Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 16, 2020

"لە مناڵیمەوە ئاواتی ئەوەم هەبووە بتوانم سەیارەیەک بۆخۆم بکڕم بەڵام تا ئێستا نەمتوانیوە بگەم بە خەونەکەم، لە زۆر شوێنی جیاواز ئیشم کردوە و پارەم بۆ کۆکردووەتەوە بەڵام زۆر شتی گرنگتر هاتوونەتە پێشەوە کە پێویست بووە پارەکەم سەرف بکەم و خەونەکەم دوور بکەوێتەوە. زۆر کات هاوڕێیەکم ئەبینم کە سەیارەیەکی نایابی پێیە خەفەت لەوە ئەخۆم کە هێشتا نەمتوانیوە من هەمبێت، لە ئێستادا لە شوێنێک کار ئەکەم کە تەنیشتی شوێنی کارەکەم پێشانگای سەیارەیە هەموو ڕۆژێک بەلایدا تێپەڕ ئەبم زیاتر سوور ئەبم لەسەر خەونەکەم کە هەر ئەبێت بەدی بێنم، ڕەنگە زۆر کەس بڵێت خەونێکی ئاساییە ببیت بە خاوەنی سەیارەی خۆت بەڵام بۆ زۆر کەس ئەستەمە لەم ڕۆژەدا، بەڵام ئەگەر بەردەوام بم هەر پێی ئەگەم، زۆر دڵنیام لەوە." ...

November 14, 2020

"تازە بەشی پەرستاریم تەواوکردبوو، دەستمکرد بە کارکردن لەسەنتەرێکی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پشکنینم بۆ ئافرەتێک دەکرد. لەم کاتەدا کە سەرگەرمی پشکنین بووم، زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، ھیچ کاتێک لەژووری نەخۆش وەڵامی پەیوەندیم نەدەدایەوە، بەڵام لەم ئێوارەیە بەردەوام ھەستێکی ناخۆشم ھەبوو! وەک بڵێیت چاوەڕێی ھەواڵێک بم، ‎لە بێ ئۆقرەییدا وەڵامی پەیوەندییەکەم داوە، دەنگێک گوتی خێرا وەرە نەخۆشخانە، باوکت خراپتربووە!، باوکم کە ھەشت مانگ بوو لەجێگا کەوتبوو، ئێمە چاوەڕێی ھەڵسانەوەی بووین. مۆبایلەکەم لەدەست بەربووەوە سەرزەوی، بە نەخۆشەکەم گوت من دەڕۆم خاتوون بەهیوای سەلامەتیت. بەپەلە ڕامکرد، لە دەرگای بەشی فریاکەوتنی ئەو نەخۆشخانەی باوکمی لێ بوو ڕۆشتمە ژوورەوە، دایکمم بینی، بەقژە سپیە ئاڵۆسکاوەکەیەوە ھاواری دەکرد و سنگی خۆی دەکوتی، تێگەیشتم باوکم مردووە و منیش درەنگ کەوتوم! من ئێستا بەردەوامم لە کارەکەم، ئەوەشی گەرەکمە بەئامانجەکەم بگەم و زۆرباش چاودێری ئەو نەخۆشانە بکەم کە توشی جەلدە بووینە، غەمگینی ئەو ساڵانەشم کە بەبێ بوونی باوکم دێن و تێدەپەڕن." ...

November 13, 2020

"ماوەی چەند ساڵێکە دەستم کردوە بە کاری ژینگەیی بە شێوەیەکی خۆبەخشی، ئەو کارەی من لە ئەنجامی پیسبوونی ڕۆژ به ڕۆژی ژینگەی وڵاتە. سەرەتا بە تەنیا دەستمکردوە بە کاری ژینگەدۆستی لە خاوێنکردنەوەی گوندەکەی خۆم و هەندێ شوێنی دەڤەرەکەم، دواتر بەشێوەی گرووپ دەستمکرد بە خاوێنکردنەوە، هەر لەوکاتانە بۆ ئەوەی پیشەکەم ببێتە نەریتێک و زۆرترین خەڵک بەژداری کارەکەی من بکات پەنام بردە بەر (چاڵێنجی ژینگەیی) لەوێدا چەندین کەس بانگێشکرا بۆ خاوێنکردنەوەی چەندین شوێن خۆشبەختانە تەواوی باڵەکایەتی و بەشێک لە هەولێر و شوێنەکانی دیکەی گرتەوە. هەروەها هەر بە خۆبەخشی دەستمکرد بە سمیناری ژینگەیی. لە زۆر ناوچە و شوێن سمینارم بۆ تەواوی چین و توێژەکان ئەنجامداوە وە سمینارم بۆ زیاتر لە ٥٠٠ تەڵەبە لە ناوەندەکانی خوێند ئەنجامداوە، هەروەها بەژداری چەندین کۆڕ و کۆنفڕانسم کردوە و چەندین بڕوانامە و سوپاسنامەی ڕێکخراوە ژینگەیەکانمم پێدراوە." ...

