Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 28, 2020

"ماوەی پێنج ساڵە لە قامیشلۆ دەژیم و خوێندکارم لە بەشی بازرگانی و ئابووری، بەدەر لەوە وێنەگرم لە سەنتەرێک، کە کار دەکات لە بواری وێنە، ڤیدیۆ و دۆکیومێنتاری. چوار ساڵ لەمەوبەر دەستمکرد بە کاری وێنەگرتن و زۆر حەزم لە کاری وێنەگرتن بوو، دوای ئەوە بەشداریمکرد لە دەورەیەکی پێشکەوتوو بۆ وێنەگرتن. سەردانی هەموو شارەکانی ڕۆژئاوامان کرد، لە دێریکەوە بۆ عەفرین، وێنەی سەربازی و سروشتمان گرت، وە هەر شتێک پەیوەندی هەبووبێت بە کلتووری ڕۆژئاواوە، دواتر یەکەم پێشانگای وێنەمان کردەوە و 100 وێنەمان تێدا نمایشکرد. و چەند دۆکیومێنتارییەکمان دروستکرد لەسەر جوڵانەوەکانی عەفرین، و گوندێک کە تایبەتە بە ئافرەتان و چەند بابەتێکی دیکە." ...

October 25, 2020

"کاتێک دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبە کۆنەکان دەربارەی بنەڕەت و سەرەتای مۆسیقا، تەنانەت دەربارەی شارستانییەتی فیرعەونەکان و میدەکانیشم خوێندەوە. شتێک سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە هەندێک حاڵەتی نەخۆشییان بە مۆسیقا چارەسەر کردووە. لەم بوارەدا قوڵ بوومەوە و لێکۆڵینەوەم لەسەر کرد، دەستمکرد بە چارەسەرکردن لە ڕێگەی ئامێری کەمانچەوە، چونکە ئامێرێکە بەر ڕۆح دەکەوێت و هێمنی و ئارامیت پێدەبەخشێت. هاوڕێیەکم هەیە کە بە سروشت قەلەقە، داوام لێکرد کە بێت قاوەیەک بخواتەوە لام، کاتێک کە گەیشت بینیم دەستی دەلەرزێت، پێم گوت چاوت دابخە چەند مۆسیقایەکت بۆ ئەژەنم بە کەمانچە و بۆچوونی خۆتم پێبڵێ. کە دەستم کرد بە ژەنینی مۆسیقاکە بینیم کە هێواش بووەوە و قەلەقییەکەی نەما، دڵنیا بوومەوە لە ڕاستی بابەتەکە. لێکۆڵینەوەی زیاترم لەسەر کرد بینیم چەند دەزگایەکی تایبەت بەم کارە هەیە لە یابان و ئەمریکا و تەنانەت دوبەیش ،کە خەڵک چارەسەر دەکەن بە مۆسیقا. دەتوانم شیکاری بۆ کەسێک بکەم لە ڕێگەی بینینی چاوییەوە و هەستکردن بە لێدانی دڵی، دواتر مۆسیقایەکی تایبەتی بۆ دەژەنم." ...

October 25, 2020

"دوای خوێندنی زانکۆ، بووم بە مامۆستا و لە چەند زانکۆیەک دەرسم وتووەتەوە، زۆربەیان لە لوبنان بوون، بەڵام دوای ئەو جەنگەی لە کۆبانێ ڕوویدا لە نێوان هێزە کوردییەکان و داعش، هەڵاتم بۆ تورکیا، کاتێک گەڕامەوە بۆ ڕۆژئاوا بینیم خانووەکەم وێران بووە و ئاساری نەماوە بەهۆی ئەو بۆمب بارانەی لە شارەکەدا هەبوو. ئەو پارەی کە وەرمدەگرت بۆ وانە وتنەوە نەمدەتوانی مەسرەفی ماڵەکەی پێبکەم، تەنانەت بەشی خۆشمی نەدەکرد. بۆیە لە برا گەورەکەمەوە خۆم فێری نەخشکردن لەسەر شوشە کرد، ماوەی هەشت ساڵ دەبێت خەریکی ئەو کارەم، زۆر لە کارەکەم ڕازیم و بەردەوام دەبم لەم کارەم." ...

