Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 16, 2022

"من لە مرۆڤەکان دەترسم. من لەوە دەترسم کە مرۆڤ دەیشارێتەوە لە پشت دەمامکەکەیەوە. ناوم عیزەت حەبەش-ە. تەمەنم ٤٩ ساڵە. چەندین ساڵ لە دەرەوەی وڵات ژیاوم و چەندەها ئافرەتم ناسیوە و لێیان تێگەیشتووم. هەمیشە ترسێک لە دڵما بووە پێش ئەوەی کەسێک بناسم، چونکە ڕاست و دروستی کەسەکان لە ڕێگەی وشەی نەرم و سیمای بێگەردەوە دەرناکەون، بۆیە پێویستە هەمیشە ئاگاداری خۆمان بین لە کاتی ناسینی خەڵکی نوێ". ...

September 21, 2021

"لەڕابردوودا ڕژێمی سوریا خوێندنی کوردی قبوڵ نەدەکرد، هەرکەسێک کوردی بخوێندایە دەستگیریان دەکرد و دەیان ڕفاند. ئەوە ئەو شتەیە کە باوکم دەیگوت کاتێک کە من منداڵ بووم. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، دامەزراندنی دامودەزگاکان و دەرکردنی ڕژێمی سوریا لە ساڵی 2012، پرۆسەی فێرکردنی مەنهەجی کوردی دەستیپێکرد و من بە کوردی دەستم بەخوێندن کرد و زۆر هەوڵمدا بەپشتیوانی خێزانەکە سەربکەوم چونکە باوکم و دایکم مامۆستا بوون. لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا سەرکەوتم و پلەی یەکەمم بەدەستهێنا لە شاری قامشلۆ ئێستا لە زانکۆی ڕۆژاڤا لە قامیشلۆ پزیشکی دەخوێنم بۆ ئەوەی دواتر بتوانم یارمەتی خەڵکی شارەکەم بدەم". ...

September 20, 2021

"باوکم ئیمامی مزگەوت بوو، لەبەر ئەوەی لە خێزانێکی ئایینی گەورە بووم بە شوێنپێی ئەواندا ڕۆشتم و لەتەمەنی گەنجیدا یاسای ئیسلامیم خوێندووە. دواتر بووم بە ئیمامی مزگەوت. بەڵام 70 ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی حەز و خۆشەویستیم بۆ چاککردنەوەی کاتژمێر، بڕیارمدا دوکانێک بکەمەوە و بژێوی خۆم دابین بکەم. باوکم جارێک پێی گوتم: کوڕم من زۆر باش دەتانناسم، پارە لە خەڵک وەرناگریت بۆ ماندوبوونی دەستەکانت، ئەمەش وادەکات لەرووی مادییەوە زەرەر بکەیت. بەڵام پێمگوت ئەگەر پارەش وەرنەگرم دوکانێک دەکەمەوە و خزمەت بە خەڵک دەکەم. بۆیە باوکم رازیبوو و لەوکاتەوە دەستمکردووە بەم کارە هەتاکو ئێستا. دوای مردنی باوکم گەڕامەوە بۆ ئەوەی لەدوای ئەو ببمە ئیمامی مزگەوت، لەوکاتەوە تاوە ئێستا کاری چاککردنەوەی کاتژمێر دەکەم و ئیمامی مزگەوتیشم. ئێستا چاوەکانم بەرەو لاوازی دەڕۆن، ئەوەش کارەکەمی لاواز کردووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەریکم. هەلومەرجێکی زۆرم تێپەڕاند، بەڵام پابەندبووم بە پیشەکەم، ناسنامەکەم و کارەکانم وەک ئیمامی مزگەوت مایەوە". ...

