Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 1, 2020

"خەڵکی گوندی ڕایەتی باڵەکایەتیم بۆیە زۆر جار بە زرار ڕایەتی بانگم دەکەن. لەساڵی 1973 ەوە بەستە و حەیران دەچڕم. لەبەر ئەوەی خۆم زۆرچێژی لێ وەردەگرم لەزۆربەی بۆنە و ئاهەنگ و دانیشتنە خێزانییەکان بێ بەرامبەر خەڵکی پێ دڵشاد دەکەم. هەر لەبەر ئەوەشە زۆرینەی خەڵکیش بە زرار حەیران دەمناسن. لەساڵی 1986 لە ئاهەنگێکدا گۆرانیم دەگوت.کچێکم بینی و خۆشمویست، ئێستا هاوژینمە و هاوسەرین. کاریگەری خۆشەویستییەکەی بەشێوەیەک لەسەرم دروست بوو هەتا ئێستاش لەهەر ئاهەنگێک بم، ئەو ساتە وەختەم بیر دێتەوە کە عاشقی خێزانەکەم بووم. عەشق لای من زۆر پیرۆزە لەبەر ئەوەی من بە پاکی ڕووبەڕووی عەشق بوومەوە بۆیە من زۆر باش هەست بە پیرۆزیی و گەورەیی عەشق دەکەم. سەیرم بەوە دێ کەسێ بتوانێ چەند جارێ عاشق بێ. هەموو کات دەڵێم عەشق تەنیا یەکجارە.کە زیاتر بوو، ئەو پیرۆزیەی نامێنێ." ...

December 1, 2020

"ده‌مێک بوو پێم خۆش بوو که کار و ئیشی خۆمم بێ و خۆم پوڵ دەربێنم، هه‌ر چه‌ند کارێکی بچووک و ئاسایی و به مووچه‌ئێکی که‌میش بێ، من زۆر ئیلاقه و په‌یوه‌ندیم به ئیشی هونه‌ری بوو و ئێستاش هه‌مه. کچێکی ڕه‌فیقم هه‌بوو کاری هونه‌ری و ده‌ستکردی دریم که‌چری ئه‌کرد به شێوازێکی بچووک‌، دوو ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه‌ی ڕه‌فیقم دائه‌نیشتم و تیمشای ئه‌کردم و بینیم زۆری پێخۆشه که لێی فێربم. به‌ڵام چه‌ن جار که ته‌مرینی فێر بوونی دریم که‌چرم کرد فێر نابووم. له شاشه‌کانی ئینترنت زۆر به دوایا گه‌ڕام و تۆزه تۆزه لێی فێربووم. دوایی ده‌ستم به سازکردنی ملوانکه و ئه‌و شتانه کرد بۆ خزمه‌کانم. دوایی خوشکه‌که‌شم فێرکرد و پێکه‌وه ده‌ستمانکرد به مه‌تریال و کارهائێکی گه‌وره‌تر، دوای یه‌ک ساڵ که جوان لێی فێربووین ده‌ستمانکرد به ڕیکلام کردن له ئینسـتاگرام و فرۆشتنی ده‌ستکرده‌کانمان و په‌یجێکمان ڕێکخست به‌ ناوی په‌لکه. زۆر خوشحاڵ بووم چونک له کاتێکی که‌مدا توانیم سفارش‌ هائێکی زۆر وه‌ربگرم و ده‌ستکردێکی زۆر بۆ شاره‌کانی تر له ئێران ساز بکه‌م و بۆیانی بنێرم." ...

