Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 14, 2021

"چل ساڵ ئەبێت خەریکی ئەم کارەم، هەر ئەو کاتەی بابم مرد دەستمپێکرد بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە کۆمەک بکەم کە ئێحتیاجیان بوو. چەن کەسێکی کەم هەبوون کە ئەم کارەیان ئەکرد هەر کامیان لە گوندێک دەژیان، بەڵام ئێستە هەموویان مردوون و فەقەت من ماوم. گێڕانەوەی دەست و پێی شکیاو لە بابم فێر بووم، نەهاتووە پێش کە لەم چەند ساڵەی کاردەکەم خەتایەک لە من روو بدات و ببمە باعیس خەڵکی، ئەگەر نەمتوانیبێت هەر ئەو کاتە وتوومە پێیان و بۆ دکتۆر ناردوومن. ئەم ساڵانە هەموو کات درگای ماڵەکەم باز بووە و شەو و نیوە شەو خەڵک بۆ دەرمان هاتوونە لام. هیچکات بیرم لە پارە نەکردووەتەوە و فەقەت حەزم لە ئەوە بووە کە بە خەڵک کۆمەک بکەم، بۆیە ئێستەش حەز دەکەم مناڵەکانم فێربن و لە داهاتوو کە من نەمام بتوانن یارمەتیدەری خەڵک بن، بەڵام بەداخەوە حەزیان لێینیە. چەن ساڵە هاوسەرەکەم لەدەسداوە و تەنیام، بەڵام بە بۆنەی ئەم خزمەتە شوکر خەڵک دێنە لام و حورمەتم بۆ دادەنێن و تەنیا نابم، ئیتر لە ئەمە زیاتر چیم لە خوا گەرەک کە خەڵک لێم رازین". ...

March 12, 2021

"ئەوکاتەی ژیانم ناسی لەناو کۆمەڵگایەکی نیشتمانپەروەردا بووم، کەسانی دەووروبەرم باسی زمانی دایک، نیشتمانی سەربەخۆ، مافی مرۆڤ و ئازادییان دەکرد. تەواوی ئەو وشانە لەلای من زۆر قورس بوون و مانای هیچ یەک لەو وشانەم نەدەزانی تا ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار بەشداریم لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردەواری کرد. ئەو کاتەی کە سروودی مامۆستای مۆسیقای کوردی حەسەن زیرەکم بە زمانی لاوێتی خۆم دووپات دەکردەوە. ئەو کاتە بوو دەمارەکانم هەستیانکرد بێبەشم لە زمانی دایک لە نیشتمانی سەربەخۆ، لە مافی مرۆڤ و لە ئازادی تاکەکەسی. هەر لەو رۆژەوە بە هیوای بەدەستهێنانی ئەو ئاواتانەوە ژیانم خۆشویست. خۆشترین کاتی ژیانی منی کچە کورد ئەو کاتەیە کە گەل و نیشتمانەکەم ئازاد بێت". ...

March 9, 2021

"زەمانی قەدیمی ئێمە پڕبووین لە کار و کوێرەوەری بەڵام ئێستا بە تەواوەتی ژیان خۆشترە چە بۆ ژنان چە بۆ پیاوان. کاروباری ژیان رەحەتترە. برام شەهید بوو وە کوڕم کوژرا، ئەمانە زۆر بۆم سەخت بوو. لەوانەیە هەندێجار ناخۆشتربێ کاتێک کە مەرگ بە شێوازێکی ناحەز خۆی پیشان دەدات. بۆ من بە ناخۆشترین شێواز خۆی نیشانیدا کاتێک کوڕەکەم لە گەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بەیەکەوە گاڵتە و شۆخیان دەکرد و بەهۆی دەرچوونی تاپڕ گیانی لەدەستدا. کوڕەکەم خاوەنی ژن و منداڵە و دوو کوڕی هەیە، چونکە دەمانزانی ئەو هاوڕێیەی کوڕەکەم بێگوناحە و تاوانبار نییە بەخشیمان و هەر بەخۆشی لەگەڵ ئەو بنەماڵە هاتوچۆ دەکەین. برایەکەشم بە مین گیانی لەدەستدا. ئەوانە خەفەتی ژیانی من و بنەماڵەکەم بوون. بەس زەلیل و کەفتەکاری جێگە نەبین، چونکە سەختە بم بە ملی منداڵەکان و ئەزیەتیان بدەم. لەم ساڵانە زۆر بووەتەوە ئەو دایک و بابانەی کە کەفتەکاری جێگە ئەبن و چەند سەختیان لێ دەچێت کاتێک کە مناڵ بەخێویان دەکات". ...

