Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 16, 2021

"چیرۆکی خۆشەویستی من جوان و پێکەنیناوییە لە هەمان کاتدا، هاوسەرەکەم کاتێک گەنج بوو لەبەر ئەوەی هاوڕێی براکانم بوو بە بەردەوامی دەهات بۆ ماڵمان، هەرگیز هەستم پێنەکردبوو کە خۆشیدەوێم لەبەر ئەوەی من منداڵ بووم. بیرمە کە جوڵەی پێکەنیناوی دەکرد بۆ ئەوەی سەرنجم ڕابکێشێت بەڵام هەرگیز سەیرم نەدەکرد، یان دەچووە سەربانی ماڵە دراوسێکەمان بۆ ئەوەی سەرنجم ڕاکێشێت. هەموو کەسانی دەوورم بە دراوسێ، هاوڕێ و کەسە نزیکەکانمەوە بە خۆشەویستییەکەی ئەویان زانیبوو بێجگە لە خۆم. کاتێک پێمزانی تووشی شۆک بووم لەبەر ئەوەی وەک براکانم وابوو، بۆیە زۆر بە توندی چەند جارێک ڕەفزم کردەوە، زۆر کەسی بە تەمەن تەداخولیان کرد بەڵام هەر ڕازی نەبووم. لە کۆتایدا بە شێوەی جدی بیرم لە بابەتەکە کردەوە وە بە کەسێکی نموونەیم بینی، کەسێک کە زۆر خۆشیدەوێم و زۆر ڕێزم دەگرێت وە ئامادەیە هەموو داواکارییەکانم جێبەجێ بکات. ماوەییەک داستگیران بووین و دواتر هاوسەرگیریمان کرد و ئێستا سێ منداڵمان هەیە. ماوەی 17 ساڵ لەمەوبەر تاوەکو ئێستاش زۆر دڵخۆشم لەگەڵی. هەرگیز پەشیمان نیم لە هاوسەرگیری لەگەڵی لەبەر ئەوەی هەموو هێز و توانا و پاڵپشتی بەردەوامم لەوەوە وەردەگرم". ...

May 7, 2021

"کاتێک منداڵبووم باوکم کامێرایەکی بۆ کڕیم و پێی وتم فێری بەکارهێنانی کامێرات دەکەم بۆئەوەی لای کەس کار نەکەیت و کاری خۆتت هەبێت. ساڵی 1975 دەستمکرد بە کار کردن لەناو شاری تەبەقە. ساڵی 1986 کارەکەم گواستەوە بۆ زێدی خۆم (عەفرین) و ستۆدیۆیەکی وێنەگرتنم کردەوە بەناوی (ستودیۆی 21) بەبۆنەی 21 ئازار. ئاسایشی سووریا ڕازی نەبوون کە ئەو ناوەی لێبنرێت، بۆیە ناوەکەیم گۆڕی بۆ (ستۆدیۆی 23) بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێم. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە سوریا و ڕۆژئاوا و دەرکردنی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە عەفرین، ناوی ستودیۆکەم گۆڕی بۆ (ستودیۆ 21). ئەو کاتە سەرەڕای ئەوەی لە ستودیۆ کارم دەکرد، سەردانی گوند و شاخەکانی عەفرینم دەکرد و وێنەم دەگرتن و ئەرشیفم دەکرد. ساڵی 2018 کاتێک تورکیا دەستیکرد بە داگیرکردن عەفرین، کۆچمانکرد بۆ قامیشلۆ. دوای چەند ڕۆژێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ستودیۆکەم بینی سووتابوو، دوای ئەوەش کردیان بە گۆشتفرۆش. زۆربەی ئەرشیفەکانمان لەدەستدا کە لە ساڵی (1975)ەوە کۆمکردوونەتەوە. زۆر بێتاقەت بووم کاتێک ئەو دیمەنەم بینی، تەنانەت ئەگەر یەک ڕۆژیش لە تەمەنم مابێت هەر دەگەڕێمەوە و ستۆدیۆکەم دروستدەکەمەوە". ...

