Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

July 30, 2021

"لەسەر سنووری بازەرگان بەینی ئێران و تورکیا خەریکی کار لە سەر فیلم بووین، ئێوارە بوو و خۆر خەریکبوو دەنیشت. سەربازێک لە سەر گۆیاری بوو لە دڵم گۆتم چەن خۆشە ئەو سەربازە کە دەتوانێ هەموو ئێوارەیەک خۆرەزەرد ببینێت. چەن چرکەیەک تماشایم کرد دۆستانم هەموو رۆیشتن و لە من دووربوونەوە، من هەر تمشای سەربازەکەم دەکرد بەڕێگەچوونی دیار بوو کە زۆر پەشێو و ناراحەتە و خەمی لێ دەباری. کە چی چاوی کەوت پێم بزەی پێکەنینێک هاتە سەر لێوی کە دیتم منیش بە پێکەنینێک و دەس تەکاندانێ وڵامیم دایەوە و ئەویش دەسی بۆم تەکان دا و دوایی هەنگاوەکانیم بینی کە توندتر و بەهێز بوو دیتم کە بە تەواوی ئەو بنیامە گۆڕا. ئەبێ بە سینەما بڵێم سپاس بۆ تۆ کە کارێکت کرد شادی و خەونەکانی مرۆڤان لە نزیکەوە ببینم و بۆ شوێنی جۆراوجۆر بڕۆم تا هەستی مرۆڤەکان بناسم". ...

July 12, 2021

"دوای هێرشی تورکیا بۆ سەریکانێ ماڵمان بەجێهێشت و لە حەسەکە نیشتەجێ بووین. بەهۆی کۆچکردن و ناڕەحەتییەکانەوە باری داراییمان زۆر خراپ بوو، تەنانەت نەمدەتوانی کەرەستە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ خێزانەکەم و منداڵەکانم دابین بکەم و ماڵەکەشم کەرەستەی زۆر نەقس بوو. هاوڕێیەکم پێشنیاری بۆ کردین کە یارمەتیمان بدات بە بڕێک پارە بۆ ئەوەی عارەبانەیەک بکڕم لەگەڵ جیهازی دروستکردنی گەنمەشامی و لە حەسەکە گەنمەشامی بفرۆشم. هاوڕێکەم یەکسەر سەیارەکەی فرۆشت چونکە پێویستی پێی نەبوو، پارەکەی پێدام. عارەبانەکەم کڕی و دەستمکرد بە فرۆشتنی گەنمەشامی لەناو شاردا، دوای سێ مانگ پارەکەم گەڕاندەوە بۆ هاوڕێکەم و توانیم پێداویستییەکانی ناوماڵ بکڕم. هەموو ئەمانە بەهۆی هاوڕێکەمەوە بوو کە سەیارەکەی فرۆشت بۆئەوەی یارمەتیم بدات لەو ئاستەنگییەی پێیدا تێپەڕبووم. کاتژمێر 4ی عەسر دەستدەکەم بە کار تاوەکو کاتژمێر 1ی شەو، چونکە خەڵک بە شەوان زیاتر حەزی لێیە کاتێک دادەنیشن یان پیاسە دەکەن بەناو شاردا، هەموو تەمەنێک گەنمەشامیم لێدەکڕن لە 2 ساڵەوە تاوەکو 70 ساڵان". ...

