Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - North 07

August 9, 2020

"تەمەنم هەشتاوهەشت ساڵە، بە ئەسڵ خەڵکی شاری دەرسیمم. پەنجاوشەش ساڵ پێش ئێستا لە شەرناخ کارم دەکرد. لەو ڕۆژەوە هەر دیاریەکم پێبەخشرابێت پاراستوومە. کاتێک هاتمە ئامەد ژوورێکی ماڵەکەم تەرخانکرد بۆ ئەو دیاریانە، ئەم ژوورە بچکۆلەیە یادەوەری پەنجاوشەش ساڵ لەخۆدەگرێت. هەندێک لە دیارییەکان لە شارەکانی باکور و بەشەکانی دیکەی تورکیاوە بۆم هاتوون، هەندێکیان هاورێکانم بۆیان کڕیوم و هەندێکیشیان دەستکردی خۆیانە. زیاتر لە هەزار بۆ هەزار و پێنجسەد پارچە لێرە هەیە. هەندێکیان زۆر گرانبەهان و هەندێکیان هەرزانن، هەندێکیان ئەنتیکن و هەندێکیشیان نوێن. دەمەوێت دواتر منداڵەکانم و خێزانم پارێزگاری لەم شتانە بکەن و بیانهێڵنەوە، نامەوێت بە هیچ جۆرێک ئەم جێگایە بگۆڕم و دەمەوێت هەموو شتەکان وەک ئێستا لە جێگەی خۆیاندابن. بۆ ئەوەی هەرکات هەرکەسێک ئێرەی بینی ڕاستەوخۆ بڵێت ئەوە ماڵەکەی خاڵە کازمە". ...

Humans of Kurdistan - South 97

August 9, 2020

"تەمەنم 19 ساڵە، بە ئارەزوو و ویستی خۆم لەچک و نیقاب دەکەم. قسەی خەڵک و دەوروبەرم قەت نەبۆتە ڕێگر بۆم، چونکە ڕەزامەندی خوا لەلام لەهەموو شتێ گرنگترە. ڕاستە جلوبەرگم ڕەش و ئەستورە، ئەوەش ئەزانم لەهەموو کەس زیاتر هەست بە گەرما دەکەم، بەڵام بەشێوەیەک ئیمانم بەهێزە کە لەبەرخاتری دۆزەخ تەحەمولی گەرمای ئەم دنیایە دەکەم. وەک چۆن مرۆڤ ئازادە لەوەی چی دەپۆشێت، پێمخۆشە وەهاش ئەو ئازادیە لەمن زەوت نەکەن و جلوبەرگەکەم قبوڵبکەن. ئەوەی بۆمن جێی داخە ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو توانجانەی لێم دەدرێت لەلایەن ڕەگەزی خۆمەوەیە و ئافرەتن!". ...

August 8, 2020

"ژیان ڕێگەی جیاوازت دەخاتە بەردەم. کاتێک لە بەشی کیمیای کۆلێژی زانستی زانکۆی دهۆک دەرچووم، وەک کچێکی کوردی یەزیدی بە سەربەخۆیی لە بواری ڕۆژنامەوانیدا کارم لەگەڵ تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ کوردییەکاندا دەکرد. پاشان ژیان هەلێکی دیکەی خستە بەردەمم، ئەویش کارکردن بوو لە فیلم و سینەمادا، لە ئێستادا لە باکور و باشوری کوردستان لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی وەک یاریدەدەری دیزاینەری جلوبەرگ کاردەکەم و ئەمەش ئەزموونێکی زۆر گەورەیە بۆ من لە بواری سینەمادا. ژیان بەم جۆرەیە، لە هەمان باردا نامێنێتەوە. ئێستا تامەزرۆم وەک ڕۆژنامەنوس جارێکی دیکە لە میدیادا کاربکەمەوە، لە داهاتوشدا بەردەوام دەبم لە کارکردن لە بواری سینەمادا، چونکە سینەمام زۆر خۆشدەوێت". ...

