Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 10, 2020

"سەرمای ئەو شوێنە باسناکرێت، ناوچەیەک بوو نزیک شام لە ناو مەسیحییەکاندا. ئەو کاتە تەمەنم چواردە ساڵان بوو، دوور لە خێزان و هاوڕێکانم، ڕۆژانە ڕێگایەکی زۆرم دەبڕی لە نێوان شوێنی فێربوونەکەم و ماڵەکەمدا. بەڵام خولیام بۆ کاری دارتاشی ئەوەندە زۆربوو هەرگیز بێزار نە ئەبووم بە ڕۆشتن لەژێر بەفردا بۆ ماوەیەکی زۆر، هەندێک جار بەفر مەترێک بەرزدەبۆوە. بەڵام ئارەزووی دروستکردنی کەلوپەل و کێشانی نەخش و نیگار لەسەر تەختە، نەیوەستاندم. دوای گەشتێکی هەژدە ساڵی، گەڕامەوە بۆ نیشتیمان. چونکە تاراوگە چەنێک جوانبێت، بەڵام نیشتیمانەکەی خۆت جوانتر و دڵبەرترە. لەگەڵ ئەوەی ببومە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە خۆم، بەڵام هەستمەکرد ڕۆژئاوا پێویستی پێمە. ماوەیەک لەپاڵ کارەکەمدا، هەستام بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپوری و ئەنتیک، بۆ ئەوەی مۆزەخانەیەکی پێدروستبکەم. بەڵام بەهۆی ئەوەی کەس هاوکارم نەبوو و ماڵەکەشم هێندە فراوان نەبوو بتوانم جێیبکەمەوە، بۆیە دوای ماوەیەک مۆزەخانەکەم داخست و گەڕامەوە سەر پیشەکەی خۆم کە لە پێناویدا زۆرم چەشتووە." ...

October 10, 2020

"هەر لەو کاتەوەی دێیتە دونیاوە چارەنووس ڕەنگە وا بۆت نووسرابێت کە بە تەنگ و چەڵەمەدا تێپەڕ ببیت. ئەوەی کە چ قەدەرێکت هەیە کەس نازانێ، خۆشت نازانی چەن دەژیت و چۆن دەژیت. هەر لە منداڵییەوە ژیانێکی ئاساییم نەبووە و هەموو کاتێک کۆسپێک هەبووە کە دەبووا تێپەڕم بکردایە، بەردەوام بەهیوای ئەوەی کە لە پاشاندا ژیانم بکەوێتە سەر هێڵێکی ئارام، کۆسپێکی تر چاوەڕوانی کردووم. بەردەوام لە جۆرێک لە تێکۆشان و کۆڵنەداندا بووم. یەکێک لەو شتانەی لە ڕۆژە سەختەکاندا وزەت پێئەدات و وائەکات کە نەڕوخێیت، بوونی خێزانێکی باشە، کە ڕۆحی هاوکاری و کۆڵنەدانیان هەبێت. کاتێک تۆ هاوسەرێکت هەیە، کە هەموو کارێک دەکات بۆ خوشگوزەرانی تۆ و منداڵەکانت، نابێ لە هیچ بترسیت. سەروو خوارکردنی ژیان لات ئاساییە." ...

