Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 20, 2020

"وەختێک کە دەبیرستانی بووم شەکم کرد بە ئەوەی کە بۆچە خەیڵ دایک و باوکم هەر خەریکن بە دەوروبەر منا تێن و قسەکانیان بۆ دارە. دوای ئەوە کە ڕۆیشتمە زانکو ئیتر یەقینم پەیا کرد کە هەر دوو خەیڵەکە بە بۆنەی ماڵ و دارایی کە بوومان، من بخوازن بۆ کوڕەکانیان. یەکێک هەر لە ئەو خزمانەمان لە مناڵییەوە کردوویە مێشکم منیش بە خەیاڵی عەشقی ئەو ژیانم بەسەرئەبرد و ئەونە خۆمم مەحدود کرد کە لە هەر چێک خۆشی بوو خۆمم مەنع کرد. حەتا یەکجاریش لەگەڵ کوڕێک قسەم نەکرد بۆیە بیرم ئەکرد ئەبێ فەقەت بۆ یەک کەس بم. هەر وا بەردەوام بووم تا کاتێک هاتە داوام و تا ئەو کاتە بیرم ئەکرد کە خۆشبەختترین کچی عالەمم. دایکم هەر ڕۆژی ئەوەڵ ناڕازیبوو، بەڵام دوایی گوتی جوانن و مناڵن بە تێپەڕبوونی کات ژیانیان ساز دەکەن و ڕازیبوو. دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک لە دەسگیرانیمان،کەم کەم دەر کەوت کە ئەو کوڕە پێشینەیکی خراپی هەیە و بە داخەوە نە ئێمە نە کەسوکاری خۆیشی نەیاندەزانی. گەرچی تەواوی تەمەنم بە ئەوە ڕۆیشت بەڵام ئێستە خۆشحاڵم و بیر ئەکەم خوا خۆشمی گەرەکبوو. دوای ئەم ئێتفاقە نەمتوانی بە هیچ پیاوێک ئێعتمادکەم، بە تەواوی کاتم دانا بۆ دەرس و کار و زۆر باش پێش ڕۆیشتووم". ...

December 18, 2020

"برا و کەسوکاری زۆرم لەدەسداوە، دایک و باب و هەموویان بە شێوازی جۆراوجۆر. تەسادوف و جەنگ و لەم چەن ساڵەی ڕابردوو خانووەکان تازەبۆتەوە و ئێمەش خانووەکەمان تازەکرد، بێجگا ئەم دیووە، ئێرە پڕە لە بیرەوەری و دڵم نایەت خراپی کەم. پڕە لە وێنەی کەسوکارم، وێنەکان بەشێکن لە بیرەوەری ژیانم ئەوکاتانەی بە خۆشی سەبتکراون. نەوە و مناڵەکانی خۆمیش دێنە ئەم دیووە و هەستێکی خۆشیان پێ ئەدات، لای یەک ئەمێنین و لەگەڵم وێنەدەگرن، ئێرە دیوی ڕابردووی منە، دیوێک کە هەرکەسێک بێتە ئێرە تەواوی کەسوکاری من بەیەکجار دێتە بەر چاوی." ...

December 16, 2020

" تەمەنم ١١ ساڵ بوو كە بۆ یەكەمجار جیاواز لە كتێبەكانی قوتابخانە كتێبم خێندەوە، ئەمیش كتێبی سینوھەی میسری بوو، ھەر چەند بابم پێی دەگوتم ئەو كتێبانە بۆ تەمەنی تۆ نابێ، جوابم نەدەداوە، شانازیم بە خۆم دەكرد كە ئێستا من لە ھاوەڵەكانم زیاتر دەزانم، بەردەوام كتێبم دەخێندەوە و وردە وردە پرسیارەكان لە ناو مێشكم خۆیان دەنواند بەڵام وڵامی پرسیارەكانم بۆ نەدەدیتراوە، ھانام بۆ بابم برد، -بابە، خودا چی و كێیە؟ -ڕۆڵە خودا پارچە نوورە و بەدیھێنەری ئێمەیە -ئێمە لە كۆێوە بەدی ھاتووین؟ -بە پێی فەرموودەی خودا، لە دایك و باوكی ئەوەڵ، حەزرەتی ئادەم و حەوا -كە مردین بۆ كۆێ دەچین؟ -كەس نازانێ...

