Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 63

May 26, 2020

"خێزانم زۆر ژنێکی خانومان و دەستڕەنگینە. خواردنی دەستیشی زۆر خۆشە، بەس یەک کێشەی هەیە؛ قەلی کوردی بە دڵ و بە گیان ئەکڕم، نایخوا! زۆرم ‌حەز لێیە خواردنی چاک بخۆم، بەیانیان لە ناو بازاڕ 2-3 شیش جگەر یان گۆشت ئەخۆم، نیوەڕۆیانیش، هەرچی بخۆم بە یەکێکدا ئەینێرمەوە بۆ ژنەکەم، ئێوارانیش مەنجەڵی گەورە گەورە چێشت لێ ئەنێت، مناڵەکان هەمووی گەورە بوون و چونەتە ماڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستاش کە نان لێ ئەنێین، بەشی ئەوانیش لێ ئەنێین. ئێواران دێن و هەر کەسە و بەشی خۆی ئەبات و ئەڕواتەوە ماڵی خۆی." ...

Humans of Kurdistan - South 62

May 22, 2020

"گوێگرتن لە گۆرانی خۆشترین شتی ژیانم بوو، بە تایبەتی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، بە جۆرێک عاشقی ئەو گۆرانیبێژە ببووم، بەردەوام دەگەڕام لە تەسجیلاتەکان هەر گۆرانییەکی تازەی حەسەن زیرەک هەبوایا دەمکڕی و گوێم لێ دەگرت. جارێکیان وتیان حەسەن زیرەک لێرەیە و وا لە سینەمایە، ساڵی 1966 بوو، منیش بەپەلە خۆم گەیاندە سینەماکە، لە دورەوە حەسەنم بینی بەڵام نەمتوانی لە نزیکەوە بیبینم و قسەی لەگەڵدا بکەم. ڕۆژانە بە بێ گوێگرتن لە گۆرانی هیچم پێ ناکرێ، لە هەر شوێنێکیش بم ئەبێ تەسجیلێکی لێ بێت. ئەم شوێنە بچکۆلەیەم هەیە ئیشی تیا دەکەم، بەس وا ئەبێ بە 10 ڕۆژ تەنیا توانیوومە دانیشـم و تەسجیلەکەم ئیش پێبکەم و گوێ لە گۆرانی بگرم، یەک دینارم پەیدا نەکردووە." ...

Humans of Kurdistan - South 61

May 21, 2020

"هیچ شتێک نییە لە ژیانمدا لێی بترسم و گوێ بە هیچ شتێک نادەم، ئێمە هەموومان ڕۆژێک هەر ئەمرین کەواتە هەوڵ بدە خۆش بژیت و تەواو، بەڵام ئەوەی بە لامەوە گرنگە سەلامەتی ژیانی خۆتە تەندروست بیت، بۆیە هەوڵبدە هەمیشە نەوەستیت لە جووڵە. لەو کاتەی کۆرۆناش هەبوو، من گوێم پێ نەدەەدا، ئیمەی کورد ڕاهاتووین بەرگەی هەموو شتێک بگرین. کاتێک بیر لە سەردمی کۆنی خۆمان دەکەمەوە، ئەو کاتەی بەیانیان ئەیان بردین بۆ حەمامی موفتی دەیان شۆردین، لەگەڵ ئەوەشدا حەمامەکە شێلم بە ترشی هەبوو، ئەوەی دەوڵەمەند بوایە شێلمیشی ئەخوارد، لە خوار حەمامەکە ماڵی حەمە ئاخای لێ بوو، بەس ئەوان قوبڵی و برنج و گۆشتیان هەبوو، شلەیان لەگەڵ لێنەدەنا، ئێمە دەوەستاین بەس بۆنمان دەکرد، ئێستاش بیری سینەما سیروان و ڕەشید دەکەم لەگەڵ فیلمی 7 بەتەڵەکە." ...

