Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 10, 2020

"سەرمای ئەو شوێنە باسناکرێت، ناوچەیەک بوو نزیک شام لە ناو مەسیحییەکاندا. ئەو کاتە تەمەنم چواردە ساڵان بوو، دوور لە خێزان و هاوڕێکانم، ڕۆژانە ڕێگایەکی زۆرم دەبڕی لە نێوان شوێنی فێربوونەکەم و ماڵەکەمدا. بەڵام خولیام بۆ کاری دارتاشی ئەوەندە زۆربوو هەرگیز بێزار نە ئەبووم بە ڕۆشتن لەژێر بەفردا بۆ ماوەیەکی زۆر، هەندێک جار بەفر مەترێک بەرزدەبۆوە. بەڵام ئارەزووی دروستکردنی کەلوپەل و کێشانی نەخش و نیگار لەسەر تەختە، نەیوەستاندم. دوای گەشتێکی هەژدە ساڵی، گەڕامەوە بۆ نیشتیمان. چونکە تاراوگە چەنێک جوانبێت، بەڵام نیشتیمانەکەی خۆت جوانتر و دڵبەرترە. لەگەڵ ئەوەی ببومە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە خۆم، بەڵام هەستمەکرد ڕۆژئاوا پێویستی پێمە. ماوەیەک لەپاڵ کارەکەمدا، هەستام بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپوری و ئەنتیک، بۆ ئەوەی مۆزەخانەیەکی پێدروستبکەم. بەڵام بەهۆی ئەوەی کەس هاوکارم نەبوو و ماڵەکەشم هێندە فراوان نەبوو بتوانم جێیبکەمەوە، بۆیە دوای ماوەیەک مۆزەخانەکەم داخست و گەڕامەوە سەر پیشەکەی خۆم کە لە پێناویدا زۆرم چەشتووە." ...

October 9, 2020

"نەنکم تەمەنی نەوەد ساڵبوو. سەرەڕای تەمەنەکەی، تەندروستی زۆر باشبوو. تا ڕۆژێکیان لە کاتی دەستنوێژ هەڵگرتندا خلیسکا و کەوت، ئازار بە ئەژنۆکانی گەشتوو و کەوتە سەر جێگا. بەهۆی ئەوەی دایکیشم تەندروستی باش نەبوو و خۆم تاکە منداڵی ماڵەکە بووم، بڕیارمدا خۆم خزمەتی بکەم. ڕۆژانە خواردنم بۆ دروستدەکرد و نانم پێدەدا. کات و ساتی دەرمانەکانیم لەبەرکردبوو و بێ دواکەوتن دەمداپێی. بە جۆرێک هۆگری ببوم وام لێهاتبوو لە خۆم زیاتر خۆشم دەویست. ئەو هۆگریە کاریگەری نەرێنی خستبووە سەر خوێندنەکەم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشم. تەنانەت لەگەڵ هاورێکانیشم نەدەچوومە دەرێ، دەموت نەکا پێویستی بە شتێک بێت و من لە ماڵ نەبم. ماوەی یانزە مانگ نەنکم بەو شێوەیە لەسەر جێگا مایەوە." "ڕۆژێکیان لەبەر بێتاقەتی و هیلاکی زۆر، بڕیارمدا سەردانی ماڵی خوشکێکم بکەم لە شاری قامیشلۆ. بە نەنکمم وت دوو ڕۆژم پێدەچێت و زوو دەگەرێمەوە. لەو کاتەدا شتێک روویدا کە هەرگیز ناتوانم لەبیری بکەم، توند دەستەکانی گرتم و پێی وتم مەڕۆ، ئەترسم نەتبینمەوە. منیش پێکەنینێکی دروستکراوم بۆ کرد و پێموت مەترسە هیچ ڕوونادات و زۆرم پێناچێت. هەمان شەو، تەلەفونکرا و وتیان نەنکم تەندروستی تێکچووە و داوای من دەکات. زۆر زۆر گریام، زۆر پەشیمان بووم کە جێمهێشتبوو. لەگەڵ براکەم بەخێرایی سەیارەیەکمان بە کرێ گرتوو و گەڕاینەوە بۆ حەسەکە. کاتێک دەرگام کردەوە هەموو خزم و کەسوکار لە دەوری کۆببونەوە و ئەویش لە جێگاکەیدا کەوتبوو. گوێم لێبوو بانگی دەکردم و دەیوت فاتمەم بۆ بێنن، با پێش ئەوەی بمرم بیبینم. ڕۆشتمە لای، هەردووکمان توند دەستی یەکمان گرتبوو، من دەگریام و ئەو دەگریا. پێم وت ئەوەتام، قەت جێتناهێڵم جارێکیتر. لەویا لەبەرچاوی خۆما گیانی دەرچوو. مرد، بەڵام بۆ هەمیشە خەمێکی قوڵی لە دڵمدا جێهێشت. " ...