October 24, 2020

"ماوەی 35 ساڵە کاری لەبغ دەکەم، ئێستا کارەکە بۆ من گرانە لەبەر ئەوەی چوومەتە تەمەنەوە، بەڵام ناچارم ئەم کارە بکەم بۆ ئەوەی بتوانم ژیان بۆ منداڵەکانم دابین بکەم. کوڕێکم هەیە لە زانکۆی دیمەشق دەخوێنێت و منداڵەکانی تریشم لە مەکتەبن، شانازی بەوەوە دەکەم، لەبەر ئەوان کاردەکەم بۆ ئەوەی بتوانم ژیانێکی خۆشتریان بۆ دابینم بکەم لە ژیانی خۆم. لە گەنجیدا دەمتوانی لە ڕۆژێکدا 30 مەتر لەبغ بکەم، بەڵام ئێستا بەهۆی تەمەنمەوە ناتوانم بگەمە 10 مەتر لە ڕۆژێکدا. هەموو هاوڕێکانم وازییان لە کارەکە هێناوە بەڵام من هەر خەریکم، بۆ ئەوەی بتوانم مەسرەفی منداڵەکانم بکەم." ...

October 22, 2020

"کاتێک من خوێندکار بووم ساڵی 1955، باوکم و باپیرم کاری دارتاشییان دەکرد، کاڵا و نەخشیان لە تەختە دروستدەکرد. باپیرم کۆچی دوایی کرد و باوکیشم چوو بۆ سەربازی، منیش هێشتا لە خوێندن بەردەوام بووم. دوای ماوەیەک باوکم گەڕایەوە بەڵام بریندار بوو بوو، قاچی چەپی بڕدرابۆوە لە کاتی جەنگەکانی سوریادا، و چیتر نەیدەتوانی کارەکەی بەباشی بکات. بڕیارمدا کە بەردەوامی بە کاری دارتاشییەکەی باوکم و باپیرم بدەم. لە نێوان خوێندن و دارتاشی زیاتر حەزم لە دارتاشییەکە بوو، هەموو ڕۆژێک تامەزرۆی ئەوەم دەکرد مەکتەب تەواو ببێت، یەکسەر بەجلی خوێندنەوە دەچووم بۆ دوکانەکەمان، حەزم لە خوێندنیش بوو بەڵام نەمدەتوانی تەرکیز بکەم." ...

October 21, 2020

"لەبەر ئەوەی هەژار بووین ناچاربووم کە لەدوای دەوامی مەکتەبم کار بکەم لە چێشتخانەیەکی بچووک نزیک ماڵمامن. دوای ئەوە باوکم سەفەری کرد بۆ شام بۆ کارکردن منیشی لەگەڵ خۆی برد، لە هۆتێلێک کارم دەکرد بۆ ماوەی سێ ساڵ، زۆر شت فێربووم لە شێفەکانەوە، هەرچەندە شێفەکان نەیاندەویست کەس لێیانەوە فێربێت، بەڵام من لە پەنجەرەکانەوە بەدزییەوە سەیرم دەکردن و کە دەگەڕامەوە ئەوەی دەمبینی و فێردەبووم لەسەر دەفتەرێک دەمنووسی. بەبۆنەی جەنگەوە چووم بۆ باکوور، لەوێ لە چێشتخانەیەک کارم دەکرد، خاوەن چێشتخانەکە زۆر لێم ڕازی بوو چونکە خواردنی شەرقیم زۆر باش دەزانی، بۆیە لەگەڵ خۆی بردمی بۆ دانیمارک بۆ کارکردن. لەوێش بۆ ماوەی نۆ مانگ کارم کرد. لە کۆتاییدا بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ ڕۆژئاوا و لەگەڵ خێزانەکەم بژیم. چێشتخانەیەکی شەعبیم کردەوە لە حەسەکە، کارەکەم زۆر خۆشدەوێت و بە بەردەوامی هەوڵی گەورەکردنی دەدەم." ...

