Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 23, 2021

"تەمەنم 67 ساڵە، خۆم کوردی ڕۆژئاوام و لەدایکبووی کۆبانێم، بەڵام ئەوە هەشت ساڵە لە هەولێر دەژیم. حەزم لە گوڵە بەتایبەت ڕەنگەکانی، لەناو ڕەنگەکانیش سور و سپی. بەیانییان کە لە ماڵ دێمەدەر لەسەر شەقامەکانی هەولێر پیاسە دەکەم، هەندێکجاریش ڕوو دەکەمە بازاڕ. لە شوێنێکی بازاڕ دادەنیشم و گوڵی دەستم بۆن دەکەم و سەیری خەڵک دەکەم، لە ڕێبواران ورد دەبمەوە و گوێ لە شێوەزاری ئاخافتنیان دەگرم، دەمەوێت بزانم بەشێوەی قسەکردنیان خەڵکی کوێن. کە دەزانم کوردی ڕۆژئاوایە هەوڵدەدەم لێی بپرسم داخۆ خەڵکی کام شار و گوندی ئەم ناوچەی کوردستانە، هەر کە گوێم لە ناوی کۆبانێ دەبێت هەندێکجار دەگریم و هەندێکجاریش وا هەست دەکەم لەسەر ئاوی کەوسەر وەستاوم و خەریکم تینوێتی بێ وڵاتیم دەشکێنم". ...

January 21, 2021

"دوای ته‌واوكردنی ئاماده‌یی، له‌ به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی موسڵ وه‌رگیرام، لەوێ زیاتر سه‌ردانی مۆزەخانه‌مان ده‌كرد بۆ ئه‌و بابه‌تانەی تایبه‌تبوون به‌ كلتور و فۆلكلۆر. دوای چوار ساڵ خوێندن له‌ زانكۆ له‌ ساڵی (1991) بیرم له‌ كۆكردنه‌وه‌ی كه‌رەسته‌ فۆلكلۆرییه‌كان دەکردەوە له‌ سنووره‌كه‌. بەهۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاوە ئەو كه‌لوپه‌لانه‌ی كه‌ باب و باپیرانمان كاریان پێده‌كرد وردە وردە له‌ كار ده‌كه‌وتن، ده‌فه‌وتان و له‌ناوده‌چوون. بۆیه‌ بیرمكرده‌وه‌ شوێنێك دابمه‌زرێنم ئه‌و پارچه‌ فۆلكلۆریانە کۆبكه‌مه‌وە و لە لەناوچوون بیانپارێزم. سه‌ره‌تا داوام له‌ خه‌ڵک ده‌كرد به‌شێكیان به‌ خۆیان كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆ ده‌هێنام و به‌شێكیشیان خۆم به‌ دوایاندا ده‌چووم تا گه‌یشته‌ ئەوەی نزیكه‌ی 25% كه‌رەسته‌ی فلكلۆری سنووره‌كه‌م كۆكرده‌وە. له‌و سه‌رده‌مەیشدا خه‌ڵكانێك توانج و ته‌شه‌نه‌یان لێده‌دام، ئه‌وه‌ش نه‌بووه‌ ڕێگر و ساردی نەکردمەوە. تا ئێستاش به‌رده‌وامم و زیاتر له‌ (1000) پارچه‌م كۆكردووەته‌وە. زۆربه‌یان كه‌رەسته‌ی كشتوكاڵین به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌مان ناوچەیەکی كشتوكاڵیی بووه‌". ...

