Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

July 8, 2021

"ساڵانی هەشتکان ژیانی رۆژانه‌‌م له‌گه‌ڵ فڵچه‌ و ره‌نگ به‌ڕێده‌كرد و له‌ ڕێگه‌ی تابلۆكانمه‌وه‌ ناخم ئاسوودە ده‌بوو. دوای راپەڕینەکە رەوشەکە گۆڕا ویستم هونەرێکی تر تاقیبكەمەوە و دەستمکرد به فۆتۆگرافی. فۆتۆگرافی جیاوازتربوو، كاتی كه‌متری ده‌ویست و دەبوو خاوەنی چاوێكی باشبیت. کاتی راپەڕینەکە له‌ ئاكرێ داده‌نیشتم و ئه‌رشیفی وێنه‌كانی راپەڕینم دەكرد كه‌ چۆن خه‌ڵك ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌ راپەڕین. دوای ئارامبوونەوەی دۆخەکە و جێگیربوونی خه‌ڵک، چووم وێنەی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی گوند و سروشتی جوانی كوردستان بگرم. دواتر بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانم دوکانێکم دانا و وێنەی بووک و زاوام دەگرت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ له‌ ئێستادا چینێک دروستبوون‌ به‌بێ ئه‌ته‌كێت ده‌ستیان داوه‌ته‌ كاری فۆتۆگرافی و هونه‌ره‌كه‌یان شێواندووه‌ به‌ خراپی و بۆ مه‌به‌ستی شه‌خسی به‌ كاری ده‌هێنن. فۆتۆگرافی ره‌وشته‌ ده‌بێت ئه‌و‌ كه‌سه‌ی کامێرا دەگرێت بەدەستەوە ره‌وشتێكی به‌رزی هەبێت. هیواخوازم سروشت و كه‌لتوور و مێژووی كوردستان بكرێنه‌ تابلۆ و لە شوێنە گشتییەکان هەڵبواسرێن لە جیاتی وێنەی بیانی و سەرنجی خەڵک بۆ سروشتی کوردستان ڕابکێشێت". ...

July 5, 2021

"تەمەن دەڕوات و شەرم لەکەس ناکات، من چەندین ساڵ کاری حەماڵیم کرد، ئەوەی هەرگیز بیرم لێنەدەکردەوە قورسیی ئیشەکە و ژمارەی ئەو شتانە بوون کە بە شان بەرزم دەکردنەوە. بەداخەوە ئێستا نەهێزم ماوەو نەکاتم لێدەڕوات. چەند ساڵێکە پاسەوانی کارگەیەکم، هەموو کاتەکانم لەگەڵ تەنیایی خۆم بەڕێدەکەم و خۆم قسەکەرم و خۆشم گوێگر. شوکرانەی خوا دەکەم کە خاوەنی کارگەکە زۆر ڕێزم دەگرێ و یارمەتیدەرمە بەڵام هیچی ناگات بەوەی شەوێک بە ئیسراحەت لەناو ماڵ و منداڵی خۆت بە ئیسراحەت بخەویت. کۆمەڵێک کۆتر و مریشکم ڕاگرتوون و بەخێویان دەکەم، ڕەنگە جێی باوەڕ نەبێ کە بڵێم بەقەد منداڵەکانم خۆشمدەوێن. ڕاستە جیهانی ئێمەی مرۆڤ و گیانلەبەران دوو جیهانی جیاوازن بەڵام تاوەکو تێکەڵیان نەبی نازانی چەندە لێمان تێدەگەن و چەندە هۆگری دروست دەبێ لەنێوانمان. هەرجارێک مریشکێکم کورک دەبێت و هێلکەکانی دەتروکێن و فەرخە هەڵدێنن هێندەی وەرگرتنی مەعاشەکەی سەرەمانگانم دڵخۆشم دەکات". ...

