Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 17, 2020

"لە سەرەتادا چەند ڕاهێنانێکم دەکرد، بەڵام وا بۆ پێنج شەش ساڵدەبێت وەرزشی لەشجوانی دەکەم، باوەڕم نەدەکرد کە هێندە چێژی هەبێت. زۆربەی کچان وابیردەکەنەوە کە یاری لەشجوانی لەشولاریان دەشێوێنێت و قەڵەو دەبن. بەڵام لەم وەرزشە خۆت خۆت دروستدەکەیت و خۆت لەگەڵ جەستەت کاردەکەیت. لەپاڵ ئەمانەدا یۆگا، تی ئاڕ ئێکس و باقی تری ڕاهێنانەکان کە پەیوەندیان بە لەشجوانییەوە هەیە زۆر بەسوودن. لە ئێستادا ڕاهێنەری پلە سێم، بەلام پێمخۆشە زیاتر کاربکەم و کاری باشتر ئەنجام بدەم و ببمە هۆی سودێک بۆ دەوروبەرم و هاوڕێکانم. لە پەیجی ئینستاگرامەکەم بەردەوام پۆست و ستۆری تایبەت بە وەرزش دادەنێم و زۆرێک لە هاوڕێکانم دەڵێن کە سودمان لێوەرگرتووە و هەتا ئەوانەشی کە پێشتر وەرزشیان نەدەکرد، بەهۆی کارەکانی منەوە ئێستا وەرزش دەکەن. لەهەرکوێ بم، لە کەژوکێو یاخود لە سەفەر و میوانیشبم سوود لە کەمترین کات وەردەگرم و وێنەو ڤیدیۆی فێرکاری دەگرم بۆ پەیجەکەم". "زۆربەی کەس وادەزانن کە کچان وەرزش بکەن، هەڵسوکەوتیان وەکو پیاوانی لێدێت. بەڵام وانیە، من رۆحێکی زۆر هەستیارم هەیە و لە بەرگی کچێنی خۆمدام و هەستەکانم هەر کچانەیە. زۆربەی کات من زیاتر لە هاوڕێ کوڕەکانم هەوڵمداوە بۆ ئەوەی بتوانم لەسەر پێی خۆم بوەستم، بەڵام بەڕاستی ئەوەندەی هەوڵمداوە لە بەرامبەردا ئەوەندە ئەنجامم وەرنەگرتووە. ئێستاش لە بەشی پەروەردەی وەرزشی دەخوێنم، تاکو بتوانم باشتر لە کارەکەم شارەزا ببم و کارەکانم زانستی بێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی دێنە لام زیاتر یارمەتییان بدەم و کۆمەکیان بکەم و لە یەک خاڵدا نەوەستم. پێمخۆشە هەموو کەس وەرزش بکات بۆ تەندروستییەکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر". ...

Humans of Kurdistan - East 26

August 14, 2020

"هەر وڵاتێک بە پێی دابونەریتی خۆیان بۆنەی سەری ساڵ دەگێڕن و هەر کەسێک بە شێوازێک بەڕێوەیدەبات. بەڵام بەڕای من ساڵی نوێ بۆ هەر مرۆڤێک ڕۆژی لەدایکبوونی خۆیەتی، چونکە ئەو ڕۆژە دەسپێکی ساڵێکی تازەیە لە تەمەنی ئەو. واتە ساڵێک بۆ تەمەن و ئەزموونی ژیانی ئەو زیاد دەبێت و ڕۆژێکی گرنگە. دیارە کەس بە دەستی خۆی نییە لە چ ڕۆژێک دا لە دایک دەبێت، بەڵام ئەوەی کە فرسەتێکی کورتت پێدەدرێت لە دونیادا بژیت، فرسەتێکی شیرینە. ئەم ڕۆژانە کە ڕۆژی لەدایکبوونی منبوو، یەکێک لە خۆشترین بۆنەکانی تەمەنم بوو، نازانم چۆن بڵێم کە چەند دڵم خۆشە". ...

