Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

June 5, 2021

"لەناو سروشتە جوانەکەی عەفرین لەدایکبووم، ئێمە پەیوەندییەکمان هەیە بە دار و سروشتەوە بە شێوەیەک کە وەسف ناکرێت. دوای کۆچکردنمان لە عەفرین و چوونمان بۆ کۆبانێ و دواتریش قامیشلۆ، ڕۆژێکیان من و کۆمەڵێک هاوڕێم کۆبووینەوە و پڕۆژەی (پرچی سەوز)مان ڕاگەیاند، کە هەڵدەستین بە چاندنی نزیکەی 4 ملیۆن دار لە قامیشلۆ و دەوروبەری. بەهۆی نەبوونی سەوزایی لە قامیشلۆ سیستەمی سووری ڕووبەڕێکی گەورەی دانابوو بۆ چاندنی گەنم و جۆ، هەر کەسێک بیویستایە دارێک بڕوێنێت لە زەویەکەیدا سزای دەدا، بۆیە قامیشلۆ بێ سەوزایی بوو. ئێستا خۆبەخشەکانمان زۆر زیاتر بوون، هەموو کەسێک دەیەوێت بەپێی توانای خۆی هاوکاری بکات. لە داهاتوودا هەموو ماڵێک داری دەدەینێ بۆ ئەوەی لەبەردەم ماڵەکانیاندا بیڕوێنن. هێشتا لە سەرەتاداین، بەڵام دڵنیاین کە لە ماوەی 5 ساڵدا 4 ملیۆن دار دەڕوێنین. پڕۆژەکەمان بۆ کۆمەڵگەیە، سەر بە هیچ لایەنێک نییە". ...

May 31, 2021

"تەمەنم 10 ساڵان بوو کاتێک دایکم لەدەستدا. لە سەرەتای ئەو شۆڕشەی لە سوریا ڕوویدا کێشەی زۆر دەرکەوت و گێژاوی ئەمنی دروستبوو. من و خێزانەکەم خۆمان ئامادەکردبوو بڕۆین بۆ ماڵی باپیرم لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک عامودا بەبۆنەی جەژنی قوربان. زۆر دڵخۆش بووین لەبەرئەوەی دەگەڕاینەوە بۆ گوندەکەمان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دوورکەوتنەوە لە شار و خوێندن بۆ ماوەی یەک هەفتە. نزیک کاتژمێر 10:30 شەو هەموومان سواری پاس بووین، کاتێک گەیشتینە دەروازەی گوندەکە، تەقەیەکی زۆر بەرەو ڕوومان کرا کە تاوەکو ئێستاش سەرچاوەکەی دیار نییە. زۆر ترسام و بە خۆمم وت سوپاس بۆ خوا کە خێزانەکەم هیچی بەسەر نەهاتووە، بەڵام سەیرم کرد کە دایکم شتێکی لێ هاتووە، کاتێک سەیری لاشەیم کرد بینیم کە خوێنی لێدێت. گەیشتینە ناو گوندەکە و بەپەلە دایکمیان گواستەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە لە حەسەکە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێکی کەم هەواڵێکی زۆر جەرگبڕ بە من و خوشکەکانم گەیشت کە دایکمان مردووە". "هەموومان چەند ساڵێکی کەم بوو لەگەڵی ژیابووین، تاوەکو ئێستاش ئەو ڕۆژە شوومەم بیرناچێتەوە کە بەسەر من و خوشکەکانمدا هات. چیتر هەستم بە خۆشەویستی کەس نەدەکرد لە دەوورمان، هەستمدەکرد کە هەموو کەس ڕادەکات لە بەرپرسیارێتی بەرامبەرمان، هەستم بە لاوازی دەکرد. هەستمدەکرد هیچ کەسێک نییە پەنام بێت یان بەرگریم لێبکات بێجگە لە باوکم کە ئەویش خەمەکانی زیادیکرد دوای وەفاتی خۆشەویستەکەی. قسەم لەگەڵ کەس نەدەکرد بۆ ماوەیەکی زۆر، تەنها هەندێک هاوڕێ نەبێت کە بەردەوام ئەحواڵیان دەپرسیم. ئەو ماوەیەی کە تازە دایکم کۆچی دوایی کردبوو بڕوام بە خۆم نەمابوو، بەڵام ژیان بەردەوام بوو و نەوەستا سەرەڕای قورسی ئەو ژیانەی پێیدا تێدەپەڕین بەهۆی لەدەستدانی بەنرخترین کەسی ژیانمان، بەڵام باوکممان هەیە کە بۆ هەموو شتێک پشتی پێدەبەستین. تاوەکو ئەم ساتەش لەگەڵمان بوو و گەیشتوومەتە زانکۆ. ئێستا یاسا دەخوێنم، ئاواتم بوو کە دایکم سەرکەوتنەکەم ببینێت بەڵام ئەمە قەدەری خوا بوو". ...

