Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 27, 2020

"زیاتر لە 11 ساڵە سەرتاشم، من و زۆربەی خزمەکانیشم لەژێردەستی برایەکەم فێری ئەو کارە بووین. خودی خۆم لە ماوەی کارکردنمدا نزیکەی حەفتا بۆ هەشتا کەسم فێری کارەکە کردووە. جگە لەوەی لەپێناو خودا ئەوانم فێرکردووە و دڵخۆشم پێی، خۆشحاڵیشم کە زۆر لە فێرخوازەکان بەوەفان، ئێستاش زۆربەیان خاوەن دوکان و کاری خۆیانن کە دەچمە لایان من بە مامۆستای خۆیان دەزانن و تەنانەت شەرم دەکەن لەبەردەم من کار بکەن. هەرگیز بەموشتەریم نەگوتووە ئەوەنە پارەم دەوێت یان ئەو بڕە پارەیە کەمە، قەناعەتم بە هەموو بڕە پارەیەک هەیە کە وەریدەگرم، بۆیە پێم وایە ئەوەی هەمە لە ژیانمدا لە بەرەکەتی قەناعەت کردنە." ...

October 26, 2020

"جاران کە سەیری فیلمی کاوبۆییەکانم دەکرد وامدەزانی کە ئالەتی گیتار پەیوەستە بە کاتی جەنگ و ڕووبەرووبوونەوەی جەنگاوەران. سەرەڕای ئەوەی خۆم بەشی ئەندازیاری تەلارسازیم تەواو کردووە و ماوەیەک لەو بوارەدا کارم کردووە، بەڵام دواتر میوزیکم هەڵبژارد و خۆم فێری گیتار کرد، ئێستا کە خۆم ژەنیاری گیتارم، بە پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوەی جارانم بیر دەکەمەوە. ئێستا مامۆستای باخچەی منداڵانم، گیتار دەژەنم و لەگەڵ منداڵەکان سەما دەکەین، سەمای سامبا و فلامینگۆ، هەڵدەپەڕین و هەڵبەز و دابەز دەکەین. کە منداڵەکان بەم شێوەیە دەبینم دەزانم لە ڕابردوو چیم لەدەست داوە کە منداڵبووم، بۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی منداڵیم هەندێک جار حەزدەکەم سەراپای جەستەم گوێچکە بێت بۆ گوێ گرتن بۆ مۆسیقا و گۆرانییەکان." ...

October 23, 2020

"کە لە مەکتەب بووم حەزم لە دەرسە زانستییەکان بوو، بەڵام کەتێک تاقیکردنەوەی بەکەلۆریم کرد 63م هێنا، دەرەجەیەکی زۆر کەم بوو، کۆمەڵێک کۆلێژی نزم وەریان دەگرتم کە من هیچیانم بەدڵ نەبوو، ئیتر چوومە بەشی کوردی لە زانکۆی بەغداد چونکە خۆم حەزم بە بینینی بەغداد دەکرد، دوای چوار ساڵ تەواوم کرد بەڵام هێشتا حەزم لە بەشێکی زانستی بوو. دوای چەند ساڵێک لە دەرس وتنەوە بووم بە بەڕێوەبەر لە قوتابخانەی کاوە. ئەم هەموو کاتە تێپەڕی بەڵام هێشتا حەزم لە خوێندن بوو بۆ بەشی زانستی، ئەوەبوو ڕۆژێک نووسراوێکمان بۆ هات دەورەیەکی بیریکاری ئەکرێتەوە بۆ مامۆستایانی زانستی لەگەڵ ئەو کەسانەی حەزیان لێیە، خێرا ناوی خۆم تۆمارکرد و گەشتم بە ئاواتەکەی خۆم، لە دوای تەواوبوونی دەورەکە هەتا ئەو ڕۆژەی خانەنشین کرام وانەی بیرکاریم وتەوە." ...

October 21, 2020

"کاتێک کەسێک دەکەی بەسەر مەشقی خۆت لەژیان پێت خۆشە زۆربەی ژیانت وەکو ئەو لێبکەی تەنانەت لە قژ و جلوبەرگیشدا. منیش لەبەر خۆشەویستیم بۆ مارسیلۆی بەڕازیلی قژم وەک ئەو لێکردووە، هەرچەندە لەو ناحیە بچووکەی خۆمان بەردەوام دەکەومە ژێر ڕەخنە و توانج. زۆر جار گوێبیست دەبم پێم دەڵێن ئەڵێی ژنە یان ئەڵێن زۆر عەیبە بۆتۆ قژت بەم شێوە هێشتۆتەوە، جارێک مامۆستاکەم لە قوتابخانە پێی وتم احمد ئەگەر قژت چاک بکەی وەعد پانزە دەرەجەت پێ ئەدەم منیش وتم مامۆستا ئەگەر ئەمساڵ دەریشم بچێنیت، قژم چاک ناکەم، باوکم زۆر پشتگیریم دەکات پێی خۆش نیە چاکی بکەم بەڵام دایکم بەردەوام شەڕیەتی لەگەڵم ئەڵێ ئەبێت قژت چاک بکەی." ...

