Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 9, 2022

"لە قامیشلۆ لە خێزانێکی هونەردۆست گەورەبووم کە شارەزای ئامێرە مۆسیقییەکان بوون. کە منداڵ بووم باوکم سازێکی بچووکی بۆ کڕیم و لە خێزانەکەمەوە فێری ژەنین بووم و تا ئێستاش سازەکەم ماوە. ئێستا دەتوانم هەموو ئامێرە ژێدارەکان بژەنم، بەڵام کلارنێت ئامێری دڵخوازی منە. سەرەتا لە یوتوبەوە سەیری باندە مۆسیقییەکانم دەکرد و کەسێکی تیابوو کلارنێتی دەژەنی، وایلێکردم بیکڕم و خۆم فێری کلارنێت بکەم. ئێستاش ئەندامم لە گرووپی بوتان و ستۆدیۆی ویلایەت بۆ هونەر. بەشداری چەندین گۆرانی و بۆنە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزم کردووە. دواتر خۆم گۆرانییەکم تۆمارکرد و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.. هونەر خۆراکی رۆحە، شتێکە ناتوانم لێی دوور بکەومەوە". ...

February 20, 2022

"ناوم ڕۆشنە و تەمەنم ١٩ ساڵە، خەڵکی شاری قامیشلۆم. لە بواری ڕاهێنانکردن بە منداڵ و پاڵپشتی دەروونی کاردەکەم لە ڕێکخراوێکی بایەخدەر بە مافی منداڵان و ژنان. کە دەستمکرد بەم کارە تەمەنم ١٢ ساڵ بوو. من و دایکم دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە بووین. پرۆژەیەکم ئەنجامدا بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵان لەلایەنی دەروونییەوە لە کاتی جەنگدا. چوار منداڵ چارەسەری ئۆتیزمیان وەرگرت و باشبوونەوە بەهۆی ئەو پرۆگرامەی کە من دامڕشتبوو. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین منداڵی دیکە شیفایان وەرگرت. لە ئێستادا کۆبوونەوە و کۆرسی هۆشیاری ژنان ئەنجام دەدەم. هەروەها کۆرس دەڵێمەوە لە کەمپی خێزانەکانی داعش کە تێیدا کاردەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی بیری توندڕەوی لای ژنانی داعش لە ڕێگەی جەلسەی هۆشیارییەوە. شانازی بەخۆمەوە دەکەم کە کاری مرۆیی زۆرم ئەنجام داوە، بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی خۆیەتی من بچووکترین خۆبەخشم لە بواری مرۆیی لەسەر ئاستی ناوچەکە". ...

February 6, 2022

"تەمەنم ١٢ ساڵە و لەخێزانێکی تێگەیشتوو گەورە بووم و هێشتا لەگەورەبووندام. حەزم لە نووسین و خوێندنەوەیە و زۆر دڵخۆشبووم کاتێک لەپێشانگەی ساڵانەی هەرکولی وەکو بەرپرسی بەشی کتێبی منداڵان بەشداربووم. بەهۆی خۆشەویستیم بۆ خوێندنەوە، لەم ماوەیەی رابردوو باوکم کتێبخانەیەکی بەناوی منەوە کردەوە کە تایبەتە بە کتێبی منداڵان و ئامانجەکەی ژیاندنەوەی کەلتووری خوێندنەوەیە لەناو منداڵاندا. زۆرینەی کتێبە کوردییەکان لە دهۆکەوە دەهێنین و هەندێکیش لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە. زۆرینەی کتێبەکانمان کوردییە تاوەکو منداڵانی کورد کەلتووری خۆیان بناسن.. پرۆژەکەمان نوێیە و پێشتر لەم ناوچەیە نەبووە، بەڵام دڵنیام بە ئامانجی خۆمان دەگەین و زیاتر پەرە بە کتێبخانەکە دەدەین تاوەکو خوێندنەوە دەبێتە کەلتوور لای منداڵان". ...

January 16, 2022

"من لە مرۆڤەکان دەترسم. من لەوە دەترسم کە مرۆڤ دەیشارێتەوە لە پشت دەمامکەکەیەوە. ناوم عیزەت حەبەش-ە. تەمەنم ٤٩ ساڵە. چەندین ساڵ لە دەرەوەی وڵات ژیاوم و چەندەها ئافرەتم ناسیوە و لێیان تێگەیشتووم. هەمیشە ترسێک لە دڵما بووە پێش ئەوەی کەسێک بناسم، چونکە ڕاست و دروستی کەسەکان لە ڕێگەی وشەی نەرم و سیمای بێگەردەوە دەرناکەون، بۆیە پێویستە هەمیشە ئاگاداری خۆمان بین لە کاتی ناسینی خەڵکی نوێ". ...