March 2, 2021

"خۆشترین کاتی ژیانم ئەو کاتانەیە کە مۆسیقا گوێئەدەم و لەگەڵی کاری هونەری دەکەم، تەواوی هونەرەکان جێگەی ڕێزیان هەیە چونکە ژیانمان بە تەواوی دەگۆڕێت، بۆ من وا بوو بۆیە لە دوای ماوەیەک کاری تەراحی و کاریکاتۆر بەردەوام بووم و وێنەگریشم دەستپێکرد. ئەم ساڵانە زۆرترین کاتم بۆ وێنەگری داناوە چونکە خۆشترین کاتی بۆم خوڵقاندووە. ناخۆشترین کاتم ئەو کاتەیە کە بەعنوان مرۆڤێک وجودم هەبێت بەڵام بە سوود و بە کەڵک نەبم و ئومێدم بە ژیان نەبێت. لە ڕوانگەی منەوە ژیان فرسەتێکە بۆ ئینسان دەبێت زندگی کەین و هەرچەن کەیفیەتی ژیان باشتر ببێت باشترە، چونکە ئەو باش بوونەی هەموو جیهان دەگەرێتەوە. نابێت بێخەیاڵی ژیان بین و بڵێت ئەڕوات و گرینگی پێنەدەین. زۆر جار دەتوانی ژیان بە دڵی تۆ بێت و خۆمان داهاتووی خۆمان بسازنین. داهاتوو بۆم گرینگە چونکە دەزانم کاتێک گەیشتمە داهاتوو بیر بە ئێستەم دەکەم و هەر بۆ ئەمەش هەوڵدەدەم ئێستەم بە دروستی بڕواتە پێش و بە ئێستەم زیاتر بەها بدەم". ...

February 27, 2021

"وێنەکان نامرن، لەگەڵت ئەمێنن. من له تەواوبوون و جیایی بێزارم، نەک هەر بۆ مرۆڤەکان، بەڵکو بۆ ساتەکانیش. بۆیە هەمووکات هەوڵی وێنەگرتن ئەدەم بۆ مانەوەی ساتەکان. باوەڕم بووە بە خۆم و تەواوی حەزەکانم. داهاتووی من وەک منداڵێکە کە من بەخێوم کردووە. هەوڵی بۆ ئەدەم و کۆشیوومە کە بە باشی و باوەڕێکی جوانەوە بژیم، من ڕەنجەکان و ناخۆشییەکانی سەر رێگامم خۆشئەوێ، ڕێگایەک کە ڕەنجی نەبێ و تێتنەپەراندبێت، لای تۆ جوانە؟ تا ئێستا وێنەی ئەو ڕووداوانەی کە لام بەنرخبووە گرتوومە، ئێستا وێنەی خۆشییەکانی بنەماڵەکانی ئەم شارەیش تۆمار ئەکەم. گەورەترین شتێک کە زۆر یارمەتیداوم بیرکردنەوە بووە، بیرکردنەوە لە ناسینی خۆم و چۆنیەتی و ئاستی ژیانم، خۆناسین بڕیارەکانت بۆ ئاسانتر ئەکات و ئەزانی چەندت ماوە بۆ گەیشتن و تا چ ڕادەیەک ئەبێ هەوڵ بدەیت. خەیاڵێکی جوان لە داهاتوو، ژیانێکی جوانت بۆ بەدی دێنێت". ...

