Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 19, 2021

"کاتێک گەنج بووم وهێشتا هاوسەرگیریم نەکردبوو ژیانم زۆر خۆش بوو زۆرم حەز له چنین بوو هەربۆیه خەریک کلاو و گۆرەوی و شت چنین بووم دواتر که هاوسەرگیریم کرد و به قسەی کەس و کارانم کرد و مێردم کرد، یەکترمان نەدناسی بۆیه به خۆشەویستی نەبووە بەڵام دواتر یەکترمان زۆر خۆشویست ئەوکاتی که شوم پێکرد سەربازی نەکردبوو بۆیه سێ مانگ دوای هاوسەرگیریمان رۆیشت بۆ سەربازی دوو ساڵ لەوێ بوو له ئەو دوو ساڵەدا تەنها دوو جار هاتووەتەوه بۆ ماڵەوه چونکە ئەو وەخت رگایان نەدەدا وەکو ئێستا زوزو بێنەوە، هەربۆیه بۆ من زۆر ناخۆش بوو چونکە تازه بوک بووم و ‌هیچ کەسیشم نەدەناسی چونکە خەڵکی دێهاتێکی تر بووم ئەو ڕۆژانه سەختی و ناخۆشی زۆرم چەشت. کچێکی ژیر و ئازا بووم هەموو کارەکەم دەکرد دەچووم بۆ هەوار، هەموو کارەکان بەخۆم دەمکردن و زۆر ماندوو بووم کاری دێهاتیش که هەمیشه سەخت و زۆره خەسووشم منداڵەکانی هەموو وردیله بوون و دەبوایه ئاگاداری ئەوانیش ببم ئاوا ژیانمان دەچوو بەرەو پێش". "دوای ئەوەی که هاوسەرەکەم بڕیاریدا که ماڵبگوازینەوە و دوو به دوو ژیانێکی تازه دەست پێبکەین، که جودابووینەوه هیچمان نەبوو هیچ شتەک. خەزوری خوالێخۆشبووم پێش ئەوەی عمری خودا بکات گوتبووی که دەبێ ماڵەکەمان بدەنێ بەڵام هاوسەرەکم گوتی نامەوێ ئەوه حەقی ئەو منداڵانەیە هەربۆیه به هەوڵ و تێکۆشانی خۆم و کارکردنی هاوسەرەکەم ورده ورده کارمان کرد من خۆم به چنینی کلاو و گۆرەوی و فرۆشتنی وان ماڵمان دروستکرد. له ژیانمدا هیچ کات له هیچ نەترساوم بەڵام ئێستا دەترسم، ئێستا که تەمەنەکم ڕۆشتووه لەوه دەترسم بکەومه سەر زەوی و قاچەکانم لەدەست بدەم، که پیر بووی نەخۆشی زۆر سەر هەڵدەدات لێت، ئێستا چاوم ضعیفە، چەوریمه زۆر نەخۆشم ئێستا به ئاواتم بچم هەتا دەرەوه بەڵام ناتوانم و دەبێ لەسەر چنگان برۆم و سەخته بۆم دەترسم لەوه زیاتر نەخۆش کەوم و بکەوم سەر جێگا ئەوکات کەس نیه به هاوسەرەکەم رابگات، هیچ کەسمان نیه دوو به دووین قسمەت نەبووه منداڵمان هەبێت، شەو و رۆژ کارم گریانه دەڵێم خودایه بۆچی منداڵێکت پێنەبخشیم منداڵ رووناکی ماڵه بەڵام بەداخەوە هەرگیز بەنسیبمان نەبووە ئەوەش ناخۆشترین شتی ژیانی منه". ...