Humans of Kurdistan - East 24

August 8, 2020

"ناوم وریایە، چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیارمدا ئەنجومەنێک بۆ پاراستنی ئاژەڵان دابمەزرێنم، هاوکات بۆم دەرکەوت کە زۆرێک خەڵک هەن ئاژەڵیان خۆشدەوێت بەڵام من تاوەکو ئێستا نەمناسیون. ئێستا خەریکی تیمارکردنی ئاژەڵانم، جۆرەها ئاژەڵ دەهێننە لام، وەک: گورگ، ڕێوی، کەمتیار، مار، ورچ و هەڵۆ. دەتوانم بە شانازیەوە بڵێم بەتەنها ئەنجومەنێکم ڕێکخستووە کە بە شێوەیەکی زانستیانە و پسپۆڕانە لە کەرتی ئاژەڵە کێویەکاندا چالاکی هەیە. لە منداڵیەوە ئاژەڵم خۆشویستووە، بیرمە کاتێک لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم، خەرجی رۆژانەم ئەدا بە کێک و لەنزیک هێلانەی مێرووەکاندا دەموەراند، زۆر کەیفم پێدەهات کاتێک دەمبینی وردە کێکەکانیان بەرەو هێلانەکانیان ڕادەکێشا. بەهەمان شێوە، کاتێک گەورەبووم هەرکاتێک ئاژەڵێکی برسیم بدیایە لەسەر شەقام خواردنم بۆ دەبرد، هەندێک کات لەگەڵ ئاژەڵانی سەرشەقام ئەمامەوە و کاتم بەسەردەبرد، چونکە ماڵەوە ڕێگەیان نەدەدا هیچ ئاژەڵێک بەخێوبکەم". ...

Humans of Kurdistan - South 96

August 7, 2020

"تەمەنم ٢٢ ساڵە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووم تا بچمە سلێمانی بۆ بەخاکسپاردنی شێخی گەورەمان، سەرەتا لە بەرنامەماندا نەبوو بێین، بەڵام کوڕەکەی شێخ ئاگاداری کردینەوە و ووتی: دەروێشەکانی باوکم با هەموویان بێن و لەهیچ نەترسن، ئیشەڵا هیچ ڕوونادات. کاتێک هاتینە سەرسنووری مەرزی باشماخ، لە دیوی ئێران ڕێگریان لێکردین و پاسدارانی ئێران تەقەیان لێکردین، من و چەند کەسێکی دیکە بریندار بووین، بەڵام سوپاس بۆ خوا برینەکەی من سوکە. لە سنوری هەرێمیش ویستیان ڕێگریمان لێبکەن، بەڵام دواتر زۆر یارمەتیدەر بوون". ...

Humans of Kurdistan - West 06

August 7, 2020

"یەکەم ژن بووم دوای تەواو کردنی خوێندنەکەم دوکانی چاویلکەسازیم لە شاری قامیشلۆ کردەوە، هیچ ژنێک نەبوو لەم بوارەدا کار بکات، بۆیە بە پێویستم زانی من دەستپێشخەربم. سەرەتا کە دەستم پێکرد، کۆمەڵێک بەربەستی زۆر هاتنە سەر ڕێگەم. لەوانە، سەرەتای دروستبوونی قەیران بوو لە سوریا، بە جۆرێک ئەو شتومەکانەی کە لە دیمەشقی پایتەختەوە دەهاتن یان زۆر دوادەکەوتن، یاخود لە لایەن چەکدارەکانەوە دەدزران. توانیومە یارمەتی زۆر کەس بدەم جگە لە دایکم، دایکم لە پڕێکدا چاوەکانی لەدەستدا و تا ئێستا نەمتوانیوە هیچی بۆ بکەم و چارەسەری نەبووە.. وا نزیکەی بۆ چوار ساڵ دەچێت کە بە تەواوی نابینایە. ئەوەی لە دەستمدێت تەنها خزمەتکردنیەتی و لە هەمانکاتیشدا کارکردنەکەمە، زۆر حەسرەت دەکێشم کە ناتوانم هیچی بۆ بکەم". ...

