Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - West 10

August 24, 2020

"ناوم نێرگزە، منداڵیم لەژێر داڵدەی خێزانێکی بەسۆزدا بەسەربرد، لەناو خانوویەکی گڵدا، لە گەڕەکێکی شەعبی کوردیدا بەناوی ئەلهیلالییە. بەهۆی سیاسەتی حیزبی بەعس، لە هەموو مافێکی سەرەتایی خۆمان بێبەشبووین، تەنانەت لە هاونیشتمانی بوونیش. کاتێک کاتی چوونە قوتابخانەم هات، زمانی عەرەبی زمانی فەرمی خوێندن بوو، لەبەرئەوەی لە خێزانێکی کوردی بووم، هیچ شتێک تێنەدەگەیشتم، هەربۆیە یەکەم ڕستە کە بە زمانی عەرەبی نوسیم، نوسیم: انا أكره الحياة (من ڕقم لە ژیانە). ئەو قورسییانەی لە ژیاندا ڕووبەڕووی بووبومەوە، لە نوسیندا دەرمدەبڕی، بۆئەوەی گوزارشت لە خۆم و ژیانە قورسەکەم بکەم. لە قۆناغێدا، کاتێک چوومە وانەی کوردییەوە، کە ئەوسا بە دزییەوە فێریاندەکردین، لە یەکەم وانەدا یەکەم ڕستە نوسیم: ئەز ژی ژیانێ حەزدکم (من ژیانم خۆشدەوێت)." "لە سەرەتای قۆناغی ئامادەییدا، دوای ئەوەی بە نهێنی فێری زمانی کوردی بووم، دەستمکرد بەوەی ئەو زمانە پیرۆزە فێری منداڵان بکەم. ئەو کاتانە دڵخۆشیم وەسف نەدەکرا. سەرەتای ساڵی ١٩٩٧، چوومە ناو جوڵانەوەی ئازادی کوردستان بۆ ئەوەی ببمە گەریلا و بەرگری لە شاخەکانی کوردستان بکەم. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠، یەکەم کتێبی شیعری خۆمم چاپکرد، بەناوی "Xelata xewna me"، و دووەم کتێبم لە ساڵی ٢٠٠٢، بە ناوی "Hesret" لە شاخی قەندیل و پاشان لە ساڵی ٢٠١٥ دوو کتێبی پەخشانم بە ناوەکانی "Mesin" و"Stêrvana" لە شاری قامیشلۆ بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ دوای ئەو هەمووەی چەشتم، لە پێشانگای شەهید هەرکول بە هەرسێ کتێبی "Rûpelên Jîyanê" و "Gulîyên Eşqê، و ڕۆمانی "Çirik" بەشداریم کردووە. کتێبی "Gulîyên Eşqê"، چەند چیرۆکێکی پەخشان ئامێزی چەند ژنێک لەخۆدەگرێت، کە لە ڕێگەی ئازادی کوردستاندا گیانیان بەخشیوە، چومەتە شوێنی شەهیدبوونیان و لەوێ نوسینەکانم نوسیوە." ...

Humans of Kurdistan - West 09

August 19, 2020

"لە شاری حەمصی سوریا وەک دیزاینەری جلوبەرگی ژنان کارم دەکرد، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕ لە سوریا، گەڕاینەوە بۆ نزرگەی لەدایکبوونی هاوسەرەکەم کە شاری قامیشلۆیە، بەهۆی ئەوەی ناوچە کوردییەکان لەو کاتەدا زیاتر ئارامی و ئاسایشی تێدا بوو بە بەراورد بە ناوچە سورییەکان. لە ساڵی ٢٠١٣، هەستاین بە کردنەوەی پڕۆژەی خۆمان، ئەویش کارگەیەک بوو تایبەت بە دوورینی جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی، بەشداریمان لە پێشانگایەکی تایبەت بە جلوبەرگی کوردی کرد، لەو پێشانگایەدا زۆر سەرکەوتووبوین و ئەوەش وایکرد کە زیاتر هەوڵبدەین و پەرە بە کارەکەمان بدەین. دواتر هاوسەرەکەشمم فێری دروومان کرد و ئێستا هەردووکمان پێکەوە کاردەکەین. خەونی منداڵیم بوو کە ببمە دیزاینەری جلوبەرگ و ئێستاش خەونی خۆمم بەدیهێناوە". ...