February 17, 2021

"ترس و دڵەڕاوکێی من لە کۆمەڵگایە کە خراپ دەڕوات، قەدیم وانەبوو. بە وجودی ئەوەی ئیمکانات کەمبوو و خۆشتربوو و جەفەت کەمتربوو. بێگومان لە هەموو سەردەم و شوێنێک خراپی و چاکی هەبووە، بەڵام بە بڕوای من ئێستا خراپەکاری زۆرتر بووە. لە دنیای ئەمڕۆدا بنیادەمەکان بە رەحەتی فێڵ لە یەکتر دەکەن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان. ئامۆژگاریم بۆ خەڵک ئەوەیە کە چاکبن و تا دەتوانن یارمەتی یەکتر بدەن، هەموو لەسەر ئەم جیهانە و لەسەر یەک زەوی دەژین. هەر بۆیە وەک خوشک، برا، هاوڕێ، هاوڵاتییەک و لە هەمووی گرنگتر وەک مرۆڤ دەست لە دەستی یەکتر هەوڵبدەین بۆ داهاتوویەکی روون، وە خراپەکاری لەناوببەین و نەهێڵین ڕەشی و تاریکی بەسەر دەروونمان زاڵبێت. دەتوانم بڵێم ناخۆشییەکانم لە خۆشییەکانم زیاتربوون. لە تەمەنی منداڵیدا دایکم جێیهێشتم، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە خۆشەویستی و مەحەبەتی دایک بێبەشبووم. کە گەیشتمە تەمەنی گەنجی هاوسەرگیریم کرد، هەرچەندە بە خۆشەویستی نەبوو بەڵام ئێستا زۆر دڵخۆشین پێکەوە. بۆ ئەمڕۆ دەژیم چونکە کەس لە داهاتووی خۆی خەبەری نییە و لە یەک سانیەدا ژیان کۆتایی پێدێت. هەربۆیە بۆ ئەمڕۆ دەژیم نەک سبەی، ئەو ساتە خۆش دەکەم کە تێیدا دەژیم". ...

February 16, 2021

"خۆشترین کاتی ژیانم ئەو کاتەبوو کە خۆمم ناسیووە، زانیم لەم جیهانە قەرارە کێ بم و بەرەو کوێ بڕۆم، وە هونەر ریتمی دا بە ژیانم. ئەفکاری مەنفی وەکو مرۆڤانێکن که لە نێو کەشتی تۆن و نایانەوێت کەشتییەکەت بگاتە وشکی، هەوڵ ئەدەن کە غەرق ببێت و بتبەنە قووڵایی دەریاکە، بەڵام ئەبێ لەبیرتان بێت کە ساحێبی ئەم کەشتییە ئێوەن، هیچکات مەهێڵن ئەو مرۆڤە ڕەشانە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕۆح و بیرتان تەسخیر بکەن خێرا دایانبەزێنن تا ئازادبن. هەرکەسێک بە هەر بیرو بڕوایەک بە جۆرێ کە ئازاری بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤەکان نەبێت بوونی هێژایە. بێزاری من کاتێک بوو که خۆمم لەدەس دابوو، جیهانێکی ڕەشم بۆ خۆم دروستکردبوو کە نەمەتوانی گەشبینبم و ئازارم بینی. گەورەترین ئاستەنگم ئەوەیه که ڕۆژێک بتوانم بەرهەمەکانم بڕۆنه نێو مارکێتی جیهانی موزیک و موزیکی کوردی به شێوەیەکی جیاواز به جیهان بناسێنم. من هەموو ڕۆژی ژیانم پڕ لە گۆڕانە و هەوڵ بۆ باشتربوون ئەدەم، هەروەها فێربوون و تێگەیشتن". ...

February 14, 2021

"ژیان پراوپرە لە ترس. شایەد بۆ من وابێت کە لە هەموو شتێک دەترسم، لە ئاژەڵەکان تا مرۆڤەکان. بەڵام لە مناڵییەوە بە ئەوە گەورە کراین کە ئەبێ هەر لە خوا بترسین و خۆمان بپارێزین کە خوا تۆڵەمان لێنەکاتەوە. کاتێک گەورەبووم وردە وردە خۆشەویستی ڕاستەقینەم لە بەینی خۆم و خوا حس کرد و تێگەیشتم ترسی ناوێت و وەکو رەفیقێک لەگەڵی شەو و رۆژم بەسەر ئەبەم و هەموو کات لەگەڵمایە و ئەمە بووە هۆی ئەوەی خۆشترین کاتەکانی ژیانم ئەو کاتانە بێت کە لەگەڵ خوای خۆم قسە دەکەم. ئێستە ئیتر ئەو بێزاریانەش کە پێشتر هەمبوو کاتێک کە جلێکی خراوم لەبەردەکرد لە بەین چوو. خۆشەویستی خوام لە خۆشەویستی لەگەڵ خۆم و هەستەکانم پەیداکرد و زانیم خۆشی لە ئەوەیە من دڵخوشبم بە ژیان". ...

