Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 15, 2021

"منداڵبووم حه‌زم له‌ كارى ده‌ستى بوو به‌ تایبه‌تى سیرامیك. چەند ساڵێک لە ئێران ژیاوم و ئەو پیشەیە لەژێر دەستی وەستایەکی فارس فێربووم. زۆر هه‌وڵمده‌دا له‌ كارگایەكى دروستكردنى گۆزه‌ و گوڵدان كاربكه‌م، بەڵام لەبەرئه‌وه‌ى كوردى باشوور بووم حه‌زیان نه‌ده‌كرد كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌م. خواى گه‌وره‌ خه‌ونه‌كه‌مى هێنایەدى و له‌ كارگەیەكى سیرامیك وه‌كو پاككه‌ره‌وه‌ دەستبەکاربووم. باشترین كات بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر حه‌ز و خولیاكانم به‌دیبهێنم ئەو کاتانەبوو کە وه‌ستاكه‌م ده‌چوو بۆ پشووى نان خواردن، بیرمدێت ئامێره‌كه‌ كاره‌بایى نه‌بوو به‌ پێ كاری ده‌كرد و ماندووبوونى زۆر بوو، هه‌ندێك قوڕم ده‌هێنا و گوڵدانێكم دروستده‌كرد. هه‌ركاتێك بیزانیایە من چوومه‌ته‌ سه‌ر ئامێره‌كه‌ى زۆر توڕە ده‌بوو. رۆژێكیان وه‌ستاكه‌م ته‌له‌فونێكى بۆ هات و رۆیشتە ماڵەوە، ئه‌و كاره‌ى له‌ به‌رده‌ستى بوو به‌ ته‌واونه‌كراوى جێیهێشت، منیش چووم كاره‌كه‌ى ئه‌و‌م ته‌واوكرد و 10 دانەی تریشم لەو كه‌لوپه‌له‌ دروستكرد تا گه‌ڕایه‌وه‌". "كه‌ گەڕایه‌وه‌ كۆمه‌لێك گۆزه‌ و گوڵدانى نوێ بینى و به‌ توڕه‌ییەوە له‌ كرێكاره‌كانى ترى پرسى كێ ئه‌وكارەى كردووه‌؟، هاوڕێكانم په‌نجه‌یان بۆ من درێژكرد، سه‌ره‌تا زۆرى پێناخۆش بوو، به‌ڵام دواتر تواناى منى بینى زۆر منى خۆشویست. ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك به‌یه‌كه‌وه‌ كارمان كرد تا كات گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى من بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و کە ئه‌و هه‌واڵە‌ى بیست زۆرى پێناخۆش بوو. كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ وازم له‌ پیشه‌كه‌م نه‌هێنا و ده‌ستم بە كاركردن كردووه‌. ماوه‌ى نۆ ساڵه‌ ئه‌وه‌ پیشەمە و كوڕه‌كانم له‌ژێر ده‌ستم كارده‌كه‌ن. گۆزه‌گه‌رى بووه‌ته‌ پیشه‌ى سه‌ره‌كى من و بژێوى ژیانى خۆمى پێ دابین ده‌كه‌م. ته‌واوى ئەو كەرەستانەی به‌کاری ده‌هێنم هه‌مووى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، چ له‌ قوڕه‌كه‌ى بێت یان ئه‌و مادده‌ شووشه‌یه‌ى كه‌ بۆ ره‌نگكردن و رازاندنه‌وه‌ى گۆزه‌ و گوڵدانه‌كان به‌كارى ده‌هێنم". ...

April 11, 2021

"ئێمە دوانەین ناومان ئەحمەد ومحەمەدە. لای زۆر کەس جێی باوەڕ نییە کە دەڵێین ئێمە دوانەین. ئەوان ڕاستدەکەن و خۆشمان دەزانین کە ڕووخسار و هەموو شتێکمان جیاوازە. لەگەڵ ئەوەی پێکەوە لەدایکبووین و گەورەبووین. بەڵام وەک دوانەکانی تر ئەوەندە هۆگری یەکترنین. ئێمە تا پۆلی سێی سەرەتاییمان خوێندووە. بەهۆی سەختی گوزەرانمان وازمان هێنا و ئێستا لەو دەشتەی کەندێناوە خەریکی شوانین بۆ بەڕێزێک و مانگانە لەبری ئەوە پارەمان پێ دەدات. ڕاستە ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو مەڕانە نین. بەڵام وەک ئەوەی هی خۆمان بێت ئاوا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، زۆر ئاگامان لێیانە و لێیان غافڵ نابین. تەنانەت تا ئێستا مۆبایلیشمان نییە، بە پێویستی نازانین و ناشمانەوێت پێوەی سەرقاڵ بین. ڕەنگە بۆ تەمەنێکی 12ساڵانەی وەک ئێمە ئەو کارە دژوار بێت، بەڵام لە شاردا ئیشوکاری پێویست نییە و بەتایبەتیش بۆ تەمەنی ئێمە کار زۆر زەحمەت دەست دەکەوێت". ...

