جادەیەک بۆم دەرکەوت راستەوخۆ جادەکە بەرەو ناو کوەیت ئەڕوات، تۆزێک ڕۆیشتم گوێم لە دەنگی خەڵک بوو، هیچ دیار نەبوو. بەڵام ئەوەنە شەوێکی بێدەنگ و سامناک بوو گوێت لە دەنگی هەموو جوڵەیەک ئەبوو. کە گەشتمە لایان بینیم سەیارەیەک وەستاوە و چەند کەسێکی تێدایە، سەرەتا زۆر ترسام، بەڵام بینیم یەکێکیان جلی کوردی لەبەردابوو، زۆر دڵم خۆش بوو. قسەم لەگەڵکرد بۆم دەرکەوت بۆ سۆراخی کوڕەکەی هاتبوو بەڵام بە ‌هەڵە هاتبوو، بە هۆی ئەوانەوە توانیم برۆم بۆ ناوچەیەکی ترو سەیارەیەکی تر بگرم و بگەڕێمەوە." ...

Humans of Kurdistan - South 108

August 20, 2020

"بەبەهاترین کاتەکانی ژیانم ئەو کاتانەیە کە لەگەڵ ئەم چاوگەشانەدا خەریکی فێرکردن و ئاشناکردنیانم بە کتێبی خوای گەورە. ڕۆژانە لەسەربانی ماڵەکەی خۆم لە خزمەتی ئەم فێرخوازانەدام. جگە لە مامۆستا، بوومەتە خوشکێکی گەورەش بۆیان. گوێ بۆ هەموو ئەو قسانەیان دەگرم کە کەس نییە گوێیان لێبگرێت. بەهۆی سەرقاڵیم بە ئیشی ناوماڵ و خوێندنی خۆمەوە، هەر ئەوەندە کاتم هەیە کە ڕۆژانە کاتژمێرێک لەگەڵیاندابم. خۆزگەم دەخواست کاتی زیاترم هەبووایە و تێشووی قیامەتم زیاتر بکردایە. ئەم کەرەنتینەیە دەرفەتێکی باشبوو بۆ ئەوان، زۆربەیان چەند سورەتێکی باشیان لەبەرکردووە." "مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی بچووک ماندووبونێکی زۆر و دڵێکی میهرەبانی دەوێت. بەڵام هەموو هیلاکی و ماندووبونم بیردەچێتەوە کاتێک کە قوتابییەکم دەبینم بەرهەمێکی باشی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی نیگەرانم دەکات ئەوەیە کە لە توانامدا نییە ئەوەی سەرکەوتوو و زیرەکە دیارییەکی شیاوی پێبدەم. بەداخەوە لە زۆر بەرنامەی بێسوود و چەندین پڕۆژەی بێسەروبەردا دەیبینین کە چەندەها کۆمپانیا سپۆنسەریان دەکات و چەندین شوێن و لایەن پشتگیرییان دەکات، بەڵام بۆ کارێکی ئاوها کە سوودی دنیا و قیامەتی تێدایە، نەک کەس یارمەتیدەرت نییە، بگرە چەندین تۆمەت و تانەو توانجیشمان لێدەدەن." ...

Humans of Kurdistan - South 107

August 19, 2020

"دریفت(نمایشی ئۆتۆمبێل)، شێوازێکی لێخوڕینە کە پڕە لە ئارەزوو و حەزی ئۆتۆمبێل و پڕە لە ئەدڕیناڵین. پێش هەموو شتێک توانای دریفتینگی من، شتێک نیە بە وانەخوێندن و ڕاهێنان فێربووبم، لە ڕاستیدا بەهرەیە. لە هەمان کاتدا نواندنێکە بۆ خۆشچەشتن و چێژێکی زۆریشی تێدایە بۆخۆم. وەک هونەر بیری لێدەکەمەوە، لەلای من وەک سەماکردن وایە. خەڵکی لەسەرئەوەی کە چەند جوان سەمادەکەیت و تواناکانت چەند بەباشی لە گۆشەی دریفتەکەتدا ڕێک دەخەیت و پیشانی دەدەیت بڕیارت لەسەر دەدەن. ئەوەی زۆر تایبەتە ئەوەیە کە بە شێوازی خۆم دەستکاری دەکەم و هەموو شتەکان لە جێگەی ڕاستی خۆیاندا بەکاردەهێنم، ئۆتۆمبێلەکە تاقی دەکەمەوە و ئامادەی دەکەم بۆ ڕکابەرێتی (پێشکەوتن) یاخود نمایش. بە هەرحاڵ ئەمەی دەیکەم تەنها شێوازێکی لێخوڕینە لە ڕێگای داخراو و جێگەی تایبەتدا کە پارێزراوبێت لە ڕووی سەلامەتییەوە." ...