February 22, 2021

"کاتێک کە تەمەنم گەیشتە 20 ساڵ هەموو کارێکم دەکرد کە بمتوانیایە. ئەمە بوو بووە هۆی ئەوە تا ڕادەیەک ئازادیم ببێت و لەگەڵ هاوڕێکانم بڕۆمە سەفەر و زیاتر بگەڕێم. لە هەر سەفەرێک کە ئەڕۆیشتم لەگەڵ مرۆڤانێکی جیاواز کە دین و باوەڕێکی جیاوازیان هەبوو ئاشنا دەبووم. وردە وردە تێگەیشتم بە ناسینی هەر کام لە ئەم مرۆڤانە بەشێک لە زاتی خۆشم دەناسم. پێش ئەوە هیچ بیرم بە خۆناسی نەکردبوو بەڵام دوایی ئەم سەفەرانە زۆر زۆر جیاواز بوو ژیانم. تێگەیشتم کە هەموو خەڵکی وەکو من خاسی و خراپیان هەیە. کات هەبوو شتانێکی خراپم لە دەروونی خۆم ئەدۆزیەوە کە لە خۆم و لە ژیان بێزار ئەبووم. بەڵام ئەمانە دوایی ماوەیەک بوون هۆی ئەوە کە ئەبێت گۆڕانکاری لەسەر خۆم بکەم چونکە زۆر شتی جیاوازیشم لە دەروونم وەکو کچێک پەیدا کرد کە بوونە هۆی ئەوەی خۆمم خۆشبوێت. ئێستە و لە حاڵی حازردا خۆمم لە هەموو شتێک زیاتر خۆش ئەوێت و زۆر خۆشحاڵم بە ناسینی خۆم". ...

February 19, 2021

"کاتێک گەنج بووم وهێشتا هاوسەرگیریم نەکردبوو ژیانم زۆر خۆش بوو زۆرم حەز له چنین بوو هەربۆیه خەریک کلاو و گۆرەوی و شت چنین بووم دواتر که هاوسەرگیریم کرد و به قسەی کەس و کارانم کرد و مێردم کرد، یەکترمان نەدناسی بۆیه به خۆشەویستی نەبووە بەڵام دواتر یەکترمان زۆر خۆشویست ئەوکاتی که شوم پێکرد سەربازی نەکردبوو بۆیه سێ مانگ دوای هاوسەرگیریمان رۆیشت بۆ سەربازی دوو ساڵ لەوێ بوو له ئەو دوو ساڵەدا تەنها دوو جار هاتووەتەوه بۆ ماڵەوه چونکە ئەو وەخت رگایان نەدەدا وەکو ئێستا زوزو بێنەوە، هەربۆیه بۆ من زۆر ناخۆش بوو چونکە تازه بوک بووم و ‌هیچ کەسیشم نەدەناسی چونکە خەڵکی دێهاتێکی تر بووم ئەو ڕۆژانه سەختی و ناخۆشی زۆرم چەشت. کچێکی ژیر و ئازا بووم هەموو کارەکەم دەکرد دەچووم بۆ هەوار، هەموو کارەکان بەخۆم دەمکردن و زۆر ماندوو بووم کاری دێهاتیش که هەمیشه سەخت و زۆره خەسووشم منداڵەکانی هەموو وردیله بوون و دەبوایه ئاگاداری ئەوانیش ببم ئاوا ژیانمان دەچوو بەرەو پێش". "دوای ئەوەی که هاوسەرەکەم بڕیاریدا که ماڵبگوازینەوە و دوو به دوو ژیانێکی تازه دەست پێبکەین، که جودابووینەوه هیچمان نەبوو هیچ شتەک. خەزوری خوالێخۆشبووم پێش ئەوەی عمری خودا بکات گوتبووی که دەبێ ماڵەکەمان بدەنێ بەڵام هاوسەرەکم گوتی نامەوێ ئەوه حەقی ئەو منداڵانەیە هەربۆیه به هەوڵ و تێکۆشانی خۆم و کارکردنی هاوسەرەکەم ورده ورده کارمان کرد من خۆم به چنینی کلاو و گۆرەوی و فرۆشتنی وان ماڵمان دروستکرد. له ژیانمدا هیچ کات له هیچ نەترساوم بەڵام ئێستا دەترسم، ئێستا که تەمەنەکم ڕۆشتووه لەوه دەترسم بکەومه سەر زەوی و قاچەکانم لەدەست بدەم، که پیر بووی نەخۆشی زۆر سەر هەڵدەدات لێت، ئێستا چاوم ضعیفە، چەوریمه زۆر نەخۆشم ئێستا به ئاواتم بچم هەتا دەرەوه بەڵام ناتوانم و دەبێ لەسەر چنگان برۆم و سەخته بۆم دەترسم لەوه زیاتر نەخۆش کەوم و بکەوم سەر جێگا ئەوکات کەس نیه به هاوسەرەکەم رابگات، هیچ کەسمان نیه دوو به دووین قسمەت نەبووه منداڵمان هەبێت، شەو و رۆژ کارم گریانه دەڵێم خودایه بۆچی منداڵێکت پێنەبخشیم منداڵ رووناکی ماڵه بەڵام بەداخەوە هەرگیز بەنسیبمان نەبووە ئەوەش ناخۆشترین شتی ژیانی منه". ...

