Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 24, 2020

"هیچ کات لەوە تێنەگەیشتووم کە بۆچی یاری کردن لای گەورەکان خۆشنییە و وشەی دانیشە لە دەمیان نابڕێت! ئێستا کە پشووی هاوینەیە جگە لەوەی یاری بکەین ئیشی ئێمە چییە؟ لەوەتەی کورۆنا هەیە، هاوپۆلەکانی خۆمم نەدیوە و پێکەوە نە تۆپێنمان کردووە نە یاری. بە تاقی تەنها لەگەڵ دایکم بە ئینتەرنێت وانەکانم خۆیندووە و ڕۆژانێکی زۆر ناخۆش بوو و تێپەڕین. ئێستا کە خوێندن کۆتایی هاتووە، هاتووینەتە ئەم باخەمان دوور لە شارە بەڵکو لە کۆرۆنا دوور بین. دایکم دەڵێ ئەوەندە لە بەر هەتاو یاریت کردووە ڕەش هەڵگەڕاویت." ...

September 22, 2020

"هەموو کاتێک ئارەزووم کردووە کە منداڵم بوو، زیاتر وەک هاوڕێیەک بم لەگەڵیدا نەک باوک. پێمخۆش نییە شەرمم لێ بکات، یان لێم بترسێت. یاخود ئەو شێوازە هەڵسوکەوتانەی کە بە داخەوە زۆربەی باوکان و دایکان لە گەل منداڵەکانیان دەیکەن. ئێستا کوڕێکم هەیە و بووم بە باوک، هەروام کردووە و هەوڵمداوە لەگەڵمدا هەست بە ئاسوودەیی بکات. نێوانمان زۆر خۆشه، ڕێگام پێداوە چی دەوێت پێم بڵێت و هیچم لێنەشارێتەوە، منیش تا بۆم بکرێت بۆی دابین دەکەم و بێدڵی ناکەم. "هاکان" زۆر ئاسوودەیە کاتێک لەگەڵمدایە، وەک هاوڕێکانی کۆڵانی هەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکات. ئاواتم ئەوەیە کوڕەکەم بڕواتە زانکۆ و پاشان ببێت بە مامۆستایەک یان پزشکێکی باش و لە ئیشی ناو بازاڕ بەدوور بێت." ...

September 20, 2020

"سێ ژنم هێناوە، بیست منداڵم هەیە و ئەو بیست منداڵە ئێستا بونەتە سەد و دوو نەفەر. دەربەدەری زۆرم کێشاوە لە ئێران و عێراق، بۆیە ئێستا زۆر پەشیمانم و هەڵەبووم کە ئەو کاتە سێ ژنم هێنا. ئێستا لەجێی چەند کەسێک خەفەتی سەد و دوو نەفەر ئەخۆم. کاتێک گەنج بووم ئەوندە جوان بووم، نەمدەتوانی دەست بەخۆمدا بهێنم و بڕۆمە دەر و لەناو بازاڕ هاتوچۆ بکەم بەڵام ئێستا ئاوام لێ هاتووە. حەفتا وپێنج ساڵ تەمەنمە و ئەگەر ئێستاش تۆزێ جوانتربام ژنێکی دیکەشم دەهێنا بەڵام ئێستا خەفەتم ئەوەیە ناتوانم ژنێکی تر بهێنم. جاران هەر لە دوورەوە کە ئەهاتم سڵاویان لێ دەکردم و پێیان ئەوتم توخوا جوابمان بەرەوە بەڵام ئێستا سڵاویش ئەکەم کەس جوابم ناداتەوە." ...