January 16, 2021

"ئەگەر لە سەرەتاوە نابینا بیت لەگەڵ وەزعەکەی باشتر ڕادێیت، بەڵام من بەوە قەناعەتم هەیە کە خودا هیچ شتێکت بەسەر ناینی ئەگەر لە چارەت نەنووسرابێت. ئەم دونیایەش ساغبیت یان نا هەر جێیدێڵیت، گرنگ ئیمانی خۆت لەدەست نەدەیت و بەبێ ئیمانی نەمریت. سوپاس بۆ خوا لەوەندەی کە ژیاوم و بیناییم هەبوو، هەتا گەنج بووم کەسم ئەزیەت نەداوە هەتا ئەو ڕۆژەی ژن و ماڵیشم پێکهێنا خراپەم نەبووە و هەمیشە گونجاوم. دوای ئەوەشی کە بیناییم لەدەستدا خۆم لەوە ڕاهێنا شتەکان ون نەکەم و بیانناسمەوە. لە دائیرە دەوامم دەکرد و خەڵکم زۆر دەناسی، خەڵک هەیە ئێستا بەس گوێم لە دەنگی بێت دەیناسمەوە. لە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ کەسێک عەسکەر بووم چل ساڵ یەکترمان نەبینیەوە، هەر کە بەیەکتر ئاشنابووینەوە بەدەنگی ناسیمەوە، کەسێکیتریش سی ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ یەک قوتابی بووین، لەم ماوەیە کە منی بینیەوە بە دەنگی ناسیمەوە و زانیم ئەوە ئەو کەسەیە کە پێشتر هاوپۆلم بوو". "بەیانییان کە دەڕۆم بۆ مزگەوت و دەگەڕێمەوە خۆم دەشۆم، بۆ جلوبەرگ کەس لەخەو هەڵناستێنم، دەتوانم ڕیشم بتراشم و جلوبەرگی خۆم ببینمەوە و لەگەڵ خۆم بیانبەم بۆ گەرماو، تەنانەت جلوبەرگیشم دەناسم و دەزانم کامەی کامەیە. ڕاستە دەمێکە بیناییم لەدەست داوە، بەڵام تا ئێستاش رەنگەکان دەناسمەوە، دەزانم لە پاییزان گەڵا زەرد دەبێت و لە بەهارانیش سەوز، دەزانم چی شتێک رەنگی سورە و کامەش سپی و ڕەش، هەندێکجاریش بە دەستلێدان دەزانم ئەوە فیلان شتەو ئەمەش فیسال. خەون بینینیشم وەک کۆنە، بۆ نموونە پێشتر ئەفەندییەکم بە قات بینیەوە ئەگەر ئێستاش خەونی پێوە ببینم بە هەمان شێوەی کۆن دێتەوە خەونم، ژنێک جلی کوردی لەبەربووە هەر بە جلی کوردی و شکلی کۆنی خۆی دێتەوە خەونم، لە خەونەکانم چاوساغم و بە شێوەی کۆن شتەکان دەبینمەوە. دوای ئەوەی بینایم لەدەستدا دوو سێ بووکمان هێناوە، دەپرسم شێوەیان لەکێ دەچێت؟ کە دەڵێن بە فیلان کەس دەچێت، وەک ئەو شێوەی دێتە بەرچاوم. بەهرەیەکی خواییم هەیەو فیکرم باشە، دەڕۆم بۆ دەرەوە و لەسەر شەقام پیاسە دەکەم و پێویستیشمم بەکەس نییە". ...

January 13, 2021

"لە ژیانی وەرزشی خۆم زۆر بەربەستم بڕی، جگە لەوەی لە شارێکی وەکو ئاکرێ ئافرەت کەمتر ئازادی هەیە وەک لە پیاو. تەنانەت لەناو خێزانەکەی خۆشم هەندێ لە براکانم ڕێگرم بوون، بەڵام بە پاڵپشتی باوکم توانیم قۆناغی باش ببڕم، تا وای لێهات توانیم سنووری شارەکەی خۆشم ببڕم و یاری بۆ یانەکانی هەولێر بکەم. هاتنم بۆ هەولێر سوودی زۆری هەبوو بۆم، توانیم باش فێری زمانی سۆرانی ببم و هەروەها هاوسەرگیریم لەگەڵ کوڕێکی کۆیی کرد. سەرەتا زۆر دوودڵبووم لەوەی کە ئایا هاوسەرەکەم دەهێڵێت بەردەوامبم لە ژیانی وەرزشیم یان نا. بەڵام تەواو لەوە دڵنیابوومەوە کە بینیم خەزوورم وەک دیاری تاخم تراکسودێک و کالەیەکی بەدیاری بۆ هێنام. پێشەکی تێنەگەیشتم لە مەبەستی ئەو دیارییە، بەڵام هاوسەرەکەم گوتی ئەوە باوکم مەبەستی ئەوەیە من هاندەری سەرسەختی تۆم و بەردەوامبە". ...