May 5, 2021

"بۆ یارمەتیدانی هاوسەرەکەم لە مەسرەفی ماڵەوەدا، پێنج ساڵ دەبێت کاری دروومانی دەکەم و خۆشم حەزم لە کارەکەیە. لە ڕێگای ڤیدیۆی یوتیوبەوە خۆم فێری دروومان کرد. دوای ئەوەی کۆچمان کرد لە سەری کانێ و چووینە کەمپەوە. مەکینەیەکم بە کرێ هێنا بۆ ئەوەی دەست بە کار بکەمەوە. هەر لە خێمەکەی خۆماندا دەستمپێکرد، خێمەکەم هەم شوێنی کارکردنم بوو هەم شوێنی ژیانم. عەزی بۆ مشتەریەکانم دەدوورم بە کرێ، لەبەر ئەوەی خەڵکی کەمپەکان داهاتیان کەمە، عەزی بە بڕی 3,000 لیرەی سوری دەدوورم کە لە 1 دۆلار کەمتر دەکات. کۆلێژی پەروەردەم تەواو کردووە لە زانکۆی فورات. بەڵام نەمتوانیوە کار بە شەهادەکەم بکەم بەهۆی فەوزای شەڕ و مانەوەمان لە کەمپدا. هیوادارام کە بگەڕێینەوە بۆ ناوچەکەی خۆمان و لەم کەمپانە بڕۆین، لەبەر ئەوەی ژیانی نێو کەمپ گرانە، هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ڕۆژێک لە کەمپدا بژیم". ...

May 1, 2021

"داهاتووم زۆر بەلاوە گرنگە و هەمیشە گرنگیم پێداوە. لە منداڵییەوە حەزم لە نووسین بووە و ئاواتمە ببم بە نووسەر و شاعیرێکی بەناوبانگی کورد. بڕوابوون بە داهاتوو پایەیەکی سەرەکییە لە بونیادنانی کەسێکی سەرکەوتوو کە ئامانجی داهاتوویەکی باش و داهێنانە. بە زۆرینەی خەونەکانم گەیشتووم لەڕێگەی نووسینی شیعر و وتاری کورت. پاڵپشتی بەردەوامی خێزانەکەم کە هێز و بڕوابەخۆبوونی پێبەخشیووم وایلێکردووم سەرکەوتووبم لە ژیانی ئەدەبیمدا. دەستمکرد بە نووسین هەموو ئەو شتانەی هەستیان پێدەکەم و کاریگەرم پێیان لە ژیانی عەمەلی و زانستیمدا و هەروەها ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیم. سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگی و جەنگانەی ناوچەکەمان پێیدا تێپەڕدەبێت. لە کۆمەڵگەی ئێمە ئافرەت گیرۆدەی دەستی عادات و تەقالیدە، پێیان عەیبە زۆر کار بکەن چونکە پێیانوایە تەنها بۆ پیاو دەبێت. بەڵام ئێستا خەڵک باشتر بووە و ئافرەتانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەن، تا ئێستاش خەونی منداڵیم بەردەوامە وە بەردەوامیش دەبێت تاوەکو دەبم بە نووسەر و شاعیرێکی کوردی". ...