October 9, 2020

"نەنکم تەمەنی نەوەد ساڵبوو. سەرەڕای تەمەنەکەی، تەندروستی زۆر باشبوو. تا ڕۆژێکیان لە کاتی دەستنوێژ هەڵگرتندا خلیسکا و کەوت، ئازار بە ئەژنۆکانی گەشتوو و کەوتە سەر جێگا. بەهۆی ئەوەی دایکیشم تەندروستی باش نەبوو و خۆم تاکە منداڵی ماڵەکە بووم، بڕیارمدا خۆم خزمەتی بکەم. ڕۆژانە خواردنم بۆ دروستدەکرد و نانم پێدەدا. کات و ساتی دەرمانەکانیم لەبەرکردبوو و بێ دواکەوتن دەمداپێی. بە جۆرێک هۆگری ببوم وام لێهاتبوو لە خۆم زیاتر خۆشم دەویست. ئەو هۆگریە کاریگەری نەرێنی خستبووە سەر خوێندنەکەم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشم. تەنانەت لەگەڵ هاورێکانیشم نەدەچوومە دەرێ، دەموت نەکا پێویستی بە شتێک بێت و من لە ماڵ نەبم. ماوەی یانزە مانگ نەنکم بەو شێوەیە لەسەر جێگا مایەوە." "ڕۆژێکیان لەبەر بێتاقەتی و هیلاکی زۆر، بڕیارمدا سەردانی ماڵی خوشکێکم بکەم لە شاری قامیشلۆ. بە نەنکمم وت دوو ڕۆژم پێدەچێت و زوو دەگەرێمەوە. لەو کاتەدا شتێک روویدا کە هەرگیز ناتوانم لەبیری بکەم، توند دەستەکانی گرتم و پێی وتم مەڕۆ، ئەترسم نەتبینمەوە. منیش پێکەنینێکی دروستکراوم بۆ کرد و پێموت مەترسە هیچ ڕوونادات و زۆرم پێناچێت. هەمان شەو، تەلەفونکرا و وتیان نەنکم تەندروستی تێکچووە و داوای من دەکات. زۆر زۆر گریام، زۆر پەشیمان بووم کە جێمهێشتبوو. لەگەڵ براکەم بەخێرایی سەیارەیەکمان بە کرێ گرتوو و گەڕاینەوە بۆ حەسەکە. کاتێک دەرگام کردەوە هەموو خزم و کەسوکار لە دەوری کۆببونەوە و ئەویش لە جێگاکەیدا کەوتبوو. گوێم لێبوو بانگی دەکردم و دەیوت فاتمەم بۆ بێنن، با پێش ئەوەی بمرم بیبینم. ڕۆشتمە لای، هەردووکمان توند دەستی یەکمان گرتبوو، من دەگریام و ئەو دەگریا. پێم وت ئەوەتام، قەت جێتناهێڵم جارێکیتر. لەویا لەبەرچاوی خۆما گیانی دەرچوو. مرد، بەڵام بۆ هەمیشە خەمێکی قوڵی لە دڵمدا جێهێشت. " ...

October 8, 2020

"لەپاش ئەوەی خەڵکەکە گەڕانەوە گوندەکان، هەستمان بە کەلێنی خۆشییەککرد ئەویش توتن کردنبوو. چونکە توتن کلتورێک باو و باپیرمانە و له کۆنەوە سەرمایەیەکی گرنگمان بووە. ساڵانە ڕووبەری یەک کاتژمێر مەکینەکردن دەکەم بە توتن، کە نزیکەی دوو سەد دارێک دەردەچێت، چونکە توتنەکە بەدار ئەکەین هەر بەداریش حسابی ئەکەین. کاتی توتن کردنیش لە بەهاردا دەستپێدەکات. سەرەتا شەتڵ دەکەین پاشان لە ١٥ی مانگی ئادارەوە دەست بە بۆیە هەڵدانەوە دەکەین و پاش بۆیەش خاکاو دەکەین، دوای خاکاویش بە هەرەوزی ژن و پیاو دێن، ژنەکان توتن دەچێنن و پیاوەکانیش ئاوەنێ و خاکاو دەکەن. دوای تەواوبوونی ئەم کارەش، دوای پانزە بیست ڕۆژ کە توتنەکە کەمێک هەراش دەبێت واتە زۆر گەورە نابێت ئەوجا دێتە سەرەی کارتە و جوتە دوای ئەوە سەرو جوتەی کارتەی یەکەم دەکرێت دوای ئەوە سەرو کارتەی دووەم دەکرێت و دوای سەرو کارتەی سێیەم دەکرێت دوای ئەوە پانزە بیست رۆژێکت ئەمێنی و لە هاوین توتنەکە پێ دەگات و دەست دەکەین بە بڕینەوەی توتنەکە." "توتنەکانیش چەند جۆرو شێوازێکی هەیە، توتنی فەقێ حەوێز، بۆندار، بێ شەما و بەسێ شەل. توتنی بۆندار تایبەتە بە زێوە و هەرتەل و شیرە. بێ شەما تایبەتە بە نواوە و دواوە. بەسێ شەل یەعنی بتوێن. باشترین جۆری توتنیش توتنی بۆنداری زێوەیە وجیهانییە. سەییدەکان بەکاریدەهێنن و ئەگەر جوان خزمەت بکرێت کیلۆیەکی نزیکی سەد دۆلار دەکات. زەمانی قەدیم چل پەنجا ساڵ پێش ئێستا خەڵک پایزان دەهاتن بۆ گوندەکان قەسپ(جۆرێکە لە خورما) و سابونیان دەهێنا، بەکارتە و جوقەیان (گوڵ و پەلکی توتن) دەدا. بە قەسپەکەیان دەگوت قەسپی کوردکوژ و فەردەی سی کیلۆی بوو. بۆیە وایان پێدەوت چونکە عەرەبەکان نەیان دەخوارد، تەنها بۆ ماڵاتیان بەکاردەهێنا. بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی برسی بووین و قەسپمان نەبوو وە نەشمان دیبوو زۆر حەزمان لێبوو و دەمانخوارد. کارتەش وەک توتن بەشیشەوە ئەکرێت بەڵام جوقە لێدەکرێتەوە و لەبەرهەتاو ڕادەخرێ و بەسەرمای زستان وشک دەکرێتەوە. زۆر رازیین لە پیشەکەمان و سودێکی ماددی زۆری لێدەبینن، سەرباری ئەوەی کە خۆشیەکی زۆریشمان پێدەبەخشێت چونکە زۆربەی کارەکان بە هەرەوزی دەکرێت." ...