February 12, 2021

"تەمەن بە بڕوای من گەورەترین لە دەستدانی ژیانە کە ئەبێ بە چرکە چرکەی بیر کەینەوە و بە فیرۆی نەدەین، لە مردن زیاتر لە هەموو شتێک دەترسم و پێم وایە تەبێعییە و زۆربەی خەڵکی وایە. مردنی ئازیزانم ناخۆشترین کاتی ژیانم بووە. لە دوای تەمەنی گەنجی و ۲۱ساڵییەوە زانیم که ئینسان بە هەر بیر و باوەڕێک بێت تەنیا بە پێکەوەبوون دەتوانێت ژیان بە سەر ببات و بە لای یەکبوون ژیان خۆشە و ئەڕواتە پێش. ژیان کورتە دڵی کەسێک خۆشبکەن ئەمە تەنیا ئامۆژگارییە کە دەتوانم بیڵێم. کاتێ که دەچمە عکاسی خۆشترین کاتی ژیانمە ئەو کاتانەی کە لەگەڵ خەڵکم و هەست و ئێحساسەکەیان بە وێنە دەکێشم. هەر کاتێک لە دونیای هونەر دوور بکەومەوە ئەوە بۆم قورسە. پەشیمانم ئەو کاتە کە لە ساڵی دووهەمی دەبیرستان چوومە رشتەی ریازی و نەڕۆیشتمە هونەر. وە ئەو ڕۆژەی کە وێنەی لاشەی ئالانی کوردیم بینی لە لێواری دەریا لە ژیان بێزاربووم و هیچکات لە بیرم ناڕواتەوە و هەمیشە بیری پێ ئەکەم. ئەو کەسانەی کەوا هەوڵی زۆرم داوە بۆ پێشکەوتنیان و ئەوان بە ناخۆشی لە گەڵما هەڵسوکەوتیان کرد، ئەمە زۆر ئینسان بێزار ئەکات". ...

February 3, 2021

"ژیان پڕاوپڕە لە خۆشی و ناخۆشی، خۆشترین کاتەکانی ژیانم ئەو کاتانەبوون وەکو کچێکی ئازاد پێ بە پێی هاوڕێیان لە کاروباری ئاوایی بەشداریم کردووە، وەکو نەورۆز و کاری کتێبخانە یان دانانی کتێبخانەیێکی بچووک لە دیوەکەم کە هەر چەند بچووک بوو بەڵام دڵخۆشبووم پێی کە دەمتوانی کتێب بدەم بە گەلی هاوڕێیان و منداڵان. وەکو کچێک زۆرجار پێشەنگی کچانی گوندبووم بۆ زۆر کاروبار بە تایبەت کاری فەرهەنگی و کتێبدان. ناخۆشی زۆرن بە تایبەت ئەو کاتەنەی هاوڕێیەکت دەڕوات یاخود زۆر شت بە دڵت ناڕۆنە پێش. هۆکارێکم نەبووە کە ماندووبم لە ژیان، زۆر جار کەوتووم و هەستاومەوە و ڕانەوەستاوم. لە کۆتاییدا هیوادارم بتوانم خدمەت بکەم بە کچ و کوڕ و گەلی نیشتمانم و بە گشت ئاواتەکانیان بگەن". ...

February 1, 2021

"تەمەنێکی کەمم هەیە، بەڵام ئاواتم بۆ داهاتوو زۆرە و بیرئەکەمەوە زۆریش گەورەن بەڵام زۆر گەشبینم له ژیانمدا و هەستم وایە پێیان دەگەم. ناخۆشترین ڕۆژی ژیانم ئەو ڕۆژه بوو که داپیرم لەدەستدا چونکە خۆشیدەویستم و منیش خۆشمدەویست و زۆر شتی لێوە فێربووم. لە ژیانی خەڵکی پێش لە خۆمان کە چۆن ژیانیان ئاوا سەخت تێپەڕبوو و ئێستە لە پای ئەو سەردەمە خەڵکی ژیانێکی ئاسوودەتریان هەیە. دڵنیام ڕۆژانێکی خۆش چاوەڕێم دەکەن، گەشبینم به داهاتوو و ئاواتی بوون بە دکتۆرم له سەردایە. دایکم ئازیزترین کەسی ژیانمه چونکە هەمووکات پشتگیریم دکات. بۆیە زۆربەی ئەو کارانەی کە پێمی دەڵێت دەیکەم وەکو لەگەڵ مەڕەکان ڕۆیشتن بۆ کێو و تەواوی هاوینان لەگەڵیان بم. گەرچی ئەمە بۆتە هۆی ئەوە کە بە ئاژەڵان و گیاندارەکانی دیکە وەکو سەگ و تۆتک حورمەت دابنێم و ئەوانیشم خۆشبوێت". ...