January 9, 2021

"دوکانێکم هەیە و پیشەکەم گۆپاڵفرۆشییە، لێرە من تاکەکەسم ئەو کارە دەکەم. سەرباری ئەوەی تەمەنم زۆرە بەڵام تاوەکو ئێستا من هەڵگری گۆچان نیم و خۆم بەکاری ناینم. زۆرجار کە دەبینم کەسێک دێت یەکەمجاریەتی گۆچان دەکڕێت و ناچارە بۆ لەمەودوا ببێتە هەڵگری، دەزانم چەند ناخۆشە بۆی و لێی تێدەگەم، خۆم زۆرجار ئەوەم تاقی کردۆتەوە گۆپاڵم هەڵگرتووە بۆ ئەوەی هەست بکەم ئەوانەی بە گۆچان ڕێ دەکەن چ هەستێکیان هەیە، دەزانم زۆر ناخۆشە دارێکی وشکی بێ گیان بۆ هەتا هەتایە ببێتە هاوڕێی تەمەنت، ئەم تاقیکردنەوەم هەر نابێتە ئەوەی کە بەڕاستی وابم، هەمیشە سوپاسی خوام کردووە لەسەر ئەم تەندروستییەی هەمە و نەگەیشتوومەتە ئەو حاڵەتەی ناچاربم گۆچان هەڵگرم. ڕاستە ئەوە پیشە و کەسابەتی منە و بژێوی ژیانم لەسەر گۆپاڵفرۆشتنە، بەڵام هەندێکجار ئەو دوعایەش دەکەم کە هیچ کەسێک بەهۆی نەخۆشی و دەردی پیری ناچار نەبێت گۆچان هەڵگرێت، ئامۆژگاری خەڵکیش دەکەم تا دەتوانن هەوڵدەن پشت بەوە ببەستن بە قاچەکانی خۆتان بڕۆن و ڕێبکەن نەوەک زوو بیر لە هەڵگرتنی گۆچان بکەنەوە". ...

January 7, 2021

"ساڵی 2003 تەعین بووم لە بەشی پۆلیسی دارستان لە قەرەداغ. بەهۆی ئەوەی خۆم زۆر عاشقی سروشت بووم، ئیتر کارەکەم زۆر خۆشدەویست. ناوچەکەی ئێمە پڕە لە کەو و پۆڕ، هەرکەسێ ڕاوی بکردنایە من ئەمگرت و نەمدەهێشت ئەو سروشتە جوانە بشێوێنێ. بەداخەوە چەندینجار تووشی کێشە بووم لەگەڵ کەسی پلەدار و بەرپرس بەهۆی ئەوەی ئەوانەی دەستگیرم دەکردن خزم وکەسوکاری ئەو بوون. ئیتر بەناچاری وازم لە پۆلیسی هێنا و دەستمکرد بەئاژەڵداری. بەڵام ئێستاش ئەوەنە سروشتەکەم لا پیرۆزە هەرکەسێ ڕاو بکات دەسەڵاتم لەسەری هەبێ نایەڵم. ئەگەر دەسەڵاتیشم نەبێ تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەم و شکاتی لێدەکەم. نەمهێشتووە هاوڕێی و میوانی خۆم لەو ناوچەیە ڕاو بکەن. بەداخەوە لادێکان چۆڵ بوونە، ئێستا زۆرینەیان لەشار دەژین پێیان وایە تەنیا لە شار و بە مەعاش ژیان دەگوزەرێ. باوەڕبکەن 10 سەر وڵاخ بکڕی لەلادێ بژێویت دابین دەکەی. جگەلەوەش ئەو ئاژەڵداری و جوتیارییەش بەرهەمەکانیان هەموو دەبنە ژێرخانێکی ئابووری بۆ وڵاتەکەمان". ...