June 10, 2021

"لە چایخانەیەک کاربکەم و رۆژی درهەمێکم وەردەگرت. ئەو پارەیەی کۆمدەکردەوە رادیۆ و قەوان و شتی دەگمەنم پێدەکڕی. زۆرینەی کەلوپەلەکانم لە بەغداد و موسڵ هەولێر کڕیووە، ماڵی خوشکێکم لە بەغداد بوو شتەکانم لەوێ کۆدەکردەوە تا زۆر دەبوون و دواتر بە بار دەمهێنایەوە بۆ ئاکرێ. ماوەی 55 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی کەرەستەی کۆنم و ماڵەکەم لە مۆزەخانە دەچێت. جیاوازی ماڵەکەی من لەگەڵ خەڵکانی تر ئەوەیە سەدان ئامێر و کەرەستەی کۆنم هەیە کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ 100 ساڵ لەمەوپێش. ئێستا تەمەنم 70 ساڵە و بە پارەی خانەنشینییەکەم ژیانی ڕۆژانەم دەگوزەرێنم. تەندروستیم خراپە و هەندێجار بە چەند رۆژ لە ماڵەوە دەکەوم. بەڵام ئەوە ناخۆشە هەندێک خەڵک بە بیانووی سەردان دێن بۆ ماڵەکەم و شتم لێدەدزن. دڵم زۆر بە کەلوپەلەکانم خۆشە و بە پارەی ماندووبوون و عارەقی ناوچەوانم کڕیوومە. هیوادارم لایه‌نى په‌یوه‌ندارى ئه‌م‌ شاره‌ شوێنێكى گونجاو بۆ كه‌ره‌سته‌كانم دابین بكه‌ن، چونكه‌ من تواناى سه‌رپه‌رشتى و خزمه‌تكردنم نه‌ماوه‌". ...

June 2, 2021

"بەپێی ئەوەی چەندین ساڵە لە کەرتی تەندروستی خزمەت ئەکەم، زۆر حاڵەتی سەیرم بینیوە بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە. هەموو کات تا توانیبێتم یارمەتی نەخۆشم داوە ئەگەر لە توانای نەخۆشخانەکەشمان نەبووبێت. ئەرکی ئێمە خزمەتکردنی هاوڵاتییە بۆیە کە دەبینین نەخۆش و خاوەن نەخۆشێک لێمان ڕازین و دواتر بە چەپکەگوڵێک یان بەقسەیەکیش سوپاسمان دەکەن، گڕوتینی خزمەتکردنمان زیاتر دەبێت. ڕۆژێک لەکاتی چوونم بۆ دەوام لەناو نەخۆشخانە بینیم مناڵێکی (شلل دماغ) لەباوەشی خوشکەکەی بوو، بەپێی ئەوەی دەزانم ئەرکی ئەم نەخۆشانە زۆر قورسە بڕیارمدا مەسرەفی ئەم مناڵە چ لەڕووی ژیانکردنییەوە تا تەندروستی لەسەر من بێت. ڕۆژگار هات و ڕۆیشت ڕۆژێک کەسێکی بەڕێز هاتە ژوورەکەم و گوتی من باوکی مناڵە نەخۆشەکەم و هاتووم سوپاست بکەم لەپای ئەو هەموو چاکەیە و دەمەوێ پێت بڵێم خوا بۆخۆی بردیەوە. ناتوانم شوکرانە و سوپاسگوزاری و بەئەمەکی ئەو پیاوە هەرگیز لەبیربکەم. هەمووکات سوپاس و دوعاکانی بۆ من وایان لێکردووم قەت سڵ لە چاکەکردن نەکەمەوە". ...