October 20, 2020

"من و خوشکەکم ماوەی 4 ساڵە یاری دووگۆڵی دەکەین، ئەو کاتانە لە لەناو گەڕەکەکاندا یاریمان دەکرد، ڕۆژێک ڕاهێنەرەکەی ئێستام (کاپتن ڕەشۆ) هات بۆ لام و داوای لێکردم جارێک لە یاریگادا یاری بکەم، لەوێدا ژیانم چووە قۆناغێکی نوێوە کە کاپتن ڕەشۆ بڕیاریدا من و خوشکەکەم بەرێتە ناو تیپەکەی. لەبەر ئەوەی پێشتر لەناو یاریگادا یاریم نەکردبوو تۆزێک قورس بوو بۆ من. ساڵی ڕابردوو لەگەڵ نادی عامودای ئەفرەتان یاریم کرد، هەرچەندە یاریزانێکی تازە بووم، ڕاهێنەری نادییەکەمان بانگهێشتی کردم بۆ یاریکردن بەهۆی بەرزی باڵامەوە، یەکەم یاریزان بووم لە تەمەنی 14 ساڵیدا بەژداری خولی سوری ئافرەتانی کردبێت. و نازناوی خولی سوریمان بەدەست هێنا دوای بردنەوەی کۆتا یاریمان لە شاری دیمەشق. ئەم ساڵیش پێش چەند ڕۆژێک لەگەڵ نادی خاپوور نازناوی خولی سوری تازە پێگەیشتوانمان بەدەستهێنا، خوشکەکەم کاپتنی تیپەکە بوو ئەو کاسەکەی بەرز کردەوە، منیش نازناوی باشترین یاریزانی خولەکە و گۆڵکاری خولەکەم وەرگرت." ...

October 19, 2020

"دوو برام هەبوو لە گروپی سەمادا بوون، بەڵام دواتر چوونە ڕیزەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل)، منیش لەوانە فێری سەما بووم. ماوەی سێ ساڵ لە گروپی سەمای منداڵان بووم، دواتر چوومە گروپی سەما بۆ گەنجان و دواتریش بووم بە مامۆستای گروپی سەماکە، سەرەڕای کەمی تەمەنم تەلەبەم زۆر فێرکردووە. بەدەر لە سەماکردن، خۆم فێری ئامێری ئۆبوا کردووە لەبەر ئەوەی ئۆبوا لێرە کەمە، بەڵام لە شاری عەفرین زۆر بەکاری دەهێنن، زۆر گرنگە لایان، بە عادات و تەقالیدی کوردی دادەنێن. تەمەنم 16 ساڵان بوو کاتێک ئۆبوام کڕی، هەنگاو بە هەنگاو هەوڵم لەگەڵ دەدا بۆ ئەوەی فێربم، تەنها دوو دەرسم وەرگرتووە لەسەر ئۆبوا، بەدەر لەوە هەمووی بە هەوڵی خۆم فێربووم. هەمووان خۆیان فێری گیتار و کەمانچە دەکەن، بەڵام من بەلامەوە گرنگتر بوو خۆم فێری ئۆبوا بکەم. بەهۆی شارەزایم لە سەما و ئۆبوا، لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی سەربازیم هونەرمەند "فەرهاد مردی" بانگێشتی کردم بۆ گروپەکەی، و منیش ڕازی بووم." ...

