Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 20, 2022

"چاوێکم بینی تەواوی بیر و ھۆشی بردم. زۆرجار چاوی جوان و سەرنجڕاکشم بینیبوو، بەڵام ئەمەیان تەواو جیاواز بوو. بەشێوازێک دەدرەوشایەوە وەک ئەوەی شتێک بڵێت. لە خۆتەوە هەستت دەکرد بانگت دەکات. خاوەنی چاوەکە ڕۆیشت و ون بوو. بەڵام شکڵ و کاریگەری ئەو چاوە لە زهنم دەرنەچوو! لەو ڕۆژەوە هەر مرۆڤێک ببینم ناتوانم سەیری چاوەکانی نەکەم. بە شێوەیەک هۆگری چاوەکان بووم وەک بڵێی قەت چاوم نەبینیبێت. سیحری ئەو چاوەی بینیم وایلێکردووم پێموابێت ھەرشتێک چاوی ھەبێ جوانە! وا هەست دەکەم چاوی ناشرین بوونی نییە. چاوەکان قسانێکمان پێدەڵێن کە زمان ناتوانێت بیانڵێت! ھەر چاوێک، نیگایەک و چیرۆکێکی خۆی پێیە. چاو قەت ناتوانێ درۆ بکات. مرۆڤ دەتوانێ هەموو شتێک بشارێتەوە. بەڵام لەچاوەکانی ناتوانێ ئەوە بشارێتەوە کە دڵخۆشە، یان غەمگینە. تەنانەت لە چاوەکانیدا هەست بەوەش دەکەی کە بیری کەسێک دەکات". ...

April 10, 2022

"ئێمە لە قۆناغی سەرەتاییەوە هاوڕێین. لە قوتابخانە کات بەشی نەدەکردین، بەڵام چونکە دراوسێ بووین، زۆربەی کاتەکان لای یەکتر بووین. هەمووو قۆناغەکانی تری خوێندنمان بەیەکەوە بڕی. بیرم نایەت بۆ یەکجاریش توڕە بووبین لەیەکتر. زۆربەی شتەکانمان لەیەک دەچێت تەنها باڵامان نەبێت. خەڵکیش تەنیا ئەو جیاوازییە دەبینێت! من تێناگەم خەڵک بۆچی (باڵا) دەکەنە پێوەری هاوڕێیەتی؟ سەدان جار بە هەریەکێکمان وتراوە ئێوە وەک ژمارە یەک و سفرن. بەڵام ئەو توانج و قسە ناخۆشانە پەیوەندی ئێمەی بەهێزتر کردووە. ئێمە خوێندکاری زانکۆین، بەداخەوە لەناو زانکۆ گوێمان لەو شتانە دەبێ. پێم سەیرە هۆشیاری ئەوان لەکوێدایە؟ بەڵام ئێمە رێز لە تەمەنێک هاوڕێیەتیمان دەگرین و هیچ شتێک ساردمان ناکەتەوە. باو ئەو نەریتە نەهێڵین رەنگ، نابێت رەگەز و باڵا و شکڵ و شێواز ببنە هۆکار بۆ ئەوەی دووکەس هاوڕێ نەبن و یەکتریان خۆشنەوێ". ...

