Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 23, 2020

"زیاتر لە بیست ساڵە لەسەر ئەم جادەیە بەرووبوومی باخ و بێستانەکەی خۆم دەفرۆشم بەو خەڵکانەی کە بۆ گەشت لەم گوندەوە تێدەپەڕن، ئەم ماوەیە کۆرۆنا هاتووە، ئێرەش قەرەباڵغییەکەی وەک جاران نەماوە، هیوادارم ماوەیەکی تر کە بەرووبوومەکان پێدەگات ئەو قەرەباڵغییەی جارانی بۆ بگەڕێتەوە، کوڕەکەشم کاسبە، ئەو ماسی دەفرۆشێت و دابەشیشی دەکات بەسەر ماسی فرۆشاندا، کوڕەزاکەشم بە درێژایی ڕۆژ لای من دەمێنێتەوە، ئەو ئەوەندەی هۆگری لای منە ئەوەندە لای دایک و باوکی نامێنێتەوە." ...

October 20, 2020

"دوای ئەوەی خوێندنی دیبلۆمم تەواو کرد بووم بە مامۆستا لە مەهاباد، بەڵام دواتر بۆ ماوەی 3 ساڵ زیندانی کرام، لە ماوەی ئەو 3 ساڵەدا زۆر شتی ناخۆش لە ژیانمدا ڕوویدا، برایەکی لە خۆم گەورەترم هەبوو کە ئیلهامی گۆرانی وتنم لەوەوە وەرگرتبوو، بەداخەوە لەو کاتەدا ئەو برایەم لەگەڵ باوکم کۆچی دواییان کرد، کاتێک لە زیندان بەربووم گەڕامەوە سەر ماڵێکی چۆڵ. براکەم دەنگی زۆر خۆش بوو، بەڵام لە بنەماڵەی ئێمەدا کەس گۆرانی نەوتبوو، تەنانەت باوکیشم دەیزانی کە منیش دەنگم خۆشە کە لەگەڵ ڕەفیقەکانم دەچوومە دەرێ هەموو جارێک پێی دەوتم نابێ گۆرانی بڵێم. چونکە بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا بە هەڵە لەگۆرانی وتن تێگەیشتبوون .دواتر کە ڕادیۆمان کڕی گوێم لە دەنگی مامۆستا تاهیر تۆفیق بوو و ئیلهامم لە دەنگی وەرگرت، لەگەڵ شێعری مامۆستای پایە بەرز محەمەد ساڵح دیلان. بێجگە لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کە خوێندومە، زۆربەی گۆرانییەکانی دیکەم لە میلۆدی بادینانی وەرگرتووە و شیعری سۆرانیم لەسەر داناون کە نزیکەی 400 گۆرانی دەبن کە زۆربەیان تۆمار نەکراون. زۆر کەس داوایان لێکردووم کە فێرکاری گۆرانی وتن دانێم، بەڵام من باوەڕم بە فێرکاری نییە." ...

October 19, 2020

"كاتێك مناڵ بووم و دەچووم بۆ مەكتەب، ھەر كات مامۆستاكەم لێی دەپرسیم کە گەورە بووی پێت خۆشە خەریكی چی ئیشێک بیت یان ببیت بە چی، ھەر جارەی وەڵامێكم دەداوە، جارێک دەمگوت مامۆستا، جارێک دكتۆر، جارێک خاوەنی ئارایشتگا، جارێک ئەندازیار. ھەر جارەی ئیشێكم دەگوت، چونکە پێم خۆش بوو ھەموو ئیشێک بزانم و بتوانم ھەموو كارە بم. وردە وردە كە گەورەتر بووم و زیاترم بیر كردەوە، بۆم دەركەوت كە من ناتوانم ھەموو ئیشێک بكەم بەڵام دیسانیش ھەر پێم خۆش بوو بزانم بۆ ھەر ئیشەی چ ھەستێكم دەبێ و چۆن دەتوانم بەو ئاواتەم بگەم، ئەوجار بە ھۆی دیتنی زۆری فیلم ھەستم كرد ئەگەر ببم بە ئەكتەر دەتوانم ھەموو ئەو ھەستانە تاقی كەمەوە، و ھەر ئەوە بوو كە بوومە خولیای ئەكتەر بوون و هەوڵی فێربوونیمدا هەتا دوو ساڵ لەمەوبەر لە مەھاباد دەستم بە كار كرد لە شانۆ و كورتە فیلمەوە، زۆرم پێ خۆشە كە بە ھۆی ئەكتەر بوون دەتوانم تەواوی ھەستەكان تاقی كەمەوە و دەتوانم ھەر جارە ئیشێک بكەم." ...

