Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 19, 2020

"پێشتر پێیان دەگوتم کچە هەنجیرفرۆشەکە، لەو دەستەواژەیە تێدەگەیشتم، بەڵام ئێستا زۆرینەی گەشتیار کە دەوەستن و شتم لێ دەکڕن و پێم دەڵێن مۆنالیزاکەی کوردستان. ناشزانم ئەوە یانی چی! بەڵام دەزانم کە زۆرینەی خەڵکی خۆشیان دەوێم و وێنەم لەگەڵ دەگرن لەبەر چاوە جوانەکانم. زۆر خۆشحاڵم کە ئاوا بەتامەزرۆیی سناپم لەگەڵ دەکەن. ئەو بەناوبانگبوونەشم تا ڕادەیەکی زۆر هۆکاربووە بۆ ئەوەی زیاتر سوودمەندبم لەکارەکەم. بۆ کچێکی نۆ ساڵانی وەکو من ئەو کارە زۆر شیاوە لەبەر ئەوەی شوێنی وەستانم لەسەر شەقامی سەرەکی بلێ و بارزانە،کە چەند مەترێک لەماڵەکەی خۆم دوورە." ...

December 17, 2020

"ماوەیەکی زۆر لە دۆخێکی ناخۆش و نەبوونیدا ئەژیام، لە هەوڵدانیش بەردەوامبووم سوودی نەبوو، بەڵام ئەگەر خاوەنی کۆمەڵێک هاوڕێی باشبیت کاتێک یارمەتیت ئەدەن زۆر ئاسان ئەتوانی ئەو دۆخە تێپەڕێنیت، سوپاس بۆ خوا من خاوەنی ئەو جۆرە هاوڕێیانە بووم کە توانییان هاوکارمبن و یارمەتییاندام هەمیشە سوپاسیان ئەکەم، لەگەڵ بوونی ئەوانیش دایکم گرنگترین کەسی ژیانم بوو هەم دایک بوو هەم دەوری باوکێکیشی ئەبینی بۆم، هیوادارم بتوانم ئەو قەرەبووە بکەمەوە کە دایکم لە پێناو مندا بەخشی، لە ئێستادا خاوەنی کاری خۆمم و زۆر بە سەربەرزی ژیان بەڕێ ئەکەم، لەگەڵ ئەوەشا بەردەوام هاوکاری ئەو گەنجانە ئەکەم کە دێنە لای من کار دەکەن." ...

December 15, 2020

"لەکۆڵانەکانەوە دەستمپێکرد و لە یانەیەکی گەورەی وەکو هەڵەبجە تەواومکرد. چیرۆکی ئاستبەرزی و بەناوبانگیم چەنێک خۆم تێیدا پاڵەوانم ئاواش باوکم بە پاڵەوانێکی شاراوەی پشت سەر کەوتنەکانم دەزانم. ئەو تەنیا باوک نەبوو، بەڵکو قەڵایەک بوو بۆمن. لە شارێکی وەک هەڵەبجەدا یاریکردن بە جلی وەرزشییەوە بۆ کچێکی وەک من لەبەردەم هەزارەها خەڵک ئاسان نییە ئەگەر پاڵنەرێکی باشت لە پشت نەبێت. جیا لەوەش من لەناو خەڵکی زۆر بەناو ڕۆشنبیریش تانە و توانجم لێ دەدرا کە پێیان وابوو وەرزش و باڵاپۆشییان نەگوتووە! بەڵام بە پشتیوانیی خوا و خێزانم توانیم هەموو بەربەستێک بشکێنم و بگەم بەوەی لە منداڵیەوە خەونمبووه. ئێستاش توانیومە لەگەڵ گەورەترین یانەی کوردستان گرێبەست بکەم کە ئەویش یانەی هەولێرە." ...