September 21, 2021

"لەڕابردوودا ڕژێمی سوریا خوێندنی کوردی قبوڵ نەدەکرد، هەرکەسێک کوردی بخوێندایە دەستگیریان دەکرد و دەیان ڕفاند. ئەوە ئەو شتەیە کە باوکم دەیگوت کاتێک کە من منداڵ بووم. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، دامەزراندنی دامودەزگاکان و دەرکردنی ڕژێمی سوریا لە ساڵی 2012، پرۆسەی فێرکردنی مەنهەجی کوردی دەستیپێکرد و من بە کوردی دەستم بەخوێندن کرد و زۆر هەوڵمدا بەپشتیوانی خێزانەکە سەربکەوم چونکە باوکم و دایکم مامۆستا بوون. لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا سەرکەوتم و پلەی یەکەمم بەدەستهێنا لە شاری قامشلۆ ئێستا لە زانکۆی ڕۆژاڤا لە قامیشلۆ پزیشکی دەخوێنم بۆ ئەوەی دواتر بتوانم یارمەتی خەڵکی شارەکەم بدەم". ...

September 20, 2021

"باوکم ئیمامی مزگەوت بوو، لەبەر ئەوەی لە خێزانێکی ئایینی گەورە بووم بە شوێنپێی ئەواندا ڕۆشتم و لەتەمەنی گەنجیدا یاسای ئیسلامیم خوێندووە. دواتر بووم بە ئیمامی مزگەوت. بەڵام 70 ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی حەز و خۆشەویستیم بۆ چاککردنەوەی کاتژمێر، بڕیارمدا دوکانێک بکەمەوە و بژێوی خۆم دابین بکەم. باوکم جارێک پێی گوتم: کوڕم من زۆر باش دەتانناسم، پارە لە خەڵک وەرناگریت بۆ ماندوبوونی دەستەکانت، ئەمەش وادەکات لەرووی مادییەوە زەرەر بکەیت. بەڵام پێمگوت ئەگەر پارەش وەرنەگرم دوکانێک دەکەمەوە و خزمەت بە خەڵک دەکەم. بۆیە باوکم رازیبوو و لەوکاتەوە دەستمکردووە بەم کارە هەتاکو ئێستا. دوای مردنی باوکم گەڕامەوە بۆ ئەوەی لەدوای ئەو ببمە ئیمامی مزگەوت، لەوکاتەوە تاوە ئێستا کاری چاککردنەوەی کاتژمێر دەکەم و ئیمامی مزگەوتیشم. ئێستا چاوەکانم بەرەو لاوازی دەڕۆن، ئەوەش کارەکەمی لاواز کردووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەریکم. هەلومەرجێکی زۆرم تێپەڕاند، بەڵام پابەندبووم بە پیشەکەم، ناسنامەکەم و کارەکانم وەک ئیمامی مزگەوت مایەوە". ...

August 31, 2021

"ماوەی 40 ساڵ زیاتر بەرێوەبەری خوێندنگە بووم، مووچەکەمان زۆر کەم بوو ئەو کاتە، لەگەڵ ئەوەشدا من وازم لە کارکردن نەهێنا، چونکە من لە خۆشەویستیدا پیشەی مامۆستاییم دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٩ سوپای ئەو موسڵمانانەی کە لە ژێر ئاڵای تورکیا کاریان دەکرد هاتنە ناوچەی سەری کانی و بە تەواوەتی دێکەیان وێران کرد. ناچار بووین کۆچ بکەین و جێ بگۆڕین. بارودۆخم زیاتر خراپ بوو کاتێک گواستمەوە بۆ ناو کەمپ، هیچمان بە دەستەوە نەما، دێیەکەمان وێران بوو و من لێی دوور کەوتمەوە، تەمەنم زۆر بوو، ئەوەندەم نەخۆشی هەیە ناتوانم تاکو دەرەوەی خێمەکەش بڕۆم، زۆر خەفەت بۆ ڕۆژانی گەنجیم دەخۆم. من بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە گەلێک نەخۆشیم لەگەڵدایە، ٢ جار هاوسەرگیریم کردوە بەڵام خودا منداڵی پێنەبەخشین، لە گەڵ ئەوەشدا من باوەڕم بە خودای گەورەیە و دەڵێم سوپاس بۆ خودا". ...