October 16, 2020

"ڕێکخستنی ڕۆژێکی شاد بۆ ئەو منداڵانەی کە خاون پێداویستی تایبەتن، یەکێ لە خۆشترن بیرەوەرییەکانی منە. ئەو ماوەیە کە وەک وێنەگرێکی خۆنەویست لەگەڵ ڕێخراوی مانگی سووردا کارم دەکرد پێشنیارمدا کە وەها ڕۆژێک بەڕێوەببەین. ڕۆیشتین ڕیزی ناوی ئەو منداڵانەمان لە نەخۆشخانە و "بێهزیستی" وەرگرت و لە گەڵ بنەماڵەکانیان پێوەندیمان گرت و کۆمان کردنەوە و ڕۆژێکی زۆر خۆشمان بۆ سازکردن و بەو بڕە پارە کە پێشتر کۆمان کردبوەوە، دیاریمان بۆ کڕین و پێشکەشمان کردن. هەم منداڵەکان هەم بنەماڵەکان بەم کارە زۆر دڵخۆش بوون و دوعای خێریان بۆ دەکردین. ڕەنگدانەوەی وێنەی ئەم جۆرە چالاکیانە لە بەشی پێوەندییەکانی ڕێخراوەی مانگی سووردا وای کرد کە کەسێکی خێرخوازی خەڵکی تاران بۆ بیناکردن و تەواو کردنی خوێندنگەیەک لە گوندێک، یارمەتی زۆر باش پێشکەش بکات.” ...

October 12, 2020

"ماملێ دەگەڵ خەڵكدا دەژیا، شەو و ڕۆژ لە باغان و لە شاخان، لە كۆڕان و لە مەجلیسان. زۆر خۆمانە و زۆر خۆماڵی بوو، ھەتا مابوو دەگەڵ گەورە و بچووک یەکجۆر دەدوا، زۆر بە بزە و زۆر بە مەتانەت و پیاوێكی ماقوڵبوو. ئەگەر منداڵێكیش داوای گۆرانی لێكردبا بۆی دەگوت و دڵی نەدەشكاند، زۆر مرۆڤێکی سادە و مەجلیس خۆشبوو دەگەڵ گەنجان گەنج بوو و دەگەڵ پیران پیر. بنەماڵەی ماملێ ھەموویان لە سەرەتاوە تاکو ئێستا دەنگێكی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان ھەبووە و هەیە. ھەر ئەوەش بووە ھۆی ھاندانی ھونەرمەند ماملێ كە ھونەر بكات بە ھاوڕێی خۆیی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی ھونەری كوردی. كاتی خۆی لە منداڵیدا بابی منداڵەكانی بە ڕیز دانابوو و ھەموویانی فێری گۆرانی گوتن كردبوو، ھەر بەو ھۆیەشەوە كاتێك لە ماڵێ كوڕەكان لە تەمەنی منداڵیدا گۆرانیان دەگەڵ دەگوتەوە، فێری دەكردن بە جوانی چۆنا و چۆن گۆرانی بڵێنەوە و كێشەكانی پێ دەگوتن. حەتا دەگەڵ چالاكی كوڕم چەن نەواریان پڕكردۆتەوە و ئێستاش ھەر ماون. مامۆستا یەكەم گۆرانی خۆی لەساڵی ١٩٣٨ی زایینی بە ناوی ڕۆیی بەجێی ھێشتم، بەشێوەی فەرمی تۆمار كرد." "زیاتر لە چل ساڵ لەگەڵ ھونەرمەند ماملێ ژیاوم. سەدان یادەوەریمان پێكەوە ھەیە و ھەموو كات شانازی بەوە دەكەم كە خێزانی ھونەرمەند ماملێ بووم. زیاتر لە چل ساڵ لەگەڵ ئەوھونەرمەندە گەورەیە وەكو ھاوبەش و ھاوژیان كاتەكانی خۆمان پێكەوە بەسەربرد. شانازی بە دانە بە دانەی ھەموو ئەو ڕۆژانە دەكەم، خۆشترین و بەختەوەرترین ساتەكانی ژیانی من پێكەوە بوون دەگەڵ ئەو ھونەرمەندە بوو. خەڵك زۆرم ڕێز لێدەگرن، بەڵام ھیچی نابێتە ئەوەی كە ئەو ئێستا لە ژیانمدا بووایە ھەموو كات ماڵمان پڕ لە میوان بوو، كە چی ئێستا ماڵم چۆل و ھۆڵە، ماڵم بێ ھەموو كەسە. جێگای بەتاڵی ھاوژینم بەھیچ پڕنابێتەوە." ...

