Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 68

June 6, 2020

"لە ساڵی 50کان کە سەردەمی مەلەکی بوو لە زۆرێک لە گەڕەکەکان سەمەنییان دروست ئەکرد و بە سەر خەڵکدا ئەیان بەخشییەوە - سەمەنی جۆرێک شیرینی تایبەت بوو شێوەی کەمێک لە محەلەبی ئەچوو - کاتێک حازر ئەکرا، بە مەنجەڵ بەسەر ماڵەکاندا ئەگەڕان و یەک یەک سەمەنێکیان بۆ ئەخستنە قاپی بچووکەوە، کە ئەو کاتە قاپەکان هەمووی مس بوون، ببوو بە بۆنەیەک و هەموو ساڵیک دووبارەیان ئەکردەوە، بەڵام لە ئێستادا نەماوە، لەگەڵ دروستکردنی چیخی سەربانەکان - کە ئێستا ستارەی پێ ئەڵێن - هەروەها پەرژین بۆ ماڵەکان، خەڵکی شارەکە کۆمەڵێ یاد و نەریتی لە دەست دا، چیتر خێزانەکان وەک جاران تێکەڵاوییان نەما." ...

Humans of Kurdistan - East 09

June 5, 2020

"هەر چەند شێتی ئەمڕۆ ناوێکی تازەیە بۆ عەشق، بەڵام بە لای منەوە ئەم شێتییە هەمان عەشقە، خۆشترین شتە. لام وایە عەشق تەنها هۆکارێکە کە ژیانی منی خۆش کردووە و ژیانم هەر وا تازەیە و بەسەرناچێ، بە تەواوی مەینەتییەکان و ئێشەکانی عەشقەوە، بە تەواوی دژواریی عاشقبوونەوە، پێم وەک ئاوڕێکە کە ڕووناکت دەکاتەوە و دەتسووتێنێ. مامۆستا بێسارانی وتەنی: وێنەی پەروانە پڕ مەیل و وەفا/ پەڕەی وەسڵ دۆس بکێشە جەفا/ وێت دە بە ئاویر وێنە و پەروانان/با ج تایفەی مەجنوونت نامان. چۆن سەیری خۆشەویستەکەم کردووە، واش سەیری دونیام کردووە، بۆیە ژیان لای من وەک مانەوە لای یارە و سات بە ساتی بۆم، خۆشە. دیارە خوشەویستی کەسێکی تایبەت ئەم ڕوانگەیەی تێدا دروست کردووم." ...

Humans of Kurdistan - East 08

June 4, 2020

"دۆستێکم فرۆشگەی کامێرای هەبوو، کامێرایەکم لێ کڕی و بووم بە وێنەگر. ساڵی 1997 نزیک بە 20 وێنەگر لێرە وێنەمان دەگرت و ڕکابەری یەک بووین کە کێ کاری جوانترە و کێ موشتەری زۆرتر دێ بۆ لای. گەرمەی بازاڕ بوو و خەڵک هەموی پێی خۆش بوو لە زرێبار وێنەیەک بگرێت، لە ڕۆژێکدا هەر وێنەگرێک زیاتر لە 200 وێنەمان دەگرت و خێرا ئەڵقەفیلمەکەمان دەناردە نێو شار و لە تاقیگەیەک بە قەبارەی 10 بە 15 سم چاپمان دەکرد، ئیشوکار باش بوو. ساڵی پاریش هەر باش بوو، خەڵکی شارانی تر ئەم جلە کوردیانەی کە دامان ناون لە بەر دەکەن و وێنەیەکی کوردانە بە یادگاری دەبەنەوە لەگەڵ خۆیان، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی کۆرۆنا و بارودۆخی ئابووری، گەشتیار نییە و کار زۆر کزە. بە درێژایی ئەم ساڵەنە، بەرەبەرە وێنەگرەکان دەستیان لە کار کشاندەوە و ئێستا لە زرێبار جگە لە من وێنەگری لێ نەماوە و منیش پێم خۆشە وازی لێ بێنم." ...

