Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 14, 2022

"ناتوانم لەناو ماڵێکدا بژیم کە سەوزایی تیا نەبێت، پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ رووەکەکاندا هەیە. لەناو ماڵەکەم لە عەفرین زیاتر لە ١٠٠ جۆر گوڵم چاندبوو، بەڵام دوای لەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە لە ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ خێزانەکەم لە عەفرینەوە ئاوارەبووین بۆ قامیشلۆ و هەموو رووەکەکانم لەدەستدا. ئێستا لێرە ماڵێکمان بەکرێ گرتووە و هەوڵدەدەم ئەوەی لەدەستمداوە لێرە لەناو باڵکۆنە بچووکەکەمدا بیڕوێنمەوە. هەموو رۆژێک لەناو ئەم گوڵانە دادەنیشم و بیر لە ماڵەکەم و هەموو ئەو شتانە ئەکەمەوە کە لەدەستماندا". ...

August 17, 2022

" ناوم عامر حەموە و تەمەنم ١١ ساڵە و خەڵکی گوندی قەرە تەپەم لە عەفرین. من و خێزانەکەم پێنج ساڵ لەمەوبەر گوندەکەی خۆمان لە عەفرین بەجێهێشت بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیاوە. خێزانەکەم بەم شێوەیە دەیگێڕنەوە بۆم. من هیچم بیر نایەت لە گوندەکەی خۆمان، هەر ئەوە نەبێت کە لەگەڵ هاوڕێکانمدا تۆپی پێمان دەکرد و لە پڕ گوێمان لە دەنگی فڕۆکەکان بوو دەستیانکرد بە بۆردوومانی هەموو شوێنێک. باوکم پێمدەڵێت ڕۆژێک هەر دەگەڕێینەوە گوندەکەی خۆمان لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەن خاکەکەین. ئەمەش تاکە خەونی منە کە بگەڕێمەوە بۆ گوندەکەم.ئێستا لە شاری حەسەکە دەژیم، لێرە هاوڕێی نوێم ناسیووە و هەموو ڕۆژێک یاری تۆپی پێ دەکەین. تەپوتۆز لە یاریگاکەدا بەرزدەبێتەوە لەبەر گەرموگوڕی یاریکردنەکەمان، هەندێجاریش من و هاوڕێکانم پارە کۆدەکەینەوە بۆ کڕینی تۆپ تا یاری پێبکەین. من تیپەکە بەڕێوەدەبەم و جلی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆم لەبەردایە کە زۆرم خۆشدەوێت و حەزدەکەم وەک ئەو ببم بە یاریزانێکی پیشەگەر". ...

August 31, 2022

"دوای رزگارکردنی رۆژئاوا و دەرکردنی داعش، هەوڵی تۆڵەکردنەوەیان دەدا لەرێگەی برسیکردنی خەڵکەکەوە ئەویش بە سوتاندنی کێڵگە و بەروبومەکانمان لە دووساڵی رابردوودا. ساڵی ٢٠١٩ رێژەی بەرهەمهێنان کەمی کرد و ئاگرێکی زۆر کەوتەوە. هەر بۆیە ئێمەی ژنان خۆم و هاوڕێکانم دەستمانکرد بە پارێزگاریکردن و چاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەکەونە سەر شەقامە سەرەکییەکان. لەگەڵ ئاگرکوژێنەوە رێککەوتین هەرکاتێک ئاگرمان بینی راستەوخۆ پەیوەندییان پێکەوە بکەین و بەم شێوەیە خۆشمان پارێزراو دەبین. هەرچەندە ئێستا منداڵم هەیە و ژنی ماڵەوەم، بەڵام ئەوەی لەسەر شانمە بەرامبەر نەتەوەکەم دەیکەم. ناوچەکەمان بۆ چاندنی دانەوێڵە بەناوبانگە و ئێمەش پارێزگاری لێدەکەین". ...

