Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 1, 2021

"لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کچێکی گەنج بووم، لە گوند دەژیاین، لە سەردەمی عادات و تەقالیدە عەشایەرییەکان. ئەو برایەم کە لە من گەورەتر بوو کچێکی خۆشدەویست لە گوندەکەی تەنیشتمان، چوو بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، ئەو کاتە عادەتێک هەبوو کاتێک دەچوویت بۆ داوای یەکێک ئەگەر پارەی تەواوت پێ نەبووایە بۆ هاوسەرگیرییەکە، ئەوا خوشکەکەت لە برای بووکەکە مارەدەکرد. تەنانەت گوێ لە بیروڕای کچەکە نەدەگیرا. مافی ڕادەربڕینمان نەبوو یان ڕەخنە بگرین. هاوسەرگیریم کرد و چووینە ماڵی مێردەکەم، لەسەرەتادا بەهۆی ئەوەی لە یەک تێنەدەگیشتن و کەسمان ئەویتری قبوڵ نەبوو کێشەمان زۆربوو. بەڵام لە کۆتاییدا بڕوام بەوە هێنا کە ئەوە چارەنووسی منە لە ژیاندا و بەرگەی هەموو شتێکم گرت. بەهۆی سروشتی کاری مێردەکەمەوە کە جوتیاری گەڕۆک بوو زۆر گوند گەڕاوین و هەر ماوەیەک لە گوندێک بووین. مێردەکەم سەیارەیەکی کڕی بۆ ئەوەی کاری پێبکات و ڕۆیشتین بۆ شار، لەوێ کارێکی دۆزییەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە نەدەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، منیش خۆم فێری دروومان کرد و کارم دەکرد بۆ ئەوەی کەمێک یارمەتی بدەم، منداڵمان بوو و گەورەم کردن. ئێستا تەمەنم 70 ساڵە زەمەنەکە زۆر گۆڕاوە، ئەو عادات و تەقالیدانە وەک جاران نەماون. ئافرەت ئێستا ماف و بیروڕای خۆی هەیە". ...

March 28, 2021

"تەمەنم سێ مانگ دەبوو کاتێک باوکم شەهید کرا و بەبێ باوک گەورە بووم، دایکم لە جێێ باوکیش بوو بۆم. لە بەرواری 12ی ئازاری 2004، یاری تۆپی پێ دەکرا لە نێوان تیپی جیهاد و تیپی فەتوە. هاندەرانی تیپی فەتوە (دیرالزور) هێرشیان کردە سەر هاندەرانی کوردی تیپی جیهاد (قامیشلۆ) لەناو یاریگای قامیشلۆ. ئەم شەڕە بووە هۆی خۆپیشاندان و پۆلیسی سیستەمی سوریا تەقەیان کرد بەسەر خۆپیشاندەرە کوردەکاندا. ئەو شەوە قامیشلۆ و شارە کوردییەکانی تری سوریا نەخەوتن. هەموو گەنجەکان چوونە نێو یاریگاکان و دەستیانکرد بە خۆپیشاندان. دووبارە هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و باوکم و هەندێک خۆپیشاندەری تر شەهید بوون. ئەم بەسەرهاتە دایکم بۆی گێڕامەوە کاتێک گەورە بووم. هەمیشە دەڵێم خۆزگە باوکم هەبووایە و لەگەڵماندا دەژیا. زۆری بیر دەکەم. بەڵام دایکم زۆر لەگەڵماندا هیلاک بووە، گەورەی کردین و ناردینی بۆ خوێندن، نەیهێشت لە هیچ شتێکمان کەم بێت. هەموو ساڵێک لەیادی ئەو ڕاپەڕینانەدا، ئیدارەی شارەکە یارییەک ڕێکدەخات لەنێوان تیپی دیرالزور و تیپی قامیشلۆ بۆ ئەوەی خۆشەویستی بڵاوبکاتەوە لە نێوان هاندەرەکان. لە کۆتاییدا شانازی بە شەهیدبوونی باوکمەوە دەکەم کە بەرامبەر ڕژێمی ئەو کاتە وەستاوەتەوە". ...