April 22, 2021

"ناخۆشترین و قورسترین کات کە پێیدا تێپەڕیووم لە ماوەی 14 ساڵی ژیانمدا ئەو کاتە بوو کە تاکە براکەم سەفەری کرد بۆ کوردستانی باشوور. بەهۆی ئەو جەنگەی لە شارەکەماندا دەگوزەرێت دایکم و باوکم براکەمانیان نارد بۆ کوردستانی باشوور. کۆتا ڕۆژی پێش سەفەرکردنی زۆر بێتاقەت بووین، بیری براکەمان دەکرد،. ئەو پارێزەرمان بوو، ڕاهاتووین کە دایمە لەگەڵماندا بێت، لەگەڵماندا دەهات بۆ خوێندنگە، لەگەڵمان بوو لە کاتی یاری و خۆشیدا، تاکە پارێزەرمان بوو کاتێک تووشی شتێک دەبووین لە ژیانماندا. ئێوارەکەی دایکم کەلوپەلەکانی براکەمی کۆکردەوە بۆ سەفەرەکەی، بەیانی زووەکەی هەستاین بۆ ئەوەی بیگەیەنینە سەر سنوور، قورسترین ڕۆژی ژیانم بوو تا ئێستا. دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و سەرەڕای بوونی پەیوەندیشمان بەیەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی هێشتا ڕانەهاتووین لەگەڵ دووری براکەم. هیوادارم براکەم بەزووترین کات بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەمان و هەموو ئەو کەسانەی لە خێزانەکانیان دوورن بگەڕێنەوە". ...

April 19, 2021

"ڕۆژێکیان لە شاری لازیقیە بەشداریم لە چالاکییەکی وەرزشی کردبوو، ئەو کاتە هەواڵم پێگەیشت کە داعش ‌هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی خابوور، گوندەکەی منیش لەوێیە. بەپەلە بە تەیارە گەڕامەوە و گەیشتمەوە گوندەکەم بۆ بەرگریکردن لە هەر هێرشێکی داعش. دوای چەند ڕۆژێک داعش هێرشیکردە سەر گوندەکەمان و نەمانتوانی زۆر بەرگە بگرین، گەڕاینەوە هێڵەکانی دواوە. کۆمەڵێک لە هاوڕێکانمان شەهیدبوون لەگەڵ سەربازێکی نێودەوڵەتی بەناوی "ئیڤانا هۆفمان" کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقی بوو و زۆر بێتاقەت بووم بە شەهیدبوونی. دوای داگیرکردنی گوندەکە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵێک لە دانیشتووانەکەی کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و کۆمەڵێکی تریش بۆ ئەو شارانەی مەترسییان لەسەر نەبوو وەک حەسەکە و قامیشلۆ. هەروەها داعش کەنیسەی گوندەکەی تەقاندەوە کە تەمەنی 80 ساڵ زیاتر بوو. ئەمە زیاتر بووە هۆی ئەوەی کە گوندەکەمان ئازاد بکەین. دوای 4 مانگ پێکدادان لەنێوان یەکەکانی پاراستنی خابوور و یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ داعش توانیمان گوندەکە ئازاد بکەین، داعشمان دەرکرد لە شوێنەکە دوای ئەوەی گوندەکەیان وێرانکردبوو. ئەمڕۆ لەو گوندەی کە نزیکەی 150 خێزانی ئاشووری تێدا دەژیا تەنها من و خێزانەکەم ماوین لە گوندەکە. هیوادارین کە بارودۆخەکە جێگیرتر بێت و خێزانەکان بگەڕێنەوە گوندەکە". ...

April 17, 2021

"بۆ ماوەی 40 ساڵ لە چێشتخانەیەک کارمدەکرد تایبەت بە خواردنە برژاوەکان لە سەریکانی. دوای داگیرکردنی شارەکەمان لەلایەن تورکیاوە لە کۆتاییەکانی 2019 کۆچمان کرد و چووینە کەمپەوە لە نزیک تەل تەمر. دوای جێگیربوونمان لەوێ ناچاربووم کار بکەم بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خێزانەکەم دابین بکەم و سەرچاوەیەکی داراییم هەبێت تەنانەت ئەگەر کەمێکیش بێت. عارەبانەیەکم دانا بۆ دروستکردنی شیرینی (مشبک) کە لەو ناوچەیە زۆر ناسراوە. یەک کیلۆ بە یەک دۆلار کەمتر دەفرۆشم و ئەوەش لە نرخی بازاڕ کەمترە. لەبەر ئەوەی کرێ دوکان نادەم و هیچ زەڕیبەیەکیش نادەم، هەروەها داهاتی ئاوارەکانیش زۆر نییە. زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم، تەنانەت لە دەرەوەی کەمپەکەش مشتەریم هەیە. بەڵام کارەکەم تەنها لە وەرزی زستاندا باشە، لە هاویناندا کەس نایکڕێت. لە هاویناندا بەدوای کاری تردا دەگەڕێم، لەبەرئەوەی ناتوانم بێکار بمێنمەوە". ...