March 31, 2021

"له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د حه‌سن به‌كر، سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی عێراق بڕیارێك ده‌رچوو کە قوتابیان بۆیان هه‌یه‌ سێ مانگ گه‌شتێك بكەن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، منیش له‌و سه‌رده‌مه‌ پاسپۆڕتێكی گه‌شتیاریم ده‌رهێنا و چوومه‌ ڤییەنای پایته‌ختی نه‌مسا و دواتر خۆم ونكرد. خۆم ڕاده‌ستی پۆلیس كرد و وتم نامه‌وێت بڕۆمەوە‌ وڵاته‌كه‌ی خۆم. ساڵی 1979 له‌ كه‌مپ نیشته‌جێبووم و دواتر ئیقامه‌م وه‌رگرت. ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌ كۆمپانیایەكی نه‌مسایی له‌ بواری كاره‌با كارمكرد، گڵۆپمان دروستده‌كرد و له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ژیانم خۆش بوو. دواتر فێری زمانی ئه‌ڵمانییان كردم به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی وڵاتی نه‌مسا زمانی خوێندن و نووسینیان ئه‌ڵمانییه‌. ماوه‌ی هه‌شت ساڵ له‌ نه‌مسا مامه‌وه‌ و جنسیەی وڵاتەکەم وه‌رگرت‌. ساڵی 1985 له‌ موسڵ حكومه‌تی به‌عس باوكمیان گرت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ فشار و من بگه‌ڕێمه‌وه‌ موسڵ. بۆیه‌ منیش چوومه‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق و پێموتن به‌و مەرجە دەگەڕێمەوە کە باوکم ئازاد بکەن". "بیرمدێت ده‌رزییەكیان لێدام و بێهۆش بووم، كاتێك به‌خه‌به‌ر هاتمه‌وه‌ و چاوم کردەوە له‌ به‌غداد بووم. دواتر هۆكاری بێهۆشکردنەکەم زانی و ئه‌وه‌ بوو له‌ كاتی پرۆسه‌ی ئه‌نفال من وه‌كو هاوخه‌مێك بۆ كورد به‌شداری گردبوونه‌وه‌م كرد و ئاڵای كوردستانم هەڵکردبوو، دواتر هه‌ر كورده‌كانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌واڵیان لێدابووم، ئه‌وەش‌ بووه‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عس به‌و شێوەیە‌ مامەڵه‌م له‌گه‌ڵ بكات. من جنسیەی نه‌مسام هه‌بوو و ئەو وڵاتە پشتگیرییان كردم ئه‌گینا به‌عس بڕیاریدابوو له‌ سێداره‌م بدەن. ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌ له‌ ڕووی ده‌رونییه‌وه‌ زۆر كاری تێكردووم، به‌ڵام دڵخۆشم ئێستا له‌ كوردستانێكی ئارام ژیان ده‌گوزه‌رێنم". ...

March 26, 2021

"لە منداڵییەوە لای باوکم شاگردبووم و فێری بەرگدووری بووم. زۆرجار هەبووە حەزمکردەوە خەڵکە بەناوبانگەکان ببینم و بگەمە لای ئەوان، بەڵام ئێستا بەهۆی پیشەکەمەوە ئەوان دێنە لای من. رۆژێک هونەرمەندی گەورە بیژەن کامکار هاتە دوکانەکەم و داوایکرد شەش قات جلی کوردی بۆ بدوورم کە بۆ بەرنامەی کوردسات و کۆنسێرتی ئەمریکا لەبەری بکات. وتی بەڵام پێش ئەوەی قاتەکان بدووریت ئەبێت ئەو چاکەتەم بۆ چاک بکەیت و سووتاوی پێوەیە بزانم کارەکەت چۆن ئەکەیت، چاکەتەکەم بۆ چاککرد و هەستا لەبەرم وتی وەڵاهی تۆ مامۆستایت نەک من. هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو کاتێک وای پێوتم، قاتەکانم بۆ دووری و کە لە تەلەفزیۆن ئەمبینی لەبەری کردووە زۆر دڵخۆشبووم. جلم بۆ زۆر خەڵکی بەناوبانگی کوردستان دووریوە و دواتر کە دەیبینمەوە لەبەریان هەستێکی خۆش دامدەگرێت کە توانیوومە بە باشی کارەکەم بکەم". ...