August 7, 2022

"تەمەنم ٦٠ ساڵە و لەگەڵ دایکە نەخۆشەکەم لە گوندی مەعشوق دەژیم سەر بە ناحیەی تەربەسبیە. لە گوند پێمدەڵێن "کچە کورد" لەبەر ئەوەی هەمیشە جلی کوردی دەپۆشم و هەندێجاریش خۆم جلی کوردی دەدوورم.ساڵی ٢٠٠٠ چوومە ئەوروپا و بینیم چۆن ئەوروپییەکان گرنگی بە مێژووی خۆیان دەدەن و کە ساڵی ٢٠٠٥ گەڕامەوە، وەک ئەوروپییەکان دەستمکرد بە کۆکردنەوە و گرنگیدان بە کەلەپوور. ئێستاش کەلوپەلی کۆن دەکڕمەوە و لە دوکانێکدا دایاندەنێم کە بووەتە پێشانگەیەکە بۆ سەدان پارچە بەرهەمی مێژوویی و هەندێجاریش خۆم دەچم لە گوندەکان دەیهێنم.باوکم کورد و دایکم سریانییە. من هاوسەنگی دەپارێزم لەم بارەیەوە و شتە سریانی و کوردییەکان پێکەوە کۆدەکەمەوە. ئەم پێشانگایەشم بۆ ئەوە کردووەتەوە بۆ ئەوەی مێژووی کۆن و دەوڵەمەندمان نەفەوتێت". ...

July 6, 2022

"ناوم قەدری شەربەتچییە و 70 ساڵ لەمەوپێش لە حەلەب لەدایکبووم. 60 ساڵ لەمەوپێش ئەوکاتەی 10 ساڵان بووم لەگەڵ باپیرمدا شیرینیم دەفرۆشت. دواتر کە باپیرم کۆچی دواییکرد، بەتەنیا خۆم لەسەر ئەم پیشەیە مامەوە ونەمویست پیشەکە لەناوبچێت. دواتر خۆم عەرەبانەیەکی بچووکم لە دار دروستکرد و لەناو بازاڕی شارەکە شیرینیم دەفرۆشت .ئەم پیشەیەم زۆر خۆشدەوێت چونکە لەمنداڵییەوە ئاشنای بووم و وەسێتیشم بۆ منداڵەکانم کردووە کە هەرگیز وازیلێنەهێنن. ئێستاش کە تەمەنم زیادی کردووە ناتوانم خۆم دروستی بکەم و فرۆشتنیش بکەم، بۆیە منداڵەکانم شیرینییەکە دروستدەکەن و من لەناو بازاڕ دەیفرۆشمەوە. لەناوبازاڕ هەمووان خۆشیاندەوێنم و رۆژانە دێنە لام شیرینی دەخۆن، چونکە شیرینییەکەم بە خاوێنی هێشتووەتەوە.". ...

June 8, 2022

"ناوم فیراس عەلوە و تەمەنم ٢٤ ساڵە. کاتێک داعش لەساڵی 2015 هێرشیکرد، گوندەکەم جێهێشت و چوومە عەفرین نیشتەجێبووم. لەوێ درێژەم بە خوێندندا و ئەو شارەم لە گوندەکەی خۆم زیاتر خۆشویست. ئەوکاتەی لە زانکۆ دەمخوێند خەونم ئەوەبوو زانکۆ تەواو بکەم و بە جلوبەرگی کوردییە لە شوێنەواری قەڵای پێغەمبەر هوری وێنە بگرم. جەنگ دەستیپێکرد لە ساڵی ٢٠١٨ و تورکیا هێرشیکردە سەر عەفرین، منیش دووبارە شوێنی نیشتەجێبوونم جێهێشت. دوای چوار ساڵ لە قامیشلۆ درێژەم بە خوێندندا و توانیم بەشێک لە خەونەکەم بهێنمەدی، ئەویش گرتنی کۆمەڵێک وێنەبوو بە جلوبەرگی کوردییەوە لەبەردەم قەڵای پێغەمبەر هوری لە قامیشلۆ.". ...