October 4, 2020

"کاتێک توشی هەڵامەت دەبووین یان سەرمامان دەبوو، دایکم کۆمەڵێک گژوگیای تێکەڵ دەکرد و بۆی دەکوڵانین. هەر ئەوەبوو وای لە من کرد بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆم بکەم کە ئایا چۆن دەکرێت کۆمەڵێک گژوگیا و گوڵی کێوی چارەسەری نەخۆشی بکەن؟ ئیتر لەوێوە ڕێگای چارەسەرم بە گژوگیا گرتەبەر و زیاتر لە بیست ساڵە ئەمە کارمە. یەکەمجارمبوو کە کەسێک چارەسەر بکەم، ئازارێکی زۆر لە سکیدا هەبوو. توانیم لەو ئازارە ڕزگاری بکەم و بیرمە دواتر گەڕایەوە بۆلام بۆ سوپاس و لەگەڵ دەستیدا دیاری بۆ هێناوبووم. دیارییەکەی سێ کتێب بوو، پێی وتم کامەیانت دەوێت هەڵیبژێرە، منیش یەکێک لە کتێبەکانم بەرچاوکەوت کە هی (عبد الرحمن السيوطي) بوو، تەمەنی کتێبەکە بۆ ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕایەوە و تێیدا باسی سەرجەم جۆری ئەو گژوگیا و گوڵانەی کردووە کە بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاردێن لەگەڵ سودەکانیاندا." "هەموو ڕۆژەکانم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبەوە بەسەردەبرد و بە وردی خۆم فێری سەرجەم جۆرەکانی گژوگیا کرد. پاشان دەچوومە لای عەتارەکان و ئەو گیایانەم دەکڕی کە پێویستم بوون و ئەوەی فێری ببووم و تاقیمدەکردنەوە. سوپاس بۆخوا ئێستا دەتوانم نەخۆشییەکان دەستنیشانبکەم و چارەسەری گونجاویان بۆ بەکاربهێنم. تاکو ئێستا چەندین حاڵەتی جۆراوجۆرم چارەسەرکردووە و لە بەرامبەریشدا پاداشتم وەرگرتووە. جارێکیان بە ڕێکەوت چاوم بە کەسێک کەوت لە ماڵی هاوڕێیەکم، زیخی گورچیلەی هەبوو و پزیشک پێی وتبوو دەبێت نەشتەرگەری بکەیت و لەڕووی مادیشەوە توانای نەبوو نەشتەرگەرییەکە بکات. منیش پشکنینم بۆ کرد، پاشان چارەسەرێکم پێدا. پاش ماوەیەک کە چووبوو بۆ پشکنین لای پزیشک، پزیشکەکە سەری سوڕمابوو و وتبووی ئەو زیخانەی گورچیلەت چییان لێهاتووە؟" ...