October 18, 2020

"هاوڕێیەکی زۆر نزیکم هەبوو بە یەکەوە لە ساڵۆنێک کارمان دەکرد، وەک خوشکم وابوو تەنها لە کاتی خەودا جیادەبووینەوە. دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر، گروپێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر ماڵیان، باوکی کرابووە ئامانج لەبەر ئەوەی پۆستێکی سیاسی هەبوو، بەڵام باوکی لە ماڵ نەبوو، بۆیە کچەکانی بوونە قوربانی. ڕۆژی دواتر هەواڵی مەرگیم پێگەیشت، بڕوام نەدەکرد، بەپەلە چووم بۆ ماڵیان بۆ دڵنیابوونەوە، کە بینیم خێمەیەک لەبەردەم ماڵیان دانراوە و ڕەسمی خۆی و خوشکەکەی هەڵواسراوە بە دەرگاکەوە توشی شۆک بووم، داوام لێکردن کە بیبینم پێش ناشتنی، بردیانم بۆ سەر جەنازەکەی، تابوتەکەم کردەوە و دەموچاویم بینی سپی بووە و نوری لێ دەبێتەوە. دڵم شکا و زۆر گریام، توشی شۆک بووم و ژیانم بە تەواوی گۆڕا. دوای ئەم ڕوداوە، زۆر بێتاقەت بووم، لە ژوورەکەم نەدەچوومە دەرەوە و لەگەڵ کەس دانەدەنیشتم، و لە تاریکیدا دەمامەوە. دوو ساڵ و نیو لە تەنیایدا مامەوە، هەتا ڕۆژێک هەندێک هاوڕێی تازەم ناسی کە لە پشتم وەستان و یارمەتیاندام ئەو شۆکە تێپەڕێنم، بڕوایان پێ هێنام کە ژیان شایەنی ئەوەیە بۆی بژیت و لە شوێنێکدا ناوەستێت." ...

October 16, 2020

"لە منداڵییەوە کاری بازرگانی تەسبیح دەکەم، کاتێک منداڵ بووم دەچووم بۆ بازاڕ و لەم جادە بۆ ئەو جادە جگەرەم دەفرۆشت، ئەو کاتانە کەسانی بەتەمەنم دەبینی کە خەریکی کڕین و فرۆشتنی تەسبیحن، لەو کاتەوە حەزی ئەوەم لەلا دروستبوو کە تەسبیح دروستبکەم، ڕۆژانە گوێم لە قسەکانیان دەگرت بەم شێوەیە فێربووم و دەستمپێکرد. لە سەرەتادا تەسبیحم لە ناوکی زەیتون و ناوکی خورما دروستدەکرد وەک کارێکی دەستی و دەچووم لە بازاڕ دەمفرۆشتەوە، لەو کاتەدا تەنها حەزێک بوو. بەڵام وردە وردە هەموو شتێک فێربووم لەسەر تەسبیح، جۆرەها تەسبیحم تاقی دەکردەوە، هەندێک جار دەمشکاند و لەگەڵ ماددەیەکی تر تێکەڵم دەکرد، هەتا گەیشتە ئەوەی هەموو شتێک فێربووم لەسەر تەسبیح بەهۆی تەجروبەکانمەوە و دوکانێکی تایبەت بە خۆمم کردەوە. ئەم حەز و خولیایەی کە فێربووم لە دواتردا بووە سەرچاوەی بژێویم و بەناوبانگ بوونم کە بەجێی دەهێڵم بۆ منداڵەکانم و کوڕەزا و کچەزاکانم.” ...