May 25, 2021

"خەڵکی قامیشلۆم، بەڵام بە ئەسڵ خەڵکی جەزیرەی بۆتانم، بەڵام زۆر دەمێکە هاتووین بۆ قامیشلۆ، ئێستا قامیشلۆ بووە بە شوێنی سەرەکەییمان. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە سوریا و رۆژئاوا براکانم هەموویان کۆچیان کرد بەڵام من پێداگریم کرد و مامەوە، وتم ئیش دەکەم و منداڵەکانم دەژیەنم. ماوەی 35 ساڵە کاری چاککردنەوەی پێڵاو و جانتا دەکەم، لە کەسێکەوە فێربووم بە ناوی ئەبو سەلیم، فەزڵێکی زۆری هەیە بە سەرمەوە. لە ڕابردوودا خەڵکی لەسەر جادەکان ئەم کارەیان دەکرد، ئێمە تاکە کەس بووین کە دوکانێکمان کردەوە بۆ کاری چاککردنەوەی پێڵاو و جانتا. دواتر خۆم دوکانێکم کردەوە، و شاگردێکم هەبوو، ئەوە ماوەی 32 ساڵ دەبێت کارم لەگەڵ دەکات، زۆر بە زووی فێری کارەکە بوو بۆیە لەگەڵمدا ماوەتەوە تاوەکو ئێستاش. کارەکەمم زۆر خۆشدەوێت بەڵام چونکە زۆر دادەنیشم پشت تووشی ئازار دەبێت". ...

May 16, 2021

"چیرۆکی خۆشەویستی من جوان و پێکەنیناوییە لە هەمان کاتدا، هاوسەرەکەم کاتێک گەنج بوو لەبەر ئەوەی هاوڕێی براکانم بوو بە بەردەوامی دەهات بۆ ماڵمان، هەرگیز هەستم پێنەکردبوو کە خۆشیدەوێم لەبەر ئەوەی من منداڵ بووم. بیرمە کە جوڵەی پێکەنیناوی دەکرد بۆ ئەوەی سەرنجم ڕابکێشێت بەڵام هەرگیز سەیرم نەدەکرد، یان دەچووە سەربانی ماڵە دراوسێکەمان بۆ ئەوەی سەرنجم ڕاکێشێت. هەموو کەسانی دەوورم بە دراوسێ، هاوڕێ و کەسە نزیکەکانمەوە بە خۆشەویستییەکەی ئەویان زانیبوو بێجگە لە خۆم. کاتێک پێمزانی تووشی شۆک بووم لەبەر ئەوەی وەک براکانم وابوو، بۆیە زۆر بە توندی چەند جارێک ڕەفزم کردەوە، زۆر کەسی بە تەمەن تەداخولیان کرد بەڵام هەر ڕازی نەبووم. لە کۆتایدا بە شێوەی جدی بیرم لە بابەتەکە کردەوە وە بە کەسێکی نموونەیم بینی، کەسێک کە زۆر خۆشیدەوێم و زۆر ڕێزم دەگرێت وە ئامادەیە هەموو داواکارییەکانم جێبەجێ بکات. ماوەییەک داستگیران بووین و دواتر هاوسەرگیریمان کرد و ئێستا سێ منداڵمان هەیە. ماوەی 17 ساڵ لەمەوبەر تاوەکو ئێستاش زۆر دڵخۆشم لەگەڵی. هەرگیز پەشیمان نیم لە هاوسەرگیری لەگەڵی لەبەر ئەوەی هەموو هێز و توانا و پاڵپشتی بەردەوامم لەوەوە وەردەگرم". ...

