Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 18, 2020

"نۆ منداڵم هەیە، 3 کوڕ و ٦ کچ. چیرۆکی خۆشەویستی من و هاوسەرەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پێش زەواج، ئەو کاتەی گەنج بووین و یەکمان زۆر خۆشەویست، بێ هیوای نەکردم و ژیانی هاوسەرگیریمان پێکهێنا، تا ئێستاش ئەو خۆشەویستییە هەیە لە نێوانماندا، تا ئێستا ئیزعاجی نەکردووم و منیش بەهەمان شێوە ئیزعاجم نەکردووە، هەموو کاتێک کە لێم دوورە هەست بەدووری ئەو ئەکەم. هەموو ئاستەنگییەکانی ژیان بەیەکەوە تێئەپەڕێنین. هیچ شتێک ناتوانێت دڵێک بۆستێنێت لە گەیشتن بەو شتەی خۆشیدەوێت. بەڵام ئەم جەنگەی لە سوریادا ڕوودەدات خۆشی و خەندەی لە دڵی کەسدا نەهێشتووە، هیچ پێکەنینێک نابینیت لەسەر لێوی خەڵک." ...

November 18, 2020

"تەمەنم 70 ساڵە خاوەنی نۆ منداڵم لەوەتەی (عەبابەیلێ)م جێ هێشتوەو ڕووم لە هەڵەبجە کردووە هەرگیز خۆشیم نەدیوە. ژیانی شار بەس مەینەتییە مەسرەفی زۆر گرانە. منیش تەنیام و لەگەڵ هاوژینەکەم بەو هەموو کارە زۆرە ڕاناگەم. ئێستاش کەسێک هەبێ مانگایەکم بۆ بکڕێ ئامادەم بچمەوە دەشت. لەوێ هەر دەتوانی بەو خۆراکە سروشتییانە خۆت بژێینی. لەوێ بەرەکەت هەیە خۆ وەک ئێرە نیە!، لەناو شار لەبەر زۆری گوناح و تاوان خوا غەزەبی لەهەموومان گرتووە. خەڵکی دەشت کوادەزانن تاوان چیە؟ پێشتر دەچووی بۆ ئەو شاخانە تا ئێوارە دونیایەک قنگرت کۆ دەکردەوە. کەچی ئێستا تەنانەت ئاوی ناو باخەکانیش وشکیان کردووە. بیرمە ئێمە زراعەتمان دەکرد نە ئاو کەمی دەکرد، نە کرم لەکشتوکاڵی ئەدا نە کەس زەرەری دەکرد. مخابن ئێستا هەموو شتێک پێچەوانە بۆتەوە." ...

November 17, 2020

"من و خێزانەکەم سەفەرمان کرد بۆ دیمەشقی پایتەخت، بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنم، لەوێ ئەدەبی ئینگلیزیم دەخوێند، باری داراییمان زۆر باش نەبوو، لەگەڵ خوێندنەکەمدا کارم دەکرد و زۆر هیلاک دەبووم،سەرەڕای ئەوەی خێزانەکم لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کار بکەم چەند جارێک لە خوێندن وەستام بۆ ئەوەی بتوانم داهاتێک بۆ خۆم کۆبکەمەوە و مەسرەفی خوێندنەکەم بکەم. لەگەڵ ئەوەی دوای خوێندن دەچووم بۆ کار، چەندین جار توشی توانج و بێزارکردن بوومەتەوە کە بۆتە هۆی ئەوەی کارەکەم بەجێبێڵم و بچـم لە شوێنێکی تر کاربکەم. بەدەر لەوەش جەنگ هەبوو لە نێوان ئیسلامییە توندڕەوەکان و سوپای سوریا، بەوهۆیەوە ڕۆیشتن بۆ زانکۆ زۆر مەترسیدار بوو لەبەر ئەوەی بۆمبباران بوو. لەو کاتەدا بیرم دەکردەوە بڕۆم بۆ زانکۆ و نەگەڕێمەوە لەبەر مەترسیداری ڕێگاکە، چونکە خێزانەکەم زۆر خەمی منیان بوو و دایمەن قەلەق بوون." ...