October 10, 2020

"هەر لەو کاتەوەی دێیتە دونیاوە چارەنووس ڕەنگە وا بۆت نووسرابێت کە بە تەنگ و چەڵەمەدا تێپەڕ ببیت. ئەوەی کە چ قەدەرێکت هەیە کەس نازانێ، خۆشت نازانی چەن دەژیت و چۆن دەژیت. هەر لە منداڵییەوە ژیانێکی ئاساییم نەبووە و هەموو کاتێک کۆسپێک هەبووە کە دەبووا تێپەڕم بکردایە، بەردەوام بەهیوای ئەوەی کە لە پاشاندا ژیانم بکەوێتە سەر هێڵێکی ئارام، کۆسپێکی تر چاوەڕوانی کردووم. بەردەوام لە جۆرێک لە تێکۆشان و کۆڵنەداندا بووم. یەکێک لەو شتانەی لە ڕۆژە سەختەکاندا وزەت پێئەدات و وائەکات کە نەڕوخێیت، بوونی خێزانێکی باشە، کە ڕۆحی هاوکاری و کۆڵنەدانیان هەبێت. کاتێک تۆ هاوسەرێکت هەیە، کە هەموو کارێک دەکات بۆ خوشگوزەرانی تۆ و منداڵەکانت، نابێ لە هیچ بترسیت. سەروو خوارکردنی ژیان لات ئاساییە." ...

October 7, 2020

"لەوكاتەوە كە فامم كردەوە و دەوروبەری خۆم دیت، بەھۆی وەی كە باوكم ھۆگری موسیقا و كاری سازلێدان بوو، منیش تێكەڵاوی ئەو ھونەرە بووم و زۆر جاران باوكم ئەو ئامێرانەی كە بۆخۆی ھەیبوو دەیدامێ و منیش دەستم لێدەدان. كاتێك تەمەنم بوو بە هەشت ساڵان، باوكم بردمی بۆلای مامۆستایەكی فێركاری موسیقا، لەوێ بۆ ئەوەڵجار دەستم بە لێدانی كیبۆرد كرد و ھەر لای ئەو مامۆستا بەڕێزەی ئەوەڵ ھەنگاوەكانی فێر بوونی نۆتی موسیقا و ئاڵفابێت فێر بووم. كاتێك تەمەنم بوو بە چواردە ساڵ، ئامێری تارم بۆخۆم ھەڵبژارد و ئەوجار چووم بۆ لای مامۆستایەك كە بە تایبەت لێدانی تارم فێر بكات. نزیکەی شەش ساڵ ئەو مامۆستایە كاری دەگەڵ كردم و ڕەدیفەكانی موسیقای ئێرانی و مەقامە كوردییەکانی فێركردم." "لە درێژەدا، چووم بۆ نێو گروپی موسیقای ژی. لەوێڕا بە تەواوی دەستم بە ئیشی موسیقا و كاری وێكڕایی كرد. ئەوكات كە چوومە نێو ئەو گروپە من تەنیا ژن بووم دە گروپدا كە سازم لێدەدا، زۆر كەس پێیان سەیربوو و لۆمەیان دەكردم، بەڵام بنەماڵەكەم و بەتایبەت باوكم، ھەمووكات لە پشتم ڕاوەستا و نەیھێشت واز لە كاری موسیقا بێنم، چۆن دەیزانی دەگەڵی دەژیم. دەگەڵ گروپی ژی، بۆ پەرەپێدان بە موسیقای كوردی، لە زۆربەی شارۆچكەكان كۆنسێڕتمان دادەنا. ھەروەھا لە تاران بەشداری فیستیڤاڵی فەجرمان كردووە. ھاوكات دەگەڵ ئەوەش لە ورمێ لە كن مامۆستایەكی دیكە دەچووم بۆ فێربوونی گۆرانی كوتن و ئاوازخوێندن. ھەڵبەت جیا لە كاری موسیقا، بۆخۆشم لە زانكۆ خوێندکاری ماستەرم لە نەخۆشی میکرۆبی و ئێستا لە تاقیگەی دەستنیشانکردنی نەخۆشیدا خەریکی کارم." ...