February 17, 2021

"ترس و دڵەڕاوکێی من لە کۆمەڵگایە کە خراپ دەڕوات، قەدیم وانەبوو. بە وجودی ئەوەی ئیمکانات کەمبوو و خۆشتربوو و جەفەت کەمتربوو. بێگومان لە هەموو سەردەم و شوێنێک خراپی و چاکی هەبووە، بەڵام بە بڕوای من ئێستا خراپەکاری زۆرتر بووە. لە دنیای ئەمڕۆدا بنیادەمەکان بە رەحەتی فێڵ لە یەکتر دەکەن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان. ئامۆژگاریم بۆ خەڵک ئەوەیە کە چاکبن و تا دەتوانن یارمەتی یەکتر بدەن، هەموو لەسەر ئەم جیهانە و لەسەر یەک زەوی دەژین. هەر بۆیە وەک خوشک، برا، هاوڕێ، هاوڵاتییەک و لە هەمووی گرنگتر وەک مرۆڤ دەست لە دەستی یەکتر هەوڵبدەین بۆ داهاتوویەکی روون، وە خراپەکاری لەناوببەین و نەهێڵین ڕەشی و تاریکی بەسەر دەروونمان زاڵبێت. دەتوانم بڵێم ناخۆشییەکانم لە خۆشییەکانم زیاتربوون. لە تەمەنی منداڵیدا دایکم جێیهێشتم، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە خۆشەویستی و مەحەبەتی دایک بێبەشبووم. کە گەیشتمە تەمەنی گەنجی هاوسەرگیریم کرد، هەرچەندە بە خۆشەویستی نەبوو بەڵام ئێستا زۆر دڵخۆشین پێکەوە. بۆ ئەمڕۆ دەژیم چونکە کەس لە داهاتووی خۆی خەبەری نییە و لە یەک سانیەدا ژیان کۆتایی پێدێت. هەربۆیە بۆ ئەمڕۆ دەژیم نەک سبەی، ئەو ساتە خۆش دەکەم کە تێیدا دەژیم". ...

February 16, 2021

"خۆشترین کاتی ژیانم ئەو کاتەبوو کە خۆمم ناسیووە، زانیم لەم جیهانە قەرارە کێ بم و بەرەو کوێ بڕۆم، وە هونەر ریتمی دا بە ژیانم. ئەفکاری مەنفی وەکو مرۆڤانێکن که لە نێو کەشتی تۆن و نایانەوێت کەشتییەکەت بگاتە وشکی، هەوڵ ئەدەن کە غەرق ببێت و بتبەنە قووڵایی دەریاکە، بەڵام ئەبێ لەبیرتان بێت کە ساحێبی ئەم کەشتییە ئێوەن، هیچکات مەهێڵن ئەو مرۆڤە ڕەشانە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕۆح و بیرتان تەسخیر بکەن خێرا دایانبەزێنن تا ئازادبن. هەرکەسێک بە هەر بیرو بڕوایەک بە جۆرێ کە ئازاری بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤەکان نەبێت بوونی هێژایە. بێزاری من کاتێک بوو که خۆمم لەدەس دابوو، جیهانێکی ڕەشم بۆ خۆم دروستکردبوو کە نەمەتوانی گەشبینبم و ئازارم بینی. گەورەترین ئاستەنگم ئەوەیه که ڕۆژێک بتوانم بەرهەمەکانم بڕۆنه نێو مارکێتی جیهانی موزیک و موزیکی کوردی به شێوەیەکی جیاواز به جیهان بناسێنم. من هەموو ڕۆژی ژیانم پڕ لە گۆڕانە و هەوڵ بۆ باشتربوون ئەدەم، هەروەها فێربوون و تێگەیشتن". ...

