Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 24, 2020

"هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینی ببم بە پزیشک، دایمە وا خەیاڵم دەکردەوە جلی سپیم لەبەردایەوە و خەریکی کاری پزیشکیم. بەهۆی هەندێک گرفتەوە نەمتوانی لە زانکۆی پزیشکی دەرس بخوێنم، بەڵام توانیم ماستەر بێنم لە مافدا، چونکە ئیش کەمە لە بواری مافدا نەمتوانی لەو بوارەدا کار بکەم. هێشتا ئاواتی پزیشکیم لە دڵدا بوو، تا لە تەمەنی 23 ساڵیدا توانیم لە زانکۆیەک لە تورکیا دەست بە خوێندن بکەم لە بواری پزیشکی ددان. لەوێ سێ خول دەرسم خوێند، بەهۆی بارودۆخی ئابووری و بەرز و نزمی نرخی دۆلار نەمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم و گەڕامەوە بۆ مەهاباد، کە گەڕامەوە لەگەڵ چەند پزیشکێکی ددان خەریکی ئیشی ددان سازی و جوانکارییەکانی ددان بووم، هەرچەندە کە تا ئێستاش لەو کارەدا سەرکەوتووم، بەڵام پێم خۆشە بۆ خۆم بەتەنیا کلینیکی ددانم هەبێت و بۆخۆم تەنیا کار بکەم." ...

October 24, 2020

"ماوەی 35 ساڵە کاری لەبغ دەکەم، ئێستا کارەکە بۆ من گرانە لەبەر ئەوەی چوومەتە تەمەنەوە، بەڵام ناچارم ئەم کارە بکەم بۆ ئەوەی بتوانم ژیان بۆ منداڵەکانم دابین بکەم. کوڕێکم هەیە لە زانکۆی دیمەشق دەخوێنێت و منداڵەکانی تریشم لە مەکتەبن، شانازی بەوەوە دەکەم، لەبەر ئەوان کاردەکەم بۆ ئەوەی بتوانم ژیانێکی خۆشتریان بۆ دابینم بکەم لە ژیانی خۆم. لە گەنجیدا دەمتوانی لە ڕۆژێکدا 30 مەتر لەبغ بکەم، بەڵام ئێستا بەهۆی تەمەنمەوە ناتوانم بگەمە 10 مەتر لە ڕۆژێکدا. هەموو هاوڕێکانم وازییان لە کارەکە هێناوە بەڵام من هەر خەریکم، بۆ ئەوەی بتوانم مەسرەفی منداڵەکانم بکەم." ...

October 23, 2020

"زیاتر لە بیست ساڵە لەسەر ئەم جادەیە بەرووبوومی باخ و بێستانەکەی خۆم دەفرۆشم بەو خەڵکانەی کە بۆ گەشت لەم گوندەوە تێدەپەڕن، ئەم ماوەیە کۆرۆنا هاتووە، ئێرەش قەرەباڵغییەکەی وەک جاران نەماوە، هیوادارم ماوەیەکی تر کە بەرووبوومەکان پێدەگات ئەو قەرەباڵغییەی جارانی بۆ بگەڕێتەوە، کوڕەکەشم کاسبە، ئەو ماسی دەفرۆشێت و دابەشیشی دەکات بەسەر ماسی فرۆشاندا، کوڕەزاکەشم بە درێژایی ڕۆژ لای من دەمێنێتەوە، ئەو ئەوەندەی هۆگری لای منە ئەوەندە لای دایک و باوکی نامێنێتەوە." ...

October 23, 2020

"کە لە مەکتەب بووم حەزم لە دەرسە زانستییەکان بوو، بەڵام کەتێک تاقیکردنەوەی بەکەلۆریم کرد 63م هێنا، دەرەجەیەکی زۆر کەم بوو، کۆمەڵێک کۆلێژی نزم وەریان دەگرتم کە من هیچیانم بەدڵ نەبوو، ئیتر چوومە بەشی کوردی لە زانکۆی بەغداد چونکە خۆم حەزم بە بینینی بەغداد دەکرد، دوای چوار ساڵ تەواوم کرد بەڵام هێشتا حەزم لە بەشێکی زانستی بوو. دوای چەند ساڵێک لە دەرس وتنەوە بووم بە بەڕێوەبەر لە قوتابخانەی کاوە. ئەم هەموو کاتە تێپەڕی بەڵام هێشتا حەزم لە خوێندن بوو بۆ بەشی زانستی، ئەوەبوو ڕۆژێک نووسراوێکمان بۆ هات دەورەیەکی بیریکاری ئەکرێتەوە بۆ مامۆستایانی زانستی لەگەڵ ئەو کەسانەی حەزیان لێیە، خێرا ناوی خۆم تۆمارکرد و گەشتم بە ئاواتەکەی خۆم، لە دوای تەواوبوونی دەورەکە هەتا ئەو ڕۆژەی خانەنشین کرام وانەی بیرکاریم وتەوە." ...