August 31, 2021

"ماوەی 40 ساڵ زیاتر بەرێوەبەری خوێندنگە بووم، مووچەکەمان زۆر کەم بوو ئەو کاتە، لەگەڵ ئەوەشدا من وازم لە کارکردن نەهێنا، چونکە من لە خۆشەویستیدا پیشەی مامۆستاییم دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٩ سوپای ئەو موسڵمانانەی کە لە ژێر ئاڵای تورکیا کاریان دەکرد هاتنە ناوچەی سەری کانی و بە تەواوەتی دێکەیان وێران کرد. ناچار بووین کۆچ بکەین و جێ بگۆڕین. بارودۆخم زیاتر خراپ بوو کاتێک گواستمەوە بۆ ناو کەمپ، هیچمان بە دەستەوە نەما، دێیەکەمان وێران بوو و من لێی دوور کەوتمەوە، تەمەنم زۆر بوو، ئەوەندەم نەخۆشی هەیە ناتوانم تاکو دەرەوەی خێمەکەش بڕۆم، زۆر خەفەت بۆ ڕۆژانی گەنجیم دەخۆم. من بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە گەلێک نەخۆشیم لەگەڵدایە، ٢ جار هاوسەرگیریم کردوە بەڵام خودا منداڵی پێنەبەخشین، لە گەڵ ئەوەشدا من باوەڕم بە خودای گەورەیە و دەڵێم سوپاس بۆ خودا". ...

August 28, 2021

"من لە خێزانێکی کراوە گەورە بووم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان ٣ ساڵ لەمەوبەر تەماشای تیپی مۆسیقای مسم کرد لە کاتی ئاهەنگی فەرمیی نیشتیمانی، کارامەیی و جلوبەرگ و دیسپلینیان زۆر سەرنجی ڕاکێشام. ئەمە پاڵنەرم بوو تاوەکو مەشق بکەم و بچمە نێو ئەم تیپە، ماڵەوەمان ڕێگریان لێ نەکردم بەڵکو پشتگیریشیان کردم. ئەوەی ئاواتەخوازی بووم پێی گەیشتم کاتێک بەشداریم کرد و بووم بە ئەندامی سەرەکی تیپەکە و ئێستا بەشداری دەکەم لە هەموو ئاهەنگە فەرمییەکان دەکەم. دووچاری ناخۆشی و بێزارکردنی زۆر بوومەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە لەبەر ئەوەی من مێینەم، بەڵام خێزانەکەم پاڵپشتم بوون و خۆشـم باوەڕم بەوە هەبوو کە ئەنجامم دەدا، بۆیە وەڵامی ئەوانم نەدەدایەوە. لە ئێستاوە تاوەکو شۆڕشەکەی ڕۆژئاوا، کە لە هەمان کاتدا شۆڕشی ئافرەتانیش بوو، ژنان توانیان بەشداری بکەن لە گشت بوارەکاندا، بوون بە خاوەنی ئیرادەی خۆیان". ...

July 12, 2021

"دوای هێرشی تورکیا بۆ سەریکانێ ماڵمان بەجێهێشت و لە حەسەکە نیشتەجێ بووین. بەهۆی کۆچکردن و ناڕەحەتییەکانەوە باری داراییمان زۆر خراپ بوو، تەنانەت نەمدەتوانی کەرەستە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ خێزانەکەم و منداڵەکانم دابین بکەم و ماڵەکەشم کەرەستەی زۆر نەقس بوو. هاوڕێیەکم پێشنیاری بۆ کردین کە یارمەتیمان بدات بە بڕێک پارە بۆ ئەوەی عارەبانەیەک بکڕم لەگەڵ جیهازی دروستکردنی گەنمەشامی و لە حەسەکە گەنمەشامی بفرۆشم. هاوڕێکەم یەکسەر سەیارەکەی فرۆشت چونکە پێویستی پێی نەبوو، پارەکەی پێدام. عارەبانەکەم کڕی و دەستمکرد بە فرۆشتنی گەنمەشامی لەناو شاردا، دوای سێ مانگ پارەکەم گەڕاندەوە بۆ هاوڕێکەم و توانیم پێداویستییەکانی ناوماڵ بکڕم. هەموو ئەمانە بەهۆی هاوڕێکەمەوە بوو کە سەیارەکەی فرۆشت بۆئەوەی یارمەتیم بدات لەو ئاستەنگییەی پێیدا تێپەڕبووم. کاتژمێر 4ی عەسر دەستدەکەم بە کار تاوەکو کاتژمێر 1ی شەو، چونکە خەڵک بە شەوان زیاتر حەزی لێیە کاتێک دادەنیشن یان پیاسە دەکەن بەناو شاردا، هەموو تەمەنێک گەنمەشامیم لێدەکڕن لە 2 ساڵەوە تاوەکو 70 ساڵان". ...