November 11, 2020

"ژیانم لە وەرزشدا خولاسە بۆتەوە، سەرەتایی ژیانی وەزرشیم دەگەڕێتەوە بۆ کاتی قوتابخانە، لە یاری تۆپی پێ و گۆڕاپان و مەیدان توانیم ئەنجامی باش بەدەست بێنم. دواتر ڕووم لە مەرکەز شەبابی سۆران کرد و ئەوێش دەستپێکێکی زۆر باش بوو بۆ من لە تۆپی پێ. توانیم لە لاوانی سۆران و هەڵۆ یاری بکەم پاشانیش لەیاری گۆڕەپان و مەیدان توانیم لەسەر ئاستی کوردستان ئەنجامی باش بۆ یانەی چۆمان و هەڵۆ بەدەست بێنم، بەوەندەش نەوەستام توانیم لەوڵاتانی ئیتاڵیا و یۆنان ئەنجامی باشم هەبێت، من هێز و توانام لەوە زیاتر بوو تەنیا لەچەند یاریەک خۆم قەتیس بکەم، بۆیە توانیم بڕوانامەی ڕاهێنەری سەرەتایی لە شەتڕەنج و تۆپی پێ و ڕیشە بەدەست بێنم، هەروەها بڕوانامەی نێودەوڵەتیم لە شاخەوانی بەدەستهێنا. خەونی گەورەم ئەوەیە لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان بەئاڵای کوردستانەوە بەشدار بم." ...

November 9, 2020

"کار و کەسابەتی زۆرم ئەنجامداوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامم. کەم توڕە دەبم و زۆر پێدەکەنم، ژیان قورسە و لێرە ئازاری زۆرم بینیوە، ڕەنگە ڕۆژگارێک توانای ئەوەم هەبووبێت لێرە بڕۆم و ئەم ژیانەی ئێستام جێبێڵم، بەڵام بۆ بڕۆم؟ پێموایە مرۆڤ لەهەر کوێیەکی ئەم سەرزەمینە بێت بە دەردوو گرفتی جۆراوجۆر گیرۆدە و گرفتارە. باشترین جۆری ژیانکردن ئەوەیە پێبکەنێت، ئەگەر پێنەکەنیت و فشەت بە ئازارەکان نەیەت، بێتاقەتی و خەم خواردن هیچ چارەسەر ناکات. شەوانە کە سەر دەخەمە سەر سەرین بەر لەوەی بخەوم خەیاڵ دەکەم، ئەوەی بە خەیاڵمدا دێت هەندێک جار بزەم بۆ دروست دەکات و هەندێک جاریش دەمگریەنێت. ئەوەی باشە هەژارەکان تێدەگەن کە ژیان هیچ نیە و تا ئەبەد بۆ کەس نابێت، بۆیە هەتا بۆم بکرێت بەس پێدەکەنم." ...

November 6, 2020

"لەپاش کۆچڕەوەکەی (1991) و دروستبوونی شەڕی براکوژی. کورد بەگشتی لەدۆخێکی یەکجار ناخۆشدا بوو. بەتایبەت بۆ گەنج، خەون و وزەکانی هەمووی قەتیس بوبوو، جارێ هەر بۆ چینی هەژار هیچ هۆکارێکی دڵخۆشبوون نەمابوو. لەو کاتەدا چەند تێکستێکم بۆ هونەرمەند (ڕەشوان شێخانی) نووسی. گۆرانییەکان لەو کاتەدا وەک حەشیش ئارامکەرەوە بوون بۆ عاشقە هەژارەکان. من کە نەوەی (شێخ جامی)بووم، چاوەڕوان نەکراو بۆ خەڵک کە گۆرانی (نامەیەک، خەبەرێک نەهات لەلای تۆ، ئەی بۆ وات کرد بۆ ) تێکستی من بن. بیرمە کاسێتەکەم بردە لای باوکم و لێمدا پێم گوت ئەوانە هەمووی تێکستی منن، تاهێزی هەبوو زلەیەکی لەبنی گوێی دام، گوتی نەوەی شێخ و ئەوشتانە شورەییە. هونەر لای من ئەوەندە پیرۆز بوو تەوهین و قسە زبرەکانی بابم نەبونە ڕێگر لەبەردەم قوڵبوونەوەم لەناو هونەر. ئێستاش تەمەنێک تێپەڕیوە بەسەر ئەو گۆرانییانە بەڵام من وەک شێخێک هەر شانازیان پێوە دەکەم." ...