January 3, 2021

"تەمەنم 11 ساڵە. لەبەرئەوەی باوکم نەخۆشە و لەسەرجێگایە، ناچار من و تاقە برایەکەم بەخێوکردنی خێزانەکەمان خستۆتە ئەستۆی خۆمان. شوانیی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مرۆڤ کە ناچاربوو بۆ بژێوی ژیانی، ئیتر مەجبوورە هەموو کارێک بکات. هیلاک دەبم ڕۆژانە لەو دەشتە بەڵام خۆشحاڵم بەوەی موحتاج بەهیچ کەس نین و گوزەرانمان دەسوڕێ. ئێواران کە دەگەڕێمەوە ماڵەوە ببینم تەندروستی باوکم و دایکم باشە ئیتر هەموو ئازار و ماندووبوون لەگیانم دەردەچێ. لە هەمووشی گرنگتر بۆ من ئەوەیە خۆم برایەکەم و خوشکەکانیشم لە خوێندن دانەبڕاوین و بەردەوامین. ئومێدم هەیە کە بتوانین پاشەڕۆژێکی باش بۆخۆمان دابین بکەین و لە ناڕەحەتی و ناخۆشی ژیانی لادێ قورتارمان بێ". ...

January 1, 2021

"سەیرم بەوەدێ زۆر جار لە تەلەفیزیۆن خەڵک هیوا بەسەدام دەخوازن. ئاخر ئەوەی لە زەمانی بەعس نەژیابێت نازانێت چەندە دڕەندەبوون. 41 ساڵ تەمەنم لە زەمەنی سەدام ڕۆژێک خۆشیم نەبینی. هەر کوشتن، لێدان، گواستنەوە و ئەنفالم بینی. تەنانەت کۆتا هاتنی ڕژێمیش هەر نەگبەتی بوو بۆ من. لە کۆڕەوەکە قاچم شکا، کوڕەکانم لە چەمچەماڵەوە تاوەکو بیارە بە عەرەبانەی سەوزە منیان ڕاکێشا. ئێستاش لەتاو ئازاری قاچم ناتوانم بڕۆم و لەماڵەوە کەوتووم. بەڵام شوکور هەموو ئەوانە تێپەڕین و ئێستا لەناو میلەت و حکومەتی خۆمان دەژین و بە ئازادی بە کوردی قسە دەکەین. ئەوە لای من هەموو دونیا دێنێ. لەگەڵ ئەوەی تەمەنم تێپەڕی و پیربووم بەڵام ژیانی ئێستام بە خۆشتر دەزانم لە ڕابردووم. تەنیا شت کە ئازارم دەدات لە ئێستادا ئەوەیە کە ڕۆژانە دەبینم ئەو هەموو ژنە دەکوژرێ. ئاخر نازانم ژنی داماو تاوانی چییە". ...

December 28, 2020

"بوون بە شوفێری ئەمبوڵانس خەونی منداڵیم بوو. پێموابوو ئیشێکی زۆر پیرۆزە ببیتە هۆکاری ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤێک. شوکور شەش ساڵە بەو ئاواتەم گەیشتووم، ئێستا لە بنکەی تەندروستیی ناحیەی وەرتێ دەوام دەکەم. زۆر جار لە زۆر چاوپێکەوتن سوپاسی خەڵکی باڵەکایەتیم کردییە، لەکاتی شۆفێریم زۆر هاوکارم بووینە بۆ ئەوەی ڕێگام بۆ بکەنەوە، هەرچەند شوفێری واش هەیە لەگەڵ دەنگی توڕومبێڵی ئەمبوڵانس مشەوەش دەبن و بە تاخیری ڕێگام بۆ چۆڵ دەکەن، بەڵام ئەوەی ئازارم دەدات، ئەوەیە خەڵکانێکی ناهۆشیار هەست بەو بەرپرسیارەتییە ناکەن، ڕێگام ناکەنەوە و جگە لەوەش پێشبڕکێم لەگەڵ دەکەن، بینە پێش چاوت توڕومبێڵی دواوەت شوفێرەکەی خێرا لێدەخوڕێت بۆ ئەوەی گیانی کەسێک لە مردن ڕزگار بکات. بۆیە پێمخۆشە ئەو دیاردەیە بنبڕبکرێت، بۆ ئەوەی شوفێری ئەمبوڵانسەکە بتوانێت دەقەیەک زووتر نەخۆشەکە بگەیەنێتە شوێنی مەبەست و ڕزگاری بکات. بڕوابکەن نەوەک دەقەیەک، بەڵکو چرکەیەکیش بۆمنی شوفێری ئەمبوڵانس گرنگە، هەندێکجار ئەم چرکەیەش کەم نییە بۆ ئەوەی بتوانین گیانی کەسێک ڕزگار بکەین". ...

