Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 6, 2023

"منداڵ بووم کە باپیرم لەم خانووەدا مرد. ساڵێکی بەسەر چوو، دوو مامم بەیەکەوە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا و هەر لەناو پرسەکەی ئەوان باوکم بە جەڵدەی دەماغ کۆچی دواییکرد. ١٢ دۆنم گەنممان لەپڕێکدا سووتا و بە چاوترووکانێک ڕەنجی ساڵێکمان هەمووی ڕۆیشت. لە ڕۆژێکی گەرمای هاوین بە هۆی شۆرتی کارەباوە تەواوی ماڵەکەمان سوتا و خوشکێکی بچوکیشم سوتا و مرد. ئێستا داپیرەم ناهێڵێت خانووەکە نۆژەن بکەینەوە چونکە شوومە. دەڵێ لەسەرەتاوە گوتم ئەم خانووە سەری هەموومان دەخوات. بەڵام کەس گوێی بۆ نەگرتم تا ئاوامان بەسەرهات. بۆیە بە هیچ جۆرێک نایەڵم ڕوو لەم خانووە بکەینەوە. داپیرەم بێخەبەرە لەوەی ئەگەر بۆ ئەوان شووم بێت، بۆ من دونیایەک یادگارییە. هەموو منداڵیم لێرە بەسەر برد، لەبەر ئەوە قەت لەبەر چاوم ناکەوێ. ئێستاش جارجارە بەدزییەوە دێم و بۆ ماوەیەک لەناویدا دەمێنمەوە". ...

March 6, 2023

"بۆ نیو سەدە دەچێ پەڕەچیم لە خانەقین، چەندجارێک ویستوومە وازبهێنم، بەڵام خۆشەویستی موشتەرییەکانم وایان کردووە بەردەوامبم. خێزانی وا هەیە هەموو ساڵێک دۆشەک، لێف و سەرین لای من دەکڕێ یان نوێی دەکاتەوە. ئەوان ڕاهاتوون لەگەڵ ئەو شتە سروشتییانە، بەڵام بەداخەوە وردە وردە خەڵک مەیلی لە هیچ شتێکی خۆماڵی نەماوە، کەلوپەلی بیانی زۆر هاوردە دەکرێ و خەڵکیش تا ئەوانە هەبن ئامادە نین چەندین ڕۆژ چاوەڕێی شتی دەستکرد بکەن. کاری ئێمە ماندووبوونی جەستە و مێشکی تێدایە، هەموو کات مێشکت ماندووە چونکە دەبێ ئاگات لە دانە بە دانەی ئەو تەقەڵانە بێت کە لێیان دەدەی. چاویش لەولاوە بوەستێ کە تەرکیزی وردی دەرزی و سوژن وێرانی دەکات. هەستم بەوە کردووە چاوەکانم تەواو هێزیان لێ بڕاوە، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانە و پڕە لە مەشەقەت، هەتا ئێرەم هێناوە تازەش ئیتر دەبێ لەگەڵی بڕۆم." ...

February 5, 2023

"کوتینی خاڵ لەناو کوردەواریدا مێژووێکی درێژی هەیە. شکور ئەو دیاردەیە ئێستا تۆزێ کاڵ بۆتەوە و تەنانەت لە هەندێ شوێن هەر نەماوە. ئێستا خەڵک بە شێوازی (تاتۆ) دەیکەن کەبەڕاستی ئازاری کەمترە هەم جوانتریش دەکرێت وەک لە پێشوودا. ئێستا هەمووی بەئامێر دەکرێ نەک بە دەست وەک لە کۆندا دەکرا. من لەسەرەتای حەفتاکان ئەو خاڵانەیان بۆ کوتیم، بۆ خانمێکی وەک من بۆ ئەو کات زۆر جوان بوو، بگرە بۆ بەرامبەریشم زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئیتر ئەو کاتە بیرکردنەوەم وەک ئێستا نەبوو، دەنا بەڕاستی زۆر لێی پەشیمانم، لەترسی ئازارە زۆرەکەشی ناوێرم لایدەم، جگە لەوە ئاسەواری زۆر ناشیرین جێدێڵێ، بۆیە تێیدا ماوم لەوەی نازانم چی لێ بکەم." ...

January 11, 2023

"بیرم نایەت ئیرەییم بە هیچ کەس بردبێت بەڵام ئێستا کە چوومەتە تەمەن و لە قاچ کەوتووم، فێرە ئیرەیی بوومە. کە سەیر دەکەم کەسانێک لەسەر قاچەکانیان وەستاون و نوێژ بۆ خودا دەکەن، ئیرەییان پێ دەبەم. زۆرجار شەرم دەکەم کە دانیشتووم و نوێژ دەکەم. من بەرانبەر زاتێک وەستاوم کە دەسەڵات و هێزی گەورە هەر لای خۆیەتی. هەر خۆشی ئەوەڵ و کۆتا خاوەنییەتی. لەزەتی ئیمان تەنیا ئەوانە هەستی پێدەکەن کە ڕاستگۆن لەگەڵ خۆشەویستییەکەیان بۆ خودا. زۆر ڕێگا هەن بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ خودا، بەڵام بۆ من نوێژ بەچێژترینیانە". ...