October 7, 2020

"لەوكاتەوە كە فامم كردەوە و دەوروبەری خۆم دیت، بەھۆی وەی كە باوكم ھۆگری موسیقا و كاری سازلێدان بوو، منیش تێكەڵاوی ئەو ھونەرە بووم و زۆر جاران باوكم ئەو ئامێرانەی كە بۆخۆی ھەیبوو دەیدامێ و منیش دەستم لێدەدان. كاتێك تەمەنم بوو بە هەشت ساڵان، باوكم بردمی بۆلای مامۆستایەكی فێركاری موسیقا، لەوێ بۆ ئەوەڵجار دەستم بە لێدانی كیبۆرد كرد و ھەر لای ئەو مامۆستا بەڕێزەی ئەوەڵ ھەنگاوەكانی فێر بوونی نۆتی موسیقا و ئاڵفابێت فێر بووم. كاتێك تەمەنم بوو بە چواردە ساڵ، ئامێری تارم بۆخۆم ھەڵبژارد و ئەوجار چووم بۆ لای مامۆستایەك كە بە تایبەت لێدانی تارم فێر بكات. نزیکەی شەش ساڵ ئەو مامۆستایە كاری دەگەڵ كردم و ڕەدیفەكانی موسیقای ئێرانی و مەقامە كوردییەکانی فێركردم." "لە درێژەدا، چووم بۆ نێو گروپی موسیقای ژی. لەوێڕا بە تەواوی دەستم بە ئیشی موسیقا و كاری وێكڕایی كرد. ئەوكات كە چوومە نێو ئەو گروپە من تەنیا ژن بووم دە گروپدا كە سازم لێدەدا، زۆر كەس پێیان سەیربوو و لۆمەیان دەكردم، بەڵام بنەماڵەكەم و بەتایبەت باوكم، ھەمووكات لە پشتم ڕاوەستا و نەیھێشت واز لە كاری موسیقا بێنم، چۆن دەیزانی دەگەڵی دەژیم. دەگەڵ گروپی ژی، بۆ پەرەپێدان بە موسیقای كوردی، لە زۆربەی شارۆچكەكان كۆنسێڕتمان دادەنا. ھەروەھا لە تاران بەشداری فیستیڤاڵی فەجرمان كردووە. ھاوكات دەگەڵ ئەوەش لە ورمێ لە كن مامۆستایەكی دیكە دەچووم بۆ فێربوونی گۆرانی كوتن و ئاوازخوێندن. ھەڵبەت جیا لە كاری موسیقا، بۆخۆشم لە زانكۆ خوێندکاری ماستەرم لە نەخۆشی میکرۆبی و ئێستا لە تاقیگەی دەستنیشانکردنی نەخۆشیدا خەریکی کارم." ...