September 30, 2020

"هەشتاوپێنج ساڵ بەر لە ئێستا، باپیرم یەکەم کەس بووە کاری شەربەتفرۆشی دەستگێڕی (السوس) کردووە لە شاری قامیشلۆ. بۆ ماوەی سی ساڵ ئەم کارەی کردووە، پاشان باوکم جێگەی گرتۆتەوە و باوکیشم ماوەی چل ساڵ هەمانکاری کردووە و لە شارەکەدا بەناوی ئەبوعەبدۆی سەواس ناوبانگی هەبووە. دواتر باوکم چووە تەمەنەوە و منیش لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستم بەم کارە کرد. باوکم ورد و درشتی کارەکەی فێرکردووم، هەروەها ئەوەی من لە فرۆشیارەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە من جلوبەرگی فۆلکلۆری شەربەتفرۆشیی لەبەردەکەم. وا نزیکی هەشتاوپێنج ساڵە لە قامیشلۆین، بەڵام من هەمیشە دەڵێم کە بە ئەسڵ خەڵکی حەلەبم، چونکە ئەوەی ئەسڵی خۆی بیرچێتەوە، وەکو ئەوە وایە ئەسڵ و فەسڵی نەبێت." "خواردنەوەی سوس سودی تەندروستی زۆرە، یەکێک لە شتە گرنگەکانی ڕەوانکردن و خێراکردنی هەرسی خۆراکە. سوس جۆرە گیایەکە لە کەناری ڕووباری فورات لێدەکرێتەوە. ئەو سوسەی کە لە فورات لێدەکرێتەوە زۆر بەناوبانگە. زیاتر لە وەرزی هاویندا دەفرۆشرێت، لە شاری قامیشلۆش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا دەست بە فرۆشتنی دەکەین. بەڵام لە دیمەشق و حەلەب لە هەموو وەرزەکاندا دەگێڕدرێت. هەر لەبەر ئەوەشە لە زستاناندا ناچار کاری تر دەکەم. سوس، یاخود بنەبەلەک (Binebelek) بە کوردی، جۆرە خواردنەوەیەکی فۆلکلۆریی تایبەتە بە خەڵکی سوریا و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئەو کەسەی ئەم کارە دەکات پێی دەوترێت (السواس)." ...

September 28, 2020

"هەموو کەسوکارم لە شاری ئەدەنەی باکور دادەنیشن، بەڵام خۆم منداڵبووم کاتێک هاتم بۆ ڕۆژئاوا و لەم گەڕەکە نیشتەجێبووم. هاوسەرگیریم کرد و پێکەوە چەند کچ و کوڕێکمان بوو. پێش پانزە ساڵ هاوسەرەکەم کۆچیدوایی کرد، ئەرکی گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکان چووە سەرشانی من. کاتێک منداڵەکانم گەورەبوون، زۆربەیان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیانکرد وئێستا تەنها پێنجیان لێرە لەگەڵم ماونەتەوە. چەند جارێک ڕۆشتوومەتە سەردانیان بۆ ئەڵمانیا و بۆ قوبرس، سوپاس بۆ خوا ژیانیان زۆر باشترە. کچە گەورەکەم لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، زۆرم لێدەکات لەوێ لەلای بمێنمەوە و بژیم، بەڵام ناتوانم زیاتر لە چوار مانگ لە ماڵەکەی خۆم دوور بکەومەوە. ڕۆژانە لەبەر دەرگای ماڵەکەم دادەنیشم و هەرچی ڕێبوارێک تێدەپەڕێت سەلامم لێدەکات. ئێوارانیش لەگەڵ ژنانی گەڕەک لەبەردەم ماڵەکەی خۆمدا کۆدەبینەوە و قسەوباس دەکەین. زۆربەی کەس بە (موختاری گەڕەک) ناوم دەبەن، چونکە زۆرێک لەوانەی لێرەوە تێدەپەڕن دەیانناسم." ...