March 30, 2022

"لای هەمووان ڕوونە گەنجێتی قۆناغێکە سەرەتای چێژوەرگرتنە لە شتەکان. بەداخەوە من ئەو چێژەم نەبینی. لەبەر ئەوەی من تاقە منداڵی دایکمم. نەبوونی خوشک و برا یەکجاری ئەرکەکەی منی قورستر کردووە. جیا لەوەی ئیشکەری ماڵ تەنیا خۆمم. هەموو کاتێکیش لە هەوڵی ئەوەدام: دایکم لەو تەنیاییە وەڕس نەبێ. ژیانکردن لەماڵێک کە باوکێک نەبێ ئێواران چاوەڕێی بکەی ئاسان نییە! بەڵام جیاواز لە هەموو ئەو نەهامەتییانە، هەبوونی دایکێکی میهرەبان بۆ من هەر شوکرانەی دەوێ. بەشێوازێ پەروەردەی کردم و دایکایەتی بۆ کردووم مەگەر بەس خوا بتوانێ پاداشتی بداتەوە. هەرکاتێک هیلاک و وەڕس بم ئەو ساتانە دێنمە بەرچاوم کە دایکم چیم بویستبایە بێدڵی نەدەکردم و بۆی پەیدا دەکردم. بۆیە تا ئەو مابێت هەست بە ماندووبوون ناکەم. بیرمە جارێک لەکارێک پرتەوبۆڵەم دەهات، پیاوێک گوتی: دایکت ماوە؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: کەوایە بۆت نییە گلەیی لە ژیان بکەی! ئەوکات تێنەگەیشتم. ئێستا دەزانم قسەکەی چەندە ئومێدبەخشە". ...

March 27, 2022

" خەڵکانێک هەن زۆر هەڵە لە کەسانی لادێنشین دەڕوانن. پێیانوایە تێنەگیشتوو و کەمزانن! ڕۆشنبیری بەجلوبەرگ و شێواز و شوێنی ژیانکردن نییە! ئێمە کە لە لادێ دەژین مانای ئەوە نییە ئاگامان لە تەکنەلۆجیا و بارودۆخی سیاسی و ئابووری نەبێت. ئەمڕۆ سۆشیاڵمیدیا خێراترین ڕێگایە بۆ ئاگاداربوونت لە تەواوی شتەکان. بەڵام جیاوازیمان لە هەندێک شتدا وای کردووە ئەو تێگەیشتنە خراپە دروست بێت. ئێمە لەبری باڵەخانە بەرزەکان چێژ لە تەپۆڵکە و یاڵ و گردەکان دەبینین. ڕاستە بازاڕمان نییە، بەڵام بینینی ئەو دەشت و باڵندانەی هەن زۆر ئاسوودەمان دەکات. ئەمڕۆ وای لێهاتووە ژیان بۆتە بەرژەوەندی. لە کوێ گوزەرانت باشتر بسوڕێت، ڕوو لەوێ دەکەی. من چەند ساڵێک ئەزموونی شارم هەبووە. قورسە ژیانکردنت تێیدا. لە مانگێکدا بیست ڕۆژ کارم دەکرد، ئینجا پارە بەشی نەدەکردین! وەلێ ئێستا بە یەک هەفتە کارکردنم ژیانی مانگێکم پێ دەگوزەرێنم. هەوای پاک، تەندروستی چاک". ...

March 16, 2022

"کورد لە بەلاش نەیگوتوە: بەرد لە جێی خۆی سەنگینە. لە دایکبووی ئەم گوندەم. خوێندن، شوانی و گەورەبوون و پێشمەرگایەتیم بەرەو چەندەها گوند، قەزا و ناحیە و شاری تری بردم. بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارمدا کۆتایی ژیانم هەر لەو شوێنە بێت کە سەدان یادگاری جوانم تێیدا هەیە. ژیان لە ئێستادا بۆ پیری وەک ئێمە تەنیا تێپەڕینی رۆژەکانە. کێشەی تەمەندرێژی بینینی مەرگی ئازیزانە، نوێژی بەکۆمەڵ و چوونە گۆڕستان کاری ڕۆژانەی ئێمەیە. بەداخەوە ئەو کاتانە ڕۆیشت کە شەوچەرە هەبوو. یاری و مەجلیسی پڕ قسەی خۆش هەبوون. مخابن زۆرێک لە بەتەمەنەکان ماڵئاواییان کردووە. ئێستا مۆبایل و ئینتەرنێت ئەم جەوەیان نەهێشووە. لاوازی و ساردی باری کۆمەڵایەتی، نەک هەر شارەکان گوندەکانیشی گرتۆتەوە. من لەزۆرێک لە سیفاتی گەنجی ئێستا ناڕازیم، بەڵام هیچکات گلەییان لێ ناکەم، چونکە گومانم نییە هەرچیان پێ بڵێی، ئەوان هەر پێیان وایە کە لەئێمە عاقڵترن. با ڕاستگۆ بم، منیش لەگەنجیدا ئاوابووم! بە بەردەوامی گلەییم لە پیرەکان دەکرد، کە تەسک بیر دەکەنەوە". ...