May 7, 2021

"کاتێک منداڵبووم باوکم کامێرایەکی بۆ کڕیم و پێی وتم فێری بەکارهێنانی کامێرات دەکەم بۆئەوەی لای کەس کار نەکەیت و کاری خۆتت هەبێت. ساڵی 1975 دەستمکرد بە کار کردن لەناو شاری تەبەقە. ساڵی 1986 کارەکەم گواستەوە بۆ زێدی خۆم (عەفرین) و ستۆدیۆیەکی وێنەگرتنم کردەوە بەناوی (ستودیۆی 21) بەبۆنەی 21 ئازار. ئاسایشی سووریا ڕازی نەبوون کە ئەو ناوەی لێبنرێت، بۆیە ناوەکەیم گۆڕی بۆ (ستۆدیۆی 23) بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێم. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە سوریا و ڕۆژئاوا و دەرکردنی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە عەفرین، ناوی ستودیۆکەم گۆڕی بۆ (ستودیۆ 21). ئەو کاتە سەرەڕای ئەوەی لە ستودیۆ کارم دەکرد، سەردانی گوند و شاخەکانی عەفرینم دەکرد و وێنەم دەگرتن و ئەرشیفم دەکرد. ساڵی 2018 کاتێک تورکیا دەستیکرد بە داگیرکردن عەفرین، کۆچمانکرد بۆ قامیشلۆ. دوای چەند ڕۆژێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ستودیۆکەم بینی سووتابوو، دوای ئەوەش کردیان بە گۆشتفرۆش. زۆربەی ئەرشیفەکانمان لەدەستدا کە لە ساڵی (1975)ەوە کۆمکردوونەتەوە. زۆر بێتاقەت بووم کاتێک ئەو دیمەنەم بینی، تەنانەت ئەگەر یەک ڕۆژیش لە تەمەنم مابێت هەر دەگەڕێمەوە و ستۆدیۆکەم دروستدەکەمەوە". ...

May 5, 2021

"بۆ یارمەتیدانی هاوسەرەکەم لە مەسرەفی ماڵەوەدا، پێنج ساڵ دەبێت کاری دروومانی دەکەم و خۆشم حەزم لە کارەکەیە. لە ڕێگای ڤیدیۆی یوتیوبەوە خۆم فێری دروومان کرد. دوای ئەوەی کۆچمان کرد لە سەری کانێ و چووینە کەمپەوە. مەکینەیەکم بە کرێ هێنا بۆ ئەوەی دەست بە کار بکەمەوە. هەر لە خێمەکەی خۆماندا دەستمپێکرد، خێمەکەم هەم شوێنی کارکردنم بوو هەم شوێنی ژیانم. عەزی بۆ مشتەریەکانم دەدوورم بە کرێ، لەبەر ئەوەی خەڵکی کەمپەکان داهاتیان کەمە، عەزی بە بڕی 3,000 لیرەی سوری دەدوورم کە لە 1 دۆلار کەمتر دەکات. کۆلێژی پەروەردەم تەواو کردووە لە زانکۆی فورات. بەڵام نەمتوانیوە کار بە شەهادەکەم بکەم بەهۆی فەوزای شەڕ و مانەوەمان لە کەمپدا. هیوادارام کە بگەڕێینەوە بۆ ناوچەکەی خۆمان و لەم کەمپانە بڕۆین، لەبەر ئەوەی ژیانی نێو کەمپ گرانە، هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ڕۆژێک لە کەمپدا بژیم". ...

May 1, 2021

"داهاتووم زۆر بەلاوە گرنگە و هەمیشە گرنگیم پێداوە. لە منداڵییەوە حەزم لە نووسین بووە و ئاواتمە ببم بە نووسەر و شاعیرێکی بەناوبانگی کورد. بڕوابوون بە داهاتوو پایەیەکی سەرەکییە لە بونیادنانی کەسێکی سەرکەوتوو کە ئامانجی داهاتوویەکی باش و داهێنانە. بە زۆرینەی خەونەکانم گەیشتووم لەڕێگەی نووسینی شیعر و وتاری کورت. پاڵپشتی بەردەوامی خێزانەکەم کە هێز و بڕوابەخۆبوونی پێبەخشیووم وایلێکردووم سەرکەوتووبم لە ژیانی ئەدەبیمدا. دەستمکرد بە نووسین هەموو ئەو شتانەی هەستیان پێدەکەم و کاریگەرم پێیان لە ژیانی عەمەلی و زانستیمدا و هەروەها ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیم. سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگی و جەنگانەی ناوچەکەمان پێیدا تێپەڕدەبێت. لە کۆمەڵگەی ئێمە ئافرەت گیرۆدەی دەستی عادات و تەقالیدە، پێیان عەیبە زۆر کار بکەن چونکە پێیانوایە تەنها بۆ پیاو دەبێت. بەڵام ئێستا خەڵک باشتر بووە و ئافرەتانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەن، تا ئێستاش خەونی منداڵیم بەردەوامە وە بەردەوامیش دەبێت تاوەکو دەبم بە نووسەر و شاعیرێکی کوردی". ...