November 30, 2020

"لە چەند بوارێکدا کارم کردووە وەک دروستکردنی دەرگای ئەلەمنیۆم، ئاسنگەری، و ئێستا سیرامیک دەفرۆشم. کارەکەم زۆر مەترسیدارە کاتێک لە هەرێمی جزیرەوە دەچم بۆ هەرێمی فورات لە ترسی هێرشی فرۆکەکانی تورکیا. ناخۆشترین ڕۆژەکانم ئەو ڕۆژانەن کە لە کار دەڕۆمەوە و دەبینم دایکم یان باوکم نەخۆشە. و لەم جەنگەشدا هاوڕێم لەدەست داوە لەگەڵ کوڕە مامێکیشم. بەڵام بە ئازارترین هەواڵ کە تووشی شۆکی کردم، لەدەستدانی ئەو خۆشەویستییە یەک لایەنە بوو کە ماوەی پێنج ساڵی خایاند، پێیان ڕاگەیاندم ئەو کەسەی خۆشمدەوێت ڕۆیشتووە و شووی کردووە، بەتەنیا مامەوە و خەفەتی ئەو ڕۆژانەم هەر لە دڵدایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەردەوامم لە ژیان بەو هیوایەی داهاتوو شتێکی جوانی بۆ هەڵگرتبم." ...

November 29, 2020

"دوای ئەوەی لە قۆناغی نۆیەم وازم لە خوێندن هێنا دەستمکرد بە کاری دەلاکی، بەڵام لەبەر ئەوەی پارەم لە هاوڕێکانم و خەڵکی هەژار وەرنەدەگرت، باوکم داوای لێکردم کە واز لەو کارە بێنم چونکە زۆربەی کات بە خۆڕایی کارم دەکرد. دوای چەند ساڵێک دەستمکرد بە کاری چاککردنەوەی مەکینەی دروومان. خۆمم فێری ئەم کارە کرد و زۆر بە خێرایش فێربووم، لەبەر ئەوەی خایەتیم ئەکرد بە چوار ساڵ پێش ئەوەی دەستبکەم بەم کارە، هەر کاتێک مەکینەکانم کێشەی هەبوایە خۆم چاکمدەکردەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر بووم لە کارەکەمدا، ئێستا کەم کەس لەم بوارەدا ئیش دەکات لە قامیشلۆ، لەبەر ئەوەی ئەم مەکینانە کەم بوونەتەوە و کەس بەکاریان ناهێنێت، ئێستا مەکینەی پێشکەوتوو هەیە لە کارگە گەورەکان بەکاردەهێنرێن. ئەمانە تەنها لە ماڵدا بەکاردەهێنرێن چونکە ئیشکردنیان خاوە. زۆر جاریش کە خەڵک مەکینەکەی ئەهێنێت بۆیان چاک بکەمەوە پارەیان پێ نییە بۆیە پارەیان لێ وەرناگرم. بەڵام منداڵەکانم فێری ئەم کارەی من نەبوون خەریکی خوێندن و حەزیان لە زانستە." ...

November 28, 2020

"دیارە ترس شتێکی سروشتییە وە هەر کەس هەیەتی بەڵام زیاتری هەستە‌کانی من گرێدراوی ئەو کۆمەڵگایەیە. یەعنی شتێکە بە گشتی چاوی لێدەکەم. ئەوڕۆ هەبوونی ئەو نەخوشییە دڵەڕاوکەیەکی زۆری خستۆتە سەر خەڵکی ئێمە و تەواوی دنیاش، منیش ترسم هەیە کە ئەو خەڵکە بەو شێوازە نیگەرانن و کاریگەری خستۆتە سەر منیش. جگە لەوش دەست تەنگی و دەستکورتی کە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵە و بەرۆکی هەمووانی گرتووە، منیش ترسم لە ناراحتی و دڵتەنگی ئەو خەڵکەیە بە گشتی. خۆشترین کاتەکانیشم کاتێک بووە کە دەووروبەرم لە شادیدا بوون وەکو شایی خۆشەویستەکانم یان کاتێک بوو کە دیتم کچانی وڵاتەکم بەئازادی لە سەر سەحنەی نەورۆز بە ڕاشکاوانە سروودی نەورۆزیان دەگووتتەوە." ...