Humans of Kurdistan - East 25

August 11, 2020

"وامدەزانی کاتێک منداڵەکانم پێدەگەن و خێزان پێکدێنن، هیچ نەبێت هەر لەم شارەدا دوور و نزیک لام دەبن. کوڕەکانم و بوکەکانم لێمکۆدەبنەوە و ساتێک بەتەنها نابم و خێزانێکی گەورەتر پێکدێنم و گەرموگوڕییەک لەم ژیانەمدا دەبێت، پاڵی لێدەدەمەوە و دەحەسێمەوە. ئێستا هەرکامێکیان لە وڵاتێک و سوچێکی ئەم دنیا پان و بەرینەدان و منیش بەتەنها دەژیم. هەموو بیرەوەرییەکی پێکەوەبوونمان دەگەڕێتەوە بۆ لاپەڕەی ئەلبوم و وێنە کۆنەکان. بەڵام شوکری خوا دەکەم و ناڕازی نیم کە سەلامەتن و ژیانیان باشە و لێم دەپرسن". ...

Humans of Kurdistan - East 24

August 8, 2020

"ناوم وریایە، چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیارمدا ئەنجومەنێک بۆ پاراستنی ئاژەڵان دابمەزرێنم، هاوکات بۆم دەرکەوت کە زۆرێک خەڵک هەن ئاژەڵیان خۆشدەوێت بەڵام من تاوەکو ئێستا نەمناسیون. ئێستا خەریکی تیمارکردنی ئاژەڵانم، جۆرەها ئاژەڵ دەهێننە لام، وەک: گورگ، ڕێوی، کەمتیار، مار، ورچ و هەڵۆ. دەتوانم بە شانازیەوە بڵێم بەتەنها ئەنجومەنێکم ڕێکخستووە کە بە شێوەیەکی زانستیانە و پسپۆڕانە لە کەرتی ئاژەڵە کێویەکاندا چالاکی هەیە. لە منداڵیەوە ئاژەڵم خۆشویستووە، بیرمە کاتێک لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم، خەرجی رۆژانەم ئەدا بە کێک و لەنزیک هێلانەی مێرووەکاندا دەموەراند، زۆر کەیفم پێدەهات کاتێک دەمبینی وردە کێکەکانیان بەرەو هێلانەکانیان ڕادەکێشا. بەهەمان شێوە، کاتێک گەورەبووم هەرکاتێک ئاژەڵێکی برسیم بدیایە لەسەر شەقام خواردنم بۆ دەبرد، هەندێک کات لەگەڵ ئاژەڵانی سەرشەقام ئەمامەوە و کاتم بەسەردەبرد، چونکە ماڵەوە ڕێگەیان نەدەدا هیچ ئاژەڵێک بەخێوبکەم". ...

Humans of Kurdistan - East 23

August 5, 2020

"ساڵی 1976 ژنم هێنا. پێنج ڕۆژ و پێنج شەو شاییمان گێڕا. دەتوت دەرودونیا هاتوونەتە سەیری شاییەکەمان. (بلچەسوور) گوندێکی سەر بە ناوچەی کۆماسی مەریوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شوێنی دەرزییەکی تێدا نەدەبۆوە. حەمە مەلای دەرزیانی گۆرانیبێژمان بوو. خەڵکی ئەو سەردەمە زۆر فەقیر بوون. پێم سەیرە ئێستا باسی گرانی دەکرێ! خەڵک دەستێک جلی هەبوو کە شایی و شیوەنی پێوە دەکرد. نەبوون بووین و نەبوونی دەستی نەدەدا تەنانەت پێڵاوێکی ڕێکوپێکیش لە پێبکەین، بەڵام دڵمان خۆشبوو و لەشمان ساغبوو. بەڵام ئەوە ئێستا پێنج ساڵە بەدەست نەخۆشی لاقمەوە دەناڵێنم و ئارامی لێ بڕیووم". ...