March 20, 2021

"کۆمەڵێک هاوڕێم ناسی تۆباکۆیان قاچاخ دەکرد، پۆلیس پێیزانین و دەستبەسەری کردن، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا منیشیان تۆمەتبارکرد چونکە هاوڕێیان بووم وە دەستگیریان کردم، ماوەی سێ مانگی حوکمدرام و زیندانی کرام. دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ و نیو دەستییانکرد بە دابەشکردنی گاز بەسەر زیندانییەکاندا بۆ ئەوەی خواردن لێبنێن. ئێوارەکەی هەندێک لە زینداییەکان لەبەر ئەوەی بەبێ دادگایکردن و دیاریکردنی ماوەی دەستبەسەربوونیان زیندانی کرابوون ئاژاوەیان نایەوە، کە هەندێکیان بە تۆمەتی دزیکردن و هەندێکیان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوون. گازەکانیان ڕشت بەسەر بەتانی و سیسەمەکاندا وە کۆیان کردنەوە و ئاگریان تێبەردان لەناو ژوورەکەی تێیدا دەماینەوە، ئاگر بە هەموو زیندانییەکەدا بڵاوبووەوە، توانیم لەو کاتەدا هەڵبێم و هەندێک لە زیندانییەکانی تر لە حەمامەکاندا خۆیان شاردەوە". "نەمدەتوانی هیچ شتێک بکەم ئاگرەکە زۆر بوو وە لە دەستیش دەرچوو بوو، تەنانەت ئەو پۆلیسانەی بەرپرسیار بوون لە زیندانییەکان بەجێیان هێشتین و ڕایانکردە دەرەوە و پەیوەندییان کرد بە ئاگرکوژێنەوەوە بەڵام درەنگ گەیشتنە سەر ئاگرەکە، زیندانەکە سووتابوو و نزیکەی 58 کەس گیانی لەدەستدابوو لە ئاگرەکەدا. دوای ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، ڕۆیشتم بە دوای کوڕی پورمدا گەڕام لەبەر ئەوەی ئەویش لەگەڵمدا دەستبەسەر بوو، سوپاس بۆ خوا ئەویش لە ئاگرەکە ڕزگاری بوو لەبەر ئەوەی خۆی لە حەمامەکەدا شاردبووەوە. ڕۆژێکی زۆر تراجیدی بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی ڕزگاریان بوو، هەندێک هاوڕێم لەدەستدا کە لە زیندان ناسیبوومن. لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرا و بڕیاری لەسێدارەدان درا بەسەر بکەرەکانیدا. دوای ئەوەی ئازادکرام بڕیارمدا کە واز لە کاری قاچاخ و ئەو کارانە بێنم کە پێچەوانەی یاسایە و جارێکیتر نەگەڕێمەوە بۆ زیندان، قاوەخانەیەکم کردەوە و کاری تێدا دەکەم و تا ئێستاش بەڕێوەیدەبەم". ...