September 25, 2020

"کاتێک قوتابی سەرەتایی بووم، دەستم بە وێنەکێشان کرد. کاتێک منداڵبووم بەردەوام سەیری کتێب و وێنەم دەکرد و دووبارەم دەکردنەوە. لەوکاتەوە ئارەزووی کاری هێڵکاری دەکەم و کارەکانم تەنها بە قەڵەم ڕەساس دەکێشم. لە قوتابخانە، مامۆستاکانم بەدەوام بۆ پێشبرکێی وێنەکێشانی شاری حەسەکە هەڵیاندەبژاردم. بەو شێوەیە لە چەندین پێشبڕکێدا بەشداریم دەکرد و چەند جارێک لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی خۆم پلەی یەکەمم بەدەستهێنا و جارێکیش لەسەر ئاستی شاری حەسەکە یەکەم بووم. لە ساڵی ٢٠١٤ سەنتەرێکی تایبەت بە فێرکاری وێنەکێشانم کردەوە و تاکو ئێستا ڕاهێنانم بە ٣٠٠ فێرخواز کردووە و بەشێکیان ئێستا وێنەکێشی زۆر باشیان لێدەرچووە. لە ساڵی ٢٠١٦، لە حي الغربي تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا، ساڵی ڕابردوو تابلۆیەکی گەورەم بە درێژایی هەشت مەتر کێشا و بە دیواری باڵەخانە ڕووخاوەکەدا هەڵمواسی و پێشکەشم کرد بە گیانی شەهیدانی ئەو تەقینەوەیە و خێزانەکانیان." ...

September 23, 2020

"کاتێک باوکم تەلەفیزیۆنی بۆ کڕین زۆر دڵخۆشبووین، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک لە بەکارهێنانی تێکچوو، پارەی ئەوەشمان نەبوو چاکی بکەینەوە یاخود دانەیەکی تازە بکڕین. ئەوکاتە منداڵبووم، بڕیارمدا چاکی بکەمەوە. دوای چەند هەوڵێک شکستم هێنا چونکە هیج ئەزموونێکم نەبوو. لەکۆتاییدا توانیم بیخەمەوە کار، زۆر دڵخۆشبووم. ئیتر لەوکاتەوە خولیای شت چاککردنەوە و دوبارە بەکارهێنانەوەی ئامێر و کەلوپەلی کۆن کەوت سەرم. لەو بوارەدا نەمخوێندووە، بەڵام بەهۆی ئەزموون و کاری زۆرەوە توانیومە بگەمە لوتکە تێیدا. لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە دوکانێکی تایبەتم بە چاککردنەوەی کارەبایی دانا. یەکێک لە ئامانجەکانم لە کاتی کردنەوەی ئەم دووکانەدا ئەوەبوو یارمەتی کەسانی نەدار بدەم لە چاککردنەوەی ئامێرەکانیاندا کاتێک توانای کڕینی پارچەی نوێیان نییە. جاری وا هەیە هەندێک کەس پارچە و ئامێری هێندە کۆنم بۆ دێنن کە چاککردنەوەی کەمێک ئەستەمە، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم ئەدەم. زۆرکات خۆشم هەندێک شت کۆدەکەمەوە کە خەڵک وا دەزانن بێکەڵکن بەڵام من سوودیان لێوەردەگرم." ...

September 21, 2020

"کاری فرۆشتنی قەیماغ و هەنگوین دەکەم، وەک نانی بەیانیش پێشکەشی مشتەرییەکانی دەکەم. بیستوحەوت ساڵ بەر لە ئێستا ئەم دوکانەم کردەوە. سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنم چل ساڵە، بەڵام هێشتا ڕووخسارم گەنج دەردەکەوێت و زۆر نەگۆڕاوم، هۆکارەکەشی قەیماغ و هەنگوینە! مشتەرییەکم هەیە، تەمەنی لە سەد ساڵ تێپەڕیوە، بیستوحەوت ساڵی تەواوە بە بەردەوامی لەلای من نان دەخوات. سەرەڕای تەمەنەکەی، نەوەستاوە لە خواردنی قەیماغ و هەنگوین و تاکو ئێستاش تەندروستی زۆر باشە. ئەزموونێکی زۆر باشم هەیە لە ناسینەوەی هەنگوینی باشدا لە یەکەم بینینەوە. ناسینەوەی هەنگوینی ساختە و ئەسڵی هەر بە چاو، کارێکی ئێجگار قورس نیە. سەبارەت بە قەیماغیش، عەشیرەتێکی عەرەب هەن ناویان ( الشرابین)ە، کاری دروستکردنی قەیماغ دەکەن بە شیری گا و قەیماغەکەیان زۆر تایبەتە. شاری قامیشلۆ یەکێکە لەو شارانەی کە بەم ژەمە خۆراکە ناسراوە، بۆیە زۆر ئارەزوو دەکەم لە دوای خۆشم منداڵەکانم خەریکی ئەم کارەبن." ...

