Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 8, 2020

"ژیان ڕێگەی جیاوازت دەخاتە بەردەم. کاتێک لە بەشی کیمیای کۆلێژی زانستی زانکۆی دهۆک دەرچووم، وەک کچێکی کوردی یەزیدی بە سەربەخۆیی لە بواری ڕۆژنامەوانیدا کارم لەگەڵ تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ کوردییەکاندا دەکرد. پاشان ژیان هەلێکی دیکەی خستە بەردەمم، ئەویش کارکردن بوو لە فیلم و سینەمادا، لە ئێستادا لە باکور و باشوری کوردستان لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی وەک یاریدەدەری دیزاینەری جلوبەرگ کاردەکەم و ئەمەش ئەزموونێکی زۆر گەورەیە بۆ من لە بواری سینەمادا. ژیان بەم جۆرەیە، لە هەمان باردا نامێنێتەوە. ئێستا تامەزرۆم وەک ڕۆژنامەنوس جارێکی دیکە لە میدیادا کاربکەمەوە، لە داهاتوشدا بەردەوام دەبم لە کارکردن لە بواری سینەمادا، چونکە سینەمام زۆر خۆشدەوێت". ...

Humans of Kurdistan - South 96

August 7, 2020

"تەمەنم ٢٢ ساڵە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووم تا بچمە سلێمانی بۆ بەخاکسپاردنی شێخی گەورەمان، سەرەتا لە بەرنامەماندا نەبوو بێین، بەڵام کوڕەکەی شێخ ئاگاداری کردینەوە و ووتی: دەروێشەکانی باوکم با هەموویان بێن و لەهیچ نەترسن، ئیشەڵا هیچ ڕوونادات. کاتێک هاتینە سەرسنووری مەرزی باشماخ، لە دیوی ئێران ڕێگریان لێکردین و پاسدارانی ئێران تەقەیان لێکردین، من و چەند کەسێکی دیکە بریندار بووین، بەڵام سوپاس بۆ خوا برینەکەی من سوکە. لە سنوری هەرێمیش ویستیان ڕێگریمان لێبکەن، بەڵام دواتر زۆر یارمەتیدەر بوون". ...

Humans of Kurdistan - South 95

August 6, 2020

"یەکەم ڕۆژ کە دەستم بەم کارە کرد ترسێکی زۆر سەیر لە دڵما بوو، چونکە ئێمە لەگەڵ دوژمنێکی نادیاردا کاردەکەین، بۆیە دەبێت بەردەوام زۆر بە وریایی و وردییەکی زۆرەوە کارەکان بکەین و بچووکترین هەڵە ژیانی خۆت دەبەخشیت. ساڵی ٢٠٠٩بوو، سەرەتای دەستپێکردنم بوو لە دابەشکردنی کارەبا لە سیانەی شەهید دەوامم دەکرد، ئەو ڕۆژە کارێکمان هەبوو لە گەڕەکی کارێزە وشک، چاکردنەوەی محاویلەیەک بوو لەو گەڕەکە. ئەو ڕۆژە یەکێک لە هاوەڵەکانم کە ناوی تەها بوو لەسەر محاویلەکە کارەبا گرتی و شەهید بوو. هەرگیز ناتوانم ئەو ڕۆژە لە یادبکەم. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵ ئیشەکەم ڕاهاتم و ئێستا کارەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت". ...

