Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 12, 2020

"ساڵی 2015 تەقینەوەیەکی تیرۆریستی ڕوویدا لە ئاهەنگی نەورۆزدا، لە ناو قەرەباڵغییەکی زۆردا کە منیش لەوێ بووم. بریندار بووم و جەستەم لە 43 شوێن بریندار بوو و هاوڕێکانیشم بریندار بوون. ئاهەنگەکە لە ناوەڕاستی شاردا بوو، من و سێ هاوڕێم بڕیارماندا بڕۆین بۆ ئەوێ و بەشداری بکەین. لەو کاتەدا کارەساتەکە روویدا کە چەند سانییەیەک ئەبوو بەلای منەوە، هەموو ئەوەی بیرمە لەسەر زەوی کەوتبووم و دەنگێکی ئیزعاج لە گوێمدا بوو، هەستم بە برینەکانم نەدەکرد سەیری دەوروبەرم کرد هەموویان کەوتبوون لەسەر زەوی و گیانیان هەمووی خوێن بوو، ویستم هەڵسمەوە و یارمەتییان بدەم، ڕەفیقەکانم بەحاڵ دەناسییەوە ئەوەندە بریندار بوو بوون بەڵام منیش دوای تۆزێک لە هۆش خۆم چووم، کاتێک هۆشم هاتەوە لە نەخۆشخانە بووم و پێیان وتم هاوڕێکانم دیار نین دواتر بۆم دەرکەوت ئەوان لە نەخۆشخانەی تر چارەسەر وەردەگرن. شەوێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە.لەسەر جێگا مامەوە بۆ جەند مانگێک هەتا چاکبوومەوە، لەگەڵ هاوڕێکانمدا لە پەیوەندیدا بووین لە ڕێگەی ئینتەرنێت. ئەوە یارمەتیدام هێز بەمەوە بە خۆم و بڕیارمدا بەردەوام بدەم بە ژیانی ئاساییم." "دوای دوو ساڵ، لە ساڵی 2017 توشی صەدمە بووم کاتێک پێیان وتم صەرەطانمە، زۆر بێتاقەت بووم و بە خۆمم دەوت بۆ هەر من؟ بۆچئ قەدەر م وایە ئەم هەموو ناخۆشییەم بەسەر بێت، لە تەقینەوەیەک نەجاتم بوو ئێستا نەخۆشییەکی قورسمە. سەفەرم کرد بۆ دیمەشق بۆ وەرگرتنی چارەسەر، زۆر قورس بوو ئەو چارەسەری کیمیایی و تیشکییەی وەرمدەگرت. ئەو هەموو ترس و دڵەڕاوکێیە وەک مردن وابوو بۆ من. ژیان بۆ من وەستابوو ئەو ماوەیەم قورسترین کاتی ژیانم بوو، نزیکی ساڵێک مامەوە هەتا چارەسەرەکەم تەواو بوو وە چاک بوومەوە. هەر لە کۆنەوە بەوە ناسراوم کە لیمۆ زۆر دەخۆم. ڕؤژی نزیکی کیلۆیەک لیمۆ دەخۆم، یان دەیکەم بە شەربەت یان دەیکەم بەسەر خواردنەکانمدا، لەوانەشە ئەوە یارمەتی دابم لەم نەخۆشییە چاک ببمەوە." ...

November 10, 2020

"لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەرمینیام، کاتی جینۆسایدی ئەرمینیا باوکم هات بۆ قامیشلۆ. کاتی خزمەتی سەربازیم لە هێزی سوریا، نێردرام بۆ بەشی میکانیک، پێم وتن کە من دوکانی دەرمانی وشکەم هەیە و هیچ شتێک لە میکانیک نازانم. وتیان ناکرێت ئەرمەنی بیت و میکانیک نەزانیت. ساڵی 1960 باوکم دوکانێکی دەرمانی وشکەی کردەوە ئەو کاتە 16 ساڵان بووم، لەو کاتەوە لەو دوکانەدا کار دەکەم. ئەوەنە هۆگری دوکانەکە بووم ناتوانم ڕۆژێک لێی دوور بم. تەنانەت کاتی قەدەغەی هاتووچۆش بەهۆی کۆرۆناوە دەهاتم لەبەردەم دوکانەکەم دادەنیشتم." ...