Humans of Kurdistan - West 08

August 16, 2020

"دوای ئەوەی پۆلی نۆیەمم تەواوکردم، هاتم بۆ قامیشلۆ. لێرە لە ساڵی ١٩٩٤دا لەلای سەرتاشێک کارم دەکرد ناوی ڕەمەزان بوو، لە ماوەی چوار مانگدا فێری کارەکە بووم و ساڵ و نیوێک لەگەڵیدا مامەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ دوکانی خۆمم دانا و تاکو ئێستاش هەر خەریکی کاری سەرتاشیم، ئێستا کارەکەم بووە بە بەشێک لە ژیانم و نزیکی بیستوشەش ساڵە خەریکم. ساڵانی ڕابردوو ئەم کارە کەمێک سەختبوو، چونکە مەقەستمان بەکارئەهێنا. بەڵام ئێستا هەموو سەرتاشەکان مەکینەی سەرتاشی بەکاردێنن. ئەم کارە ڕەسەنایەتی خۆی هەیە، سەرەڕای ئەوەی بڕین و مۆدێلاتی تازە پەیدابووە، بەڵام تاکو ئێستاش پارێزگاریم لەو جۆرە ستایلانە کردووە کە میللین و تایبەتن بە کلتوری خۆمان. لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، نزیکی دوو مانگ کارمان نەکرد. بەهۆی ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا، ئیتر ئیشەکەی ئێمە وەستا. بەڵام ناچار لە ماڵەوە کارمان دەکرد، بە پەیڕەوکردنی هەموو ڕێنماییە خۆپارێزیەکان و بەکارهێنانی سەرجەم ماددە پاککەرەوەکان". ...

Humans of Kurdistan - West 07

August 10, 2020

"لە تەمەنی شەش ساڵیمەوە دەستم بە هەڵپەرکێ کردووە، لە منداڵیدا هاوکاری باوکمم دەکرد کاتێک ئەندامبوو لە گروپێکی هەڵپەرکێدا، کاتێک سەرەتا دەستمانپێکرد تەنها پێنج کەس بووین لە سەنتەری ڕۆشنبیری عەفرین. لە هەموو ئاهەنگ و بۆنە نەتەوەییەکاندا بەشداریمان دەکرد، کاتێک بەشداری جەژنی نەورۆزمان دەکرد زۆر دڵخۆشدەبووم، هەستمدەکرد ئێمە جەنگاوەری پاراستنی کلتوری خۆمانین دژی حیزبی بەعسی سوریا. زۆر ئارەزووی هەڵپەرکێی فۆلکلۆریم دەکرد و سەرجەم هەڵپەرکێی ناوچە کوردییەکان فێرببووم و لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بووم بە ڕاهێنەری هەڵپەڕکێ. یەکێک لەو ڕووداوانەی زۆر لەلام یادەوەریەکی خۆشە ئەوەبوو کاتێک تەمەنم دوازدە ساڵان بوو، گروپێکی هەڵپەرکێ هەبوون ئەندامی خوار هەژدە ساڵانیان وەرنەدەگرت، بەڵام من بەشداریم کرد لەگەڵیاندا و پلەی یەکەمم بەدەستهێنا'. ...

Humans of Kurdistan - West 05

August 4, 2020

"شەست و شەش ساڵ بەر لە ئێستا، ماڵەوە ئامێرێکی موزیکی ترەمپێتیان بۆ کڕیم، ئەوکاتە ٢٥٠ لیرەی سورییان پێدا، ئەو پارەیە ئێستا بژێوی ژیانی دوو مانگی خێزانێکی تەواوە، ئیتر هەر لە تەمەنی دە ساڵیمەوە دەستم بە ژەندن کردووە و لای مامۆستا حەسەن تورک فێری موزیک بووم. زۆر سەرسام بووم بە گروپی ئامێرە مسیەکانی سریانیەکانی قامیشلۆ و بەوهۆیەوە ئارەزووی ژەندنم لەلا دروست بوو. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیم کردووە لە دیمەشقی پایتەخت، لە کاتی خزمەتی سەربازیشمدا چەندین ڕێزلێنان و دیاریم لە کاتی نمایشە سەربازیەکاندا لە لایەن وەزیری بەرگری سوریاوە پێبەخشراوە. ئێستاش لە کاری خۆم بەردەوامم و سەرقاڵی دروستکردنی گروپێکی موزیکی سەربازی ئامێرە مسیەکانم تایبەت بە سەربازانی سوپای ( دفاع الذاتي ) لە رۆژئاوا و بەشداریشمان کردووە لە بۆنەکانی ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشدا لە ناوچەکە". ...

Humans of Kurdistan - West 04

August 1, 2020

"کاتێک تەمەنم پازدە ساڵان بوو دەستم بە کاری وێنەگرتنی گەڕۆک کرد، وا نزیکەی ٥٠ ساڵە وێنەی دانیشتووانی قامیشلۆ دەگرم، ئەم کارە هەم وەک خولیایەک و هەم بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان دەکەم. وێنەی هەموو دانیشتووانی ئەم شارەم گرتووە، جوو، ئەرمەنی، سریانی و کوردی ...