April 12, 2021

"لەدەستدانی باپیر و نەنکم پێش چەند ساڵێک لە ناخۆشترین کاتەکانی ژیانم بوو. لە بەیانی 22ی تشرینی دووەمی 2008 باپیرم لەدەستدا و ساڵی 2013 نەنکیشمم لەدەستدا. هەرچەندە ئەو کاتە تەمەنم منداڵ بوو بەڵام ئازارم زۆر چەشت. پێش ئەوەی نەنکم بخەنە ناو گۆڕەوە زۆر سەیرمکرد، چونکە دەمزانی دوایین جارە بیبینمەوە. هەستم بە دڵشکانێک کرد کە پێشتر هەستمپێنەکردووە و فرمێسک بە چاومدا هاتە خوارێ. بۆ باوکم زۆر قورس بوو کە ئەو هەواڵەم پێبڵێت. ئەگەر نەنک و باپیرێکی وەک ئەوانت هەبێت کەسێکی زۆر بەبەختیت. نەنکم دەستی دەهێنا بە سەرمدا تاوەکو خەوم لێدەکەوت، هەموو کاتێک لەگەڵ خۆیدا دەیبردم بۆ هەر شوێنێک بڕۆیشتایە. دایمە وەسفی دەکردم و زۆر دڵخۆش بووم. باپیریشم بە بەردەوامی پارەی ئەدا پێم و چەندین هەڵوێستی جوانی تر کە زۆربەیم بیر نایەت. نەنک و باپیرم کەسانی زۆر باش بوون، زۆر پاڵپشتییان دەکردم لە جێگەی دایک و باوکم بوون. نەنک و باپیرم لە کاتێکی زۆر چاوەڕواننەکراودا بەجێیان هێشتین، ئێستاش زۆر بێتاقەت ئەبم کاتێک یادەوەرییەکانم بیردێتەوە". ...

April 4, 2021

"کاتێک تورکیا دەستیکرد بە داگیرکردن و بۆمببارانکردنی عەفرین، لەناو ئەشکەوتەکاندا خۆمان دەشاردەوە بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکان. ئەو کاتە دووگیان بووم و سکەکەم نۆ مانگ بوو، نزیکی ئەوە بوو منداڵم ببێت، ئەو ڕۆژەی کە منداڵم دەبوو بردیانم بۆ نەخۆشخانە بۆ ژووری نەشتەرگەری تاوەکو منداڵەکەم بوو، ئەو کاتە نەخۆشخانەکە لەژێر مەترسیدا بوو، دەیان وت تەیارەکانی تورکیا نەخۆشخانەکە بۆمبباران دەکەن. زۆر قەلەق بووم، کە منداڵەکەم بوو گواستیانمەوە بۆ ماڵەوە، دوای هەفتەیەک شیرەکەم وشکی کرد لەبەر ئەوەی زۆر دەترسام کاتێک گوێم لە دەنگی بۆمببارانی تەیارەکان دەبوو، گەمارۆ درابووین و باری داراییمان خراپ بوو، شیری قتووم دەدا بە منداڵەکەم تەنانەت هەندێک جار ئاو و خوێم دەدا پێی. کاتێک کۆچمان کرد لە شارەکەمان تەنها یەک ڕێگا هەبوو، هەموو ڕێگاکانی تر گیرابوون، لە ڕێگا سەیارەکەمان لەکار کەوت و ناچاربووین بەپێ بڕۆین بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگار بکەین، منداڵەکەشمم پێبوو کە تەمەنی لە دوو هەفتە زیاتر نەبوو، هەستم بە ئازاری نەشتەرگەرییەکەم نەدەکرد. لە ڕێگا بووین سەیارەیەک لەتەنیشتمانەوە وەستا بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بڕۆین، لەگەڵی ڕۆیشتین تا گەیشتینە سەلامەتی. بە ڕۆژگارێکی زۆر سەختدا تێپەڕیووم و هێشتا ئاوات ئەخوازم بە ژیانێکی خۆشتر لە شارە داگیرکراوەکەمان و دەبێت ڕۆژێک ئازاد بێت". ...