November 28, 2020

"کاتێک بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین ژنانی گوند سەرباری ئەو هەموو ماندوبوونە دەبێت لە غەمی ئامادەکردنی خواردنی وەرزی داهاتووشدا بێت، یەکێک لە خواردنە کەلتووریان خواردنی ترخێنەیە کە بۆ ڕۆژی سارد و سەختەکانی زستان بەگەرمی پشکەشی دەکەین یان بۆ ئەو میوانە تایبەتیانەی کە دێن بۆ ماڵمان لەم خواردنەیان بۆ ساز دەکەین، هەرچەند مناڵەکانمان نایخۆن بەڵام بۆ ئێمه چێژێکی زۆری هەیە. زۆر جار میوان پێش ئەوەی بێت بۆ ماڵمان تەلەفۆن دەکات و دەڵێ دێین بۆ ماڵتان بەو مەرجەی ترخێنەمان بۆ لێنێن .زۆرێک له ژنانی گوند دورستیدەکەن بۆ فرۆشتن کە هەردانەیەکی بە هەزار دینارە." ...

November 27, 2020

"وەکو تاکە کچێک لە ناحیەی سەرکەپکان بڕیارمدا بچمە پەیمانگای وەرزش، ئەمه بۆ زۆرێک لەخەڵک قبوڵکراو نەبوو چونکە مەنتیقەکەمان عەشایەرە کە بەجۆرێک خەڵکێکی زۆر پێیان دەگوتم کچ و وەرزشیان نەگوتووە بەڵام بەهۆی پشتگیری خێزانەکەم توانیم لە 2006 دەستم بە وەرزش کردووە، دوای تەواوکردنی پەیمانگا بڕیارمدا درێژه بە وەرزش بدەم و پەرە بە وەرزشەکەم بدەم تا لە دواجار بوومە جێی بایەخی زۆرێک لە نادییەکان، بۆ زۆرێک له نادەییەکانی کوردستان و عێراق یاریم کردووە. دواجار وەک یاریزانی هەڵبژاردە لاوانی عێراق پاڵێورام بۆ بەشداریکردن لە بتوڵەی ئاسیا لە ڤێتنام بەڵام بەهۆی چەند گرفتێک من نەمتوانی سەفەریان لەگەڵ بکەم، ژیانی وەزشیم پڕبووە لە خۆشی و ناخۆشی بەڵام گەورەترین ناخۆشیم لە ژیانی وەرزشیدا گیانلەدەستدانی ڕاهێنەرەکەم بوو، لە ناخەوە هەژاندمی چونکە هەموو ئەزموونی وەرزشی و سەرکەوتنەکانم بەهۆی ڕاهێنەرەکەمەوە بووە، بەردەوام پاڵپشت و پشتگیرم بووە." ...

November 26, 2020

"ڕۆژێک لەناو دڵەڕاوکێی بنەماڵە و گریانی خۆشەویستێك لەتەك هەشت کەسی تر بۆ سەربازی ڕوومان لە شاری "گونبەدی کاووس" کرد. بەیادی یار و شار و ماچی یار شەوم دەکردە ڕۆژ. ئەو ڕۆژە نگریسە ماندوو و مردوو هاتینەوە بۆ حەسانەوە کە تلەویزیون باسی بۆردومانی شاری سەردەشتی لە لایەن تەیارەکانی بەغدای دەکرد. ئێمەی غەریب نەماندەزانی چ بکەین. دوای دوو رۆژ بە پاڕانەوە ئیزنمان وەرگرت و بەهەڵەداوان بۆ لای سەردەشت ڕێکەوتین. دوای شەو و ڕۆژێك گەیشتینە سەردەشت، کاتێك گەیشتینە شار، شار ئەو شارە سەوزە نەبوو کە جێمان هێشتبوو. بێدەنگێکی سامناك شار و دار و ئاسمانی وڵاتەکەمی داگرتبوو، شارێكی تەماوی و تۆزاوی. بابم زۆری پێناخۆش بوو کە هاتوومەوە. بەڵام ئەو نەیدەزانی من یارم لەناو شاری ترس و دووکەڵ و مەیت و پەتووی خوێناوی جێهێشتووە. ئەو نازدارەی هەموو شەو لەدەم پەنجەرەی نۆهۆمی دوو، ماچە شێعرمان دەگۆڕیوە. منی غەریب لە شاری خۆم، دڵ و هۆشم لای ئەو بوو، هەر شەهید و بریندارێکم دەدیت بە هەڵەداوان ناسەم دەکرد کە نەکا ئەو بێ." "دوای پێنج رۆژ باروبنەم تێکناو پشت لە گۆڕستانی ئاوەدان و ڕووم لە سەوزایی شاری گونبەدی کاووس کرد. ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم دوای ۳۳ ساڵ بە زەحمەت فرمێسکەکانم زەوت دەکەم، بەڵام هەنیسك بەربینگی پێگرتووم. بیروەوری تاڵەكان وەك هێڵی نووسراوەکەم لە زەینم دا دێن و دەڕۆن. دوای دوو مانگ کە گەڕامەوە، ئەو لە من بەوەفاتر بوو. دیسان پەنجەرەی نهۆمی دوو، جلکی کوردی و عەتری ناسراو، بەڵام ئاخ کۆخە و کەپسولی ئۆکسیژێن و نەخۆشی هەوێنی گریانی من و ئەو بوو. چوار ساڵ بەردەوام پەنجەرە، کەپسولی ئۆکسیژێن، کۆخە و نەرمە چاو. شەوێك کە خەڵك و خوا شاهیدی ڕووخانی کۆشکی هیوای خۆم و ئەو بووم. بۆ سبەی لەسەر شانی من و هاوشارییانی ئەسپاردەی خاک کرا. 33 ساڵ لە ژوانی ماچ و خاک تێدەپەڕێ و هەنووكە من بە دەردی بێ ئەوی دەتوێمەوە." ...

