Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - East 15

June 29, 2020

"2 ساڵ پێش ئێستا دەستم بە ژەنینی ئامێری گیتار کرد، لە سەرەتاوە گیتاری کلاسیکم دەژەنی، نازانم چاکم کردووە یان خراپ، بەڵام ڕووم کردە گیتاری ئەلیکتریک و شێوازی 'مێتاڵم' هەڵبژارد. تووڕەیی ودوودڵیەک لە مندا هەیە، هاوکات ژەنین بە شێوازی مێتاڵ گرژییەکی تێدایە، وا هەست دەکەم بە ژەنینی ئەو شێوازە لە گیتار، بەشێک لەم تووڕەییەم ساڕێژ دەبێ و هێور دەبمەوە. خولیام ئەوەیە لە داهاتوودا لە گەل هاوڕێکانمدا گرووپێک دروست بکەم کە ناوبانگی بگاتە هەموو لایەک." ...

Humans of Kurdistan - East 14

June 28, 2020

"باسی 30 ساڵ پێش ئێستا دەکەم، لە ستۆدیۆ کامێرایەکمان هەبوو بە ناوی 'Canon AV-1'. ئەم کامێرایە تەنیا یەک سورعەی شەتری هەبوو ئەویش 60 بوو. بەو وەزعەشەوە تەنانەت لایت میەتەرەکەشی ئیشی نەدەکرد، بەڵام وا پێی ڕاهاتبووم زۆربەی وێنەکانم باش دەردەچوون. لە سەرەتادا، یەکەم جار وێنەی شایی ژن و پیاوێکم گرت، پاش بیست ساڵ کوڕی ئەم ژن و پیاوە ژنی هێنا و وێنەی شایی ئەویشم گرت و منداڵی ئەمانیش کە ڕۆیشتە خوێندنگە هێنایان و وێنەی ئەویشم گرت. وەک وێنەگرێک زۆر بابەتی باشم لە دەست داوە و وێنەم نەگرتووە، بابەتی باش وەک کچێکی جوان وایە کە حەزت لێ بێ و داوای نەکەی. ئەمڕۆ و سبەی ئەبێت بە دەزگیرانی کەسێکی تر و چیتر دەستی تۆی پێ ناگا. ئەگەر بابەتێکت پێ باش بوو ئەبێ دەستاودەست نەکەیت و وێنەی بگری، ئەگەریش زۆر سەرکەوتوو نەبووی، لانی کەم ئەوەیە ئەزموونێکت کردووە." ...

Humans of Kurdistan - East 07

June 26, 2020

"برووسکەی خەیاڵی من تەنیا وشەیەک دەیدرەوشێنێتەوە! گا بۆنی سوێری ئاو ئەمخاتە بەلەمێکەوە کە هەست دەکەم لەژێر پێمدا شانەوشان دەکات. لە ئەقیانووسێکی بێ سەروبندا بە شێوازێکی سحراوی ڕەهام، پارێزراو لە سندوقێکی داریندا. ژیانی من ئاوا دەستی پێ کرد، کچێکی هێور بە مێشکێکی پڕ لە ئاوات، ئاواتێکی زۆر گەورە. تا گەورەتر بووم خوولیاکانم دوورتر کەوتنەوە. لە زانکۆی هونەرە جوانەکان لە بەشی وێنەکێشی دەوامم کرد بەڵکو مێکشی نائارامم ئوقرە بگرێت. وێنەم دەکێشا، بەڵام جەبری ژیان ئەوەشی لێ کردم و لێی دوور کەوتمەوە، دوورتر و دوورتر...

