Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 1, 2020

"چیرۆکە ڕاستەقینەکان تەنیا لە کاتی مردندا دووبارە دەگوترێنەوە. ئەوە یەکەم پرسیارە من لەخۆمی دەپرسم، مردن چیە؟ کە سەرم هەڵدێنم مەرگ لە هەموو بڕگەکانی ژیانمدا دەبینم. مردن لای من بە واتای پێنانە نێو نەبوون نیە، بەڵکو جۆرێکە لە دووپاتبوونەوەی بێکۆتایی. خەریکی دۆزینەوەی ئاسەواری مردنم بە سەر جەستەی ژیانمەوە. من گەیشتنەوە و دووبارە خوڵقاندنەوەم لە واتای مردندا دۆزیوەتەوە. ترس لە پچڕانی هێڵی پەیوەندییەکان. ئەمەیە مردن مەترسیدار دەکات، ئەگینا بە مانای نەبوونی هەتایی نییە و ڕۆحی مرۆڤ بوونی هەتا هەتایە." ...

September 30, 2020

"هەشتاوپێنج ساڵ بەر لە ئێستا، باپیرم یەکەم کەس بووە کاری شەربەتفرۆشی دەستگێڕی (السوس) کردووە لە شاری قامیشلۆ. بۆ ماوەی سی ساڵ ئەم کارەی کردووە، پاشان باوکم جێگەی گرتۆتەوە و باوکیشم ماوەی چل ساڵ هەمانکاری کردووە و لە شارەکەدا بەناوی ئەبوعەبدۆی سەواس ناوبانگی هەبووە. دواتر باوکم چووە تەمەنەوە و منیش لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستم بەم کارە کرد. باوکم ورد و درشتی کارەکەی فێرکردووم، هەروەها ئەوەی من لە فرۆشیارەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە من جلوبەرگی فۆلکلۆری شەربەتفرۆشیی لەبەردەکەم. وا نزیکی هەشتاوپێنج ساڵە لە قامیشلۆین، بەڵام من هەمیشە دەڵێم کە بە ئەسڵ خەڵکی حەلەبم، چونکە ئەوەی ئەسڵی خۆی بیرچێتەوە، وەکو ئەوە وایە ئەسڵ و فەسڵی نەبێت." "خواردنەوەی سوس سودی تەندروستی زۆرە، یەکێک لە شتە گرنگەکانی ڕەوانکردن و خێراکردنی هەرسی خۆراکە. سوس جۆرە گیایەکە لە کەناری ڕووباری فورات لێدەکرێتەوە. ئەو سوسەی کە لە فورات لێدەکرێتەوە زۆر بەناوبانگە. زیاتر لە وەرزی هاویندا دەفرۆشرێت، لە شاری قامیشلۆش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا دەست بە فرۆشتنی دەکەین. بەڵام لە دیمەشق و حەلەب لە هەموو وەرزەکاندا دەگێڕدرێت. هەر لەبەر ئەوەشە لە زستاناندا ناچار کاری تر دەکەم. سوس، یاخود بنەبەلەک (Binebelek) بە کوردی، جۆرە خواردنەوەیەکی فۆلکلۆریی تایبەتە بە خەڵکی سوریا و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئەو کەسەی ئەم کارە دەکات پێی دەوترێت (السواس)." ...