July 11, 2021

"بیرمدێت له‌ قۆناغى دووى ناوه‌ندى قوتابى بووم، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ کە بابه‌تى مێژوومان ده‌خوێند کەلتوور، كه‌له‌پوور و بابه‌تى مێژوویى تێیدا ره‌نگى ده‌دایه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌رزوو تێكه‌ڵى خوێن و جه‌سته‌م بوو. تا ئامادەییشم تەواوکرد کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانە لە مێشکمدا بەرجەستە بوو. دواى ته‌واوكردنى په‌یمانگا گەڕامه‌وه‌ گوندەکەی خۆمان، لەوێ چه‌ند پارچه‌ شوێنه‌وار و گۆزه‌ و ده‌ستنووس له‌ سه‌ر به‌رد و پارچه‌ى شوێنه‌وارم بینووه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌وه‌ى ئێستا هیچ گرنگى به‌م جۆره‌ شتانه‌ نادەن و به‌شێكى زۆریان له‌ ناو برد. بیرمدێت چه‌ند جارێك گۆزه‌ی پڕ له‌ پاره‌ى ئه‌وه‌ سه‌رده‌مه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ به‌شێكیان فرۆشراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێکیشی له‌لایه‌ن لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌. دواتر له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیەكم له‌ گوند بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ ده‌ست به‌كه‌ین به‌ كۆكردنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌لى كه‌لتوورى و فۆلكلۆرى بۆ ئه‌وه‌ى لە لەناوچوون رزگارى بكه‌ین". "سه‌ره‌تا له‌ناو گوندەکەوە ده‌ستمان پێكرد و هەندێک كه‌لوپه‌لمان كۆکردەوە و شتى زۆر جیاوازی تێدابوو چونكه‌ مێژووه‌كه‌ى زۆر كۆن بوو و له‌ سه‌رده‌مانێك باوك و باپیرانمان به‌كاریانهێنابوو. رۆژانه‌ پرسیارم لە باوکم دەکرد و باسی کەلوپەلەکانی بۆ دەکردم، منیش زیاتر ئەو بابەتەم خۆشدەویست. تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى میواندارى چه‌ند كه‌ناڵێكى ناوخۆىی بكه‌ین و مێزگرد و به‌رنامه‌ ڕێكبخه‌ین. دوو ساڵ له‌سه‌ریه‌ك فیستیڤاڵی ‌كه‌لتوورى و كه‌له‌پووریم له‌ گونده‌كه‌مان رێكخست و كه‌لوپه‌له‌كانم به‌ میوان و خه‌ڵكانى تر ئاشنادەکرد. خه‌ڵكانێكى زۆر ده‌ستخۆشیان كردووە و به‌شێكیش په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم كه‌لوپه‌لى زۆر كۆنیان هه‌بووە بۆیان هێناوم. برایەکم خانوویەکی پێشكه‌شكردم و له‌ ئێستادا زیاتر له‌ (2000) پارچه‌ى كه‌لتوورى و كه‌لەپوورىم تێدا كردووه‌ته‌وه‌. ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ من و دڵخۆشم کە هێشتا خەڵک حەزی لە بینینی ئەو کەلوپەل و کەرەستانەیە". ...

July 10, 2021

"لە منداڵییەوە پاسکیل لێدەخوڕم، بەڵام کاتێک گەورە بووم بینیم کە خەڵکی بە چاوێکی تر سەیری ئەو ئافرەتانە دەکەن کە پاسکیل لێدەخوڕن. بۆیە پاسکیلێکم کڕی بۆ ئەوەی پێی بچم بۆ ئیش پێی بڕۆمەوە. بڕیارمدا پڕۆگرامێک ڕابگەیەنم بەناوی "پاسکیلم ئەوێت" و کۆمەڵێک کچی تر بەشدارییان کرد. وەک یەکەم هەنگاو ماراسۆنێکم ڕێکخست لە شاری عامودا لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان. دەستخۆشییەکی زۆرمان لێکرا لەلایەن خەڵکەوە بەتایبەتی لەلایەن ئافرەتەکانەوە. من بەربەستی ترس و شەرمم شکاند لەڕێگەی لێخوڕینی پاسکیلەوە، ئامانجمان لە ڕێگەی ئەم پڕۆگرامەوە بڕوابەخۆبوون لەلای هەموو ئافرەتان زیاد بکەین. بەڵام هێشتا خەڵک هەیە کە دژی ئەم پڕۆگرامەیە و بە گاڵتەجاڕییەوە سەیری دەکەن، بەڵام ئێمە بڕوامان بە خۆمانە و ئیرادەمان ناشکێت". ...