November 9, 2020

"ماوەی 40 ساڵە لە بواری چاککردنی هیتەردا کار دەکەم، کە بە جۆرێک لە سوتەمەنی ئیش دەکات. ئەم کارە لە یەکێک لە پیشەسازەکانی شارەکەمەوە فێربووم، تەنها لە زستاناندا ئیشم زۆرە، هەموو ساڵەکە چاوەڕێی ئەم وەرزە دەکەم. لە ماوەی کارکردنمدا دوچاری هیچ نەبوومەتەوە تەنها ئەوە نەبێت هەندێک مشتەری تەعامولیان خۆش نەبووە. شتێک کە زۆر گران و هەزەلیشە لەهەمان کاتدا، هەموو ڕۆژێک کە لە ئیش دەڕۆمەوە جلەکانم و دەستم زۆر پیس بووە، خێزانەکەم پێم دەڵێت جلەکانت لە دەرەوە دانێ و دەستیشت بشۆ." ...

November 8, 2020

"خوشکێکم هەیە دەیویست بچێتە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) بەڵام ئەو کاتە تەمەنی بچووک بوو، بەڵام زۆر حەزی دەکرد. بە خۆمم وت ئەگەر بوو بە 18 ساڵ و هێشتا هەمان حەز و بڕیاری هەبوو، خۆم ئاهەنگێکی گەورەی بۆ دەگێڕم پێش ئەوەی بڕوات. کە بوو بە 18 ساڵ هەمان بڕیاری هەبوو بۆیە ئاهەنگێکم بۆ گێڕا لەگەڵ کەسە نزیکەکانی و هاوڕێکانی، دایکم چەکێکیدا بە خوشکەکەم بۆ ئەوەی بەرگری لە خاکەکەی بکات. لەو کاتەدا بۆ من خوشکەکەم جێگەی شانازی بوو بۆ من و لە هەمان کاتیشدا زۆر قورس بوو بۆم کە خوشکەکەم بەجێی دەهێشتم. ئێستا کە جار جار سەردانی دەکەم زۆر هەست بە شانازی دەکەم کە بوو بە شەڕڤانێکی ئازا و بەرگری لە ڕۆژئاوا و هەموو کوردستان دەکات." ...

November 7, 2020

"تەمەنم دوانزە ساڵان بوو کە دەستمکرد بە تایکواندۆ، کاتێک دەمبینی سێ کوڕی پورم دەڕۆیشتن بۆ تایکواندۆ بە جلی سپییەوەوە و قایشیان بەستبوو منیش حەزم لێکرد. لە سەرەتادا خەڵکی زۆر دژی بڕیارەکەم بوون و قبوڵیان نەدەکرد، دەیان وت ئەمە وەرزشی پیاوانە و بۆ کچان ناگونجێت، کچ دەبێت خەریکی خوێندنەکەی بێت، بەڵام خێزانەکەم ڕازی بوون لەگەڵ بڕیارەکەم بە تایبەتی خاڵم بەڵام بە شەرتێک کار نەکاتە سەر خوێندنەکەم. ناوی خۆم لە خوێندنگەیەکی تایکواندۆ تۆمارکرد و دەستمکرد بە ڕاهێنان، لەوێ لە هەموو کچەکان باڵام بەرزتر بوو، بەهێزیش بووم هەتا پێیان دەوتم ک پیاوە ئاسنینەکە. سەرەتاییەکانی تایکواندۆ فێربووم و بەردەوام بووم لە ڕاهێنان تا گەیشتمە ئاستی پێشکەوتوو. خەڵاتی زۆرم بەدەستهێنا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە ڕاهێنانەکان ڕاگیران بۆیە لە ماڵەوە ڕاهێنانم دەکرد. بەدەستهێنان ئەو هەموو خەڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی دڵخۆشین و دڵنیام کاریگەری دەبێت لەسەر کچانی شارەکەم بۆ ئەوەی بەشداری یارییە وەرزشییەکان بکەن. لە ئێستادا خوێندکاری کۆلێژی یاسام و لەهەمان کاتیشدا بووم بە ڕاهێنەر و ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی." ...

