Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 3, 2022

"ساڵانی هەشتاکان تەمەنم 10 ساڵ بوو کاتێک لەگەڵ باوک و براکانم دەهاتین بۆ راوەماسی. بەحوکمی ئەوەی لە لێواری دەریاچەی دوکان گەورەبووم و ژیانمان لەسەر فرۆشتنی ماسی بوو، منیش بووم بە راوچی. ئێستاش حەوت سەرخێزانین و ژیانمان لەسەر راوکردنە. راوەماسی پێویستی بە زانیاریی زۆر و شارەزاییە، دەبێت پشوودرێژبیت و گورجوگۆڵ بیت. هەندێکجاریش بە چانسە. رۆژ هەبووە هیچم نەگرتووە و رۆژی واش هەبووە 50 کیلۆ ماسیم راو کردووە. بیرمدێت ماسی 150 کیلۆیی لەم دەریاچەیە راو کراوە و من خۆم ماسی سەروو 30 کیلۆییم بە قولاپ گرتووە. بەڵام بەداخەوە ئێستا رێژەی ماسی لە دوکان کەمبووەتەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک بێرەحمانە بەڕێگای تەقەمەنی و کارەبا راو دەکەن". ...

August 1, 2022

"مرۆڤ ئەگەر لە کولانەیەکیش لەدایک بووبێت هەر لای پیرۆزە. من لەو خانووە لەدایکبووم، رەنگە ئەمە بۆ هیچ کەسێک ئەرزشی نەبێت، بەڵام بۆ من هەر سووچێک لەو خانووە سەدان یادگاری تێدایە. منداڵی و گەنجیم هەمووی لەو ژوورە بەسەربردووە. بەڵام لەبەرئەوەی بیناکە تەمەنێکی زۆری هەبوو، وردە وردە تووشی داڕمان و ئاودان دەبوو. ئێمەش چونکە کرێچی بووین و مافی ئەوەمان نەبوو نۆژەنی بکەینەوە، لەسەر داوای خاوەنەکەی چۆڵمان کرد. لەتەنیشت ئەو خانوێکم بەکرێ گرتووە بەسە بۆ ئەوەی لەبەرچاوم ون نەبێ و رۆژانە بیبینم. ئاسان نییە هەموو ژیانت لەخانوێک بەسەربردبێت و ئێستاش لەبەرچاوتدا بیڕوخێنن. هەموو عەسرێک سەیری بەر دەرگاکەی دەکەم دایکمم بیردێتەوە کاتێک چاوەڕوانی باوکم بوو، لەوسەریشەوە باوک بە دوو دەستی پڕ لە عەلاگەوە لە سووچی کۆڵانەکەوە بەدیار دەکەوت.". ...

July 20, 2022

"هەموو کاتێک لە نیعمەتی هەبوونی دایکم سوپاسگوزاربووم. ئێستا کە بوومەتە دایک ئینجا تێدەگەم (دایکبوون) چ ئەرزشێکی گەورەیە! دۆخێکی یەکجار سەیرە، لە مرۆڤێکی ئاسایی و سادەوە دەتگۆڕێ بۆ مرۆڤێکی پڕ هەست و بە بەزەیی. واتلێدەکات ویژدانت لە هەموو کاتێکدا خەبەردار بێت. فێری ئارامییت دەکات، متمانەبەخۆبوونت پتەوتر دەکات. ئەگەر چی دنیایەک کێشە و تەجروبەی نوێی تێدایە، بەڵام چێژبەخشە بەهەموو خەم و ئازارەکانییەوە. منداڵ کە لەدایک دەبێ تەنیا ڕۆحێک دروست نابێ، بەڵکو جوانترین یادگاری دروست دەبێ لە نێوان تۆ و هاوسەرەکەت. منداڵ زادەی خۆشەویستی و عەشقی نێوان ژن و مێردە. بۆیە چێژی بوون بە "دایک" چێژێکە نەبڕاوەیە". ...