November 25, 2020

"هەر لە منداڵییەوە بەهرەی وێنەکێشانم هەبووە، کاتێک چوومە قوتابخانە لە پۆلدا لەسەر مێزەکان وێنەم دەکێشا وە لە ماڵەوەش لەسەر کتێبەکان. زۆرم حەز لە وانەی وێنە بوو، بەهرەکەم تێیدا پیشان دەدا و مامۆستاکەم هەمیشە دەستخۆشی لێدەکردم. تەنانەت داواین لێکردم چەند لەوحەیەک دروست بکەم بۆ ئەوەی هەڵیبواسن لە مەعرەزی خوێندنگەکەمان، ئەم جیاوازییەم لە خوێندکارەکانی تر وای لێکردم زیاتر پەرە بە خۆم بەم. لەسەرەتادا تەنها بۆ حەز ڕەسمم دەکرد هیچ پلانێکم نەبوو بۆ داهاتوو کە ببم بە وێنەکێشێکی شارەزا یان وێنەکێشێکی بەناوبانگ و ئەم هونەرە ببێت بە بەشێک لە ژیانم. بەڵام کاتێک بووم بە 14 ساڵ ڕۆژێک بە سوتفە ڤیدیۆی دروستکردنی یاریم ئەلەکترۆنیم بینی، کە چۆن کارەکتەرەکان دروست دەکەن و دواتر وردەکاری زیاتری بۆ ئەکەن و پاشان دەیجوڵێنن، زۆرم حەز لێبوو. لێرەوە ژیانم گۆڕا، ئامانجێکمدا بە بەهرەکەم و بڕیارمدا ببم بە دیزاینەری کارەکتەری یاری ئەلەکترۆنی و زۆر بە وردی دروستیان بکەن، تەنانەت بیرم لەوەش کردۆتەوە ڕۆژێک فیلم کارتۆنێکی زۆر کورت دروستبکەم." ...

November 24, 2020

“Dema ez 7 salî bum li ba bavê xwe karê sifirê hîndibum. Mi gelek ji vî karî hez dikir. Dema ji dibistanê derdiketim ez diçum kargeha bavê xwe û dixebîtim. Bavê mi hemu tişt pêş mi kir. Piştî bavê xwe mi dev ji vî karî berneda û mi domkir. Mi gelek nîgar li ser sifir, cam, hesin û daran çêdikir. Ya herî zêde mi jê hezdikir suretê Şahmaran bu. Li ser sifirê surete Şahmaran cara yekem mi çêkir. Şahmaran ji bo jinên ciwan tiştek bi wateye. Jinên ciwan berîya bi zewicin ji bo ku bextewar bin li ser cêzên xwe Şahmeran neqş dikirin. Berê li ser dîwaran, ser derîyê malan di şahmaran cîh hebu. Aniha kêm buye. Ji ber wê ez bi kare xwe çîroka Şahmaran didim jîyandin. Aniha li ser sifir, cam, dar, kevir û hesin Şahmaran çêdikim. Ev kar her roj diçe winda dibe. Ji ber wê ez vî karî hinin zarokên xwe dikim. Aniha kurê mi bi mi re dixebite û hînbuye. Hêvîdikim ku berdewam bike û ev kar xilas nebe”. ...