October 17, 2020

"خەونی بوونم بە سەرۆک لەو کاتەوە دەستیپێکرد کاتێک منداڵ بووم نەخشەی عێراقم لەناو پەرتووکەکاندا دەبینی، ئەو کات وتم دەبمە سەرۆکی ئەم شوێنە. کاتێک لە قوتابخانە بووم لە قۆناغی سەرەتایی بەهۆی باسکردنی خەونەکەمەوە مامۆستا و هاوڕێکانم پێیان دەوتم سەرۆک، بەو شێوازە (سەرۆک) بوو بە نازناوی من. لە ئێستادا لێپرسراوی کۆمەڵەیەکم بەناوی (ڕەوتی کوردی)، پێم وایە ئێستاش هەر وەک ئەوەی جێی گاڵتەپێکردن بوو ڕەش پێستێک بڵێ من دەبم بە سەرۆکی ئەمریکا، بەهەمان شێوە بۆ ئێرە لە ڕۆژهەڵات و سەرەڕای ئەوەش کچە کوردێک بۆ وڵاتێکی وەک عێراق بڵێ دەمەوێت ببم بە سەرۆککۆماری عێراق هەر جێی گاڵتەپێکردنە. بەڵام من باش ئەزانم هیچ شتێک مەحاڵ نییە، ژیان پێچەوانە دەبێتەوە هەموو شتێک دەگۆڕێ، هەمووان چاوەڕێی فریادڕەسێکن و منیش خۆم بەو فریادڕەسە دەبینم، بەڵێ لە کۆتایدا من دەبمە سەرۆککۆماری عێراق." ...

October 13, 2020

"هەولێرم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام حەزم لەو هەموو بینا و باڵەخانە و بلۆک و سەب و کۆنکرێت و ئاسنە قورس و گران و زەبەڵاحانەی شار نەبوو. بێزاریم لەو شتانە، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ئەو بیرۆکەیەم بۆ بێت. بیرۆکەی دروستکردنی شوێنێکی ئەوها بە دار...

October 11, 2020

"تاکە خوێندکاربووم لەناو هەموو بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ مەکینەی دروومانم لەگەڵ خۆم بردبوو بۆ ناو بەشی ناوخۆیی. سەرەتا زانکۆ زۆر ڕێگرییان لێدەکردم، بەڵام من هەر سوربووم لەسەر بردنی مەکینەکەم و بە پارەیەکی زۆر ڕەمزی خەیاتیم بۆ کچانی بەشە ناوخۆییەکە دەکرد، ئەوانەی کە دەستیان کورتبوو بێبەرامبەر هاوکاریم دەکردن. چونکە ئەو خوێندکارانەی لە بەشی ناوخۆیین، خەڵکی ئەو شارە نین و هیچ شارەزانین، وە خەرجییان زۆر دەڕۆیشت. بۆ من بەرگدروویی بەشێکە لەژیانم، نەمهێشتووە مەکینەکەم لێ دوربخرێتەوە. لەدوای ئەوەی کە زانکۆم تەواو کرد، هاوڕێیەکی خۆمم فێری دروومان کرد. تا لەدوای من هاوکاری خوێندکارەکان بکات. ئێستا ئەمەم وەک کلتور لێکردووە، ئەویش دەبێت لەدوای خۆی کەسێک فێربکات، تا ئەم ڕێچکەیە بەردەوام بێت. چونکه خوێندکارەکان زۆر پێویستییان پێیەتی. ئێستاش کە زانکۆم تەواوکردووە بەردەوامم لە پیشەکەی خۆم و خاوەن دوکانی خۆمم. کاری بەرگدروویی دەکەم و کۆمەڵێک خوێندکارم هەیە فێری دروومانییان دەکەم. سەرباری ئەمەش کتێبێکم نوسیووە لە بواری درووماندا و تەنها چاپکردنی ماوە." ...