September 16, 2020

"خوا منداڵی پێ نەداین، هەرچی خواش نەیدا هیچی لەگەڵ ناکرێت. چل وپێنج ساڵە ژنم هێناوە و بە درێژایی ئەم ساڵانە دوو بە دوو لەگەڵ خێزانم پێکەوە ژیاوین و لەسەر سفرەیەک بووین. نە دەنگی منداڵێکمان بیست، نە زانیمان تامی دایکایەتی و باوکایەتی چییە. پیربووم و حەفتاوحەوت ساڵ تەمەنمە، تازە کرێکاریم پێناکرێت، بۆیە وا بۆ سێ ساڵ دەچێت کوانووی هەنگ دەگەڕێنم و لایان دەمێنمەوە. لە مانگێکدا سێ ڕۆژ دەڕۆمەوە ماڵەوە و سەری مانگ موچەیەکی کەم لە خاوەنی هەنگەکان وەردەگرم. خێزانم چەند نەخۆشییەکی هەیە و لە ماڵەوە کەوتووە، جاروبار هەڵدەسوڕێ و تا ڕادەیەک کار و باری خۆی بە ڕێدەکات. سەرەڕای ئەمانە گوێ نادەمێ، گەر هەرئاوا بمێنین وخۆم بتوانم کارێک بکەم زۆر باشە. هەنگ زۆر پێوەیداوم، هەنگەوانی کارێکی ئاسان نییە و زۆر هەستیارە، منیش زۆری لێ نازانم و خاوەنی هەنگەکان زیاتر سەری لێدەردەچێت." ...

September 12, 2020

"هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی زمانی ئینگلیزیم دەکرد، پێمخۆشبوو بزانم چێ ئەڵێن کاتێک قسە دەکەن. لەو کاتەوە زمانەکەم باشبوو، بۆیە هەموو ئاواتم ئەوەبوو گەورە ببم و بڕۆمە زانکۆ و زمانی ئینگلیزی بخوێنم. دواتر ماوەیەکی زۆر لە قوتابخانەکانی سنە وانەی ئینگلیزیم دەوتەوە. فێربوونی زمانێکی دیکە وای لە من کرد کە بە فەرهەنگی جێگایەکی تر ئاشنا ببم و زیاتر دنیا ببینم. بەڵام ئەگەر ئەوکات هەمان بیروباوەڕی ئێستام هەبووایە، زمانی ئینگلیزیم لە پاڵ شتێکی دیکەدا دەخوێندن. لەگەڵ ئەوەی کە زۆر کەڵکم لێوەرگرتووە، بەڵام پەشیمانم. هەمیشە ئارەزووی تەنهاییم کردووە و بەردەوام تەنها بووم. بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەند کتێبێکم دەربارەی خۆناسی خوێندەوە، واملێهات لەو تەنهاییە بێمە دەرێ و زیاتر لەگەڵ دۆستانمدا تێکەڵ ببم. ئێستا زۆر دەچمە دەرێ و بەردەوام حەز بە کۆبوونەوەی هاوڕێیان و ناو خەڵکی دەکەم. تەنانەت ئارەزووی ئەوە دەکەم گەشت بکەم و خەڵکی نوێ بناسم و ئاشنای کەسانی دیکە ببم." ...

September 11, 2020

"ئێستا کە گەورە بووم حەزدەکەم بەرگی یادەوەری منداڵیم ھەڵبدەمەوە و بگەڕێمەوە ئەو ساتانەی منداڵی و وردە وردە بڕۆمە ناو خەیاڵ و باسی ئەو کاتە. لە منداڵیدا حەزم لە دووچەرخە بوو، بەڵام سێ چەرخەیەکمان هەبوو دادەم زۆرتر سواری دەبوو. من ھەر نەمتوانی دووچەرخە فێر ببم، چوونکە ئیتر وردە وردە گەورە بووم و کۆمەڵگای ئەو کات پێی قبوڵ نەبوو. ئەو خۆزگەیە لە دڵمدا ھەتا ئێستا کە تەمەنم بیستوهەشت ساڵە مایەوە. مانگێک دەبێت فێری دووچەرخە بووم، بەڵام تازە تامی ئەو کاتەی منداڵی نادات، ئارەزووەکان کە مردن ئیتر زیندووکردنەوەیان زەحمەتە. ئێستا کە گەورە بووم پێم خۆشە بگەڕێمەوە سەردەمی منداڵی و لەگەڵ ھاوڕێکانم وەک جاران یاری خۆشاردنەوە بکەین و بە خێرایی ئەم ژیانە ببوایە بە چاو تروکانێک و ئەم ڕۆژانەمان نەدیبایە." ...