October 5, 2020

"هیچهایک، شێوازێکی سەفەرکردنە لە چەند ساڵی رابردوودا لە تواو دونیا پەرەی پێدراوە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ بە پارەیەکی کەمتر سەفەرکەن. منیش دوو ساڵە بەئەم شێوازە سەفەر دەکەم. تەقریبەن دوو ساڵ پێش ئێستا لە تەک کوڕی خاڵۆزایەکما هەڵساین بە هیچهایک سەفەرکەین. لە ئەوەڵەوە مەقسەدمان جەزیرەی هورمز بوو، وەلێ تا ئەهواز بە سێ ماشین هیچهایکمان کرد. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هیچهایک ئەوەیە، دەتوانم لەگەڵ خەڵکی ئەو شارگەلەی کە زیندەگی تێدا دەکەن، ئێرتبات بگرم و لەگەڵیان ئاشنا ببم. ئەو ئیرتباتە فرە موهیمە و فرەتر تۆ ئاشنا ئەکا لە تەک ئەو مەنتقە. لەو مەسیرە هەم ئەو تەک فەرهەنگ تۆ ئاشنا ئەکا، هەم تۆ تەک فەرهەنگ ئەو ئاشنا ئەبیت. ئاخەرین سەفەرم بۆ لوڕستان بوو، وە تولانترین سەفەریشم جنوب بوو، کە ٢٤ ڕۆژ بوو." ...

October 2, 2020

"ئەگەر تۆ ساحێبی کاری خۆتبیت، واتە لە باری ئابورییەوە سەربەخۆبیت، ئەوا دەتوانیت وەک تاکێکی سەربەست لە سەر هەڵسووکەوتی خۆت بڕیار بدەیت و هەر جۆرێک کە پێت باشە ژیانت بە ڕێبکەیت. دیارە ئەم سەربەخۆبوونەش تووشی چەندەها جۆر کێشە و گرفتت دەکات و ڕەنگە وا بە ئاسانی لێی دەرنەچیت. بەڵام ئەمە خۆتی کە ئەبێ لەم نێوانەدا هێڵێک هەڵبژێریت. کە زانکۆم کۆتایی هات ئیدی بڕیارمدا کاری خۆم دەستپێبکەم. هەرچەند کە کارەکەم هیچ پەیوەندیەکی بە ئەندازیاریی ئەلەکترۆنیکەوە نیە کە لە زانکۆ خۆێندوومە، بەڵام مادەم تۆ کارێکت بۆ نەبوو لەو بوارەدا کە تێیدا پسپۆڕی، نابێت بوەستی و کات بە فیڕۆ بدەیت. ئیدی ئەوە ئەو کاتەیە کە تۆ دەتوانیت وەک تاکێک هەست بە خۆت بکەیت." ...

October 1, 2020

"چیرۆکە ڕاستەقینەکان تەنیا لە کاتی مردندا دووبارە دەگوترێنەوە. ئەوە یەکەم پرسیارە من لەخۆمی دەپرسم، مردن چیە؟ کە سەرم هەڵدێنم مەرگ لە هەموو بڕگەکانی ژیانمدا دەبینم. مردن لای من بە واتای پێنانە نێو نەبوون نیە، بەڵکو جۆرێکە لە دووپاتبوونەوەی بێکۆتایی. خەریکی دۆزینەوەی ئاسەواری مردنم بە سەر جەستەی ژیانمەوە. من گەیشتنەوە و دووبارە خوڵقاندنەوەم لە واتای مردندا دۆزیوەتەوە. ترس لە پچڕانی هێڵی پەیوەندییەکان. ئەمەیە مردن مەترسیدار دەکات، ئەگینا بە مانای نەبوونی هەتایی نییە و ڕۆحی مرۆڤ بوونی هەتا هەتایە." ...