July 3, 2022

بوون بە یاریزانی بالە ئاواتی منە. هەرچەندە لەکوردستان زۆر گرنگی بەو جۆره وەرزشە نادەن. بۆیە دەرکەوتنی یاریزانی بالە تۆزێ قورسە. دەبێ هەوڵی جدی بدات تا خۆی بسەلمێنێ و لە یانەیەک داوا بکرێ. بەڵام هیچکام لەو شتانە مەحاڵ نین. من متمانەی زۆرم بەخۆمە، خێزانم پاڵپشتمن. بۆیە هەموو هەوڵی من ئەوەیە ئەو خەونە بکەمە ڕاستی. ڕۆژانە پاش ئەوەی کە لە قوتابخانە دێمەوە چەند کاتێکم بۆ ڕاهێنانی خۆم تەرخان کردووە. ئێمە هۆڵی داخراومان نییە بۆ ڕاهێنان، ناچار لە یاریگای گڵ ڕاهێنانە پراکتیکییەکانمان ئەنجام دەدەین. هەموو ئەوانەی شارەزاییان هەیە لەسەر بابەتەکە، ئامۆژگاری ئەوەیان کردووم. کە دەبێ یاریزان لە تەمەنێکی بچووکەوە بچێتە ناو دونیای وەرزش. بۆیە لە ئێستادا گونجاوترین تەمەنم هەیە بۆ ئەوەی بتوانم دەستپێکێکی باشم هەبێ. ئینجا ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ من ئەوەیە: کێش و باڵام زۆر گونجاوە بۆ یاری بالە، لە ئێستادا کاتم جگە لە خوێندن، تەنیا بۆ یاری بالەیە. خۆشبەختانە هاوڕێشم نییە! هاوڕێی نزیکم تۆپەکەمە." ...

June 5, 2022

"فێربوونی زمانێکی نوێ، چەندە زەحمەتی هەیە، دوو ئەوەندەش چێژی خۆی هەیە. من لەڕێی فەیسبووکەوە فێری دوو زمانیتر بووم. هاوڕێ ئینگلیز و ئۆکڕانییەکانم پێیان سەیر بوو من لەو تەمەنە گەورە و تەنیا بە هۆی چاتەوە فێری زمانی ئەوان بووم! ئێستا قۆناغێکی باشترم بڕیوە لە فێر بوونی زمانی ئۆکڕانی، بەشێویەک کە دەتوانم بە دەنگوڕەنگ قسە لەگەڵ هاوڕێکانم بکەم نەک تەنیا بە چات. ئەوان زۆر تامەزرۆی شێوازی ژیان و کەلتووری ئێمەن، بۆیە هەموو کات داوای ئەوەم لێ دەکەن کە بۆ چەند کاتێکی کەمیش بێت، ڕووی کامێرای مۆبایلەکەم بکەمە خەڵک و بازاڕی خانەقین، تەنانەت وایلێهاتووە ئاشنایەتییان لەگەڵ درواسێیەکانی دوکانم پەیدا کردووە. دراوسێکانیشم جار جارە بە ڤیدیۆ قسەیان لەگەڵ دەکەن و من دەبمە وەرگێڕ لە نێوانیاندا. زۆر حەز دەکەن گەشتێک بکەن بۆ خانەقین و لە نزیکەوە بیبینن. بەڵام بەداخەوە ترسیان لە ڕەوشی ئەمنیی عێڕاق هەیە. بەڵام خودا یاوەر بێت من تەمای ئەوەم هەیە گەشتێک بۆ لای ئەوان بکەم و لەنزیکەوە پەیوەندیەکانمان بەهێزتر بکەین و زیاتر برەویش بە قسەکردنی خۆم بدەم". ...

May 18, 2022

"پێکەوەژیان لە هەڵەبجە مێژوویەکی کۆنی هەیە. جوانی ئەم شارە لەوەدایە هیچ شتێک نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم خۆشویستن و یەکترویستنی خەڵکەکەی. من کچێکی کاکەییم و ئەمەش هیچ ئاستەنگێکی بۆ من دروست نەکردووە کە ڕەفیقی موسڵمانم هەبێ. هەر ئەوەی کەسێک ببینم بە زمانی کوردی قسەبکات، ئەوە لەسەرووی هەموو شتێکە. ئەوەی خۆشحاڵییە بۆ من ئەوەیە هاوڕێکانیشم هەمان ئەو تێگەیشتنەی منیان هەیە بۆ ژیان و دۆستایەتی. هەردوولامان ڕێز لە دابونەریت و پیرۆزییەکانی یەکتر دەگرین. من ساڵانێکە مامۆستام و ڕێزێکی زۆر هەیە لە نێوان من، قوتابییەکانم و مامۆستاکانی تر. جگە لەوەش من ساڵانێکە وەکو فۆتۆگرافەر لەو شارەدا کار دەکەم. هێندەی بۆ ئاهەنگ و ڕۆژبوونی موسڵمانەکان ڕۆیشتووم، باوەڕ ناکەم بۆ کاکەییەکان چووبم! تەنانەت لەزۆربەی مەراسیمە ئایینییەکانیان بەشدارم و وێنەشیان دەگرم. ئەوانیش زۆرجار لەگەڵم دێنە (هاوار) کە پەرستگای ئێمەی لێیە و هەوارگەی ڕاستەقینەی کاکەییەکانە". ...