May 24, 2022

"ناوم عەلی ئەحمەدە و تەمەنم ٢٣ ساڵە. خەڵکی گوندی تەنوریەم سەر بە ناوچەی تەربەسبیە.خێزانەکەم بە شێوەیەکی گشتی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، لە زستاناندا گەنم وجۆ دەچێنین و لە هاوینیشدا خەریکی چاندنی سەوزە هاوینییەکانی وەک تەماتە و خەیارین، ئەمەش دوای دروێنەوەی دانەوێڵەکان.زۆرینەی جوتیاران پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن بۆ کشتوکاڵ بەڵام لەبەر کەمی ئاوی باراناو، کە ڕێژە کەمەکەی زەرەریشی گەیاندووە بە گەشەی گەنم و جۆ، ئێمە بڕیارماندا ئیتر پشت بە ئاودان ببەستین. هەرچەندە تێچوویەکی زۆر زیاتری هەیە بەڵام ئێستا کێڵگەکەمان لە ئاستێکی باشتردایە. جیاوازییەکەش بەدیدەکرێت گەر بەراوردی کێڵگەکەی خۆمان و ئەو کێڵگەیەی تەنیشتمان بکەیت کە خاوەنەکەی تەنها پشتی بە ئاوی باراناو بەستووە.ڕەنج و ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەچووە. لە چەند هەفتەیەکدا میوەکانمان لێدەکەینەوە و گەنمەکەمان دروێنە دەکەین، هەر کەسێک بچێنێت ئەوا بەرهەمەکەی دەدوورێتەوە". ...

April 17, 2022

"ناوم ڕودییە و تەمەنم ٣١ ساڵە. ساڵی ٢٠١٦ بیرمکردەوە لە قامیشلۆ دەست بە پڕۆژەیەک بکەم لە ژێر ناونیشانی (چیرۆکی گەل) بەڵام هەلومەرجی ئەوکات یارمەتیدەر نەبوو. بەڵام ئێستا دەستمپێکردووە و پرۆژەکە بریتییە لە وێنەگرتنی دەموچاوی چین و توێژە جیاوازەکانی ڕۆژئاوا و باشترکردنی پێکەوەژیان لە نێوان هەموو کۆمەڵەکان کە لە ڕۆژئاوا دەژین.هەموو شەوێک پلان بۆ ڕۆژی دواتر دادەنێم و کاتێک دادەنێم لەگەڵ ئەو کەسەی کە دەمەوێت وێنەی بگرم و پاشان دەستدەکەین بە وێنەگرتن. هەندێک لە وێنەکان ڕاستەوخۆ گرتوومە و هەندێکیشیان کەسەکە خۆی داوای کردووە وێنەی بگرم.تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٠ وێنەم گرتووە و ماوەیەک لەمەوبەر پێشانگایەکم کردەوە. هەندێک لە وێنەکانم فرۆشت و پارەکەم بەخشییە نەخۆشخانەی چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە و ئەو وێنانەش کە نەفرۆشران، بە دیاری بەخشیم بە کەسەکان خۆیان و ئەمەش زۆر دڵخۆشیکردن". ...

April 6, 2022

" ناوم ڕۆمینایە، تەمەنم 18 ساڵە و خەڵکی شاری عەفرینم لە باکووری سوریا. بەمنداڵی ئامێری بوزوقم دەژەنی، بەڵام باوکم پێشنیاریکرد کە خۆم فێری ئامێری کەمان بکەم. لە پەیمانگا دەستمکرد بە خوێندن و بەشێوەیەکی زۆر باش خۆم فێری کەمان کرد. ئێستاش مامۆستای هەمان ئامیرم لە سەنتەری (Kevana Zêrîn) و 25 خوێندکاری کوڕ و کچم هەیە .ناخۆشترین ساتی ژیانم کە هەرگیز لەبیری ناکەم ئەوکاتەبوو کە لە پەیمانگا راهێنمان دەکرد و تورکیا بۆردومانی شارەکەم، عەفرینی کرد. رۆژێکی رەش بوو، نەماندەزانی چیبکەین. کاتێکیش عەفرینمان جێهێشت جگە لە کەمانەکەم هیچی دیکەم لەگەڵ خۆم نەبرد. هەموو خەونم ئەوەیە گروپێکی ئۆرکسترا دابمەزرێنم و لە گۆڕەپانی گوندەکەماندا بە ئامادەبوونی هەموو خەڵکەکە مۆسیقا بژەنم". ...