July 8, 2021

"ساڵانی هەشتکان ژیانی رۆژانه‌‌م له‌گه‌ڵ فڵچه‌ و ره‌نگ به‌ڕێده‌كرد و له‌ ڕێگه‌ی تابلۆكانمه‌وه‌ ناخم ئاسوودە ده‌بوو. دوای راپەڕینەکە رەوشەکە گۆڕا ویستم هونەرێکی تر تاقیبكەمەوە و دەستمکرد به فۆتۆگرافی. فۆتۆگرافی جیاوازتربوو، كاتی كه‌متری ده‌ویست و دەبوو خاوەنی چاوێكی باشبیت. کاتی راپەڕینەکە له‌ ئاكرێ داده‌نیشتم و ئه‌رشیفی وێنه‌كانی راپەڕینم دەكرد كه‌ چۆن خه‌ڵك ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌ راپەڕین. دوای ئارامبوونەوەی دۆخەکە و جێگیربوونی خه‌ڵک، چووم وێنەی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی گوند و سروشتی جوانی كوردستان بگرم. دواتر بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانم دوکانێکم دانا و وێنەی بووک و زاوام دەگرت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ له‌ ئێستادا چینێک دروستبوون‌ به‌بێ ئه‌ته‌كێت ده‌ستیان داوه‌ته‌ كاری فۆتۆگرافی و هونه‌ره‌كه‌یان شێواندووه‌ به‌ خراپی و بۆ مه‌به‌ستی شه‌خسی به‌ كاری ده‌هێنن. فۆتۆگرافی ره‌وشته‌ ده‌بێت ئه‌و‌ كه‌سه‌ی کامێرا دەگرێت بەدەستەوە ره‌وشتێكی به‌رزی هەبێت. هیواخوازم سروشت و كه‌لتوور و مێژووی كوردستان بكرێنه‌ تابلۆ و لە شوێنە گشتییەکان هەڵبواسرێن لە جیاتی وێنەی بیانی و سەرنجی خەڵک بۆ سروشتی کوردستان ڕابکێشێت". ...

July 6, 2021

(لێرە مەوەستە، ئەگینا سەرت بە بەرد دەشکێنن) "ئەمە یەکەم ڕستە بوو لە زەماوەنی پیرشالیاری هەورامان پێیان وتم و پڕ بە دڵ زیزی کردم، منێک کە دەمویست خزمەت بەو کۆمەڵگایە بکەم و ئەو مەراسیمە بە دەقێکی زانستیانە دایڕێژم، تاوتوێی بکەم و بە جیهانی بناسێنم، بەڵام لێرە بە هیچ شێوازێک نە پلەی زانستیم دەبینرا و نە مەبەستەکەشم! ئەو شتەی تەنیا لە من دەبینرا لەشم بوو وەکو ژنێک. ژنێک کە بە درێژایی مێژوو پڕ بوو لە هەڕەشە و گوڕەشە، پڕ بوو لە سەرکوتکردن و دەنگکوژران. لەوێ بۆ یەکەم جار ڕوانگەی خۆم بۆ ئەو مەسەلە گۆڕی و نەمویست کۆڵ بدەم. دەمزانی دەبێ کارێکی جیاواز بگرمەبەر، گەرچی دوور و درێژ بەڵام پێویست و بەرچاو! بۆیە هەستم کرد وەکو ژنێک دەبێت ئەزموونی خۆم بەبێ کەموکوڕی لەو بەشەدا باس بکەم. واتا ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەم هەڵبژارد، نەک تەنیا بۆ زەماوەنی پیرشالیار؛ بەڵکو بە گشتی بۆ ئوستوورەکانی کوردی کە بە هێژمۆنیایەکی ئایدیۆلۆژیک، وەکو بەڵگەیەک لە مێژووی کوردەواری، ژنیان لە ناو بردووە یان خستوویەتە پەراوێز". "لە ڕاستیدا ئەو شتەی تا ئێستا سەبارەت بە ئوستوورەکانی کوردی خراوەتە ئاراوە، ڕوانگەیەکی پیاومێحوەرانەی هەبووە و جێدەستی ژنان لە ناویدا خاڵییە. گەرچی لەم بوارەدا ئەوەشم لە بەرچاو گرتووە، ئەزموونی ژنی کورد جیاوازە و لە چوارڕێیەکی زوڵمدا، دەستدرێژی پێکراوە. ئێستا بۆ ماوەی حەوت ساڵە لەم بەشەدا چالاکی دەکەم، گەرچی لەم ماوەیەدا هێرشی زۆر کراوەتە سەرم و بەرنگارییان لەگەڵدا کردووم، ئەم بەرنگاریانەش زۆرتر لە لایەن پیاوان بووە، چونکە پێیانخۆش نەبووە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتیاندا بکرێت. بەڵام من خۆم نەدۆڕاندووە و ئێستاش بڕیارە لە ساڵی داهاتوو، یەکەم بەرهەمی تایبەتی خۆم کە پێکهاتووە چەندین خوێندنەوەی جیاواز لەم مەسەلەیە، لە قاڵبی کتێبێکدا بڵاویبکەمەوە. هیوادارم بۆ یەکەم هەنگاو بتوانم خزمەتێکی هەرچەن چکۆلەم، یەکەم بە ژنانی کورد و دوایی بە کتێبخانەی کوردیم کردبێت. بەو ئاواتەی لەمەو بەدوا، جێدەستی ژنانی‌ تریش لەم بەشەدا زیاتر ببینین". ...