August 28, 2021

"من لە خێزانێکی کراوە گەورە بووم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان ٣ ساڵ لەمەوبەر تەماشای تیپی مۆسیقای مسم کرد لە کاتی ئاهەنگی فەرمیی نیشتیمانی، کارامەیی و جلوبەرگ و دیسپلینیان زۆر سەرنجی ڕاکێشام. ئەمە پاڵنەرم بوو تاوەکو مەشق بکەم و بچمە نێو ئەم تیپە، ماڵەوەمان ڕێگریان لێ نەکردم بەڵکو پشتگیریشیان کردم. ئەوەی ئاواتەخوازی بووم پێی گەیشتم کاتێک بەشداریم کرد و بووم بە ئەندامی سەرەکی تیپەکە و ئێستا بەشداری دەکەم لە هەموو ئاهەنگە فەرمییەکان دەکەم. دووچاری ناخۆشی و بێزارکردنی زۆر بوومەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە لەبەر ئەوەی من مێینەم، بەڵام خێزانەکەم پاڵپشتم بوون و خۆشـم باوەڕم بەوە هەبوو کە ئەنجامم دەدا، بۆیە وەڵامی ئەوانم نەدەدایەوە. لە ئێستاوە تاوەکو شۆڕشەکەی ڕۆژئاوا، کە لە هەمان کاتدا شۆڕشی ئافرەتانیش بوو، ژنان توانیان بەشداری بکەن لە گشت بوارەکاندا، بوون بە خاوەنی ئیرادەی خۆیان". ...

July 12, 2021

"دوای هێرشی تورکیا بۆ سەریکانێ ماڵمان بەجێهێشت و لە حەسەکە نیشتەجێ بووین. بەهۆی کۆچکردن و ناڕەحەتییەکانەوە باری داراییمان زۆر خراپ بوو، تەنانەت نەمدەتوانی کەرەستە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ خێزانەکەم و منداڵەکانم دابین بکەم و ماڵەکەشم کەرەستەی زۆر نەقس بوو. هاوڕێیەکم پێشنیاری بۆ کردین کە یارمەتیمان بدات بە بڕێک پارە بۆ ئەوەی عارەبانەیەک بکڕم لەگەڵ جیهازی دروستکردنی گەنمەشامی و لە حەسەکە گەنمەشامی بفرۆشم. هاوڕێکەم یەکسەر سەیارەکەی فرۆشت چونکە پێویستی پێی نەبوو، پارەکەی پێدام. عارەبانەکەم کڕی و دەستمکرد بە فرۆشتنی گەنمەشامی لەناو شاردا، دوای سێ مانگ پارەکەم گەڕاندەوە بۆ هاوڕێکەم و توانیم پێداویستییەکانی ناوماڵ بکڕم. هەموو ئەمانە بەهۆی هاوڕێکەمەوە بوو کە سەیارەکەی فرۆشت بۆئەوەی یارمەتیم بدات لەو ئاستەنگییەی پێیدا تێپەڕبووم. کاتژمێر 4ی عەسر دەستدەکەم بە کار تاوەکو کاتژمێر 1ی شەو، چونکە خەڵک بە شەوان زیاتر حەزی لێیە کاتێک دادەنیشن یان پیاسە دەکەن بەناو شاردا، هەموو تەمەنێک گەنمەشامیم لێدەکڕن لە 2 ساڵەوە تاوەکو 70 ساڵان". ...

July 10, 2021

"لە منداڵییەوە پاسکیل لێدەخوڕم، بەڵام کاتێک گەورە بووم بینیم کە خەڵکی بە چاوێکی تر سەیری ئەو ئافرەتانە دەکەن کە پاسکیل لێدەخوڕن. بۆیە پاسکیلێکم کڕی بۆ ئەوەی پێی بچم بۆ ئیش پێی بڕۆمەوە. بڕیارمدا پڕۆگرامێک ڕابگەیەنم بەناوی "پاسکیلم ئەوێت" و کۆمەڵێک کچی تر بەشدارییان کرد. وەک یەکەم هەنگاو ماراسۆنێکم ڕێکخست لە شاری عامودا لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان. دەستخۆشییەکی زۆرمان لێکرا لەلایەن خەڵکەوە بەتایبەتی لەلایەن ئافرەتەکانەوە. من بەربەستی ترس و شەرمم شکاند لەڕێگەی لێخوڕینی پاسکیلەوە، ئامانجمان لە ڕێگەی ئەم پڕۆگرامەوە بڕوابەخۆبوون لەلای هەموو ئافرەتان زیاد بکەین. بەڵام هێشتا خەڵک هەیە کە دژی ئەم پڕۆگرامەیە و بە گاڵتەجاڕییەوە سەیری دەکەن، بەڵام ئێمە بڕوامان بە خۆمانە و ئیرادەمان ناشکێت". ...