Humans of Kurdistan - South 94

August 5, 2020

"لە تەمەنی شەش ساڵیەوە خۆشەویستیم بۆ وەرزش دەستیپێکردووە، بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی وەرزشی لەو کاتەدا، من و هاوڕێکانم ناچاربووین خۆمان کەرەستە و ئامڕازی وەرزشی دروستبکەین. کاتێک تەمەنم گەشتە حەوت ساڵان، یەکەم تیمی تێنسی کچان لە شاری دهۆک کرایەوە و خۆشبەختانە توانیم بەشداربم. یەکێکبووم لە کچە یەکەمەکان لەسەر ئاستی کوردستان و بەشداری چەندین پێشبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیم کردووە، ڕێگاکە ئاسان نەبوو و توشی چەندەها ئاستەنگ بووم، بەڵام جێی شانازی بوو بۆمن کە ماوەی هەشت ساڵ توانیم نوێنەری شار و وڵاتەکەم بم. خۆشەویستی من بۆ وەرزش لەوێدا نەوەستا و گەورەتر بوو، لە بوارێکی تردا بەردەوامبوو کە ئەویش شاخەوانی و گەڕانبوو بە شاخە جوانەکانی کوردستاندا. جارێکی دیکەش بەختم هەبوو کە گروپێکم دۆزیەوە کە وەک من ئارەزووی شاخەوانیان دەکرد. دوای ساڵێک لە شاخەوانی پێکەوە زیاتر وەک خێزانێکمان لێهات و ماڵیشمان بووە ئەم شاخانە کە پێکەوە دەمانبڕی، جال ە لوتکەی گەرما بووایە یاخود لەژێر لێزمە بارانی زستاندا". ...

Humans of Kurdistan - South 93

August 4, 2020

"پازدە ساڵە خەریکی خوێندنەوەم، خەڵکی ئالودەی مادەی هۆشبەرە من ئالودەی خوێندنەوەم. لەنیوە شەودا خەڵک لە شیرینی خەودایە، من تێکەڵی دەقەکانی ناو کتێب دەبم، بە شێوەیەک لە هەندێک حاڵەتدا وا هەستدەکەم کارەکتەری ناو کتێبەکەم. کتێب هەبووە پێیڕانەگەیشتووم بیخوێنمەوە لە بەر بێکاتی، لەبەر چاوم وا وێنا بووە کە پارچە پارچەی بکەم و وەک خواردنێک بیخۆم. بۆ کتێبە باش و دەگمەنەکان ئامادەیی ئەوەم تێدابووە چەندین شاری بۆ ببڕم. سیستمە تۆتالیتارەکان و فاشیزمەکان هەموو شتێک دەدزن، بەڵام من بۆ بەدەسهێنانی مەعریفە و خۆ بنیادنان کردوومە و کتێبم دزیوە". ...

Humans of Kurdistan - South 92

August 3, 2020

"دەرچووی بەشی جوگرافیام، ماوەی شەش ساڵە خوێندنم تەواو کردووە. چوار ساڵە مامۆستای وانەبێژم لە گوندەکانی سنوری پێنجوێن. بەهۆی خراپی ڕێگەوبانەکانەوە زۆرێک لە گوندەکانی ئێمە بۆ هاتوچۆکردنی بەردەوام نابێت بۆیە بە ناچاری لە گوندەکان دەمێنمەوە. ڕاستە ئەو گوندانە دوورەدەستن و بێبەشن لە هەندێک لە خزمەتگوزاریەکان و خۆشم دوورم لە خێزانەکەم، بەڵام کاتێک خەڵکی گوندەکان بەڕێزەوە مامەڵەم لەگەڵ دەکەن و وەک کەسێکی خۆیان دەمبینن ئیتر هەست بە دوری خێزانەکەم ناکەم، زۆربەی شەوەکان میوانمان دێت یان ئێمە دەچین بۆ میوانی. کاتەکان لە گوند زۆر خۆش تێدەپەڕێت، ژیان سادە و دوور لە جەنجاڵیە، زۆربەی ڕۆژەکان دەڕۆمەدەر بۆسەر چیاکان و دووردەکەومەوە لە ماڵ و ئەو دەرفەتەی کە هەمە لە گوند لەدەستی نادەم و چێژ لەو جوانی و ئارامییە وەردەگرم". "هەمووان دەڵێن کە بەشەکەم بەشێکی خراپەو دامەزراندنی نیە، بەڵام من هەمیشە دەڵێم کەمن ئەو کەسانەی کە ئەو بەشەیان خوێندووە کە خۆیان ئارەزوویان کردووە، بۆیە دڵخۆشم کە دەرچووی ئەو بەشەم و دڵخۆشترم کە مامۆستام، هەرچەندە دانەمەزراوم و وانەبێژم. کاتێک کە بیر دەکەمەوە قوتابیەکانم خۆشیان دەوێم، ڕێزم دەگرن و چاوەڕێی منن تا شتێکی نوێ فێرببن ئەوە بەتەواوەتی دڵخۆشم دەکات. لەگەڵ پەروەردە و فێرکردنی قوتابییەکاندا هەمیشە پێیان دەڵێم با ئەوەی لێتان زیادە خۆشەویستی بێت و بە خۆشەویستیەوە لە هەموو شتێک بڕوانن". ...