October 15, 2020

بە ئەسڵ خەڵکی گوندێکی شاری عامودام کە بە عەلی گۆڕان ناسراوە. ناوەکەی لە ڕوداوێکەوە هاتووە کە لە سەردەمی باوباوپیرانمدا ڕوویداوە. منداڵبووم، لە تەمەنی سیانزە ساڵیمدا ڕۆژێک لەگەڵ باپیرم و کۆمەڵێک سەرسپی گوندەکەدا دانیشتبووم. بە ڕێکەوت ئەو جارە میوانێکیان لەگەڵ بوو. میوانەکە پرسیاری دەربارەی ناوی گوندەکە کرد، ئیتر بەوجۆرە منیش گوێبیستی چیرۆکەکە بووم. گوایە کاتی خۆی ژنێکی گوندەکە لەسەر منداڵبوون بووە، بەڵام پێش ئەوەی منداڵەکە لە دایک ببێت گیانی سپاردووە. ئیتر لە گۆڕستانی نزیک گوندەکە بە خاکی دەسپێرن. ئەو شەوە خەڵکی گوندەکە تێبینی شتێک دەکەن کە لە گۆڕەکەوە دێتە دەر، بێ ئەوەی بزانن چییە. ئایا ئەمە جنۆکەیە یاخود مرۆڤە؟ زۆر ترساون و تا بەیانی وازیان لێهێناوە." "بۆ ڕۆژی دواتر زانیویانە کە منداڵەکە بە حیکمەتی خوا لە دایکبووە و ئەوەشی لە گۆڕەکەدا جولاوە و هاتۆتە دەر، منداڵەکە بووە. بەڵام ئەو سەردەمە زانستی پزیشکی بەم جۆرەی ئێستا پێشکەوتوو نەبووە تا بزانن منداڵەکەی سکی ماوە یاخود مردووە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ دایکیدا خستوویانەتە ژێرخاک. منداڵەکە ژیاوە و ناوی عەلی بووە. ئیتر بەو جۆرە ئەو گوندە لەسەر ناوی ئەو منداڵە ناو نراوە و گۆڕانیش بە مەبەستی گۆڕەکە دێت. لەو کاتەوە ئەم چیرۆکە لە بیرمدا ماوەتەوە، بەڵام ئێستاش نازانم، ئایا ڕاستییە یاخود تەنها خورافە و ئەفسانەیە؟ بەڵام ئیتر بووە بە شتێکی دەماودەم و تا ئێستا باسدەکرێت." ...

October 14, 2020

"لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دەژیاین. کاتێک جوڵانەوەی بەکۆمەڵی گەلی سوریا دەستیپێکرد، گەڕاینەوە شارەکەی خۆمان، دێریک. دوای مانگێک لە گەڕانەوەم، کاریگەربووم بە یەکەکانی پاراستنی ژنان YPJ . ئەوکاتە لە سەرەتای دامەزراندندا بوون. بڕیارمدا پەیوەندی بە کوڕێکی ماممەوە بکەم، کە ئەوکات ئەو چووبووە ناو ڕیزەکانی یەکەکانی پاراستنی گەل YPG ەوە. بۆ ئەوەی منیش بەشێک بم لە بەرگریکردن لە شارەکانی خۆمان لە بەرامبەر هێرشەکانی جەبهەی نەسرە. لە سەروبەندی شەڕەکانی کە بەشداریمان تێدا دەکرد، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣، لەگەڵ هێزەکانی نەسڕە لە جەزعە کەوتینە شەڕێکی کاولکار و لەو کاتەدا زۆر بە خراپی برینداربووم. بەهۆی ئەوەوە دواجار قاچێکم لە دەستدا." "دواتر بە ناچاری بڕیارمدا قاچی دەستکرد لەپێبکەم. دوای ئەوەی ماوەیەک قاچە دەستکردەکەم بەکارهێنا، بیرم لەوە کردەوە کە خۆم فێری ئەم پیشەیە بکەم. لە ڕێگەی سەنتەری پەلی دەستکردەوە کە سەر بە مانگی سوری کوردی بوو، توانیم دەستپێبکەم و ئەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ و نیو دەبێت لێرە کاردەکەم. لە ئێستادا بوومەتە ڕاهێنەریش، زۆر هەستێکی جیاواز و خۆشە کاتێک کە پەلێکی دەستکرد بۆ کەسێک دروستدەکەم و ڕایدەهێنم چۆن ڕێبکات، یاخود چۆن هەڵسوکەوتی پێوە بکات، دەبینم هیواو ژیانێکی نوێی بۆ دەگەڕێتەوە. خۆم ڕووبەڕووی گاڵتە و توانجی زۆر بوومەوە کە قاچە دەستکردەکەم بەکاردەهێنا، بەڵام چاوپۆشیم لێکرد و بڕیارمدا خۆم بسەلمێنم. بۆ ئەوەی بمبە نموونە و هیوا بۆ ئەو ژن و کچانەی کە شەڕڤانن و لە گۆرەپانی جەنگدان." ...