Humans of Kurdistan - South 106

August 18, 2020

"لەمنداڵییەوە هیوایەتم ئاسنبووە و حەزمکردووە لەناو ئاسندا بم، ئەگەر لەسەر سەمونە و برغو بخەوم وەک وابێت لەسەر فەرشی کاشان خەوتووم. بۆیە ئێستاش ئەم دوکانەم داناوە و هەموو کات لەناو ئاسندام. هیوایەتێکی تر کە هەمبێت چەکە، پێمخۆشە هەموو جۆرە چەکێکم هەبێت نەک بۆ بەکارهێنان، بەڵکو بۆجوانی. حەزیشم زۆر لە وێنەگرتنە، لەمنداڵییەوە کامێرام هەبووەو لەساڵی نەوەدەکاندا لەم شارەدا هەربۆحەزی خۆم وێنەم دەگرت و ئێستاش وێنەکانم پاراستووە. حەزەکانم دوورن لەیەکدی، بەڵام کاریشم کردووە بۆهێنانەدییان. بە منداڵی زۆرم حەز لە پاسکیل بوو، بەڵام باوکم بۆی نەکڕیم. هەربۆیە دوای ئەوەی ژنم هێنا یەکسەر پاسکیلێکم کڕی". "هەرلەبەر ئەوەی بەمنداڵی و بەگەورەیش خولیای زۆرشتم هەبووە و زۆریانم هێناوەتە دی و هەندێکی کەمیان ناهاتونەتە دی. بۆیە لەلام گرنگە منداڵەکانم هەر هیوایەتێکی باشیان هەبێت بتوانم بۆیان بهێنمە دی. خاوەنی سیانزە کچم! لەساڵی ڕابردوودا پەیمانگای پێنجوێن کرایەوە، کێشەی بەشی ناوخۆییان هەبوو. بۆیە من ئامادەییم پیشاندا قاتێکی ماڵەکەم ببەخشم بە پەمانگاکە، بەمەرجێک کەحکومەت ئاگاداربێت. لەدواییدا قاتێکی ماڵەکەم بوو بەبەشی ناوخۆیی و یازدە کچی تێدا دەژی، دواتر وایلێهات نەتوانم لەگەڵ کچەکانی خۆمدا جیایان بکەمەوە. بۆیە هەمووکات دەڵێم: سیانزە کچم هەیە". ...

Humans of Kurdistan - South 105

August 16, 2020

"منداڵی دەوڵەمەند و ئاغاکان سوپاسگوزاری باوانیانن کە موڵک و سامانیان بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەڵام من سوپاسگوزاری باپیرمم کە ئەم پیشەیەی بە میرات بۆ باوکم بەجێهێشتووە و باوکیشم منی فێر کردووە. ڕاستە ئیشەکەمان سەختە بەڵام چونکە بەرهەمی دەستی خۆمان و ئارەقی ناوچەوانمان دەخۆین، زۆر ئاسودەین. من هەر زوو وازم لەخوێندن هێنا، لام وابوو بۆ من مزەخە چاککردن بەرهەمدارترە لەوەی چاوەڕێی دامەزراندن بم. مێشکم هیچ شتێکی وەرنەدەگرت لەقوتابخانە، بۆیە تا پێنجی سەرەتاییم خوێند، ئێستاش و ئێستاش هیچ فێر نەبووم. بەڵام خۆشبەختانە تەواو سەرم لەم ئیشەی خۆم دەردەچێ و ئێستا لە خۆم ڕائەبینم بەتەنیا بژێوی خێزانێک دابین بکەم". ...

Humans of Kurdistan - South 104

August 15, 2020

"کە زانکۆم تەواوکرد، هیچ حەزم بە کاری مامۆستایەتی نەبوو. بەڵام ڕۆژگار وایکرد ببم بە مامۆستا. بیرمە یەکەم ڕۆژی کارکردنم زۆر دوودڵبووم، هەستم بە ترس دەکرد، ترسی ئەوەی کە نەتوانم خوێندکارەکانم بە شێوەیەکی باش ئاڕاستە بکەم، یاخود باش نەبم بۆ ئەو کارە. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا خۆشەویستی خوێندکارەکانم وایکرد کە کارەکەمم زۆر خۆشبوێت و گرنگییەکی زۆری پێبدەم. دواتر وردە وردە توانیم بەسەر ئەو دوودڵی و ترسەدا زاڵبم و تێیبپەڕێنم. ئێستا وا ماوەیەکی زۆرە خوێندکارەکانم نەبینیوە، بیریاندەکەم". ...