December 26, 2020

"بە کرێکاری و هەژاری خوێندنم تەواو کرد. نەهامەتی زۆرم چەشت بەڵام لەسەر هەموو ئەوانە ئارامم گرت، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانم پاشەڕۆژێکی باشم هەبێت. قەت بیرمناچێت یەکەم مەعاش کە وەرمگرت چێژەکەی بە شێوەیەکبوو کە وەسف ناکرێت، چونکە پێم لەسەر پەتی باریکی ژیان بوو. ئێستاش کە کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیووە شتەکان گۆڕاون و ژیان قورستربووە زۆرجار بیرم لەوە دەکردەوە کە پێویستە ژیانم باشتربێت و بەو بڕە پارەیەی وەریدەگرم دەمتوانی ژیانێکی ئاساییم هەبێت، بەڵام نەمدەتوانی پاشەکەوتێکم هەبێت تا داهاتووی لەسەر بنیات بنێم. تاوەکو ڕۆژێکیان لە دەوام بووم، لەناکاو گەنجێکیان هێنا بەهۆی دەمەقاڵێ لەگەڵ باوکی، بە فیشەک لەسەری خۆی دابوو. کە بینیم کوڕەکە سویچی سەیارە گرانبەهاکەی هەر بە کەمەریەوەبوو. جلی شاز و بۆنە مارکەکەی زوو هەستت پێدەکرد، لە ڕووخسار و هەڵسوکەوتی ئەوانەی هێنابوویان دیاربوو لە خێزانێکی زەنگین بوون. کە ئەو دیمەنەم بینی، بەهۆش خۆم هاتمەوە و ئەو قەناعەتەم بۆ دروستبوو کە خۆشبەختی بەسامان نییە". ...

December 22, 2020

"جەمەدانێ و کڵاوی کوردەواری بەشێکی گرنگی کارەکەی منە و هەروەها کلتورێکی کۆنی وڵاتی مەیە، بابم ساڵانی نەوەدەکان دەستی بەم کارەکردبوو و پاشان براکەم لەسەری بەردەوام بوو، ئێستاکە منیش هەمان کار دەکەم، چەندین جۆری جیاواز لە جەمەدانیمان هەیە زۆرێکیان تایبەتن بە گەنجان کە لەگەڵ شێوازی ئێستەی جلوبەرگی گەنجاندا دەنگونجێت، شێوازە کۆنەکانیش داواکاری هەر لەسەرە بۆ کەسە بەتەمەنەکان، جۆرێکی ترمان هەیە کە زۆرکات بیانییەکان کە دەیبینن ئەو جۆرەی هەڵدەبژێرن، ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکییەکان هاتن زۆرێکیان لای ئێمە جەمەدانێی کوردییان هەڵدەبژارد و لەگەڵ خۆیاندا دەیانبردن، زۆرکات لە سۆشیاڵمیدیا بابەتەکانی خۆمان دەبینینەوە کە لە وڵاتانی دیکە نماییشی دەکەن دەڵین لە کوردستان ئەم بابەتەنەمان بینیوە،ئەوە شتێکی زۆر خۆشە بۆ ئێمە". ...

December 21, 2020

"کاتێک گەنج بووم لەگەڵ کوڕێکی براکەما ئیشی قونتەرانتمان ئەکرد ڕۆژانە بە ٧ دینار، هەندێکجارێش بارمان ئەبرد بۆ ئەو ناوچانەی دەوروپشتی خۆمان من ترێم ئەگواستەوە لە شەدەڵەوە تا پشتی کەرکوک. هەموو گەنجی من تەنیا ئیشکردن بوو بەڵام وامەزانی هەموو دنیا هی منە، کاتێکیش ژنم هێنا بە هۆی ژن بەژنێوە بوو ئەو سەردەمە، بەینی هۆمەرقەوم و شەدەڵە نیو سەعاتە، بوومە خاوەنی ماڵو حاڵی خۆم، بەڵام لە دوای مردنی خێزانەکەم ژیانم نەما و تاقەتی هیچم نەماوە هەتا ئەو مابوو لە ژیانما خاوەنی هەموو شتێک بووم بەڵام لە دوای ئەو هەموو شتێک کۆتاییهات". ...