December 18, 2022

"لە هەشتاکاندا بەهۆی ئەوەی قوتابخانەی گوندەکەمان داخرا و نەماندەتوانی رۆژانە چەند کاتژمێرێک بە پێ بڕۆینە قوتابخانەکانی شار، لە پێنجی سەرەتایی وازم لە خوێندن هێنا. ئیتر دەستمکرد بە یارمەتیدانی باوکم و لە چیا سماق و سێومان لێدەکردەوە و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو بەروبوومانە بوو.کە گەورەتر بووم دەستمکرد بە کرێکاری، سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ بووم بە نەقار و خانوومان دروست دەکرد. لەوکاتەوە ژیانم لەگەڵ چەکوش و بەرد تێکەڵبووە. ئێستا هەر سەیری بەردەکە بکەم دەزانم بە کەڵکی خانوو دێت یان نا. ئیشەکەم قورسە و رۆژانە هەشت کاتژمێر کار دەکەم، شەوان لەبەر ئازاری دەست و شانەکانم دەناڵێنم، بەڵام هێشتا دڵخۆشم چونکە نانی حەڵاڵ بە منداڵەکانم دەدەم." ...

December 6, 2022

"هەرچەندە قەڵەویی من بۆ ماوەیییە، بەڵام ناکرێ ئەوە بکەمە بیانوو و جەستەم پشتگوێ بخەم. بەهۆی سەختی گوزەرانەوە زۆربەی کاتەکانم لە چێشتخانەکەم کار دەکەم، بۆیە حەزمدەکرد دەرفەتێک هەبووایە و بمتوانیبایە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک وەرزش بکەم. ئێستا لەبری وەرزش، سیستەمێکی خواردنم بۆخۆم دروست کردووە و ڕێجیمێکی باش دەکەم. زۆرجار برادەران دەڵێن تۆ چۆن دەتوانی خواردنی چەور و کاربۆهیدرات لەخۆت حەرام بکەی لەکاتێکدا تۆ کەبابچیت و ڕۆژانە ئەو خواردنە خۆشانە دەڕازێنیەوە و لەپێش خەڵکی دادەنێی. بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ژیان تەنیا خواردن نییە. تەندروستی و جەستەڕێکیش زەرورەتن. تۆ کە نەتتوانی جلێک بەدڵی خۆت لەبەر بکەی، یان دەیەها دەردت بۆ پەیدا بوو، خواردنی خۆش چ بەهایەکی هەیە؟ ڕاستە من خواردنم زیاتر میوە و سەوزەیە، بەڵام لەوەدا خۆشحاڵم کە تەندروستم و ئاگاداری جەستەی خۆمم". ...

November 27, 2022

"رۆژگارێک کەس نەیدەوێرا لەم شارە گرەوم لەگەڵ بکات لە بەرزکردنەوەی قورساییدا، ئێستاش گریانم بۆ حاڵی خۆم دێت کە ئاوا بێهێز خۆم دەبینم. ئەگەر ئێستا بۆ خەڵکی باس بکەم فەردە ئاردێکم بە یەک دەست بەرزکردۆتەوە ڕەنگە جێی باوەڕ نەبێ، بەڵام دەتوانن لە هەموو ئەوانە بپرسن کە حەماڵی کۆنن لەو بازاڕە یان هاوتەمەنەکانی خۆم، چونکە زۆرینەیان لە دیار گرەوکردنەکانم دانیشتوون. فەردە ئاردێکی ٥٠ کیلۆییم بەیەک دەست بەرزدەکردەوە و هەرئەوەش وایکرد ژمارە ٥٠ لەسەر قۆڵم بکوتم. ئێستاش هێزی هەڵگرتنی سۆبا و غازێکم نییە، بەڵام شوکرانەی خودا دەکەم کە لەشساغم و نەخۆش نیم. پیرییە و شەرم لەکەس ناکات ئیتر". ...

November 16, 2022

"لە ساڵی شەستەکانەوە دووکانی بەرگدووریم داناوە و بە کۆنترین بەرگدووری ئاکرێ دادەنرێم کە تاوەکو ئێستاش لە پیشەکەم بەردەوامم. ئەم پیشەیەم لە باو و باپیرانمەوە بۆ ماوەتەوە و ئەوانیش لە جولەکەکانەوە فێری ئەم کارە بوون. منیش نەوەکانی خۆم فێرکردووە و ئێستا دوکانی خۆیان هەیە. جگەلەوەی زیاتر لە 70 ژنم فێری ئەم پیشەیە کردووە و ئێستا بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو پیشەیەیە. لەکاتی کۆنەکانی نەورۆز و جەژندا خەڵک لە هەموو شارەکانەوە بۆ جلی کوردی سەردانم دەکەن. بیرمدێت پێشتر زۆرینەی هونەرمەندە کۆنەکانی وەک تەحسین تەها و ئەردەوان زاخۆیی و فوئاد ئەحمەد لای من جلیان دەدووری، ئەمەش هەستێکی خۆشە بۆ من چونکە پیشەکەم بە باشی کردووە و تا ئێرەم هێناوە". ...