Humans of Kurdistan - South 91

August 1, 2020

"لە نەوەدەکان لە شەڕی ناوخۆدا ئەو کاتە من لە فڕنێک شاگردبووم، نانمان بۆ بارەگایەکی پێشمەرگە دروست دەکرد، بە حوکمی ئەوەی من هەویرشێل بووم دەبوایە بە تاریکی بچم بە دیار فانۆسەوە هەویرەکە بشێلم و ئامادەی بکەم، چونکە ئەوکاتە کارەبا نەبوو. ئیتر ڕۆژێکیان کە وەستا هات و دەستی کرد بە نان کردن و دونیا ڕوناکببوەوە، بە توڕەییەوە بانگی کردم و گوتی : ئەوە چیە ؟ منیش کە سەیری نانەکەم کرد پڕبوو لە دەنکە شقارتە و گوڵەبەڕۆژە و پیسی، تومەس پێش من پێشمەرگەیەک ئاردی سەر زەویەکەی کۆکردبۆوە و لەناو فەردەیەکدا لە سوچێکدا داینابوو بۆ ئەوەی بیباتەوە بۆ مەڕو ماڵاتەکانی خۆی. منیش ئەو فەردە ئاردەم کردبوو بەهەویر، ئەگەر حورمەتی پێشمەرگەکان نەبوایە وەستاکەم تێر شەقی دەکردم و دەری دەکردم لە کارەکەم". ...

Humans of Kurdistan - South 90

July 28, 2020

"ساڵانە لە دوو وەرزدا زۆرترین گەشتیار ڕوو لەم ناوچەیە دەکەن، ئەویش وەرزەکانی بەهار و هاوینن. هەرچەندە ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو گەشتیار ڕووی لە کەمی کردووە، بەتایبەت ئەم ماوەیە بەهۆی بڵاوبوونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەڵکی لە ترسی نەخۆشیەکە زۆر کەم دێن بۆ گەشتکردن. لێرە کۆمەڵێک بەلەمەوانین، خۆم نزیکەی ٢ ساڵە خەریکی ئەم کارەم. جێگەی زۆر جوان هەیە لە دەریاچەکەدا کە خەڵک بە بەلەم نەبێت ناتوانێت سەردانیان بکات، بۆیە گەشتیاران زۆر داوای ئەو جێگانە دەکەن، لەوانە: سەدەکەی دوکان، تەنگی بوک و زاوا، نێوانی شاخەکان و دیوی تۆربۆشمان هەیە کە تێیدا پیاسە بە گەشتیارەکان دەکەین. هەندێک جار کە گەشتیار دەبەینە ئەو جێگایانە و یەکەم جاریانە سەردانی بکەن، بە دەمووچاویاندا دیارە چەندە دڵخۆشن، ئەوەش چێژێکی خۆی هەیە، لەو کاتەدا هەستدەکەم من خاوەنی ئەو جێگایانەم." ...

Humans of Kurdistan - South 89

July 26, 2020

"شتێک هەیە، ئەگەر لەم وڵاتەدا بژیت پێویستە گوێ بە زۆر شت نەدەیت بۆ ئەوەی هەموو ژیانت بە بێزاری بەسەرنەبەیت. لێرە هەموو شتێک بە دڵی تۆ ناڕوات، ئەوەی هەتە ژیانی پێبەڕێبکە و شوکرانەبژێری خوابە. کێ ئاگای لە دڵی کێیە؟ ماوەیەکی زۆرە لەم گوزەرەدا خۆم مەژغوڵ کردووە و خەریكی کارێکی بچووکم و هەربەشی ئەوەندەیە کە پێی بژیم." ...