Humans of Kurdistan - East 13

June 23, 2020

"جاری وا هەیە کەسێک دێ بۆ لام و پاش ئەوەی ئەزانێ نووسەرم، داوای لێبووردنم لێ دەکات و ئەڵێ، 'ببوورە، نەدەبوایە تۆ پێڵاوی من بۆیاخ بکەی.' پێی ئەڵێم ئەمە کاری منە و جیاوازییەک نابینم لە نێوان خۆم و ئەو کەسەی‌ تردا کە دەبوایە پێڵاوەکانتی بۆیاخ بکردایە. یا کەسی وا هەیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هاوڕێمە و وەک نووسەرێک منی ناسیووە، کە بە ڕێکەوت ڕێی ئەکەوێتە لای من و پێڵاوێک بۆ پینەکردن دێنێ، ئەڵێ: 'ئەوە تۆی خاڵۆ ڕەئووف؟ حەیفە تۆ ئەم کارە ئەکەی!' ناڵێم شانازی بە پینەچیبوونمەوە ئەکەم، بەڵام بۆ حەیفە ئەم کارە بکەم؟ ئەی چیم بکردایە؟ ئاڵتوونفرۆشێک بوایەم چاک بوو؟ [بە پێکەنینەوە] دیارە باشتر بوو ئەگەر وەک نووسەرێک باشتر بژیبام، بەڵام پینەچیەتی و نووسەری دوو ڕەهەندی جیاوازی ژیانی منن. هەوڵم داوە خوێنەرێکی باش بم و تەنزنووسێکی سەرکەوتوویش بم. لە زۆربەی هەفتەنامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنزم بڵاو کردووەتەوە. ئێستا یەکەمین کتێبی تەنزیشم کە ناوی «تەنزیلە»یە، بڵاو کراوەتەوە و من هەر پینەچیم. ئەمە منم و ئەمە ژیانی منە. بەردەوام ئەڵێم: 'چەندەها تەنز هەیە که دەکرا بینووسم...

Humans of Kurdistan - East 12

June 19, 2020

"پێم وایە بەهرەیەک لە مندا هەیە بۆ ئەوەی ببم بە یاریزانێکی باش. ئێستا لە فێرگەیەکی ڕاهێنانی تۆپیپێدا خەریکی ڕاهێنانم. بڕیار وا بوو لە ئەکادیمیای بەناوبانگی ‘کیا’ لە ژێر چاودێریی ‘مەهدی مەهدەوی کیا’، یاریزانی پێشوو هەڵبژاردەی ئێران و یانەی هامبۆرگی ئەڵمانی، تاقیکردنەوەیەکم هەبێت بۆ ئەوەی ئەگەر ئاستێکی باش بنوێنم ئیتر لەو ئەکادیمیایە درێژە بە ڕاهێنان بدەم. ئەمە هەلێکی باش بوو بۆ من، کەچی کۆرۆنا لێی تێک دام و بۆ ماویەکی نادیار دواخرا. پێشتر هاندەری یانەی بەرشەلۆنە بووم و ئێستا بایرن میونخم خۆش دەوێ، بەڵام سەرسامی یاریکردنی تۆنی کروزم لە یانەی ڕیاڵ مەدرید، یاریزانێکی بەتوانا و زۆر باشە و لەو شوێنەدا یاری دەکات کە من پێم خۆشە." ...

Humans of Kurdistan - East 11

June 18, 2020

"لەمێژە ئاواتم ئەوە بوو ئەو کاتە بگات کە وێنەیەکم لە سەر ڕووبەرگی گۆڤارێک یان ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگ لە چاپ بدرێ و بەو هۆیەوە ببم بە شانازی بۆ بنەماڵەکەم. ناوم نەسرین مەشهووریە لە بنەماڵەیەکی مامناوەندیدا لە دایک بووم. باوکم خەیاتی قاتدرووین بوو و دایکیشم کابانی ماڵ بوو. بابم هەوڵی دەدا منداڵەکانی خوێنەوار بن، بە تایبەت شانازی دەکرد کچەکانی خوێندەوارییان ببێ و هانی دەداین وەک براکانمان دەوری کارامان ببێ لە کۆمەڵگادا. سەرەڕای ئەوە کە قوتابییەکی زیرەک بووم، بە هۆی ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 زایینی و زرووفی ئەو کاتەی وڵات، زانکۆکان بۆ ماوەی چوارساڵ داخران و نەکرا بڕۆمە زانکۆ. بڕیارم دا کۆڵ نەدەم و دەستی ئاواتەکانم بەرنەدەم. ئێستا چوار کتێبی ڕۆمان و چەندین چیرۆکی منداڵانم بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی لە چاپ داوە و چەند کتێبی ترم هێشتا مەجالی چاپی بۆ نەڕەخساوە، لەوانە کتێبی «سەقز: پەنجا ساڵ منداڵی» کە لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی ئەرشیفیدا ئامادەی چاپە." ...