March 13, 2021

"24 ساڵ لەمەوبەر لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا قاچی ڕاستم لەدەستدا و ئیتر هەموو ژیانم گۆڕا. زۆر قورسە قاچێکت لەدەستبدەیت. دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد و منداڵمان بوو، ناچاربووم هەموو ساڵەکە ئیش بکەم و هەر وەرزەی کارێک بکەم بۆ ئەوەی خێزانەکەم بژیەنم و منداڵەکانم بخوێنن. لە وەرزی هاویندا یارمەتی هاوسەرەکەم دەدەم لە ئامادەکردنی مرەبا و شیرینی بۆ ماڵان بەپێی داواکاری. بەڵام لە وەرزی زستاندا کارێکیتر دەکەم بەپێی توانای جەستەم، گەرمکەرەوەی ماڵان پاکدەکەمەوە لە ماڵەوە بەرانبەر پارەیەکی کەم. ساڵی پار ڕۆژێکیان لە ماڵ نەبووم کوڕەکەم غازی داگیرساند کە بووە هۆی سوتانی هەموو ماڵەکە، بەڵام سوپاس بۆ خواخێزانەکەم هیچیان لێنەهات. ئەو کاتە هاوڕێ، کەسە نزیکەکانم و دراوسێکانم یارمەتییاندام، بە تایبەتی دراوسێکانم کە نایانگۆڕمەوە بە ماڵی هەموو دنیا چونکە زۆر یارمەتیم دەدەن. ئەو خانووەی تێیدا دەژین لە دایک و باوکمانەوە بۆمان ماوەتەوە، موڵکی من و براکانمە، براکانم دەیانەوێت بینایەک دروست بکەن و لە شوقەدا بژین، بەڵام من ناتوانم بە قادرمەدا سەربکەوم و ناشتوانم لە شوقەدا گەرمکەرەوە پاکبکەمەوە، بۆیە بە براکانمم وت کە دەستکاری خانووەکە نەکەین ئەوانیش ڕازیبوون ". ...

March 8, 2021

"کاتێک تەمەنم حەوت ساڵان بوو دایکم فێری کاری دەستی کردم، نزیکەی 28 ساڵ لەمەوبەر دەکات. ئەو کاتە لەگەڵ دایکم کارم دەکرد بۆ ئەوەی فێربم بەڵام لە 15 ساڵیدا بە تەواوی فێربووم و دەستمکرد بە کار. هەرچەندە ئەم کارە زیاتر کەسانی گوندەکان دەیکەن تاوەکو کەسانی شار. کاری دەستی فشاری دەروونیم کەمدەکاتەوە و لە لایەنی داراییشەوە یارمەتیشم دەدات. هاوسەرگیریم کردووە و دوو کوڕم هەیە، هێشتا منداڵن بەڵام کاتێک گەورەبوون فێری کاری دەستییان دەکەم و ئەوانیش دواتر منداڵەکانیان فێربکەن. ئاواتەخوازم ئەم عادات و تەقالیدە هەر بمێنێت. هەروەها زۆربەی دراوسێکانم و کەسە نزیکەکانم و هەندێک لە هاوڕێکانم فێرکردووە. دایکم ئێستا ناتوانێت کار بکات لەبەر ئەوەی چووەتە تەمەنەوە و بە باشی نابینێت. ئێستا بەشداریمکردووە لە پێشانگای کاری دەستی و وێنە و زۆر دڵخۆشم بە بەشداری کردنم". ...

March 5, 2021

"تەمەنم 18 ساڵە و لە هەموو براکانم گەورەترم. لەوکاتەی چاوم بە ژیان هەڵهێناوە خەریکی مەڕ بەخێوکردنم لەبەر ئەوەی باب و باپیرانم هەمان کاریان کردووە. قەت نەچوومەتە خوێندنگە، لەبەر ئەوەی لە گوند بووم و هیچ خوێندنگەیەک نەبوو لە گوندەکەمان و تاوەکو ئێستاش هیچ خوێندنگەیەک نییە. هیوادارم خوێندنگەیەک لە گوندەکەمان هەبێت بۆ ئەوەی کاتێک هاوسەرگیریم کرد منداڵەکانم بنێرم و فێری خوێندەواری بن. زۆر بە کەمی دەچمە ناوشار، کاتێک گەنجی هاوتەمەنی خۆم دەبینم دەچن بۆ خوێندن زۆر بێتاقەت دەبم چونکە من نەمخوێندووە. بەڵام ئێستا ناتوانم هیچ شتێک بکەم جگە لە بەخێوکردنی مەڕەکان، خێزانەکەمی پێدەژیەنم لە ڕێگەی فرۆشتنی بەرهەمەکانییەوە وەک شیر، خوری و گۆشتەکەی. ئەم ساڵ، ساڵێکی وشک بوو بۆ ئێمە، تاوەکو ئەمڕۆ بە ڕێژەیەکی پێویست باران نەباریووە، وا دەگەینە سەرەتای بەهار و هێشتا گیا گەشەی نەکردووە. زیانێکی زۆری لێداوین چونکە عەلەفێکی زۆرمان کڕی لەبری ئەوە و نزیکەی نیوەی مەڕەکانم فرۆشتووە بۆ کڕینی عەلەف". ...