May 5, 2022

"ڕەشۆی سازم پێدەڵێن. ژیان لای من یەکسانە بە مۆسیقا. ئەو(ساز)ەم نزیکترین کەسی ژیانمە. ڕۆژانە لەناو بازاڕ بە سازەکەم دڵی سەدان کەس خۆش دەکەم، دڵنیام ئەوانیش هەموویان خۆشیان دەوێم. بۆ ژەمەکان بەرناکەوم لایان، لە چایخانەکانیش قەت نەمدیوە پارەم لێ وەرگرن. کە دێمە بازاڕ یان کە دەچمەوە، هۆرینم بۆ لێدەدەن و ئۆتۆمبێلم بۆ ڕادەگرن لەسەر شەقامەکان. فێربوونم لە مۆسیقا خۆڕسکانەیە، دەنا من نازانم ناوی خۆشم بنووسم. من بە کاریگەری دەنگی (محمد عارف) هاتمە ناو دونیای هونەرەوە. بۆیە شەوێک نییە لە ژیانمدا گوێم لێنەگرتبێت. کە بمەوێ فێرە ئاوازێک بم، بەردەوام گوێی لێدەگرم و دواتر لاسایی دەکەمەوە و دەیژەنم. کاتی کەرەنتینە بە ڕاستی لەمن قەوما بوو.چونکە نەمانی بازاڕ، بۆ من یانی نەمانی جەو. راستتر بڵێم: من ژیانم لەسەر ئەو بڕە پارەیەیە کە لە بازاڕ پێمی دەدەن لەبەر عەزفکردنم بۆیان، یان لەبەر خۆشەویستیان بۆم.". ...

April 20, 2022

"چاوێکم بینی تەواوی بیر و ھۆشی بردم. زۆرجار چاوی جوان و سەرنجڕاکشم بینیبوو، بەڵام ئەمەیان تەواو جیاواز بوو. بەشێوازێک دەدرەوشایەوە وەک ئەوەی شتێک بڵێت. لە خۆتەوە هەستت دەکرد بانگت دەکات. خاوەنی چاوەکە ڕۆیشت و ون بوو. بەڵام شکڵ و کاریگەری ئەو چاوە لە زهنم دەرنەچوو! لەو ڕۆژەوە هەر مرۆڤێک ببینم ناتوانم سەیری چاوەکانی نەکەم. بە شێوەیەک هۆگری چاوەکان بووم وەک بڵێی قەت چاوم نەبینیبێت. سیحری ئەو چاوەی بینیم وایلێکردووم پێموابێت ھەرشتێک چاوی ھەبێ جوانە! وا هەست دەکەم چاوی ناشرین بوونی نییە. چاوەکان قسانێکمان پێدەڵێن کە زمان ناتوانێت بیانڵێت! ھەر چاوێک، نیگایەک و چیرۆکێکی خۆی پێیە. چاو قەت ناتوانێ درۆ بکات. مرۆڤ دەتوانێ هەموو شتێک بشارێتەوە. بەڵام لەچاوەکانی ناتوانێ ئەوە بشارێتەوە کە دڵخۆشە، یان غەمگینە. تەنانەت لە چاوەکانیدا هەست بەوەش دەکەی کە بیری کەسێک دەکات". ...

April 10, 2022

"ئێمە لە قۆناغی سەرەتاییەوە هاوڕێین. لە قوتابخانە کات بەشی نەدەکردین، بەڵام چونکە دراوسێ بووین، زۆربەی کاتەکان لای یەکتر بووین. هەمووو قۆناغەکانی تری خوێندنمان بەیەکەوە بڕی. بیرم نایەت بۆ یەکجاریش توڕە بووبین لەیەکتر. زۆربەی شتەکانمان لەیەک دەچێت تەنها باڵامان نەبێت. خەڵکیش تەنیا ئەو جیاوازییە دەبینێت! من تێناگەم خەڵک بۆچی (باڵا) دەکەنە پێوەری هاوڕێیەتی؟ سەدان جار بە هەریەکێکمان وتراوە ئێوە وەک ژمارە یەک و سفرن. بەڵام ئەو توانج و قسە ناخۆشانە پەیوەندی ئێمەی بەهێزتر کردووە. ئێمە خوێندکاری زانکۆین، بەداخەوە لەناو زانکۆ گوێمان لەو شتانە دەبێ. پێم سەیرە هۆشیاری ئەوان لەکوێدایە؟ بەڵام ئێمە رێز لە تەمەنێک هاوڕێیەتیمان دەگرین و هیچ شتێک ساردمان ناکەتەوە. باو ئەو نەریتە نەهێڵین رەنگ، نابێت رەگەز و باڵا و شکڵ و شێواز ببنە هۆکار بۆ ئەوەی دووکەس هاوڕێ نەبن و یەکتریان خۆشنەوێ". ...