Humans of Kurdistan - South 67

June 3, 2020

"وا دەبێ بە 2 ساڵ ئیشەکەی من دانیشتنە لەسەر ئەم کورسییە و بڕینی بلیت بۆ ئە کەسانەی سەردانی ئەم سەیرانگەیە دەکەن، وا هەست مەکە ئیشەکەم زۆر خۆش و ئاسانە، هەموو ڕۆژەکانم وەک یەکە و دووبارەیە، زۆر هەست بە مەلەلی ئەکەم لێرە، بەڵام مەجبووریشم بیکەم، زۆر کەس هەیە کە دێتە ئێرە پارەکەت بۆ فڕێ ئەدا و هەندێ کات بلیتەکەت هەر لێ وەرناگرێت، هەست بەوە ناکات من تەنیا کارمەندێکم، وا ئەزانێ پارەی چوونەژوورەوەکەی ئەچێتە گیرفانی منەوە." ...

Humans of Kurdistan - South 66

June 2, 2020

"سەرچنار بۆ زۆرێکی وەک من پڕیەتی لە یادگاری، گەنجێتیمان لە چەند شوێنێکی شاردا بەسەر ئەبرد، سەرچنار یەکێک بوو لەو شوێنانە. هەر بۆیە ئیستاش لە خەیاڵماندا دەرناچێت، بۆ من خۆشییەک و جوانییەکی تایبەتی هەیە، ئەمڕۆش بە خۆشی کاکە میکالی کوڕم کە تەمەنی بوو بە یەک ساڵ بڕیارم دا بێینە سەرچنار و یادی لەدایکبوونی کوڕەکەم لە سەرچنار بکەینەوە. ئاهەنگێکی بچووک و خۆش دروست بکەین بۆی. بیرمە جارێکیان منداڵەکانم هێنا بۆ ئێرە و لە ڕێگا کۆمەڵێک میوەمان کڕی، چووم میوەکانم هەر بەو ئاوە بۆ شۆردنەوە، بەس نەمزانی ئاوەکە ئەوندە پاک نییە، نەگەشتینە ماڵەوە هەمومان گێژ ببووین و توشی ڕشانەوە بووین." ...

Humans of Kurdistan - South 65

June 1, 2020

"من ئێستا هاتوومەتە دەرەوە، زۆر زۆر زۆر دڵم خۆشە، ئەمەوێت نان بدەم بە ماسییەکان و بچم یاری بکەم، ئینجا نان بخۆین و بڕۆینەوە ماڵەوە، ئینجا زۆر زۆر حەزم لە دەرەوەیە، بە هۆی کەرەنتینە بێتاقەت بووم لە ماڵەوە، لە ماڵەوەش نە کارەبا هەیە تۆزێ پلەیستەیشن بکەم نە ئایپادیش شەحن وەردەگرێ، زۆر زۆر بێتاقەتم، حەزئەکەم بچمە دەرەوە شتی خۆش ببینم." ...

Humans of Kurdistan - East 04

May 31, 2020

"خوێندنی زانکۆم لە بەشی ئەندازیاریی کارەبا تەواو کردبوو و وەک زۆربەی هاوڕێکانم ماوەیەک بە تەمای ‌ئەوە بووم لە شوێنێکی حکومی دابمەزرێم، کەچی سەری نەگرت. چەند ساڵێک لە ماڵەوە بووم و ژیانی رۆژانە و کاری بێکۆتایی ماڵەوە وەڕەزی کردبووم و خەمۆکی گیانمی تەنی بوو. وەک بووکەشووشەیەک، سەروخوار بە دوای هاوسەرەکەمەوە بووم و بۆ کوێ بڕۆشتایه دوای دەکەوتم. لە خۆم دەپرسی من کێم؟ ⠀ ماوەیەک لە ئینستاگرام پەیجە دروومانەکانم فۆڵۆو دەکرد و بەو شێوازانە قوماشێکی ئاساییم ئەهێنا و بە دەست لێم ئەدووری. بە ڕێکەوت ڕێم کەوتە پۆلێکی فێرکاریی دروومان و بڕیارم دا بە شێوازێکی جددیتر دروومان فێر ببم. لەو ساتەوە دنیای من بوو بە مەکینەی دروومان و قوماش و جۆرەها شێوازی دوورین. هیچ بێتاقەتی و خەمۆکییەکم نەما. هاوسەرەکەم زۆر بەمە خۆشحاڵ بوو. ئێستا سێ ساڵ لەو ڕۆژانە تێپەڕ دەبێ و دروومان هەر خوشەویستی منە و لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەم ئەزموونی خۆم لە گەڵ خەڵکدا دەگۆڕمەوە." ...