March 1, 2021

"لەبەر خۆشەویستیم بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵان زۆر زوو وازم لە خوێندن هێنا، لە سەرەتادا باڵندەم بەخێو دەکرد دواتر دەستمکرد بە بەخێوکردنی سەگ، کێڵگەیەکی تایبەتم بۆ دروستکردن لەبەر ئەوەی زۆرم حەز لێی بوو. هەموو بەیانییەک پێش ئەوەی نانی بەیانی بۆ خۆم حازر بکەم نان بۆ ئەوان حازر دەکەم. کاتێک سەگە بچووکەکان دەهێنم، بە دەستی خۆم شیریان دەدەمێ ئەمەش وادەکات کە زیاتر هۆگریان بم کاتێک گەورە دەبن. ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم، سەگ بەوەفاترین هاوڕێی مرۆڤە. سەگەکانمم زۆر خۆشدەوێت و گرگنییان پێدەدەم. عادەتەن کە دەگەڕێمەوە بۆ کێڵگەکە هەموو سەگەکان ڕادەکەن بەرەولای من دێن لەبەر ئەوەی زۆر بیرمدەکەن. بەڵام ڕۆژێکیان گەڕامەوە بۆ کێڵگەکە و هەموویان بەرەو لام هاتن تەنها یەکێکیان نەبێت کە ناوی (دایکوس) بوو، ڕۆیشتم بۆ شوێنەکەی بینیم تۆپیووە. ئەو دیمەنە زۆر ناخۆشبوو بۆم چونکە لە منداڵییەوە بەخێوم کردبوو. ڕەخنەم زۆر لێگیراوە لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەهۆی ئەو کارەمەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ ئەوان بەسەردەبەم، بەڵام ئێستا تەنانەت خێزانەکەشم یارمەتیم دەدەن لە بەخێوکردنیان". ...