October 22, 2020

"کاتێک من خوێندکار بووم ساڵی 1955، باوکم و باپیرم کاری دارتاشییان دەکرد، کاڵا و نەخشیان لە تەختە دروستدەکرد. باپیرم کۆچی دوایی کرد و باوکیشم چوو بۆ سەربازی، منیش هێشتا لە خوێندن بەردەوام بووم. دوای ماوەیەک باوکم گەڕایەوە بەڵام بریندار بوو بوو، قاچی چەپی بڕدرابۆوە لە کاتی جەنگەکانی سوریادا، و چیتر نەیدەتوانی کارەکەی بەباشی بکات. بڕیارمدا کە بەردەوامی بە کاری دارتاشییەکەی باوکم و باپیرم بدەم. لە نێوان خوێندن و دارتاشی زیاتر حەزم لە دارتاشییەکە بوو، هەموو ڕۆژێک تامەزرۆی ئەوەم دەکرد مەکتەب تەواو ببێت، یەکسەر بەجلی خوێندنەوە دەچووم بۆ دوکانەکەمان، حەزم لە خوێندنیش بوو بەڵام نەمدەتوانی تەرکیز بکەم." ...

October 22, 2020

"ئێمە شەش برا و یەک خوشکین، بەهۆی خراپی باری دارایی خێزانەکەمەوە وازم لە خوێندن هێنا و دەستم دایە کاری کشتوکاڵی. ماوەی نۆ ساڵە ئەم کارە دەکەم. کە منداڵ بووم خەونی ئەوەم هەبوو ببم بە دکتۆر، بەڵام واقعی ژیان و خەون زۆر جیاوازن، نەبوونی (هەژاری) خێزانەکەم ڕێگەی نەدام بگەم بە خەونەکەم. هەر ڕۆژەی لە کێڵگەیەک کار دەکەین، ئەمڕۆ خەریکی پەمووین سبەی خەریکی شتێکی تر دەبین، ڕۆژانە کاتژمێر پێنج هەڵدەستین پێش خۆرهەڵاتن و خۆمان ئامادە دەکەین، بۆ کاتژمێر شەش دەگەینە کێڵگەکە، هەتا کاتژمێر پێنجی ئێوارە کاردەکەین. دواتر هەقی ئەو پەمووانەی چنیومانە بڕێک پارە وەردەگرین، بۆ هەر کیلۆیەک هەشت سەنت وەردەگرین. کارێکی زۆر گرانە بەڵام ئێمە ناچارین ئەو کارە بکەین." ...

October 21, 2020

"لەبەر ئەوەی هەژار بووین ناچاربووم کە لەدوای دەوامی مەکتەبم کار بکەم لە چێشتخانەیەکی بچووک نزیک ماڵمامن. دوای ئەوە باوکم سەفەری کرد بۆ شام بۆ کارکردن منیشی لەگەڵ خۆی برد، لە هۆتێلێک کارم دەکرد بۆ ماوەی سێ ساڵ، زۆر شت فێربووم لە شێفەکانەوە، هەرچەندە شێفەکان نەیاندەویست کەس لێیانەوە فێربێت، بەڵام من لە پەنجەرەکانەوە بەدزییەوە سەیرم دەکردن و کە دەگەڕامەوە ئەوەی دەمبینی و فێردەبووم لەسەر دەفتەرێک دەمنووسی. بەبۆنەی جەنگەوە چووم بۆ باکوور، لەوێ لە چێشتخانەیەک کارم دەکرد، خاوەن چێشتخانەکە زۆر لێم ڕازی بوو چونکە خواردنی شەرقیم زۆر باش دەزانی، بۆیە لەگەڵ خۆی بردمی بۆ دانیمارک بۆ کارکردن. لەوێش بۆ ماوەی نۆ مانگ کارم کرد. لە کۆتاییدا بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ ڕۆژئاوا و لەگەڵ خێزانەکەم بژیم. چێشتخانەیەکی شەعبیم کردەوە لە حەسەکە، کارەکەم زۆر خۆشدەوێت و بە بەردەوامی هەوڵی گەورەکردنی دەدەم." ...