November 6, 2020

"کە تەقدیمم کرد بۆ خوێندنی ئامادەیی دەرەجەیەکی زۆر بەرزم هێنا، سێیەم بووم لەسەر ئاستی سەریکانێ و شەشەم لەسەر ئاستی حەسەکە. دوای تەواوکردنی ئامادەیی بۆ ساڵێک لە خوێندن وەستام بەهۆی ئەو هێرشانەی لەسەر شارەکە بوون ساڵی 2012، هەموو تۆمارەکانی خوێندنم سوتا ناچار لە دیمەشق تۆمارەکانم وەرگرتەوە و دەستم کردەوە بە خوێندن لە لازیقیە، لەگەڵ خوێندنەکەم لە دەرمانخانەیەکیش کارم دەکرد بۆ ئەوەی خیبرە پەیدا بکەم و زۆریش سوودم لێبینی. ساڵی 2016 زانکۆم تەواو کرد و دەرمانخانەیەکم دانا. لەسەرەتادا زۆر دەترسام لەبەرئەوەی چارەنووسی نەخۆشەکانم لەدەستدا بوو. بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ سیقەی زیاترم بەخۆم کرد. لە کۆتاییەکانی 2019 وڵاتی تورکیا هێرشێکی بۆسەر شارەکەمان دەستپێکرد بۆ داگیرکردنی تەنها ئەونەمان لەدەست هات هەڵبێین و چارەسەری بریندارەکان بکەین. پاشان لە قامیشلۆ نیشتەجێبووم و پێنج مانگ لەمەوبەر دەرمانخانەیەکی ترم کردەوە." ...

November 4, 2020

"بەهۆی خراپی باری داراییەوە نەمتوانی بەردەوامی بە خوێندنەکەم بدەم، لەگەڵ خێزانەکەمدا دەژیام لە خانوویەکی گڵدا بەڵام بەهۆی بچووکی خانووەکەوە دوو ساڵە من لەگەڵ بانگخوازی مزگەوتەکەدا دەژیم. پێشتر لە بواری چارەسەی فیزیایی و ڕاگەیاندن و تەنانەت لە بواری سینەما و شانۆشدا کارم کردووە، لە ساڵی 1997 بەشداری شانۆی "ماسییە ئاڵتونییەکە"م کردووە. بەڵام بەهۆی قەڵەوییەکەمەوە ماوەی 10 ساڵ دەبێت هیچ کارێکم وەرنەگرتووە و تەنانەت لەلایەن خەڵکیشەوە گاڵتەم پێ دەکرێت کە کاریگەری دروستکردووە لەسەر دەروونم. چوار زمان دەزانم، ئینگلیزی و عەرەبی لە مەکتەب فێربووم، زمانی کوردیش زمانی دایکە و زمانی تورکی لەڕێگەی تەلەفزیۆنەوە. سەرەڕای شارەزایم و خیبرەکانم نەمتوانی هیچ ئیشێک وەرگرم، زۆربەی ئەو ئیشانەی تەقدیمم کردووە لەبەر قەڵەوییەکەم وەرنەگیراوم، ئەوەش زۆر بێتاقەتی کردووم، هیوادارم ڕۆژێک ئیشێک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی بتوانم پێداویستییەکانی ژیانم دابین بکەم." ...