February 26, 2021

"سالێك لەمەوپێش ئازارێک لە سکمدا پەیدابوو، دکتۆر وتی بەردی گورچیلەم هەیە. هەندێک دەرمانی بۆ نووسیم بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو. چوومە لای دکتۆری تر و هەریەکەیان شتێکیان پێدەوتم، لەگەڵ ئەو هەموو دەرمانەش هەستم بە باشی نەدەکرد. چوومە لای دکتۆرێکی تر و هەموو شتێکم بۆ ڕوونکردەوە، پێی وتم بەشێک لە خانەکانی لەشم وەردەگرێت بۆ تەشریح. زۆر ترسام چونکە عادەتەن ئەو جۆرە پشکنینانە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە و وەرەم دەکرێت. دوای 10 ڕۆژ ئەنجامی پشکنینەکەم هاتەوە دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی مەعیدە بووم. بڕیاردرا شەش جەلسە چارەسەری کیمیایی وەرگرم. دەستمکرد بە وەرگرتنی چارەسەرەکان و دوای جەلسەی سێیەم داوایان لێکردم دیسان پشکنین بکەمەوە". "دەرکەوت باشتربووم و وەرەمەکە بچووکبووەتەوە. گەشتمە جەلسەی پێنجەم و ئازارێکی زۆرم هەبوو نەمدەتوانی بەرگەی بگرم. ئێوارەیەک تووشی نەزیف بووم و بردیانم بۆ نەخۆشخانە بەڵام هیچیان بۆ نەکردم لەبەر ئازارەکەم، وتیان دەبێت دکتۆرە تایبەتەکەی خۆم بێت، پەیوەندیم پێوەکرد بەڵام نەهات سەرەڕای ئەوەی حاڵم زۆر خراپ بوو. هەر ئەو ڕۆژە ئامۆزایەکم بردمی بۆ دیمەشق، گەیشتمە ئەوێ و دکتۆر پشکنینی تازەی بۆ کردم و پێی ڕاگەیاندم کە تەندروستیم زۆر باشە هەرگیز هیچ وەرەم یان خانەی شێرپەنجەیی لە لەشمدا نەبووە، تەنها خوێنە کڵۆ بووە لەسەر مەعیدەم و بووە بە قورحەی مەعیدە. کاتێک وای وت زۆر دڵخۆشبووم. دەرمانێکی زۆر کەمی بۆ نووسیم و زۆر پێی باش بووم، ئێستا هیچ کێشە و ئازارێکم نییە. کاتێک گەڕامەوە حەسەکە بڕیارمدا دەعوا لەسەر ئەو دکتۆرەی پێشووم بەرز بکەمەوە کە پێی وتم نەخۆشی شێرپەنجەمە، بەهۆی تەشخیصی هەڵەوە جەلسەی کیمیاییم وەرگرت و ئازاری زۆرم چەشت". ...

February 23, 2021

"ساڵی 1959 هیچ خوێندنگەیەک لە گوندەکەمان نەبوو، بۆیە باوکم من و براکانمی نارد بۆلای شێخ بۆ ئەوەی فێری خوێندن و خوێندنەوە بین، ئەو کات لە مزگەوتەکان قورئان دەخوێندرا. لەناو هەموو خوێندکارەکاندا من و سێ کەسی تر زۆر هەوڵماندەدا، توانیمان لە ماوەی چوار مانگدا قورئان خەتم بکەین بەڵام خوێندکارەکانی تر نزیکەی ساڵێک یان زیاتریان پێچوو. دوای نزیکەی ساڵێک خوێندنگەیەک کرایەوە لە گوندێک لە نزیکمان و باوکم بردمی بۆ ئەوەی لەوێ دەرس بخوێنم، لەوێ مامۆستاکە تاقیکردنەوەیەکی کردم و وتی تۆ دەبێت لە قۆناغی دووەم بیت و پێویست ناکات قۆناغی یەکەم بخوێنیت بەڵام باوکم قبوڵینەکرد. چوومە قۆناغی یەکەم و مامۆستاکان خۆشیان دەویستم و ئەوان گرنگییەکی تایبەت بەو خوێندکارانە دەدەن کە هەوڵدەدەن، تەنانەت هەندێک جار دوای دەوام ئێواران بانگیان دەکردم و زیاتر شتیان فێردەکردم و زیاتر هانیان دەدام بۆ خوێندن". "بیرمە کە ڕۆژانی پشوو یاریم دەکرد لە خێزانەکەم نەدەترسام بەڵکو لە دەترسام مامۆستاکانم بمبینن کە یاری دەکەم لەبری ئەوەی سەعی بکەم، دواتر لێم ڕازی نەبن. چوومە قۆناغی چوارەم و بارمان کرد بۆ شاری عامودا و لەوێ نیشتەجێبووین، قۆناغی سەرەتاییم تەواوکرد و دوای ئەوە باوکم ڕازی نەبوو بەردەوام بم لە خوێندن لەبەر ئەوەی جنسییەی سوریمان نەبوو وە هیچ سوودێکی نابێت و هیچ داهاتوویەکی نابێت. مامۆستاکان خۆشیان دەویستم بۆیە هاتن بۆ بۆلای باوکم و داوایان لێکرد کە ڕێگەبدات کە بەردەوام بم لە خوێندن بەڵام هەر ڕازی نەبوو. دەستمکرد بە شوانی و کشتوکاڵ کردن لەگەڵ براکانمدا. دڵنیام ئەگەر بەردەوام بوومایە لە خوێندن داهاتوویەکی باشم دەبوو، گەورە بووم و خۆشەویستیم بۆ خوێندن هەر لە دڵمدا مابووەوە، دەستمکرد بە خوێندنەوەی شیعرەکانی جگەرخوێن، فێری ئسلوبەکانی نووسینی بووم و لە بیرۆکەکانی تێگەیشتم، ئێستا منیش شیعر دەنووسم". ...

