Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 30, 2020

"دوو ساڵ زیاتر دەبێت خەریکی گوڵفرۆشیم، پێشتر شارەزایی ئەوەم نەبوو کە هەر ڕەنگە و مانایەکی خۆی هەیە. بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەوەی ڕەنگەکان هەموو دەناسم، بۆنی گوڵەکانیش دەناسمەوە. بڕۆم بۆ هەر ماڵێک ئەگەر گوڵدان و باخچەیان هەبێت دەزانم هەستی ئەندامانی خێزانەکە چۆنە. بڕۆم بۆ هەر شوێنێک حەزدەکەم گوڵ و گوڵدان ببینم. کە بووم بە گوڵفرۆش هاوسەرگیریم نەکردبوو، ڕۆژانە خەڵک بۆ بۆنە و یادەکانیان بۆ گوڵ کڕین دەهاتن بۆ لام، بەتایبەت ئەوانەی گوڵیان بۆ خۆشەویست و هاوسەرەکانیان دەکڕی، زۆر سەرەنجیان ڕادەکێشام. ئێستا کە خێزاندارم بۆ ئەوەی هاوسەرەکەم بزانێت چەندم خۆشدەوێت، منیش زۆر جار گوڵی بۆ دەبەم بە دیاری، بۆ هەر گوڵێکیش بە پارە لە خۆمی دەکڕمەوە، بەم جۆرە ویستوومە قیمەت بۆ گوڵەکە و هاوسەرەکەم دانێم. من هاوسەرەکەم زۆر خۆشدەوێت و لەهەمان کاتیشدا گوڵەکانیشم خۆشدەوێت." ...

October 30, 2020

"هەستم دەکرد لە خوێندندا سەرکەوتوو نابم بۆیە بڕیارمدا واز لە خوێندن بێنم و دەست بکەم بە کارێک، سەرەتا وەک شاگردێک کارم دەکرد لە سەرتاشخانەیەک و خۆشم زۆرم حەز بە سەرتاشی بوو. بەردەوام بووم هەتا توانیم سەرتاشخانەی خۆم هەبێت و ببمە خاوەن کاری خۆم، بەڵام پاش ماوەیک بەهۆی کێشیەکەوە دوکانەکەم نەما. کۆمەڵێ کاریترم کرد، بەڵام سوودیان نەبوو بۆ من، بەو جۆرە نەبوون کە من دەمویست، بڕیارمدا بەڕێگەی قاچاخ سەفەر بکەم، لەوەشدا کۆمەڵێ کێشە هاتە بەردەمم و نەمتوانی سەفەر بکەم. پاش ماوەیەک گەڕامەوە سەر حەزەکەی خۆم و هەرچۆنێک بوو سەرتاشخانەکەم دانایەوە، ئاواتی زۆرم هەیە پێی بگەم و ڕێگری زۆریش هەیە بەڵام کۆڵ نادەم و بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەم، گرنگترین شت ئەوەیە بە خۆت بڵێی مەڕوخێ." ...

October 29, 2020

"لەبیرمە کە منداڵبووم زۆر حەزم لە گۆرانی وتن دەکرد، دەچوومە بەردەم ئاوێنەی ژوورەکەم و وەک هونەرمەندێک کە لەسەر شانۆ ڕاوەستابێت، هەرچی لەبەر دەستم بوایە لەباتی مایکرۆفۆن بەکارمدەهێنا و گۆرانیم دەوت، پاشان کە گەورەتر بووم زانیم جگە لە گۆرانی وتن بواری میدیاشم زۆر پێخۆشە هەستم دەکرد تێیدا لێهاتووم. لە تەمەنی لاویدا لەبەر چەند هۆکارێک فێربوونی ساز و ئاوازم بە نیوەچڵی وازلێهێنا و لە زانکۆ دەستمکرد بە خوێندنی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری تا ئاستی بڕوانامەی ماستەرم خوێند، هاوکات وەک میدیاکارێک کاریشم دەکرد. بەڵام چەند ساڵێکە بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ و باشتر دەستمکردووەتەوە بە گۆرانی وتن و ئاواز چڕین. ئێستا تێگەیشتووم کە نابێت هەرگیز پشت لە خەونی منداڵی و ئاواتی ژیانت بکەیت، لەبەر ئەوەی تۆش واز لەو خەونەت بێنیت ئەو هەرگیز وازت لێناهێنێت." ...