November 4, 2020

"لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دووگۆڵی دەکەم، زۆربەی کاتەکان من و جانی هاوڕێم لە ساحەی گڵدا یاری دەکەین. لەکاتی ڕاهێنانەکاندا ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە بەڵام لەکاتی یارییە ڕەسمییەکاندا لەگەڵ یەکدا یاری دەکەین، چونکە یەکترمان زۆر خۆش دەوێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا شەڕ زۆر دەکەین بەیەکەوە. وازم لە خوێندن هێناوە بۆیە ئێستا کاتم زۆرە بۆ یاری کردن، ئێستا خەریکی خۆ ئامادەکردنین بۆ دامەزراندنی تیپێک بۆ بەشداریکردن لە خولی قامیشلۆ. و من خۆم جموری بەرشەلۆنەم بەڵام دایک و باوکم جموری ڕیاڵ مەدریدن و جلی ڕیاڵ مەدریدیان بۆ کڕیم بە ناچاری لەبەرم کرد هەرچەندە ڕقم لە ڕیاڵ مەدریدە. کاتێکیش ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە بەیەکەوە یاری دەکەن هەندێک جار دەبێتە شەڕمان چونکە هەریەکەمان جموری نادییەکین، ئەگەر بەرشەلۆنە بدۆڕێت من چەند ڕۆژێک خۆم دەشارمەوە لەبەر ئەوەی گاڵتەم پێدەکرێت." ...

November 2, 2020

"کاری دروستکردنی خانوو دەکەم بە قوڕ ،هەر لە منداڵبووم لە باوکمەوە فێربووم، کارێکی جوان و خۆشە، لە ڕابردوودا خێزانەکان یارمەتی یەکیان دەدا کاتێک خانووەکانیان چاکدەکردەوە و بۆ وەرزی زستان ئامادەیان دەکرد. ئێستاش یارمەتی هەیە بەڵام وەک جاران نیە، جاران جەوێکی تایبەتی هەبوو، کەسە بەتەمەنەکان گفتوگۆیان دەکرد و گەنجەکانیش خەریکی ماڵ چاککردنەوە بوون و ئافرەتەکانیش خەریکی نان ئامادەکردن بوون. ئەم خانووە قوڕانە تەنها لە ناوچەی جزیرە هەیە لە ناوچەکانی تری ڕۆژئاوا نەماوە، هۆکاری مانەوەی ئەم خانووانە ئەوەیە لە هاویناندا ساردە و لە زستانانیشدا گەرمە. ئەم خانووانە لە قوڕێکی تایبەت دروستدەکرێن، کە قوڕی ڕەشە، هەموو قوڕێکی بۆ نابێت. و من خۆم خانووی قوڕم بەلاوە خۆشترە لە خانووەکانی تر." ...

November 1, 2020

"لەبەر ئەوەی دۆڵێک هەبوو لە ناوەڕاستی گوندەکەمان نەمدەتوانی بچم بۆ خوێندنگە، چونکە لە زستاناندا باران و لافاوا دۆڵەکەیان پڕدەکردەوە. لەبەر ئەوە دایک و باوکم نەیان دەناردم بۆ خوێندنگە لەترسی ئەوەی شتێکم لێ بەسەر بێت، چونکە ئەو کاتە تاقانە بووم. تەمەنم 12 ساڵان بوو باوکم بڕیاریدا چەند مەڕێکم بۆ بکڕێت بۆ ئەوەی چاودێری و خزمەتیان بکەم. کە بووم بە 20 ساڵ چووم بۆ خزمەتی سەربازی، کاتێک جەنگی 1973 ڕوویدا هێشتا سەرباز بووم. ئێمە نزیکی 100م لە خاکی ئیسرائل دوور بووین، بەرەبەیان چووینە خاکی ئیسرائل، پێش بانگی بەیانی دەستمان کرد بەنان خواردن چونکە بەڕۆژوو دەبووین، لەو کاتەدا تەقەیەکی زۆر کرا بەسەرماندا بەڵام توانیمان سەرکەوتوو بین. دوای ماوەیک نان و ئاومان لێبڕا و فەرمانمان پێکرا سواری سەیارەکانمان بین و بچینە ناوچەیەکی تر، لەو کاتەدا فڕۆکەکانی ئیسرایل بۆمببارانیان کردین، تەنها 20 سەرباز دەربازبووین. دوای ئەو هەموو کارەساتە گەڕامەوە و دەستم کردەوە بە شوانی چەند مەڕێک بۆ ئەوەی هەم بەردەوام بم لە ڕۆیشتن و تەندروستیم باش بێت." ...