January 30, 2021

"هیچ کاتێک له ژیان نائومێد نەبووم و قەت حەسرەتم بۆ پول و ماڵ نەخواردووە، بەس لەشێکی ساغ و ژیانێکی خۆشم لەگەڵ بنەماڵەکەم هەبێت. هەموو کارەکانم له کاتی خۆیدا دەکەم، بۆیە حەسرەتم نەخواردووە و نیمە بۆ کارێک که نەمکردووە. قسەی کەس له دڵ ناگرم و مرۆڤێکی ساده و دڵپاکم. به بڕوای من هەموو کەسێك له ژیانیدا ترسی له شتێک هەیه، من وەکو خۆم له ژیانی ئەمڕۆدا له مردن دەترسم و دڵەڕاوکیێم هەیە. له دوا تەمەنی 21 ساڵییەوه که دەستپێکی ژیانێکی تازەبوو بۆ من تەواو پێویستبوو کە هەڵسوکەوتەکانی خۆم بگۆڕم و وەکو خانمێک ڕەفتار بکەم. هاوسەرگیری ئەوەڵجارم به خۆشەویستی نەبوو، بەڵام دووەم به خۆشەویستی بوو، ئێستاش زۆر دڵخۆشین بەیەکەوە. بە ڕای من ژیان ئەبێ وابێت و حەیفە تەواوی تەمەنت بە حەسرەت بۆ هاوسەرێکی باش بە سەر نەبەیت. ئەوەی کە خۆت نەجات بدەیت لە ژیانێکی کە خۆشەویستی تێدا نییە زۆر گرینگە، دوو کوڕم هەیە و ئێستا ئاواتمان ئەوەیه کچمان هەبێت چونکە کچ لای ئێمە ڕووناکی ماڵە. فەخر دەکەم کە دایکم و هەم ژنم و هەم هاوسەر، له لای من هیچ فەرق لەنێوان ژن و پیاو نییه و مافەکانیان بەرامبەرە بۆیه ئاوات ناخوازم پیاو بایم". ...

January 29, 2021

"لە هەموو شتێک زیاتر لەوە دەترسم کە بنەماڵەکەم لەدەستبدەم، بۆیە نەمتوانی لێیان دووربم و دوای ئەوەی کە دەرس و زانکۆم تەواوکرد، هاتمەوە بۆ گوندەکەمان بۆلای بنەماڵەم. خۆشترین کاتی ژیانم ئەو کاتانە و ئەو چرکانەیە کە بتوانم مرۆڤێکی بەسوود بم بۆ دنیا. بۆیە زۆربەی کاتم بۆ خزمەت بە خەڵکی و گوندەکەم داناوە کە ئێستا بەرپرسیانم، بەتەواوی خۆمم لە بیرچۆتەوە و ئەمە بێزارم دەکات. بێزار ئەبم ئەگەر بە ئامانج و ئاواتەکان نەگەم. هیچ شتێک لەم ژیانە نەیتوانیووە ڕێگری بکات و ئازارم بدات جگە لە کات. لەو ماوەیەی کە بۆمەتە بەرپرسی گوند، تا ئەو جێگە کە توانیوومە بە فکری خەڵکدا بووم بە تایبەت گەنجەکان. باشترین کارێک کە لە گوند کراوە رێکخستنی زەوی فۆتبال بوو لە باشترین جێگەی گوند. زۆربەی مناڵان و گەنجانی گوندەکە دەڕۆنە ئەوێ و سەرگەرمن، و زۆر دڵخۆشن بە کایە لە ئەوێ". ...

January 27, 2021

"بێگومان هەموو کەس له ژیانیدا خۆشی و ناخۆشی دەبینێت، منیش کاتوساتی خۆش و ناخۆشم هەبووه ناخۆشترین کاتی ژیانم ئەو وکاته بوو که کوڕەکەم لەدەستدا و شەهید بوو. ئەوەی کە جگەرگۆشەکەت بێ ئەوەی ئاخرین جار بیبینیت و بڕوات زۆر سەختە. ئەم شێوازە مەرگە بۆ ئێمەی دایکان قورسترە تا ئەوەی کە ڕۆڵەت لە پەنای خۆتان بێ و بتوانی بۆنی بکەیت و لە باوشی گری. ئامۆژگاریم بۆ خەڵک ئەوەیه که چاکبن و لەگەڵ یەک فێڵ و مەکر بەکارنەهێن. گەورەترین ئامانجم ئەوەیه هەمیشه ژیانێکی خۆشمان هەبێت به دوور له دەرد و بەڵا .له هیچ کارێک که له ژیانمدا کردوومه پەشیمان نیم و هەموویانم به گیان و دڵ کردووه .له ژیانمدا هەڵەی زۆر بەرامبەرم کراوه، بەڵام من هەمووکات بەخشیانمە. خەفەتم له دڵمدا ڕانەگرتووە و هاوسەرگیرییەکەم بە خۆشەویستییەوە بووە، ئێستاش دڵخوشین پێکەوە و شادم لەگەڵی خودای لێ رازی بێت". ...