October 6, 2020

"ژیان زۆر لەوە جیاوازترە کە هەندێ کەس بە پەمەیی دەیبینن، من لەوەتەی چاوم بەدونیا هەڵهێناوە هیچ شتێ بەدڵی من نەبووە. تا گەنج بووم هەر خەریکی شوانی و جوتیاری و قوڕکاری بووم لە دێکەی خۆمان. نەبوونی ژیان وای لێکردم منێکی موالید 1957 لەتەمەنی 35 ساڵی هاوسەرگیریم کرد. ژیان پێشتر وەک ئێستا نەبوو، ئەو کاتەی من ژنم هێنا ڕەفیقەکانم کوڕیان خەریکی مەڕداری بوون. لەهەشتاکانەوە خەریکی بیر لێدانم، ڕۆژانە چەندین مەتر لەژێر زەویم، بەتەنیا خەریکی هەڵکۆڵینی زیاترم. بۆیە ئەوکاتەی دێمەوە سەر زەویش، تەنیاییەکەی ژێر زەوی حەوسەڵەی ئەوەی نەهێشتووم کەس بدوێنم و تێکەڵی کەس ببم. تەنیایی و تاریکی ناو بیرەکان وای لێ کردووم تەنیا موبتەلای بیرکردنەوە بم و بەس." ...

October 6, 2020

"خەمم ئەوەبوو لەو کۆلێژە وەرنەگیرێم کە هەموو تەمەنم هەوڵم بۆ یاوە. بەڵام کاتێک قۆناغی دوانزەم تەواو کرد، نمرەکەم ئەوە نەبوو کە ئەمویست. لەو کاتەیا کەوتمە نێوان دوو بڕیار، یان ئەوەتا دانیشم و ساڵێکیتر هەوڵبەمەوە، یاخود بچم بۆ هەر کۆلێژێک کە ناوم بێتەوە و بەردەوامبم لە خوێندن. تاکە شت کە بتوانێت بڕیارە ڕاستەکەم پێبات، دایکمە. بەردەوام پێم ئەڵێت ئەتوانی بەدەستیبهێنیت، بەڵام من بەو جۆرە بیر ئەکەمەوە کە مەرج نییە سەرکەوتنی تۆ تەنیا لەو شتەیابێت کە خۆت ویستوتە پێشتر. مامۆستایەکم هەبوو ئەیوت: زۆرم حەز لە ئەندازیاری بووە کاتی خۆی، باوکم فۆرمەکەی بۆ پکردبوومەوە و بەشی پزیشکی لەسەرەوە نوسیبوو. کاتێک زانیم، فۆڕمەکەم دڕاند و فۆڕمێکیترم وەرگرت. کە زانیم ئەندازیاری وەرمناگرێت، بیرکاری و فیزیام نوسی. ئێستا مامۆستای فیزیام و ئەگەر ژیان دووبارەبێتەوە هەر فیزیا ئەنوسم لەبەرئەوەی سەرکەوتوو بووم تیایدا." ...

October 5, 2020

"هیچهایک، شێوازێکی سەفەرکردنە لە چەند ساڵی رابردوودا لە تواو دونیا پەرەی پێدراوە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ بە پارەیەکی کەمتر سەفەرکەن. منیش دوو ساڵە بەئەم شێوازە سەفەر دەکەم. تەقریبەن دوو ساڵ پێش ئێستا لە تەک کوڕی خاڵۆزایەکما هەڵساین بە هیچهایک سەفەرکەین. لە ئەوەڵەوە مەقسەدمان جەزیرەی هورمز بوو، وەلێ تا ئەهواز بە سێ ماشین هیچهایکمان کرد. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هیچهایک ئەوەیە، دەتوانم لەگەڵ خەڵکی ئەو شارگەلەی کە زیندەگی تێدا دەکەن، ئێرتبات بگرم و لەگەڵیان ئاشنا ببم. ئەو ئیرتباتە فرە موهیمە و فرەتر تۆ ئاشنا ئەکا لە تەک ئەو مەنتقە. لەو مەسیرە هەم ئەو تەک فەرهەنگ تۆ ئاشنا ئەکا، هەم تۆ تەک فەرهەنگ ئەو ئاشنا ئەبیت. ئاخەرین سەفەرم بۆ لوڕستان بوو، وە تولانترین سەفەریشم جنوب بوو، کە ٢٤ ڕۆژ بوو." ...