October 21, 2020

"کاتێک کەسێک دەکەی بەسەر مەشقی خۆت لەژیان پێت خۆشە زۆربەی ژیانت وەکو ئەو لێبکەی تەنانەت لە قژ و جلوبەرگیشدا. منیش لەبەر خۆشەویستیم بۆ مارسیلۆی بەڕازیلی قژم وەک ئەو لێکردووە، هەرچەندە لەو ناحیە بچووکەی خۆمان بەردەوام دەکەومە ژێر ڕەخنە و توانج. زۆر جار گوێبیست دەبم پێم دەڵێن ئەڵێی ژنە یان ئەڵێن زۆر عەیبە بۆتۆ قژت بەم شێوە هێشتۆتەوە، جارێک مامۆستاکەم لە قوتابخانە پێی وتم احمد ئەگەر قژت چاک بکەی وەعد پانزە دەرەجەت پێ ئەدەم منیش وتم مامۆستا ئەگەر ئەمساڵ دەریشم بچێنیت، قژم چاک ناکەم، باوکم زۆر پشتگیریم دەکات پێی خۆش نیە چاکی بکەم بەڵام دایکم بەردەوام شەڕیەتی لەگەڵم ئەڵێ ئەبێت قژت چاک بکەی." ...

October 20, 2020

"دوای ئەوەی خوێندنی دیبلۆمم تەواو کرد بووم بە مامۆستا لە مەهاباد، بەڵام دواتر بۆ ماوەی 3 ساڵ زیندانی کرام، لە ماوەی ئەو 3 ساڵەدا زۆر شتی ناخۆش لە ژیانمدا ڕوویدا، برایەکی لە خۆم گەورەترم هەبوو کە ئیلهامی گۆرانی وتنم لەوەوە وەرگرتبوو، بەداخەوە لەو کاتەدا ئەو برایەم لەگەڵ باوکم کۆچی دواییان کرد، کاتێک لە زیندان بەربووم گەڕامەوە سەر ماڵێکی چۆڵ. براکەم دەنگی زۆر خۆش بوو، بەڵام لە بنەماڵەی ئێمەدا کەس گۆرانی نەوتبوو، تەنانەت باوکیشم دەیزانی کە منیش دەنگم خۆشە کە لەگەڵ ڕەفیقەکانم دەچوومە دەرێ هەموو جارێک پێی دەوتم نابێ گۆرانی بڵێم. چونکە بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا بە هەڵە لەگۆرانی وتن تێگەیشتبوون .دواتر کە ڕادیۆمان کڕی گوێم لە دەنگی مامۆستا تاهیر تۆفیق بوو و ئیلهامم لە دەنگی وەرگرت، لەگەڵ شێعری مامۆستای پایە بەرز محەمەد ساڵح دیلان. بێجگە لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کە خوێندومە، زۆربەی گۆرانییەکانی دیکەم لە میلۆدی بادینانی وەرگرتووە و شیعری سۆرانیم لەسەر داناون کە نزیکەی 400 گۆرانی دەبن کە زۆربەیان تۆمار نەکراون. زۆر کەس داوایان لێکردووم کە فێرکاری گۆرانی وتن دانێم، بەڵام من باوەڕم بە فێرکاری نییە." ...