October 8, 2020

"لەپاش ئەوەی خەڵکەکە گەڕانەوە گوندەکان، هەستمان بە کەلێنی خۆشییەککرد ئەویش توتن کردنبوو. چونکە توتن کلتورێک باو و باپیرمانە و له کۆنەوە سەرمایەیەکی گرنگمان بووە. ساڵانە ڕووبەری یەک کاتژمێر مەکینەکردن دەکەم بە توتن، کە نزیکەی دوو سەد دارێک دەردەچێت، چونکە توتنەکە بەدار ئەکەین هەر بەداریش حسابی ئەکەین. کاتی توتن کردنیش لە بەهاردا دەستپێدەکات. سەرەتا شەتڵ دەکەین پاشان لە ١٥ی مانگی ئادارەوە دەست بە بۆیە هەڵدانەوە دەکەین و پاش بۆیەش خاکاو دەکەین، دوای خاکاویش بە هەرەوزی ژن و پیاو دێن، ژنەکان توتن دەچێنن و پیاوەکانیش ئاوەنێ و خاکاو دەکەن. دوای تەواوبوونی ئەم کارەش، دوای پانزە بیست ڕۆژ کە توتنەکە کەمێک هەراش دەبێت واتە زۆر گەورە نابێت ئەوجا دێتە سەرەی کارتە و جوتە دوای ئەوە سەرو جوتەی کارتەی یەکەم دەکرێت دوای ئەوە سەرو کارتەی دووەم دەکرێت و دوای سەرو کارتەی سێیەم دەکرێت دوای ئەوە پانزە بیست رۆژێکت ئەمێنی و لە هاوین توتنەکە پێ دەگات و دەست دەکەین بە بڕینەوەی توتنەکە." "توتنەکانیش چەند جۆرو شێوازێکی هەیە، توتنی فەقێ حەوێز، بۆندار، بێ شەما و بەسێ شەل. توتنی بۆندار تایبەتە بە زێوە و هەرتەل و شیرە. بێ شەما تایبەتە بە نواوە و دواوە. بەسێ شەل یەعنی بتوێن. باشترین جۆری توتنیش توتنی بۆنداری زێوەیە وجیهانییە. سەییدەکان بەکاریدەهێنن و ئەگەر جوان خزمەت بکرێت کیلۆیەکی نزیکی سەد دۆلار دەکات. زەمانی قەدیم چل پەنجا ساڵ پێش ئێستا خەڵک پایزان دەهاتن بۆ گوندەکان قەسپ(جۆرێکە لە خورما) و سابونیان دەهێنا، بەکارتە و جوقەیان (گوڵ و پەلکی توتن) دەدا. بە قەسپەکەیان دەگوت قەسپی کوردکوژ و فەردەی سی کیلۆی بوو. بۆیە وایان پێدەوت چونکە عەرەبەکان نەیان دەخوارد، تەنها بۆ ماڵاتیان بەکاردەهێنا. بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی برسی بووین و قەسپمان نەبوو وە نەشمان دیبوو زۆر حەزمان لێبوو و دەمانخوارد. کارتەش وەک توتن بەشیشەوە ئەکرێت بەڵام جوقە لێدەکرێتەوە و لەبەرهەتاو ڕادەخرێ و بەسەرمای زستان وشک دەکرێتەوە. زۆر رازیین لە پیشەکەمان و سودێکی ماددی زۆری لێدەبینن، سەرباری ئەوەی کە خۆشیەکی زۆریشمان پێدەبەخشێت چونکە زۆربەی کارەکان بە هەرەوزی دەکرێت." ...

October 6, 2020

"ژیان زۆر لەوە جیاوازترە کە هەندێ کەس بە پەمەیی دەیبینن، من لەوەتەی چاوم بەدونیا هەڵهێناوە هیچ شتێ بەدڵی من نەبووە. تا گەنج بووم هەر خەریکی شوانی و جوتیاری و قوڕکاری بووم لە دێکەی خۆمان. نەبوونی ژیان وای لێکردم منێکی موالید 1957 لەتەمەنی 35 ساڵی هاوسەرگیریم کرد. ژیان پێشتر وەک ئێستا نەبوو، ئەو کاتەی من ژنم هێنا ڕەفیقەکانم کوڕیان خەریکی مەڕداری بوون. لەهەشتاکانەوە خەریکی بیر لێدانم، ڕۆژانە چەندین مەتر لەژێر زەویم، بەتەنیا خەریکی هەڵکۆڵینی زیاترم. بۆیە ئەوکاتەی دێمەوە سەر زەویش، تەنیاییەکەی ژێر زەوی حەوسەڵەی ئەوەی نەهێشتووم کەس بدوێنم و تێکەڵی کەس ببم. تەنیایی و تاریکی ناو بیرەکان وای لێ کردووم تەنیا موبتەلای بیرکردنەوە بم و بەس." ...