March 24, 2021

"حه‌زم له‌ بواری هونه‌رییه‌ به‌ تایبه‌ت مەیکئاپ زۆمبی و سینەما (ئێس ئێف ئێكس). ئەمساڵ خەڵاتی باشترین هونه‌ری زۆمبیم له‌ سه‌ر ئاستی دهۆک به‌ده‌ستهێنا. ئه‌وەش بووه‌ پاڵپشت و پشتیوانێک بۆ زیاتر گرنگیدان به‌ بواره‌كه‌م. له‌ ئێستا كار له‌سه‌ر پڕۆژەیەک دەکەم بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمەرگه‌ و تێكه‌ڵكردنی هونه‌ری سینەما بۆ مه‌شق و ڕاهێنان و ڕەخساندنی كەشێكی ئاسایی و هەستنه‌كردن به‌ ترس و دڵەڕاوكێ له‌ كاتی رووبه‌رووبوونه‌وه‌دا. ئه‌و كه‌لوپه‌ل و ماددانه‌ی من به‌كاریده‌هێنم جێگره‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانانه‌ن كه‌ له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو بەكارده‌هێنرێت. بۆیه‌ بیرم له‌وه‌ش كرده‌وه‌ داهێنانێک بكه‌م و جۆره‌ ماددەیەک بدۆزمه‌وه‌ كاری مەیکئاپی پێ ئه‌نجامبده‌م. په‌نا به‌ خوا له‌ ئێستاشدا خه‌ریكی داڕشتنی سیناریۆ و بیرۆكه‌ی فیلمێكی جیاواز و ترسناکم تایبه‌ت به‌ هونه‌ری زۆمبی، چونكه‌ ئه‌و هونه‌رە تۆزێك نامۆیه‌ له‌ بواری سینەما و دراماتیك. بیرمدێت كاتێك سه‌ره‌تا ده‌ستم به‌م كاره‌ كرد خه‌ڵك زۆر به‌ چاوێكی كه‌م سه‌یری ده‌كرد. بۆیه‌ تا خه‌ڵكم تۆزێك ڕاهێنا له‌ سه‌ر ئه‌و هونه‌رە ماندوو بووم. من وه‌كو كچێك ده‌مه‌وێت رووبه‌رووی كۆمه‌ڵگا ببمه‌وه‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌م و پێیان بڵێم ئێمه‌ش هیچمان له‌ كوڕ كه‌متر نییه‌ و ده‌توانین كاری جیاوازتر و باشتریش بكه‌ین". ...

March 22, 2021

"له‌ منداڵییەوە خولیای وه‌رزشم هه‌بووه‌، بووه‌ته‌ پاڵنەر کە بەشی وەرزش لە کۆلێژ بخوێنم و دەرچووی زانکۆم. له‌ ساڵی 2011 خولیای پاسكیلسواریم بۆ دروستبوو. یه‌كه‌م گه‌شتم له‌ بارزانه‌وه‌ به‌ پایسكل بووه‌ بۆ قه‌زای سۆران. دواتر گه‌شته‌كه‌م به‌رفرا‌وان كردووه‌ له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێم له‌ دهۆكه‌وه‌ چوومه‌ سۆران و دواتریش بۆ سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، بیارە، ته‌وێڵه‌ وسنووری ئێران. گه‌شته‌كانم هه‌مووی به‌ ته‌نیایه‌، ئەمەش سه‌لمێنه‌ری بڕوا به‌خۆبوونه‌ و خۆت خاوه‌نی بڕیاری خۆتی. درێژترین گه‌شتم 1700 كیلۆمه‌تر بوو له‌ دهۆكه‌وه‌ چوومه‌ ئیسته‌نبوڵ و ماوه‌ی 23 رۆژی خایا‌ند. ئامێری گرابن رێنیشانده‌رم بوو و ئه‌وه‌ی پایسكلسوار بێت دەزانێت ئه‌و‌ ئامێره‌ بچووكه چه‌نده‌ گرنگه‌ بۆ رێنوێنی. كۆتا گه‌شتم به‌ پاسكیل له‌ دهۆكه‌وه‌ بوو بۆ پارێزگای به‌سرە و 18‌ رۆژی خایاند. ره‌وشی ئه‌منی خراپ بوو، به‌ڵام سه‌ركێشیم كرد و گه‌یشتمه‌ به‌سڕە. ئه‌و گه‌شته‌ وانه‌یەكی فێركردم ئه‌و‌یش خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی به‌سرە بوو‌ بۆ من و خه‌ڵكی كوردستان. بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ بۆچی وا كوردیان خۆشده‌وێت، هۆکارەکەشی زوڵم و ستەمی بەعس بوو بۆسەر کورد و شیعە. بۆیه‌ خۆشه‌ویستی زۆریان بۆ من و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان هەبوو". ...