March 6, 2022

"ئێمە کۆمەڵێک گەنج بووین خەونی ئەوەمان هەبوو هۆڵێکی سینەمامان هەبێت لە چەمچەماڵ. بەڵام لە نەبوونی ئەوە، خۆمان بە دروشمی) بەکلتوورکردنی سینەما( لە کافتریا و چایخانەکان بەخۆڕایی فیلمـمان پێشکەش دەکرد. هەمیشە زۆر بێتاقەت دەبووین لەوەی ژمارەی بینەرەکان یەکجار کەم بوون. بەڵام دواتر لەوە تێگەیشتین کە ئاشناکردنی "سینەما" بە کۆمەڵگای شارەکە، جگە لەوەی کارێکی دژوارە! بگرە زۆر گەورەیە. تەنانەت لە نێوان خۆماندا هاوشێوەی شۆڕشێکی درێژخایەن وەسفمان دەکرد. بۆیە گەیشتینە ئەو بڕوایەی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە پێویستی بە هەوڵ و ماندووبونێکی یەکجار زۆرە! بۆیە ئەگەر بمانەوێ دووبارە هەوڵێکی لەو شێوەیە بدەینەوە، دەبێ باشتر خۆمان پەروەردە بکەین بۆ ئەوەی بە فۆڕمێکی جیاوازتر بتوانین پەیامی خۆمان بگەیەنین و خزمەتێکی بچووک بەو شارەی خۆمان بکەین. پێموایە تەنیا هونەرە دەتوانێت کۆمەڵگایەکی هۆشیار دروست بکات. بۆیە ئێمەی گەنج بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆش نەبێت، سبەی و چەند ساڵێکی تریش بێت، دەتوانن کەهەوڵی زۆر باشتر و جدیتر بدەین". ...

February 23, 2022

"مرۆڤ یانی هەڵوێست. ئەو ڕستەیە بۆتە یاسا لە ژیانی مندا. ئەو قەناعەتە پۆڵایینەم لەو کاتەوە بۆ دروست بوو کە پێویستم بە هاوکاری و هەڵوێست بوو لە کەسانی دەوروبەرم، بەداخەوە کەسێک نەبوو دەستم بگرێ. من کەسێکی خوا پێدەبووم. قەدەری خوا وایکرد تەواوی ژیانم پێچەوانەوە ببێتەوە. خاوەنی خانوو و ئۆتۆبێلی گەورە و بچووک بووم. هەموویم لەدەستدا. بەس بۆ ئەوەی شەرمەزاری خوا و خەڵک نەبم، ئەوەی هەمبوو فرۆشتم. ویستم هەروەک چۆن پێشوو سەربەرزانە ژیابووم هەروا بمێنمەوە، شوکور بۆ خوا هەرواشم کرد. قورسی ژیان نەیتوانی ڕامبگرێت، بەو تەمەنەوە بڕیارمدا دووبارە لە سفرەوە دەست پێ بکەمەوە. ئێستا چایخانەیەکی بچووکم داناوە، زۆر لەوە باشتره دەست بۆ خەڵک پان بکەمەوە. من نەمهێشت شەرمەزاری خەڵک بم، چۆن دێڵم شەرمەزاری خێزانی خۆم بم؟! ئومێدم هەیە کە ژیانم ئاسایی دەبێتەوە، ئەوانەش لە بیر ناکەم، کە بە دەفتەر پارەم پێ دەدان بە قەرز، کەچی بە دینارێک یان وشەیەک هاوکارم نەبوون". ...