November 5, 2020

"لە ئێستادا لە قۆناغی چوارەمم لە کۆلێژی کشتوکاڵ، ئەو کاتەی لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگیرام بۆ کچێکی بیست ساڵانەی وەک من لە ناوچەیەکی ساردی شاخاوی وەک باڵەکایەتی بۆ ناو هەولێر زۆر قورس بوو. قبوڵکردنی ئەو جەنجاڵییەی شار بە بەراورد بەو ئارامییەی باڵەکایەتی یەکجار دژوار بوو. جگە لەوەش لەوێ لەژێر سایە و سێبەری خێزان بووم لە هەموو ڕوویەکەوە. بەڵام لێرە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ژیانی خۆم لە ئەستۆی خۆم بوو. جگە لەوە کۆمەڵێک زەحمەتی تر هەبوون کە تووشی پاڵەپەستۆ و شڵەژانی دەروونییان کردبووم، زۆر جار لە خۆمم دەپرسی، ئەوە منم لە ناوەڕاستی ئەم شارە گەورەیەدا بە تەنیا کاری خۆم بەڕێدەکەم؟، بەڵام شکور وردە وردە بە ناسینی کەسی نوێ و دۆزینەوەی هاوڕێی باش توانیم ڕابێم لەگەڵ بارودۆخەکە، ئێستا دوای چوار ساڵ هەولێر بۆتە بەشێک لە ژیانم و ئەو شارەم زۆر خۆش دەوێت. بە دوور کەوتنەوە لێی بەجۆرێک بیری ئەو شارە دەکەم کە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم نەک چوار ساڵ بەڵکو چوار هەفتەش لێی بمێنمەوە." ...

November 3, 2020

"کارکردن لە ڕاگەیاندن ئاواتی من بوو. کاتێک قۆناغی شەشم تەواوکرد ئەندامانی ماڵەوەو کەسانی چواردەورم هەموویان دژی ئەوەبوون بەشی ڕاگەیاندن هەڵبژێرم. هەتا زیاتر وادەی فۆڕم پڕکردنەوە نزیکتر دەبووەوە، زیاتر فشاری دەروونیم قەلەقی دەکردم. دەمگوت چۆن بتوانم خێزانەکەم ڕازی بکەم بۆ ئەوەی بتوانم ئەوە هەڵبژێرم کە خۆم دەمەوێت؟ بیرمە هەموو دژم بوون. تەنیا یەک هاورێم نەبێت کە دەردە دڵی خۆم بۆی باسکرد، بوو بە پاڵپشتم و هانیدام. وایکرد زیاتر لە جاران پێداگیربم لەسەر خەونەکەم و هەرگیز کۆڵ نەدەم. دواجار لە خێزانەکەشم برا گەورەکەم بووە پاڵپشت و هاندەرم. ئەوەی زۆرجار بە هاورێ و هاوپیشەکانمی دەڵێم ئەوەیە "سەرکەوتن پەیوەست نییە بە پلەو پۆستی بەرز، بەڵکو پەیوەستە بەوەی خولیاو ئارەزووتە، دەڵێم هەوڵ بۆ ئەوە بدەن و ئەوە هەڵبژێرن کە لەناخی دڵەوە دەتانەوێت و حەزی پێدەکەن". ئێستەش کە لە قۆناغی کۆتایی ئەو بەشەم، هەموو ساڵێک بە پلەی سێیەم دەرچووم، وە وەک پەیامنێر کاردەکەم. ئەوانەشی کە دژم بوون و دەیانگوت ناتوانیت، ئەوەتا دەبینن کە لەوە زیاتریش دەتوانم." ...

November 1, 2020

"لە تەمەنێکی زۆر لاویدا هاوسەرگیریم کرد، زۆر کەس پێیان وایە من هەڵەم لەو تەمەنە کەمەدا چوومە ناو ئەو پڕۆسەیە، بەڵام هەرگیز پەشیمان نیم لەو بڕیارەم و زۆر خۆشحاڵم لەو ژیانەی ئێستا کە تێیدام. کاتێک لەگەڵ منداڵەکانم دەچمە هەر شوێنێک وادەزانن خوشک و برای بچووکمن چونکە ڕووخسارم زۆر لەوە بچووکترە کە خاوەنی دوو منداڵ بم. زۆرم پێ خۆشە کە هێشتا لەسەر هێزی خۆم بم و کوڕەکەم ببینم ئەویش گەنج بێت. هەر ئەوەش هۆکار بوو کە زوو ژنم ‌هێنا، دەمویست منداڵەکانم لەگەڵ خۆم گەورەبن و هاریکارم بن. هاوسەرگیری سونەتی حەیاتە هەر دەبێت بیکەیت زوو یان درەنگ، بۆیە بەڕای من هەتا لەسەر هێز و بازووی خۆتی ئەو بڕیارە بدەیت سوودی خۆی دەبێت بۆت." ...