May 27, 2021

"تا چوارى سه‌ره‌تاییم خوێندووه‌ و شوكر بۆ خوا ئێستا بۆ نووسین و خوێندنه‌وه‌ پێویستم به‌ كه‌س نابێت و رۆژانه‌ى كاروباره‌كانم راده‌په‌ڕێنم. ته‌مه‌نم 12 ساڵ بوو به‌ عەره‌بانه‌ى قوڕكارى سه‌وزه‌ و میوه‌م ده‌فرۆشت له‌م گوند بۆ ئه‌و‌ گوند. بیرمدێت کە ده‌چوومه‌ هه‌ندێك گوند له‌جیاتى پاره‌ هێلكه‌ و ئاردم وه‌رده‌گرت، زۆربه‌ى خه‌ڵكى گوندیش ده‌ناسم به‌ ئافره‌ت و پیاو و منداڵەکانیشیان، ئه‌وه‌نده‌ رێزم لێده‌گرن له‌كاتى ژه‌مى نیوه‌ڕۆش له‌سه‌ر یه‌ك سفره‌ به‌یه‌كه‌وه‌ نان ده‌خۆین. تا ئێستاش لەو ئیشە به‌رده‌وامم و رۆژانى هه‌ینى هێلكه‌كان له‌ بازارى په‌له‌وه‌رى به‌رده‌ڕه‌ش ساغده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یكه‌مه‌وه‌ به‌ پاره‌ و بژێوى خانه‌واده‌كه‌م دابین ده‌كه‌م. چوار منداڵم قوتابین و دووانی تریشم بچووكن هێشتا كاتى قوتابخانه‌یان نه‌هاتووه‌. هه‌ركه‌سێك كارێك هه‌ڵبژێرت و به‌ حه‌زه‌وه‌ بیكات دڵنیابه‌ سه‌رده‌كه‌وێت. سه‌ره‌تا به‌ عه‌ره‌بانه‌ كارمده‌كرد، ئێستا پیكابى سه‌روو مۆدێلی 2010 لێده‌خوڕم و خانه‌واده‌كه‌م وه‌كو گوڵ به‌خێوده‌كه‌م و چاوم له‌ ماڵى كه‌س نییه‌. هه‌رچه‌نده كاره‌كه‌م ماندووم دەکات به‌ڵام من زۆر پێی ئاسووده‌م و تاوەکو خوا ته‌مه‌نم پێببه‌خشێت له‌ كاره‌كه‌ى خۆم به‌رده‌وام ده‌بم". ...

May 22, 2021

"كاری هونه‌ریم به‌ ئه‌كادیمی نه‌خوێندووه‌ به‌ڵام ماڵپەڕی یوتیوب به‌ مامۆستای خۆم ده‌زانم، چونكه‌ سه‌ره‌تا له‌ یوتیوبه‌وه‌ فێری كاره‌كه‌ بووم. زۆر سه‌رسامم به‌ نیگاركێشە بیانییەکانی وەک (پیكاسۆ- ڤان كوخ - لیۆناردۆ داڤینشی) له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ داهێنانیان له‌ شێوەکاری كردووه‌.‌ لای منیش بووه‌ته‌ خولیا کە له‌سه‌ر ڕێبازی ئه‌وان به‌رده‌وامبم و ڕێگایەكی تایبه‌ت به‌ خۆم بدۆزمه‌وه‌ تاوەکو هاوشێوه‌ی ئه‌وان ناوداربم. هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك نهێنییەکی خۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی وێنەکێشاندا، خه‌یاڵێكی له‌ مێشكدایه‌ له‌ ڕێگای فڵچەکەوە ده‌ریده‌بڕێت. من له‌ سه‌ره‌تادا کە تابلۆم دروستده‌كرد پێنج باڵندەی بچووکم وه‌كو نهێنی كاره‌كه‌م دروستده‌كرد و زۆرجار له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و باڵندانه‌وه‌ خه‌ڵک كاره‌كانی منی ده‌ناسییەوه‌. هەندێکیان وه‌كو دیاری دەبەخشم، هه‌ندێكیشیان داوام لێده‌كرێت به‌ پاره‌ دروستی ده‌كه‌م. به‌ڵام بۆ هه‌موو كارێك وایه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێت سه‌ركه‌وتووبیت له‌ كاره‌كانت، ده‌بێت قوربانی بده‌یت به‌شێك له‌ كاره‌كانت وه‌كو دیاری بده‌یته‌ خه‌ڵكانێك کە خولیای هونه‌ریان هەیە‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانت بکەن و ڕەخنه‌ و تێبینی له‌ تابلۆكانت ده‌ستنیشان بكات بۆ ئه‌وه‌ی تۆ زیاتر خۆت ماندووبكه‌یت و ئه‌و‌ هه‌ڵانه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌". ...

May 18, 2021

"17 ساڵ لەمەوپێش گه‌نج بووم و ژنم نه‌هێنابوو، ماڵم له‌ گه‌ڕه‌كى گۆراڤا بوو. خانووه‌كانى ئەو گەڕەکە كۆن بوون و ئۆتۆمبێل نه‌ده‌گه‌یشتە کۆڵانەکان تا کەلوپەل و زبڵ و خاشاک بهێننە خوارەوە. لە شارەوانی بە گرێبەست بوومە کارمەند و به‌ گوێدرێژ شارم پاک ده‌كرده‌وه‌ و خواردن و كه‌رەسته‌ى بیناسازیشم به‌ گوێدرێژ ده‌هێنایە سه‌ره‌وه‌. خه‌ڵک پێیان دەگوتم ئه‌م كاره‌ مه‌كه‌، تۆ گه‌نجیت و كه‌س ژنت پێنادات. به‌ چاوێكى كه‌م سەیریان دەکردم و گاڵته‌یان پێده‌كردم. خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا خاوه‌نی خێزانم و چوار منداڵم هه‌یه‌. بەهۆی ئەوەی کوڕی گەورەی ماڵ بووم و باری ئابووریمان خراپ بوو، مەکتەبم تەواونەکرد و تا پۆلی چواری سەرەتاییم خوێندووە. له‌و ساته‌وه‌ ئه‌و پیشه‌یه‌م هه‌ڵبژاردووە و زۆریش پیشه‌كه‌ى خۆم خۆشده‌وێت، گوێ نادەمە گاڵته‌ى كۆمه‌ڵگە و ته‌نیا پێیان ده‌لێم خوا خێرتان بنووسێت. له‌ ئێستادا به‌ چوار گوێدرێژ لە هه‌ردوو گه‌ڕه‌كى (گۆراڤا و چوسته‌یى) كارى پاكکردنەوە و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاک دەکەین و نه‌خۆش و پیر و په‌كکه‌وته‌ش ده‌گەیەنینه‌ خواره‌وه‌ تا ئه‌و‌ شوێنه‌ى ئۆتۆمبێل ده‌یگاتێ". ...

May 9, 2021

"تەمەنم 67 ساڵە و تاوەکو ئێستا نەچوومەتە قوتابخانە. دەبێت هەموو کات پشت بە خۆت ببەستیت، تا ئێستا بیرم نایه‌ت رۆژێك کارم نەبووبێت. داواشم له‌ كچان و كوڕانی ده‌رچووی خاوه‌ن بڕوانامە ئەوەیە ته‌نیا پشت به‌ دامه‌زراندن نه‌به‌ستن. ده‌بێت مرۆڤ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی بدات، چونكه‌ خودی هه‌موو مرۆڤێک تاقه‌ت و هزرێكی شاراوه‌ی هه‌یه‌ ده‌بێت ده‌ری بكات تاوەکو بوونی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و بژێوی خۆی پێدابین بكات. ساڵی 1974 چوومە شاخ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بووم به‌ پێشمه‌رگه‌. ئه‌وکاتە مووچه‌كه‌م پێنج دینار بوو، بەڵام ئێمە‌ پێشمه‌رگایه‌تیمان بۆ كوردایەتی ده‌كرد و لەبەر پاره‌كه‌ نه‌بوو. ئه‌وکات خه‌ڵک وەک ئێستا بێڕەحم نەبوون و بە قەناعەت بوون. دڵخۆشبووین و به‌ هه‌ره‌وه‌زی هاوكاری یه‌كترمان ده‌كرد به‌بێ به‌رامبه‌ر. ئێستاش مووچه‌یەكی خانه‌نشینیم هه‌یه‌ کە ته‌نیا به‌شی جگه‌رەکەم ده‌كات. كاری فرۆشتنی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وەر‌یش ده‌كه‌م و پیكابێكم هه‌یه‌ هه‌موو ڕۆژێک روو له‌ مەیدان و بازاڕ‌ی شارێک ده‌كه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی قاز، مراوی و مریشکەکان. ژیان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و په‌له‌وەر‌ زۆر سوودبه‌خشه‌وه‌ و ژیانێکی خۆشم هەیە". ...

