Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 6, 2021

"رۆژێك دوكانه‌كه‌م نه‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ زۆر دڵته‌نگ ده‌بم. نه‌چوومەتە قوتابخانه‌ و 13 ساڵە‌ پیشه‌م بووەته‌ ماسی فرۆشتن. بیرمدێت سه‌ره‌تا شاگردی پیاوێكی ئێزیدی بووم،‌ له‌ سنووری دهۆك ماسییان به‌ پیكاب ده‌هێنا و من لێره‌ ساغم ده‌كرده‌وه‌، تا وای لێهات خۆم هه‌وڵمدا دوكانێكی تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی ماسی بكه‌مه‌وه‌. ماڵی ئێمە‌ نۆ سه‌رخێزان بووین، ژیانمان له‌سه‌ر ماسی بوو. دوای هه‌وڵه‌كانی من كاره‌مان بەشێوەیەک فرا‌وان كرد تەنانەت باوك و برا و زاواکەشمان كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كردم. له‌ ئێستادا باوكم و براكه‌م به‌ ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت ماسی به‌ شێوه‌ی گه‌ڕۆك له‌ گوند و لادێكانی به‌رده‌ڕه‌ش ده‌فرۆشن. سوپاس بۆ خوا متمانه‌مان دروستكردووه‌ له‌ نێو خه‌ڵك. به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی نیوه‌ی ته‌مه‌نم له‌ ماسی فرۆشتن ڕایی كردووه‌ هه‌ر سه‌یری ماسی بكه‌م ده‌زانم هی ناوخۆیە یان ده‌ره‌وه‌، جۆره‌كانی زۆر به‌ باشی ده‌ناسم و زۆرجار له‌ شاره‌كانی تریش ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كه‌ن و داوای ماسی ده‌كه‌ن. له‌ ئێستاشدا باشترین و پڕفرۆشترین ماسی له‌ سنووره‌كه‌ی ئێمه‌ سۆره‌ ماسییه‌ كه‌ له‌ فیشخاپووری‌ سنووری پارێزگای دهۆكەوە بۆمان دێت. ئێستا پیشەکەم لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بووە و ناتوانم وازبهێنم". ...

March 4, 2021

"زۆر منداڵبووم کاتێک دەستم بەو کارە کرد، لە کاشی سڕینەوەی مەتبەخەوە دەستمپێکرد. قەت بیرم ناچێت کاتێک قۆناغێک لەکارەکەم چوومە پێش و بووم بە قاپشۆر. ئەوەندە بچووک بووم دەستم نەدەگەیشتە سەر مەغسەل ناچار تەختەیەکم لەژێر پێم دادەنا. نەوەستام و بەرگەی هەموو ناخۆشییەکانم گرت تا لەکۆتاییدا بوومە شێف .ئێستا کە هەشت ساڵە شێفم و ئەوەی دەیزانم بەرهەمی هەموو ئەو ڕۆژانەیە کە پڕبوون لە نەهامەتی. شوکری خوا دەکەم کە ئێستا مانگانەیەکی باش وەردەگرم. ڕۆژانە خواردنی 80 کەس ئامادە دەکەم. تەنها بۆ جارێکیش کەس گلەیی لە خواردنم نەبووە، ئەوەش بۆ من زۆر مایەی خۆشحاڵییە. ئەوەندەی دەرفەتم هەبێت لەماڵەوە یارمەتی دایکم دەدەم لە خواردن دروستکردن. ئومێد دەکەم ڕۆژێک زەواج بکەم و ئاواش یارمەتی هاوسەرم بدەم". ...