November 17, 2020

"بیرمە کە تەمەنم 21 ساڵان بوو، چاکە لەناو خەڵکدا زۆر بوو لەچاو ئێستادا، کاتێک جەنازەیەک بە جادەیەکدا تێدەپەڕی، خەڵکی لەگەڵ خێزانی مردووەکەدا دەڕۆیشتن و یارمەتییان دەدان لە هەڵگرتنی جەنازەکە وەک خێرێک و چاکەیەک بەرامبەر خێزانی مردووەکە. زۆر بەو حاڵەتە کاریگەر بووم ئیتر منیش لەگەڵ جەنازەکاندا دەڕۆیشتم تا دەیانناشت، تەنانەت لە هەڵکەندنی گۆڕەکەش یارمەتیم دەدان، هەتا وای لێهات لەناو هەموو خەڵکی ناوچەکەدا بە گۆڕهەڵکەن ناسرام. هەر کەسێک مردوویەکی دەبوو یەکسەر منی بە بیردا دەهات کە تەنها من ئەم کارەم وەک خێر دەکرد بە خۆبەخشی، بانگیان دەکردم بۆ هەڵکەندی گۆڕەکان و ئامادەکردنیان. باش دەزانم لە دەستدانی کەسێکی ئازیزت چ هەستێکی هەیە، ، بۆیە پێیان دەڵێم ئێوە شتەکانی تر بکەن و گۆڕ هەڵکەندن و ئامادەکردنی بۆ من بەجێبێڵن بەتانیا. نکۆڵی لەوە ناکەم گۆڕهەڵکەندن زۆر قورسە. کە بووم بە 50 ساڵ پێویستم بە نەشتەرگەری بوو لە دەستمدا چونکە دەمارەکانم زیانیان پێگەیشتبوو بەهۆی هەڵکەندنی گۆڕەوە. بەڵام ئەمە نەیوەستانم چەند کەسێکم گرت کارم بۆ بکەن. دوای 8 ساڵ توانیم کۆمەک کۆبکەمەوە و جیهازی پێشکەوتوو بکڕم بۆ گۆڕ هەڵکەندن. خۆشترین شت لە ژیانمدا کاتێک دەخەوم زەمیرم مورتاحە، دڵنیام خەڵک دوعای خێرم بۆ دەکەن لەسەر کارەکانم." ...

November 16, 2020

"بە خۆشەویستی هاوسەرگیریم نەکرد بەڵام بەداخەوە فەوتی کرد هەر ئەو کاتەی کە مرد ناخۆشترین کاتی ژیانم بوو دەستی لەناو دەستم بوو وە لە گیان تەنشتا دەستمی فشار ئەدا و ئێسەیش بیر بە ئەوە ئەکەم کە گەرەکی بوو چیم پێبڵێت، ئاخرین ماچێک کە کردم و لێوی سەردی هەر ئێستەش لە زێهنمایە و بیری پێ ئەکەم. بە بۆنەی رەگەزمەوە زۆر کات مەحدود دەبی و ناتوانی ئەو کارانەی کە پێت خۆشە ئەنجامی بدەی حەتا ئەگەر تەوانایی زۆرترن هەبێ نسبەت بە پیاوان تەنیا تەوانای جەستە و هێز گرنگ نیە، زۆر کات ئێمە ژنان زیاتر لە پیاوان تەوانایی زۆربەی کارەکانمان هەیە. لە مەرگ ئەترسم کە بێت و زۆربەی کارەکانم ئەنجامم نەداوێت." ...

November 16, 2020

"لە مناڵیمەوە ئاواتی ئەوەم هەبووە بتوانم سەیارەیەک بۆخۆم بکڕم بەڵام تا ئێستا نەمتوانیوە بگەم بە خەونەکەم، لە زۆر شوێنی جیاواز ئیشم کردوە و پارەم بۆ کۆکردووەتەوە بەڵام زۆر شتی گرنگتر هاتوونەتە پێشەوە کە پێویست بووە پارەکەم سەرف بکەم و خەونەکەم دوور بکەوێتەوە. زۆر کات هاوڕێیەکم ئەبینم کە سەیارەیەکی نایابی پێیە خەفەت لەوە ئەخۆم کە هێشتا نەمتوانیوە من هەمبێت، لە ئێستادا لە شوێنێک کار ئەکەم کە تەنیشتی شوێنی کارەکەم پێشانگای سەیارەیە هەموو ڕۆژێک بەلایدا تێپەڕ ئەبم زیاتر سوور ئەبم لەسەر خەونەکەم کە هەر ئەبێت بەدی بێنم، ڕەنگە زۆر کەس بڵێت خەونێکی ئاساییە ببیت بە خاوەنی سەیارەی خۆت بەڵام بۆ زۆر کەس ئەستەمە لەم ڕۆژەدا، بەڵام ئەگەر بەردەوام بم هەر پێی ئەگەم، زۆر دڵنیام لەوە." ...