December 15, 2020

"ماوەی 34 ساڵە لە شارە خنجیلانەکەی جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان دەژیم. لە تەنیایی و مردن زۆر دەترسم و بیرکردن پێشی بۆم ناخۆشە. ئەوەی کە لەم ماوەیە بۆم بەسەرهات تەواوی خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەم تەمەنەمی برد. لەماوەی ئەو چەندین ساڵە توندڕەوی ئیسلامی پەرەی بەخشیبوو لە چەن شارێکی نێزیکمان، شەوێکی زۆر ساردی زستان لە سەر ئیشوکاری خۆم لە دوکان چەند کەسێک کە سەروچاوی خۆیان پۆشیبوو، قەمە بەدەست هاتن و هەموو دوکانیان شڵەژاند و تەنانەت خۆمیشیان بریندارکرد. ئەمە ناخۆشترین بەسەرهاتی ژیانم بوو وەک چۆن ئەوەی بیرەوەری جوان لە داهاتووی ژیانمبوو هەمووی پڕ بوو لە ئاشفتگی. ئەوەی کە لە جیهان مرۆڤایەتی بریندار دەکا، کەسانێکن کە تەنیا خۆیان بە حەقیقەت دەزانن و ڕێز بۆ بیروڕاکانی دیکە ناگرن و هەمووی ڕەتدەکەنەوە. ئێستەش وا بیر ئەکەم لە ئەو شەوە خراپترم نەبوو چون بە ناحەق بوو و هیچ کات نەمتوانیوە لە بیریکەم. چەن ساڵی پێ چووە بەڵام ئێستاش هەر ئەسەری لە سەر ژیانم ماوە و ژیانم لەو شەوەوە گۆڕا و وەک پێشی نەمایەوە. لە دوای تەمەنی ۲۱ ساڵییەوەی ئەوەم دەسکەوت کە دنیا هەر چێک سەخت بیگری سەختتر دەبێ و سەختتر لەگەڵت دەکات و هەر چێ ئاسان بیگری ئاسانتر دەبێ." ...

December 13, 2020

"لە بنەماڵەیەکی هەژار لەدایکبووم، چوار برا و دوو خوشک بووین. خوشک و برایەکم عومریان بە دونیا نەبوو عەمری خودایان کرد. منیش دەرسم نەخێند و هەر لە مێرمناڵییەوە دەستمکرد بە کار و لە قاوەخانەیەک بوومە شاگرد. ئەوکات وەک ئێستا خەڵک کەڵکی لە گاز و نەوت وەرنەدەگرت، ئەو وەقتی تەنیا لە دار و ڕەژی کەڵک وەردەگیرا بۆ کورە و سەماوەر. دوای ماوەیەک لەنێو بازاڕی مەهەباد بوومە خاوەنی قاوەخانەیەک و توانیم دوکانێکی پەنا قاوەخانەکەش بکڕمەوە و بیکەم بە ڕەژیفرۆشی. بەڵام ئێسا ڕەژی زۆر کەڵکی نەماوە مەگەر بۆ گۆشت برژاندن یان قەنەکێشان. ئێستا تەمەنم چۆتە سەر و قاوەخانەکەم داوە بە کوڕەکەم و خۆشم هەر لێرەڕا ڕەژی بۆ قەنەکانی قاوەخانەکە دەنێرم." ...