February 28, 2021

"ساڵانی شەستەکان ماوه‌ی پێنج ساڵ شاگردبووم له‌ دوكانێكی به‌رگدووری، دواتر بووم به‌ خاوه‌نی دوكانی خۆم. ئەوكاته‌ جلی پیاوان و ئافرەتانیشم دەدووری لەبەر ئەوەی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌وه‌ندە كار زۆر نه‌بوو ته‌نیا كار بۆ ره‌گه‌زێك بكه‌یت. دواتر له‌ ساڵی 1974 چووینه‌ ئێران، خۆشه‌ویستیم بۆ پیشه‌كه‌م وای لێكردم مەكینه‌ی دروومانه‌كه‌م له‌گه‌ل خۆم برد. لەوێ له‌ كارگەیەک كارمكرد ته‌نیا ئێمه‌ی كورد كارمان لێده‌كرد و جلی پێشمه‌رگه‌مان ده‌دووری. بیرمدێت سه‌ردەمانێك كاره‌با نه‌بوو. بە پێ کارمان بە مەکینە دەکرد و لۆكسمان به‌كارده‌هێنا بۆ رووناكی. له‌ شه‌سته‌كان خه‌ڵك هه‌مووی جلی كوردی له‌به‌رده‌كرد، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا بوون جلی كوردیان نه‌ده‌پۆشی. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئیستا پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌ و كه‌سانێك ته‌نیا بۆ بۆنه‌كان جلی كوردی له‌به‌ر ده‌كه‌ن. نزیكه‌ی شه‌ست ساڵە پیشه‌ی به‌رگدووری ده‌كه‌م و كوڕەکانیشم فێركردووه‌، ئه‌و سه‌رده‌مە نه‌مدەویست كوڕه‌كانم كه‌سانی خراپیان لێ ده‌ربچێت بۆیە له‌گه‌ڵ خۆم ده‌مبردن بۆ دوكان و فێری به‌رگدووریم دەكردن و له‌ خوێندنەكه‌شیان بەردەوامبوون. ئێستاش بە حوکمی ئەوەی تەمەنم زۆرە و چاوەکانم کزبوون،‌ زۆر جاران دوای ده‌وامه‌کەیان دێن هاوكاریم ده‌كه‌ن‌". ...

February 25, 2021

"کڵاش لە بنەڕەتدا پیشەیەکی دەستییە. ئەگەر تۆش بەهرەی ئەوەت تێدابێت داهێنانی تیابکەیت یان لەسەر خواستی موشتەرییەکان کارەکە بکەیت زۆر گرنگە. من هەوڵمداوە گۆڕانکاری تیابکەم و کڵاشم دروستکردەوە بە ڕەنگی جیاواز. خۆی کڵاش رەنگی سپییە بەڵام من رەنگی رەشیشم دروستکردووە. کڵاش کە تەڕ دەبێت رەنگدەداتەوە، بەڵام من وامکردووە کە هیچ رەنگدانەوەیەکی نەبێت و وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەوەش تازەگەرییەکە و تا ئێستا کەس نەیکردووە. کڵاشم دروستکردووە بۆ خەڵک قەیتانی هەبووە. هەندێجار خەڵک داوای کڵاشێک دەکەن کە لەگەڵ رەنگی جلە کوردییەکانی بگونجێت و منیش بۆی دروستدەکەم. من بۆ خۆم حەزم لە گۆڕانکارییە و حەزەکەم تازەگەری بکەم لە پیشەکەم بەڵام رەسانەیەتی پیشەکە بپارێزم و تێکی نەدەم. زۆرجار خەڵکی بیانی سەردانمان دەکەن و حەزیان لە کڵاشە، دەیکڕن و لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە بۆ ئەو وڵاتە". ...

February 20, 2021

"ته‌مه‌نم شه‌ست ساڵە و‌ نه‌چووم بۆ قوتابخانه‌، به‌ڵام توانای نووسین و ژماردنی ئه‌و كه‌سانه‌م هه‌یه‌ كه‌ چا به‌ قه‌رد ده‌‌خۆنه‌وه‌ له‌ چایه‌خانه‌كه‌م. ماوه‌ی په‌نجا و سێ ساڵه‌ به‌بێ دابڕان له‌ دوكانه‌كه‌م چا و نانی بەیانی پێشكه‌ش به‌ میوانان دەکەم. رۆژانه‌ كاتژمێر پێنجی به‌یانی دێمه‌ دوكان تا بانگی مه‌غریب خه‌ڵك، گه‌شتیار و كه‌سی بیانی سه‌ردانم ده‌كه‌ن بۆ چا خواردنه‌وه. خاوێنی كاره‌كه‌م و رووخۆشیم له‌گه‌ڵ خه‌ڵك وای له‌ من كردووه‌‌ پیشه‌كه‌م خۆشبوێت و به‌ردەوام بم. هه‌ر گه‌شتیارێك روو له‌ ئاكرێ بكات تا سه‌ردانی چایه‌خانه‌كه‌م نه‌كات و چایەك به‌ ده‌ستم نه‌خواته‌وه‌ ئاسووده‌ نابێت. دایلێكتی زمانی كوردی سه‌رجه‌م ناوچه‌كان فێر بووم به‌بۆنه‌ی كاره‌كه‌مەوە، به‌ ده‌یان رێزلێنام وه‌رگرتووه‌ له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی گه‌شتوگوزار و رێكخراوه‌ كه‌لتووری و هونه‌رییه‌كانەوە. ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ندانیش كاتێك سه‌ردانی ئاكرێیان ده‌كرد بۆ ئاهه‌نگگێڕان چایخانەکەم ببووە ناوه‌ندێكی هونه‌ر و گۆرینه‌وه‌ی بیروڕای هـونه‌ری. به‌شێكی زۆری هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش سه‌ردانیان كردووە، هـــــونه‌رمه‌ندان (ساڵه‌ح ئامێدی و ته‌حسین ته‌ها و ئایاز و ئه‌ده‌وان زاخۆلی) هاتوونه‌ته‌ لام". ...