May 3, 2021

"لەپاش تەواو بوونی شەڕی برا کوژی بێ ئیش و کارییەکی تەواو ڕووی لەکوردستان کرد، ژیان هەر دژوارو سەختتر دەبوو. بۆیە بڕیارم دا لەگەڵ برادەرێکم بچمە ئێران بۆ ئیشکردن. ماوەیەک لەوێ لە کارگەی کورە کارمان دەکرد. کاتی کارکردنمان یەکجار زۆر بوو، بۆیە زۆرجار بێزار دەبووین لە خۆمان و لەگەڵ برادەران دەچووینە گەشت و گەڕان، ناوچەیەک هەبوو پێیان دەگوت (سەراب) لەبەر زۆر چونم بۆ ئەوێ ناویان لێنام (عومەر سەرابی)، تا ئێستاش ئەوە بووە نازناوم. بەڵام هەموو ئەو شتانە بێزاری منیان کەمنەدەکردەوە لەوێ. بۆیە ئیتر بڕیارمدا بچمە تورکیا و ئەزموونی ئەوێش تاقیبکەمەوە. فەترەیەکی زەمەنیش لەوێ گیرسامەوە و بڕیارمدا زیاتر ئیش بکەم و لەوێوەوە بچمە ئەوروپا. چەند جارێک بەڕێگای قاچاخ دەمویست دەربچم و قسمەت نەدەبوو. ئیتر دووبارە دەبوایە ئیش بکەم و پارە کۆبکەمەوە بۆ ئەوەی دووبارە لەوڕێگایە بدەمەوە. ڕۆژێکیان لە ئەستەنبوڵ لەکارگەیەک ئیشمدەکرد. ئامێرێکی بەرزکەرەوای قورسایی هەبوو لەوێ شتی قورسی دەگواستەوە بۆ سەرەوە. لەناکاو لە بەرزایدا ئەو ئامێرە پچڕا و هاتە خوارەوە بەناوەندی پشتم کەوت". "لەتاو ئازاری زۆر لەهۆش خۆم چووم. کە بەئاگاهاتمەوە لە خەستەخانەیەک بووم حاڵم زۆر خراپ بوو. لەوە خراپتر ئەوەبوو کە دکتۆرەکە پێی گوتم بەداخەوە دڕکە پەتکت پساوەو قاچەکانت لەمەولا کار ناکەن! دەردی دووری لە ئازیزانم و تەنیایم لەوێ و ئازاری جەستەم و لەدەستدانی قاچم بۆ تا هەتایی هەمووی تێکەڵ ببوو. خوا دەزانێ ئەو هەموو شتە چ حاڵەتێکی دەروونییان بۆ من دروستکردبوو. قەت ئەوەم بیر ناچێ خانمە پەرستارێک لەوێ بوو، زۆری ئاگای لێم بوو، ڕۆژانە ڕاهێنانی جەستەی پێدەکردم. ئیتر مانەوەم لەوێ هیچ بەهای نەما بڕیارمدا بگەڕێمەوە کوردستان. کەهاتمەوە کەس بەقەد دایکم حاڵی پەرێشان نەبوو بۆم. ئیتر کەمن بوومە مرۆڤێکی کەمئەندام بڕیامدا ئەو خولیا هونەرییەی کە لەکۆندا هەمبوو، ئیتر دووبارە ئاوێتەی ببمەوە. بە کێشانی پۆرترێت و سروشت دووبارە وامکرد وردە وردە لەگەڵ ئەو دۆخەی تێیدام ڕابێم. لەگەڵ ئاشنابوونمان بەسۆشیاڵ میدیا کارەکانم پۆست دەکرد. خەڵکانێکی زۆر ئاشنام بوون لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، دەهاتنە سەردانیم، وێنەیان لەگەڵ دەگرتم و چیرۆکی منیان گوێ دەگرت و دەیاننووسییەوە". "خانمێکم ناسی بەهۆی کارەکانم خۆشیویستم. منیش زۆرم خۆشویست و پەیوەندییەکی سۆزداری زۆر جوانمان دروستکرد. ڕۆژانە بە کامێرا قسەمان دەکرد و لەگوزەرانی یەکتر ئاگاداربووین. هاتنی ئەو خانمە بۆ ناو ژیانم ئومێدێکی گەورەی پێبەخشیم، ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ لەبەر چاوم جوانتر دەبوو. بەڵام بەداخەوە خوشکێکی ڕێگر بوو لە هاوسەرگیریمان. کە پێی وابوو ڕەوا نیە کچێکی ساغ هەموو ژیانی لەگەڵ کەمئەندامێک بەڕێبکات. ئەو فیراقە دووبارە دۆخی ژیانی تێکدام و وێرانی کردم. قسە نەگوتراوەکانی ناخم و ئازارەکانم و توڕەییەکانم بە ژەنینی شمشاڵ دەردەخەم. برازاکانم لەباوەش دەکەم، ڕۆژانە دەیانبینم، بەگشتی منداڵ زۆر ئارامم دەکاتەوە. بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کە نابێت بیشارمەوە کە فریاد ڕەسی من لە ئێستادا فڵچە، تابلۆ، شمشاڵ، ڵایک وکۆمێنتی خەڵک نین. بەڵکوو ئەو کۆترانەن کە ڕۆژانە دێنە سەر دەست و قاچم و بۆنی ئازادییان لێدەکەم". ...