Humans of Kurdistan - South 95

August 6, 2020

"یەکەم ڕۆژ کە دەستم بەم کارە کرد ترسێکی زۆر سەیر لە دڵما بوو، چونکە ئێمە لەگەڵ دوژمنێکی نادیاردا کاردەکەین، بۆیە دەبێت بەردەوام زۆر بە وریایی و وردییەکی زۆرەوە کارەکان بکەین و بچووکترین هەڵە ژیانی خۆت دەبەخشیت. ساڵی ٢٠٠٩بوو، سەرەتای دەستپێکردنم بوو لە دابەشکردنی کارەبا لە سیانەی شەهید دەوامم دەکرد، ئەو ڕۆژە کارێکمان هەبوو لە گەڕەکی کارێزە وشک، چاکردنەوەی محاویلەیەک بوو لەو گەڕەکە. ئەو ڕۆژە یەکێک لە هاوەڵەکانم کە ناوی تەها بوو لەسەر محاویلەکە کارەبا گرتی و شەهید بوو. هەرگیز ناتوانم ئەو ڕۆژە لە یادبکەم. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵ ئیشەکەم ڕاهاتم و ئێستا کارەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت". ...

Humans of Kurdistan - North 06

August 6, 2020

"پێنج ساڵە من سەرقاڵی تەزبیح دروستکردنم، بە هاوکاری هاوڕێیەکم دەستم بەم کارە کرد. ماوەی دوو ساڵی سەرەتا لەلای وەستایەک کارم دەکرد، دواتر ئەم جێگایەم بۆخۆم کردەوە. کاتێک دەستم بەم کارە کرد، پیاوان پێیان دەوتم تۆ ژنی و ئەم کارەش بۆ ژنان زەحمەتە، ئەم کارە کاری پیاوانە. من پێموتن کە خۆم ئارەزووی دەکەم و دەتوانم بیکەم. دواتر وتم من چیم لەوانی دیکە کەمترە کە دەتوانن ئەم کارە بکەن؟ بۆیە منیش دەتوانم بیکەم. ئێستا دەتوانم لە ماوەی ڕۆژێکدا سێ بۆ چوار تەسبیح دروستبکەم، بەڵام کاتێک کەلوپەلەکان کۆن بن یاخود تێکچووبن، بۆ چاککردنی کاتێکی زۆری پێویستە. ئەو پارچانەی کە کۆنن و دەیانهۆنمەوە هەندێک جار سێ ڕۆژێکی دەوێت. ئێستا لە تورکیادا چوار ژن هەن کە تەسبیح دروستدەکەن، یەکێک لەو چوار ژنە منم". ...

Humans of Kurdistan - East 23

August 5, 2020

"ساڵی 1976 ژنم هێنا. پێنج ڕۆژ و پێنج شەو شاییمان گێڕا. دەتوت دەرودونیا هاتوونەتە سەیری شاییەکەمان. (بلچەسوور) گوندێکی سەر بە ناوچەی کۆماسی مەریوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شوێنی دەرزییەکی تێدا نەدەبۆوە. حەمە مەلای دەرزیانی گۆرانیبێژمان بوو. خەڵکی ئەو سەردەمە زۆر فەقیر بوون. پێم سەیرە ئێستا باسی گرانی دەکرێ! خەڵک دەستێک جلی هەبوو کە شایی و شیوەنی پێوە دەکرد. نەبوون بووین و نەبوونی دەستی نەدەدا تەنانەت پێڵاوێکی ڕێکوپێکیش لە پێبکەین، بەڵام دڵمان خۆشبوو و لەشمان ساغبوو. بەڵام ئەوە ئێستا پێنج ساڵە بەدەست نەخۆشی لاقمەوە دەناڵێنم و ئارامی لێ بڕیووم". ...