July 5, 2021

"تەمەن دەڕوات و شەرم لەکەس ناکات، من چەندین ساڵ کاری حەماڵیم کرد، ئەوەی هەرگیز بیرم لێنەدەکردەوە قورسیی ئیشەکە و ژمارەی ئەو شتانە بوون کە بە شان بەرزم دەکردنەوە. بەداخەوە ئێستا نەهێزم ماوەو نەکاتم لێدەڕوات. چەند ساڵێکە پاسەوانی کارگەیەکم، هەموو کاتەکانم لەگەڵ تەنیایی خۆم بەڕێدەکەم و خۆم قسەکەرم و خۆشم گوێگر. شوکرانەی خوا دەکەم کە خاوەنی کارگەکە زۆر ڕێزم دەگرێ و یارمەتیدەرمە بەڵام هیچی ناگات بەوەی شەوێک بە ئیسراحەت لەناو ماڵ و منداڵی خۆت بە ئیسراحەت بخەویت. کۆمەڵێک کۆتر و مریشکم ڕاگرتوون و بەخێویان دەکەم، ڕەنگە جێی باوەڕ نەبێ کە بڵێم بەقەد منداڵەکانم خۆشمدەوێن. ڕاستە جیهانی ئێمەی مرۆڤ و گیانلەبەران دوو جیهانی جیاوازن بەڵام تاوەکو تێکەڵیان نەبی نازانی چەندە لێمان تێدەگەن و چەندە هۆگری دروست دەبێ لەنێوانمان. هەرجارێک مریشکێکم کورک دەبێت و هێلکەکانی دەتروکێن و فەرخە هەڵدێنن هێندەی وەرگرتنی مەعاشەکەی سەرەمانگانم دڵخۆشم دەکات". ...

July 4, 2021

"تەمەنم دوو ساڵان بوو کاتێک دایکم کۆچی دوایی کرد، بۆیە خوشکە گەورەکەم ناچاربوو بەخێومان بکات، جلەکانی بۆ دەشۆردین، بەیانیان زوو هەڵدەستا لە خەو بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ ئێمە و باوکمان. وەک دایک وابوو بۆمان، هەستمان بەوە نەدەکرد کە دایکمان لەدەستداوە لەبەر ئەوەی هەموو شتانەی دەکرد کە دایکەکان دەیکەن. دوای چوار ساڵ لە بەخێوکردنمان خوشکەکەم شووی کرد، باوکم هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێکی تر کرد کە زۆربەی کاتەکان بە ناشرینی مامەڵەی لەگەڵ دەکردین، دوای ماوەیەک من و خوشکە بچووکەکەم چووین لای براکەم بژین، بەڵام ژیان لەگەڵ براکەم و ژنەکەی باش نەبوو، بەڵام لە باوەژنەکەمان باشتر بوو. دواتر ئێمە هاوسەرگیریمان کرد، ئێستا دایکی سێ کچ و سێ کوڕم و بووم بە نەنکیش. ئەو تاتۆیانەی لەسەر دەموچاویشمە زۆربەی ئافرەتی کورد تاتۆیان هەیە لەسەر دەموچاویان، کاتێک تەمەنم پێنج ساڵان بوو خوشکە گەورەکەم پێش هاوسەرگیرییەکەی چەناگەمی تاتۆکرد، ئەو کاتە منداڵ بووم و نەمدەویست تاتۆ بکرێم، دواتر دەستیشمم تاتۆ کرد، بەڵام ئێستا ئافرەتان تاتۆ ناکەن لەسەر دەموچاویان ئەو عاداتە خەریکە نامێنێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت". ...