December 13, 2020

"ئێمە ئاوارەبووین و هاتینە سلێمانی، ماڵ و حاڵمان هەمووی ڕۆیشت، لێرە پەرەمدا بە ئیش و دوکان هاتە دەستم سوپاس بۆ خوا جێگەی خۆمان کردەوە و دەستمانکردەوە بە ژیان، گەنجێکەمان زۆر جوان نەبوو بەس ئیستە لە کوردستان فرە جوانە، ژیان جوانە تەنیا ئەوەیە حاڵی دەوڵەت هێشتا خۆش نییە بەڵام ژیان فرە خۆشە، فەترەیەک لە شەریکەیەکی هونەری کارم دەکرد تایبەت بە دەنگ و دۆبلاجی فیلم کارتۆنەکان، من کارم لە اخراجی دەنگدا دەکرد، وردە وردە فێری کاری تریش ببووم لەلای ئەوان بەتایبەتی کاری ڕووناکی بەڵام زیاتر حەزم بە کاری دەنگ دەکرد لەبەر ئەوەی اختیساسی خۆم بوو، لەگەڵ ئەوانەشدا شارەزاییم پەیداکرد لە کامێرە و جۆرەکانی کامێرە، هەرچەندە ئیستە زۆر گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە بەڵام بۆ من ماوەیەکی زۆر خۆشبوو زۆرم حەز بەو کارە دەکرد." ...

December 10, 2020

"چەند ساڵێکە وەک کارمەندی گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل کار دەکەم، ویژدانم زۆر ئاسودەیە لە کارەکەم. من لە خاوەنەکانیان زیاتر ئاگاداری ئۆتۆمبێلەکانم. لە کاتی ڕاگرتن و جووڵە و هاتووچۆ، تا بتوانم هەوڵدەدەم تەنانەت بچووکترین شوختیشیان بەرنەکەوێت و زەرەرمەند نەبن. هەرگیز وەک هەندێک لە خەڵکانیتری هاوپیشەم، سەیارەی خەڵکی لەبەر سێبەر لانادەم تا سەیارەی دۆست و ناسیاو لە شوێنیان ڕاگڕم. قەت مافی ئەوەشم بەخۆم نەداوە لەناو توڕومبێڵی خەڵکی گوێ لە گۆرانی و میوزیک بگرم، خۆشم لەوە بەگەورەتر دەزانم سناپ و ستۆری لەگەڵ سەیارەی گرانبەها و سەرنج ڕاکێشدا بکەم. بەیانیان کە دێم بۆ سەر کارەکەم، گیرفان و کەمەری پانتۆڵم سەرتاپای سویچی سەیارەی گرانبەهایە، بەڵام ئێواران هەموو سویجەکان دەگەڕێنەوە دەستی خاوەنەکانیان، منیش بەدەستی بەتاڵ و دەرونێکی ئاسودەوە هێدفۆن دەخەمە گوێچکەم و وردە وردە بە شەقامەکاندا بەرەو ماڵەوە دەگەڕێمەوە." ...

December 7, 2020

"گەشتووم بە تەمەنێک کە هیچـم بە بیر نەماوە پیر بووم و ئەبێت هەموومان ئامادەبین بۆ مردن، هیچ ترسم لە مردن نییە، لەگەڵ خوشکێکما ئەژیم ئیستا ئەونەی ژیانمان ماوە بۆخۆمان بەڕێی ئەکەین، کاتێک شووم کرد دەردە سەری زۆرم چەشت بە دەستی مێردەکەم زۆر کات لێیانم ئەخوارد بەبێ ئەوەی خراپەم بۆی هەبێت ئێمەی ئافرەت لەو سەردەمەیا بەو شێوەیە ژیانمان ئەکرد و بۆشمان نەبوو هیچ قسەیەک بکەین و ئەبو قبوڵیشی بکەین. هەتا لە ماڵی باوکم بووم ژیانم گەلێک خۆشتر بوو زۆریش مورتاح بووم، بەس کە شووم کرد ئەو ژیانەم نەما، تا گەیشتە ئەوەی تەڵاقیش درام، هەر ئەبوو بێدەنگ بین قسە نەکەین." ...