July 4, 2021

"تەمەنم دوو ساڵان بوو کاتێک دایکم کۆچی دوایی کرد، بۆیە خوشکە گەورەکەم ناچاربوو بەخێومان بکات، جلەکانی بۆ دەشۆردین، بەیانیان زوو هەڵدەستا لە خەو بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ ئێمە و باوکمان. وەک دایک وابوو بۆمان، هەستمان بەوە نەدەکرد کە دایکمان لەدەستداوە لەبەر ئەوەی هەموو شتانەی دەکرد کە دایکەکان دەیکەن. دوای چوار ساڵ لە بەخێوکردنمان خوشکەکەم شووی کرد، باوکم هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێکی تر کرد کە زۆربەی کاتەکان بە ناشرینی مامەڵەی لەگەڵ دەکردین، دوای ماوەیەک من و خوشکە بچووکەکەم چووین لای براکەم بژین، بەڵام ژیان لەگەڵ براکەم و ژنەکەی باش نەبوو، بەڵام لە باوەژنەکەمان باشتر بوو. دواتر ئێمە هاوسەرگیریمان کرد، ئێستا دایکی سێ کچ و سێ کوڕم و بووم بە نەنکیش. ئەو تاتۆیانەی لەسەر دەموچاویشمە زۆربەی ئافرەتی کورد تاتۆیان هەیە لەسەر دەموچاویان، کاتێک تەمەنم پێنج ساڵان بوو خوشکە گەورەکەم پێش هاوسەرگیرییەکەی چەناگەمی تاتۆکرد، ئەو کاتە منداڵ بووم و نەمدەویست تاتۆ بکرێم، دواتر دەستیشمم تاتۆ کرد، بەڵام ئێستا ئافرەتان تاتۆ ناکەن لەسەر دەموچاویان ئەو عاداتە خەریکە نامێنێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت". ...

June 8, 2021

"بارودۆخی دارایی ناچاری کردم کارێک بکەم کە زیاتر پیاوان خەریکین. هاوسەرەکەم کرێکار بوو، بەڵام ئەو ماوەیەی جەنگ بوو کاری نەما. هیچ کەس نەیدەویست کە خانوو یان باڵەخانە دروستبکات لەو بارودۆخەدا، ئەمەش وایلێکردم کار بکەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیان پەیدا بکەم. دەستمکرد بە کارکردن لەسەر عەرەبانەی منداڵەکەم، چەند کەرەستەیەکی سەرەتاییم تێدەکرد و بە شەقامەکاندا دەگەڕام بۆ ئەوەی بیفرۆشم، منداڵەکەم بە دەستێک دەگرت و بە دەستەکەی تریش عەرەبانەکەم پاڵدەنا، وردە وردە وەزعمان باشتر دەبوو، دەغیلەیەکم کڕی بۆ ئەوەی پارە کۆبکەمەوە و گوارە بۆ تاقە کچەکەم بکڕم. دواتر بڕیارمدا ماتۆڕێکی سێ-تایی بکڕم چونکە زۆربەی موشتەرییەکانم داوایان دەکرد کەرەستەی تریش بێنم و لە عەرەبانەکەدا جێگای نەدەبووەوە، پارەی پێویستم پێنەبوو بۆیە ناچاربووم کە دەغیلەی کچەکەم بکەمەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پارەکە تەواوی نەدەکرد، بۆیە بەشێک لە پارەکە بە قەرز وەرمان گرت، بە چەند ڕۆژێک فێری لێخوڕینی بووم، دوای ئەوەش هاوسەرەکەم کاری دەستکەوت". "دەستمکرد بە کارکردن بە ماتۆڕە سێ -تاییەکە بەشێوەیەکی بەردەوام و گەڕان بە هەموو شوێنەکانی حەسەکەدا لەپێناو دابینکردنی بژێوی خێزانەکەم. مێردەکەم زۆر پاڵپشتی دەکردم بۆ کارکردنم بەڵام خانەوادەکەم و دراوسێکانمان هەموویان هاوڕا نەبوون، هەندێکیان پاڵپشتیان دەکردم و هەندێکیان ڕەخنەیان لێدەگرتم دەیانوت ئافرەت نابێت ئەم کارە بکات، بەڵام من هەر بەردەوام بووم، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە نزیکەی 10 ساڵ دەکات من ئەم ماتۆڕە لێدەخوڕم و بژێوی خێزانەکەمی پێپەیدا دەکەم. زۆر شانازی بە خۆمەوە دەکەم و ئیرادەم زۆر بەهێزە. هاوینان قاڵبی سەهۆڵ دەفرۆشم و مانگەکانی تر پێداویستی منداڵان و سەوزە و میوە دەفرۆشم. کاتێکیش ماتۆڕەکەم تێکدەچێت خۆم چاکی دەکەمەوە. نابێت منداڵەکانم عەبدی عادات و تەقالیدەکان بن، توانیم لەڕێگەی کارەکەمەوە باری داراییم باش بکەم. هیچ عەیبێک لەم کارەمدا نییە، ئەگەر ئەم کارەم نەبوایە، کێ یارمەتی دەدام؟ ئیرادەی کارکردنم ئەم هێزەی پێبەخشیم". ...