September 29, 2020

"تەمەنم بیستوهەشت ساڵ بوو ئەوکاتەی پیاوەکەم عەمری خوای کرد. جگە لە خەم و پێنچ منداڵ هیچی تری بۆ جێنەهێشتم. پیاوەکەم دوو ژنی هێنابوو، خۆم پێنچ منداڵم هەبوو هەوێەکەشم دوو منداڵ، ئەو هەر زوو شوی کردەوە و مناڵەکانی خۆشی بۆ من جێهێشت. ئەوانیشم هێنایه لای خۆم و بەخێوم کردن. ژیانمان زۆر بەسەختی دەڕۆیشت، بۆیە بیرم لە کارێک دەکردەوە کە کەمێک پارەم دەستبکەوێت و ئەم حەوت منداڵە بەخێوبکەم، سەرئەنجام ئەم دوکانەم دانا. پانزە ساڵە خاوەنی ئەم دوکانەم، جلی کۆنەی ماڵان ئەکڕمەوە وەکو جلی کوردی و ماکسی و هەر شتێک بێت. ژنێکی ڕۆژهەڵاتی بەردەوام دێتە لام ئەو جلە کوردییانەی کە زۆر قەدیمن بە پارەیەکی باش لێمدەکڕێت و زۆر شارەزای جۆر و شێوازەکانی جلی کوردییە" "ڕۆژانە ئەوەی ئەیفرۆشم لێرە ئەیدەم بە میوە و تەماتە بۆ منداڵەکان و ئەیبەمەوە تا برسی نەبن. هەندێک جار جل دەکڕمەوە کاتێک دەیفرۆشمەوە ٢٥٠ی تەبع خێرەکەم یان ٥٠٠، بەڵام سوپاس بۆخوا قەناعەتم پێی هەیە، چونکە گەر قەناعەتت هەبوو هەرشتێکت هەبێ بەسە. من هەم دایکم و هەم باوکم بۆ منداڵەکان، زۆر دڵخۆشم کە دەست لەکەس پان ناکەمەوە و لەسەر پێی خۆم ڕاوەستاوم و ناهێڵم منداڵەکانم برسی بن. ژن بوون لە وڵاتی ئێمەدا سەختە! زۆرجار سەرباری ئەرکەکانی خۆی ئەرکی پیاوەکەشی دێتە سەر. لەم ژیانەدا هەموو شتێک بە پارە دەکرێت، بۆیە من هەمیشە دەڵێم پارە دین دەرە و دین بەریشە. بەڵام سەعاتێک بینینی کوڕەکانم بۆ من هەموو دنیا دەهێنێت." ...

September 28, 2020

"هەموو کەسوکارم لە شاری ئەدەنەی باکور دادەنیشن، بەڵام خۆم منداڵبووم کاتێک هاتم بۆ ڕۆژئاوا و لەم گەڕەکە نیشتەجێبووم. هاوسەرگیریم کرد و پێکەوە چەند کچ و کوڕێکمان بوو. پێش پانزە ساڵ هاوسەرەکەم کۆچیدوایی کرد، ئەرکی گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکان چووە سەرشانی من. کاتێک منداڵەکانم گەورەبوون، زۆربەیان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیانکرد وئێستا تەنها پێنجیان لێرە لەگەڵم ماونەتەوە. چەند جارێک ڕۆشتوومەتە سەردانیان بۆ ئەڵمانیا و بۆ قوبرس، سوپاس بۆ خوا ژیانیان زۆر باشترە. کچە گەورەکەم لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، زۆرم لێدەکات لەوێ لەلای بمێنمەوە و بژیم، بەڵام ناتوانم زیاتر لە چوار مانگ لە ماڵەکەی خۆم دوور بکەومەوە. ڕۆژانە لەبەر دەرگای ماڵەکەم دادەنیشم و هەرچی ڕێبوارێک تێدەپەڕێت سەلامم لێدەکات. ئێوارانیش لەگەڵ ژنانی گەڕەک لەبەردەم ماڵەکەی خۆمدا کۆدەبینەوە و قسەوباس دەکەین. زۆربەی کەس بە (موختاری گەڕەک) ناوم دەبەن، چونکە زۆرێک لەوانەی لێرەوە تێدەپەڕن دەیانناسم." ...

September 28, 2020

"پێشتر لەکتێبخانەیەک کە کەسێکم دەبینی کتێبێکی من دەکڕێت هەستێکم لەلا دروستدەبوو بەپێی لۆژیکی (ڕۆڵان بارت) کەدەڵێت: کە دەق لەدایکبوو ئیتر نوسەر دەمرێ. بەڵام ئێستا ئەوهەستەم نەماوە. نایشارمەوە کە کتێبێکم دەبینم کڕیاری هەیە دڵ خۆشدەبم، لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان، وەکو نوسەرێک واهەستدەکەم کە ماندووبونم بۆ نوسینەکەم جێی خۆی گرتووە و توانیومە پەیامەکەم بپێکم. دووەمیان، کڕینی کتێب لای من ئەوە دەگەیەنێت کە کتێبەکە قیمەتی خۆی هەیە، چونکە من قەت لەگەڵ بەخشینی کتێبدا نیم، هەموو کات پێم وابووە دەبێت کتێب ئەگەر بە نرخێکی کەمیش بێت، بکڕدرێت. باشترین شت کە لەگەڵ نوسەری هەر کتێبێکدا بکرێت، کڕینی کتێبەکانیەتی. چونکە ئەو نوسەرانەی بژێویان لەسەر دەستکەوتی بەرهەمەکانیانە ژمارەیان زۆر کەمە. بەداخەوە کڕینی کتێب لای ئێمە نەبۆتە کلتور، لەکاتێکدا نرخی کتێبی کوردی بە بەراورد بە نرخی کتێبی نەتەوەکانی تر زۆر هەرزانە." ...