November 15, 2020

"لە ساڵی 2019 هێزەکانی تورکیا دەستیان کرد بە هاتنە ناوەوە بۆ شارەکەمان و دەستیان کرد بە قەسف کردنی شارەکە لەلایەن هێزی ئاسمانی و وشکانی، ناچار بووین شارەکە بەجێبێڵین بۆ پاراستنی خێزانەکەم. نزیکی پێنج کیلۆمەتر لە شار دوورکەوتینەوە، هەر شەوەی لە شوێنێک دەماینەوە لە دەرەوە، بە گریانەوە دەڕۆیشتین بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەڕۆین. چەند ڕۆژێک دواتر چووین بۆ حەسەکە لە خوێندنگەیەک ماینەوە بۆ چەند ڕۆژێک، وە مەشهەدێک کە هەرگیز لەبیری ناکەم، قافڵەکەمان لەلایەن فڕۆکەکانی هێزەکانی تورکیاوە بۆمبباران کرا، هەموو شتێک لەبەردەممان تاریک بوو، جەستەی خەڵکەکەم دەبینی لەسەر جادەکان. من هەرگیز هیوا لەدەست نادەم و ڕۆژێک دەگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان و لەژێردەستی تورکیا ڕزگاری دەکەین." ...

November 15, 2020

"بیرمە ڕۆژێک دایکم هەستی بە نەخۆشێکی پڕ لە مەترسی کرد، شێرپەنجە کە ناوی هەر ماڵێک دەشپرزێنێ. من و دایکم و دوو لە براکانم لەڕادەبەدەر شپرزابووین تەنیا باوکم ٸومێدواری دەکردین و دەیگووت ڕۆژی وەی نییە و جارێ دەبێ چارەی بۆ بدۆزینەوە. لە شەوێکی سارد زستانی، بە فرمێسک هەڵوەراندنیی، کوڕەکانی هاوڕێی دایکم بەرەو تاران بەڕێکەوتن. دکتۆر گووتی بەزووترین کات دەبێ نەشتەرگەری ٸەنجام بدرێ بەڵام من دەچمە ٸەوڕووپا و زیاتر لە مانگم پێدەچێ. لەو ماوەیەیدا دایکم دوو جار نەشتەرگەری کرا. ڕۆژگارێکی تاڵ و پڕ لە مەترسی ڕادەبووارد. جارێکی‌ تر دایکم و بابم بەرەو تاران بەڕێکەوتن. خاڵم هاتە ماڵمان تا لە لامان بێت. ڕەفێقەکانمان کە دەیانزانی دایک و بابم لە ماڵ نین هاتنە ماڵێمان بەڵام نەیاندەزانی بۆ دایک و بابم چەند ڕۆژە لە ماڵ نین. شەو بوو چاوەڕوانی پەیوەندی بابم بووین. خاڵم جغارەی بە جغارەی دادەگیرساند. لە ناکاو تەلێفون زەنگی خوارد، بابم بوو، بە شادمانییەوە ڕزگاری دایکم لەم نەخۆشییەی شرۆڤەکرد بەڵام بەقام پێ نەکرد و تا ئەوەیکە دایکم قسەی لە گەڵ کردم. لە دەنگی دایکم زانیم هەواڵەکە ڕاستە. ۷ ساڵ دواتر دیسان دایکم ٸەم نەخۆشییەی لێ دووپات بۆوە و بەختەوەرانە ئەمجاریش شکستی پێدا." ...

November 14, 2020

"تەمەنم 13 ساڵە، لەگەڵ منداڵەکانی دراوسێمان یاری دەکەم و کاتێکی خۆش بەسەردەبەم، وازم لە خوێندن هێناوە لەبەر ئەوەی خێزانەکەم باری داراییان باش نیە و ناتوانن بمنێرن بۆ خوێندن. لە ئێستادا باوکم لە دەرەوەی وڵاتە لە پێناو دابینکردنی بژێوی بۆ خۆی و ئێمەش، دوای وازهێنانم لە خوێندن و سەفەر کردنی باوکم، کار دەکەم و کار و باری ماڵەوەش بەڕێ دەکەم، لەبەر ئەوەی گەورەترین منداڵی ماڵەوەم. کاری ئاسنگەری دەکەم، کارێکی قورسە بەڵام ناچارم بیکەم بۆ ئەوەی پێداویستی ماڵەوە و خوشکە بچوکەکانم دابین بکەم، هەتا گەڕانەوەی باوکم. کاتێک هاوڕێکانم دەچن بۆ خوێندن و منیش بۆ ئیش، هەست بە ئازارێک دەکەم لە دڵمدا، چونکە حەزم لە خوێندنە." ...