February 18, 2021

"لەوەتەی بیرم دێت بەردەوام لە ماڵی ئێمە باڵنده ڕاگیراوە و بەخێومان کردووە. هەمیشە حەزێکی زۆرم هەبووە بۆ بەخێوکردنی تەیر و هەوڵمداوە زانیاری لەسەر سەرجەم جۆرەکانی باڵندە کۆبکەمەوە. بۆیە ڕۆژێک بیرمکردەوە بۆ ئەم کارە نەکەم بە بزنس، پرسم بە هاوژینەکەم کرد دەربارەی ئەم بیرۆکەیە سوپاس بۆ خوا ئەو قبوڵیکرد و وتی بە هەموو شێوەیەک هاوکارت دەبم. ساڵی 2011 دوکانێکم دانا تایبەت بە بەخێوکردن و فرۆشتنی باڵنده و تاوەکو ئێستا بەردەوامم. جگە لەوەش لە ماڵەوەش پڕۆژەیەکی بچووکم داناوە تایبەت بە بەرهەمهێنانی هەموو جۆرەکانی باڵندەی کوردی و خێزانم سەرپەرشتی دەکات. ژیانم زۆر سەخت بووە بەهۆی ئەم ئیشەوە چونکه هیچ کاتێک ناتوانم ماڵەوە بەجێبهێڵم یان سەفەر بکەم و شەو بمێنمەوە تەنها کاتی کەرەنتینە دوو ڕۆژ نەیان هێشت دوکان بکەمەوە 67 باڵندەم مرداربوونەوە. بەهۆی ئەم کارەم زۆر یارمەتی مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ ئەدەم، زۆرجار دێن بێبەرامبەر هەر جۆرە تەیر و باڵندەیەکیان بوێت پێیان ئەدەم دەیبەن بۆ لێکۆڵینەوە و دراسات هیچ بڕە پارەیەکیان لێ وەرناگرم. کارەکەم زۆر خۆش دەوێت و هیچ کات دەستبەرداری نابم چونکە بۆ من و زۆرێک لە هاوڕێیانم بۆتە دەستخستنی بژێوی ژیانمان". ...

February 16, 2021

"لە یەکی سەرەتایی بووم کاتێک دایکم گیانی لەدەستدا، ساڵی 1986 ئێمە ماڵمان لە ناحیەی سیروان بوو لە هەڵەبجە، باوکم سایەقی هێڵی بەغداد بوو. ئەوکاتە شەڕی نێوان عێراق و ئێران هەبوو، خەڵکی ناوچەکە بۆ خۆپاراستن لە پریشکی شەڕەکە لە ناو بینای قوتابخانەیەک خۆیان شاردبووەوە. بەڵام بەهۆی تۆپبارانی ئێرانەوە تۆپێک لە قوتابخانەکە دەدات و بیناکە بە تەواوی گڕ دەگرێت. لەو کاتەدا دایکم و برام و خوشکەکەم لەناو قوتابخانەکە دەبن و هەرسێکیان تیاچوون. ئەو رووداوە بە بینا سووتاوەکەی سیروان بەناوبانگە. باوکم دوای 45 شەو ژنی هێنایەوە ئێمەش بەهۆی باوەژنەوە دەربەدەربووین، ئەوەش مەینەتییەکانی ئێمەی زیاترکرد و نەشماندەوێرا بچینە ماڵی هیچ خزمێکمان چونکە گەر باوکم بیزانیایە لێیان توڕە دەبوو. خوشکەکەم لە مناڵییەوە لە ئامۆزایەکم مارەکرا و منیش لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا چوومە ئێران و تا ساڵی 2007 نەگەڕامەوە. گیانلەدەستدانی دایکم بۆشاییەکە لە ژیانما مەگەر بەس لەناو گۆڕدا لەبیرم بچێتەوە، هەموو ئەرزی خوا هی تۆبێت ناگات بە پەنجەیەکی دایکت". ...