July 31, 2020

"هەر مشتە خاکێک هەڵدەگرم، دەیخەمە لەپی دەستمەوە و بیردەکەمەوە ئەم خاکە چی تێدایە و بڕیارە چی پێدروستبکەم؟ جۆرێک لە پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانماندا هەیە. پێش ئەوەی هەر زەرفەگڵینەیەک یاخود دەستکردێکی گڵین دروستبکەم، خۆم دەچم خاکەکەی دێنم، چونکە ناکرێت کارێک دروستبکەم و نەزانم خاکەکەی هی کوێیە و ناسنامەکەی نەزانم. خاک لە پارچەی وردبوو دروست دەبێت، ڕەنگە ئەو خاکەی دەیهێنم جەستەی بەخاکبووی مرۆڤێک بووبێت و مشتێکی گەشتبێتە لای من. من بەرپرسیارم لەوەی کە ئایا ئەم خاکە مەیلی هەیە ببێت بە چی؟ ئەو مرۆڤەی خاکەکەی بەجێماوە، بەبێ ئەوەی من ئاگاداربم، ڕازیە ئەو شکڵەی لێدروستبکەم کە خۆم دەمەوێت؟" "زۆرجار بێ ئەوەی بیربکەمەوە، مشتێک خۆڵ هەڵدەگرم و مەجال دەدەم خۆڕسکانە لەناو دەستەکانمدا هەڵکشێت، ئەگەر شلبێتەوە ڕێی لێناگرم و سەیریدەکەم بزانم بە چ شێوازێک خۆی دەنوێنێت. سەیرە کاتێک خاکێکی مردوو دێنیت و ئاو دەکەیت بە دەمیەوە و زیندوویدەکەیتەوە. ئەمە شێوازی کاری منە و پشتم بە خۆڕسکی بەستووە لە کارەکانمدا، هەرکات کارێک دروستدەکەم و کڕیارێک لێم دەکڕێت، پێیدەڵێم هەرکات شکا، تکایە بۆم بهێنەرەوە. هەربۆیە کارگەکەم پارچەی شکاوی زۆر تێدایە، پێمخۆشە کە دوای ئەوەی سەفەرێک لەگەڵ کڕیارێکدا دەکات، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە لای خۆم." ...

Humans of Kurdistan - East 21

July 30, 2020

"هەمیشە پێمان وایە خواردن ئەگەر چەور و سوێر بێت بەتام و بەلەزەتە، بەگشتی ئەم بنەمایانە لەلامان بووە بە مەرج و وامان لێهاتووە کە شێوازی تازە بۆ خواردن دروستکردن تاقینەکەینەوە. زۆرێک لە بەهاراتەکان ناناسین و زۆر کەم بەکاریاندێنین، بادیان ڕۆمی، ئۆریگانۆ، مێخەک و مەرزەی کێوی و چەندین بەهاراتی دیکە کە چێژ و تامێکی نایاب بە خواردنەکان دەبەخشن. تۆزێک زیرەی ڕەش بکە ناو شلەوە یاخود کەمێک دارچینی بخە ناو شلەی قیمەوە بزانە چ تامێکی خۆشی پێدەدات. من زیاتر سماق بەکاردێنم، چونکە هەم سەلامەتە هەمیش بەتامە. هەرکەس خواردنی دەستی من بخوات، ڕاستەوخۆ بە تامی بەهاراتەکەدا دەزانێت من دروستم کردووە." ...

Humans of Kurdistan - East 20

July 27, 2020

" بۆ ئەوەی لە وانەی ڕاستەقینەی ژیان تێبگەم، بە لەدایک بوون و مردنی بێشوماردا تێپەڕیوم. واتێگەشتووم کە هەر مرۆڤێک هەڵگری پەیام و ئەرکێکی تایبەت بە خۆیەتی و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو هاتۆتە دنیاوە. لام وایە ئەرکی من لەم دونیایەدا میهرەبانیە. بەڵێنم داوە کە هەموو ساتەکانی ژیانم هەوڵ بدەم بۆ یارمەتیدان و بزە خستنە سەرلێوی دەوروبەرم، تاکو بتوانم ئومێدیان پێببەخشم. ئەم بەڵێنەش ئەرکی منی گران کردووە. کاتێک دونیا لەلام جوانە، کە منداڵەکان لە ئاشتیدا دەژین، دایکان و باوکان لە باوەربەخۆبوون و ژیانێکی هێمندان و هەمووان دڵخۆشن." ...