February 16, 2022

"ئیرادەت هەبێ هیچ شتێک نییە بەناوی مەحاڵ. من تەجرووبەی زۆر ڕێگام کرد بۆ لاواز بوونی جەستەم، سوودێکی ئەوتۆی نەبوو، بۆیە ناچار گەیشتمە بڕیارە ڕاستەکە و دەستمکرد بە وەرزشکردن. ڕۆژانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک نۆ کیلۆمەتر ڕادەکەم و هەندێک ڕاهێنانیش بۆ ئەندامەکانی لەشم دەکەم. توانیم بۆ ماوەی چەند مانگێک شازدە کیلۆگرام دابگرم. دابەزینی کێش تاکە سوود نەبوو لە وەرزشکردنەکەم. بەڵکوو بوومەتە خاوەنی لەشێکی یەکجار تەندروست، ئەوە جگە لەوەش ئێستا ئەوەی ترسە نەمماوە لەوەی نەوێرم خواردن بە دڵی خۆم بخۆم. کاتی وەرزشکردنەکەم خستۆتە پاش بانگی بەیانی. هەر بۆ ئەوەی ناچاربم شەو زوو بخەوم، تا تێرخەوم ببم. بۆیە ئەوە گەورەترین سوودبینینم بوو لەو پڕۆسەیە کە بەرنامەی خەوم تەواو ڕێکخستووە. هەموو مرۆڤێک زوو یان درەنگ دەگاتە ئەو قەناعەتە، کە ژیانی خۆش: یانی تەندروستیەکی باش. بۆیە بەهیوام هەموو لایەک لەهەوڵی ئەوە دابن تەندروستانە بژین". ...

February 9, 2022

"تەمەنم سێ ساڵە! ڕەنگە سەیر بێت بۆتان بەڵام ئەوە ڕاستییە. چونکە ئەوە سێ ساڵە دەزانم ژیان چییە و وەکو کەسانی تر چێژ لە شتەکان دەبینم. چەندین ساڵ ترس و شەرمم لە کۆمەڵگا وای لێکردبووم بوێری ئەوەم نەبێ بچمە شوێنێک بە دڵی خۆم و بازاڕێک بکەم. هەرهیچ نەبێ وەکو خەڵک بچمە شوێنە گشتییەکان! کۆمەڵێک هاوڕێی دڵسۆز وایان لێکردم بەهێز و بوێر بم. دواتر بڕیارمدا کە زاڵبم بەسەر هەموو ئەو عەقڵییەتە پاشکەوتووەی خەڵکانی نەفام و توانجی دەوروبەر. لەکۆتاییدا گەیشتمە بڕیارە ڕاستەکە و ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەم تێکشکاند. بۆ کچێکی ٢٢ ساڵەی وەکو من ئێستاش درەنگ نییە کە بمەوێ بگەم بەخەونەکانم. دەمەوێ بە هەمووان بڵێم: من ئێستا کەسێکی ترم. پێشتر بە سازەکەم خەم و فشارە دەروونییەکانی خۆمم کەم دەکردەوە. بەڵام ئێستا بوێرانە لە بەرچاوی خەڵک عەزف بۆ هەمووان دەکەم". ...

January 30, 2022

"ئەگەر رۆژی ڤالانتاین لە جیهاندا بۆ خەڵک رۆژی خۆشەویستی بێت، ئەوا بۆ من رۆژێکی شووم و نەگریسە لە ژیانمدا. چونکە لەو رۆژەدا دایکم بە رووداوێکی دڵتەزێن گیانی لەدەستدا. قێز لەو رۆژە دەکەمەوە و نامەوێت دووبارە ببێتەوە لە ساڵەکاندا. هەموو شتێکم لەبیرە. تەمەنم ١٥ ساڵ بوو کە بەرەبەیانییەک بەدەنگی هاوار و قریشکە بەخەبەر هاتین. دایکمان بە سوتاوی بینی هاواری دەکرد، بەپەلە بردمانە خەستەخانە و ١٠ رۆژ لەوێ مایەوە. بەڵام بەهۆی سوتانی زۆرینەی جەستەیەوە گیانی لەدەستدا.. ئەمە چیرۆکی ژینی منە کە هەرگیز بیرمناچێتەوە و کاڵ نابێتەوە". ...