September 27, 2020

"له منداڵییەوە خەریکی کاری شوانیم، له ئەسڵدا هیچم نەبوو و شوانی خەڵک بووم. بەڵام وردە وردە ئاژەڵم سەند و ئێستا هەموویان هی خۆمن. ئەو شوانەی له زووەوە شوانی کردبێت، بە ئەندازەی سوکە دکتۆرێکی لە چارەسەری ئاژەڵ ئەزانێت، ئەتوانێت خۆی چارەسەری ئاژەڵەکانی بکات. ئەتوانێت خۆی داوای دەرزی لە دکتۆر بکات و پێویست ناکات ئاژەڵەکان بهێنێت و ببات. لەم کارەیا بێتاقەتی هیچ شتێک نابیت و ته نیا بیر لەوە ئەکەیتەوە که لەوەڕ و ئاو بۆ ئاژەڵەکانت پەیدا کەیت. ئیتر له خەیاڵی ئەم دونیا نیت، بیر لەوە ناکەیتەوە کە بەیانی چی بکەم و چی نەکەم و کێ ببینم و بچم بۆ کوێ . لە ماڵەوە زۆریان بۆ هێناوم که ژن بێنم، بەتەمام ئەم پایزە کە بەتاڵم و سەرم سوکە بیری لێبکەمەوە. چونکە ئێستا تەواوی کاتەکانم لای ئەمانم." ...

September 27, 2020

"ساڵی ١٩٧٤ بوو، لەگەڵ هاوڕێیەکم دانیشتبووین. پیاوێک لێرەدا خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بوو لەسەر بەرگی کتێبەکە وێنەی پیاوێک هەبوو، بە دەنگێکی بڵند کتێبەکەی دەخوێندەوە. ڕۆشتمە لای و پرسیم بزانم ئەو کەسەی سەر بەرگی کتێبەکە کێیە، پێی وتم ئەوە وێنەی ئەلبێرت لویس گابرێلە، مێژوونوسێکی فەرەنسییە. لە ساڵی ١٩٣٠دا بە بڕیاری پارێزگاری ئامەد چەند تاوەرێکی مێژوویی شارەکە ڕووخێندرا، گابرێلی مێژوونوسی فەرەنسی ئەمە دەبینێت و نوسەرانی تورکیای لێئاگادار دەکاتەوە. سوپاس بۆ گابرێل کە بووە هۆکاری وەستاندنی وێرانکردنی ئەو تاوەرانە. زۆر خۆشحاڵبووم بە بیستنی ئەو کردارە مرۆڤانەیە، بۆیە بڕیارمدا هەندێک وێنەی لە ئۆفیسەکەمدا هەڵبواسم." ...