April 22, 2021

"ناخۆشترین و قورسترین کات کە پێیدا تێپەڕیووم لە ماوەی 14 ساڵی ژیانمدا ئەو کاتە بوو کە تاکە براکەم سەفەری کرد بۆ کوردستانی باشوور. بەهۆی ئەو جەنگەی لە شارەکەماندا دەگوزەرێت دایکم و باوکم براکەمانیان نارد بۆ کوردستانی باشوور. کۆتا ڕۆژی پێش سەفەرکردنی زۆر بێتاقەت بووین، بیری براکەمان دەکرد،. ئەو پارێزەرمان بوو، ڕاهاتووین کە دایمە لەگەڵماندا بێت، لەگەڵماندا دەهات بۆ خوێندنگە، لەگەڵمان بوو لە کاتی یاری و خۆشیدا، تاکە پارێزەرمان بوو کاتێک تووشی شتێک دەبووین لە ژیانماندا. ئێوارەکەی دایکم کەلوپەلەکانی براکەمی کۆکردەوە بۆ سەفەرەکەی، بەیانی زووەکەی هەستاین بۆ ئەوەی بیگەیەنینە سەر سنوور، قورسترین ڕۆژی ژیانم بوو تا ئێستا. دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و سەرەڕای بوونی پەیوەندیشمان بەیەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی هێشتا ڕانەهاتووین لەگەڵ دووری براکەم. هیوادارم براکەم بەزووترین کات بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەمان و هەموو ئەو کەسانەی لە خێزانەکانیان دوورن بگەڕێنەوە". ...

April 19, 2021

"ڕۆژێکیان لە شاری لازیقیە بەشداریم لە چالاکییەکی وەرزشی کردبوو، ئەو کاتە هەواڵم پێگەیشت کە داعش ‌هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی خابوور، گوندەکەی منیش لەوێیە. بەپەلە بە تەیارە گەڕامەوە و گەیشتمەوە گوندەکەم بۆ بەرگریکردن لە هەر هێرشێکی داعش. دوای چەند ڕۆژێک داعش هێرشیکردە سەر گوندەکەمان و نەمانتوانی زۆر بەرگە بگرین، گەڕاینەوە هێڵەکانی دواوە. کۆمەڵێک لە هاوڕێکانمان شەهیدبوون لەگەڵ سەربازێکی نێودەوڵەتی بەناوی "ئیڤانا هۆفمان" کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقی بوو و زۆر بێتاقەت بووم بە شەهیدبوونی. دوای داگیرکردنی گوندەکە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵێک لە دانیشتووانەکەی کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و کۆمەڵێکی تریش بۆ ئەو شارانەی مەترسییان لەسەر نەبوو وەک حەسەکە و قامیشلۆ. هەروەها داعش کەنیسەی گوندەکەی تەقاندەوە کە تەمەنی 80 ساڵ زیاتر بوو. ئەمە زیاتر بووە هۆی ئەوەی کە گوندەکەمان ئازاد بکەین. دوای 4 مانگ پێکدادان لەنێوان یەکەکانی پاراستنی خابوور و یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ داعش توانیمان گوندەکە ئازاد بکەین، داعشمان دەرکرد لە شوێنەکە دوای ئەوەی گوندەکەیان وێرانکردبوو. ئەمڕۆ لەو گوندەی کە نزیکەی 150 خێزانی ئاشووری تێدا دەژیا تەنها من و خێزانەکەم ماوین لە گوندەکە. هیوادارین کە بارودۆخەکە جێگیرتر بێت و خێزانەکان بگەڕێنەوە گوندەکە". ...

April 17, 2021

"بۆ ماوەی 40 ساڵ لە چێشتخانەیەک کارمدەکرد تایبەت بە خواردنە برژاوەکان لە سەریکانی. دوای داگیرکردنی شارەکەمان لەلایەن تورکیاوە لە کۆتاییەکانی 2019 کۆچمان کرد و چووینە کەمپەوە لە نزیک تەل تەمر. دوای جێگیربوونمان لەوێ ناچاربووم کار بکەم بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خێزانەکەم دابین بکەم و سەرچاوەیەکی داراییم هەبێت تەنانەت ئەگەر کەمێکیش بێت. عارەبانەیەکم دانا بۆ دروستکردنی شیرینی (مشبک) کە لەو ناوچەیە زۆر ناسراوە. یەک کیلۆ بە یەک دۆلار کەمتر دەفرۆشم و ئەوەش لە نرخی بازاڕ کەمترە. لەبەر ئەوەی کرێ دوکان نادەم و هیچ زەڕیبەیەکیش نادەم، هەروەها داهاتی ئاوارەکانیش زۆر نییە. زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم، تەنانەت لە دەرەوەی کەمپەکەش مشتەریم هەیە. بەڵام کارەکەم تەنها لە وەرزی زستاندا باشە، لە هاویناندا کەس نایکڕێت. لە هاویناندا بەدوای کاری تردا دەگەڕێم، لەبەرئەوەی ناتوانم بێکار بمێنمەوە". ...