April 1, 2021

"لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کچێکی گەنج بووم، لە گوند دەژیاین، لە سەردەمی عادات و تەقالیدە عەشایەرییەکان. ئەو برایەم کە لە من گەورەتر بوو کچێکی خۆشدەویست لە گوندەکەی تەنیشتمان، چوو بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، ئەو کاتە عادەتێک هەبوو کاتێک دەچوویت بۆ داوای یەکێک ئەگەر پارەی تەواوت پێ نەبووایە بۆ هاوسەرگیرییەکە، ئەوا خوشکەکەت لە برای بووکەکە مارەدەکرد. تەنانەت گوێ لە بیروڕای کچەکە نەدەگیرا. مافی ڕادەربڕینمان نەبوو یان ڕەخنە بگرین. هاوسەرگیریم کرد و چووینە ماڵی مێردەکەم، لەسەرەتادا بەهۆی ئەوەی لە یەک تێنەدەگیشتن و کەسمان ئەویتری قبوڵ نەبوو کێشەمان زۆربوو. بەڵام لە کۆتاییدا بڕوام بەوە هێنا کە ئەوە چارەنووسی منە لە ژیاندا و بەرگەی هەموو شتێکم گرت. بەهۆی سروشتی کاری مێردەکەمەوە کە جوتیاری گەڕۆک بوو زۆر گوند گەڕاوین و هەر ماوەیەک لە گوندێک بووین. مێردەکەم سەیارەیەکی کڕی بۆ ئەوەی کاری پێبکات و ڕۆیشتین بۆ شار، لەوێ کارێکی دۆزییەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە نەدەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، منیش خۆم فێری دروومان کرد و کارم دەکرد بۆ ئەوەی کەمێک یارمەتی بدەم، منداڵمان بوو و گەورەم کردن. ئێستا تەمەنم 70 ساڵە زەمەنەکە زۆر گۆڕاوە، ئەو عادات و تەقالیدانە وەک جاران نەماون. ئافرەت ئێستا ماف و بیروڕای خۆی هەیە". ...

March 28, 2021

"تەمەنم سێ مانگ دەبوو کاتێک باوکم شەهید کرا و بەبێ باوک گەورە بووم، دایکم لە جێێ باوکیش بوو بۆم. لە بەرواری 12ی ئازاری 2004، یاری تۆپی پێ دەکرا لە نێوان تیپی جیهاد و تیپی فەتوە. هاندەرانی تیپی فەتوە (دیرالزور) هێرشیان کردە سەر هاندەرانی کوردی تیپی جیهاد (قامیشلۆ) لەناو یاریگای قامیشلۆ. ئەم شەڕە بووە هۆی خۆپیشاندان و پۆلیسی سیستەمی سوریا تەقەیان کرد بەسەر خۆپیشاندەرە کوردەکاندا. ئەو شەوە قامیشلۆ و شارە کوردییەکانی تری سوریا نەخەوتن. هەموو گەنجەکان چوونە نێو یاریگاکان و دەستیانکرد بە خۆپیشاندان. دووبارە هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و باوکم و هەندێک خۆپیشاندەری تر شەهید بوون. ئەم بەسەرهاتە دایکم بۆی گێڕامەوە کاتێک گەورە بووم. هەمیشە دەڵێم خۆزگە باوکم هەبووایە و لەگەڵماندا دەژیا. زۆری بیر دەکەم. بەڵام دایکم زۆر لەگەڵماندا هیلاک بووە، گەورەی کردین و ناردینی بۆ خوێندن، نەیهێشت لە هیچ شتێکمان کەم بێت. هەموو ساڵێک لەیادی ئەو ڕاپەڕینانەدا، ئیدارەی شارەکە یارییەک ڕێکدەخات لەنێوان تیپی دیرالزور و تیپی قامیشلۆ بۆ ئەوەی خۆشەویستی بڵاوبکاتەوە لە نێوان هاندەرەکان. لە کۆتاییدا شانازی بە شەهیدبوونی باوکمەوە دەکەم کە بەرامبەر ڕژێمی ئەو کاتە وەستاوەتەوە". ...