February 21, 2021

"کە منداڵ بووم ئاژەڵداریم دەکرد، بەهۆی ئەوەی لە گوند دەژیام و مەڕ و ماڵاتم هەبوو، بڕیارمدا ببم بە دکتۆری ئاژەڵان بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان لە مردن ڕزگار بکەم و چارەسەریان بکەم. چوومە زانکۆی "البعث" لە شاری حەمای سوری و توانیم ساڵی 1988 تەواوی بکەم. لە ساڵی 2003 حکومەت بڕیاریدا سەندیکای پزیشکانی ڤێرتەرنەری دابمەزرێنێت بۆ یەکەمجار، هاوڕێکانم منیان پێشنیار کرد بۆ بەڕێوەبەرایەتی و لە هەڵبژاردنەکان بردمەوە. بەڵام من ڕەتمکردەوە ببم بە سەرۆکی سەندیکاکە، پێموتن نامەوێت تەنها لە پشت کورسییەکەوە دابنیشم، دەمەوێت خزمەتی هەژاران بکەم و چارەسەری ئەو ئاژەڵانە بکەم کە کەسانی هەژار بژێوی ژیانیانی پێدابین دەکەن، بۆ ئەوەی پاڵپشتییەک و یارمەتیدەرێکیان بم. نزیکی 28 ساڵ لەمەوبەر دەرمانخانەیەکم کردەوە تایبەت بە ئاژەڵان و دەستمکرد بە کارکردن. بەڕای من دکتۆری ئاژەڵان قورسترە لە دکتۆری مرۆڤ، چونکە مرۆڤ دەزانێت چی بەسەر هاتووە و دەتوانیت سوودیان لێوەرگریت، بەڵام ئاژەڵەکان ناتوانرێت سوودیان لێوەرگریت بۆ ئەوەی بزانیت کوێیان ئازاری هەیە. کارەکەی من زیاتر ئینسانییە، هەر کاتێک ئاژەڵێک چارەسەر دەکەم و ڕزگاری دەکەم، وا هەست دەکەم هەموو ماڵی دنیا هی منە". ...

February 18, 2021

"لە شاری عەفرین لەدایکبووم، لە پەیمانگای تەکنیکی دەمخوێند لە زانکۆی حەلەب، بەڵام بارودۆخی حەلەب ڕێگەی نەدا خوێندنەکەم تەواو بکەم و بەشێوەیەکی کاتی لە خوێندن وەستام. گەڕامەوە بۆ عەفرین و لە کۆلێژی ئەدەبی کوردی خۆم تۆمارکرد لە زانکۆی عەفرین. بەڵام بەداخەوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە بەرواری 20/1/2018 نەمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم. دوای داگیرکردنی عەفرین ڕۆیشتم بۆ قامیشلۆ و چوومە زانکۆی ڕۆژئاڤا. توانیم لەوێ زانکۆ تەواو بکەم و بڕوانامەی ئەدەبی کوردی بەدەستبێنم. لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی 10 ساڵە لە بواری شانۆدا کار دەکەم، شانۆی زۆرم نووسیووە و کاری دەرهێنانم بۆ کردوون. چوار جار خەڵاتکراوم لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شانۆییەکمان کرد بە ناوی "ڕۆحە سووتاوەکان" لە نواندن و دەرهێنانی خۆم بوو، کە باسی لەو ڕۆژە دەکرد کە هێزەکانی تورکیا دەستیانکرد بە داگیرکردنی شارەکەم عەفرین. ئەوەی زۆر بێتاقەتم دەکات هێرشەکانی تورکیا لە هەمان ڕۆژی لەدایکبوونم بوو کە (20/1/1991)ە، کە هەموو ساڵێک هێرشەکانی تورکیام بیردەخاتەوە و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانم هەبووە، چیتر ئاهەنگی لەدایکبوون ناگێڕم تاوەکو شارەکەم بە تەواوی ئازاد نەبێت". ...