April 12, 2021

"لەدەستدانی باپیر و نەنکم پێش چەند ساڵێک لە ناخۆشترین کاتەکانی ژیانم بوو. لە بەیانی 22ی تشرینی دووەمی 2008 باپیرم لەدەستدا و ساڵی 2013 نەنکیشمم لەدەستدا. هەرچەندە ئەو کاتە تەمەنم منداڵ بوو بەڵام ئازارم زۆر چەشت. پێش ئەوەی نەنکم بخەنە ناو گۆڕەوە زۆر سەیرمکرد، چونکە دەمزانی دوایین جارە بیبینمەوە. هەستم بە دڵشکانێک کرد کە پێشتر هەستمپێنەکردووە و فرمێسک بە چاومدا هاتە خوارێ. بۆ باوکم زۆر قورس بوو کە ئەو هەواڵەم پێبڵێت. ئەگەر نەنک و باپیرێکی وەک ئەوانت هەبێت کەسێکی زۆر بەبەختیت. نەنکم دەستی دەهێنا بە سەرمدا تاوەکو خەوم لێدەکەوت، هەموو کاتێک لەگەڵ خۆیدا دەیبردم بۆ هەر شوێنێک بڕۆیشتایە. دایمە وەسفی دەکردم و زۆر دڵخۆش بووم. باپیریشم بە بەردەوامی پارەی ئەدا پێم و چەندین هەڵوێستی جوانی تر کە زۆربەیم بیر نایەت. نەنک و باپیرم کەسانی زۆر باش بوون، زۆر پاڵپشتییان دەکردم لە جێگەی دایک و باوکم بوون. نەنک و باپیرم لە کاتێکی زۆر چاوەڕواننەکراودا بەجێیان هێشتین، ئێستاش زۆر بێتاقەت ئەبم کاتێک یادەوەرییەکانم بیردێتەوە". ...

April 4, 2021

"کاتێک تورکیا دەستیکرد بە داگیرکردن و بۆمببارانکردنی عەفرین، لەناو ئەشکەوتەکاندا خۆمان دەشاردەوە بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکان. ئەو کاتە دووگیان بووم و سکەکەم نۆ مانگ بوو، نزیکی ئەوە بوو منداڵم ببێت، ئەو ڕۆژەی کە منداڵم دەبوو بردیانم بۆ نەخۆشخانە بۆ ژووری نەشتەرگەری تاوەکو منداڵەکەم بوو، ئەو کاتە نەخۆشخانەکە لەژێر مەترسیدا بوو، دەیان وت تەیارەکانی تورکیا نەخۆشخانەکە بۆمبباران دەکەن. زۆر قەلەق بووم، کە منداڵەکەم بوو گواستیانمەوە بۆ ماڵەوە، دوای هەفتەیەک شیرەکەم وشکی کرد لەبەر ئەوەی زۆر دەترسام کاتێک گوێم لە دەنگی بۆمببارانی تەیارەکان دەبوو، گەمارۆ درابووین و باری داراییمان خراپ بوو، شیری قتووم دەدا بە منداڵەکەم تەنانەت هەندێک جار ئاو و خوێم دەدا پێی. کاتێک کۆچمان کرد لە شارەکەمان تەنها یەک ڕێگا هەبوو، هەموو ڕێگاکانی تر گیرابوون، لە ڕێگا سەیارەکەمان لەکار کەوت و ناچاربووین بەپێ بڕۆین بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگار بکەین، منداڵەکەشمم پێبوو کە تەمەنی لە دوو هەفتە زیاتر نەبوو، هەستم بە ئازاری نەشتەرگەرییەکەم نەدەکرد. لە ڕێگا بووین سەیارەیەک لەتەنیشتمانەوە وەستا بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بڕۆین، لەگەڵی ڕۆیشتین تا گەیشتینە سەلامەتی. بە ڕۆژگارێکی زۆر سەختدا تێپەڕیووم و هێشتا ئاوات ئەخوازم بە ژیانێکی خۆشتر لە شارە داگیرکراوەکەمان و دەبێت ڕۆژێک ئازاد بێت". ...