October 31, 2020

"من نەوەی مشکۆی گۆرانیبێژم، زۆر شانازی بە باپیرمەوە دەکەم چونکە بەڕاستی ئەو ڕێز و حورمەتەی هەمانە لەناو خەڵکیدا و بەتایبەت لە هەولێر، بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەوەی ئەوین. لەو تێڕوانینەی خەڵک بۆ ئێمە ئەوەم بۆ بەدیار دەکەوێت کە هونەرمەندانی کۆن خاوەنی هونەر ڕاستەقینە بوون بەجیاواز لە هونەرمەندانی سەردەم، ئێستا سەیر دەکەی خەڵکی خودی هونەرمەندەکە ناناسێ. ئەوانەی لە تەمەنی مشکۆی باپیرمدا بوون و ئێستا ماون پێم دەڵێن تۆ لە هەموو نەوەکانی زیاتر بەو دەچیت، هەر لەبەر ئەوەشە ئەو هاوتەمەنانەی ئەو کە ماون منیان خۆشدەوێت، سەیر لەوەدایە ئەوەندە لەو دەچم کەچی بەداخەوە دەنگم وەک ئەو خۆش نیە." ...

October 30, 2020

"دوو ساڵ زیاتر دەبێت خەریکی گوڵفرۆشیم، پێشتر شارەزایی ئەوەم نەبوو کە هەر ڕەنگە و مانایەکی خۆی هەیە. بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەوەی ڕەنگەکان هەموو دەناسم، بۆنی گوڵەکانیش دەناسمەوە. بڕۆم بۆ هەر ماڵێک ئەگەر گوڵدان و باخچەیان هەبێت دەزانم هەستی ئەندامانی خێزانەکە چۆنە. بڕۆم بۆ هەر شوێنێک حەزدەکەم گوڵ و گوڵدان ببینم. کە بووم بە گوڵفرۆش هاوسەرگیریم نەکردبوو، ڕۆژانە خەڵک بۆ بۆنە و یادەکانیان بۆ گوڵ کڕین دەهاتن بۆ لام، بەتایبەت ئەوانەی گوڵیان بۆ خۆشەویست و هاوسەرەکانیان دەکڕی، زۆر سەرەنجیان ڕادەکێشام. ئێستا کە خێزاندارم بۆ ئەوەی هاوسەرەکەم بزانێت چەندم خۆشدەوێت، منیش زۆر جار گوڵی بۆ دەبەم بە دیاری، بۆ هەر گوڵێکیش بە پارە لە خۆمی دەکڕمەوە، بەم جۆرە ویستوومە قیمەت بۆ گوڵەکە و هاوسەرەکەم دانێم. من هاوسەرەکەم زۆر خۆشدەوێت و لەهەمان کاتیشدا گوڵەکانیشم خۆشدەوێت." ...

October 30, 2020

"هەستم دەکرد لە خوێندندا سەرکەوتوو نابم بۆیە بڕیارمدا واز لە خوێندن بێنم و دەست بکەم بە کارێک، سەرەتا وەک شاگردێک کارم دەکرد لە سەرتاشخانەیەک و خۆشم زۆرم حەز بە سەرتاشی بوو. بەردەوام بووم هەتا توانیم سەرتاشخانەی خۆم هەبێت و ببمە خاوەن کاری خۆم، بەڵام پاش ماوەیک بەهۆی کێشیەکەوە دوکانەکەم نەما. کۆمەڵێ کاریترم کرد، بەڵام سوودیان نەبوو بۆ من، بەو جۆرە نەبوون کە من دەمویست، بڕیارمدا بەڕێگەی قاچاخ سەفەر بکەم، لەوەشدا کۆمەڵێ کێشە هاتە بەردەمم و نەمتوانی سەفەر بکەم. پاش ماوەیەک گەڕامەوە سەر حەزەکەی خۆم و هەرچۆنێک بوو سەرتاشخانەکەم دانایەوە، ئاواتی زۆرم هەیە پێی بگەم و ڕێگری زۆریش هەیە بەڵام کۆڵ نادەم و بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەم، گرنگترین شت ئەوەیە بە خۆت بڵێی مەڕوخێ." ...