January 25, 2021

"كاتێك لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوكم لەدەستدا، دایكم بوو بە نیشتەی من و سێ خوشكم. دایكم زۆری كوێرەوەری بە مەوە كێشا، منیش دەمدیت كە دایكم چەندە ئەزێت دەكێشێ تا بەخێومانكا، ھەر بەوھۆیەوە منیش دەستم بە كار كرد و تەنانەت ڕۆژانی پشوودانیش ھەر دەچوومە كارێ و ھەرچی پەیدام دەكرد دەمدا بە دایكم بۆ بژێوی ژیانمان. دوای وەی كە دیپڵۆمم وەرگرت نەفەرێك بۆ كاركردن بانگیكردم، دوای وەی كە كارەكەم تەواوكرد گوتی ئەرێ فڵانی ئەمە لێرە كاری ئاسن و جۆشكاری و ئەو كار و بارەی دەكەین، بۆ نایەی دەگەڵ ئێمە كارێ بكەی. منیش قەبوڵم كرد، بەڵام دوای ماوەیەك ھەستمكرد ئەوانە لە كارەكەیدا زانا نین و پێشنیارم پێدان كە دەگەڵیان ببم بە شەریك، ماوەیەك كە كارمكرد ھەستمكرد دەبێ بۆخۆم بەتەنیا كار بكەم و لێیان جیابوومەوە". "بە پێی وەی كە من لەمێژ بوو كاری جۆشكاری و ئیسكلێتبەندی بینام كردبوو، خەڵكێكی زۆر بڕوایان بە كارەكەم بوو و زۆربەی ئەو بینا بڵیندانەی شاری مەھاباد من جۆشكاری و ئیسكلێت بەندیم دەكرد. بەڵام دەبوو ژێر چاوەدێری ئەندازیاری بینا واتا عومران كار بكەم و دەبوو ئەوان ڕازیدەری كارەكەی من بن، جا ھەر بە پێی وەی كە من كارەكەم دەزانی و كابرای ڕازیدەر، ئەندازیار بوو زۆر جاران بە زۆری كاری ھەڵەی دە جۆشكاریدا بە من دەكرد، ھەر چەندی دەمگوت ئەوە ئاوا نابێ دەیگوت ئەمن ئەندازیارم و تۆ دەبێ ژێر چاوەدێری من كار بكەی و زۆربەی كاتەكان تووشی كێشە دەبووین لەسەر ئەو باسانە. ھەر ئەوە بوو بە ھۆی وەی كە من لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا و دوای ٢٥ ساڵ كاركردن بڕۆم بۆ زانكۆ و ببم بە ئەندازیاری بینا. ئێستا دوای ئەو ھەمۆ ساڵە كاركردن و دەرس خێندن شكور بۆ خودا بە ھەموو شتێك گەیشتووم و قەت شوكری خودای تەواو ناكەم كە ھەموو كات لە پشتم بۆ و یارمەتی داوم". ...

January 23, 2021

"چەن ساڵ پێش بۆ یەکەمجار شروعمکرد کارکردن لە رستوارنێک کە پێش ئەوە هیچکات چێشتم لێنەنابوو، بەڵام کار لە رێستوران بووە هۆی ئەوە دەستپێبکەم تا ئەو رادە کە چەن چێشتم بەیەکەوە دروستدەکرد و ئەوەندە بە توانا بووم کە زۆربەی کارەکانی رستورانم لەئەستۆ دەگرت، ئەمە بووە هۆی ئەوە کە بزانم چەندە بەتوانام و زۆربەی هاوڕێکانم و حەتا ساحێبی رستۆران هەموویان پێم شانازییان دەکرد. مودیریەتێکی باشم لە سەر کارەکانم هەبوو با وجودی ئەوەی کە تەواوی هەفتە کارمدەکرد. ئاخری هەفتانەش ئەرۆیشتم بو کێو تا جەستە و رۆحم ئارام بکەمەوە. کچەکان دەتوانن لە سەر پێی خۆیان بوەستەن، فەقەت ئەبێ بە خۆیان ئیمانیان هەبێ من باوەڕم بەوەیە هیچ فەرقمان نییە فەقەت بە توانایەکان ئەتوانین فەرقمان ببێت". ...