September 10, 2020

"لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای نوسینم هەبووە، منداڵێکی چالاک بووم و هەمیشە ئارەزووی نوسین و خوێندنەوەم کردووە. بەڵام بەداخەوە لە کاتی خۆیدا هیچ هاندەر و پاڵپشتێکم نەبوو. کاتێک خانەنشین بووم، هاوڕێ و خوشکی خوالێخۆشبووم (مریەم قازی) ئێوارە خوانێکی بۆ ڕێکخستم و بانگهێشتی کردم. لەوێ کەوتینە ناو باسی ئەدەب و نوسینەوە، پێی وتم تۆ کەسێکی هەست ناسکیت و بەهۆی ئەوەی پێشتر مامۆستا بوویت و ئێستا لە قوتابخانە و قوتابییەکانت دابڕاویت، هەوڵدە هەستەکانی خۆت بنوسیتەوە. مریەم بووە پاڵپشتێکی گەورەی ژیانم و ماڵی تاریکی دڵمی ڕووناککردەوە و بە نوسینی شیعر بۆ منداڵان لە تەمەنی چل و سێ ساڵیدا دەستم بە نوسین کرد. منیش وەک هەموو ژنێکی تری ئەم کۆمەڵگایە دەستاری ژیان زۆری هاڕیوم، بۆیە ژیان ئەوەندە رێگای داوم و هێشتا نەمتوانیوە نوسینەکانم وەک کتێب چاپ بکەم، بەڵام بەشێک لە نوسینەکانم لە گۆڤارەکانی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستاندا بڵاوبۆتەوە." ...

September 6, 2020

"زۆر حەزم لە گوڵ و سەوزاییە، بێتاقەتیم پێیان دەردەچێت. لە ماڵەکەمدا جۆرەها گوڵم چاندووە و ڕۆژانە ئاویان دەدەم. ساڵی پار کە گوڵەکانم ئاو دەدا، تۆوی گوڵەکان بە چۆڕەی ئاوەکەوە ڕژابوونە درزی دیواری بەردینی ماڵەکەم، کەچی ئەمساڵ ڕووابون. کە ئەوەم دی دەسم لێهەڵنەگرتن و بەردەوام ئاومدان. یەک بە یەک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ خۆیان دەرخست و لە درزی بەردەکانەوە هەڵکشان. ئێستا بوونەتە جێی سەرنجی ڕێبواران و زۆر لایان جوانە، هەمیشە لێم دەپرسن چۆن ئەمەم کردووە. لە ڕاستیدا ڕێکەوت بوو و ئەم جوانییە خۆی خوڵقا، بەڵام وەک بیرۆکەیەکی لێهاتووە بۆ چاندنی گوڵ و گوڵزار بەم شێوازە، چونکە دیمەنێکی ناوازە دەخۆڵقێنێت." ...

August 30, 2020

"بەیانییان پێش ئەوەی لەخەو هەستێت دەچمە دەرەوە و هەرچۆنێک بێت خۆمی لێدەدزمەوە. بەڵام کە نیوەڕوان دەگەڕێمەوە دەبێت لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ سەرکار و لەسەر ماتۆڕەکە جوان دەستدەگرێت و ڕاهاتووە وریای خۆی بێت. چەندەها جار پێیان وتووم کە ئەم کارە مەترسیدارە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ خۆم نەیهێنم دنیا دەهێنێتە سەرمان. چەند ساڵێکە لەگەڵ باوکم تووە فەرەنگیمان چاندووە، لەلای من و باوکم دەمێنێتەوە تا نزیکی ئێوارە و خۆی بە تووەکانەوە مەشغوڵ دەکات. لایەنی خراپی ئەوەیە خۆی پیس دەکات و بێتاقەت دەبێت، ئیتر ئەبێت بیبەمەوە بۆلای دایکی. سەرەڕای ئەوەش بەیانی دیسان خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵم بێتەوە بۆ کار. بەڵام زۆر دڵخۆشم کە هەر لە ئێستاوە هاودەمی منە." ...