December 5, 2020

"لە ژیانی هەمووماندا زۆر شت هەیە کە بێ ئاگاین لێی، تموحی مرۆڤەکان بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ شتی باشتر بەڵام هەموومان ڕاستەوخۆ خاوەنی کۆمەڵی شتین کە گرنگی پێ نادەین یاخود بەلامانەوە گرنگ نییە. کاتێک لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا بووم بەردەوام موتابەعەی ماتۆڕسواریم ئەکرد زۆرم حەز لە سایەقی ماتۆڕ بوو زانیاریم لەسەر جۆرەکانی ماتۆڕ هەبوو، ئەموت ئەبێت ڕۆژێک باشترین جۆری ماتۆڕ بۆخۆم هەڵبژێرم، ڕۆژێک لە شوێنێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا دانیشبووم، گەنجێک هات ماتۆڕێکی زۆر تایبەتی پێبوو سەرنجی ڕاکێشام. سوتفە لە تەنیشت ئێمەوە دانیشت لای کۆمەڵی هاوڕێی خۆی، ئاگام لێی بوو باسی نەخۆشییەکەی خۆی بۆ ئەکردن بۆم دەرکەوت نەخۆشی درێژ خایەنی هەیە. لەو کاتەیە بۆم دەر کەوت کە من خاوەنی گرنگترین شتم ئەویش لەش ساغییە." ...

December 1, 2020

"خەڵکی گوندی ڕایەتی باڵەکایەتیم بۆیە زۆر جار بە زرار ڕایەتی بانگم دەکەن. لەساڵی 1973 ەوە بەستە و حەیران دەچڕم. لەبەر ئەوەی خۆم زۆرچێژی لێ وەردەگرم لەزۆربەی بۆنە و ئاهەنگ و دانیشتنە خێزانییەکان بێ بەرامبەر خەڵکی پێ دڵشاد دەکەم. هەر لەبەر ئەوەشە زۆرینەی خەڵکیش بە زرار حەیران دەمناسن. لەساڵی 1986 لە ئاهەنگێکدا گۆرانیم دەگوت.کچێکم بینی و خۆشمویست، ئێستا هاوژینمە و هاوسەرین. کاریگەری خۆشەویستییەکەی بەشێوەیەک لەسەرم دروست بوو هەتا ئێستاش لەهەر ئاهەنگێک بم، ئەو ساتە وەختەم بیر دێتەوە کە عاشقی خێزانەکەم بووم. عەشق لای من زۆر پیرۆزە لەبەر ئەوەی من بە پاکی ڕووبەڕووی عەشق بوومەوە بۆیە من زۆر باش هەست بە پیرۆزیی و گەورەیی عەشق دەکەم. سەیرم بەوە دێ کەسێ بتوانێ چەند جارێ عاشق بێ. هەموو کات دەڵێم عەشق تەنیا یەکجارە.کە زیاتر بوو، ئەو پیرۆزیەی نامێنێ." ...

November 28, 2020

"کاتێک بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین ژنانی گوند سەرباری ئەو هەموو ماندوبوونە دەبێت لە غەمی ئامادەکردنی خواردنی وەرزی داهاتووشدا بێت، یەکێک لە خواردنە کەلتووریان خواردنی ترخێنەیە کە بۆ ڕۆژی سارد و سەختەکانی زستان بەگەرمی پشکەشی دەکەین یان بۆ ئەو میوانە تایبەتیانەی کە دێن بۆ ماڵمان لەم خواردنەیان بۆ ساز دەکەین، هەرچەند مناڵەکانمان نایخۆن بەڵام بۆ ئێمه چێژێکی زۆری هەیە. زۆر جار میوان پێش ئەوەی بێت بۆ ماڵمان تەلەفۆن دەکات و دەڵێ دێین بۆ ماڵتان بەو مەرجەی ترخێنەمان بۆ لێنێن .زۆرێک له ژنانی گوند دورستیدەکەن بۆ فرۆشتن کە هەردانەیەکی بە هەزار دینارە." ...