March 19, 2021

"ڕۆژانه‌ دوو كاتژمێر له‌گه‌ڵ په‌له‌وه‌ره‌كانم به‌سه‌رده‌به‌م له‌ ماڵه‌وه‌، شوێنی تایبه‌تم بۆ هه‌موو جۆره‌ په‌له‌وه‌رێك هه‌یه‌. خه‌ڵك ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كەن داوای قازێكی باش یان كه‌ڵه‌شێر، مریشک و مراوی دەکەن. زیاتر له‌ بیست ساڵه‌‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌م. له‌م كاره‌دا ده‌بێت شارەزاییت هه‌بێت و متمانه‌ به‌ هه‌موو كه‌سێك نه‌كه‌یت. زۆرجار له‌ بازاڕ په‌له‌وەر‌ێك ده‌كڕم و ده‌یبه‌مه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ به‌خێوی ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌وا خۆش بێت سه‌ردانی مەیدانی پەلەوەر و ئاژەڵانی به‌رده‌ڕه‌ش دەکەم بۆ ساغكردنه‌وەی پەلەوەرەکانم. جارێكیان كه‌ڵه‌شێرێكم كڕی نه‌خۆش بوو، بردمه‌وه‌ ناو په‌له‌وه‌ره‌كانی خۆم و زیانی 40 وەرەقەی لێدام. له‌وكاته‌وه‌ بووەته‌ وانه‌ بۆم کە بڕوا به‌ كه‌س نه‌كه‌م و خۆم خاوه‌نی بڕیاری خۆم بم. خۆشبه‌ختانه‌ زۆرجاریش سوودم لێبینیوه‌ و قازانجێكی زۆرم لێكردووه.‌ لەوانەیە‌ ئه‌و‌ 22 ساڵە زیاتر له‌ 10 هه‌زار دۆلار قازانجم کردبێت. قازانجه‌کە كه‌م كه‌مه‌ به‌ڵام خۆشه‌. به‌ ماندووبوونه‌وە كاردەکەم‌ چونکە بژێوی ژیانی خانه‌واده‌كه‌م له‌ سه‌ر ئه‌و پیشه‌یه‌یه". ...

March 17, 2021

"بەهۆی پیشەکەمەوە کە عەتارییە، رۆژانە خەڵک سەردانم دەکەن و پرسیاری نوشتەکردنم لێدەکەن. هەندێکیان دەڵێن نوشتەمان لێکراوە چۆن بەتاڵی بکەینەوە و هەندێکیش دەیانەوێت نوشتەکە بکەن. یان داوای هەندێک شت دەکات و دەڵێت فڵانە شێخ وتویەتی بەکاری بهێنە، کە سەیری شتەکان دەکەم یەکسەر دەزانم بۆ نووشتەکردنە. کە خەڵک دێنە لام پرسیاری نیشانەکانیان لێدەکەم بزانم نیشانەکانی سیحر و جادوویان تیایە یان نا، هەندێکیان هیچ نیشانەیەکیان نییە و لێیان بووەتە نەخۆشی دەرونیی و پێشنیاری دکتۆری دەروونییان بۆ دەکەم. من خۆم هیچ بڕوام بە نووشتەکردن نییە و ئامۆژگاری ئەو خەڵکە دەکەم کە بیری لێنەکەنەوە، لە ڕووی دینییەوە گوناهبار دەبن و لە رووی ئینسانییەتیشەوە بۆ ماڵی خەڵک وێران دەکەن، ئەم ڕق و بوغزە بۆچی؟. هەندێک بەقسەم دەکەن و سوپاسم ئەکەن هەندێکیش هەیە توڕەدەبن و دەڵێن لەبەر ئەوەی خۆت نایفرۆشی ناتەوێ ئێمە بیکڕین. بەڕاستی ئێستا کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون بە ناوی نووشتە و جادووەوە پارە لە خەڵک دەکێشنەوە، هیوادارم خەڵک خۆی لەو شتانە بپارێزێت". ...