Humans of Kurdistan - East 10

June 10, 2020

"پانزەساڵان بووم ژنیان بۆ هێنام. تاقەکوڕی ماڵەوە بووم و پێیان باش بوو زوو سەروسامان بگرم. زۆرم پێ خوش بوو کە ژن دێنم. بنەماڵەی خێزانم دراوسێی ماڵی باپیرم بوون و بە کچێکی باشیان زانی کە بۆم بێنن. ئێستا تەمەنم بیستوهەشت ساڵە و چوار کچم هەیە. گەورەکەیان پۆلی حەوتی مامناوەندییە. چکۆلەکەیان دووساڵانە. وەک چوار پەری سەیریان ئەکەم. ڕاستییەکەی، بیرەوەرییەکی ڕوونم لە چۆنیەتی سەردمی هاوسەرگیریم نییە، بەس جاروبار سەیری فیلمی شاییەکە دەکەین و قاقا پێ دەکەنین، وەک بیرەوەرییەکی خۆشە لامان. لە ڕاستیدا من پیشەگەرم. ئیش بۆ سەیارەی بچووک دەکەم. کاتێ لە جەوی کار وەڕەز ئەبم، کارەکان بە شاگردەکانم دەسپێرم و پەنا دەبەمە بەر ئەم باخە بچکۆلەیە. چاوم لەوە نییە چی تێدا بکێڵم، زیاتر ئەوەی کە ئاسوودەییم پێ دەدا، لام گرنگە." ...

Humans of Kurdistan - East 09

June 5, 2020

"هەر چەند شێتی ئەمڕۆ ناوێکی تازەیە بۆ عەشق، بەڵام بە لای منەوە ئەم شێتییە هەمان عەشقە، خۆشترین شتە. لام وایە عەشق تەنها هۆکارێکە کە ژیانی منی خۆش کردووە و ژیانم هەر وا تازەیە و بەسەرناچێ، بە تەواوی مەینەتییەکان و ئێشەکانی عەشقەوە، بە تەواوی دژواریی عاشقبوونەوە، پێم وەک ئاوڕێکە کە ڕووناکت دەکاتەوە و دەتسووتێنێ. مامۆستا بێسارانی وتەنی: وێنەی پەروانە پڕ مەیل و وەفا/ پەڕەی وەسڵ دۆس بکێشە جەفا/ وێت دە بە ئاویر وێنە و پەروانان/با ج تایفەی مەجنوونت نامان. چۆن سەیری خۆشەویستەکەم کردووە، واش سەیری دونیام کردووە، بۆیە ژیان لای من وەک مانەوە لای یارە و سات بە ساتی بۆم، خۆشە. دیارە خوشەویستی کەسێکی تایبەت ئەم ڕوانگەیەی تێدا دروست کردووم." ...