November 23, 2020

"ئامادەکردنی خواردن لای من چێژێکی تایبەتی هەیە وەک هونەرێک سەیری ئەکەم نەک تەنیا وەک کارێکی ڕۆژانە، ئەشتوانم بڵیم کە توانیم سەرکەتوو بم تیایدا وە لە زۆر شوێنی گرنگ بانگ ئەکرام تا خواردنەکانیان بۆ ئامادە بکەم، کاتێک دەستمکرد بە کاری خواردن خوێندکار بووم، ئەبوو ئاگام لە خوێندنەکەش بێت. کەمێک قورس بوو بۆ من لەبەر ئەوەی من نەمدەویست تەنیا پارەی پێ پەیا بکەم بەڵکو ئەم کارەم بۆ من وەک خوێندنەکە بوو، پێویست بوو بەردەوام شتی تازەی لێوە فێر ببم، بیرمە ڕۆژێکیان تەمرینم لەسەر هەویری پیتزا ئەکرد هەڵم ئەیا بە ئاسمانا سوتفە کچێک پێی وتم واو زۆر جوانە، یەکەم جارم بوو کەسێک وام پێبڵێت ئاگام لە هەویر نەما سەیری کچەکەم کرد هەویرەکە کەوتەوە خوارەوە بەر دەموچاوم کەوت بەجۆرێک تەریق بومەوە ڕێک لە شوێنی خۆما دانیشتم هەر نەموێرا سەر هەڵبڕمەوە." ...

November 22, 2020

"من ھەر لە ھەڕەتی زۆر منداڵیوە بەھۆی وەی كە باپیرێكم شمشاڵ ژەن بوو و باپیرێكیشم زۆر ھۆگری بەیت و حەیران بوو، گوێچكەم زاخاوی بەیت و حەیران و شمشاڵ و بابەتە فۆلكلۆرێكان بوو، ھەر بەو ھۆیەوە لەو قۆناغەی ژیانمدا لەو بابەتانە وەڕەز ببووم و چی دیكە حەزم بە بیستنیان نەدەكرد، بەڵام تینوی ژەنیاری و خولیای فیربوونی ئامێرە مۆسیقاییەكان بووم، لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەستمكرد بە فێربوونی ئامێری سەنتوور و دوای ماوەیەك وردەوردە ڕەدیفی موسیقای سونەتی فارسی فێر بووم، كاتێك كە شارەزای گۆشەكان و ڕەدیفی موسیقی ئێرانی بوم ئەوكاتی من بایەخ و ئەرزیشی موسیقای فۆلكلۆری كوردیم بۆ دەركەوت و زانیم ئێمە لەو بابەتەوە تا چ ڕادە دەوڵەمەندین، ھەر ئەو كات ئیتر من موسیقی ئێرانیم جێھێشت و ھاتم لەسەر موسیقی فۆلكلۆری كوردی كارم كرد و لەو كاتەوە خەریكی تۆژینەوە و لێكۆڵینەوە و گرداری بابەتە فۆلكلۆرێكانی ھەموو ناوچەكانی كوردستان، بە تایبەت مۆسیقای مەقامی کوردیم، و لەسەر ئەو بیر و ڕایەم كە ڕۆژگارێك دەبێ ناوچە بە ناوچەی كوردوستان ئەو بابەتە فۆلكلۆرانە بە تایبەت وەك بەیت و حەیران و لاوك و لەیلێ و ھۆرە و سیاچەمانە و وردە قام و ئەو مەقامانە ھەموو كۆبكرێنەوە و گردئاوری بكرێن و لە باری زانستێوە كاریان لەسەر بكرێ و تۆمار بكرێن و ببێتە فەرھەنگ و پێناسەی مێژووی موسیقای ڕەسەنی كوردی." ...