Humans of Kurdistan - East 03

May 30, 2020

"پێم خۆشە بگەڕێمەوە بۆ 13 یان 14 ساڵ لەمەوپێشی ژیانی خۆم، واتە ساڵی 2006. ئەو کاتە ژیانێکی باشم هەبوو، لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر باش بووم و کەسانێکی باش ئاموشۆیان دەکردم، بەڵام کە بەسەرمدا هات و ئەو دۆخه خۆشەم نەما، ئەو کەسانەی کە یارمەتیم ئەدان، نەک بە هانامەوە نەهاتن، بەڵکوو بڕێکیان لێم بوون بە دوژمن. ئێستاش ئەگەر بڕۆمەوە ئەو سەردەمە، هەر یارمەتیان ئەدەم، تەنانەت یارمەتی ئەوانەیش کە زیاتر لە هەموو کەس لەگەڵم خراپەیان کرد، تەبا نەبوون لەگەڵم، بەڵام ئەم جارە بە هۆشیارییەکی زۆرترەوە لەگەڵ خەڵک هەڵسوکەوت دەکەم و زیاتر ئاگادار دەبم." ...

Humans of Kurdistan - South 64

May 29, 2020

"من شۆفێری عەسکەری بووم لە بەشی تەندروستی، شۆفێری دوو دکتۆر بووم، کرۆنایەکی مۆدێل 85م پێ بوو، تەرخان کرابووم بۆ کڕینی شتومەکی سەربازی. ئەو کاتە زۆربەی پارچەکان ڕۆمانی و ئەڵمانی و فەرەنسی بوون، زۆر زۆر باش بوون، بە هیچ شێوەیەک پارچەی چینی نەبوو لەم وڵاتەدا. کاتێک ئەچووین شتمان ئەکڕی، منیش چاوم کرایەوە، سەرنجم چووبووە سەر کۆمەڵێ فەرشی ئەوکات کە زۆر جوان بوون. لە ساڵی 1991 کاتێک حەسار خرایە سەر عێراق، من دەستم کرد بەم ئیشە. بازاڕێک هەبوو پێیان ئەوت بازاڕی مرێدی، وردە وردە فەرشم ئەهێنا و لای خۆمان ئەمفرۆشتەوە، تا وام لێ هات شارەزاییەکی زۆر باشم لە فەرشدا پەیدا کرد، ئیستا زۆربەی فەرشەکانی جیهان ئەناسمەوە، لە ڕووی باشی و خراپییانەوە." ...

Humans of Kurdistan - East 01

May 28, 2020

"ئێستا شەماڵ نامەی من نابات بۆ یارم، چی تر ڕێی کانی ناکەم بە جێژوان! لە تەلەگرام نامەی بۆ دەنێرم و لە کافێ لەگەڵی دادەنیشم. لە شیعرەکانیشمدا دەڕۆمە سەر ئەو بابەتانەی کە لە ڕۆژانەی مندان. لەنێو شاردا دەگەڕێم، سەیری سەروخواری خۆم دەکەم، سەیری ڕەوشتی خەڵکەکە دەکەم، ئەو کوڕ و کچانەی کە دڵدارن یان لە یەک بەشەر هاتوون، یان یەک ئەدوێنن. سەیری ڕووداوەکانی کۆمەڵگە دەکەم. ئەم شتانه دەبنە هەوێن و ئامرازی شیعری من. بۆیە من شاعیری سروشت نیم و هەرچەند سروشتم خۆش دەوێ، قەد دێڕێک شیعرم ڕووی نەکردووەتە سروشت و کۆمەڵگە بەستێنی شیعرەکانی منە." ...

Humans of Kurdistan - East 01

May 27, 2020

"پێشتر یاریی باسکەم دەکرد. کاتێ تۆ ئەندامی تیپێکیت، ئەگەر کەسێک هەڵەیەک بکات بە سەر هەموو ئەنداماندا دەشکێتەوە، بۆیە سەرکەوتن زەحمەت بوو، بەڵام بوکسێن یارییەکی تاکەکەسییە، ئەگەریش خۆت کەموکووڕییەکت هەبێ، هەوڵ دەدەی چاکی بکەیتەوە. کوڕانی بنەماڵەکەمان هەموویان بۆکسێنیان دەکرد و منیش حەزم لێ بوو. چەند جارێک سەرکەوتنم لە ئاستی پارێزگای کوردستاندا [ڕۆژهەڵاتی کوردستان] بەدەست هێناوە، بەڵام شتی گەورەتر لە مێشکم دایە و لە دۆخی کۆرۆناشدا بەبێ ڕاهێنەر هەر خەریکی خۆڕاهێنانم و ڕۆژانە مەشق دەکەم." ...