October 6, 2020

"خەمم ئەوەبوو لەو کۆلێژە وەرنەگیرێم کە هەموو تەمەنم هەوڵم بۆ یاوە. بەڵام کاتێک قۆناغی دوانزەم تەواو کرد، نمرەکەم ئەوە نەبوو کە ئەمویست. لەو کاتەیا کەوتمە نێوان دوو بڕیار، یان ئەوەتا دانیشم و ساڵێکیتر هەوڵبەمەوە، یاخود بچم بۆ هەر کۆلێژێک کە ناوم بێتەوە و بەردەوامبم لە خوێندن. تاکە شت کە بتوانێت بڕیارە ڕاستەکەم پێبات، دایکمە. بەردەوام پێم ئەڵێت ئەتوانی بەدەستیبهێنیت، بەڵام من بەو جۆرە بیر ئەکەمەوە کە مەرج نییە سەرکەوتنی تۆ تەنیا لەو شتەیابێت کە خۆت ویستوتە پێشتر. مامۆستایەکم هەبوو ئەیوت: زۆرم حەز لە ئەندازیاری بووە کاتی خۆی، باوکم فۆرمەکەی بۆ پکردبوومەوە و بەشی پزیشکی لەسەرەوە نوسیبوو. کاتێک زانیم، فۆڕمەکەم دڕاند و فۆڕمێکیترم وەرگرت. کە زانیم ئەندازیاری وەرمناگرێت، بیرکاری و فیزیام نوسی. ئێستا مامۆستای فیزیام و ئەگەر ژیان دووبارەبێتەوە هەر فیزیا ئەنوسم لەبەرئەوەی سەرکەوتوو بووم تیایدا." ...

October 3, 2020

"کاتێک وەختی هەنار دێت، بە قەتاڵە و بەرچنە دەچین بۆهەنار ڕنین. ئەوەی له کۆڵی دەکەی قەتاڵەیە و ئەوەی لەشانی دەکەی بەرچنەیە. سیفاتی باشی قەتاڵە و بەرچنە ئەوەیە ناهێڵێت هەنارەکان ئەزێتییان ببێت. وە کلتورێکی باب و باپیرانیشمانە، بۆ ئێمە چێژبەخشە کە هەر بەشێوەی قەدیمی کارەکان جێبەجێ دەکەین. ژیانی گوند خۆشە، بەڵام ئەو بەرەکەتەی جارانی نەماوە. ئێمە پێ لێ ڕاهاتووین بۆیە دەستبەردای نابین و لێی دەژین. ڕاستە بەروبومەکە ئیسفادەی جارانی نەماوە و زۆر پێوەی هیلاک دەبین، بەڵام کە بەرهەمەکە پێدەگات هەموو شت لەبیردەکەین." "چەندین جۆری هەنارمان هەیە، وەک هەناری سورەتمبە وهەنارە شینکە. بەشێکی لێئەفرۆشین و بەشێکی دەکەین بە سرکە و بەشێکیتریشی هەڵدەگرین. شێوەی هەڵگرتنەکەی بە شێوەیەکە کە گەڵی بۆ دەبڕین و دەیخەینە شوێنێکی فێنک و بەرسێبەر، پاشان قەسەڵی بۆ رادەخەین. دواتر گەڵی پێدادەدەین تا زستان. بۆ شەوچەرەی زستان و شەوانی درێژی زستان زۆر خۆشە. وە هەندێکی لە زستان دەفرۆشین، چونکە ئەوکات پارەی باشتر دەکات. ئەم قەتاڵەش هەرخۆمان دروستیدەکەین لە داری کەژ، بۆ زۆربەی ئیشوکاری ڕۆژانەی گوندی سودی لێدەبینین." ...

October 2, 2020

"لە وڵاتانی دەرەوە هەموو خەرجی ژیان و خوێندن بۆ کەمئەندامان دابین دەکرێت، کەچی لەم کوردستانەی خۆمان کەمئەندامان ماندووترین چینی کۆمەڵگەن. بەداخەوە ئەو ئیشانەی کە بۆ ئێمەی کەمئەندام هەیە، هەمیشە ئەو ئیشانەن کە مرۆڤی ساغ پێی شەرمە بیانکات. سەیری زۆربەی کەمئەندامەکان بکە، یان کارگوزارن لە فەرمانگەکان، یان کارمەندی شارەوانین. من وەک خۆم ڕاستە کەمئەندامم، بەڵام ئەوە نەبۆتە ڕێگر لەوەی بتوانم ئیش بکەم و نانێک بۆ منداڵەکانم پەیدا بکەم. ئێ دەی ناشکرێت چاوەڕێی حکومەت بم، ئەوان مەعاشی ساغەکان نادەن، ئێستا مەعاشی کەمئەندامێکی وەکو من دەدەن؟! لەبری حکومەت مەمنونی ئەو دراوسێ دوکانانەمم کە بەیانیان و ئێواران یارمەتیم دەدەن لەکاتی دانان وهەڵگرتنەوەی عەرەبانە و سیدییەکانم." ...