March 15, 2021

"پێشتر کاری ئێمە بە گشتی کشتوکاڵی بوو وە تا بڵێی قورس بوو. بەڵام چارمان نەبوو چونکە شوێنێکی وەکو سماقوڵی جوگرافیاکەی وا هەڵکەوتبوو کە کەسابەتی تری تێدانەبوو. خەڵکیشمان هەبوو پێشمەرگە بوو، ئیتر بەو پارەیەی وەریدەگرت دەیتوانی بژێوی ژیانی دابین بکات. بەڵام دروستبوونی بەنداوی سماقوڵی دەرگایەکی خێر بوو بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە، چونکە ئێستا وەکو شوێنێکی گەشتیاری گشتی خەڵک ڕووی تێدەکەن. هەروەها خەڵکێکی زۆریش ئێستا ڕێگای سماقوڵی بەڕێگای سەرەکی هەولێر و سلێمانی دەبینن. هەموو ئەو هۆکارانە وایان کرد خەڵکی ئێرە بەگشتی و من بەتایبەت بیر لەوە بکەمەوە کە بتوانم دوکانێک دابنێم و ئەو شتانە بفرۆشم کە گەشتیار حەزی پێیەتی و پێویستە بۆ ئەوان. برا و برازاکانم خەریکی بەڕێوەبردنی دوکانەکەمانن و منیش لەو چایخانە بچکۆلانەم بە خەندە و ڕێزەوە بە پێی داواکاری گەشتیاران لەخزمەتیاندا دەبم". ...

March 11, 2021

"لەدایکبووی گوندی هەنارەم و ئێستاش هەر لەوێ دەژیم. نزیک حەوت ساڵە ژنم هێناوە، ئەوکات کە هاوسەرگیریم کرد تەمەنم هەژدە ساڵان بوو، ئێستا خاوەنی دوو منداڵین. هەرگیز نەچوومەتە بەر خوێندن و نازانم سێ پیت بنووسم، تەنانەت ناتوانم ناوی خۆم و منداڵەکانم بنووسم. کە دەبینم خەڵکی قەڵەم بەدەست خەریکی نووسینی شتێکن ئینجا دەزانم چ هەڵەیەکم کردووە کە نەچوومەتە بەر خوێندن. پێمخۆشبوو بمخوێندایە و بمزانیبایە شتێکی کەم بنووسم و بخوێنمەوە. هیچ نەبا ڕەنگە بمتوانیبا لە شوێنێک دابمەزرێم. بەڵام ئێستا هەرچەند بیردەکەمەوە یان دەبێت شوانی بکەم یانیش تا دەمرم دەبێت هەر خەریکی فەلاحیی بم. ئومێدێکم بە منداڵەکانمە کە هەمیشە داوا لە دایکیان دەکەم هەوڵیان لەگەڵ بدات تاوەکو لە خوێندن و قوتابخانە سەرکەوتووبن. نامەوێت وەک منیان بەسەربێت، چونکە بەڕاستی لەهەندێ شوێن خۆم وەک کەسێکی کەڕ و ڵاڵ دێتە بەرچاو". ...