September 26, 2020

"لە منداڵییەوە ھەركاتێک لە تیڤی تەماشای كارتۆنم دەكرد، ئەو كارتۆنانەی کە ئەسپیان تێدابوو زیاترم چێژم لێدەبینین و ھەستێكی خۆشییان دەدامێ. ھەموو كات لە خەیاڵی خۆمدا ئەسپێكی سپیم ھەبوو و قسەم دەگەڵ دەكرد، دەستم بە پشتیدا دەهێنا، خۆراكم بۆ دادەنا و مووی سەریم دادەهێنا، سواری دەبووم و دەڕۆیشتم و دەگەڕام. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، چووین بۆ گوندەکەی ماڵی دایكم و لەوێ بۆ یەکەمجار لە نزیکەوە ئەسپم بینی. بێئەوەی لێی بترسم یاخود نامۆبم پێی، ڕاستەوخۆ چوومە لای و دەستم پێداھێنا و داوام لە بابم کرد کە سوارمبکات. ئەوەندە كامەرانبووم، وامدەزانی لە ئاسماندا ھەڵدەفڕم! لەدوای ئەوكاتە زیاتر خولیای ھەبوونی ئەسپ و ئەسپسواریم کەوتە سەر و ببو بە خەونی شەو و ڕۆژم. بەڵام بەداخەوە لە شارێكی وەك مەھاباددا ئەوکاتە ھیچ شوێنێكی لێنەبوو وەك فێركاری ئەسپسواری یا تەنانەت شوێنێك بۆ ڕاگرتنی ئەسپ. تەنانەت بابم و براكانیشم ھاوڕانەبوون لەگەڵمدا و نەیاندەھێشت بە دوای خەیاڵەكەمدا بڕۆم" "تەنها كەسێك كە لە پشتم ڕاوەستا و یارمەتیدەرم بوو، دایكم بوو. بەڵام دیسان بەهۆی نەبوونی هیچ جێگەیەکی ئەسپسواری لە مەھاباد، بە ناچاری لە زانكۆ لە بواری ئابوریدا دەستم بە خوێندن کرد و دوای تەواوبوونی زانكۆش سەرقاڵی کاری ژمێریاری بووم تا پێنج ساڵ لەمەوبەر. پاشان لە مەھاباد جێگەی تایبەت بە فێربوونی سواربوونی ئەسپسواری داندرا و منیش ھەر لەوێ بە شێوەیەکی دروست و بە تەواوی فێری سوارچاکی بووم. دوای ئەو فێر بوونەش هەوڵم بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزدا لە وەرزشەکەدا و و توانیم ببمە یاریدەدەری ڕاھێنەر و ڕاهێنان بەو كەسانە بکەم كە وەك خۆم خولیای ئەسپسوارییان ھەبوو. ئێستاش خوێندکاری ڕاھێنانم لە بنكەی سواربوونی زانكۆی تاران و ماوەی سێ ساڵە جێگری سەرۆکی یەکێتی سوارچاکانم لە شاری مەھاباد" ...

September 25, 2020

"تەمەنم بیست وهەشت ساڵە، پێتان سەیرنەبێت کە بڵێم لەو تەمەنەدا بومەتە کوێخای گوندەکەمان. فۆڕمی کوێخایەتی لەگەڵ جاراندا گۆڕاوە. پێشتر خەڵک بۆ چارەسەری کێشەی کۆمەڵایەتی ڕوویان لە کوێخای گوندەکەیان دەکرد، بەڵام ئێستا بۆ کێشەی ئەلیکترۆنی ڕوو لەمن دەکەن. لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە کاتێک یەکەمجار بە سەتەلایت ئاشنابووین، ئیتر لەو کاتەوە شارەزایی من دەستیپێکرد. دواتر وردە وردە توانیم کۆمپیوتەرێک بکڕم و خۆم فێری بەکارهێنانی بکەم. پاشان مۆبایل ڕووی لەهەموو ماڵێک کردوو و بووە زەرورەتێکی ژیانی ڕۆژانە. ئیتر دووبارە خەڵک بۆ جۆری مۆبایل و بەرنامەدانان و فۆڕماتکردن من تاکە مەڕجەعیان بووم. لە ئێستاشدا کە سۆشیاڵ میدیا جیهانی داگیرکردووە، دیسان خەمەکە هەر بۆمن بووە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ئەکاونتی فەیسبووک و ئیمێڵم بۆیان دروستکردووە. لێشتانی ناشارمەوە تا گەیشتمە ئەم کەسە شارەزایەی ئێستا، چەندین سەتەلایت و کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێری دیکەم سوتاند و وێرانم کردن." ...

