Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 21, 2021

"لەڕابردوودا ڕژێمی سوریا خوێندنی کوردی قبوڵ نەدەکرد، هەرکەسێک کوردی بخوێندایە دەستگیریان دەکرد و دەیان ڕفاند. ئەوە ئەو شتەیە کە باوکم دەیگوت کاتێک کە من منداڵ بووم. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، دامەزراندنی دامودەزگاکان و دەرکردنی ڕژێمی سوریا لە ساڵی 2012، پرۆسەی فێرکردنی مەنهەجی کوردی دەستیپێکرد و من بە کوردی دەستم بەخوێندن کرد و زۆر هەوڵمدا بەپشتیوانی خێزانەکە سەربکەوم چونکە باوکم و دایکم مامۆستا بوون. لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا سەرکەوتم و پلەی یەکەمم بەدەستهێنا لە شاری قامشلۆ ئێستا لە زانکۆی ڕۆژاڤا لە قامیشلۆ پزیشکی دەخوێنم بۆ ئەوەی دواتر بتوانم یارمەتی خەڵکی شارەکەم بدەم". ...

September 20, 2021

"باوکم ئیمامی مزگەوت بوو، لەبەر ئەوەی لە خێزانێکی ئایینی گەورە بووم بە شوێنپێی ئەواندا ڕۆشتم و لەتەمەنی گەنجیدا یاسای ئیسلامیم خوێندووە. دواتر بووم بە ئیمامی مزگەوت. بەڵام 70 ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی حەز و خۆشەویستیم بۆ چاککردنەوەی کاتژمێر، بڕیارمدا دوکانێک بکەمەوە و بژێوی خۆم دابین بکەم. باوکم جارێک پێی گوتم: کوڕم من زۆر باش دەتانناسم، پارە لە خەڵک وەرناگریت بۆ ماندوبوونی دەستەکانت، ئەمەش وادەکات لەرووی مادییەوە زەرەر بکەیت. بەڵام پێمگوت ئەگەر پارەش وەرنەگرم دوکانێک دەکەمەوە و خزمەت بە خەڵک دەکەم. بۆیە باوکم رازیبوو و لەوکاتەوە دەستمکردووە بەم کارە هەتاکو ئێستا. دوای مردنی باوکم گەڕامەوە بۆ ئەوەی لەدوای ئەو ببمە ئیمامی مزگەوت، لەوکاتەوە تاوە ئێستا کاری چاککردنەوەی کاتژمێر دەکەم و ئیمامی مزگەوتیشم. ئێستا چاوەکانم بەرەو لاوازی دەڕۆن، ئەوەش کارەکەمی لاواز کردووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەریکم. هەلومەرجێکی زۆرم تێپەڕاند، بەڵام پابەندبووم بە پیشەکەم، ناسنامەکەم و کارەکانم وەک ئیمامی مزگەوت مایەوە". ...

September 15, 2021

"ئێمە هاوژینی یەکین و بە شێوازی ئەکادیمیک زمانی ئینگلیزیمان خوێندووە و پیشەی خۆمان فێرکاری زمانی ئینگلیزییە، هەمیشە دڵەڕاوکێمان بووە لەسەر کزی زمانی دایکمان (زمانی هەورامی) کە بەداخەوە نەبوونی میدیا بووەتە هۆی ئەوەی کە قسەکەر بە زمانی هەورامی، کە زمانی دایکمانە لە بیرمان بچێتەوە. زۆرکات دەمانبینیی کە منداڵانی هەورامی ڕوو ئەکەن لە قسەکردن، چونکە پاراو سۆرانی نازانن. ساڵی ڕابردوو ویستمان ئیشێکی جیاواز دەستپێبکەین تا هەم زمانی هەورامی زیندوو بکرێتەوە و هەم بە شێوەزارێک منداڵان و گەنجانی داهاتوو شەرم نەکەن لە هەورامیبوونیان و لە ڕێگای زانستییەوە زمان و کلتووری خۆیان بناسن و سەری بەرزبکەنەوە.". "ئێمە وەکو یەکەم کەسانێ کە لەم ڕێگادا هەنگاو هەڵدەگرن، هاوژینم کە ماستەری زمانناسییە و خۆی خەڵکی هەورامانی تەختە، توانیمان لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا(ئینستاگرام) ڤیدیۆی ئینگلیزی-هەورامی دابنێین. بۆ هەنگاوی دووەم بە زمانی ئینگلیزی-هەورامی، دێهات و هەوارگەکانی هەورامانمان بە شێوەی کورتە دۆکیومێنت لە سەر ئینستاگرام دابەزاند تا لە پاڵ ناساندنی زمانی هەورامی، خەڵک دێهات، هەوارەکان، میعماری و جیاوازی گوندەکان چە لە بواری زمانی و چە لە بواری هەڵسو‌کەوت، ڕێو‌ڕەسم و ئایینەکانی هەورامان بناسێنین بە جیهان. هەنگاوی سێەم کە نوێترین پڕۆژەمانە، دامەزراندنی یەکەمین فەرهەنگی دەنگی و وێنە(هەورامی-ئینگلیزی)ە". ...