Humans of Kurdistan - East 19

July 23, 2020

"هەڵسوکەوت و بیروباوەڕی مرۆڤەکان خۆیانە کە وا دەکات دڵخۆشبن، هەربۆیە ئەرکی ئێمەیە ئەم ڕێی شادمانییە وەک میرات بدەینە نەوەی داهاتوو، فێری پێکەنینیان بکەین و پێیان بڵێین کە کاتی خەمۆکی نیە. بە بڕوای من هەموو مرۆڤێک شایەنی ئەوەیە دڵخۆشبێت و ڕەوا نیە کەس خەمبار بێت، پێویستە تاکو لە ژیاندایت ئەوەندە کات و ساتی خۆشیت بۆخۆت دروستکردبێت کە هەرکات خەیاڵت کردەوە، تەنها ساتە خۆشەکانت لەبیربێت. ئەگەر زەماوەندێک بێت یاخود بۆنەیەکی لەدایک بوون یان هەر بۆنەیەکی دیکە، ئەمانە وەک بیرەوەری جوان دەچنە زەینی تۆوە. پێشتر ئینستاگرام ڕێگەیەک بوو بۆ کات بەسەربردن، بەڵام ئێستا بۆتە بەشێک لە ژیانم، لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە دەتوانم ساتە خۆشەکانم پیشانی کەسانی دیکە بدەم و کەمێک دڵخۆشیان بکەم." ...

Humans of Kurdistan - East 18

July 18, 2020

"یەکێک لەو گرفتانەی کە لە ژیانمدا هەبووە، ترس بووە! ترس لەو کاتانەی لە دەستم داوە و ئەو شتانەی کە دەبوو بمکردنایە. کاتێک بیر لە ڕابردووم دەکەمەوە، سەیردەکەم زۆربەی ئەو شتانەی لێیان ترساوم ڕوویان نەداوە و ئەو ترسانه تەنیا کاتەکانی لێ سەندووم و مەجالی نەداوم ژیانێکی ئاسوودە بژیم. پێم وایە زۆرێک لە مەترسییەکان ڕوونادات، بڕێک شت لە دەستی ئێمەدا نیە. تۆ دەبێ کاری خۆت بکەیت و چیت لە دەستدێ بیکەت، ئەوی تری بدەیتە دەست قەدەر و چاوەڕێ بکەیت بزانیت چی ڕوو دەدات. ئێستا من لە داهاتووی خۆمدام و ترسەکانم هیچی وەهایان پێنەدام کە ئێستا بە کەڵکم بێت، تەنیا وایان کردووە بە زۆر شت نەگەم. ئەمەش ڕاستییەکە کە بڕێک کار لای تۆ ئاسانە و لای خەڵک دژوارە و بڕێک شت لای تۆ دژوارە بۆ کەسێکی تر ئاسانە. ئەمە ژیانە باشتر وایە لە بیرۆکەکانت نەترسیت." ...

Humans of Kurdistan - East 17

July 15, 2020

"وەرگیران لە زانکۆ ڕێگایەکی دژوارە و هەوڵدانی زۆری دەوێت. کچ و کوڕانی هاوتەمەنی من دەبێت بێوچان سەریان بەسەر چەندەها کتێبەوە بێت و لە زۆرێک میوانی و هاتوچۆ خۆیان بێبەش بکەن. تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ بۆ منی خوێندکار زۆر چارەنووسسازە. لێرە شێوازی چوونە زانکۆ تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە جگە لەوەی هەوڵێکی باش بدەم و ئامادەکاری زیاتر بکەم، ڕێگایەکی تر شک نابەم. بوونی ئامانجێکی ڕوون یارمەتیداوم کە زیاتر تێبکۆشم، هەرچەند زۆر بەربەستیش لە ڕێگامدا بێت بەڵام هەوڵ ئەدەم بە پلە باڵاکانی خۆێندن بگەم." ...

Humans of Kurdistan - East 06

July 11, 2020

“شەوێکی دووشەممە بوو، دۆستێکی خێزانەکەمان کە کاری دانانی موزیکی دەکرد لە ماڵمان بوو، لەگەڵ دایکم بڕیاریاندا بمبەنە ستۆدیۆ و گۆرانییەکی ئینگلیزی تۆماربکەم. من ئەوکاتە لە پۆلی دووهەمی سەرەتایی بووم و تا ئەو کاتە ناو ستۆدیۆم نەبینیبوو، دوای ئەوەی کە گۆرانییەکەم وت و کاری تۆمارکردن کۆتاییهات، پێش ئەوەی لەگەڵ موزیکدا تێکەل بکرێ و وردەکاریەکانی کۆتاییبێت، دەنگە تۆمارکراوەکەی خۆمم بیست، زۆر لەلام ناحەز بوو، ڕاستی لام سەیر بوو خێزانەکەم چۆن دەنگی منیان پێخۆشە!؟ بەڵام کە کارەکانی دیکەی بۆکرا و لە گەڵ موزیک دووبارە بیستمەوە، ئەمجارە گوتم ئا...