Humans of Kurdistan - South 88

July 22, 2020

"مەمنوونی خەڵکی شاری پێنجوێنین، کاتێک کە هاتینە ناو سنووری هەرێمەوە هاتن بە هانامانەوە و ئاویان بۆ هێناین و ئەوانەشی ماندووی ڕێگا بووین گواستیانینەوە. لەسەر مەرز تەقەمان لێکرا، بەڵام ئەوە ئێمەی ڕانەگرت بۆ هاتنمان بۆ پرسەی شێخی گەورەمان و بەیعەتدان بە جێنشینی شێخمان. سی و یەک ساڵ تەمەنمە، ماوەی بیست ساڵە بەیعەتمداوە بە شێخی گەورەمان، جگە لە شار و گوندەکانی دیکەی رۆژهەڵات، تەنها لە شاری سنە چواردە تەکیەمان هەیە و سێشەممان و جومعان لێیان کۆدەبینەوە." ...

Humans of Kurdistan - South 87

July 20, 2020

“کاتێک منداڵبووم سینەما سیروان و سینەما ڕەشید هەر فیلمێکیان نمایش دەکرد پێشتر دیعایەی فیلمەکەیان بە ئەسپ و عەرەبانە دەگێڕا بەناو گەڕەکەکاندا. بیرمە کاتێک بەنیازبوون فیلمی هەرقل نمایش بکەن، بەیانیان زوو ئەسپ وعەرەبانەکە دەگەڕا پۆستەری فیلمەکەی بڵاودەکردەوە و پۆستەرەکەش وێنەیەکی هەرقلی لەسەر بوو، لەگەڵ کاتی نمایشەکە و ناونیشانی سینەماکە. کۆمەڵیک فیلمی زۆر خۆش هەبوون ئەوکاتە، وەک فیلمی تەڕەزان، فیلمی جانگۆ، فیلمی سەنگام و فیلمی حەوت بەتەڵەکە کە هەوادارێکی زۆری هەبوو. ئەوەندەم حەز لە سینەما بوو، باوکم هەرچەند پارەی بدایەپێم کۆمدەکردەوە و دەچووم بۆ سینەما. ڕۆژی وا هەبوو دوو جار دەچووم. ئیتر هەر لەوکاتەوە وێنەی پۆستەری فیلم و کارەکتەرەکانی فیلمەکەم کۆدەکردەوە، تا وایلێهات خۆم دەستمکرد بە فرۆشتنی پۆستەر. ئێستاش ڕۆژانە کە دێمە ئێرە و پۆستەرەکانم دەبینم زۆر دڵخۆشدەبم.“ ...

Humans of Kurdistan - South 86

July 19, 2020

خێزانم هێزی دڵە، ئەوە چەند ساڵە پێکەوەین، ئێوە نازانن ئەمە چیە و چ زەحمەتیەکی ژیانی لەگەڵمدا کێشاوە، کاتێک هاوسەرگیریمان کرد تەمەنی تەنها سیازدە ساڵان بوو. من تاقانە بووم، باوکم نەخۆش بوو لەگەڵ مندا دەژیا، عیسمەت خزمەتێکی زۆر جوانی کرد تەنانەت ڕیشیشی بۆ ئەتاشی. ئێستاش منداڵەکان هەموویان گەورەبوون، هەریەکەو خەریکی ژیانی خۆیەتی و ئێمەش تەنها ماوینەتەوە و پێکەوە سەرقاڵی کاری باخداریین. زۆر تاڵاوی بەعسمان چەشت، چەن ساڵ عەسکەریم کرد، دوای ئەوە شەڕی ئێران و عێراق ڕوویدا، من لە کەرکووک بووم، پێیان وتین کاکە بڕۆن فیرار بکەن چونکە بارودۆخ زۆر خراپە ئەوەی بگەڕێتەوە بە سەلامەت دەرناچێت، بۆیە منیش فیرارم کرد و ئەتوانم بڵێم تا ئێستاش هەر فیرارم. ...