January 19, 2022

"مهەندێجار تەواوی هەفتەکە لە کارم، ئیتر ئەوە ئیشە و ناچارم دەبێ لەگەڵی بڕۆم. شێوازی ئەو کارکردنە لەگەڵ پێشوودا تەواو گۆڕاوە. ئێستا موشتەری لۆکەیشنەکەی دەنێرێ و منیش زۆر بەئاسانی و بەخێرایی خواردنە دڵخوازەکەی بۆ دەبەم. لەسەر ماتۆڕەکەم سەدان خەیاڵ دەکەم تا دەگەمە شوێنی مەبەست، تەواو تێکەڵی شەقامەکانی شار بوومە، گوێگرتنم لەگۆرانی بەقەد ماتۆڕەکەم هاوکارمە تا دەگەمە جێی مەبەست! ئاخر مۆسیقا نەبێ کێ دەتوانێ تەحەموولی جەنجاڵی شەقام و بای ساردی سەر ماتۆڕ و سەرما و گەرمای وەرزەکان بکات؟! شەوێک خواردنم بۆ موشتەرییەک دەبرد، قەت ئەو شەوەم بیر ناچێ چونکە زۆرم برسی بوو. لەترافیک وەستابووم، لەناکاو سەیری ئاسمانم کرد مانگم بینی، شێوەی زۆر لە پیتزا دەچوو. خەریک بوو لادەمە سەر شەقام و پیتزاکە دەربێنم و بیخۆم...

January 9, 2022

"زۆر منداڵ بووم کە شووم کرد. بەڵام ناچار بووم! چونکە بابەتەکە ژن بە ژنە بوو. زۆرجار هاوسەرگیری دەبێ کردنەوەی دەروازەی خێر بۆ مرۆڤ، بەڵام بەداخەوە بۆ من پێچەوانەوە بوو. فەترەیەک دوای شوکردنم ئەو برایەی ژنم بۆ کردبوو، ماڵئاوایی کرد و مرد بەداخەوە. مردنی ئەو برایەم بوو بە برینێک قورس بوو ساڕێژ ببێ. سۆز و خۆشەویستی تاقە کوڕەکەم وای کردبوو بتوانم دان بە خۆم دابگرم. ئەوە جگە لەوەی قورسی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەمان ئۆقرەی لێ بڕیبووین. لەگەڵ ئەو بێپارەیی و هەژارییە، مێردەکەم تووشی دەردێک بوو عیلاجی لە هیچ کوێیەک نەدەکرا! هیچکات ئەو شەوەم بیرناچێ کە کۆتایی شەوی ئەو بوو لە ژیان. ئەو شەوە تا بەیانی خەریکی دۆشاو کردن بووم، زۆر هیلاک ببووم. کە بانگی فەرموو گوتم:حەسەن با نوێژەکەمان بکەین و بخەوین. گوتی ژانم گەلێک زۆرە ناتوانم بخەوم، هاوار و ناڵەی دەگەیشتە ئەو پەڕی دونیا، کەچی بەهۆی نەبوونییەوە نەمئەزانی ڕوو لە کوێ بکەم. ناچار دراوسێیەکمان هات و هەندێ پارەی پێدام لەگەڵ ئەسپێک تا بیگەیەنمە شار. کەچی بەداخەوە لە نیوەی ڕێگا مرد و بۆ هەتاهەتایی تەنیای کردم". ...