December 12, 2020

"فەقەت لە خالق ئەترسم لە چی بترسم بێجگە ئەو، لە جانەوەر لە چی؟ ئەم ترسەش بە بیروڕای من لە هەر چێ چتە گرینگترە. قەزا و قەدەر بۆ بێت زۆر سەختە وەکو ئەوەی کە مناڵ بە ناخۆشین لە دەستدا، کوڕێکم بیست ساڵی بوو کە بۆ کار چوو بۆ تاران لە بان داکەفت ئەوە ئیتر گەورەترین ژانم بووگە، بەڵام شوکر بۆ خوا، خوا مەیلی بووگە تا ئەو کاتە لەگەڵمبێت و ئیتر هیچ کەس لە حکمەتی خوا نازانێت. بە هەر چێ چتە خۆشحاڵم بە بوون و نەبوون. لە ئەمە خاستر خوا هەڵناگرێت خاتوونەکەمم زۆر خۆشئەوێت هەموو کارەکان ئەکات و لە ژێر کار دەرناچێت و ئێتر چیم ئەوێت. دۆس و ئاشنا باشبۆن بۆم فرە گرینگە، مەردمی گۆند پێم ئەڵێن عابد و خواناس گەرچی من بێ سەوادم بەڵام بە ئەم شێوازە لێم بیر ئەکەن و بانگم ئەکەن خەلیفە. ئەخلاقی چاک و باشبوون لەگەڵ خەڵق لە هەموو شتێک بۆم گرینگترە وەکو پەیغەمبەر گیان کە من عاشقی وجودی ئەوم، خاسبوون لەگەڵ مێرد و ژن لەگەڵ جوان و پیر لەگەڵ گیاندار و بێگیان، ئەوندە کە عەشقی من ئەبینن لەگەڵ ئەسپەکەم. بەعزێک چت بنیام لە دڵ دەریکات باشە و فەرامۆشیکات، چۆن لە دەستی خۆمانا نییە و کاری خاس بە دەست خۆت بی ئیتر شای مەملەکەتی." ...

December 8, 2020

"من باوكم ئەوەڵ كلیدسازی شاری مەھاباد بوو، یانی ئەو كات لە مەھاباد ھەر باوكی من ئیشی سازكردنی قفڵ و ھاچەری دەكرد و تەنیا كەسێك بوو كە ئەو ئیشەی دەزانی و ھەر ئەوەش بوو بە ھۆی وەیكە من و براكانیشمی فێركا، و ببێتە كار و پیشەی من و براكانم و تەنانەت منداڵەكانیشمان وە تا ئێستاش ھەر لەسەری بەردەوامین. لەبیرمە كاتێك كە زۆر منداڵ بووم بابم دووكانێكی ھەبوو، جا ھەموو كات ئەگەر قفڵیان بۆ دێنا چاكی كا، من كە لە دوو براكانم چكۆلەتر بووم قفڵەكەی دەدامێ و دەیكووت ئەگەر بیكەیەوە دەنكێك قورسی نەعنا (شیرنیات) دەدەمێ، منیش كە پێشتر باوكم فێری كربووم، لە خۆشی ئەو خواردنە یەك و دوو دەمكردەوە و دەمداوە بە بابم. ئیدی ھەر ئەوە بوو بە ھۆی وەیكە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر خولیای ئەو ئیشە بم و تێیدا زاناتر بم. وای لێھات ئیدی وردە وردە لە باوكم جیا بوومەوە و بۆخۆم دووكانم دانا و بە تەنیا دەستم بە كاركرد و ژیانی ھاوبەشیم پێك ھێنا. شوكور بۆ خودای دەكەم كە ھەموو كات شتی چاكی ھێناوەتە سەر ڕێگام و بۆخۆشم ھەموو كات مرۆڤێكی سادق بووم لەگەڵ خەڵك ئێستاش زۆر لە ژیانم ڕازیم و ھەست بە خۆشبەختی دەكەم." ...