October 4, 2020

"کاتێک توشی هەڵامەت دەبووین یان سەرمامان دەبوو، دایکم کۆمەڵێک گژوگیای تێکەڵ دەکرد و بۆی دەکوڵانین. هەر ئەوەبوو وای لە من کرد بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆم بکەم کە ئایا چۆن دەکرێت کۆمەڵێک گژوگیا و گوڵی کێوی چارەسەری نەخۆشی بکەن؟ ئیتر لەوێوە ڕێگای چارەسەرم بە گژوگیا گرتەبەر و زیاتر لە بیست ساڵە ئەمە کارمە. یەکەمجارمبوو کە کەسێک چارەسەر بکەم، ئازارێکی زۆر لە سکیدا هەبوو. توانیم لەو ئازارە ڕزگاری بکەم و بیرمە دواتر گەڕایەوە بۆلام بۆ سوپاس و لەگەڵ دەستیدا دیاری بۆ هێناوبووم. دیارییەکەی سێ کتێب بوو، پێی وتم کامەیانت دەوێت هەڵیبژێرە، منیش یەکێک لە کتێبەکانم بەرچاوکەوت کە هی (عبد الرحمن السيوطي) بوو، تەمەنی کتێبەکە بۆ ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕایەوە و تێیدا باسی سەرجەم جۆری ئەو گژوگیا و گوڵانەی کردووە کە بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاردێن لەگەڵ سودەکانیاندا." "هەموو ڕۆژەکانم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبەوە بەسەردەبرد و بە وردی خۆم فێری سەرجەم جۆرەکانی گژوگیا کرد. پاشان دەچوومە لای عەتارەکان و ئەو گیایانەم دەکڕی کە پێویستم بوون و ئەوەی فێری ببووم و تاقیمدەکردنەوە. سوپاس بۆخوا ئێستا دەتوانم نەخۆشییەکان دەستنیشانبکەم و چارەسەری گونجاویان بۆ بەکاربهێنم. تاکو ئێستا چەندین حاڵەتی جۆراوجۆرم چارەسەرکردووە و لە بەرامبەریشدا پاداشتم وەرگرتووە. جارێکیان بە ڕێکەوت چاوم بە کەسێک کەوت لە ماڵی هاوڕێیەکم، زیخی گورچیلەی هەبوو و پزیشک پێی وتبوو دەبێت نەشتەرگەری بکەیت و لەڕووی مادیشەوە توانای نەبوو نەشتەرگەرییەکە بکات. منیش پشکنینم بۆ کرد، پاشان چارەسەرێکم پێدا. پاش ماوەیەک کە چووبوو بۆ پشکنین لای پزیشک، پزیشکەکە سەری سوڕمابوو و وتبووی ئەو زیخانەی گورچیلەت چییان لێهاتووە؟" ...