October 20, 2020

"من و خوشکەکم ماوەی 4 ساڵە یاری دووگۆڵی دەکەین، ئەو کاتانە لە لەناو گەڕەکەکاندا یاریمان دەکرد، ڕۆژێک ڕاهێنەرەکەی ئێستام (کاپتن ڕەشۆ) هات بۆ لام و داوای لێکردم جارێک لە یاریگادا یاری بکەم، لەوێدا ژیانم چووە قۆناغێکی نوێوە کە کاپتن ڕەشۆ بڕیاریدا من و خوشکەکەم بەرێتە ناو تیپەکەی. لەبەر ئەوەی پێشتر لەناو یاریگادا یاریم نەکردبوو تۆزێک قورس بوو بۆ من. ساڵی ڕابردوو لەگەڵ نادی عامودای ئەفرەتان یاریم کرد، هەرچەندە یاریزانێکی تازە بووم، ڕاهێنەری نادییەکەمان بانگهێشتی کردم بۆ یاریکردن بەهۆی بەرزی باڵامەوە، یەکەم یاریزان بووم لە تەمەنی 14 ساڵیدا بەژداری خولی سوری ئافرەتانی کردبێت. و نازناوی خولی سوریمان بەدەست هێنا دوای بردنەوەی کۆتا یاریمان لە شاری دیمەشق. ئەم ساڵیش پێش چەند ڕۆژێک لەگەڵ نادی خاپوور نازناوی خولی سوری تازە پێگەیشتوانمان بەدەستهێنا، خوشکەکەم کاپتنی تیپەکە بوو ئەو کاسەکەی بەرز کردەوە، منیش نازناوی باشترین یاریزانی خولەکە و گۆڵکاری خولەکەم وەرگرت." ...

October 19, 2020

"دوو برام هەبوو لە گروپی سەمادا بوون، بەڵام دواتر چوونە ڕیزەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل)، منیش لەوانە فێری سەما بووم. ماوەی سێ ساڵ لە گروپی سەمای منداڵان بووم، دواتر چوومە گروپی سەما بۆ گەنجان و دواتریش بووم بە مامۆستای گروپی سەماکە، سەرەڕای کەمی تەمەنم تەلەبەم زۆر فێرکردووە. بەدەر لە سەماکردن، خۆم فێری ئامێری ئۆبوا کردووە لەبەر ئەوەی ئۆبوا لێرە کەمە، بەڵام لە شاری عەفرین زۆر بەکاری دەهێنن، زۆر گرنگە لایان، بە عادات و تەقالیدی کوردی دادەنێن. تەمەنم 16 ساڵان بوو کاتێک ئۆبوام کڕی، هەنگاو بە هەنگاو هەوڵم لەگەڵ دەدا بۆ ئەوەی فێربم، تەنها دوو دەرسم وەرگرتووە لەسەر ئۆبوا، بەدەر لەوە هەمووی بە هەوڵی خۆم فێربووم. هەمووان خۆیان فێری گیتار و کەمانچە دەکەن، بەڵام من بەلامەوە گرنگتر بوو خۆم فێری ئۆبوا بکەم. بەهۆی شارەزایم لە سەما و ئۆبوا، لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی سەربازیم هونەرمەند "فەرهاد مردی" بانگێشتی کردم بۆ گروپەکەی، و منیش ڕازی بووم." ...

October 19, 2020

"كاتێك مناڵ بووم و دەچووم بۆ مەكتەب، ھەر كات مامۆستاكەم لێی دەپرسیم کە گەورە بووی پێت خۆشە خەریكی چی ئیشێک بیت یان ببیت بە چی، ھەر جارەی وەڵامێكم دەداوە، جارێک دەمگوت مامۆستا، جارێک دكتۆر، جارێک خاوەنی ئارایشتگا، جارێک ئەندازیار. ھەر جارەی ئیشێكم دەگوت، چونکە پێم خۆش بوو ھەموو ئیشێک بزانم و بتوانم ھەموو كارە بم. وردە وردە كە گەورەتر بووم و زیاترم بیر كردەوە، بۆم دەركەوت كە من ناتوانم ھەموو ئیشێک بكەم بەڵام دیسانیش ھەر پێم خۆش بوو بزانم بۆ ھەر ئیشەی چ ھەستێكم دەبێ و چۆن دەتوانم بەو ئاواتەم بگەم، ئەوجار بە ھۆی دیتنی زۆری فیلم ھەستم كرد ئەگەر ببم بە ئەكتەر دەتوانم ھەموو ئەو ھەستانە تاقی كەمەوە، و ھەر ئەوە بوو كە بوومە خولیای ئەكتەر بوون و هەوڵی فێربوونیمدا هەتا دوو ساڵ لەمەوبەر لە مەھاباد دەستم بە كار كرد لە شانۆ و كورتە فیلمەوە، زۆرم پێ خۆشە كە بە ھۆی ئەكتەر بوون دەتوانم تەواوی ھەستەكان تاقی كەمەوە و دەتوانم ھەر جارە ئیشێک بكەم." ...