February 14, 2021

"ژیان پراوپرە لە ترس. شایەد بۆ من وابێت کە لە هەموو شتێک دەترسم، لە ئاژەڵەکان تا مرۆڤەکان. بەڵام لە مناڵییەوە بە ئەوە گەورە کراین کە ئەبێ هەر لە خوا بترسین و خۆمان بپارێزین کە خوا تۆڵەمان لێنەکاتەوە. کاتێک گەورەبووم وردە وردە خۆشەویستی ڕاستەقینەم لە بەینی خۆم و خوا حس کرد و تێگەیشتم ترسی ناوێت و وەکو رەفیقێک لەگەڵی شەو و رۆژم بەسەر ئەبەم و هەموو کات لەگەڵمایە و ئەمە بووە هۆی ئەوەی خۆشترین کاتەکانی ژیانم ئەو کاتانە بێت کە لەگەڵ خوای خۆم قسە دەکەم. ئێستە ئیتر ئەو بێزاریانەش کە پێشتر هەمبوو کاتێک کە جلێکی خراوم لەبەردەکرد لە بەین چوو. خۆشەویستی خوام لە خۆشەویستی لەگەڵ خۆم و هەستەکانم پەیداکرد و زانیم خۆشی لە ئەوەیە من دڵخوشبم بە ژیان". ...

February 12, 2021

"تەمەن بە بڕوای من گەورەترین لە دەستدانی ژیانە کە ئەبێ بە چرکە چرکەی بیر کەینەوە و بە فیرۆی نەدەین، لە مردن زیاتر لە هەموو شتێک دەترسم و پێم وایە تەبێعییە و زۆربەی خەڵکی وایە. مردنی ئازیزانم ناخۆشترین کاتی ژیانم بووە. لە دوای تەمەنی گەنجی و ۲۱ساڵییەوە زانیم که ئینسان بە هەر بیر و باوەڕێک بێت تەنیا بە پێکەوەبوون دەتوانێت ژیان بە سەر ببات و بە لای یەکبوون ژیان خۆشە و ئەڕواتە پێش. ژیان کورتە دڵی کەسێک خۆشبکەن ئەمە تەنیا ئامۆژگارییە کە دەتوانم بیڵێم. کاتێ که دەچمە عکاسی خۆشترین کاتی ژیانمە ئەو کاتانەی کە لەگەڵ خەڵکم و هەست و ئێحساسەکەیان بە وێنە دەکێشم. هەر کاتێک لە دونیای هونەر دوور بکەومەوە ئەوە بۆم قورسە. پەشیمانم ئەو کاتە کە لە ساڵی دووهەمی دەبیرستان چوومە رشتەی ریازی و نەڕۆیشتمە هونەر. وە ئەو ڕۆژەی کە وێنەی لاشەی ئالانی کوردیم بینی لە لێواری دەریا لە ژیان بێزاربووم و هیچکات لە بیرم ناڕواتەوە و هەمیشە بیری پێ ئەکەم. ئەو کەسانەی کەوا هەوڵی زۆرم داوە بۆ پێشکەوتنیان و ئەوان بە ناخۆشی لە گەڵما هەڵسوکەوتیان کرد، ئەمە زۆر ئینسان بێزار ئەکات". ...

February 3, 2021

"ژیان پڕاوپڕە لە خۆشی و ناخۆشی، خۆشترین کاتەکانی ژیانم ئەو کاتانەبوون وەکو کچێکی ئازاد پێ بە پێی هاوڕێیان لە کاروباری ئاوایی بەشداریم کردووە، وەکو نەورۆز و کاری کتێبخانە یان دانانی کتێبخانەیێکی بچووک لە دیوەکەم کە هەر چەند بچووک بوو بەڵام دڵخۆشبووم پێی کە دەمتوانی کتێب بدەم بە گەلی هاوڕێیان و منداڵان. وەکو کچێک زۆرجار پێشەنگی کچانی گوندبووم بۆ زۆر کاروبار بە تایبەت کاری فەرهەنگی و کتێبدان. ناخۆشی زۆرن بە تایبەت ئەو کاتەنەی هاوڕێیەکت دەڕوات یاخود زۆر شت بە دڵت ناڕۆنە پێش. هۆکارێکم نەبووە کە ماندووبم لە ژیان، زۆر جار کەوتووم و هەستاومەوە و ڕانەوەستاوم. لە کۆتاییدا هیوادارم بتوانم خدمەت بکەم بە کچ و کوڕ و گەلی نیشتمانم و بە گشت ئاواتەکانیان بگەن". ...