March 9, 2022

"لە قامیشلۆ لە خێزانێکی هونەردۆست گەورەبووم کە شارەزای ئامێرە مۆسیقییەکان بوون. کە منداڵ بووم باوکم سازێکی بچووکی بۆ کڕیم و لە خێزانەکەمەوە فێری ژەنین بووم و تا ئێستاش سازەکەم ماوە. ئێستا دەتوانم هەموو ئامێرە ژێدارەکان بژەنم، بەڵام کلارنێت ئامێری دڵخوازی منە. سەرەتا لە یوتوبەوە سەیری باندە مۆسیقییەکانم دەکرد و کەسێکی تیابوو کلارنێتی دەژەنی، وایلێکردم بیکڕم و خۆم فێری کلارنێت بکەم. ئێستاش ئەندامم لە گرووپی بوتان و ستۆدیۆی ویلایەت بۆ هونەر. بەشداری چەندین گۆرانی و بۆنە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزم کردووە. دواتر خۆم گۆرانییەکم تۆمارکرد و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.. هونەر خۆراکی رۆحە، شتێکە ناتوانم لێی دوور بکەومەوە". ...

February 20, 2022

"ناوم ڕۆشنە و تەمەنم ١٩ ساڵە، خەڵکی شاری قامیشلۆم. لە بواری ڕاهێنانکردن بە منداڵ و پاڵپشتی دەروونی کاردەکەم لە ڕێکخراوێکی بایەخدەر بە مافی منداڵان و ژنان. کە دەستمکرد بەم کارە تەمەنم ١٢ ساڵ بوو. من و دایکم دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە بووین. پرۆژەیەکم ئەنجامدا بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵان لەلایەنی دەروونییەوە لە کاتی جەنگدا. چوار منداڵ چارەسەری ئۆتیزمیان وەرگرت و باشبوونەوە بەهۆی ئەو پرۆگرامەی کە من دامڕشتبوو. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین منداڵی دیکە شیفایان وەرگرت. لە ئێستادا کۆبوونەوە و کۆرسی هۆشیاری ژنان ئەنجام دەدەم. هەروەها کۆرس دەڵێمەوە لە کەمپی خێزانەکانی داعش کە تێیدا کاردەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی بیری توندڕەوی لای ژنانی داعش لە ڕێگەی جەلسەی هۆشیارییەوە. شانازی بەخۆمەوە دەکەم کە کاری مرۆیی زۆرم ئەنجام داوە، بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی خۆیەتی من بچووکترین خۆبەخشم لە بواری مرۆیی لەسەر ئاستی ناوچەکە". ...

February 6, 2022

"تەمەنم ١٢ ساڵە و لەخێزانێکی تێگەیشتوو گەورە بووم و هێشتا لەگەورەبووندام. حەزم لە نووسین و خوێندنەوەیە و زۆر دڵخۆشبووم کاتێک لەپێشانگەی ساڵانەی هەرکولی وەکو بەرپرسی بەشی کتێبی منداڵان بەشداربووم. بەهۆی خۆشەویستیم بۆ خوێندنەوە، لەم ماوەیەی رابردوو باوکم کتێبخانەیەکی بەناوی منەوە کردەوە کە تایبەتە بە کتێبی منداڵان و ئامانجەکەی ژیاندنەوەی کەلتووری خوێندنەوەیە لەناو منداڵاندا. زۆرینەی کتێبە کوردییەکان لە دهۆکەوە دەهێنین و هەندێکیش لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە. زۆرینەی کتێبەکانمان کوردییە تاوەکو منداڵانی کورد کەلتووری خۆیان بناسن.. پرۆژەکەمان نوێیە و پێشتر لەم ناوچەیە نەبووە، بەڵام دڵنیام بە ئامانجی خۆمان دەگەین و زیاتر پەرە بە کتێبخانەکە دەدەین تاوەکو خوێندنەوە دەبێتە کەلتوور لای منداڵان". ...