July 10, 2021

"لە منداڵییەوە پاسکیل لێدەخوڕم، بەڵام کاتێک گەورە بووم بینیم کە خەڵکی بە چاوێکی تر سەیری ئەو ئافرەتانە دەکەن کە پاسکیل لێدەخوڕن. بۆیە پاسکیلێکم کڕی بۆ ئەوەی پێی بچم بۆ ئیش پێی بڕۆمەوە. بڕیارمدا پڕۆگرامێک ڕابگەیەنم بەناوی "پاسکیلم ئەوێت" و کۆمەڵێک کچی تر بەشدارییان کرد. وەک یەکەم هەنگاو ماراسۆنێکم ڕێکخست لە شاری عامودا لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان. دەستخۆشییەکی زۆرمان لێکرا لەلایەن خەڵکەوە بەتایبەتی لەلایەن ئافرەتەکانەوە. من بەربەستی ترس و شەرمم شکاند لەڕێگەی لێخوڕینی پاسکیلەوە، ئامانجمان لە ڕێگەی ئەم پڕۆگرامەوە بڕوابەخۆبوون لەلای هەموو ئافرەتان زیاد بکەین. بەڵام هێشتا خەڵک هەیە کە دژی ئەم پڕۆگرامەیە و بە گاڵتەجاڕییەوە سەیری دەکەن، بەڵام ئێمە بڕوامان بە خۆمانە و ئیرادەمان ناشکێت". ...

July 4, 2021

"تەمەنم دوو ساڵان بوو کاتێک دایکم کۆچی دوایی کرد، بۆیە خوشکە گەورەکەم ناچاربوو بەخێومان بکات، جلەکانی بۆ دەشۆردین، بەیانیان زوو هەڵدەستا لە خەو بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ ئێمە و باوکمان. وەک دایک وابوو بۆمان، هەستمان بەوە نەدەکرد کە دایکمان لەدەستداوە لەبەر ئەوەی هەموو شتانەی دەکرد کە دایکەکان دەیکەن. دوای چوار ساڵ لە بەخێوکردنمان خوشکەکەم شووی کرد، باوکم هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێکی تر کرد کە زۆربەی کاتەکان بە ناشرینی مامەڵەی لەگەڵ دەکردین، دوای ماوەیەک من و خوشکە بچووکەکەم چووین لای براکەم بژین، بەڵام ژیان لەگەڵ براکەم و ژنەکەی باش نەبوو، بەڵام لە باوەژنەکەمان باشتر بوو. دواتر ئێمە هاوسەرگیریمان کرد، ئێستا دایکی سێ کچ و سێ کوڕم و بووم بە نەنکیش. ئەو تاتۆیانەی لەسەر دەموچاویشمە زۆربەی ئافرەتی کورد تاتۆیان هەیە لەسەر دەموچاویان، کاتێک تەمەنم پێنج ساڵان بوو خوشکە گەورەکەم پێش هاوسەرگیرییەکەی چەناگەمی تاتۆکرد، ئەو کاتە منداڵ بووم و نەمدەویست تاتۆ بکرێم، دواتر دەستیشمم تاتۆ کرد، بەڵام ئێستا ئافرەتان تاتۆ ناکەن لەسەر دەموچاویان ئەو عاداتە خەریکە نامێنێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت". ...