Humans of Kurdistan - East 08

June 4, 2020

"دۆستێکم فرۆشگەی کامێرای هەبوو، کامێرایەکم لێ کڕی و بووم بە وێنەگر. ساڵی 1997 نزیک بە 20 وێنەگر لێرە وێنەمان دەگرت و ڕکابەری یەک بووین کە کێ کاری جوانترە و کێ موشتەری زۆرتر دێ بۆ لای. گەرمەی بازاڕ بوو و خەڵک هەموی پێی خۆش بوو لە زرێبار وێنەیەک بگرێت، لە ڕۆژێکدا هەر وێنەگرێک زیاتر لە 200 وێنەمان دەگرت و خێرا ئەڵقەفیلمەکەمان دەناردە نێو شار و لە تاقیگەیەک بە قەبارەی 10 بە 15 سم چاپمان دەکرد، ئیشوکار باش بوو. ساڵی پاریش هەر باش بوو، خەڵکی شارانی تر ئەم جلە کوردیانەی کە دامان ناون لە بەر دەکەن و وێنەیەکی کوردانە بە یادگاری دەبەنەوە لەگەڵ خۆیان، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی کۆرۆنا و بارودۆخی ئابووری، گەشتیار نییە و کار زۆر کزە. بە درێژایی ئەم ساڵەنە، بەرەبەرە وێنەگرەکان دەستیان لە کار کشاندەوە و ئێستا لە زرێبار جگە لە من وێنەگری لێ نەماوە و منیش پێم خۆشە وازی لێ بێنم." ...

Humans of Kurdistan - East 04

May 31, 2020

"خوێندنی زانکۆم لە بەشی ئەندازیاریی کارەبا تەواو کردبوو و وەک زۆربەی هاوڕێکانم ماوەیەک بە تەمای ‌ئەوە بووم لە شوێنێکی حکومی دابمەزرێم، کەچی سەری نەگرت. چەند ساڵێک لە ماڵەوە بووم و ژیانی رۆژانە و کاری بێکۆتایی ماڵەوە وەڕەزی کردبووم و خەمۆکی گیانمی تەنی بوو. وەک بووکەشووشەیەک، سەروخوار بە دوای هاوسەرەکەمەوە بووم و بۆ کوێ بڕۆشتایه دوای دەکەوتم. لە خۆم دەپرسی من کێم؟ ⠀ ماوەیەک لە ئینستاگرام پەیجە دروومانەکانم فۆڵۆو دەکرد و بەو شێوازانە قوماشێکی ئاساییم ئەهێنا و بە دەست لێم ئەدووری. بە ڕێکەوت ڕێم کەوتە پۆلێکی فێرکاریی دروومان و بڕیارم دا بە شێوازێکی جددیتر دروومان فێر ببم. لەو ساتەوە دنیای من بوو بە مەکینەی دروومان و قوماش و جۆرەها شێوازی دوورین. هیچ بێتاقەتی و خەمۆکییەکم نەما. هاوسەرەکەم زۆر بەمە خۆشحاڵ بوو. ئێستا سێ ساڵ لەو ڕۆژانە تێپەڕ دەبێ و دروومان هەر خوشەویستی منە و لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەم ئەزموونی خۆم لە گەڵ خەڵکدا دەگۆڕمەوە." ...

Humans of Kurdistan - East 03

May 30, 2020

"پێم خۆشە بگەڕێمەوە بۆ 13 یان 14 ساڵ لەمەوپێشی ژیانی خۆم، واتە ساڵی 2006. ئەو کاتە ژیانێکی باشم هەبوو، لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر باش بووم و کەسانێکی باش ئاموشۆیان دەکردم، بەڵام کە بەسەرمدا هات و ئەو دۆخه خۆشەم نەما، ئەو کەسانەی کە یارمەتیم ئەدان، نەک بە هانامەوە نەهاتن، بەڵکوو بڕێکیان لێم بوون بە دوژمن. ئێستاش ئەگەر بڕۆمەوە ئەو سەردەمە، هەر یارمەتیان ئەدەم، تەنانەت یارمەتی ئەوانەیش کە زیاتر لە هەموو کەس لەگەڵم خراپەیان کرد، تەبا نەبوون لەگەڵم، بەڵام ئەم جارە بە هۆشیارییەکی زۆرترەوە لەگەڵ خەڵک هەڵسوکەوت دەکەم و زیاتر ئاگادار دەبم." ...