July 3, 2021

"کاتێک دێن بۆ ماردین لە ئاسماندا کۆلارە دەبینن، هەڵدانی کۆلارە لە ماردین بووە بە کەلتوور، هەمیشە لە ئاسمانی ماردین کۆلارە هەیە. من وەک گەنجێکی ماردین حەزدەکەم بەردەوامی بدەم بەو کەلتوورە و زیاتر بیناسێنم. هەڵدانی کۆلارە خەونی هەموو منداڵێکە، خەونی منیش بوو، یەکەم کۆلارەم لە نایلۆن دروستکرد و فڕاندم. ئێستا خەونی منداڵیم بەدی دێنم. تاوەکو ئێستا ٢٦ وڵات گەڕاوم و بەشداریم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە. کاتێک بەشداریمکرد ئاشنابووم بە کەلتووری میزۆپۆتامیا. هیوادارم هەموو منداڵێک کۆلارە بفڕێنێت، وۆرکشۆپێکم کردۆتەوە و تاوەکو ئێستا ١٠ هەزار منداڵم فێرکردووە". ...

June 10, 2021

"لە چایخانەیەک کاربکەم و رۆژی درهەمێکم وەردەگرت. ئەو پارەیەی کۆمدەکردەوە رادیۆ و قەوان و شتی دەگمەنم پێدەکڕی. زۆرینەی کەلوپەلەکانم لە بەغداد و موسڵ هەولێر کڕیووە، ماڵی خوشکێکم لە بەغداد بوو شتەکانم لەوێ کۆدەکردەوە تا زۆر دەبوون و دواتر بە بار دەمهێنایەوە بۆ ئاکرێ. ماوەی 55 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی کەرەستەی کۆنم و ماڵەکەم لە مۆزەخانە دەچێت. جیاوازی ماڵەکەی من لەگەڵ خەڵکانی تر ئەوەیە سەدان ئامێر و کەرەستەی کۆنم هەیە کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ 100 ساڵ لەمەوپێش. ئێستا تەمەنم 70 ساڵە و بە پارەی خانەنشینییەکەم ژیانی ڕۆژانەم دەگوزەرێنم. تەندروستیم خراپە و هەندێجار بە چەند رۆژ لە ماڵەوە دەکەوم. بەڵام ئەوە ناخۆشە هەندێک خەڵک بە بیانووی سەردان دێن بۆ ماڵەکەم و شتم لێدەدزن. دڵم زۆر بە کەلوپەلەکانم خۆشە و بە پارەی ماندووبوون و عارەقی ناوچەوانم کڕیوومە. هیوادارم لایه‌نى په‌یوه‌ندارى ئه‌م‌ شاره‌ شوێنێكى گونجاو بۆ كه‌ره‌سته‌كانم دابین بكه‌ن، چونكه‌ من تواناى سه‌رپه‌رشتى و خزمه‌تكردنم نه‌ماوه‌". ...