November 27, 2020

"وەکو تاکە کچێک لە ناحیەی سەرکەپکان بڕیارمدا بچمە پەیمانگای وەرزش، ئەمه بۆ زۆرێک لەخەڵک قبوڵکراو نەبوو چونکە مەنتیقەکەمان عەشایەرە کە بەجۆرێک خەڵکێکی زۆر پێیان دەگوتم کچ و وەرزشیان نەگوتووە بەڵام بەهۆی پشتگیری خێزانەکەم توانیم لە 2006 دەستم بە وەرزش کردووە، دوای تەواوکردنی پەیمانگا بڕیارمدا درێژه بە وەرزش بدەم و پەرە بە وەرزشەکەم بدەم تا لە دواجار بوومە جێی بایەخی زۆرێک لە نادییەکان، بۆ زۆرێک له نادەییەکانی کوردستان و عێراق یاریم کردووە. دواجار وەک یاریزانی هەڵبژاردە لاوانی عێراق پاڵێورام بۆ بەشداریکردن لە بتوڵەی ئاسیا لە ڤێتنام بەڵام بەهۆی چەند گرفتێک من نەمتوانی سەفەریان لەگەڵ بکەم، ژیانی وەزشیم پڕبووە لە خۆشی و ناخۆشی بەڵام گەورەترین ناخۆشیم لە ژیانی وەرزشیدا گیانلەدەستدانی ڕاهێنەرەکەم بوو، لە ناخەوە هەژاندمی چونکە هەموو ئەزموونی وەرزشی و سەرکەوتنەکانم بەهۆی ڕاهێنەرەکەمەوە بووە، بەردەوام پاڵپشت و پشتگیرم بووە." ...

November 23, 2020

"ئامادەکردنی خواردن لای من چێژێکی تایبەتی هەیە وەک هونەرێک سەیری ئەکەم نەک تەنیا وەک کارێکی ڕۆژانە، ئەشتوانم بڵیم کە توانیم سەرکەتوو بم تیایدا وە لە زۆر شوێنی گرنگ بانگ ئەکرام تا خواردنەکانیان بۆ ئامادە بکەم، کاتێک دەستمکرد بە کاری خواردن خوێندکار بووم، ئەبوو ئاگام لە خوێندنەکەش بێت. کەمێک قورس بوو بۆ من لەبەر ئەوەی من نەمدەویست تەنیا پارەی پێ پەیا بکەم بەڵکو ئەم کارەم بۆ من وەک خوێندنەکە بوو، پێویست بوو بەردەوام شتی تازەی لێوە فێر ببم، بیرمە ڕۆژێکیان تەمرینم لەسەر هەویری پیتزا ئەکرد هەڵم ئەیا بە ئاسمانا سوتفە کچێک پێی وتم واو زۆر جوانە، یەکەم جارم بوو کەسێک وام پێبڵێت ئاگام لە هەویر نەما سەیری کچەکەم کرد هەویرەکە کەوتەوە خوارەوە بەر دەموچاوم کەوت بەجۆرێک تەریق بومەوە ڕێک لە شوێنی خۆما دانیشتم هەر نەموێرا سەر هەڵبڕمەوە." ...

November 18, 2020

"تەمەنم 70 ساڵە خاوەنی نۆ منداڵم لەوەتەی (عەبابەیلێ)م جێ هێشتوەو ڕووم لە هەڵەبجە کردووە هەرگیز خۆشیم نەدیوە. ژیانی شار بەس مەینەتییە مەسرەفی زۆر گرانە. منیش تەنیام و لەگەڵ هاوژینەکەم بەو هەموو کارە زۆرە ڕاناگەم. ئێستاش کەسێک هەبێ مانگایەکم بۆ بکڕێ ئامادەم بچمەوە دەشت. لەوێ هەر دەتوانی بەو خۆراکە سروشتییانە خۆت بژێینی. لەوێ بەرەکەت هەیە خۆ وەک ئێرە نیە!، لەناو شار لەبەر زۆری گوناح و تاوان خوا غەزەبی لەهەموومان گرتووە. خەڵکی دەشت کوادەزانن تاوان چیە؟ پێشتر دەچووی بۆ ئەو شاخانە تا ئێوارە دونیایەک قنگرت کۆ دەکردەوە. کەچی ئێستا تەنانەت ئاوی ناو باخەکانیش وشکیان کردووە. بیرمە ئێمە زراعەتمان دەکرد نە ئاو کەمی دەکرد، نە کرم لەکشتوکاڵی ئەدا نە کەس زەرەری دەکرد. مخابن ئێستا هەموو شتێک پێچەوانە بۆتەوە." ...