October 31, 2020

"دوای ئەوەی قۆناغی پێنجەمی خوێندنم تەواو کرد، دوای ماوەیەک چووم بۆ دیمەشق بۆ ئەوەی دەستبکەم بە کارکردن، لەوێ لەگەڵ براکەم بۆیاخچی بووین. نزیکەی 27 ساڵ لە دیمەشق بووم، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ڕۆژئاوا و دەتسپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژئاوا، بە خۆمم وت دەبێت بگەڕێمەوە بۆ قامیشلۆ بۆ ئەوەی بۆنی ئازادی بکەم لەدوای ئازادکردنی لە ڕژێمی سوری و دەبێت من منداڵەکانم لە خزمەتی ڕۆژئاوادا کار بکەین. کوڕێکم چووە ڕیزی ئە هێزە کوردییانەی ناوچەکەیان دەپاراست، دوای ماوەیەک هەواڵی شەهیدبوونیم پێگەیشت، زۆر پێی بێتاقەت بووم و لەهەمان کاتیشدا جێگای شانازی بوو بۆم. ئێستا 72 ساڵم، زۆر گەنج دەرەکەوتم سەرەڕای زۆری تەمەنم، بەڵام هەواڵی شەهیدبوونی کوڕەکەم پیری کردم، ئەمە باجی ئەوە بوو کە بە ئازادی بژین و بەزمانی دایک قسە بکەین بەبێ ئەوەی زوڵممان لێبکرێت. ماوەیەک لەمەوپێش دوکانێکی بچووکم کردەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی شتی کۆن و بەکارهاتوو بۆ ئەوەی داهاتێکم دەستبکەوێت بۆ ژیانی ڕۆژانە." ...

October 29, 2020

"هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینی بچمە زانکۆ، بیرمە یەکەم ڕۆژ چوومە قوتابخانە زۆر دڵم خۆش بوو، زۆر هەوڵم دەدا لە خوێندن، دواتر چوومە دواناوەندی، سووربووم لەسەر ئەوەی دەرەجەی بەرز بێنم، ماوەیەک پێش تاقیکردنەوەی کۆتایی کە لە ڕێگا بووم بۆ قوتابخانە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووم، برینداربووم و تەندروستیم تێکچوو بردیانم بۆ نەخۆشخانە، بەو هۆیەوە نەمتوانی بەشداری بکەم لە تاقیکردنەوەکان. ماوەیک لە نەخۆشخانە مامەوە هەتا تەندروستیم باش بوو بەڵام باری دەروونیم هێشتا باش نەبوو، ساڵێک خوێندنم فەوتا. زۆر بێتاقەت بووم هاوڕێکانم هەموویان چوونە زانکۆ و گەیشتن بە خەونەکانیان. بەڵام لێرەدا نەوەستام، بڕیارمدا ساڵی داهاتوو بگەڕێمەوە خوێندن، سەرەڕای ئەو دۆخە خراپەی هەبوو، لەگەڵ ئەو جەنگەی تێیدا بووین و دواتریش کۆرۆنا بڵاوبووەوە کە هەموو شتێکی وەستاند لە هەموو جیهاندا بەڵام هەر ئیرادەم بەهێز بوو، هەوڵی زۆرمدا و تاقیکردنەوەکانم ئەنجامدا و گەیشتم بە خەونەکەم، ئێستا خوێندکاری زانکۆم لە بەشی ئابووری." ...