November 7, 2022

"بیرم نایەت لەکەیەوە کاری دەستگێڕی دەکەم، بەڵام دەزانم شەقام نییە لەم شارەدا سەدان جار بەسەریدا نەڕۆشتبم. هەر بەدەم خەیاڵەوە سەرم بە هەموو گەڕەکێکدا کردووە. لەوەتەی هەم ناوی جیاوازم لێدەنێن، منداڵان دەڵێن "پیاوە پیرەکە" و ژنان بە "پیاوە دەستگێڕەکە" ناوم دەبەن. هەندێجاریش دەڵێن حاجییە رووخۆشەکە. بەڵام لەراستیدا هیچییان بەقەد ئەوە بۆمن گرنگ نییە کە زوو شتەکانم بفرۆشم. ئەوکاتە دڵخۆش دەبم کە پیرە پیاوێک دەبینم و نینۆکبڕێکی دەدەمێ و دوعای خێرم بۆ دەکات یاخود منداڵێک قەڵەمێکی پێدەدەم و تا ئەوسەری کۆڵان رادەکات. جیاکردنەوە و ناسینی خەڵکیش کارێکی ئەوەندە قورس نییە بۆم چونکە تەمەنێکە بە کۆڵانەکاندا دێم و دەچم و بەسەیرکردنێک دەزانم ئەو کەسە چۆنە و بایی چەندە". ...

October 31, 2022

"ساڵی ١٩٧٧ لە سەیدساق عەسکەر بووم و پیشەکەم پینەدۆزیبوو لەوێ. پۆستاڵ و پێڵاوی سەربازەکانی ئەو سەردەمەم چاکدەکردەوە. دواتر گەڕامەوە ئاکرێ و لەوێ دوکانی خۆم دانا. ئێستا ٤٢ ساڵە خەریکی ئەو کارەم و زۆر لێی رازیم، چونکە خزمەتی زۆری من و خانەوادەکەمی کردووە. رۆژانە ٨ سەعات ئەچمە دوکانەکەم و پێڵاو، جانتای قوتابخانە و کەلوپەلی ماڵان چاک دەکەمەوە. ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان خەڵک لە چوار جێگاوە پێڵاوەکانی دەدوورییەوە و لای ئاسایبوو، بۆیە ئەوەندە موشتەری زۆربوو توانای وەڵامدانەوەی خەڵکم نەبوو. بەڵام ئێستا خەڵک پێی عەیبە پێڵاوێک لەپێبکەن کە چاک کرابێتەوە و پیشەکەش وەک جاران ئەو بازاڕەی نەماوە". ...

September 26, 2022

"نیوەی تەمەنم لەناو جەنگ و بەرەکانی جەنگ بەڕێکرد. لەسەردەمی ئێمەدا سەربازی بە زۆرەملێ بوو، پارێزگا نییە لەو عێراقە دنیایەک یادگاریم لێی نەبێت. ئەوانەی لە تەمەنی مندان بیریانە دەبوو ئێمەی سەرباز جەنگ لەدوای جەنگ خۆمان ئامادە بکەین. ئێمە جەنگزەدەین، بۆیە بەداخەوە قەت نەمانتوانی ژیانێکی ئاساییمان هەبێت. چەندینجار لەدووری کەرکووک گریاوم و بیری کۆڵان و یادگارییەکانی ئەو شارەم دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئێستا هیچ شتێک تامی پێشوو نادات. رەنگە هۆکارەکەی ئەوەبێت ماندووێتی ژیان برینێک قووڵی لەدڵماندا دروستکردبێت. ئەوکاتەی گەنج بووم دەرفەت نەبوو چێژ لەم شارە و کاتەکانی وەرگرم، ئێستاش کات زۆرە و من پیربووم". ...

September 7, 2022

"تەمەنم 62 ساڵە و خەڵکی گوندی کانی مارانم. ماوەیەکی زۆرە گاوانی دەکەم. رۆژانە سەعات سێی بەیانی هەڵدەستم نان و چایەک دەخۆم و گامێشەکان دەبەمە ئەو دەشت و دەرە و نزیکەی 12 سەعات لەو ئاقارە دەمێنمەوە. گامێش حەزی لەناو ئاوە بەڵام بەهۆی کەمی بارانەوە بەشێک لە کارێز و کانیاوەکان وشکیان کردووە و تەنیا یەک دوو شوێن ماوە بۆ لەوەڕاندنیان. ئەمەش وایکردووە خەڵک گامێشەکانیان بفرۆشن و وابڕوات منیش بێکار دەبم کە بژێوی حەوت سەر خێزانی لەسەرە و خۆمان بە کولەمەرگی دەژین. تەنانەت کە ماڵەکەم گڕی گرت، خەڵکی گوند هاوکارییان کردم و پارەیان بۆ کۆکردمەوە. ماستی گامێش خواستی زۆر لەسەرە چونکە چەورە و تێکناچێت. لە مارکێتەکاندا زوو ساغ دەبێتەوە و تەنانەت هەندێجار خەڵک نۆرەی بۆ دەگرن تا دەستیانکەوێت." ...