June 8, 2021

"بارودۆخی دارایی ناچاری کردم کارێک بکەم کە زیاتر پیاوان خەریکین. هاوسەرەکەم کرێکار بوو، بەڵام ئەو ماوەیەی جەنگ بوو کاری نەما. هیچ کەس نەیدەویست کە خانوو یان باڵەخانە دروستبکات لەو بارودۆخەدا، ئەمەش وایلێکردم کار بکەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیان پەیدا بکەم. دەستمکرد بە کارکردن لەسەر عەرەبانەی منداڵەکەم، چەند کەرەستەیەکی سەرەتاییم تێدەکرد و بە شەقامەکاندا دەگەڕام بۆ ئەوەی بیفرۆشم، منداڵەکەم بە دەستێک دەگرت و بە دەستەکەی تریش عەرەبانەکەم پاڵدەنا، وردە وردە وەزعمان باشتر دەبوو، دەغیلەیەکم کڕی بۆ ئەوەی پارە کۆبکەمەوە و گوارە بۆ تاقە کچەکەم بکڕم. دواتر بڕیارمدا ماتۆڕێکی سێ-تایی بکڕم چونکە زۆربەی موشتەرییەکانم داوایان دەکرد کەرەستەی تریش بێنم و لە عەرەبانەکەدا جێگای نەدەبووەوە، پارەی پێویستم پێنەبوو بۆیە ناچاربووم کە دەغیلەی کچەکەم بکەمەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پارەکە تەواوی نەدەکرد، بۆیە بەشێک لە پارەکە بە قەرز وەرمان گرت، بە چەند ڕۆژێک فێری لێخوڕینی بووم، دوای ئەوەش هاوسەرەکەم کاری دەستکەوت". "دەستمکرد بە کارکردن بە ماتۆڕە سێ -تاییەکە بەشێوەیەکی بەردەوام و گەڕان بە هەموو شوێنەکانی حەسەکەدا لەپێناو دابینکردنی بژێوی خێزانەکەم. مێردەکەم زۆر پاڵپشتی دەکردم بۆ کارکردنم بەڵام خانەوادەکەم و دراوسێکانمان هەموویان هاوڕا نەبوون، هەندێکیان پاڵپشتیان دەکردم و هەندێکیان ڕەخنەیان لێدەگرتم دەیانوت ئافرەت نابێت ئەم کارە بکات، بەڵام من هەر بەردەوام بووم، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە نزیکەی 10 ساڵ دەکات من ئەم ماتۆڕە لێدەخوڕم و بژێوی خێزانەکەمی پێپەیدا دەکەم. زۆر شانازی بە خۆمەوە دەکەم و ئیرادەم زۆر بەهێزە. هاوینان قاڵبی سەهۆڵ دەفرۆشم و مانگەکانی تر پێداویستی منداڵان و سەوزە و میوە دەفرۆشم. کاتێکیش ماتۆڕەکەم تێکدەچێت خۆم چاکی دەکەمەوە. نابێت منداڵەکانم عەبدی عادات و تەقالیدەکان بن، توانیم لەڕێگەی کارەکەمەوە باری داراییم باش بکەم. هیچ عەیبێک لەم کارەمدا نییە، ئەگەر ئەم کارەم نەبوایە، کێ یارمەتی دەدام؟ ئیرادەی کارکردنم ئەم هێزەی پێبەخشیم". ...

June 5, 2021

"لەناو سروشتە جوانەکەی عەفرین لەدایکبووم، ئێمە پەیوەندییەکمان هەیە بە دار و سروشتەوە بە شێوەیەک کە وەسف ناکرێت. دوای کۆچکردنمان لە عەفرین و چوونمان بۆ کۆبانێ و دواتریش قامیشلۆ، ڕۆژێکیان من و کۆمەڵێک هاوڕێم کۆبووینەوە و پڕۆژەی (پرچی سەوز)مان ڕاگەیاند، کە هەڵدەستین بە چاندنی نزیکەی 4 ملیۆن دار لە قامیشلۆ و دەوروبەری. بەهۆی نەبوونی سەوزایی لە قامیشلۆ سیستەمی سووری ڕووبەڕێکی گەورەی دانابوو بۆ چاندنی گەنم و جۆ، هەر کەسێک بیویستایە دارێک بڕوێنێت لە زەویەکەیدا سزای دەدا، بۆیە قامیشلۆ بێ سەوزایی بوو. ئێستا خۆبەخشەکانمان زۆر زیاتر بوون، هەموو کەسێک دەیەوێت بەپێی توانای خۆی هاوکاری بکات. لە داهاتوودا هەموو ماڵێک داری دەدەینێ بۆ ئەوەی لەبەردەم ماڵەکانیاندا بیڕوێنن. هێشتا لە سەرەتاداین، بەڵام دڵنیاین کە لە ماوەی 5 ساڵدا 4 ملیۆن دار دەڕوێنین. پڕۆژەکەمان بۆ کۆمەڵگەیە، سەر بە هیچ لایەنێک نییە". ...