September 13, 2021

"له‌ ده‌ستپێكی كاركردنم له‌گه‌ڵ باوكم به‌ چه‌ند ئامێرێكی ساده‌ ته‌حینمان دروست ده‌كرد. بیرمدێت ئه‌و كاته‌ ئاشی ته‌حینه‌كه‌مان به‌ ئاو كاری ده‌كرد و كونجییه‌كه‌شمان به‌ دار و ئاگر ده‌برژاند. رۆژانه‌ به‌ ماندووبوونێكی زۆر به‌رهه‌مێکی کەممان هه‌بوو. سوپاس بۆ خوا له‌ ئێستادا كارگه‌كه‌مان له‌ گونده‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ شارەدێی قه‌سرۆك له‌ سنووری پارێزگای دهۆك. له‌ ئێستادا خۆم و براكانم پێکەوە کاردەکەین و رۆژانه‌ زیاتر له‌ ته‌نێك كونجی ده‌كه‌ینه‌ ته‌حین و رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار کیلۆ تەحین بەرهەمدەهێنین. به‌شێكیان له‌ كونجی خۆماڵییه‌ و به‌شێكیش كونجی له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كه‌ین. ئاووهه‌وای هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ بۆ به‌رهه‌می كونجی به‌ڵام بەهۆی به‌هێزی و زۆربوونی رێژه‌ی چه‌وری له‌ كونجی هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ به‌شێكی كونجی له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كه‌ین. ئێستا به‌رهه‌مه‌كه‌مان بۆ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كه‌ین و به‌هۆی پاکوخاوێنی و باشی جۆری ته‌حینه‌كه‌مان خواستی زۆری له‌ سه‌ره‌. هەستێکی زۆر خۆشم هەیە چونکە بەرهەمی ماندووبوونی چەند ساڵەمان دەبینم و شانازی بە خۆمەوە دەکەم". ...

September 11, 2021

"ڕۆژانە لەگەڵ هاوڕێکانم لەو چۆڵەوانییە خەریکی یاریکردنین. زۆرجار گەورەکان گلەییمان لێ دەکەن کە ئێرە شوێنی یاری نییە و هەڵە دەکەن لێره ئەو هەڵبەز و دابەزە دەکەن، بیانووەکەشیان ئەوەیە شوێنەکە هەمووی گڵە و جلوبەرگمان پیس دەبێ یان مەترسی دوکەڵ و گڕی ئەو بیرە نەوتانە کاریگەری لەسەر تەندروستیمان دەبێت. ئێمەش دەزانین وایە بەڵام دەبێ ئەوانیش ئەوە بزانن کە ئێمەش منداڵین و حەزمان هەیە. کە شوێنێک نەبێت بۆی بچین ناچارین لێرە یاری بکەین. لەکۆڵان کۆدەبینەوە لەترسی شۆفێرە تیژڕەوەکان ناوێرین یاری بکەین. وەک وڵاتانی تریش کە شوێنی یاریکردنمان نەبێ تێیدا پارێزراو بین مەجبورین ڕوو لە شوێنێکی ئاوا بکەین. هیوادارم حکومەت بتوانێ کۆمەڵێ سەنتەر و یاریگای چیمەنمان بۆ دروست بکات بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین ئەو بەهرەیەی هەمانە لەڕووی وەرزشییەوە پەرەی پێ بدەین". ...