March 20, 2021

"کۆمەڵێک هاوڕێم ناسی تۆباکۆیان قاچاخ دەکرد، پۆلیس پێیزانین و دەستبەسەری کردن، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا منیشیان تۆمەتبارکرد چونکە هاوڕێیان بووم وە دەستگیریان کردم، ماوەی سێ مانگی حوکمدرام و زیندانی کرام. دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ و نیو دەستییانکرد بە دابەشکردنی گاز بەسەر زیندانییەکاندا بۆ ئەوەی خواردن لێبنێن. ئێوارەکەی هەندێک لە زینداییەکان لەبەر ئەوەی بەبێ دادگایکردن و دیاریکردنی ماوەی دەستبەسەربوونیان زیندانی کرابوون ئاژاوەیان نایەوە، کە هەندێکیان بە تۆمەتی دزیکردن و هەندێکیان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوون. گازەکانیان ڕشت بەسەر بەتانی و سیسەمەکاندا وە کۆیان کردنەوە و ئاگریان تێبەردان لەناو ژوورەکەی تێیدا دەماینەوە، ئاگر بە هەموو زیندانییەکەدا بڵاوبووەوە، توانیم لەو کاتەدا هەڵبێم و هەندێک لە زیندانییەکانی تر لە حەمامەکاندا خۆیان شاردەوە". "نەمدەتوانی هیچ شتێک بکەم ئاگرەکە زۆر بوو وە لە دەستیش دەرچوو بوو، تەنانەت ئەو پۆلیسانەی بەرپرسیار بوون لە زیندانییەکان بەجێیان هێشتین و ڕایانکردە دەرەوە و پەیوەندییان کرد بە ئاگرکوژێنەوەوە بەڵام درەنگ گەیشتنە سەر ئاگرەکە، زیندانەکە سووتابوو و نزیکەی 58 کەس گیانی لەدەستدابوو لە ئاگرەکەدا. دوای ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، ڕۆیشتم بە دوای کوڕی پورمدا گەڕام لەبەر ئەوەی ئەویش لەگەڵمدا دەستبەسەر بوو، سوپاس بۆ خوا ئەویش لە ئاگرەکە ڕزگاری بوو لەبەر ئەوەی خۆی لە حەمامەکەدا شاردبووەوە. ڕۆژێکی زۆر تراجیدی بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی ڕزگاریان بوو، هەندێک هاوڕێم لەدەستدا کە لە زیندان ناسیبوومن. لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرا و بڕیاری لەسێدارەدان درا بەسەر بکەرەکانیدا. دوای ئەوەی ئازادکرام بڕیارمدا کە واز لە کاری قاچاخ و ئەو کارانە بێنم کە پێچەوانەی یاسایە و جارێکیتر نەگەڕێمەوە بۆ زیندان، قاوەخانەیەکم کردەوە و کاری تێدا دەکەم و تا ئێستاش بەڕێوەیدەبەم". ...