Humans of Kurdistan - South 60

May 21, 2020

"لە ساڵی 1977 تا ساڵانی 2000 بەولاوە، من لە تەربییە بووم لە شوێنی کاسۆ مۆڵی ئێستا، تەقریبەن 30 ساڵ مانگێک کەمتر من لەوێ دەوامم کرد، پاشان خانەنشین کرام، وا هەستم دەکرد دەتوانم پشوو بدەم لە دوای خانەنشینییەکەم، بەڵام وا دەرنەچوو، لەبەر ئەوەی موچەی خانەنشینییەکەم زۆر زۆر کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا 17 مانگمان وەرنەگرتووە، ئەوەشی کە هەیە هەموو کەس دەزانێت دۆخی موچە چۆنە ئێستا، هەر بۆیە ئینسان پێویستە بۆ بەردەوامی لە ژیانی، دەبێت ئیش بکات، ئەگیا ناتوانی بژیت، منیش لەناو بازار داواکاری خەڵک و دوکاندارەکان دەگوازمەوە، ئەمڕۆ لەبەردەم ئەم دوکانە دانیشتووم چاوەڕێم خاوەنەکەی بێتەوە، شتیان داناوە بۆم بیگوازمەوە بە عەرەبانەکەم." ...

Humans of Kurdistan - South 59

May 19, 2020

"ژیان بۆ ئێستای زۆرینەمان لەبار نییە و هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین. کێشەکە هەرشتیک بێت، بەڵام گرنگتر لە کێشەکە ئەوەیە چۆن بتوانین بەردەوام بین لە ژیان، کەس ناتوانێت ڕابکات لە ڕاستییەکان. من ئیستا تەنیا قەلەقی یەک شتم، عەرەبانەیەکم کڕیوە بۆ شت فرۆشتن، بەڵام دڵنیا نیم ئایا دوای جەژن بازاڕ دەبێت یاخود نابێت، لەبەر ئەوەی من تەنیا 400 هەزارم هەبوو، خاوەنی عەرەبانەکە داوای 900 هەزاری لێ دەکرد، هەرچۆنێک بێت بە قەرز توانیم بیکڕم، ئیتر چاوەڕێم بزانم دوای جەژن چی ڕوو دەدات." ...

Humans of Kurdistan - South 58

May 19, 2020

"خەڵکی پێنجوێنم، بەڵام زوو زوو دێمە سلێمانی، لەوێ تاکسییەکم پێیە و وەک پاشا پێی دەژیم، چاوەڕیی ئەوە ناکەم پارەیەکی زۆرم دەست بکەوێت، سەیری سەروو خۆم ناکەم، بەڵکو هەمیشە سەیری خوار خۆم دەکەم. زۆر گەنج هەیە لە تەمەنی مندا هێشتا خاوەنی هیچ شتێک نییە و نەیتوانیوە ژیانێکی باش بۆ خۆی دروست بکات. من خاوەنی دوو منداڵم، ئەوان بوونەتە هەموو خۆشییەکانی من، کاتێک ئەڕۆمە ماڵەوە هەرچی هیلاکی ڕۆژەکەمە بە بینینی ئەوان لە گیانمدا نامێنێت." ...

Humans of Kurdistan - South 57

May 17, 2020

"نازانم چەندێک قورسە، بەڵام ئاواتێکم هەیە بتوانم ببم بە بازرگانێک و کوتاڵ و قوماش بێنم، هەوڵی تەواوی بۆ دەدەم، بەڵام لە ئێستادا ئەستەمە و ئاسان نییە. کاتێک وازم لە خوێندن هێنا بۆ ئەوەی کار بکەم، یەکەم جارم بوو، ڕاستەوخۆ هاتمە ناو بازاڕ بۆ ئەوەی کارێکم دەست بکەوێت، بەڵام هیچ شارەزاییەکی ناو بازاڕم نەبوو، نەشم دەزانی دەبێ چی بکەم...

Humans of Kurdistan - South 56

May 17, 2020

"یەکەم ساڵی خوێندمە لە زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی شەریعە، پێشتریش بۆ ماوەی شەش ساڵ لە پەیمانگەی ئیسلامی بووم. شارەزاییەکی باشی زمانی عەرەبیم. زۆر بەلامەوە گرنگە خوێندنەکەم بە سەرکەوتوویی تەواو بکەم. بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوامیش بم، خەریکی ئیشی کارەبایم، لە ئیستادا بووم بە وەستای کارەبا و دەتوانم ئەو لایەنەش زۆر بە باشی بکەم. سەرەتا کە دەستم کرد بە ئیشی کارەبایی، وەک شاگردێک دەستم پێکرد؛ ڕۆژێکیان لە بینایەک ئیشمان ئەکرد وەستاکەم ناردمی ئاوی خواردنەوە بکڕم، منیش خۆم کرد بە کافتریایەکدا بە شەرواڵێک و قەمیسێکی پیس، دەرگایان لێ کردمەوە و فەرموویان لێ کردم، وتیان فەرموو دانیشە، وتم ببوورە کاتم نییە تەنیا 4 بتڵ ئاوم پێویستە، کە بۆیان هێنام وتیان 5 هەزار دەکات، یەک ئاو 1250 دینارە لێرە، بەڵام خۆم تەنیا 2 هەزارم پێ بوو، ئەو ڕۆژە هەستم دەکرد من نابێ ئیش بکەم." ...