Humans of Kurdistan - South 103

August 14, 2020

"بۆ یەک چرکەش چیە نەچومەتە بەر خوێندن، لەو کاتەوەی چاوم هەڵهێناوە هەر خەریکی مەڕداری و شوانیم لەم دەشتە چۆڵەدا. ژیان لای من زۆر دووبارەیە، بۆ من هەموو ڕۆژەکان وەک یەکن. زۆر جار بیر دەکەمەوە هیچ کەسێک بەقەت من سوودی لە تەکنەلۆجیای مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا وەرنەگرتووە، ئێستا ئەوەی دڵنەوایی من دەداتەوە تەنها مۆبایلەکەمە. خوا خێری براکانم بنوسێت فێری بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان کردووم. نازانم هیچ شتێک بخوێنمەوە، تەنیا بەڕەنگ بەرنامەکان دەناسمەوە، بۆیە بەردەوام لەناو بەرنامە ڕەشەکە سەیری ڤیدیۆی کۆمیدی تیکتۆک دەکەم. هەر کاتێکیش جەوم نەبێ، دەچمە ناو یوتوب و گوێ لە بەندەکانی ئامانج یاخی دەگرم، زۆر ئارامم دەکاتەوه". ...

Humans of Kurdistan - South 102

August 13, 2020

"تەمەنم بیستویەک ساڵە، خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری تەلارسازیم لە زانکۆی ئەمەریکی دهۆک. جگە لە خوێندنەکەم، زۆر ئارەزووی هونەر، ئەندازە، دەسپێشخەری کار، کاری پرنتی سێ دووری دەکەم. زۆر ئارەزووی ئەوە دەکەم شتەکان لە سفرەوە دەستپێبکەم و خۆم لە هیچەوە بۆ هەمووشت بنیادیان بنێم. لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەگەڵ دوو چالاکوانی دیکە، دامەزرێنەری ڕێکخراوی گانس مۆر بووم بۆ پەرەپێدانی توانای گەنجان و هاندانیان. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ هەڵبژێردراوی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندی پارێزگاری خوێندکاران بووم لە زانکۆ. دواتر بیرم لە دامەزراندنی کۆمپانیایەک کردەوە، هەربۆیە کۆمپانیای قودم دامەزراند بۆ کاری دیزاین و خزمەتگوزاری پرێنتکردن لە بواری کلتوری جلوبەرگ و فاشن، بۆ ئەوەی ئەو بوارە بازرگانییە هەنگاوێک پێشبخەم. هەرگیز ڕێگا ئاسانەکەم نەگرتۆتە بەر، بەردەوام چێژم لە دروستکردن و بنیادنان بینیوە، چێژی بنیادنان لە سفرەوە، ئەو چێژەی شتێک دروستدەکەیت و دەیگەیەنیتە لوتکە". ...

Humans of Kurdistan - South 101

August 12, 2020

"تەمەنم حەوت ساڵان بوو کاتێک لە عەربەت لەبەردەستی باوکمدا فێری بەرگدووری بووم. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٢ گەڕاینەوە پێنجوێن و لەسەر بەرگدووری بەردەوامبووین و بژێوی ژیانمان پێپەیدا دەکرد. کارەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت، سوپاس بۆخوا لە زۆربەی شارەکانەوە خەڵکی ڕووم تێدەکەن. هەندێک جار هەبووە لە هەولێریشەوە هاتوون. لەڕووی شێوازی جلوبەرگەوە، ناوچەی پێنجوێن لەگەڵ ناوچەی مەریوان و بانەدا نزیکە، بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا زۆر نزیک بۆتەوە. جیاوازییەکە زیاتر لە شەرواڵەکەدایە، گەنجەکانی رۆژهەڵات شەڕواڵەکانیان فراوانتر دەدوورن، بەڵام لێرە تەسکتر دەیدوورن. جاران ئەو کەسانەی کە دەوڵەمەند بوون جلی مورادخانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لەناو گەنجەکاندا وردە وردە خەریکە زیاددەکات و بایەخی پێدەدرێت. ئەوسا بۆئەوەی مورادخانیەکە ڕەق بوەستایە دەیانچنی، بەڵام ئێستا کاغەز بەکاردێنین. من بەپێی خواستی کەسەکە بە هەردووکیان کاردەکەم، بەڵام چنینەکە تێچووەکەی زیاترە". "لەچاو ساڵانی ڕابردوودا گۆرانکاری لە جلوبەرگی پیاواندا کراوە، بۆ نموونە ئەوەی گەنجەکان ئێستا داوایدەکەن و من بۆیان دەدوورم، باوکم ناتوانێت بیکات، بەهۆی ئەوەی گۆرانکاری لە شێوازی دوورینەکانیاندا کراوە، بە تایبەت لە چاکەتەکاندا. زۆر جار خەڵک دێتە لامان لە خەیاڵی خۆیدا دیزاینێکی داناوە و داوایدەکات بەو شێوازە بۆی بدوورین. شێوازەکان زۆرن، هەیە لە چاکەتەکاندا قەیتان بەکاردێنێت، هەیە قۆپچە و تەرەقە بەکاردێنێت، داوای نیوملوانە یاخود ملوانەی تەواو دەکەن. هەندێک هەیە داوای نەخش دەکات، لە پێشەوە یاخود لە دواوە. بۆیە دەتوانم بڵێم شێوازەکان لەچاو جاراندا زۆر بووە و بەرگدوور دەبێت هەمیشە لەگەڵیاندا بڕوات". ...