April 26, 2021

"له‌ ته‌مه‌نى یازدە ساڵیدا دەستەکانم لەگەڵ مقەست بوون به‌ هاوڕێ و لەوکاتەوە تا ئێستا 49 ساڵە ئەمە پیشەمە. له‌ ساڵى 1974 په‌یوه‌ندیم به‌ شۆڕ‌شه‌وه‌ كرد. لە بارەگای شۆڕش لە چۆمان سەرتاشخانەم دانا و سەری پێشمەرگەکانم چاکدەکرد. کە شۆڕش شکستی هێنا و چووینە ئێران لەوێش هەر کارم دەکرد. دواتر گەڕاینەوە هەولێر و نزیكه‌ى هه‌ژده‌ ساڵ له‌وێ سه‌رتاشیم كرد تا شه‌ڕى براكوژى 1995 هەڵگیرسا. دواتر هاتمه‌ ئاكرێ و لەوێ دوكانم دانا. له‌پاڵ كارى سه‌رتاشی، دوكانه‌كه‌م وه‌كو ناوه‌ندێكى هونه‌ریى لێهاتبوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خه‌ڵكى سنووره‌كه‌ زۆر پاڵپشتى هونه‌رمه‌ندیان دەكرد. جگە پیشەکەی خۆم حه‌ز و خولیام بۆ كارى وێنه‌گردن و ریكۆردكردنى ده‌نگى هونه‌رمه‌ندان هەبوو، ئەمەش وایکرد تۆمارگایەکم دانا و کاسێت و بەرهەمی هونەرمەندانی ئەو سەردەمەم بە خەڵک ئاشنا دەکرد". "چەندجارێکیش رێزلێنان و خەڵاتم وەرگرتووە لەلایەن وەزیری رۆشنبیرییەوە. له‌گه‌ڵ هاتنى تیرۆرستانی داعش بۆ سنوورى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌رتاشى خەڵکی ئاكرێ له‌ میحورى ناوه‌ران و خازر و باشیك سه‌رى پیشمه‌رگه‌مان ده‌تراشى و سوپاسمان دەکردن کە ئێمە دەپارێزن. جیاوازى من له‌گه‌ڵ سه‌رتاشه‌كانى تر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ته‌مه‌نێك دێته‌ لام سه‌ر چاك ده‌كەن. زیاتر حه‌زدەکەم بە مقه‌ست كار بكه‌م هه‌رچه‌نده‌ زیاتر ماندوو ده‌بم به‌ڵام حه‌ز و خولیام بۆ به‌كارهێنانى مقه‌ست زیاتره‌ چونكه‌ هه‌موو سه‌رێك وه‌كو یه‌كتر نییه‌". ...