December 6, 2020

"بە دڵی خۆم مێردم نەکرد چۆن مناڵ بۆم، بەڵام دوایی زۆر هاوسەرەکەمم خۆشدەویست بۆ ئەویش هەروەها منی زۆر خۆشدەویست، دوایی ڕاپەرین چەن ساڵ ژیان بەیەکەوە هەر وەکو ڕۆژی ئەوەڵ لەگەڵم باش بوو حەتا کاتێک کە زانی مناڵمان نابێت. ئەوەلێن جار کە ژنم بۆی هێنا خۆی خەبەری نەبوو، بەڵام جاری دووەم کچێکی جوانم هێنا کە 25 ساڵی بوو و مێردەکەی منیش 70 ساڵ بۆ ئەوەی کە مناڵیان ببێت. کاتێک کە مناڵەکە بە دونیا هات و حەوت مانگی بوو مێردەکەم مرد و دەستی لە دونیا کوتا کرا. یانێ نەیتوانی ئەو مناڵەی کە عومرێک بە تەمای بوو باش لە باوەشی کات. ئێستە ئەو مناڵە 14 ساڵیە و من هەر وەکو مناڵی خۆم خۆشمئەوێت، بەڵام زۆر ناتوانم بیبینم چۆن دایکەکەی لە لای من نەما و ڕۆیشتە، گەرچی حەقی پێئەدەم ئەو بەسەزوانە مناڵ بوو شۆی کردە مێردەکەی من. منداڵەکە منی لە دایکی خۆی زیاتر خۆشئەوێت کاتێک کە ئەڕۆمە لای بخەوم دێت و سۆرانیەکەم دەبەسێتە خۆیەوە نەکا ئەو بخەوێت و من برۆم لە ماڵیان، بە تەواوی گیانییەوە منی خۆشئەوێت و منیش ئەوم خۆشئەوێت." ...

December 4, 2020

"دوو مامۆستای قوتابخانه‌م ھەبوو كە یه‌کجار ئاوه‌ڵا و باسه‌واد بوون، یێكیان ئیزنی پێ ده‌دای هه‌ر چی دڵت ده‌یهه‌وێ بینووسی و بیخوێنێوه. له‌وی گرینگتر مامۆستاكەی ترم بوو که کوردی لێ فێر بووم. ڕۆژێک گوتی کوڕینه هه‌ر که‌س بۆ حه‌وتوویی داهاتوو ده‌بێ دوو مه‌ته‌ڵی کوردیم بۆ بێنێ. من هه‌ر ته‌قه‌م له سه‌ری ده‌هات. داوام له کاکه‌ی بابم کرد و ئه‌ویش دوو مه‌ته‌ڵی پێ گوتم و نووسیمه‌وه و بۆ حه‌وتووی داهاتوو هه‌رتکم بۆ مامۆستا خوێنده‌وه، ده‌فته‌رچێکی بچووکی له گیرفانی ده‌رهێنا و لەسەری نووسێوه. ده‌ستێکی به سه‌رمدا هێنا، ته‌زوویه‌کم که‌وته ناو دڵی هه‌ر مه‌پرسه. له خۆشیان نه‌مده‌زانی چی بکه‌م. گووتی ئافه‌رین به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵانه‌شت هه‌بووه و چاکیان که. سپاسم کرد و ورده ورده بۆ خۆم و بۆ دڵی خۆمم نووسی. هه‌تا چوومه زانکۆ. لێره‌ڕا ده‌چوومه که‌ره‌ج، ده‌سته گوڵێکم ده‌کڕی و دەچوومە خزمه‌تی مامۆستا هه‌ژار، هه‌موو جارێ نوسراوێكم ده‌دا خزمه‌تی و ئه‌ویش ده‌یخوێنده‌وه و زۆر زۆر ڕووشکێنانه ده‌یفه‌رموو: ئه‌و قۆڕیاته چن نووسیوته؟ بڕۆ کوڕم بخوێنه‌وه، بڕۆ. ئه‌م ده‌نگ دانانه بۆ من ببوو به هانده‌رێک که هه‌موو جارێ باشتر بم له جاری پیشوو." "ئاخرجار که به خزمه‌تی گه‌یشتم شێعرێکم برده خزمه‌تی. یادی به‌خێر مامۆستا شەپۆلیش له‌وێ بوو، فه‌رمووی چیت هێناوه؟ بیخوێنه‌وه، شێعرێکی فارسیم نووسیبوو به ناوی منت بلورین ساغرت. ده‌ستم پێکرد، مامۆستا شه‌پۆل گوتی، حه‌ک ڕوحت خۆم، ئافه‌رین! چاوێکیان لێک کرد و منیش چاوه‌کانم پڕ بوون له ئاو. ئێستا پتر له بیست ساڵه کاری نووسین و وه‌رگێڕان ده‌که‌م. له بواری مێژوو و هه‌روه‌ها گه‌لێ به وردی کاری حقووقی نێوده‌وڵه‌تیم کردووه. له گۆڤاره‌کانی مێدیا، کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌م له باشوور و هه‌روه‌ها له گۆڤاری مه‌هاباد و وه‌رزنامه‌ی که‌شکوڵ به نازناوی زه‌رده‌شت موکریانی گه‌لێ بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، حقووقی و مێژوییم نوسیووه و هاوکاریم کردوون. ئێستاکه‌ش گۆڤاری "زانکۆ"م هه‌یه و مانگانه له مه‌هاباد ده‌ری ده‌که‌م." ...