June 8, 2021

"بارودۆخی دارایی ناچاری کردم کارێک بکەم کە زیاتر پیاوان خەریکین. هاوسەرەکەم کرێکار بوو، بەڵام ئەو ماوەیەی جەنگ بوو کاری نەما. هیچ کەس نەیدەویست کە خانوو یان باڵەخانە دروستبکات لەو بارودۆخەدا، ئەمەش وایلێکردم کار بکەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیان پەیدا بکەم. دەستمکرد بە کارکردن لەسەر عەرەبانەی منداڵەکەم، چەند کەرەستەیەکی سەرەتاییم تێدەکرد و بە شەقامەکاندا دەگەڕام بۆ ئەوەی بیفرۆشم، منداڵەکەم بە دەستێک دەگرت و بە دەستەکەی تریش عەرەبانەکەم پاڵدەنا، وردە وردە وەزعمان باشتر دەبوو، دەغیلەیەکم کڕی بۆ ئەوەی پارە کۆبکەمەوە و گوارە بۆ تاقە کچەکەم بکڕم. دواتر بڕیارمدا ماتۆڕێکی سێ-تایی بکڕم چونکە زۆربەی موشتەرییەکانم داوایان دەکرد کەرەستەی تریش بێنم و لە عەرەبانەکەدا جێگای نەدەبووەوە، پارەی پێویستم پێنەبوو بۆیە ناچاربووم کە دەغیلەی کچەکەم بکەمەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پارەکە تەواوی نەدەکرد، بۆیە بەشێک لە پارەکە بە قەرز وەرمان گرت، بە چەند ڕۆژێک فێری لێخوڕینی بووم، دوای ئەوەش هاوسەرەکەم کاری دەستکەوت". "دەستمکرد بە کارکردن بە ماتۆڕە سێ -تاییەکە بەشێوەیەکی بەردەوام و گەڕان بە هەموو شوێنەکانی حەسەکەدا لەپێناو دابینکردنی بژێوی خێزانەکەم. مێردەکەم زۆر پاڵپشتی دەکردم بۆ کارکردنم بەڵام خانەوادەکەم و دراوسێکانمان هەموویان هاوڕا نەبوون، هەندێکیان پاڵپشتیان دەکردم و هەندێکیان ڕەخنەیان لێدەگرتم دەیانوت ئافرەت نابێت ئەم کارە بکات، بەڵام من هەر بەردەوام بووم، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە نزیکەی 10 ساڵ دەکات من ئەم ماتۆڕە لێدەخوڕم و بژێوی خێزانەکەمی پێپەیدا دەکەم. زۆر شانازی بە خۆمەوە دەکەم و ئیرادەم زۆر بەهێزە. هاوینان قاڵبی سەهۆڵ دەفرۆشم و مانگەکانی تر پێداویستی منداڵان و سەوزە و میوە دەفرۆشم. کاتێکیش ماتۆڕەکەم تێکدەچێت خۆم چاکی دەکەمەوە. نابێت منداڵەکانم عەبدی عادات و تەقالیدەکان بن، توانیم لەڕێگەی کارەکەمەوە باری داراییم باش بکەم. هیچ عەیبێک لەم کارەمدا نییە، ئەگەر ئەم کارەم نەبوایە، کێ یارمەتی دەدام؟ ئیرادەی کارکردنم ئەم هێزەی پێبەخشیم". ...

June 5, 2021

"لەناو سروشتە جوانەکەی عەفرین لەدایکبووم، ئێمە پەیوەندییەکمان هەیە بە دار و سروشتەوە بە شێوەیەک کە وەسف ناکرێت. دوای کۆچکردنمان لە عەفرین و چوونمان بۆ کۆبانێ و دواتریش قامیشلۆ، ڕۆژێکیان من و کۆمەڵێک هاوڕێم کۆبووینەوە و پڕۆژەی (پرچی سەوز)مان ڕاگەیاند، کە هەڵدەستین بە چاندنی نزیکەی 4 ملیۆن دار لە قامیشلۆ و دەوروبەری. بەهۆی نەبوونی سەوزایی لە قامیشلۆ سیستەمی سووری ڕووبەڕێکی گەورەی دانابوو بۆ چاندنی گەنم و جۆ، هەر کەسێک بیویستایە دارێک بڕوێنێت لە زەویەکەیدا سزای دەدا، بۆیە قامیشلۆ بێ سەوزایی بوو. ئێستا خۆبەخشەکانمان زۆر زیاتر بوون، هەموو کەسێک دەیەوێت بەپێی توانای خۆی هاوکاری بکات. لە داهاتوودا هەموو ماڵێک داری دەدەینێ بۆ ئەوەی لەبەردەم ماڵەکانیاندا بیڕوێنن. هێشتا لە سەرەتاداین، بەڵام دڵنیاین کە لە ماوەی 5 ساڵدا 4 ملیۆن دار دەڕوێنین. پڕۆژەکەمان بۆ کۆمەڵگەیە، سەر بە هیچ لایەنێک نییە". ...