September 27, 2020

"له منداڵییەوە خەریکی کاری شوانیم، له ئەسڵدا هیچم نەبوو و شوانی خەڵک بووم. بەڵام وردە وردە ئاژەڵم سەند و ئێستا هەموویان هی خۆمن. ئەو شوانەی له زووەوە شوانی کردبێت، بە ئەندازەی سوکە دکتۆرێکی لە چارەسەری ئاژەڵ ئەزانێت، ئەتوانێت خۆی چارەسەری ئاژەڵەکانی بکات. ئەتوانێت خۆی داوای دەرزی لە دکتۆر بکات و پێویست ناکات ئاژەڵەکان بهێنێت و ببات. لەم کارەیا بێتاقەتی هیچ شتێک نابیت و ته نیا بیر لەوە ئەکەیتەوە که لەوەڕ و ئاو بۆ ئاژەڵەکانت پەیدا کەیت. ئیتر له خەیاڵی ئەم دونیا نیت، بیر لەوە ناکەیتەوە کە بەیانی چی بکەم و چی نەکەم و کێ ببینم و بچم بۆ کوێ . لە ماڵەوە زۆریان بۆ هێناوم که ژن بێنم، بەتەمام ئەم پایزە کە بەتاڵم و سەرم سوکە بیری لێبکەمەوە. چونکە ئێستا تەواوی کاتەکانم لای ئەمانم." ...

September 26, 2020

"لە منداڵییەوە ھەركاتێک لە تیڤی تەماشای كارتۆنم دەكرد، ئەو كارتۆنانەی کە ئەسپیان تێدابوو زیاترم چێژم لێدەبینین و ھەستێكی خۆشییان دەدامێ. ھەموو كات لە خەیاڵی خۆمدا ئەسپێكی سپیم ھەبوو و قسەم دەگەڵ دەكرد، دەستم بە پشتیدا دەهێنا، خۆراكم بۆ دادەنا و مووی سەریم دادەهێنا، سواری دەبووم و دەڕۆیشتم و دەگەڕام. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، چووین بۆ گوندەکەی ماڵی دایكم و لەوێ بۆ یەکەمجار لە نزیکەوە ئەسپم بینی. بێئەوەی لێی بترسم یاخود نامۆبم پێی، ڕاستەوخۆ چوومە لای و دەستم پێداھێنا و داوام لە بابم کرد کە سوارمبکات. ئەوەندە كامەرانبووم، وامدەزانی لە ئاسماندا ھەڵدەفڕم! لەدوای ئەوكاتە زیاتر خولیای ھەبوونی ئەسپ و ئەسپسواریم کەوتە سەر و ببو بە خەونی شەو و ڕۆژم. بەڵام بەداخەوە لە شارێكی وەك مەھاباددا ئەوکاتە ھیچ شوێنێكی لێنەبوو وەك فێركاری ئەسپسواری یا تەنانەت شوێنێك بۆ ڕاگرتنی ئەسپ. تەنانەت بابم و براكانیشم ھاوڕانەبوون لەگەڵمدا و نەیاندەھێشت بە دوای خەیاڵەكەمدا بڕۆم" "تەنها كەسێك كە لە پشتم ڕاوەستا و یارمەتیدەرم بوو، دایكم بوو. بەڵام دیسان بەهۆی نەبوونی هیچ جێگەیەکی ئەسپسواری لە مەھاباد، بە ناچاری لە زانكۆ لە بواری ئابوریدا دەستم بە خوێندن کرد و دوای تەواوبوونی زانكۆش سەرقاڵی کاری ژمێریاری بووم تا پێنج ساڵ لەمەوبەر. پاشان لە مەھاباد جێگەی تایبەت بە فێربوونی سواربوونی ئەسپسواری داندرا و منیش ھەر لەوێ بە شێوەیەکی دروست و بە تەواوی فێری سوارچاکی بووم. دوای ئەو فێر بوونەش هەوڵم بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزدا لە وەرزشەکەدا و و توانیم ببمە یاریدەدەری ڕاھێنەر و ڕاهێنان بەو كەسانە بکەم كە وەك خۆم خولیای ئەسپسوارییان ھەبوو. ئێستاش خوێندکاری ڕاھێنانم لە بنكەی سواربوونی زانكۆی تاران و ماوەی سێ ساڵە جێگری سەرۆکی یەکێتی سوارچاکانم لە شاری مەھاباد" ...