December 1, 2020

"ده‌مێک بوو پێم خۆش بوو که کار و ئیشی خۆمم بێ و خۆم پوڵ دەربێنم، هه‌ر چه‌ند کارێکی بچووک و ئاسایی و به مووچه‌ئێکی که‌میش بێ، من زۆر ئیلاقه و په‌یوه‌ندیم به ئیشی هونه‌ری بوو و ئێستاش هه‌مه. کچێکی ڕه‌فیقم هه‌بوو کاری هونه‌ری و ده‌ستکردی دریم که‌چری ئه‌کرد به شێوازێکی بچووک‌، دوو ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه‌ی ڕه‌فیقم دائه‌نیشتم و تیمشای ئه‌کردم و بینیم زۆری پێخۆشه که لێی فێربم. به‌ڵام چه‌ن جار که ته‌مرینی فێر بوونی دریم که‌چرم کرد فێر نابووم. له شاشه‌کانی ئینترنت زۆر به دوایا گه‌ڕام و تۆزه تۆزه لێی فێربووم. دوایی ده‌ستم به سازکردنی ملوانکه و ئه‌و شتانه کرد بۆ خزمه‌کانم. دوایی خوشکه‌که‌شم فێرکرد و پێکه‌وه ده‌ستمانکرد به مه‌تریال و کارهائێکی گه‌وره‌تر، دوای یه‌ک ساڵ که جوان لێی فێربووین ده‌ستمانکرد به ڕیکلام کردن له ئینسـتاگرام و فرۆشتنی ده‌ستکرده‌کانمان و په‌یجێکمان ڕێکخست به‌ ناوی په‌لکه. زۆر خوشحاڵ بووم چونک له کاتێکی که‌مدا توانیم سفارش‌ هائێکی زۆر وه‌ربگرم و ده‌ستکردێکی زۆر بۆ شاره‌کانی تر له ئێران ساز بکه‌م و بۆیانی بنێرم." ...