October 29, 2020

"هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینی بچمە زانکۆ، بیرمە یەکەم ڕۆژ چوومە قوتابخانە زۆر دڵم خۆش بوو، زۆر هەوڵم دەدا لە خوێندن، دواتر چوومە دواناوەندی، سووربووم لەسەر ئەوەی دەرەجەی بەرز بێنم، ماوەیەک پێش تاقیکردنەوەی کۆتایی کە لە ڕێگا بووم بۆ قوتابخانە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووم، برینداربووم و تەندروستیم تێکچوو بردیانم بۆ نەخۆشخانە، بەو هۆیەوە نەمتوانی بەشداری بکەم لە تاقیکردنەوەکان. ماوەیک لە نەخۆشخانە مامەوە هەتا تەندروستیم باش بوو بەڵام باری دەروونیم هێشتا باش نەبوو، ساڵێک خوێندنم فەوتا. زۆر بێتاقەت بووم هاوڕێکانم هەموویان چوونە زانکۆ و گەیشتن بە خەونەکانیان. بەڵام لێرەدا نەوەستام، بڕیارمدا ساڵی داهاتوو بگەڕێمەوە خوێندن، سەرەڕای ئەو دۆخە خراپەی هەبوو، لەگەڵ ئەو جەنگەی تێیدا بووین و دواتریش کۆرۆنا بڵاوبووەوە کە هەموو شتێکی وەستاند لە هەموو جیهاندا بەڵام هەر ئیرادەم بەهێز بوو، هەوڵی زۆرمدا و تاقیکردنەوەکانم ئەنجامدا و گەیشتم بە خەونەکەم، ئێستا خوێندکاری زانکۆم لە بەشی ئابووری." ...

October 28, 2020

"ژیان کاتی خۆی زۆر ناخۆش بوو، ئەو کاتانە خەڵکی 10 ئەوەندەی خەڵکی ئێستا ماندوو دەبوو، خەڵکی ئێستا لە ژیانێکی خۆش و ئاسوودەدایە. ئەو کاتانە خەڵکی دار یان هەر شتێکی تری بگواستایەتەوە بە کۆڵ یان بە وڵاخ دەیانکرد بەڵام ئێستا وا نەماوە. جاران خەڵکی ژیانی ناخۆش بوو بەڵام دڵی خۆش بوو، ئێستا بە پێچەوانەوە ژیانیان خۆشە بەڵام دڵیان خۆش نیە. ئێستا دڵیش ڕەق بووە، جاران زۆر کەم نان بەبێ میوان خوراوە، کەچی ئێستا یەکێک بێتە گوندەکەمان لەوانەیە خەڵک پێیان ناخۆش بێت و بڵێن بۆ هاتووە. جاران ئەگەر بیست بۆ سی ماڵ لە گوندێکدا بوونایە کە یەکێک دەهات بۆ گوندەکە وایدەزانی ئەمانە هەمووی یەک بنەماڵەن، خەڵک ئەوەندە تێکەڵ بوون." ...

October 28, 2020

"ماوەی پێنج ساڵە لە قامیشلۆ دەژیم و خوێندکارم لە بەشی بازرگانی و ئابووری، بەدەر لەوە وێنەگرم لە سەنتەرێک، کە کار دەکات لە بواری وێنە، ڤیدیۆ و دۆکیومێنتاری. چوار ساڵ لەمەوبەر دەستمکرد بە کاری وێنەگرتن و زۆر حەزم لە کاری وێنەگرتن بوو، دوای ئەوە بەشداریمکرد لە دەورەیەکی پێشکەوتوو بۆ وێنەگرتن. سەردانی هەموو شارەکانی ڕۆژئاوامان کرد، لە دێریکەوە بۆ عەفرین، وێنەی سەربازی و سروشتمان گرت، وە هەر شتێک پەیوەندی هەبووبێت بە کلتووری ڕۆژئاواوە، دواتر یەکەم پێشانگای وێنەمان کردەوە و 100 وێنەمان تێدا نمایشکرد. و چەند دۆکیومێنتارییەکمان دروستکرد لەسەر جوڵانەوەکانی عەفرین، و گوندێک کە تایبەتە بە ئافرەتان و چەند بابەتێکی دیکە." ...