Humans of Kurdistan - West 03

July 24, 2020

" شەست ساڵ بەر لە ئێستا، کاری دابەشکردنی رۆژنامەی خەباتم دەکرد کە ئەوکات لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەردەکرا، مەودای ١٣٢کیلۆمەترم بەپێ دەبڕی لە نێوان شار و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. چاوم بە زۆرێک لە کەسایەتییە رۆشنبیرەکانی کورد کەوتووە، لەوانە عوسمان صەبری و جگەر خوێن و چەندانی دیکە کە ئەوکات هاوسەردەمم بوون. بەهۆی کاری ڕێکخستنی حیزبییەوە لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتەی سوریاوە دەستگیرکرام و لەژێر ئەشکەنجەدانی زۆردا هەستی بیستنم لەدەستدا، بەڵام ئەوە بەهیچ جۆرێک نەیوەستاندم لە کاری حیزبی. سەرەڕای ئەوەی ئێستا تەمەنم زیاترە لە نەوەد ساڵ، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆر لە شیعر و هۆنراوەکانی جگەر خوێن و عوسمان صەبریم لە یادە. "مرۆڤ پێویستە پەرۆشی ئەو شتانە بێت کە لە ژیانیدا دەیانکات، منیش سەربەرزم بەم ڕێڕەوە نیشتیمانیەی هەمە". ...

Humans of Kurdistan - West 02

July 16, 2020

"پارکور لە رۆژئاوا زۆر باو نیە، بۆیە هەمیشە تووشی پرسیار و سەرسوڕمانی زۆری خەڵک دەبمەوە کاتێک لە جێگا گشتیەکاندا نمایش دەکەم. کاتێک تەمەنم ٨ ساڵان بوو، لەڕێی فیلمی (District 13)ی فەرەنسییەوە ئاشنای ئەم وەرزشە بووم، خۆشەویستی ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە و ئەم وەرزشەم تێدا مایەوە، بەڵام نەمدەتوانی ئەو جوڵانە دووبارە بکەمەوە. کاتێک تەمەنم گەیشتە ١٦ ساڵ، ویستم بگەم بەو خولیایەی خۆم و دەستمکرد بە سەیرکردنی ڤیدیۆ لە یوتیوب و ڕاستەوخۆ جوڵەکانم دووبارە دەکردەوە. یەکەم ڤیدیۆم لە چەناڵی یوتیوبەکەم لە ساڵی ٢٠١٥ دابەزاند، خێزانەکەم و هاوڕێکانم زۆریان بە دڵبوو، تا ئەو ڕادەیەی هاوڕێکانم زۆریان لێدەکردم کە فێریان بکەم، بەڵام بەهۆی مەترسی جوڵەکانەوە بەردەوام نەبوون. چەندین جار لەکاتی ڕاهێناندا بریندار بووم، بۆیە خێزانەکەم بڕیاریاندا رێگریم لێبکەن، بۆیە تا ماوەیەک بە دزییەوە ڕاهێنانم دەکرد. پلانم هەبوو یانەیەکی تایبەت بەم وەرزشە دابمەزرێنم، بەڵام جەنگ ڕێگر بوو." ...

Humans of Kurdistan - West 01

July 9, 2020

"وا بۆ نزیکەی ٥ ساڵ دەچێت لەگەڵ هەرپێنج منداڵەکەم لێرە دەژیم. هاوسەرەکەم ئالودەی ماددەی هۆشبەر بوو، هەرکاتێک ئەو ماددە هۆشبەرانەی لێبببڕایە لە منی دەدا. یەکێک لە کوڕەکانم لە کاتی کارکردنی لە یەکێک لە خواردنگە شەعبییەکانی قامیشلۆدا پەنجەیەکی لە دەستدا. ئێستا بۆ پەیداکردنی بژێوی خۆم و منداڵەکانم لە بنکەی مانگی سوری کوردی سەرپەرشتیارم و هەندێک جاریش کاری پاککردنەوەی ماڵان دەکەم بەرامبەر بە پارەیەکی کەم. کاتێک جەنگ لە سوریا دەستیپێکرد، هاوکات بوو لەگەڵ ئەوکاتەی هاوسەرەکەم من و منداڵەکانی جێهێشت. هەربۆیە رووبەڕووی خێزانەکەم بوومەوە، بڕیارمدا پارێزگاری لە منداڵەکانم بکەم و هەرچۆنێک بێت بەردەوامی بە ژیان بدەین." ...