September 9, 2021

"تاقانەبوون ئەو کاتانە زیاتر هەستی پێدەکرێت کە خەڵک و دەروبەرت هەموو کات پێت دەڵێنەوە و بەبیرت دەهێننەوە کە گوایە تۆ کەسێکی تەنیا و بێ پشتیت. دەنا من تاقانەم و هەموو کات پێم وابووە کە مرۆڤ خودی خۆی پاڵپشتی خۆیەتی لەهەموو ڕوویەکەوە. بۆیە تۆ کەپێتوابوو کە خاوەنی برایەکی زۆر بوویت، ئیتر نوقسانیت لەهیچ شتێک نابێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان تۆ کەسێکی کامڵیت. لێرەوە من پێت دەڵێم زۆر هەڵەیت. سەد برا بەقەد دایک و باوک ناتوانن ببن بەچەتری سەر سەرت. تاقانەیی هەتیوی نییە، بێ دایک و باوکی هەتیوییە...

September 5, 2021

"30 ساڵە هەموو رۆژێک سەردانی مزگەوتی گەورە ئەکەم و لەوێ نوێژەکانم دەکەم. هەر 30 جوزئەکەی قورئانم لەبەرە. بیرمە چاوم ساغ بوو و لە لادێ دروێنەی گەنم و جۆم دەکرد و دارم دەبڕییەوە، بەلام کە چاوم لە دەستدا زۆر ناخۆشبوو ئیتر نەمتوانی هیچ بکەم. ساڵی 1953 هەردوو چاوەکانم بەهۆی چاوئێشەوە لەدەستدا. بڕوام بەوەنییە جارێکی تر چاوم چاکبێتەوە چونکە گلێنەکەشی نەماوە، بەڵام ئەوە مەیلی خوایە و ئەگەر بیەوێت لە بەردیش چاو دروستدەکات. ساڵی 1959 چوومە داوای ئامۆزایەکی خۆم و هاوسەرگیریمان کرد، خزمەتێکی زۆر باشی دەکردم و شکور بۆ خوا پێنج کوڕ و پێنج کچم هەیە. هەموویان باش ئاگایان لێمە و تا ئێستا هەستم بەوە نەکردووە کە چاوم نییە و زۆر خزمەتم دەکەن. رۆژی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە دەچوومە مزگەوت بۆ ئەوەی بانگ بدەم، گەیشتمە بەر دەرگای مزگەوتەکە و دەنگی تەیارە پەیدابوو، هەموو خەڵکەکە ڕایانکرد و منیش کوڕەکەم دەستی گرتم و چووینە ژێرزەمینێکەوە. خزم و کەسێکی زۆرم بەهۆی کیمیاییەوە لەدەستدا. ئەگەر بیناییم هەبوایە حەزمدەکرد ئەولیاکان ببینم، کاک ئەحمەدی شێخ و هەموو ئەو خەڵکە ببینمەوە کە دەیانناسم". ...