October 27, 2020

"تا ئێستا چەند جۆرە کارێکم کردووە بە تەختە وەک نەخش دروستکردن لە تەختە، هەڵکۆڵین لەسەر تەختە و دروستکردنی یاری منداڵان لە تەختە و بەدەر لەمانەش زۆربەی کارە دەستییەکانم کردووە. بەڵام (دروستکردنی نەخش بە سوتاندن)ی تەختەم لە هەمووی زیاتر حەز لێبوو. لە پێشانگایەکی تایبەت بە هونەری دروستکردنی نەخش بە سوتاندن بووم، فۆتۆگرافەرێک پێی وتم بۆ ئەو وێنانەی لە خەیاڵتن وێنەیان ناگریت، ئەوە بوو بۆ یەکەم جار دەستمکرد بە کاری فۆتۆگرافی و زۆر باش بووم، چونکە ئەو شتانەی نەمدەتوانی بە سوتاندنی تەختە نیشانی بدەم بە وێنە نیشانم دەدان. کتێب خوێندنەوەش زۆر کاریگەری هەبووە لەسەرم، کاتێک دێڕێکم لەناو کتێبێک بەلاوە جوان بووە، هەر چۆنێک بووە هەوڵمداوە وێنەی بگرم." ...

October 27, 2020

"زیاتر لە 11 ساڵە سەرتاشم، من و زۆربەی خزمەکانیشم لەژێردەستی برایەکەم فێری ئەو کارە بووین. خودی خۆم لە ماوەی کارکردنمدا نزیکەی حەفتا بۆ هەشتا کەسم فێری کارەکە کردووە. جگە لەوەی لەپێناو خودا ئەوانم فێرکردووە و دڵخۆشم پێی، خۆشحاڵیشم کە زۆر لە فێرخوازەکان بەوەفان، ئێستاش زۆربەیان خاوەن دوکان و کاری خۆیانن کە دەچمە لایان من بە مامۆستای خۆیان دەزانن و تەنانەت شەرم دەکەن لەبەردەم من کار بکەن. هەرگیز بەموشتەریم نەگوتووە ئەوەنە پارەم دەوێت یان ئەو بڕە پارەیە کەمە، قەناعەتم بە هەموو بڕە پارەیەک هەیە کە وەریدەگرم، بۆیە پێم وایە ئەوەی هەمە لە ژیانمدا لە بەرەکەتی قەناعەت کردنە." ...

October 26, 2020

"هەرگیز حەزم بە کەسانی سست و لاسار نەبووە، و ئەو کەسانەشی کە خاوەنی هیچ بڕیاێکی خۆیان نین و دەستیان بردبێ بۆ هەر کارێک بە نیوە و ناتەواو جێیان هێشتووە، کەسی وا هەیە کە سەیری ڕابردووی دەکەیت بریتییە لە کۆمەڵێک کاری بێ پلان و پچڕ پچڕ. بیرم نایەت کە کارێکم کردبێت و لە نیوەیدا وازم لێهێنابێت و لاوازیم نواندبێت. بەم تەمەنەوە هەتا بەسەر پێوە بم کاردەکەم بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی لەم کافێیەدا کاردەکەن بێ ئیش نەبن، هیوادارم پاش خۆم چرای ئاواتەکانم و ئەو کارانەی بەزەحمەت بناغەیم داناوە بەردەوام بێت. لە کۆتایی ژیاندا کاتێک بیردەکەیتەوە و ڕابردووت دێتەوە بەرچاوت، دەبێت شتێکت کردبێت کە شانازی پێوە بکەیت و بڵێیت من ئەم کارانەم کردووە و بۆ بەدەست هێنانیان تێکۆشاوم." ...