October 3, 2020

"کاتێک وەختی هەنار دێت، بە قەتاڵە و بەرچنە دەچین بۆهەنار ڕنین. ئەوەی له کۆڵی دەکەی قەتاڵەیە و ئەوەی لەشانی دەکەی بەرچنەیە. سیفاتی باشی قەتاڵە و بەرچنە ئەوەیە ناهێڵێت هەنارەکان ئەزێتییان ببێت. وە کلتورێکی باب و باپیرانیشمانە، بۆ ئێمە چێژبەخشە کە هەر بەشێوەی قەدیمی کارەکان جێبەجێ دەکەین. ژیانی گوند خۆشە، بەڵام ئەو بەرەکەتەی جارانی نەماوە. ئێمە پێ لێ ڕاهاتووین بۆیە دەستبەردای نابین و لێی دەژین. ڕاستە بەروبومەکە ئیسفادەی جارانی نەماوە و زۆر پێوەی هیلاک دەبین، بەڵام کە بەرهەمەکە پێدەگات هەموو شت لەبیردەکەین." "چەندین جۆری هەنارمان هەیە، وەک هەناری سورەتمبە وهەنارە شینکە. بەشێکی لێئەفرۆشین و بەشێکی دەکەین بە سرکە و بەشێکیتریشی هەڵدەگرین. شێوەی هەڵگرتنەکەی بە شێوەیەکە کە گەڵی بۆ دەبڕین و دەیخەینە شوێنێکی فێنک و بەرسێبەر، پاشان قەسەڵی بۆ رادەخەین. دواتر گەڵی پێدادەدەین تا زستان. بۆ شەوچەرەی زستان و شەوانی درێژی زستان زۆر خۆشە. وە هەندێکی لە زستان دەفرۆشین، چونکە ئەوکات پارەی باشتر دەکات. ئەم قەتاڵەش هەرخۆمان دروستیدەکەین لە داری کەژ، بۆ زۆربەی ئیشوکاری ڕۆژانەی گوندی سودی لێدەبینین." ...

October 2, 2020

"لە وڵاتانی دەرەوە هەموو خەرجی ژیان و خوێندن بۆ کەمئەندامان دابین دەکرێت، کەچی لەم کوردستانەی خۆمان کەمئەندامان ماندووترین چینی کۆمەڵگەن. بەداخەوە ئەو ئیشانەی کە بۆ ئێمەی کەمئەندام هەیە، هەمیشە ئەو ئیشانەن کە مرۆڤی ساغ پێی شەرمە بیانکات. سەیری زۆربەی کەمئەندامەکان بکە، یان کارگوزارن لە فەرمانگەکان، یان کارمەندی شارەوانین. من وەک خۆم ڕاستە کەمئەندامم، بەڵام ئەوە نەبۆتە ڕێگر لەوەی بتوانم ئیش بکەم و نانێک بۆ منداڵەکانم پەیدا بکەم. ئێ دەی ناشکرێت چاوەڕێی حکومەت بم، ئەوان مەعاشی ساغەکان نادەن، ئێستا مەعاشی کەمئەندامێکی وەکو من دەدەن؟! لەبری حکومەت مەمنونی ئەو دراوسێ دوکانانەمم کە بەیانیان و ئێواران یارمەتیم دەدەن لەکاتی دانان وهەڵگرتنەوەی عەرەبانە و سیدییەکانم." ...

October 2, 2020

"ئەگەر تۆ ساحێبی کاری خۆتبیت، واتە لە باری ئابورییەوە سەربەخۆبیت، ئەوا دەتوانیت وەک تاکێکی سەربەست لە سەر هەڵسووکەوتی خۆت بڕیار بدەیت و هەر جۆرێک کە پێت باشە ژیانت بە ڕێبکەیت. دیارە ئەم سەربەخۆبوونەش تووشی چەندەها جۆر کێشە و گرفتت دەکات و ڕەنگە وا بە ئاسانی لێی دەرنەچیت. بەڵام ئەمە خۆتی کە ئەبێ لەم نێوانەدا هێڵێک هەڵبژێریت. کە زانکۆم کۆتایی هات ئیدی بڕیارمدا کاری خۆم دەستپێبکەم. هەرچەند کە کارەکەم هیچ پەیوەندیەکی بە ئەندازیاریی ئەلەکترۆنیکەوە نیە کە لە زانکۆ خۆێندوومە، بەڵام مادەم تۆ کارێکت بۆ نەبوو لەو بوارەدا کە تێیدا پسپۆڕی، نابێت بوەستی و کات بە فیڕۆ بدەیت. ئیدی ئەوە ئەو کاتەیە کە تۆ دەتوانیت وەک تاکێک هەست بە خۆت بکەیت." ...