Humans of Kurdistan - South 94

August 5, 2020

"لە تەمەنی شەش ساڵیەوە خۆشەویستیم بۆ وەرزش دەستیپێکردووە، بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی وەرزشی لەو کاتەدا، من و هاوڕێکانم ناچاربووین خۆمان کەرەستە و ئامڕازی وەرزشی دروستبکەین. کاتێک تەمەنم گەشتە حەوت ساڵان، یەکەم تیمی تێنسی کچان لە شاری دهۆک کرایەوە و خۆشبەختانە توانیم بەشداربم. یەکێکبووم لە کچە یەکەمەکان لەسەر ئاستی کوردستان و بەشداری چەندین پێشبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیم کردووە، ڕێگاکە ئاسان نەبوو و توشی چەندەها ئاستەنگ بووم، بەڵام جێی شانازی بوو بۆمن کە ماوەی هەشت ساڵ توانیم نوێنەری شار و وڵاتەکەم بم. خۆشەویستی من بۆ وەرزش لەوێدا نەوەستا و گەورەتر بوو، لە بوارێکی تردا بەردەوامبوو کە ئەویش شاخەوانی و گەڕانبوو بە شاخە جوانەکانی کوردستاندا. جارێکی دیکەش بەختم هەبوو کە گروپێکم دۆزیەوە کە وەک من ئارەزووی شاخەوانیان دەکرد. دوای ساڵێک لە شاخەوانی پێکەوە زیاتر وەک خێزانێکمان لێهات و ماڵیشمان بووە ئەم شاخانە کە پێکەوە دەمانبڕی، جال ە لوتکەی گەرما بووایە یاخود لەژێر لێزمە بارانی زستاندا". ...

Humans of Kurdistan - West 05

August 4, 2020

"شەست و شەش ساڵ بەر لە ئێستا، ماڵەوە ئامێرێکی موزیکی ترەمپێتیان بۆ کڕیم، ئەوکاتە ٢٥٠ لیرەی سورییان پێدا، ئەو پارەیە ئێستا بژێوی ژیانی دوو مانگی خێزانێکی تەواوە، ئیتر هەر لە تەمەنی دە ساڵیمەوە دەستم بە ژەندن کردووە و لای مامۆستا حەسەن تورک فێری موزیک بووم. زۆر سەرسام بووم بە گروپی ئامێرە مسیەکانی سریانیەکانی قامیشلۆ و بەوهۆیەوە ئارەزووی ژەندنم لەلا دروست بوو. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیم کردووە لە دیمەشقی پایتەخت، لە کاتی خزمەتی سەربازیشمدا چەندین ڕێزلێنان و دیاریم لە کاتی نمایشە سەربازیەکاندا لە لایەن وەزیری بەرگری سوریاوە پێبەخشراوە. ئێستاش لە کاری خۆم بەردەوامم و سەرقاڵی دروستکردنی گروپێکی موزیکی سەربازی ئامێرە مسیەکانم تایبەت بە سەربازانی سوپای ( دفاع الذاتي ) لە رۆژئاوا و بەشداریشمان کردووە لە بۆنەکانی ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشدا لە ناوچەکە". ...

Humans of Kurdistan - South 93

August 4, 2020

"پازدە ساڵە خەریکی خوێندنەوەم، خەڵکی ئالودەی مادەی هۆشبەرە من ئالودەی خوێندنەوەم. لەنیوە شەودا خەڵک لە شیرینی خەودایە، من تێکەڵی دەقەکانی ناو کتێب دەبم، بە شێوەیەک لە هەندێک حاڵەتدا وا هەستدەکەم کارەکتەری ناو کتێبەکەم. کتێب هەبووە پێیڕانەگەیشتووم بیخوێنمەوە لە بەر بێکاتی، لەبەر چاوم وا وێنا بووە کە پارچە پارچەی بکەم و وەک خواردنێک بیخۆم. بۆ کتێبە باش و دەگمەنەکان ئامادەیی ئەوەم تێدابووە چەندین شاری بۆ ببڕم. سیستمە تۆتالیتارەکان و فاشیزمەکان هەموو شتێک دەدزن، بەڵام من بۆ بەدەسهێنانی مەعریفە و خۆ بنیادنان کردوومە و کتێبم دزیوە". ...