February 10, 2021

"لە هەشتاکاندا کاتێک پێشمەرگە لە شاخ و شار خەریکی چالاکی بوون. لە گەرمیان هێزێکی خۆبەخش دروستبوو بەناوی هێزی پشتیوانی. لەکوێ پێویستبووایە، دەچوون بۆ یارمەتی پێشمەرگە. منیش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە سیخۆیەکم کڕی و چوومە ناو ئەو هێزە و تا وای لێ هات بوومە ئامری مەفرەزەیەکی 10نەفەری. دواتر لەپاش ئینتیفازە و دوای دروستبوونی حکومەتی کوردی نەبە مەعاشێک و نە بە سوپاسێک پاداشتیمان نەدرایەوە. شوکور تا هێزم هەبوو هەر بە قوڕکاری و کرێکاری و مەڕداری توانیم بژێوم دابین بکەم. بەڵام بەداخەوە ئێستا هێزم نەماوە و لەماڵەوەم، بەشێوەیەک لە ژیان هیلاکم تاقەتی دەرەوەم نەماوە. حەزم لەقەرەباڵغی و ناو خەڵکیش چووە. لەو دێیەی خۆمان هەرکێ بمرێ ناچمە پرسەکەشی. شار و جادەی قیر و بۆنەکان لای من هیچ بەهایان نەماوە. تەنیا شت من ئومێدی پێبخوازم و هەمووکات لە خەیاڵمبێ چوونمە بۆ ماڵی خوا. هەمیشە ئەو هیوایەم هەیە کە خودا داوەتی ماڵەکەی خۆییم دەکات". ...

February 8, 2021

"ژیانی من ڕەنگە لەگەڵ بەشی زۆری کەسانی سەر ئەم زەمینە بێبەزەییە جیاوازتر بێ. هەر لەمنداڵییەوە تا ئێستا لەهەوڵدام بۆ گەیشتن بە خەونەکانم و هەر ڕۆژە و یەکێک لە خەونەکانم بەبەرچاوی خۆمەوە دەمرێ و لەناو دەچێ. لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵمنەداوە و ئومێدم هەیە بەیانییەک بێت و هیچ نەبێ یەکێک لە خەون و ئاواتەکانم بێنمە دی. دوای ئەوەی پۆلی 12م تەواوکرد، نمرەی کەمم هێنا و ناچار لە ماڵ مامەوە و خوێندنم تەواونەکرد ،کە خەونی گەورەی من بوو ڕۆژێک ببمە خاوەن شەهادەی خۆم و کار بکەم. زیاتر گەورەبووم و لەوە گەیشتم خوێندن و شەهادە لەم وڵاتە بێبایەخە. فۆتۆگرافی حەزی من بوو، دوای خوێندن بەهۆی ئەوەی لەم کۆمەڵگایە خێزانەکان ڕێگری سەرەکی خەونی مناڵەکانیانن بەتایبەت کچەکان، نەمتوانی کاری لەسەربکەم و وەک پیشەی خۆم تێیدا بەردەوامبم ئەمە جگە لەوەی چەندان حەز و ئاواتی ترم هەبوون و نەهاتنەدی. ئێستا خەریکی کاری بەرگدووری و ئیشی دەستیم بۆ خانمان، لەگەڵ خوشکەکەم بەیەکەوە کاردەکەین و هیوادارم ڕۆژێک بێت و ئەو کارەم گەورە بکەم و ببێتە سەرچاوەی بەدەستهێنانی خەونەکانی ترم. ژیان نەوەستاوە، کەواتە ئێوەش مەوەستن و هەوڵ بدەن ڕۆژێک هەر بە خەونەکانمان دەگەین". ...

February 6, 2021

"21 ساڵ بووم کاتێک لەساڵی 1988 ئەنفال دەستیپێکرد. قەت بیرمناچێت پێنچ برا و سێ برازام بەبەر چاومەوە ئەنفالکران. ئێمەشیان هەموو بردە سجنی دوز و پاشان بۆ تکریت. شەش مانگ و دوازدە ڕۆژ دوور لە دایکم و کەسوکارم لەو سجنانە بەس خوا دەزانێ چیم چەشت. ئەوەندە دەترسام و بیری دایکمم دەکرد خەریکبوو شێت دەبووم. لەتاو بێکەسی و دڵتەنگی ناوی دایکمم لەسەر دەستم کوتی لەناو سجن. دواتر کە ئازادکراین و هاتینەوە چەمچەماڵ زۆری پێنەچوو باوکم کۆچی دواییکرد. برینی ئەو ساڕێژ نەبووبوو، شەهیدبوونی برا پێشمەرگەکەشمی هاتەسەر. تاکە کەس مابوو کە پێوەی هۆگربم دایکم بوو، بەداخەوە ئەویش پێنچ ساڵێک بەر لەئێستا مرد. ئێمە ئەنفالمان دیت و باجی کوردایەتیماندا کەچی ئێستا کێ ئێمەی لە بیرە؟ تەنانەت تا ئێستا هەویەی زیندانی سیاسیشم نییە". ...