September 18, 2020

"وەک پەیامنێری مەیدانی کار بۆ یەکێک لە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەکەم. کاتێک بەکەلۆریم تەواوکرد، لەسەر ئاستی شاری حەسەکە دووەم بووم و لەسەر ئاستی سوریاش حەوتەم بووم. نەڕۆشتمە زانکۆ، چونکە ئەو بەشەی ئارەزووم دەکرد تەنها لە شاری لازقیە هەبوو و بەهۆی باری داراییەوە نەمتوانی خۆم ناونووس بکەم. ماوەیەکی زۆر بەو خەمەوە تلامەوە، بەڵام بەهۆی پشتگیری خێزانەکەم لە پەیمانگایەکی ڕاگەیاندن خۆم ناونووس کرد و دوای چەند مانگێک بوومە پەیامنێر. لە ماوەی کارکردنمدا تووشی چەندین ڕووداوی جۆراوجۆر بووم. یەکێک لەوانە ئەوەبوو کاتێک سەرقاڵی ڕاپۆرتێک بووین دەربارەی ژنانی داعش لە کەمپی (الهول)، کە بە مەترسیدارترین کەمپ دادەندرێت لە جیهاندا، یەکێک لە ژنەکان پەلاماریدام و بە چەقۆیەک هەوڵیدا بمکوژێت، بە بیانوی ئەوەی کە پەچەم لەبەرنەکردبوو و بە کافر ناوی بردم. ئێستا بەتەنها لەگەڵ خێزانەکەمدا دەژیم و براکانم هەموویان چەند ساڵێک پێش ئێستا بەرەو وڵاتە ئەوروپییەکان کۆچیانکرد." ...

September 17, 2020

"سی ساڵ بەر لە ئێستا، شەوێک خەونێکی سەیرم دی کە تاکو ئێستا ناتوانم لە یادی بکەم. لە خەونمدا گوێم لە دەنگی منداڵێکی شیرەخۆرە بوو لە دەوروبەرمدا دەگریا، لە بەردەممدا تەنها حەوت دەرگا هەبوون. دڵم ڕێی دەرگای حەوتەمی نیشاندام، دوای ئەوەی دەرگاکەم کردەوە، شێخێکی بەتەمەن لەودیوی دەرگاکە وەستابوو و منداڵێکی شیرەخۆرەی لە باوەشدا بوو و پێی وتم: ئەم منداڵە هەتیوە و دەبێت ئاگاداری بیت، ڕاستەوخۆ منداڵەکەم گرتە باوەش. بۆ ڕۆژی داهاتوو کاتێک بەخەبەر هاتم زۆر دڵخۆشبووم، ئەو خەونە هەر لە یادەوەریمدا مابۆوە. دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیریم کرد. لەگەڵ هاوسەرەکەم ماوەی سیانزە ساڵ چاوەڕوانی منداڵێک بووین. لە کۆتاییدا دکتۆرەکان بێهیوایان کردین لە منداڵبوون. بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەم بڕیارماندا منداڵێک لەخۆبگرین." "ڕۆشتین بۆ خانەی بێسەرپەرشتان و پێمان وتن کە ئارەزووی لەخۆگرتنی منداڵێک دەکەین. کارەکان زۆری نەخایاند، دوای هەفتەیەک لەلایەن خانەکەوە پەیوەندیمان پێوەکرا و پێیان ڕاگەیاندین منداڵێکی شیرەخۆرە گەیەندراوەتە خانەی بێسەرپەرشتان و سەرجەم خێزانەکەی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانییان لەدەستداوە و هیچ کەسێک نییە سەرپەرشتی بکات. بێ هیچ دوودڵییەک بڕیارماندا لەخۆمانی بگرین و ببمە دایکی. کاتێک ڕۆشتین بۆ وەرگرتنی، تەنها منداڵێک بوو کە تەمەنی تەنها مانگ و دوو مانگ دەبوو، بەڵام لەلای من وەک گەنجینە و دیاری خودا وابوو. ئێستا تەمەنی چوار ساڵانە و گۆڕانکارییەکی زۆری لە ژیانماندا کرد و پڕیکرد لە خۆشی و شادی." ...