February 15, 2021

"دوای تەواوکردنی ئامادەیی چوومە بەشی تاقیگە، لەوکاتەدا بارودۆخی وڵات باش نەبوو، گوزەران خراپ بوو وە بەهۆی جەنگەوە خزمەتگوزاری کەم بوو. لەپاڵ خوێندنەکەمدا بڕیارمدا کاری خۆبەخشی بکەم. کۆمەڵێک هاوڕێم کۆکردەوە و بەبێ پاڵپشتی هیچ لایەنێک دەستمانکرد بە یارمەتیدانی خەڵکی. هەرچەندە سەرچاوەکان کەم بوون، بەڵام یارمەتیدان بە شتێکی کەمیش بێت لەوانەیە خەندە بخاتە سەر لێوی کەسێک. خواردنمان بۆ کەسانی کەم دەرامەت و ئاوارەکان دابیندەکرد. دوای ئەوە چووم کارم بۆ کەنیسە کرد، پڕۆژەیەکم پێشکەشکردن و بەدڵیان بوو، پڕۆژەکە بریتیبوو لە دانانی کورسی لە شاری حەسەکە بۆ ئەوەی کەسانی بەتەمەن کاتێک هیلاک بوون دانیشن ئیسراحەت بکەن. دوو ساڵ پێش ئێستا لەکاتی هێرشەکان بۆسەر شاری رائسلعەین، خەڵکێکی زۆر کۆچیان کرد بۆ حەسەکە و لە ناو خوێندنگەکاندا دەژیان و هەندێکیشیان هیچ شوێنێکیان نەبوو، بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ کاری خێرخوازی و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێمدا لە پارەی خۆمان جلمان بۆ ئاوارەکان کڕی و پێداویستی منداڵەکانمان دابینکرد". "کارەکان زۆر قورسبوون و زۆر هیلاکی دەکردین، بەڵام ئەو خۆشییەی لەسەر ڕووخساریان دەردەکەوت هەموو هیلاکییەکی لەبیر دەبردینەوە. خوێندنم تەواوکرد و لە بوارەکەی خۆمدا دەستمکرد بە کار لە تاقیگە. ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە و لە بەشی فریاکەوتنی کۆرۆنا کارمدەکرد، سامپڵمان وەردەگرت و فەحسمان بۆ ئەو کەسانە دەکرد کە گومانیان لێدەکرا تووشبووبن. بۆیە کارەکە ترسناک بوو بۆ ئێمە چونکە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆمان هەبوو لەگەڵ نەخۆشەکان. ئیمە هێڵی بەرگری یەکەم بووین دژی نەخۆشییەکە و لە هەموو کەس زیاتر مەترسی تووشبوونمان لەسەر بوو. هەرچەندە هەلی سەفەرکردنم بۆ دەرەوەی وڵات هاتە پێش بەڵام ڕەتمکردەوە، چونکە خەڵکەکەمان لەم کاتانەدا پێویستیان پێمانە. هیوادارم ئەو گەنجانەی کە سەفەریان کردووە بگەڕێنەوە و یارمەتیدەربن لەم کاتە سەختانە و بنیاتنانی نیشتمانەکەمان". ...