November 14, 2020

"تازە بەشی پەرستاریم تەواوکردبوو، دەستمکرد بە کارکردن لەسەنتەرێکی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پشکنینم بۆ ئافرەتێک دەکرد. لەم کاتەدا کە سەرگەرمی پشکنین بووم، زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، ھیچ کاتێک لەژووری نەخۆش وەڵامی پەیوەندیم نەدەدایەوە، بەڵام لەم ئێوارەیە بەردەوام ھەستێکی ناخۆشم ھەبوو! وەک بڵێیت چاوەڕێی ھەواڵێک بم، ‎لە بێ ئۆقرەییدا وەڵامی پەیوەندییەکەم داوە، دەنگێک گوتی خێرا وەرە نەخۆشخانە، باوکت خراپتربووە!، باوکم کە ھەشت مانگ بوو لەجێگا کەوتبوو، ئێمە چاوەڕێی ھەڵسانەوەی بووین. مۆبایلەکەم لەدەست بەربووەوە سەرزەوی، بە نەخۆشەکەم گوت من دەڕۆم خاتوون بەهیوای سەلامەتیت. بەپەلە ڕامکرد، لە دەرگای بەشی فریاکەوتنی ئەو نەخۆشخانەی باوکمی لێ بوو ڕۆشتمە ژوورەوە، دایکمم بینی، بەقژە سپیە ئاڵۆسکاوەکەیەوە ھاواری دەکرد و سنگی خۆی دەکوتی، تێگەیشتم باوکم مردووە و منیش درەنگ کەوتوم! من ئێستا بەردەوامم لە کارەکەم، ئەوەشی گەرەکمە بەئامانجەکەم بگەم و زۆرباش چاودێری ئەو نەخۆشانە بکەم کە توشی جەلدە بووینە، غەمگینی ئەو ساڵانەشم کە بەبێ بوونی باوکم دێن و تێدەپەڕن." ...

November 13, 2020

"ماوەی چەند ساڵێکە دەستم کردوە بە کاری ژینگەیی بە شێوەیەکی خۆبەخشی، ئەو کارەی من لە ئەنجامی پیسبوونی ڕۆژ به ڕۆژی ژینگەی وڵاتە. سەرەتا بە تەنیا دەستمکردوە بە کاری ژینگەدۆستی لە خاوێنکردنەوەی گوندەکەی خۆم و هەندێ شوێنی دەڤەرەکەم، دواتر بەشێوەی گرووپ دەستمکرد بە خاوێنکردنەوە، هەر لەوکاتانە بۆ ئەوەی پیشەکەم ببێتە نەریتێک و زۆرترین خەڵک بەژداری کارەکەی من بکات پەنام بردە بەر (چاڵێنجی ژینگەیی) لەوێدا چەندین کەس بانگێشکرا بۆ خاوێنکردنەوەی چەندین شوێن خۆشبەختانە تەواوی باڵەکایەتی و بەشێک لە هەولێر و شوێنەکانی دیکەی گرتەوە. هەروەها هەر بە خۆبەخشی دەستمکرد بە سمیناری ژینگەیی. لە زۆر ناوچە و شوێن سمینارم بۆ تەواوی چین و توێژەکان ئەنجامداوە وە سمینارم بۆ زیاتر لە ٥٠٠ تەڵەبە لە ناوەندەکانی خوێند ئەنجامداوە، هەروەها بەژداری چەندین کۆڕ و کۆنفڕانسم کردوە و چەندین بڕوانامە و سوپاسنامەی ڕێکخراوە ژینگەیەکانمم پێدراوە." ...

November 13, 2020

"ئەو کاتە کە خەبەری فۆتی بابمیان پێدام ناخۆشترین کاتی ژیانم بوو هیچ چتێک لە ئەم دونیا ئەرزشی خەفەت و حەسرەتی نیە، حەتا مەرگی خۆت و خانەوادەت ئەرزشی ئەوەی نیە. بە بیر و رای من ئەو کاتە ژیان تازە دەسپێئەکات کاتێک کە مەرگت قەبووڵ کرد، کە حەتمەن تێتە سەری خۆت و خانەوادەت و ئەزانی دنیا چیە. ئەو کاتە کە لە دەستی ئەدەی کە بۆچی زیاتر لەگەڵیا نەبووی و لەگەڵی قسەت نەکرد و ئەو چتەی کە لە دڵما بوو نەمگۆت. داهاتوو لە رابردوو زۆر موهێمترە رابردوو تەواو بوون و ئیتر هیچ لە دەستت نایت، داهاتوو ئەگەر کارێ بۆ بکەی دەتوانی تەسیری هەبێ و تەلاشێکی بۆ بکەی." ...