August 31, 2021

"ماوەی 40 ساڵ زیاتر بەرێوەبەری خوێندنگە بووم، مووچەکەمان زۆر کەم بوو ئەو کاتە، لەگەڵ ئەوەشدا من وازم لە کارکردن نەهێنا، چونکە من لە خۆشەویستیدا پیشەی مامۆستاییم دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٩ سوپای ئەو موسڵمانانەی کە لە ژێر ئاڵای تورکیا کاریان دەکرد هاتنە ناوچەی سەری کانی و بە تەواوەتی دێکەیان وێران کرد. ناچار بووین کۆچ بکەین و جێ بگۆڕین. بارودۆخم زیاتر خراپ بوو کاتێک گواستمەوە بۆ ناو کەمپ، هیچمان بە دەستەوە نەما، دێیەکەمان وێران بوو و من لێی دوور کەوتمەوە، تەمەنم زۆر بوو، ئەوەندەم نەخۆشی هەیە ناتوانم تاکو دەرەوەی خێمەکەش بڕۆم، زۆر خەفەت بۆ ڕۆژانی گەنجیم دەخۆم. من بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە گەلێک نەخۆشیم لەگەڵدایە، ٢ جار هاوسەرگیریم کردوە بەڵام خودا منداڵی پێنەبەخشین، لە گەڵ ئەوەشدا من باوەڕم بە خودای گەورەیە و دەڵێم سوپاس بۆ خودا". ...

August 29, 2021

"زۆرن ئەو کەسانەی بە بیانووی نەبوونی کەسابەت بێ ئیشوکارن. پیاو مەبەستی کاسبی بێت لەدەمی شێریش بێت نان پەیدا دەکات. من خەڵکی حاجیاوەم و ئێستاش دانیشتووی ئەوێم. بەهۆی ئەوەی ئیشوکار لەو ناحیەیە سنووردارە. وەکو پێویست بایی هەموو کەسێک کار و کەسابەت نییە. ئێ خۆ ناشکرێ هەموومان هەر چاوەڕێی تەعینات بکەین، بۆیە چەند ساڵێکە لە سماقوڵی ئەوسەر ڕێگایەم بە شوێنێکی باش و شیاو زانی بۆ فرۆشتنی جۆرەکانی میوە. میوەکانم بەپێی وەرزەکانیش دەگۆڕم، شارەزای تەبیعەتی گەشتیارەکانیش بوومە، ئەوان بەگشتی حەزیان بەو میوانەیە کە بەدەم ڕێگاوە لەناو سەیارە دەخورێت وەک؛(هەڵوژە، ڕێواس، شلک و قەیسی و شاتو و ترۆزی و هتد ...

August 28, 2021

"من لە خێزانێکی کراوە گەورە بووم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان ٣ ساڵ لەمەوبەر تەماشای تیپی مۆسیقای مسم کرد لە کاتی ئاهەنگی فەرمیی نیشتیمانی، کارامەیی و جلوبەرگ و دیسپلینیان زۆر سەرنجی ڕاکێشام. ئەمە پاڵنەرم بوو تاوەکو مەشق بکەم و بچمە نێو ئەم تیپە، ماڵەوەمان ڕێگریان لێ نەکردم بەڵکو پشتگیریشیان کردم. ئەوەی ئاواتەخوازی بووم پێی گەیشتم کاتێک بەشداریم کرد و بووم بە ئەندامی سەرەکی تیپەکە و ئێستا بەشداری دەکەم لە هەموو ئاهەنگە فەرمییەکان دەکەم. دووچاری ناخۆشی و بێزارکردنی زۆر بوومەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە لەبەر ئەوەی من مێینەم، بەڵام خێزانەکەم پاڵپشتم بوون و خۆشـم باوەڕم بەوە هەبوو کە ئەنجامم دەدا، بۆیە وەڵامی ئەوانم نەدەدایەوە. لە ئێستاوە تاوەکو شۆڕشەکەی ڕۆژئاوا، کە لە هەمان کاتدا شۆڕشی ئافرەتانیش بوو، ژنان توانیان بەشداری بکەن لە گشت بوارەکاندا، بوون بە خاوەنی ئیرادەی خۆیان". ...