September 25, 2020

"کاتێک قوتابی سەرەتایی بووم، دەستم بە وێنەکێشان کرد. کاتێک منداڵبووم بەردەوام سەیری کتێب و وێنەم دەکرد و دووبارەم دەکردنەوە. لەوکاتەوە ئارەزووی کاری هێڵکاری دەکەم و کارەکانم تەنها بە قەڵەم ڕەساس دەکێشم. لە قوتابخانە، مامۆستاکانم بەدەوام بۆ پێشبرکێی وێنەکێشانی شاری حەسەکە هەڵیاندەبژاردم. بەو شێوەیە لە چەندین پێشبڕکێدا بەشداریم دەکرد و چەند جارێک لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی خۆم پلەی یەکەمم بەدەستهێنا و جارێکیش لەسەر ئاستی شاری حەسەکە یەکەم بووم. لە ساڵی ٢٠١٤ سەنتەرێکی تایبەت بە فێرکاری وێنەکێشانم کردەوە و تاکو ئێستا ڕاهێنانم بە ٣٠٠ فێرخواز کردووە و بەشێکیان ئێستا وێنەکێشی زۆر باشیان لێدەرچووە. لە ساڵی ٢٠١٦، لە حي الغربي تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا، ساڵی ڕابردوو تابلۆیەکی گەورەم بە درێژایی هەشت مەتر کێشا و بە دیواری باڵەخانە ڕووخاوەکەدا هەڵمواسی و پێشکەشم کرد بە گیانی شەهیدانی ئەو تەقینەوەیە و خێزانەکانیان." ...

September 24, 2020

"زۆر کەس لەسەر دەستی دایکم منداڵی بوو، منیش ئەو بەهرەیەم لەو بۆ ماوەتەوە. خودا لەسەرووی هەموو کارێکە، بەڵام منیش وەسیلەم بۆ ئەو کارە. سەرەتا زۆر ترسم هەبوو، بەڵام دەستمپێکرد و یەکەم ئافرەت کە لەسەر دەستی من منداڵی بوو ٢٨٠ کیلۆ بوو. ئیتر کە توانیم ئەو کارە زەحمەت و ئەستەمە بکەم ترسم شکا. من چەندە ئەزموونم هەیە ئەوەندەش بە ڕێگا زانستییەکەش پەیڕەو دەکەم. خاوەنی بڕوانامەم لەو بوارەدا و لەلای دامەزراوەیەکی کۆری بەشێوازی زانستی ئەو کۆرسانەمان تەواو کردووە. دەرمانەکانم هەمووی سروشتین (اعشاب)ن وهیچ مەترسییان نییە. سەرووی ٢٥٠ خانم لەسەر دەستی من بونەتە خاوەنی منداڵ. چەندین ئافرەتی ئەوروپیم چارەسەرکردووە، چەندین کارمەندی تەندروستی لەسەر دەستی من منداڵیان بووە. من کارەکەی خۆم زۆر بەپیرۆز دەزانم، نازانن چەند خۆشحاڵدەبم کە خێزانی واهەیە تەواو نائومێد بوون لە منداڵ، کەچی لەکۆتاییدا ماڵیان ئاوەدان بۆتەوە. هەموو کات بەخانمان دەڵێم هەرگیز نائومێد مەبن لە ڕەحمی خودا، چونکە ئافرەتی وا هەبووە تەمەنی پەنجا ساڵ بووە و لەلای من منداڵی بووە." ...

September 24, 2020

"هیچ کات لەوە تێنەگەیشتووم کە بۆچی یاری کردن لای گەورەکان خۆشنییە و وشەی دانیشە لە دەمیان نابڕێت! ئێستا کە پشووی هاوینەیە جگە لەوەی یاری بکەین ئیشی ئێمە چییە؟ لەوەتەی کورۆنا هەیە، هاوپۆلەکانی خۆمم نەدیوە و پێکەوە نە تۆپێنمان کردووە نە یاری. بە تاقی تەنها لەگەڵ دایکم بە ئینتەرنێت وانەکانم خۆیندووە و ڕۆژانێکی زۆر ناخۆش بوو و تێپەڕین. ئێستا کە خوێندن کۆتایی هاتووە، هاتووینەتە ئەم باخەمان دوور لە شارە بەڵکو لە کۆرۆنا دوور بین. دایکم دەڵێ ئەوەندە لە بەر هەتاو یاریت کردووە ڕەش هەڵگەڕاویت." ...