March 30, 2022

"لای هەمووان ڕوونە گەنجێتی قۆناغێکە سەرەتای چێژوەرگرتنە لە شتەکان. بەداخەوە من ئەو چێژەم نەبینی. لەبەر ئەوەی من تاقە منداڵی دایکمم. نەبوونی خوشک و برا یەکجاری ئەرکەکەی منی قورستر کردووە. جیا لەوەی ئیشکەری ماڵ تەنیا خۆمم. هەموو کاتێکیش لە هەوڵی ئەوەدام: دایکم لەو تەنیاییە وەڕس نەبێ. ژیانکردن لەماڵێک کە باوکێک نەبێ ئێواران چاوەڕێی بکەی ئاسان نییە! بەڵام جیاواز لە هەموو ئەو نەهامەتییانە، هەبوونی دایکێکی میهرەبان بۆ من هەر شوکرانەی دەوێ. بەشێوازێ پەروەردەی کردم و دایکایەتی بۆ کردووم مەگەر بەس خوا بتوانێ پاداشتی بداتەوە. هەرکاتێک هیلاک و وەڕس بم ئەو ساتانە دێنمە بەرچاوم کە دایکم چیم بویستبایە بێدڵی نەدەکردم و بۆی پەیدا دەکردم. بۆیە تا ئەو مابێت هەست بە ماندووبوون ناکەم. بیرمە جارێک لەکارێک پرتەوبۆڵەم دەهات، پیاوێک گوتی: دایکت ماوە؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: کەوایە بۆت نییە گلەیی لە ژیان بکەی! ئەوکات تێنەگەیشتم. ئێستا دەزانم قسەکەی چەندە ئومێدبەخشە". ...

March 27, 2022

" خەڵکانێک هەن زۆر هەڵە لە کەسانی لادێنشین دەڕوانن. پێیانوایە تێنەگیشتوو و کەمزانن! ڕۆشنبیری بەجلوبەرگ و شێواز و شوێنی ژیانکردن نییە! ئێمە کە لە لادێ دەژین مانای ئەوە نییە ئاگامان لە تەکنەلۆجیا و بارودۆخی سیاسی و ئابووری نەبێت. ئەمڕۆ سۆشیاڵمیدیا خێراترین ڕێگایە بۆ ئاگاداربوونت لە تەواوی شتەکان. بەڵام جیاوازیمان لە هەندێک شتدا وای کردووە ئەو تێگەیشتنە خراپە دروست بێت. ئێمە لەبری باڵەخانە بەرزەکان چێژ لە تەپۆڵکە و یاڵ و گردەکان دەبینین. ڕاستە بازاڕمان نییە، بەڵام بینینی ئەو دەشت و باڵندانەی هەن زۆر ئاسوودەمان دەکات. ئەمڕۆ وای لێهاتووە ژیان بۆتە بەرژەوەندی. لە کوێ گوزەرانت باشتر بسوڕێت، ڕوو لەوێ دەکەی. من چەند ساڵێک ئەزموونی شارم هەبووە. قورسە ژیانکردنت تێیدا. لە مانگێکدا بیست ڕۆژ کارم دەکرد، ئینجا پارە بەشی نەدەکردین! وەلێ ئێستا بە یەک هەفتە کارکردنم ژیانی مانگێکم پێ دەگوزەرێنم. هەوای پاک، تەندروستی چاک". ...

March 16, 2022

"کورد لە بەلاش نەیگوتوە: بەرد لە جێی خۆی سەنگینە. لە دایکبووی ئەم گوندەم. خوێندن، شوانی و گەورەبوون و پێشمەرگایەتیم بەرەو چەندەها گوند، قەزا و ناحیە و شاری تری بردم. بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارمدا کۆتایی ژیانم هەر لەو شوێنە بێت کە سەدان یادگاری جوانم تێیدا هەیە. ژیان لە ئێستادا بۆ پیری وەک ئێمە تەنیا تێپەڕینی رۆژەکانە. کێشەی تەمەندرێژی بینینی مەرگی ئازیزانە، نوێژی بەکۆمەڵ و چوونە گۆڕستان کاری ڕۆژانەی ئێمەیە. بەداخەوە ئەو کاتانە ڕۆیشت کە شەوچەرە هەبوو. یاری و مەجلیسی پڕ قسەی خۆش هەبوون. مخابن زۆرێک لە بەتەمەنەکان ماڵئاواییان کردووە. ئێستا مۆبایل و ئینتەرنێت ئەم جەوەیان نەهێشووە. لاوازی و ساردی باری کۆمەڵایەتی، نەک هەر شارەکان گوندەکانیشی گرتۆتەوە. من لەزۆرێک لە سیفاتی گەنجی ئێستا ناڕازیم، بەڵام هیچکات گلەییان لێ ناکەم، چونکە گومانم نییە هەرچیان پێ بڵێی، ئەوان هەر پێیان وایە کە لەئێمە عاقڵترن. با ڕاستگۆ بم، منیش لەگەنجیدا ئاوابووم! بە بەردەوامی گلەییم لە پیرەکان دەکرد، کە تەسک بیر دەکەنەوە". ...