August 26, 2021

"هەر لە منداڵییەوە بە نەقاشی عەلاقەم بوو و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە مەدرەسەوە دەس پێبکەم بە کاری هونەری و لە دەبیریستانەوە لای ئوستادانێکی وەکو ئەکبەری مەنسووری کە بەناوبانگەکان بوو لە وێنەکێشاندنا لە کوردستان دەستم بە کارکرد. بە تێعدادی ئەو کەسانەی کاری هونەری دەکەن تاریف جۆراوجۆر هەیە، بۆ من هونەر بە مەعنای باش ژیان بەسەربردنە ئەمەش لە لای هەر کەس مانایەکی هەیە .حزوری هونەر لە تەواوی بەشەکانی ژیانی هونەرمەند ئەبێتە هۆی ئەوە کە ئینسان بتوانێت خۆی لەگەڵ رەوشت و شوێن و زەمان تەتبیق بدات. هونەر ئەبێتە هۆی گەورەبوونی لە ژیان، ئەبێتە هۆی ئارامش و ناسینی دنیا بە شێوازێکی تر و ئەرزش نیان بۆ تەواوی شتەکانی دنیا". "یەکێک لە باشترین کارەکانی من کار لە سەر بەرد و کێوەکان بووە، بەشێکی زۆر گرینگ لە ژیانی مەردمی هەورامان کە بە بەرد یان کوچک ژیانیان سازاندووە. لە بیرم دێت بۆ ئێمە کە لە گوند بووین و لە بنەماڵەی فەقیر بووین ئیمکانی ئەوە نەبوو کە بڕۆینە کلاس و هەر ئەوکاتە بوو کە بۆ یەکەمجار بۆ کار ڕۆیشتمە تاران و ئەوەڵین کارێک کە دایان پێم بە پاچ کەندن قیلەتاو سەر خیابان بوو. هیچکات ئەوەم بیرناچێت ئێوارە لەبەرئەوەی ئەوندە کارم کردبوو خوێن لە دەستم دەهات و ئەمە بوو بە دەسپێک بۆ ژیانی پڕ رەنج کە لە ساڵانی داهاتوو هەر زیاتر و زیاتر دەبوو. تکراری ئەمانە بوو بە هۆی ئەوە کە من گەورە بم و ژیانێکی پڕ تەجروبە تەجرووبە کەم". ...

August 1, 2021

"ئه‌وكاته‌ى ته‌مه‌نم 11‌ ساڵ بوو، له‌سه‌ر شاشه‌ى تیڤى سه‌یرى یارى كاراتی و كۆنفۆم ده‌كرد. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌رده‌مە نه‌ كه‌ناڵی ئاسمانى هه‌بوو نه‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى، زۆرجار له‌ شه‌ودا سه‌یرى فیلمى كۆرى و یابانیم ده‌كرد، له‌ دڵی خۆمدا خۆزگه‌م ده‌خواست منیش به‌م هونه‌رە ئاشنابم. قه‌ت لەبیرمناچێت دایكى خوالێخۆشبووم به‌ فه‌ردە و په‌ڕۆ هاوشێوه‌ى بالیفێكى بۆ دروستده‌كردم له‌ سه‌قفى ماڵه‌وه‌م ده‌به‌ست و رۆژانه‌ دوو بۆ سێ كاتژمێر راهێنانم دەكرد. تاوەکو واى لێهات به‌ ده‌نگهه‌ڵبڕین و چوونە ناو قوڵایی یارییه‌كه‌ دراوسێكانیشمان ئه‌یانزانى من شه‌یداى ئە‌و‌ یارییه‌ بووم. ساڵی 1999 له‌سه‌ر ده‌ستى دوو راهێنه‌رى خاوه‌ن كه‌مه‌ربه‌ندى ره‌ش زیاتر له‌ ساڵ و نیوێك له‌ژێر ده‌ستى ئه‌وان یارى كۆنفۆ و كاراتیم ده‌كرد. دواتریش هه‌ردووكیان ماڵیان گواسته‌وه‌ چوون بۆ هه‌ولێر. ئێمه‌ زیاتر له‌ 20 یاریزان بووین بێ راهێنه‌ر ماینه‌وه. جێگه‌ى داخه‌ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ته‌نیا تۆپى پێ به‌ وه‌رزش داده‌نرێت و وەرزشەکانی تر پشتگوێ خراوە. ئیتر لەو یارییە دوورکەوتمەوە و ئێستاش هەرکاتێک یاریزانێکی کاراتی دەبینم لە تەلەفزیۆن دڵم پڕ دەبێت". ...