May 31, 2021

"تەمەنم 10 ساڵان بوو کاتێک دایکم لەدەستدا. لە سەرەتای ئەو شۆڕشەی لە سوریا ڕوویدا کێشەی زۆر دەرکەوت و گێژاوی ئەمنی دروستبوو. من و خێزانەکەم خۆمان ئامادەکردبوو بڕۆین بۆ ماڵی باپیرم لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک عامودا بەبۆنەی جەژنی قوربان. زۆر دڵخۆش بووین لەبەرئەوەی دەگەڕاینەوە بۆ گوندەکەمان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دوورکەوتنەوە لە شار و خوێندن بۆ ماوەی یەک هەفتە. نزیک کاتژمێر 10:30 شەو هەموومان سواری پاس بووین، کاتێک گەیشتینە دەروازەی گوندەکە، تەقەیەکی زۆر بەرەو ڕوومان کرا کە تاوەکو ئێستاش سەرچاوەکەی دیار نییە. زۆر ترسام و بە خۆمم وت سوپاس بۆ خوا کە خێزانەکەم هیچی بەسەر نەهاتووە، بەڵام سەیرم کرد کە دایکم شتێکی لێ هاتووە، کاتێک سەیری لاشەیم کرد بینیم کە خوێنی لێدێت. گەیشتینە ناو گوندەکە و بەپەلە دایکمیان گواستەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە لە حەسەکە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێکی کەم هەواڵێکی زۆر جەرگبڕ بە من و خوشکەکانم گەیشت کە دایکمان مردووە". "هەموومان چەند ساڵێکی کەم بوو لەگەڵی ژیابووین، تاوەکو ئێستاش ئەو ڕۆژە شوومەم بیرناچێتەوە کە بەسەر من و خوشکەکانمدا هات. چیتر هەستم بە خۆشەویستی کەس نەدەکرد لە دەوورمان، هەستمدەکرد کە هەموو کەس ڕادەکات لە بەرپرسیارێتی بەرامبەرمان، هەستم بە لاوازی دەکرد. هەستمدەکرد هیچ کەسێک نییە پەنام بێت یان بەرگریم لێبکات بێجگە لە باوکم کە ئەویش خەمەکانی زیادیکرد دوای وەفاتی خۆشەویستەکەی. قسەم لەگەڵ کەس نەدەکرد بۆ ماوەیەکی زۆر، تەنها هەندێک هاوڕێ نەبێت کە بەردەوام ئەحواڵیان دەپرسیم. ئەو ماوەیەی کە تازە دایکم کۆچی دوایی کردبوو بڕوام بە خۆم نەمابوو، بەڵام ژیان بەردەوام بوو و نەوەستا سەرەڕای قورسی ئەو ژیانەی پێیدا تێدەپەڕین بەهۆی لەدەستدانی بەنرخترین کەسی ژیانمان، بەڵام باوکممان هەیە کە بۆ هەموو شتێک پشتی پێدەبەستین. تاوەکو ئەم ساتەش لەگەڵمان بوو و گەیشتوومەتە زانکۆ. ئێستا یاسا دەخوێنم، ئاواتم بوو کە دایکم سەرکەوتنەکەم ببینێت بەڵام ئەمە قەدەری خوا بوو". ...

May 25, 2021

"خەڵکی قامیشلۆم، بەڵام بە ئەسڵ خەڵکی جەزیرەی بۆتانم، بەڵام زۆر دەمێکە هاتووین بۆ قامیشلۆ، ئێستا قامیشلۆ بووە بە شوێنی سەرەکەییمان. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە سوریا و رۆژئاوا براکانم هەموویان کۆچیان کرد بەڵام من پێداگریم کرد و مامەوە، وتم ئیش دەکەم و منداڵەکانم دەژیەنم. ماوەی 35 ساڵە کاری چاککردنەوەی پێڵاو و جانتا دەکەم، لە کەسێکەوە فێربووم بە ناوی ئەبو سەلیم، فەزڵێکی زۆری هەیە بە سەرمەوە. لە ڕابردوودا خەڵکی لەسەر جادەکان ئەم کارەیان دەکرد، ئێمە تاکە کەس بووین کە دوکانێکمان کردەوە بۆ کاری چاککردنەوەی پێڵاو و جانتا. دواتر خۆم دوکانێکم کردەوە، و شاگردێکم هەبوو، ئەوە ماوەی 32 ساڵ دەبێت کارم لەگەڵ دەکات، زۆر بە زووی فێری کارەکە بوو بۆیە لەگەڵمدا ماوەتەوە تاوەکو ئێستاش. کارەکەمم زۆر خۆشدەوێت بەڵام چونکە زۆر دادەنیشم پشت تووشی ئازار دەبێت". ...