September 14, 2020

"لە منداڵییەوە کاریگەر بووم بە بیڕوباوەڕی دکتۆرە نەوال سەعداوی، کە یەکێکە لە چالاکوانە زاناکانی میسڕ لە بواری ژنان و ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەدا. هەربۆیە ئارەزووی خوێندنی بەشی زانستی ژنان (ژنۆلۆجی)م کرد لە زانکۆی ڕۆژئاوا و ئێستا لەوێ دەخوێنم، ئەم بەشە لای زۆرێک لە خەڵکی ناسراو نییە. بەڵام زۆر شانازی پێوە دەکەم. کۆلێجی زانستی ژنان بیرۆکەیەکی تازەیە و لە فیکری عەبدوڵا ئۆجەلانەوە وەرگیراوە. چەندین کادری زۆر باشمان هەیە کە زۆریان لە بواری ژناندا کاردەکەن لە ڕۆژئاوا. زۆر قورسە بەشێک بخوێنیت کە خەڵکی هیچی دەربارە نازانن، هەمیشە خەڵکی ئارەزوو دەکەن بەشی پزیشکی و ئەندازیاری یاخود بەشێکی دیار بخوێنن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەی من بە نیسبەت کۆمەڵگەوە شتێکی سەیر و تازەیە. تەنانەت خێزانەکەم و هاوڕێکانم ئەم بڕیارەی منیان بە دڵ نەبوو، بەڵام خۆم زۆر پێداگربووم لەسەر خوێندنی زانستی ژنان، بۆ ئەوەی ببمە چالاکوانێکی باش لە داهاتوودا." ...

September 10, 2020

"لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستم کردووە بە ڕاهێنان لەسەر ئامێری ڤایۆلین. زۆر کەس پێیان دەوتم ئامێری ڤایۆلین قورسە و ڕاهێنانی زۆری دەوێت، بەڵام من گوێم بەو قورساییانە نەدا و ڕۆژانە بەردەوام بووم لە ڕاهێنان. دوای هەشت مانگ لە بەردەوامی توانیم دەست بە ژەنین بکەم. لەگەڵ ئەوەشدا دەچوومە قوتابخانە و وانەی کوردیشم دەخوێند، بەڵام هەر بەردەوام بووم. برا گەورەکەم ئامێرێکی ڤایۆلینی بە دیاری بۆ هێنام و زۆر پشتگیرم بوو، پێی دەوتم کە بەهرەدارم و پێویستە کۆڵنەدەم. ئێستاش ڕۆژانە بەردەوام کاتژمێرێک ڕاهێنان دەکەم و گوێ لە پارچە و ژەنینی هونەرمەندە بەناوبانگەکان دەگرم. لە دوای دوو ساڵ، چوومە سەنتەری هونەر و ڕۆشنبیری و لەوێ بەردەوام بووم و لەگەڵ چەند گەنجێکدا لەوێ چەندین گروپی موزیکیمان دروستکردوو لە بۆنە و ئاهەنگەکانی شاری حەسەکە و تەل تەمر بەشداریمان دەکرد." ...