March 10, 2021

"ساڵی 1967 له‌ ئاكرێ له‌ دایکبووم. نزیكه‌ی 31 ساڵە واتا نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆم به‌ قاوه‌ و سوس فرۆشتن له‌ نێو بازاڕ و كۆلان به‌سه‌ربردووه‌. سه‌ره‌تا ئه‌و كاره‌م به‌ شێوه‌یەكی جیاواز له‌ موسڵ ده‌ستپێكرد. سەرنجی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌م بۆ خۆم رادەكێشا، ده‌له‌ی قاوه‌كه‌م له‌ مل ده‌كرد و راسته‌وخۆ خه‌ڵوزم به‌كارده‌هێنا بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ و هەردەم قاوەکەم گەرم بوو. ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌له‌كه‌م بكه‌یت شێوه‌ی جیاوازه‌، دوو به‌ش هه‌یه‌، به‌شێكی قاوه‌كه‌م تاڵه‌ و نیوه‌ی دیکەی شیرینه‌. چونكه‌ له‌ بازاڕی موسڵ و ته‌نانه‌ت لێره‌ش هه‌ر كه‌سێك به‌ شێوازێك حه‌زی له‌ خواردنه‌وه‌یه‌تی. ماوه‌ی نۆ ساڵ له‌ موسل كارمكرد و دواتر هاتمه‌ هه‌رێمی كوردستان. ماوه‌یەك له‌ دهۆك ئه‌و پیشه‌یه‌م تاقیكرده‌وه‌، شتێکی نامۆ و جیاوازبوو له‌ دهۆك له‌ وه‌رزی ز‌ستان به‌ شێوه‌ی گه‌ڕۆك به‌ پیاده‌ له‌ بازاڕ و كوچه ‌و كۆڵانه‌كانی شاره‌كه‌ قاوه‌م ده‌فرۆشت". "هاوینانیش سوسم دروستده‌كرد و ئه‌و كه‌ره‌ستانە‌ی بۆ سوسه‌كه‌ به‌كارمده‌هێنان هه‌ر له‌ سروشتی كوردستان ده‌مهێنا. له‌ شێوه‌ی ره‌گی دار بوو و له‌ شوێنی به‌ست و لێوار رووباره‌كان ده‌ستمده‌كه‌وت. خواستی زۆری له‌سه‌ربوو . چونكه‌ خه‌ڵكی وه‌ك ده‌رمان به‌ كاریانده‌هێنا بۆ مه‌عیده‌ و قۆلۆن و نه‌خۆشی شه‌كرە. دوای چه‌ند سالێك كاركردنم له‌ دهۆك دووباره‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ئاكرێ، له‌ ئێستاشدا رۆژانه‌ سێ بۆ چوار كاتژمێر له‌ نێو بازار و گه‌ڕه‌كه‌كانی ئاكرێ به‌رده‌وامم و ژیانی رۆژانه‌ی ماڵ و خانه‌واده‌كه‌م دابین ده‌كه‌م و هاوڕێیه‌تی باشم به‌هۆی پیشه‌كه‌مه‌وه‌ دروستكردووه.‌ رۆژانه‌ ئه‌گه‌ر نه‌چم بۆلای موشته‌ریه‌كانم و قاوه‌ و سوسیان پێشه‌كه‌ش نه‌كه‌م، له‌ رێگه‌ی مۆبایله‌وه‌ تەلەفۆنم بۆ ده‌كه‌ن و له‌ ته‌ندروستیم ده‌پرسن". ...

March 7, 2021

"نزیکەی 50 ساڵە لەم چایخانەیە ئیش ئەکەم. چایخانەی شەعب یادەوەرییەکی جوانی باوکم و سلێمانییە بۆ ئێمە و رۆژانە لەگەڵ براکانم لێرە کار دەکەین. چایخانەکە بۆ ئێمە بووەتە بژێوی ژیان و بۆ سلێمانیش مەڵبەندێکی رۆشنبیرییە. هەوڵمانداوە تەنها چایخانەیەک نەبێت، بەڵکو شوێنێک بێت بۆ کۆبوونەوەی نووسەر و هونەرمەندان و دیوارەکانی چایخانەکەمان وەک مۆزەخانەیەک لێکردووە بۆ وێنەی کەسایەتییە گەورە و ناسراوەکانی کورد. کتێبخانەیەکمان هەیە کە خەڵکێکی زۆر سوودی لێدەبینن. هەستێکی خۆشە بۆ ئێمە کە ناوی سلێمانی دەهێنرێت، لەگەڵیدا ناوی چایخانەکەی ئێمەش دەهێنرێت. رۆژانی جومعە هونەرمەند و سیاسییەکان سەردانمان دەکەن و وێنەی یادگاری لە چایخانەکەدا دەگرن. هەتا تەمەنم مابێت لەم چایخانەیەدا دەبم و بەردەوام دەبم چونکە ئێرە وەک ماڵی دووەمم وایە". ...