November 28, 2020

"دیارە ترس شتێکی سروشتییە وە هەر کەس هەیەتی بەڵام زیاتری هەستە‌کانی من گرێدراوی ئەو کۆمەڵگایەیە. یەعنی شتێکە بە گشتی چاوی لێدەکەم. ئەوڕۆ هەبوونی ئەو نەخوشییە دڵەڕاوکەیەکی زۆری خستۆتە سەر خەڵکی ئێمە و تەواوی دنیاش، منیش ترسم هەیە کە ئەو خەڵکە بەو شێوازە نیگەرانن و کاریگەری خستۆتە سەر منیش. جگە لەوش دەست تەنگی و دەستکورتی کە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵە و بەرۆکی هەمووانی گرتووە، منیش ترسم لە ناراحتی و دڵتەنگی ئەو خەڵکەیە بە گشتی. خۆشترین کاتەکانیشم کاتێک بووە کە دەووروبەرم لە شادیدا بوون وەکو شایی خۆشەویستەکانم یان کاتێک بوو کە دیتم کچانی وڵاتەکم بەئازادی لە سەر سەحنەی نەورۆز بە ڕاشکاوانە سروودی نەورۆزیان دەگووتتەوە." ...

November 26, 2020

"ڕۆژێک لەناو دڵەڕاوکێی بنەماڵە و گریانی خۆشەویستێك لەتەك هەشت کەسی تر بۆ سەربازی ڕوومان لە شاری "گونبەدی کاووس" کرد. بەیادی یار و شار و ماچی یار شەوم دەکردە ڕۆژ. ئەو ڕۆژە نگریسە ماندوو و مردوو هاتینەوە بۆ حەسانەوە کە تلەویزیون باسی بۆردومانی شاری سەردەشتی لە لایەن تەیارەکانی بەغدای دەکرد. ئێمەی غەریب نەماندەزانی چ بکەین. دوای دوو رۆژ بە پاڕانەوە ئیزنمان وەرگرت و بەهەڵەداوان بۆ لای سەردەشت ڕێکەوتین. دوای شەو و ڕۆژێك گەیشتینە سەردەشت، کاتێك گەیشتینە شار، شار ئەو شارە سەوزە نەبوو کە جێمان هێشتبوو. بێدەنگێکی سامناك شار و دار و ئاسمانی وڵاتەکەمی داگرتبوو، شارێكی تەماوی و تۆزاوی. بابم زۆری پێناخۆش بوو کە هاتوومەوە. بەڵام ئەو نەیدەزانی من یارم لەناو شاری ترس و دووکەڵ و مەیت و پەتووی خوێناوی جێهێشتووە. ئەو نازدارەی هەموو شەو لەدەم پەنجەرەی نۆهۆمی دوو، ماچە شێعرمان دەگۆڕیوە. منی غەریب لە شاری خۆم، دڵ و هۆشم لای ئەو بوو، هەر شەهید و بریندارێکم دەدیت بە هەڵەداوان ناسەم دەکرد کە نەکا ئەو بێ." "دوای پێنج رۆژ باروبنەم تێکناو پشت لە گۆڕستانی ئاوەدان و ڕووم لە سەوزایی شاری گونبەدی کاووس کرد. ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم دوای ۳۳ ساڵ بە زەحمەت فرمێسکەکانم زەوت دەکەم، بەڵام هەنیسك بەربینگی پێگرتووم. بیروەوری تاڵەكان وەك هێڵی نووسراوەکەم لە زەینم دا دێن و دەڕۆن. دوای دوو مانگ کە گەڕامەوە، ئەو لە من بەوەفاتر بوو. دیسان پەنجەرەی نهۆمی دوو، جلکی کوردی و عەتری ناسراو، بەڵام ئاخ کۆخە و کەپسولی ئۆکسیژێن و نەخۆشی هەوێنی گریانی من و ئەو بوو. چوار ساڵ بەردەوام پەنجەرە، کەپسولی ئۆکسیژێن، کۆخە و نەرمە چاو. شەوێك کە خەڵك و خوا شاهیدی ڕووخانی کۆشکی هیوای خۆم و ئەو بووم. بۆ سبەی لەسەر شانی من و هاوشارییانی ئەسپاردەی خاک کرا. 33 ساڵ لە ژوانی ماچ و خاک تێدەپەڕێ و هەنووكە من بە دەردی بێ ئەوی دەتوێمەوە." ...