Humans of Kurdistan - South 100

August 11, 2020

"بیرمە کە زۆر منداڵبووم، لەڕووم نەدەهات تێکەڵی منداڵانی تر ببم، چونکە پێیان دەوتم کوڕە چاو تاکەوتاکەکە! تەنانەت گەشتبووە ئەوەی کە واملێهاتبوو قوتابخانەش تەرک بکەم لەتاو پرسیارە دووبارەکانی هاوپۆلەکان و مامۆستاکانم. بەڵام کە گەورەتر بووم و کەسانیترم بینی وەک خۆم ئینجا ئەو قەناعەتەم بۆدروستبوو کە تەنیا من وانیم. کێشەی بینینم نیە، تەنیا ئەوە ناخۆشە کە کەسێک یەکەمجار سەیرم دەکات زۆر لەچاوم ڕادەمێنێ، ئەوەش تۆزێک بێزارم دەکات. بۆیە چەند جارێک بڕیاری ئەوەمداوە کە عەدەسە بەکاربهێنم بۆئەوەی ئاسایی بێتەوە لای خەڵک. بەڵام کە هەندێک کەس دەبینم پێمدەڵێن ماشەڵا زۆر جوان و تایبەتە، پەشیمان دەبمەوە دەڵێم با هەر وەک خۆی بێت". ...

Humans of Kurdistan - South 99

August 10, 2020

"ماوەیەکی زۆر برا گەورەکەم ناساغ و نەخۆشبوو، هەمیشە دڵم لەلای بوو و چاوەڕێی ئەوە بووم ببینم وەک هەر کەسێکی ئاسایی بەردەوامی بە ژیانی خۆی دەدات، سوپاس بۆ خوا ئەو ڕۆژە هات و جگە لەوەی کە جەستەیەکی تەندروستی بۆ گەڕایەوە، بڕیاری ئەوەیدا کە ژیانی هاوسەرگیری بۆخۆی دروست بکات و ڕابردوو لە یاد بکات، ئەمڕۆ خۆشییەکی زۆر لە دڵمایە کە ئەبینم براکەم جارێکی دیکە خەندە گەڕاوەتەوە سەر لێوەکانی و لەگەڵ هاوژینەکەی ژیانێکی تازەیان دروست کردووە". ...

Humans of Kurdistan - South 97

August 9, 2020

"تەمەنم 19 ساڵە، بە ئارەزوو و ویستی خۆم لەچک و نیقاب دەکەم. قسەی خەڵک و دەوروبەرم قەت نەبۆتە ڕێگر بۆم، چونکە ڕەزامەندی خوا لەلام لەهەموو شتێ گرنگترە. ڕاستە جلوبەرگم ڕەش و ئەستورە، ئەوەش ئەزانم لەهەموو کەس زیاتر هەست بە گەرما دەکەم، بەڵام بەشێوەیەک ئیمانم بەهێزە کە لەبەرخاتری دۆزەخ تەحەمولی گەرمای ئەم دنیایە دەکەم. وەک چۆن مرۆڤ ئازادە لەوەی چی دەپۆشێت، پێمخۆشە وەهاش ئەو ئازادیە لەمن زەوت نەکەن و جلوبەرگەکەم قبوڵبکەن. ئەوەی بۆمن جێی داخە ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو توانجانەی لێم دەدرێت لەلایەن ڕەگەزی خۆمەوەیە و ئافرەتن!". ...