Humans of Kurdistan - East 29

August 27, 2020

"لە بیجار لە دایکبووم، شارێکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە منداڵی خوێندنم بەهۆی هاروهاجی زیاد لەحەدم درێژەی نەکێشا و هەرزوو وازم لە خوێندن هێنا. هەر لە سەرەتاییەوە بە کاری جیاجیاوە خەریکبووم، لە شاگردی چایخانەوە بیگرە تا مەئموور و کرێکاری بەنداوی ئاو. سەرکێشییەکانم بە زیندانیان گەیاندم و ئاشنایان کردم بە خەڵکی جۆراوجۆری کۆمەڵگە. بەڵام بەردەوام هەوڵمداوە بە پاکی بمێنمەوە و گیرۆدەی کارێک نەبم کە پەشیمانی لەدواوەبێت، هەرچەندە ڕواڵەتم پێچەوانەی ئەوە نیشاندەدات. ئەوە چەند ساڵێکە سەرقاڵی کاری ئاسنگەریم، بژێوی ژیانمی پێپەیدا دەکەم و کارەکەمم خۆشدەوێت. خۆم ناوم ئیبراهیمە، بەڵام ئەوەندە بە ئیبرا بانگیانکردووم، بیرم نەماوە ناوی خۆم لە ئەسڵا چییە." ...

Humans of Kurdistan - East 28

August 23, 2020

"وانەیەک کە ژیان بەمنی داوە ئەوەیە، کە کات و وزەم بە بەراورد کردنی خۆم لەگەڵ کەسانی تردا بە فیڕۆنەدەم. کاتێک کارێکت کردووە و دڵخۆشیت، قەد مەجال مەدە کە بیروڕای کەسێکیتر ئەو دڵخۆشیەت لاواز بکات. ئەگەر چی مومکین نیە بە تەواوی سێبەری بیروڕای خەڵک لە سەر خۆت دوور بخەیتەوە، بەڵام دەکرێ ئاسەواری لەسەر خۆت کەمبکەیتەوە و بەجدی نەیگریت. بەم شێوازە خەڵکانی تر چی دەکەن و چی دەڵێن کەیفی خۆیانە. تۆ گرینگیت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی کە لە دروونی خۆتدایە، جیا لەوەی کە ڕای گشتی لە سەر تۆ چیە. یەک خاڵ سەلمێنراوە کە ئەویش ئەوەیە: تۆ نە بەو عەزەمەتەیت، وە نە بەو لاوازیەیت کە باس دەکرێیت." ...

Humans of Kurdistan - East 27

August 21, 2020

"یەکەم جار کە لەسەر پەردەی سینەما فیلمم بینی، بۆم دەرکەوت کە کاتێک سەیری فیلمێک دەکەیت، دەکرێ بگریت یان پێبکەنیت. هاوکات دەکرێت وانەیەک بۆ ژیان وەربگریت. هەر ئەوکاتە هەستمکرد سینەما ئەو دونیایەیە کە دەمەوێت تێیدا بژیم. من لە بنەماڵەیەکدام کە هۆگری کتێب و موزیک و سینەمان، بۆیە ئاسایی بوو منیش حەز لە هونەر بکەم. ئامانجم ئەوەیە ببم بە ئەکتەری سینەما، بۆیە ساڵێک دەبێت لە شانۆ خەریکی ڕاهێنانم وسەرقاڵی فێربوونی بنەماکانی بوون بە ئەکتەرم. شانۆکار لە بەردەم کامێراشدا دەتوانێت ئاستێکی باش پێشکەش بکات و ترسی لە چاوی کامێرا نیە. باشترین ئەکتەرەکانی سینەما پێشتر ڕۆژگارێک شانۆکارێکی باش بوون و دواتر ڕێگەیان بۆ خۆشبووە کە لە سینەمادا دەربکەون." ...