February 5, 2021

"باوكم به‌ ته‌نیابوو و دوو برای تریشم بچووكبوون و توانای كاركردنیان نه‌بوو، من كوڕی گه‌ورەی باوكم بووم. بۆیه‌ له‌ پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی وازم له‌ خوێندن هێنا و ده‌ستم به‌ حەماڵی کرد. سه‌ره‌تا له‌ ناو بازاری موسڵ به‌ زه‌مبیل كه‌لوپه‌لم ده‌گواسته‌وه‌ رۆژانه‌کەم 10 فلس بوو. ساڵی 1964 لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسم چووم بۆ ‌كارگەی شه‌كری موسڵ. ئەوکاتە یه‌كه‌م كه‌سبووم كه‌ توانیم سێ فه‌رده‌ شه‌كری سه‌د كیلۆیی هه‌ڵبگرم له‌وكارگه‌یەی كارم لێده‌كرد. رۆژێكیان گره‌وم كرد له‌گه‌ڵ پیاوێكی خەڵکی گەیارەی موسڵ. هات بۆلامان و وتی كێ ئه‌و سێ فه‌رده‌ سه‌د كیلۆیه‌یی شه‌كر هه‌ڵگرێی پاداشتی ده‌كه‌م. منیش لە هەموویان بچووکتربووم ده‌ستم هه‌ڵبری وتم من. پیاوە عەرەبەکە گاڵتەی پێدەهات و وتی گره‌وبێت ئه‌گه‌ر توانیت سێ فه‌رده‌ شه‌كره‌كه‌م بۆ بگه‌یەنیتە لای ئوتومبیله‌كه‌م، سه‌رجه‌م كرێكارانی كارگاكه‌ میوانی ده‌كه‌م و ئەگەر نه‌یگه‌یەنی خۆت ده‌‌بێت پاره‌ی خواردنه‌كه‌ بده‌یت. سێ فەردەکەم هەڵگرت و گرەوەکەم بردەوە. له‌و سه‌رده‌مەدا‌ باوكم له‌ شاره‌وانی موسڵ مانگانەکەی شەش دینار بوو. من رۆژانه‌کەم 16 دینار بوو. ته‌مه‌نم نزیکەی 80 ساڵه‌ و تا ئێستا پێنج جار سه‌ردانی ماڵی خوام كردووه‌ و له‌ رووی ته‌ندروستیشه‌وه‌ زۆر باشم". ...

January 27, 2021

"لەتەمەنی 13ساڵیەوە خەریکی کاری بەرگدووریم، دەستپێکی کارەکەم دەگەڕێتەوە بۆ کاتێ ئێمە لە ساڵی 1974 بەهۆی ماڵوێرانی و دەربەدەری لەترسی حکومەتی عێڕاقی ناچار (خێڵەکی)مان بەجێهێشت کە لادێی باب و باپیرانمان بوو. چوین بۆ هەولێر و بووم بە شاگرد لای برا گەورەکەم کە پێشینەیەکی ئەو کارەی هەبوو. ئیتر وردە وردە لەکارەکەم شارەزا بووم و فێربووم. لەدوای کۆچڕەوەکەی 1991 گەڕاینەوە زێدی خۆمان و هەر بەردەوامبووم لەو کارەم. هەر لەمنداڵەکانی خۆمەوە بگرە تا خەڵکی بێگانەش بە دەیان کەسم فێرکردووە و پێمگەیاندووە، کە ئێستا بوونەتە کەسی شارەزاو خاوەنماڵ و کاری خۆیان. باوکم هەموو کات ئامۆژگاری دەکردم کە فێرکردنی خەڵک بۆ کارەکە و دابینکردنی ڕۆزی خێزانەکەیان بەهۆی تۆوە وادەکات خوای گەورە بەرەکەت بخاتە ماڵت. بۆیە هەموو کات دەستکراوە بە بۆ بەخشینی زانستی ئیشەکە. لەماوەی نزیکەی نیو سەدە کارکردنم خەڵکی جۆراوجۆرم دیوە، بەریەککەوتنم لەگەڵ هەموو جۆرە خەڵکێک هەبووە، بۆیە ئەو ئارامی و پشوودرێژییەی هەمە دەرەنجامی ئەزموونی ئەو کارەیە". ...