April 24, 2021

"خوێندنم ته‌واو نه‌كرد و بووم به‌ شوان له‌ گوندێكى سنورى قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش. ز‌ستان بوو به‌ گوێدرێژ ده‌چوومه‌ به‌ر چێل، 27 چێل بوون و بۆ هه‌ر چێلێک 15 دینارم وه‌رده‌گرت. كۆمه‌ڵێك شوێنم كردووه‌ بۆ چوونه‌ به‌ر چێل، ئێستاش نازانم هۆكارەکەی چی بوو ئه‌وه‌ندە گوند‌م ده‌گۆڕى. ته‌نیا بووم و ته‌مه‌نم زۆر بچووك بوو، مه‌ڕدار و شوانى ترم له‌گه‌ڵ نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و چه‌ند كاتژمێره‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ربه‌رین تا ئێستا بێزار نه‌بووم و ناتوانم وازبێنم و له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشم. ئێستاش زۆر قه‌ڵه‌و بووم و‌ زیاتر له‌ نۆ ساڵە به‌پێ هاتوچۆم نەکردووە. سه‌ره‌تا به‌ به‌ ماتۆڕ و دواتریش به‌ ئه‌سپ، ئێستاش شڕه‌ پیكابێكم هه‌یه‌ و ده‌ڕۆم بۆ چه‌ڕاندن. نا‌خۆشترین كاتم له‌ چوونه‌ به‌ر چێل ساڵی 2003 بوو ئەوكاته‌ى سه‌دام له‌ناوچوو.‌ به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى سوپای عێراق مۆڵگه‌ و باره‌گاكانیان له‌ سه‌ر گرد و ته‌پۆڵكه‌كانى به‌رده‌ره‌ش بوو، ته‌قه‌ى هه‌ڕەمه‌كییان لێده‌كردین. بیرمدێت رۆژێكیان من و چه‌ند شوان و گاوانێکی گونده‌كانى تر به‌ یه‌كه‌وه‌ چێل و مه‌ڕه‌كانمان ده‌له‌وه‌ڕاندن، فیشه‌كیان ئاراسته‌ ده‌كردین و له‌ ژێر تات و شاخه‌كان خۆمان دەشاردەوە تا ئه‌وكاته‌ى تۆزێك كه‌شه‌كه‌ ئارام ده‌بووە‌وه.‌ زیاتر له‌ 20 ساڵە‌ گاوانم و بژێوى ژیانى رۆژانه‌ى خانه‌واده‌كه‌م له‌سەر ئەو کارەی". ...

April 21, 2021

"دوای تەواوکردنی بەشی پەرستاری، هەمیشە خەیاڵم لای ئەوەبوو مافی ئەو نازناوە بدەم کە دراوە بە پەرستار و پێمان دەڵێن(ملائكة الرحمة). هەتا توانیبێتم بەرامبەر نەخۆش و کەسوکاری نەخۆش بەهێمنی و هۆشیارییەوە مامەڵەم کردووە. لەبەرئەوەی نەخۆش هەموو کات بێ جەو و بەئازارن، دەبێ هەمیشە نەرم و نیانیت تێدابێت. پەرستاری زۆر شتی فێری من کرد، هەر لە میهرەبانی و ڕێزەوە بگرە تا دەگاتە گرنگترین شت کە ئەویش ئارامگرتنە. لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێ شتی ناخۆشی هەیە بۆ نموونە زۆر ناخۆشە کاتێک هەواڵی مردنی نەخۆشێک بە خاوەنەکەی ڕادەگەیەنیت. زۆر حاڵەتی دەگمەن و تراژیدیم بینیووە لە ماوەی چەند ساڵی کارکردنم، بەڵام هیچی وەک ئەو جارە نەبوو کە ڕۆژێک منداڵێکی 12ساڵانەیان هێنا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو بوو و خوێنبەربوونی ناوەکی هەبوو. حاڵی یەکجار خراپ بوو و کار گەیشتە ئەوەی دەبوو بەخێرایی ئیحالەی دەرەوەی هەڵەبجە بکرێ. لەڕێگا دوو جار دڵی وەستا، بەڵام بەهۆی بووژانەوەی دڵ هێنامانەوە. بەداخەوە لە چرکەساتی گەیشتنمان گیانیلەدەستدا. هەرگیز ڕووخساری ئەو منداڵە مردووەم بیرناچێتەوە". ...