October 26, 2020

"جاران کە سەیری فیلمی کاوبۆییەکانم دەکرد وامدەزانی کە ئالەتی گیتار پەیوەستە بە کاتی جەنگ و ڕووبەرووبوونەوەی جەنگاوەران. سەرەڕای ئەوەی خۆم بەشی ئەندازیاری تەلارسازیم تەواو کردووە و ماوەیەک لەو بوارەدا کارم کردووە، بەڵام دواتر میوزیکم هەڵبژارد و خۆم فێری گیتار کرد، ئێستا کە خۆم ژەنیاری گیتارم، بە پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوەی جارانم بیر دەکەمەوە. ئێستا مامۆستای باخچەی منداڵانم، گیتار دەژەنم و لەگەڵ منداڵەکان سەما دەکەین، سەمای سامبا و فلامینگۆ، هەڵدەپەڕین و هەڵبەز و دابەز دەکەین. کە منداڵەکان بەم شێوەیە دەبینم دەزانم لە ڕابردوو چیم لەدەست داوە کە منداڵبووم، بۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی منداڵیم هەندێک جار حەزدەکەم سەراپای جەستەم گوێچکە بێت بۆ گوێ گرتن بۆ مۆسیقا و گۆرانییەکان." ...

October 25, 2020

"کاتێک دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبە کۆنەکان دەربارەی بنەڕەت و سەرەتای مۆسیقا، تەنانەت دەربارەی شارستانییەتی فیرعەونەکان و میدەکانیشم خوێندەوە. شتێک سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە هەندێک حاڵەتی نەخۆشییان بە مۆسیقا چارەسەر کردووە. لەم بوارەدا قوڵ بوومەوە و لێکۆڵینەوەم لەسەر کرد، دەستمکرد بە چارەسەرکردن لە ڕێگەی ئامێری کەمانچەوە، چونکە ئامێرێکە بەر ڕۆح دەکەوێت و هێمنی و ئارامیت پێدەبەخشێت. هاوڕێیەکم هەیە کە بە سروشت قەلەقە، داوام لێکرد کە بێت قاوەیەک بخواتەوە لام، کاتێک کە گەیشت بینیم دەستی دەلەرزێت، پێم گوت چاوت دابخە چەند مۆسیقایەکت بۆ ئەژەنم بە کەمانچە و بۆچوونی خۆتم پێبڵێ. کە دەستم کرد بە ژەنینی مۆسیقاکە بینیم کە هێواش بووەوە و قەلەقییەکەی نەما، دڵنیا بوومەوە لە ڕاستی بابەتەکە. لێکۆڵینەوەی زیاترم لەسەر کرد بینیم چەند دەزگایەکی تایبەت بەم کارە هەیە لە یابان و ئەمریکا و تەنانەت دوبەیش ،کە خەڵک چارەسەر دەکەن بە مۆسیقا. دەتوانم شیکاری بۆ کەسێک بکەم لە ڕێگەی بینینی چاوییەوە و هەستکردن بە لێدانی دڵی، دواتر مۆسیقایەکی تایبەتی بۆ دەژەنم." ...

October 25, 2020

"دوای خوێندنی زانکۆ، بووم بە مامۆستا و لە چەند زانکۆیەک دەرسم وتووەتەوە، زۆربەیان لە لوبنان بوون، بەڵام دوای ئەو جەنگەی لە کۆبانێ ڕوویدا لە نێوان هێزە کوردییەکان و داعش، هەڵاتم بۆ تورکیا، کاتێک گەڕامەوە بۆ ڕۆژئاوا بینیم خانووەکەم وێران بووە و ئاساری نەماوە بەهۆی ئەو بۆمب بارانەی لە شارەکەدا هەبوو. ئەو پارەی کە وەرمدەگرت بۆ وانە وتنەوە نەمدەتوانی مەسرەفی ماڵەکەی پێبکەم، تەنانەت بەشی خۆشمی نەدەکرد. بۆیە لە برا گەورەکەمەوە خۆم فێری نەخشکردن لەسەر شوشە کرد، ماوەی هەشت ساڵ دەبێت خەریکی ئەو کارەم، زۆر لە کارەکەم ڕازیم و بەردەوام دەبم لەم کارەم." ...