Humans of Kurdistan - South 55

May 16, 2020

"لە گەڕەکی قەزازەکان خانوویەکم گرتووە بە کرێ بۆ خۆم و براکەم، ئەو کەمئەندامە و هەر لە ماڵەوەیە. ناخۆشترین شت کرێچیبوونە لەم دۆخەدا، ئەگەر خانووی خۆتت هەبێ زۆر خۆشە، ماڵومنداڵم نییە و خوا قسمەتی نەکرد، بەڵام ژیانێکی سادە بۆخۆم بەڕێ دەکەم. ئێستا لە دائیرەی زیادەڕەوی فەرمانبەرم، بەڵام هەفتەی ڕۆژێک دەوامم هەیە و ڕۆژەکانی تر ناتوانم لە ماڵەوە بم، دێمە ناو بازاڕ لەگەڵ کۆمەڵێ برادەر ڕۆژەکەمان بەسەر دەبەین." ...

Humans of Kurdistan - South 54

May 14, 2020

"لە ساڵی 1993 بە ئەمر چووین بۆ کەرکوک بۆ چالاکییەک لەگەڵ 3 کەسی تردا، بەڵام یەکێک لەو 3 کەسەی تر ناپاک بوو لەگەڵمان، لە هەردولا ئیشی دەکرد، کاتێک گەشتینە کەرکوک لە گەڕەکی ڕەحیماوا هەواڵی لێ دابووین، کەمینیان بۆ دانابووین و گیراین. ئێمەیان برد بۆ ئەمن، بۆ ڕۆژی دواتر لە پاڵ دیوارێک ڕیزیان کردین، تەنیا 3 کەسمان...

Humans of Kurdistan - South 53

May 14, 2020

"خۆشترین ژیانی خوێندنگە، هاوروهاجییەکەی بوو، من خۆم یەکێک بووم لەوانەی بەردەوام لە ژووری ئیدارە بووم و بانگ دەکرام بۆ لێپرسینەوە، مەکتەب هیچ خۆش نەبوو بەبێ ئەو بەزمانە. پێنج ساڵی سەرەتا من لە خوێندنگەی سارداو بووم لە زەرگەتەی کۆن، زۆر دووریش بوو لە ماڵمـانەوە، قوتابخانەیەکی زۆر زۆر کۆن و وێران بوو، هیچ شتیکی دڵخۆشکەری تێدا نەبوو هانت بدات بچیتەوە بۆ دەوام؛ دەرگای ئاسن، ژووری پڕ تەپوتۆز و خۆڵ، پەنجەرەی بێ شووشە، دیوارەکان هەمووی وێران، دوای ئەوە خوێندنگەیەکی تازە دروست کرا لە نزیک ماڵمان، ناوی شارۆ بوو، چووم بۆ ئەوێ، یەکەم جارم بوو خوێندنگەیەکی وا خۆش ببینم و دەوامی تێدا بکەم." ...

Humans of Kurdistan - South 52

May 13, 2020

"خەونم ئەوە بوو ببمە یاریزانی تۆپیپێ، بەڵام لە ناکاو ئەو خەونەم پووکایەوە، لەبەر ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە ئەو توانایەم نەبوو ببمە یاریزان. هەمیشە لەناو یاریگادا ڕاهێنەرەکەمان کەم یاریی پێ دەکردم، هەر زوو بانگی دەکردم، 'وەرە دانیشە'، لەوەوە هەستم کرد من بەکەڵکی یاریکردن نایەم، دواتر خەونەکەم لە یاریکردنەوە گۆڕا، هونەر و سینەما بوو بە خەونم. دوو فیلمم دروست کردووە و ئێستاش سەرقاڵی دۆکیومێنتارییەکم، ڕەنگە لە داهاتوودا فیلمی دیکە دروست بکەم. ئێستا وێنە بووە بە ژیانم و تێیدا دەژیم بێ ئەوەی بیر لە تۆپیپێ بکەمەوە، خەونە گەورەکەم ئێستا سینەمایە و هەندێ جار بۆ دەرەوەی شار دەچم و کامێرەکەم لەگەڵ خۆم هەڵدەگرم بۆ ئەوەی ئەو وێنانە بگرم کە ئارەزوویان دەکەم." ...